رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئایا سروشتی جەستەی ژن چارەنووسی دیاری دەكات؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

ڕانان: هەڵوێست کەریم

پەرتووكی (ئایا سروشتی جەستەی ژن چارەنووسی دیاری دەكات؟) یەكێكە لەو بڵاوكراوانەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزاڤی ژنان لە پێناو ئازادی، لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا نووسراوە و بڵاو كراوەتەوە. ئەم پەرتووكە لە لایەن ئیلڤین ڕیدەوە نووسراوە و لە لایەن دەزگای پاسفایندەر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە ساڵی ٢٠١٥دا چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

نووسەر، ڕای وایە، پێگەی ئەمڕۆی ژنان لە كۆمەڵگادا، بەهۆی پڕۆسەیەكی دوور و درێژی مێژوویی شكڵی گرتووە. لەگەڵ هەڵكشانی سیستەمی چینایەتی، سروشتی جەستەی ژن دەبێت بە بەهانەیەكی ئایدیۆلۆژی بۆ هێشتنەوەی لە دۆخی كۆیلایەتیدا، واتە ئەوە سروشتی جەستەی ژن نییە بە دۆخی ئەمڕۆی گەیاندووە، بەڵكوو ئەوە دەرئەنجامی سروشتی سیستەمی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییە پێگەی ژنی وەك كاڵا و پاشكۆی پیاو لێكردووە. هەر ئەو كۆپەیوەندییەش ئەو زهنییەتەی ئەمڕۆی بەرهەم هێناوەتەوە، کە پاشكۆی ئەمڕۆی ژن گرێ بدەینەوە بە جەستە و چارەنووسی كۆتایی ژن لە كۆمەڵگادا.

ئیلڤین جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هۆكارە ڕاستەقینەكانی ژێردەستەیی ژنان لە ئەمڕۆدا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە خودی سیستەمەوە هەیە، نەك كۆمەڵگا و پێدراوی سروشت.

نووسەر دەگەڕێتەوە بۆ پەرتووكی “بنەچەی خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت”، كە لە لایەن فرێدریك ئەنگڵسەوە نووسراوە. ئەنگڵس لەو بەرهەمەیدا، ئاماژەی پشت پەرەسەندنی پەیوەندییە خێزانییەكان ڕوون دەكاتەوە، لە بەر ڕۆشنایی گۆڕانی پەیوەندییە ئابووریی و ئامرازەكانی بەرهەمهێنان.

زۆرێک لە ژنانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی، کە لێکۆڵینەوەیان لە کتێبەکەی ئەنگڵس کردووە، لەوە تێگەیشتوون، ڕەگەکانی پرس و سەرکوتکردنی ژنان سەرچاوەکەی لە کۆمەڵگەی چینایەتیدایە و هەر لەوێشدا پێویستە بەدوایدا بگەڕێین، ئەوان دەستەواژەی “جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز” بەکار دەهێنن، بۆ وەسفکردنی سیستەمی کۆمەڵایەتیی سەرمایەداری کە جیاکاری لە دژی ژنان لە هەموو وردەکارییەکی ژیاندا پەراوە (نمایش) دەکات. هەر ئەوەش هەلومەرجێکی دروست کردووە کە بەشێک لە ژنان و پیاوانیش وا تێبگەن ئەوە سروشتی ژن و ڕەگەزەکەیەتی، پلە و پێگەی وەک قەدەرێک لە مێژوودا دیاری کردووە، نەک سیستەم. هەر ئەم تیگەیشتنەیش ڕەنگدانەوەی هەبووە کە ژن وەک ڕەگەزی دووەم سەیر بکرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

ئەم تێڕوانینە لە کۆمەڵگا جیاجیاکاندا ڕەنگی داوەتەوە و وەک تێڕوانینێکی سروشتی بۆ پێگەی ژن سەیر دەکرێت و زاڵە لە لایەن ڕەگەزەکەی دیکەوە/پیاو، کە نەک تەنیا مێژوو دەنووسێتەوە، بەڵکوو زاڵن بەسەر زانستیشدا، بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای ژن وەک خۆی بمێنێتەوە.

“ڕەگەزی دووەم” بە خۆی ناونیشانی کتێبێکە لەبارەی سەرهەڵدانی بزووتنەوە فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا و لە لایەن فەیلەسووفی بوونگەرای فەرەنسی سیمۆن دی بۆڤوارەوە نووسراوە و لە ساڵی ١٩٤٩دا چاپ کراوە. ئەم کتێبە بە خاڵی دەستپێکی شەپۆلی دووەمی فێمینیزم دادەنرێت و بۆڤوار شیکارییەکی ورد بۆ مێژووی چەوساندنەوەی ژنان دەکات و ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن ژن دەکرێت بە ڕەگەزی دووەم.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، لە بنەمادا ئاژەڵەكان كۆیلەی سرووشتن، ئەوان تەسلیمی هێز و پڕۆسەی بایۆلۆژی بوون، كە ناتوانن كۆنتڕۆڵی بكەن. لە بەرانبەردا مرۆڤ ئەو پەیوەندییەی لە ڕێگەی كاركردنەوە هەڵگەڕاندەوە و كاریگەری لەسەر سروشت دانا، تا ئاستی پاوانكردن. هەر بۆیە دوای چەندین سەدە لە هەژموونی سیستەمی سەرمایەداری پیاوسالاری و لە هەنگاوی یەكەمدا دەستی گرت بەسەر پیشەسازی فوسل فۆیل– (سووتەمەنی و پاشماوە بەبەردبووەكان)، هەنگاوی ناو و خەڵوز و پاشان نەوتی دۆزرایەوە. ئەم پڕۆسەیە وەهمێكی دروست كرد، کە زەوی، سروشت و ژن ناچالاكن-پاسیڤن و تەنیا ئەركیان بەرهەمهێنانە. هەر ئەمەیە كە پێی دەڵێن داگیركردنی ژن و سروشت و لەو كاتەوەیە کە جەنگ دژی سروشت و ژن دەستی پێ كردووە، بۆ ئەمەش زانست بە تەواوی بەكارهاتووە.

ئیلڤین لەم پەرتووكەدا، بە وردی باس لە هەیمەنەی سیستەی پیاوسالاریی سەرمایەداری دەكات، بەسەر لقەكانی زانستی وەك بایۆلۆژیا و ئەنسرۆپۆلۆژیا، ئەو دوو لقەی زانست بە زانستی لایەنداری پیاو دادەنێت و بەكارهێنراون بۆ كەمكردنەوەی پێگە و ئاستی فكری و عەقڵی ژن.

 بیردۆزی منداڵدان و نزمكردنەوەی پێگەی ژن

زانستی بایۆلۆژیا وەك زانستی ئەنسرۆپۆلۆژیا زۆر بە خراپی و تا ئاستی ناڕاستی و دۆزینەوەی زانستی بە لایەنداری و بەرژەوەندی پیاوان و دژی ژن بەكار هێنراوە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زانایانی ئەم دوو لقە لە خێزانی بۆرژواكان بوون. ئەوان گریمانەی ئەوەیان دانا بەهۆی بوونی منداڵدان لە ژندا، ئەوان ناتوانن خۆیان لە كۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی ڕۆڵە بایۆلۆژییەكەی ئازاد بكەن، هەر بۆیە دەبێت ملكەچی ئەركەكەی بێت، كە منداڵ بوونە. بۆیە ئەم ئەركە جارێكی دیكە دژی ژن بەكار هێنرایەوە و ژنان بە گێل لە قەڵەم دەدران بەهۆی ئەو ئەركانەی منداڵدان هەیەتی لە پڕۆسەی منداڵ دروستكردندا. لە بەرانبەردا هێزی بازووی پیاو بەرانبەر بە منداڵدانی ژن و وەك هێزێك بۆ پیاوان سەیركراوە و بەردەوام پێگەی پیاوی بەرز كردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا و بەكارهێنانی ئامێر ئەو گریمانەیە تا ڕادەیەك لاواز بووە.

دواتر ئیلڤین باس لەوە دەكات، لەگەڵ هەڵكشانی سیستەمی پیاوسالاریی چینایەتی، سروشتی جەستەی ژن كراوە بە بەهانەیەكی ئایدۆلۆژی تا بە بەردەوامی ڕێگری لە ژن بكرێت، بەشداری لە ژیانی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی نەكات و لە دۆخی كۆیلایەتیدا بهێڵدرێتەوە.

هەر ئەمەش هۆكاربوو لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانەدا، کە ژنان دروشمی “سروشتی جەستەی ژن چارەنووسی دیاری ناكات” بەرز بكەنەوە.

پێویستە ئەم دروشمە ببێتە دروشی بزووتنەوەی ژنان، وەك ناونیشانێك بۆ تێگەیشتن و هەڵوەشاندنەوەی كۆپەیوەندییەكە و بەدیهێنانی ژیانێكی تر، ژیانی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەری.

ئیلڤین ڕید

ئیلڤین ڕید تیكۆشەرێكی سەرسەختی مافەكانی ژنان بووە،  لە ساڵانی شەست و حەفتای سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە حزبی كرێكارانی سۆشیالیستی دەكات لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە ساڵی ١٩٤٠دا دەبێتە سكرتێری حزب و لەساڵی ١٩٧٩دا كۆچی دوایی دەكات. ئەو یەكێك بوو لە ئەندامان و دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی نیشتمانی ژنان بۆ ئەوەی مافی لەبار بردن بە یاسایی بكرێت، ئەندام و دامەزرێنەرانی ڕێكخراوی نەتەوەیی ژنان بووە.

ئەم پەرتووكەی لە سەروبەندی سەرهەڵدان و تێكۆشانی ژنان لە حەفتاكانی سەدەی بیستەم نووسيوە.

ئەم كتێبەی ئیلڤین، بۆ سەر زمانەكانی فارسی، فەرەنسی، ئیسپانی، سویدی، ئیتاڵی، توركی و ئەندەنوسی وەرگێڕدراوە.

ئیلڤین، نووسەری چەندین كتێبی ترە، وەك كێشەكان دەربارەی ڕزگاربوونی ژنان، كەرەستەكانی جوانكاری فاشن و پاوانكردنی ژن،  سێكسیزم و زانست.

هاوشێوە