رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کاریگەری پۆڕنۆگرافی لەسەر توندوتیژی بنەمای جێندەر؛ تەندروستی سێکسی و ئاسوودەیی: چی دەزانین لەم بارەیەوە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینی: کۆمەڵێک نووسەر

 مێگان ل.س. لیم – ئێلیس ر. کارۆت – مارگرێت ئـ. هێلارد

وەرگێڕانی: فریاد حەسەن

پێشەکی

لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و خوێندەوارییدا، دەستڕاگەیشتن بە پۆڕنۆگرافی’ش بووەتە شتێکی ئاسان و هەمەچەشن. بەکارهێنانی پۆڕنۆگرافی بە شێوەی ئۆنڵاین لە ئەمریکا کارێکی باو و ئاساییە. بە نزیکەیی لە کۆی 10 پیاو، ٩ پیاو و، لە کۆی 3 ئافرەت، ١ ئافرەت (لە تەمەنی 18-٢٦) ساڵی بە شێوەی ئۆنڵاین دەستیان بە پۆڕنۆگرافی گەیشتووە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٣دا لە بەڕیتانیا، ماڵپەڕە یاساییە پۆڕنۆگرافییەکان زیاتر بەکارهێنراون و تەماشاکراون لەچاو تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و بازاڕکردن، میدیا، ئیمەیڵ، دارایی و یاریکردن و ماڵپەڕە گەشتیارییەکان. بۆ نموونە، ماڵپەڕی پۆڕنۆگرافی بەناوبانگ “Pornhub” لە ساڵی ٢٠١٤، ٧٩ ملیار جار ڤیدیۆکانی بینراوە.

لەگەڵ زیادبوونی دەستڕاگەیشتن بە پۆڕنۆگرافی بە شێوەی ئۆنڵاین، نیگەرانییەکانیش ڕوو لە زیادبوون دەکەن، بەهۆی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی هەیەتی. بە تایبەتی لەسەر گەنجان. ئەم نیگەرانیانە بریتین لەوەی کە سەیرکردنی هەر بابەتێکی سێکسی ئاشکرا؛ ئەخلاق دەشێوێنێت و،  جۆرە تایبەتەکانی پۆڕنۆگرافی کە توندوتیژی دژی ژنان نیشان دەدات، لە ژیانی ڕاستەقینەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان. تەنانەت لە حاڵەتی پۆڕنۆگرافیای ناتوندوتیژدا، دڵەڕاوکییەک هەیە سەبارەت بەوەی کە خەڵک پۆڕنۆگرافی وەک شتێکی (ڕاستەقینە – Real) سەیر دەکەن نەک وەک فەنتازیا، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵوێست و ڕەفتاری سێکسی ژیانی ڕاستەقینە هەیە، بە تایبەتی کاتێک ئەزموونی سێکسی خەڵک (بە تایبەتیش لە هەرزەکاریدا) سنووردارە، نیگەرانییەکانی دیکە بریتین لە بەکارهێنانی کەمی کۆندۆم لە پۆڕنۆگرافیدا (هەم بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کۆندۆم وەک نۆرمێکی کۆمەڵایەتی و هەم بۆ مەترسییەکانی لەسەر تەندروستی ئەنجامدەران)، نیگەرانییەکی دیکە بریتییە لە کاریگەریی لەسەر وێنەی جەستە (لەوانەش لابردنی بەر؛ و نەشتەرگەری و جوانکاری بۆ ئەندامی زاوزێی مێینە)، یەکێکی دیکەش لە نیگەرانییەکان زیانەکانی ئاڵودەبوونە بە پۆڕنۆگرافی.

سەرەڕای ترسە بێشومارەکان لەبارەی پۆڕنۆگرافیای ئۆنڵاینەوە، بەڵام هێشتا چەندان پرسیار بەبێ وەڵام ماوەتەوە سەبارەت بە زیانە ڕاستەقینەکانی. ئایە بینەران بە ڕاستی لە ژیانی خۆیاندا لاسایی پۆڕنۆگرافی دەکەنەوە و ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانییان دانانێت؟ ئایە سەیرکردنی توندوتیژی لە پۆڕنۆگرافیدا دەبێتە هۆی ژنکوژی و توندوتیژی جێندەری؟ ئایە گەنجان مەترسی زیاتری کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەیرکردنی پۆڕنۆگرافیان لەسەرە (ئەگەر هەبن) لەچاو گەورەساڵانی بەتەمەندا؟ لەم توێژینەوەیەدا، ئێمە، بەڵگەکان لەسەر پشتگیریکردن و پووچەڵکردنەوەی ئەم نیگەرانیانە پێشکەش دەکەین، بەدواداچوون بۆ ئەو نیگەرانیانە دەکەین کە زۆرترین جار ئاماژەیان پێکراوە سەبارەت بە پۆڕنۆگرافیای ئۆنڵاین.

ڕەفتاری مەترسیانەی سێکسی

توێژینەوەکان باسیان لەوە کردووە کە گەنجان ئیلهام لە بیرۆکە پۆڕنۆگرافییەکان وەردەگرن و دەیخەنە ناو ئەزموونی ڕاستەقینەی ژیانیانەوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشەدار نییە، بەڵام ئەگەر ببێتە سەرچاوەی سەرەکیی پەروەردەی سێکسی گەنجێک؛ ئەوە لەم کاتەدا دەبێت بە کێشە. چونکە ئەوان نازانن کە پۆڕنۆگرافی فەنتازیایە و بۆ ئەوە دانەنراوە تا پەروەردەیی بێت، هەر بۆیە لێرەدا ئەگەری هەیە پەیامی پەروەردەیی ناتەندروست بگەیەنێت. ئەمەش جێی نیگەرانییەکی ڕاستەقینەیە بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ستاندار و کواڵیتی پەروەردەی سێکسی فەرمی لە زۆربەی وڵاتاندا.

تەنیا ٢-٣٪ی پۆڕنۆگرافیای سێکسییە ئاساییەکان (نێر و مێ) لە ئینتەرنێتدا کۆندۆمی تیادا بەکار دێت. بەکارنەهێنانی کۆندۆم لە جووتبوونی سێکسیدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبن بە ڤایرۆسی ئایدز و مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی سێکسی (STIS). گرنگ ئەوەیە، کە چەندان لێکۆڵینەوە ئەوەمان نیشان دەدەن کە سەیرکردنی جووتبوونی نەپارێزراوی کۆم پەیوەندی بە نەرێنی کۆندۆمەوە هەیە لە نێوان (سێکسی دوو پیاودا)، توێژەران پەیوەندییەکیان لە نێوان ڕێژەی ئەو پۆڕنۆگرافییەدا پێوانە کردووە کە سێکسی بەبێ کۆندۆم و جووتبوونی نەپارێزراوی کۆمی تێدایە. بەڵگەکان لەنێوان ئەوانەی سێکس دەکەن هەم سنووردارن و هەم ناتەبان، نەبوونی کۆندۆم لە پۆڕنۆگرافیای سێکسەکاندا، نیشاندانی پەیوەندییەکە قورستر دەکات.

لێکۆڵینەوەکان لەسەر پەیوەندیی نێوان بەکارهێنانی پۆڕنۆگرافی و ڕەفتارە سێکسییەکانی تر بەردەوامن و هەندێک پەیوەندی بەرچاو نیشان دەدەن. زیادبوونی بینینی پۆڕنۆگرافی پەیوەندی بە یەکەم بەرکەوتنی سێکسی قۆناغی پێشتر (گەنجتر)ەوە هەیە و پەیوەندی بە هاوبەش و ژمارەی هاوبەشە سێکسییەکانەوە هەیە. هەندێک ڕەفتاری مەترسی سێکسی هەیە کە هێشتا لەناو ئەنجامدەراندا بە شێوەیەکی بەرفراوان پراکتیزە ناکرێت، بەڵام لەناو پۆڕنۆگرافیدا بووەتە شتێکی باو. ئەویش ئەوەیە کە ٢٨٪ی دیمەنەکان دیمەنی سێکسی نێوان سێ کەس یاخود زیاترە. هەروەها زیادبوونی سێکسی کۆم لەناو ئەنجامدەراندا (کە ژنان حەزیان پێی نییە) دەگەڕێتەوە بۆ وێنایەکی پۆڕنۆگرافی، چونکە ١٥-٤٢٪ دیمەنەکان سێکسی کۆمی تێدایە. هاوکات ئەم ڕەفتارانە پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە سێکسییەکانەوە هەیە.

دۆخی ئێستای بەڵگە و توێژینەوەکان سنووردارە و ئەو هۆکارانە بە ڕوونی نیشان نادات کە سەرنج دەخاتە سەر؛ سەیرکردنی پۆڕن دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕەفتاری مەترسیانەی سێکسی. توێژینەوەکانی ئێستا سنوورێکی بەرچاویان لە دیارکردنی هۆکارگەراییەکەیدا هەیە، زۆربەیان کەموکوڕی دیزاینی توێژینەوەکەیان هەیە، لەوانەش نەبوونی گرووپێکی ڕێکخراو بۆ بەراوردکردن، نەبوونی بەدواداچوونی درێژخایەن بۆ دیاریکردنی کاتی بەرکەوتن و ڕەفتارەکان و سنووردارکردنی توانای جڵەوگرتن بۆ هۆکارە سەرلێشێواوەکان. هەروەها وەک ئاسانکاری (خوێندکارانی زانکۆ هەڵدەبژێرن). لە کاتێکدا ڕەنگە پۆڕنۆگرافی کاریگەری لەسەر تەواوی ڕەفتارەکان هەبێت، و ئەزموونی سێکسیش ڕەنگە کاریگەری لەسەر بینینی پۆڕنۆگرافی هەبێت، هەموو ئەمانەش ڕەنگە بەهۆی هۆکارە باوەکانی ترەوە بێت وەک هەوڵدان بۆ هەستکردن بەو شتە و هەستکردن بە تەمەنی پێگەیشتنی سێکسی.

توندوتیژی و جێندەر

٪٣٧ بۆ ٨٨٪ دیمەنە پۆڕنۆگرافییە سەرەکییەکان کردەی شەڕەنگێزی جەستەیی تێدایە. (دەمکوتکردن و لێدان) زۆربەی ئەم کردانەش بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت. هەروەها ژنان لە کاتی سێکسدا وەک ملکەچ و دەستەمۆکراو و مامەڵەپێکراو بۆ چالاکییە سێکسییەکان دەبینرێن و وێنا دەکرێن.

سەرەڕای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر ئەم دیاردەیە لە ماوەی چەندان دەیەدا، بەڵام بەڵگەکان یەکلاکەرەوە نین لەسەر ئەوەی چۆن سەیرکردنی پۆڕنۆگرافی توندوتیژ کاریگەری لەسەر توندوتیژی جێندەریی دەبێت. توێژینەوە تاقیکارییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە پۆڕنۆگرافی توندوتیژ بوونەتە هۆی زیادبوونی شەڕەنگێزییەکی ناسێکسی لای پیاوان. بەڵام ژینگەی ئەزموونی ڕەوایەتی ئەم دۆزینەوانە لە دنیای ڕاستەقینەدا سنووردار دەکات. شیکارییەکانی مێتا”ش بۆ توێژینەوە نائەزموونییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە پەیوەندیەکی بەرچاو هەیە لە نێوان بینەرانی پۆڕنۆگرافی (بەتایبەت پۆڕنۆگرافیای توندوتیژ) و هەڵوێستی پشتگیریکردنی توندوتیژی دژی ژنان. ئەم پەیوەندییە ناتوانرێت وەک هۆکار لێکبدرێتەوە، بەڵام بەو پێیەی ئەو پیاوانەی کە مەیلی توندوتیژییان هەیە لە دژی ژنان زیاتر بەدوای پۆڕنۆگرافیای توندوتیژدا دەگەڕێن. داتا ئیکۆلۆژییەکانی زۆرێک لە وڵاتان ئەوە دەردەخەن کە ڕێژەی دەستدرێژیکردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە لەو کاتەوەی بینەری پۆڕنۆگرافی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەمەش وایکردووە هەندێک لە توێژەران گریمانەی ئەوە بکەن کە بینەربوونی پۆڕنۆگرافیای توندوتیژ جۆرێکە لە خاوێنبوونەوە (کاسارسیس)، کە شەڕانگێزی سێکسی لە توندوتیژی ژیانی ڕاستەقینەدا دوور دەخاتەوە. هەرچەندە داتا ئیکۆلۆژییەکان فۆڕمێکی زۆر لاوازی بەڵگەن، چونکە گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی نیشتیمانی ڕەنگە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری کۆمەڵایەتی دیکەوە بێت.

ئاسوودەیی سێکسی

چەندان ڕاپۆرت هەیە سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پۆڕنۆگرافی لەسەر پەیوەندییە خۆشەویستییەکان و چێژوەرگرتن لە سێکس و ئاسودەیی، بەڵام بەڵگەکان بەزۆری پەیوەستە بە چیرۆکی تاکەکەسی و ڕاپرسییە بابەتییەکان. بۆ نموونە سکاڵایەکی باو هەیە لەلایەن ژنانی گەنجی هایتەرسێکسواڵەوە، ئەویش ئەوەیە کە هەست بە ملکەچبوون دەکەن بۆ چێژی پیاو، و پێیان وایە لە ژێر فشاردان و چاوەڕێی ئەوەیان لێ دەکرێت کارێک بکەن کە هاوبەشە نێرەکەیان لە پۆڕنۆگرافیدا بینیویەتی (وەک سێکسی کۆم و ڕژاندن بەسەر دەمووچاوی ژنەکەدا).

بەکارهێنانی پۆڕنۆگرافی لەلایەن ژنانەوە کەم ئەنجامدراوە، بەڵام ڕاپرسی هاوسەرەکان (خێزاندارەکان) ئەوە دەردەخەن، کە پۆڕنۆگرافیای پیاوان پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەیلی سێکسییەوە هەیە بۆ هەردوو هاوبەشەکە، لەکاتێکدا مێینە کە سەیری پۆڕنۆگرافی دەکات پەیوەندی هەیە بە زۆربوونی مەیلی سێکسی بۆ هەردوو هاوبەشەکە.

هەروەها لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی پۆڕنۆگرافیدا لەنێو پیاواندا وا دەکات ببێتە هۆی ئەوەی لەکاتی سێکس و ورووژاندندا پشت بە وێنە پۆڕنۆگرافییەکان ببەستن، هاوکات لەکاتی سێکسکردن لەگەڵ هاوبەشی ژیانیاندا چێژەکانیان لەدەست بدەن. هەرچەندە ئاڵوودەبوون بە پۆڕنۆگرافی لە کتێبی “دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان لە کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکی)دا وەک نەخۆشییەکی دەروونی ئەژمار نەکراوە (لە چاپی پێنجەمیدا)، لە کاتێکدا زۆرکەس باوەڕیان بە بوونی ئەو حاڵەتە هەیە وەکو نەخۆشییەکی دەروونی. بۆ نموونە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بینینی پۆڕنۆگرافی پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی مێشکەوە هەیە هاوشێوەی ئەوانەی کە ئاڵوودەی ماددە و هەندێک بابەتێکی دیکە بوونە، و زۆرجار ئاڵودەبوون بە پۆڕنۆگرافی پەیوەندی بە کارکردنی سێکسییەوە هەیە. ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەم توێژینەوەیە دەریخستووە کە هەرزەکاران کاتێکی زیاتریان پێویستە وەک لە گەورەکان بۆ چاکبوونەوە لە ئاڵوودەبوون بە پۆڕنۆگرافی، کە نووسەران هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ بەرکەوتنیان بە پۆڕنۆگرافی لە قۆناغێکی پێشتر و گەنجتری ژیاندا.

سوودەکانی پۆڕنۆگرافی

کۆمەڵێک لە داکۆکی و سوودەکانی پۆڕنۆگرافی و کۆمەڵێک بەڵگەی پشتگیری هەن بەڵام سنووردارن، کە بە پلەی یەکەم پشتیان بە هەڵسەنگاندنی بابەتیی بەستووە. واتسۆن و سمیس پێداچوونەوەیان بەو چیرۆکانەدا کردووە کە پەیوەندییان بە بەهای کەسیی و پەیوەندیدار و کۆمەڵایەتی پۆڕنۆگرافیاوە هەیە و دەڵێن بەکارهێنانی پۆڕنۆگرافی ڕەنگە دڵەڕاوکێ و تێكچوون و لاوازی سێکسی کەم بکاتەوە، و هاندەربێت بۆ دەربڕین و سێکس و کات بەسەربردن، پۆڕنۆگرافی پەیوەست بووە بە تێڕوانینێکی کراوەتر بەرامبەر بە سێکس و سێکسییەت (Sexuality and sex).  بۆ نموونە بەکارهێنانی پۆڕنۆگرافی پەیوەندی بە قبوڵکردنی هاوڕەگەزخوازی (Homosexuality) لە نێوان پیاوانی ئەمریکیدا هەبووە و و لەوانەیە ڕێگە بە گەنجانی نائاسایی بدات کە بەدوای سێکسییەتی خۆیان بگەڕێن. گەورەساڵانی ئوستڕاڵی و دانیمارکی خۆیان باسیان لەوە کردووە کە پۆڕنۆگرافی کاریگەری ئەرێنی زیاترە وەک لە نەرێنی، وەک باشترکردنی ژیانی سێکسی، هەستکردن بە ئاسوودەیی و بیرکردنەوەی فراوانتر سەبارەت بە سێکس و زیاتر گرنگیدان بە چێژی سێکسی بەرامبەرەکەیان. بە هەمان شێوە، لە داتای ٢٤٥ خوێندکاری ئەمریکدا، بینینی پۆڕنۆگرافی پەیوەندی بە پەرۆشییەوە هەبووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەفتارە نوێیە سێکسییەکان و باس لەوەش کرا کە سەرچاوەیەکی بەهێزکردنی بینەرە. ئەمەش متمانەی لەناو بەشداربووان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی دروستکرد. لەمەش زیات؛ گرنگیدان بە فۆڕمە ئەرێنییەکانی پۆڕنۆگرافی ڕوو لە زیادبوونە، بۆ نموونە (پۆڕنۆگرافیای فێمینیست) و (پۆڕنۆگرافیای سێکسی ئەرێنی) کە تیشک دەخەنە سەر چێژی ڕاستەقینەی مێینە، هاوکات گرنگی بە هەمەجۆریی و ڕەزامەندی سێکسی دەدەن و لە کاتی کارکردندا ڕەچاوی ڕەوشتی کارکردن دەکەن بۆ  ژینگەی بەشداریکەرەکان.

ئەنجام

پۆڕنۆگرافیای ئۆنڵاین لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا شتێکی باو و ئاساییە، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی سێکسی و ئاسوودەیی تاوەکوو ئێستا نادیارە. ئەو بەڵگانەی لەبەردەستمانن ئەوە پیشان دەدەن کە پۆڕنۆگرافی کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکانمان هەیە، گەڵیکجاریش بە شێوەیەکی گرفتئامێز و کێشەدار. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە بۆ زۆر کەس، بینینی پۆڕنۆگرافی هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی نەبێت و تەنانەت ڕەنگە دەرئەنجامە سوودبەخشەکانیشی تیادا ڕەنگبداتەوە. لێکۆڵینەوەکان تاوەکوو ئێستا ئەنجامی تێکەڵاو و گشتییان بەرهەمهێناوە و گەلێک گروپی سەرەکییان پشتگوێ خستووە، بە تایبەتی ئافرەتانی گەنج. بەو پێیەی کە شرۆڤەکەمان چەندان کەموکوڕی بەرچاو لە میتۆدۆلۆژییەکەیدا هەیە، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت، لەوانەش پێداچوونەوەی سیستماتیک، لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و لێکۆڵینەوەی ئەزموونیی دەربارەی کاریگەرییە جیاوازەکانی پۆڕنۆگرافی لەسەر هەرزەکاران.

سەرەرای گرنگی ڕوونکردنەوەی کاریگەرییەکانی پۆڕنۆگرافی، بەڵام چەندان هۆکار هەن ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشکەشکردنی بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە کارێکی ئەستەمە. یەکەم؛ بەهۆی سروشتی هەستیاریی بابەتەکەوە، و پرسیارکردن لە هەرزەکاران دەربارەی پۆڕنۆگرافی و وەرگرتنی ڕەزامەندی دایک و باوک بۆ ئەم بارودۆخە کێشەی ئەخلاقی دروست دەکات. بەڵام بە سەرنجدان بەوەی کە سەیرکردنی پۆڕنۆگرافی بە شێوەیەکی گشتی لە تەمەنێکی بچووکەوە دەست پێدەکات (وەک تەمەنی ١٤ ساڵی) زۆر گرنگە لە توێژینەوەکاندا گرنگی بە هەرزەکاران بدرێت بۆ ئەم پرسە. کێشەیەکی سەرەکی دیکە ئەوەیە کە سەیرکردنی پۆڕنۆگرافی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باو و ئاساییە و زۆرجار توێژینەوەکان هیچ گرووپێکی کۆنتڕۆڵکراویان نییە، ئەمەش کواڵیتی توێژینەوەکە سنووردار دەکات. تەنانەت ئەو توێژینەوانەی کە لێکۆڵینەوە لە پۆڕنۆگرافی و دەرئەنجامەکانی دەکەن زۆرجارە بە هۆی نەبوونی وەڵامێکی ڕوونەوە کێشەیان تێدەکەوێت. کاریگەری پۆڕنۆگرافی لەسەر ئاسوودەیی سێکسی و پەیوەندییەکان بە تایبەتی دیاریکردنی قورس دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی شێوازی باباتی بۆ پێوانەکردنیان. لە کۆتاییدا پەیوەندییەکی هۆکارییانە لە نێوان بینینی پۆڕنۆگرافی و دەرئەنجامەکانیدا ئەستەمە بسەلمێنرێت، چونکە هەردوو کردەکە، دەبێت بە ناوبژیوانی هەڵبژاردنی سەیرکردنی پۆڕنۆگرافی بێت، بۆ نموونە “ئەو کەسانەی کە ئارەزوویەکی ئاسایی سێکسییان هەیە” لەگەڵ “ئەو کەسانەی کە ئارەزوویەکی سێکسیی بەهێزیان هەیە” ئەگەری زیاتریان هەیە هەم بەشداری ڕەفتاری سێکسی بکەن و هەم سەیری پۆڕنۆگرافی بکەن.

یەکێکی دیە لە کێشەکانی بەدەستهێنانی بەڵگەی ڕاست و دروست سەبارەت بە کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی پۆڕنۆگرافی، گۆڕانی خێرای ژینگە و میدیایە، کە ئەگەری هەیە کاریگەرییەکی زۆر جیاوازی هەبێت لەوەی کە گۆڤارێکی سێکسی لەژێر جێگەکە نووستنەکەتدا هەڵبگریت. جگە لەوەش، لێکۆڵینەوەکان لەسەر نەوەکانی پێشووی گەنجان، ڕەنگە پەیوەندییان بە نەوەی ئێستاوە نەبێت، چونک ئێستا بە شێوەیەکی گشتی بەرکەوتەی ڕێژەیەکی زۆری پۆڕنۆگرافیای هەمەچەشن و ئاشکرا و ڕوون، تەنانەت پێش ئەوەی خۆیان دەرفەتی تاقیکردنەوە و پەرەپێدانی کردە سێکسییەکانی خۆیان و پەیوەندییەکانیان هەبێت.

ئەگەر پۆڕنۆگرافی ناتەندروست بێت؛ ئەوە دەتوانین چ وەڵامێک بدەین بەدەستەوە بۆ جێبەجێکردن؟ هەوڵگەلێکی یاسایی دراون، بۆ نموونە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەهێشتنی پۆڕنۆگرافیای منداڵ و بلۆککردنی ئینتەرنێتی سەرتاسەری وڵات بۆ هەر بابەتێک کە بە ڕوونی دادەنرێت (بۆ نموونە؛ لە چین). لە زۆربەی وڵاتان، بینینی پۆڕنۆگرافی لە ڕووی تەکنیکییەوە پەیوەستە بە گەورەساڵانەوە و بۆ ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان لەسەرووی ١٨ ساڵەوەیە، بەڵام ئەم سنووردارکردنانە بە شێوەیەکی گشتی پشتگوێ دەخرێن و جێبەجێکردنیان کارێکی مەحاڵە.

کالیفۆڕنیا یەکێکە لە گەورەترین ناوچەکانی بەرهەمهێنانی پۆڕنۆگرافی لە جیهاندا، لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاریاندا کە لە هەموو فیلمەکاندا کۆندۆم بەکاربهێنرێت، نەک بۆ کەمکردنەوەی گریمانەی زیانگەیاندن بە بینەران، بەڵکو بۆ پاراستنی بەشداربووە گەورەکان (گەورەساڵان). ئەمەش وەڵامێکی ڕوون بوو، کە ئەنجامدەرەکان مەترسییەکی زۆریان بە نەخۆشییە گواستراوە سێکسییەکان لەسەرە، بۆ نموونە ئایدز (HIV). یەکێکی دیکە لە بەڵگە ناڕوونەکان لەسەر پۆڕنۆگرافی، ئەو بڕیارە بوو کە لە بەڕیتانیا خرایە ڕوو، ئەویش هەندێک ڕەفتاری لەناو کاتی پۆڕنۆگرافیدا قەدەغە کرد، وەک لێدان، گرتنی توند، دانیشتن لەسەر دەموچاو و ڕژانی مێیینە. هەندێک لە ڕەخنەگرانیش پێیان وایە کە لیستی ئەم ڕەفتارە قەدەغەکراوانە لەسەر بنەمای ئەخلاقی هەڵبژێردراوە نەک کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەندروستی لەکاتی سەیرکردنیاندا.

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پەروەردە ڕۆڵێکی گرنگی لەم بوارەدا هەیە، ڕەنگە پەروەردە لە ڕێگەی ڕۆشنبیریی میدیاییەوە گرنگ بێت بۆ بونیادنانی تێگەیشتن لە چەمکەکان؛ لەوانەش واقیع و فانتازیای سێکس، کە لە پۆڕنۆگرافیدا وێنا دەکرێت، چاوەڕوانییەکان بۆ سێکسی ژیانی ڕاستەقینە و مەیلەکانی. بەڵام پەروەردەیەکی دروست پێویستی بە بنەمای بەڵگەی بەهێز هەیە، کە هێشتا بۆ پۆڕنۆگرافی جێگیر نەکراوە. گرنگترین پرسیار کە هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە ئەوەیە کە ئایە مەترسییەکانی پۆڕنۆگرافی بۆ هەرزەکاران زیاترە یاخود بۆ گەورەساڵان، لەناو ئەو دیمەنانەی کە پیشان دەدرێن؟

هاوشێوە