رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئازادیی ڕادەربڕین، موحەممەد و هۆڵۆکۆست

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: فەیلەسوفی ئوستوڕاڵی پیتەر سینگەر

وەرگێڕان: دڵشاد حامید دەروێش/ نووسەر و مامۆستای زانکۆ

سزادان و زیندانیکردنی دەیڤید ئیرڤینگ (David Irving) لە لایەن نەمساوە بە هۆی نکۆڵیکردن لە هۆڵۆکۆست، لە خراپترین کاتدا بوو، چونکە دوای مردنی لایه‌نی کەم ٣٠ کەس بوو لە سوریا و لوبنان و ئەفغانستان و لیبیا و نەیجیریا و دەوڵەتە ئیسلامییەکانی دیکە لەو ناڕەزایەتییانەدا کە دژ بەو وێنە کاریکاتێرییانەی گاڵتەیان به‌ موحەممەد دەکرد، سەریان هەڵدابوو. ئەم حوکمە گاڵتەکردنە بەو بانگەشەیەی گوایە لە وڵاتانی دیموکراسیدا، ئازادیی ڕادەربڕین مافێکی بنەڕەتییە.

ناتوانین بە جەختەوە بڵێین کاریکاتێریستەکان مافی گاڵتەکردنیان بە فیگۆرە ئایینییەکان هەیە، بەڵام نکۆڵیکردن لە بوونی هۆڵۆکۆست تاوانە. من بڕوام وایە پێویستە لە پشت ئازادیی ڕادەربڕینەوە بین. ئەمەش بەو واتایەی نەدەبوو دەیڤید ئیرڤینگ زیندانی بکرێت.

بەر لەوەی بە تێنەگەیشتن لە هەستیاریی قوربانیانی هۆڵۆکۆست، یان لە سروشتی دژەجوولەکەگەرایی نەمسایی تۆمەتبارم بکەیت، با پێت بڵێم من کوڕی دوو جووی نەمساییم. دایبابم لە کاتی گونجاودا توانییان لە نەمسا هەڵبێن، وەلێ داپیرم و باپیرم نەیانتوانی.

ڕژێمی نازی دایبابی باوکم[1]ی بۆ گێتۆی لۆدز لە پۆڵەندا نارد و لە كوشتارگەی چێلمنۆ (Chelmno) بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن کوشتنی. دایبابی دایکم بۆ تێریزیێنستاد (Theresienstadt)، شوێنێک كه‌ لە ئێستادا دەکەوێتە کۆماری چیکەوە، دیپۆرت کران. لەوێندەر باوکی دایکم بە نەخۆشییەک کە بە هۆی قەرەباڵغیی لەڕادەبەدەرەوە تووشی بووبوو، مرد. دایکی دایکم لەتەک کەسانێکی کەمدا، توانیی لە ژیاندا بمێنێتەوە تا ڕزگار کرا و دواتریش بۆ ئوستوراڵیا بەڕێ کەوت و خۆی بە ئێمە گەیاند.

بۆیە من هیچ هاوسۆزییەکم بۆ نکۆڵیکردنە بێواتاکەی دەیڤید ئیرڤینگ لە هۆڵۆکۆست نییە. من پاڵپشتیی ئەو هەوڵانە دەکەم کە دژ بە هەر گەڕانەوەیەکی نازیزم لە نەمسا و هەر شوێنێکی دیکە دەدرێن. بەڵام دەپرسم چلۆن پرسی ڕاستی بە قەدەغەکردنی نکۆڵیکردن لە هۆڵۆکۆست خزمەت دەکرێت؟ ئەگەر هیشتا کەسانێکی هێندە شێت هەبن نکۆڵی لە ڕوودانی هۆڵۆکۆست بکەن، ئاخۆ بە زیندانیکردنی ئەوانەی ئەم بۆچوونە دەردەبڕن، باوەڕ دەهێنن؟ بە پێچەوانەوە، بە ئەگەری زۆرەوە وا بیر دەکەنەوە کە خەڵکانێک هەن لەسەر دەربڕینی دیدگەلێک زیندانی کراون کە تەنها بە بەڵگە و ئارگیومێنت ڕەت ناکرێنەوە.

جۆن ستیوارت میل، لە بەرگریکردنە کلاسیکییەکەیدا لە ئازادیی ڕادەربڕین، لە کتێبی “دەربارەی ئازادی”دا دەنووسێت ئەگەر دیدگایەک بە تەواوی و بە بەردەوامی و بەبێ ترس گفتوگۆی لەبارەوە نەکرێت، لەبری ئەوەی ببێت بە ڕاستییەکی زیندوو، دەبێت بە بڕوایەکی مردوو. بوونی هۆڵۆکۆست دەبێت بە ڕاستییەکی زیندوو بمێنێتەوە، ئەوانەشی لە گەورەیی دڕندەیی نازییەکان بەگومانن، پێویستە بە بەڵگەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە.

دوای جەنگی دووەمی جیهان، وەختێك کۆماری نەمسا دەکۆشا خۆی وەک دەوڵەتێکی دیمۆکراسی جێگیر بکات. سەرکوتکردنی بیرۆکە و پڕوپاگەندەی نازی لە لایەن دیموکراتەکانی نەمساوە، وەک ڕێکارێکی ئاوارتەی کاتی، ئاوەزپەسەند (Reasonable) بوو. بەڵام ئەو مەترسییە لە مێژە نەماوە. نها نەمسا وڵاتێکی دیموکراسییە و ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە. سەرەڕای گەڕانەوەی ناوبەناوی ئەو بۆچوونانەی دژەکۆچبەر و ڕەگەزپەرستانەن –کە بە داخەوە سنووردار نییە بەو وڵاتانەی خاوەن ڕابوردوویەکی فاشیستین– چیتر گەڕانەوه‌ی نازیزم بۆ نەمسا، مەترسییەکی جددی نییە.

بە پێچەوانەوە، ئازادیی ڕادەربڕین بۆ ڕژێمە دیموکراسییەکان، خاڵێکی گەوهەرییە، دەشبێت ئازادیی وتنی ئەوەی خەڵکی پییان وایە هەڵەیە و تەنانەت ڕەنگە بە بریندارکەریشی دابنێن، لە خۆ بگرێت. ئێمە دەبێت ئازاد بین لەوەی نکۆڵی لە بوونی خودا بکەین، ڕەخنە لە فێرکارییەکانی مەسیح و مووسا و موحەممەد و بوودا بگرین لەو دەقانەدا کە ملیۆنان کەس بە پیرۆز لە قەڵەمیان دەدەن. بەبێ ئەم ئازادییە، پێشکەوتنی مرۆڤ هەمیشە بەر بەربەستێکی گەوهەری دەکەوێت.

ماددەی “١٠”ی پەیماننامەی ئەورووپی بۆ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەقی داوە لەسەر ئەوەی: »هەموو کەسێک مافی ئازادیی ڕادەربڕینی هەیە، ئەم مافە ئازادیی هەبوونی بیروڕا و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکەکان بەبێ دەستوەردانی دەسەڵاتی گشتی لە خۆ دەگرێت، بەبێ گوێدان بە سنوورەکان.«

بۆ ئەوەی دژیەکییەک لەتەک ئەم دەقە ڕوون و ئاشکرایەدا دروست نەبێت، ئەو وڵاتانەی یاسایان دژی نکۆڵیکردن لە هۆڵۆکۆست هەیە، پێویستە هەڵی بوەشێننەوە. هاوڕێ لەتەک هێشتنەوە و زیادکردنی هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیانیان لە ڕاستەقینەی هۆڵۆکۆست و بۆچی ئەو ئایدیۆلۆجیا ڕەگەزپەرستانە هۆڵۆکۆستیان خوڵقاند، پێویستە ڕەت بکرێتەوە. سەپاندنی یاساگەلێک دژی هاندانی ڕق و کینەی ڕەگەزی یان ئایینی یانژی ئیتنی، لە بارودۆخێکدا کە هاندانەکە بە مەبەستی توندوتیژی و کردەی تاوانکاریی دیکە بێت، یان پێشبینیی ئەوەی لێ بکرێت، یاساگەلێکی جیاوازن و لەگەڵ ئازادیی بەیانی هەموو بۆچوونێکدا تەبایە.


[1] دایبابی باوک: باپیر و داپیر لە باوکەوە. دایبابی دایک: باپیر و داپیر لە دایکەوە.

هاوشێوە