رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئارسەر شـــــــــۆپـنهاوەر

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئەوین و ئاوێزانبوونی سێکسی

نووسین: ئارسەر شۆپنهاوەر

وەرگێڕان: کەیوان هەورامی

لەم بابەتەدا باس لە ژیانی شۆپنهاوەر و فەلسەفەی ئەو دەكەین لەبارەی ئەوین و پەیوەندیی سێكسییەوە. ئارسەر شۆپنهاوەر فەیلەسووفێكی ئەڵمانیی سەدەی هەژدەیەم بوو. جا بەبۆنەی ئەوەی كەسایەتییەكی جێسەرنج و سەیروسەمەرە بوو، ئەم بابەتە تەرخان دەكەین بۆ تاوتوێكردنی كەسایەتی، ژیان و فەلسەفەی ئەو. شۆپنهاوەر لە مێژووی فەلسەفەدا، بە گەورەترین فەیلەسووفی ڕەشبین دادەنرێت. بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەم ڕەشبینییە بن، لێگەڕێن چەند ڕستەیەكی بە نموونە بهێنمەوە. شوپانهاوەر دەڵێت: «ژیان ڕووداوێكە بە شێوەیەكی ئازاردەر و بێهوودە، خەوی بەختەوەرانەی نەبوون دەزڕێنێت… بوونی مرۆڤ، دەبێت بە جۆرێك لە جۆرەكان هەڵەیەك بێت. گەر خوایەك ئەم جیهانەی ئافراندبێت، من حەز ناكەم لە جێی ئەو خوایە بم، چونكە پەژارەی ئەم ژیانە، بەردەوامە لە دڵشكاندنی من… ئەمڕۆ خراپە و ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتریش دەبێت و تا ئەو ڕۆژەی كە خراپترین ڕووداو دێتە پێش… هیچ مرۆڤێك هەرگیز دوور نییە لەو دۆخەوەی كە ڕۆژێك بیەوێت كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنت.»

تووشبوون بە ڕووداوێكی هاتوچۆ، نەخۆشكەوتنێك، گۆڕانكارییەكی كتوپڕانە دەتوانێت ناکۆکییەکانی ئەم فەلسەفەیە، بكات بە هاوڕایانی. وەك چۆن بوودا لە تەمەنی هەرزەكاریدا مردن و نادادپەروەریی ئەم دونیایە كاریگەرییەكی زۆریان خستە سەری، شۆپنهاوەری گەنجیش كاریگەرییەكی توندی كوێرەوەری و نادادپەروەرییەكانی نێو ئەم ژیانەی كەوتە سەر. گەر ئێوە سەر بەو دەستە مرۆڤانەن كە لاتان وایە ژیان بەو ڕادەیەش كە بوودا و شۆپنهاوەر دەیڵێن خراپ نییە و ژیانمان خۆشە، ئەوا سەرنجتان لەسەر ئەوە بێت كە قسەكانی ئەم بیرمەندانە لەسەر بنەمای ژیانی تاكەكەسی نین. بوودا خۆی شازادەیەكە لە كۆشكدا گەورە بووە، یان شۆپنهاوەر گەنجێكی تەندروست و جوانپۆش و زیرەك و خوێندەوارە، لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا كاتێك باوكی لەدەست دەدات، سامانێكی وەهای بۆ جێ دەمێنێت كە دەتوانێت تا كۆتایی تەمەن، بەبێ خۆماندووكردن بژی. ئەوان تەنیا لە ژیانی خۆیانیان نەدەڕوانی، ئەوان لێكەوتەی ژیانی هەموو مرۆڤەكانی گشت سەردەمە جیاوازەكانیان دەكردە بنەمای لێكدانەوە و فەلسەفەی خۆیان.

هەر كات هەستتان كرد ژیان تەواو خۆش و دادپەروەرانەیە، خۆتان بخەنە شوێنی ئەو منداڵە چوار ساڵەی كە بەهۆی لێدانی دڕندانەی باوكە سەرۆخۆشەكەیەوە گیانی دەرچوو. خۆتان بخەنە شوێنی ئەو كرێكارەی كە تاكە بژێویهێنی خێزانەكەی بوو، شەوێك كاتی گەڕانەوە لە ئیش، دەستهەقەكەیان لێ دزی، جا لەبەر ئەوەی بەرگریی كرد، بە چەقۆ كوشتیان. خۆتان بخەنە جێی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە. خۆتان بخەنە شوێنی ئەو مرۆڤانەی كە كران بە كۆیلە. یان ئەوانەی كە لە كوورەكانی مرۆڤسووتاندندا كران بە قەرەبرووت… ئەوانەی كە بەبێ تاوان ئەشكەنجە و لە دار دران. ئەوانەی كە لەژێر بۆمببارانی جەنگدا گیانیان سپارد. ئەوانەی بوون بە ژێر داروپەردووی زەویلەرزەوە. ئەوانەی كە لافاو ژیانیانی ڕاماڵی و…

شۆپنهاوەر دەڵێت، ڕێی تێ ناچێت ئافراندنی ئەم جیهانە، كاری بوونەوەرێكی بەسۆز بێت، بەڵكە ئیشی شەیتانێكە و بۆ ئەوە مرۆڤەكانی ئافراندوون تا چێژ لە بینینی ئازارەكانیان ببات.

بە گشتی شۆپنهاوەر كەسێكی گۆشەگیر بوو، پێی باشتر بوو بە تەنیا بژی. ئەو دەیگوت: «بە جۆرێك قسە لەگەڵ خەڵكیدا دەكەم وەك ئەوەی زارۆكێك قسە لەگەڵ بووكەڵەكانیدا بكات.» ئەو منداڵە دەزانێت كە بووكەڵەكانی لە قسەكانی تێناگەن، وەلێ بە خۆخەڵەتاندنێكی چێژبەخش و ئاگایانە، لەزەتی پەیوەندی بۆ خۆی دەهێنێتە كایە. لە وەڵامی ئەوەی كە بۆچی هاوڕێی زۆری نییە، دەیگوت: «مرۆڤە بلیمەتەكان هەمیشە تەنیا و دوورەپەرێزن، چونكە خۆدوێنییە بیرمەندانەكانی ئەوان، هۆشیارانە و بەبایەخترن لە دواندنی ئەوانی تر.» شۆپنهاوەر ماوەیەك وەك مامۆستا لە زانكۆدا وانەی گوتەوە، بەڵام حەزی لە پێگەی مامۆستایی و وانەوتنەوە نەبوو، دواجار لە ژینگەی ئەكادیمی وەڕەز بوو. ئەو دەیگوت گەر كەسێك فەلسەفە بە هەند وەربگرێت و دەستێكی باڵای تێیدا هەبێت، تاقەتی وتنەوەیی نامێنێت.

كتێبی «جیهان وەك ویست و وێنا» سەرەڕای ئەوەی شاكارێكی فەلسەفییە، كاتێك بڵاو بووەوە، فرۆشێكی كەمی هەبوو. شۆپنهاوەر لە پێشەكییەكەیدا دەنووسێت: «ئەم كتێبە بۆ هاوسەردەمان و هاونیشتمانیانی خۆم نا، بەڵكە بۆ مرۆڤایەتی جێ دەهێڵم. دڵنیام ئەم كتێبە بێبایەخ نابێت، جا با ئەم بایەخە فرە درەنگیش ئاشكرا بكرێت.» هەڵبەتە دواتر شۆپنهاوەر ناوبانگێكی زۆر پەیدا دەكات و كتێبەكانی دەبنە پڕفرۆش. تەنانەت لە زانكۆكانیشدا فەلسەفەی شۆپنهاوەر دەڵێنەوە. كاردانەوەی ئەو لە بەرانبەر ئەم سەركەوتنە درەنگكەوتووەدا ئەمەیە: «پاش ئەوەی كە ژیانی دوورودرێژمم لە ونی و بەهەندوەرنەگیراندا بەسەر برد، لەم كۆتایی تەمەنەدا بە تەپڵ و دەهۆڵ هاتوونە شوێنم، واش دەزانن ئەمە بە لای منەوە گرنگە. دەتوانم بەرگەی ئەو بیركردنەوەیە بگرم كە پاش مەرگم كرمەكان جەستەم دەخۆن، بەڵام بیركردنەوە لەوەی كە پاش خۆم، مامۆستایانی زانكۆ ناخونەك لە فەلسەفەكەم دەدەن، مووچڕكە بە لەشمدا دەهێنێت.»

شۆپنهاوەر هاوسەرگری ناكات و منداڵ ناخاتەوە. ئەو دەڵێت: «هاوسەرگریكردن باشترین ڕێگەیە بۆ لەبەرچاوكەوتنی یەكتری.» ڕەوتی ژیانی ئەو بەم جۆرە بوو: ڕۆژانە سێ كاتژمێر دەینووسی، كاتژمێرێك فلووتی لێدەدا، جا قردێلەیەكی سپیی دەبەست و بۆ خواردنی فراوێن دەچووە ڕێستۆرانتی دڵخوازی خۆی. پاش فراوێن، ڕۆژنامەی تایمزی دەخوێندەوە. عەسران بە مەبەستی پیاسەكردن سەگەكانیی دەبردنە دەرێ. شەوانیش دەچووە سەیری ئۆپێرا یان شانۆ. هەندێك جار كاتی سەیركردنی شانۆ بە چەشنێك لە ورتەورتی خەڵكی و پێكوتین بە زەوییاندا بێزار دەبوو كە نامەی بۆ بەڕێوەبەری هۆڵی شانۆكە دەنووسی و داوای دەكرد لێپێچینەوەی توند لەگەڵ ئەوانەدا بكرێت كە سەروەختی پێشكەشكردنی شانۆ دەنگوهەرا دەكەن. ئەو دەیگوت ڕادەی ئەو دەنگوهەرایەی كە مرۆڤێك دەتوانێت بەرگەی بگرێت، لە سەرووی توانای هەست و هۆشەوەیە. ئەو كەسانەی كە لە نزیكەوە شۆپنهاوەریان دیوە، وەك مرۆڤێكی بەدمەزاج و هاوكات گەلێك بەسۆز باسی دەكەن. دواجار لە تەمەنی حەفتاودوو ساڵیدا كاتێك لە پیاسەكردن گەڕایەوە، تووشی هەناسەتەنگی بوو و دواكۆچی كرد. هەڵبەتە تا بەرەبەری مردن، بڕوای وا بوو كە بوونی مرۆڤ، دەبێت بە جۆرێك لە جۆرەكان هەڵە بێت.

با ئێستە بێینە سەر باسی ڕوانگەی ئەو دەربارەی ئەوین و پەیوەندیی سێكسی. زۆربەی فەیلەسووفان حەزێكی وایان بۆ ئەم بابەتانە نییە. وا بیر دەكەنەوە كە ئەوین بابەتێكی پەیوەست بە هەست و سۆزە و باشتر وایە بۆ شاعیر و نووسەر و ڕۆماننووسانی لێگەڕێن. بەڵام شۆپنهاوەر سەرسامە لەم خەمساردییە. لە دیدگەی ئەوەوە، ئەوین و پەیوەندیی سێكسی ڕۆڵێكی ئێجگار گرنگیان لە ژیانی مرۆڤەكاندا هەیە. هێزێكی هێندە مەزنیان تێدایە كە لانیكەم دەتوانێت بۆ ماوەیەك ژیری و هۆشی مرۆڤ لە كار بخەن. لە دیدگەی شۆپنهاوەرەوە ئەوین و پەیوەندیی سێكسی بەشی ئەوە بەبایەخن كە توێژینەوەی فەلسەفییان لەسەر بكرێت. بەر لەوەی بچمە نێو باسەكەوە، باشتر وایە بە شێوەیەكی گشتی دەزگای فەلسەفی و پێكهاتەی فكریی شۆپنهاوەرتان بۆ ڕوون بكەمەوە. شۆپنهاوەر دەڵێت جیهان و هەر دیاردەیەكی ناوی، دوو ڕەهەندی هەیە: وێنەی واقعیەت، هێزی شاراوە. وێنەی واقعیەت ئەو شتەیە كە دەیبینین و دەیئەزمووین. بەڵام هەستی مرۆڤ، ناتوانێت دەرك بە هێزی شاراوە بكات، تەنیا لە ڕێی ئەقڵەوە دەتوانێت هەندێك جار دەرك بە بوون یان میكانیزمەكەی بكات. وای دابنێن شەپۆلەكانی ئۆقیانووس نیشانی كەسێك دەدەن كە نازانێت ئۆقیانووس چییە. وێنەی واقعیەت ئەو شتەیە كە بە ڕووكاری ئاوەكەوە دەیبینێت. خۆ دەكرێت هەر بەوەندە قایل بێت و لەبەرخۆوە بیر بكاتەوە كە: تێگەیشتم واقعیەت چییە. بەڵام تاك گەر فەیلەسووف بێت، لە خۆی دەپرسێت ئەم شەپۆلانە چۆن دروست دەبن؟ لەژێر ڕووكاری ئۆقیانووسەوە چ هێزێك هەیە كە دەبێتە هۆكاری دروستبوونی ئەم شەپۆلانە؟ لەم نموونەیەدا، جموجووڵەكانی ژێر ڕووكاری ئۆقیانووس كە دەبنە هۆی هاتنەئارای شەپۆلەكان، هێزە شاراوەكەیە، شەپۆلەكانی سەر ڕووكاری ئاویش، وێنەی واقعیەتن. نموونەیەكی دی: چۆن وێنای پارچە بەردێك دەكەین؟ بەرهەستی دەكەین، ئەزموونی ڕەقی و قورسییەكەی دەكەین، تەنانەت دەتوانین بشیگرینە پەنجەرەیەك و شووشەیەكی پێ بشكێنین. ئەمە هەمووی وێنەی واقعیەتی بەردە. لێرانەدا هێزە شاراوەكە بۆ ئێمە لە ئاست دەركپێكردندا نییە. مەگەر بەردەكە بخەینە ژێر میكرۆسكۆبەوە، لە وزەی شاراوە و ئەتۆمەكانی بكۆڵینەوە و تێبگەین چی بووەتە هۆكاری هاتنەبوونی كە ئاوها ڕەق و قورس بێت. ئەمەیە هێزی شاراوە. نموونەی كۆتایی، ئاگایی و نائاگاییە لە مرۆڤدا. ئاگایی وێنەی واقعیەتی زەینی مرۆڤە، نائاگا هێزی شاراوەی زەینی مرۆڤە. هەڵسوكەوتی ئاگایانەی ئێمە لە نائاگایی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت. بەم پێیە، نائاگایی شاراوەیە و دەست پێی ڕاناگات. ئێستە سەرنج بدەن، لە بابەتەكەی ئێمەدا، ئەوین و ئاوێزانبوونی سێكسی، وێنەی واقعیەتە، هێزە شاراوەكەش دیاردەیەكە شۆپنهاوەر پێی دەڵێت «ویستی پەیوەست بە ژیان». ئێوە گەر لە خەڵكی بپرسن ئامانجتان لە ژیان چییە، زۆربەیان وەڵام دەدەنەوە كە حەز دەكەن خۆشەویستییەك لە ژیانیاندا هەبێت بۆ ئەوەی هەست بە خۆشبەختی بكەن. دواییش كە لە چارەنووسی هاوسەرگرییە عاشقانەكان دەكۆڵینەوە، دەبینین لە سەدا چلیا بە تەڵاق كۆتایی دێت، لە سەدا پەنجایان بە ناچاری لە پەیوەندییەكەدا دەمێننەوە، بڕێكیشیان سەیر دەكەن هیچ ئاسەوارێكی ئەو خۆشەویستی و شەیداییەی جاران لە ژیانیاندا نەماوە و بە دەگمەن ژن و میردێك دەدۆزیتەوە كە تا كۆتایی تەمەن شەیدایانە بژین. بەس خۆ دیداری ئەم هەموو ژن و مێردانە سەرەتا شەیدایانە بووە. ئەی كێشەكە لە كوێدایە؟ ئەم دژیەكییە لە كوێوە دێت؟ لەوێوە دێت كە ئامانجی سرووشت لە ئەوین و ئاوێزانبوونی سێكسی، هەرگیز بەختەوەریی مرۆڤ نەبووە. شۆپنهاوەر دەڵێت لە سرووشتدا هێزێكی شاراوە هەیە بە ناوی «ویستی پەیوەست بە ژیان»ـەوە. ئەم هێزە وا دەكات ئێمە هەندێك جار چاومان بە كەسێك بكەوێت، هەست بە خۆشەویستی و هێزێكی بەتینی سێكسی بكەین بەرانبەری. ویستی پەیوەست بە ژیان، مێشكی مرۆڤ فریو دەدات، بە جۆرێك كە لای وایە ئەوە لەپێناو بەختەوەریی خۆیدایە كە شەیدا دەبێت و دەچێتە پەیوەندییەكی سێكسییەوە. كەچی تێناگات كە ئەو كۆیلە و گوێلەمستی هێزێكی شاراوەیە، بە ناوی ویستی پەیوەست بە ژیان. ویستی پەیوەست بە ژیان، بوونەوەرەكان ناچار دەكات شەیدا ببن و سێكس بكەن، چەشنە جیاوازەكانی بوونەوەران و لە نێویشیاندا مرۆڤ، زۆر ببن و ڕەوتی ژیان بەردەوام بێت. ئامانجی ویستی پەیوەست بە ژیان، خستنەوەی وەچە و درێژەدانە بە ژیان، نەك بەختەوەربوونی بوونەوەران. ڕەنگە پێت وا بێت لەو كاتەی كە ژمارەی كەسێك لێدەدەیت تا پەیوەندیی پێوە بكەیت و ژوانێكی لەگەڵ دابنێیت، بە هیچ شێوەیەك بیر لە وەچەخستنەوە ناكەیتەوە. كتومت وایە، چونكە چالاكییەكانی ویستی پەیوەست بە ژیان، لە نائاگایی مرۆڤدان، لەو كاتەدا ئاگایانە پێی نازانین. دوای ژوانێكی عاشقانە، پاش مانگێك یان دوای چەند ساڵ، كاتێك دەنگی گریانی كۆرپەكەت دەبیستیت و ژنەكەت بە بێزارییەوە پێت دەڵێت ئەم جارەیان سەرەی تۆیە منداڵەكە ژیر بكەیتەوە، جا دەكەویتە ئەو فكر و خەیاڵەوەی كە بە ئاراستەی ویستی پەیوەست بە ژیان و لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكەی ئەودا جووڵاویتەوە و بەختەوەرییەكەشت تەنیا وەهمێكی كورتخایەن بووە.

ڕاتان دەسپێرم سەیری فیلمی گومانلێكراوە هەمیشەییەكان (The Usual Suspects) بكەن: كۆمەڵێك دز، بێ ئەوەی خۆیان پێی بزانین، ئیش بۆ كەسێك دەكەن بە ناوی كەیزەر. گەرچی كەیزەر لە بەرچاویاندایە و لێیانەوە نزیكە، تەنانەت لەوەش دڵنیا نین كە ئەو ئاخۆ هەیە یان نا. ئەوان لایان وایە هەوڵ بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەدەن، كەچی هەموویان بووكەڵەی دەستی كەیزەرن.

با بگەڕێینەوە سەر باسەكەی خۆمان؛ شۆپنهاوەر دەڵێت مەیلی بەتینی سێكسی، بەرانبەر كەسێك دێتە ئارا، كە بە شێوەیەكی نائاگایانە لامان وایە هەلی خستنەوەی منداڵی شیاوتر و تەندروستترمان لەگەڵ ئەودا هەیە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت كە مرۆڤ حەزێكی سێكسیی وای لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەكەی خۆیدا نییە؛ بۆ ئەوەی ئەگەری كەوتنەوەی منداڵی ناتەواو و كەمئەندام كەم بێت. لە لایەكی ترەوە، ئەو حەزە بەگوڕە پڕ لە جۆشوخرۆشە، بۆ ئەو كەسەمان نییە كە ڕەنگە لە لایەوە هەست بە ئارامی و ئاسوودەییەكی زۆر بكەین، هەمیشە ئارەزووی سێكسیمان بەرانبەر كەسانێك هەیە، كە ئەگەر بابەتەكە سێكس نەبێت، هەڵكردن لەگەڵیاندا تاقەتپڕووكێنە، ئاخر حەزی سێكسی لە بنەڕەتدا بۆ خستنەوەی وەچەیە و بەپێی دیاریكردنی نائاگایی ئێمە، بۆ خستنەوەی منداڵی شیاو و ساغڵەم دێتە ئارا، نەك لەبەر ڕێز و هەستی ئاسوودەیی لەگەڵ ئەو كەسە، چونكە ئامانجی سرووشت و ویستی پەیوەست بە ژیان، هەرگیز بەختەوەریی دایباب نەبووە. هەروەها زۆربەی ئاژەڵانیش لە ڕوی غەریزییەوە، گوێلەمست و كۆیلەی ویستی پەیوەست بە ژیانن، ئەركێكی گەمژانە و قورسیان بۆ خستنەوەی وەچە و درێژەدان بە ژیان هەیە. مشكەكوێرە بهێننە بەرچاوتان، هەموو تەمەنی خۆی لە كونی تاریك و شوێنگەلی شێداردا بەڕێ دەكات، بە دەگمەن ڕۆشنایی خۆر دەبینێت، بێچووەكانیشی وەكوو كرمی لینج و قێزەون وان، سەرەڕای ئەم ژیانە پیس و ناخۆشە، هەموو وزەی خۆی بۆ خستنەوەی وەچە و درێژەدان بە ژیان دەخاتە گەڕ. كەواتە مرۆڤیش لەبەر ئەوە وەچە ناخاتەوە كە گوایە ئەم ژیانە زۆر خۆشە و دونیا شوێنێكی باشە و با وەچەی دیكەش بێنە دونیا، نا، بگرە گەر ژیانی هەموو مرۆڤایەتی بە تێكڕای سەردەمەكانەوە لە بەرچاو بگرین، دونیا بە هیچ شێوەیەك جێیەكی باش نییە. خۆشبەختانە زۆربەی مرۆڤەكان وا بیر ناكەنەوە و بەپێی ئامانجی ویستی پەیوەست بە ژیان، منداڵ دەخەنەوە، دەنا تا ئێستە ئۆجاخی مرۆڤایەتی كوێر بووبووەوە. بەم پێیە جیاوازیی مرۆڤ لەگەڵ بوونەوەرانی دی، ئەوەیە كە ئەو بوونەوەرێكی ئەقڵانی و كەم تا زۆر سەرپشكە، هەروەها بە یارمەتیی شۆپنهاوەر ئاگاداری فڕوفێڵی سرووشت و ویستی پەیوەست بە ژیانە، كەواتە توانای ئەوەی هەیە كە ئەگەر پێی وایە دونیا شوێنێكی باش نییە، هیچ كەسێكی دی نەهێنێتە ژیانەوە و گەر پێی خۆش نییە ببێتە كەرەستەی دەستی سرووشت، منداڵ نەخاتەوە، یان بۆ خۆی بژی و هەوڵی باشتركردنی دۆخی ژیانی ئەو مرۆڤانە بدات كە لەم دونیایەدا زووخاو دەچێژن.

بلیمەتیی شۆپنهاوەر لەوەدا دەردەكەوێت كاتێك فەلسەفەكەی دەخوێنینەوە، هەست دەكەین ئەو تیۆریی پەرەسەندنی داروین یان تیۆریی نائاگایی فرۆیدی خوێندووەتەوە، بەڵام ئەم بیرمەندانە دەكەونە سەردەمی پاش شۆپنهاوەرەوە.

بە ئەگەرێكی زۆر، گەلێك لە ئێوەی ئازیزان، ناكۆكن لەگەڵ ئەم فەلسەفەیەی شۆپنهاوەردا، هیچ كێشەیەكیش نییە. ئامانجەكە ناسینی فەلسەفەیەكی نوێ و دەزگایەكی فەلسەفیی ئاڵۆزە. تەنانەت گەر لەگەڵیشی ناكۆك بین، كاتی خوێندنەوەی فەلسەفەكەی، لە بیركردنەوە و تێڕاماندا نغرۆ دەبین، دواجاریش دەبێتە هۆی ئەوەی قووڵتر لە ژیان بڕوانین و باشتر لە سرووشتی مرۆڤ تێبگەین.

سەرچاوە:

آوای فلسفە

شوپنهاور (عشق و آمیزش جنسی)

هاوشێوە