رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گەیشتن بە بەختەوەرى بە شێوازى مامۆستاى ڕەشبینى

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسینى: دەیڤد بەیسەر وودس

وەرگێڕان: ئیکرام حەمە

     لە ١٣ى دیسەمبەرى ساڵى ١٨٠٧دا، جۆهانا شۆپنهاوەر لە شاری ڤایمار، قەڵەمێکى هەڵگرت و بۆ کوڕە نۆزدە ساڵەکەى، ئارسەر، نووسیی: «بۆ بەختەوەریی من، پێویستە کە بزانم تۆیش دڵخۆش و بەختەوەریت، هەرچەندە بە چاوى خۆم نەیبینم».

     دوو ساڵ پێشتر، لە هامبۆرگ، لاشەى مێردەکەى جۆهانا، هێنریک فلۆریس، لەنێو جۆگەیەکى پشت موڵکە خێزانییەکەیانەوە دۆزرایەوە. ئەو ئەگەرە بوونى هەبوو کە ئەو خلیسکابێت و کەوتبێتە خوارەوە. بەڵام بۆچوونى ئارسەر ئەوە بوو کە باوکى خۆى لە ژوورى سەروو کۆگاکەوە بۆ نێو ئاوە بەستووەکانى خوارەوەى بیناکە هەڵداوەتە خوارەوە. جۆهانایش هیچ ناکۆکییەکى لەگەڵ بۆچوونەکەیدا نەبوو. چوار مانگ پاش خۆکوژییەکەى، جۆهانا خانووەکەیانى فرۆشت و بە زوویی بەرەو ڤایمار کەوتە ڕێ؛ جێیەک کە تیایدا پیشەیەکى سەرکەوتووانە وەک نووسەر و بەڕێوەبەرى هۆڵى کۆبوونەوەکان چاوەڕێى بوو. ئارسەر لەگەڵیدا نەڕۆیشت، دەیویست ئەو فێرکارییە بازرگانییە تەواو بکات کە باوکى کەمێک پێش مردنى بۆی ڕێکخستبوو. بەڵام زۆری پێ نەچوو ئارسەریش ویستى هامبۆرگ جێ بهێڵێت. لە زنجیرە نامەگۆڕینەوەیەکى دوولایەنە لەنێوان دایک و کوڕدا بە درێژایی ساڵى ١٨٠٧، گفتوگۆى توند لەسەر شێوازى جێهێشتنى هامبۆرگ لە لایەن ئارسەرەوە دروست بوو. جۆهانا پاڵپشتیی بڕیارەکەى ئارسەرى دەکرد بۆ جێهێشتنى هامبۆرگ، بە مەبەستى ڕۆیشتن بەدواى ژیانە فکرییە دڵخوازەکەیدا _مەگەر دەبوو شتێکى دى بێت؟_ لەو پاڵپشتییانەش کەڵکوەرگرتنى بوو لە پەیوەندییەکانى خۆى بۆ ڕێخۆشکردن بۆ ئارسەر لە خوێندنى زانکۆدا، بەڵام بە مەرجێک: دەبوو ئارسەر دەست لەو هەڵبگرێت. بێ گومان نەدەبوو ئارسەر شوێنى نیشتەجێبوونەکەى بۆ نزیکى ئەو لە ڤایمار بگوازێتەوە و، لە هیچ دۆخێکدا ڕێگەى نەدەدا ئارسەر لە لاى بمێنێتەوە.

    ئەوەى دەربڕینە باسکراوەکانى ١٣ سێپتێمبەرى جۆهانا پیشانى نادات، ئەوەیە کە ئەو نەیدەتوانى بەرگەى ئارسەر بگرێت؛ ئەو لە ٦ى نۆڤەمبەردا لە نامەیەکدا نووسیبووى: «هەموو ئەو خەسڵەتە باشانەى هەتە، بەهۆى زیرەکییە بێوێنەکەتەوە ڕەش و تاریک بوون و بۆ دنیاى دەوروبەرت بێسوودن، بەهۆى حەزى زێدەڕۆیانەى تۆ بۆ زانینى هەموو شتەکان لە کەسانى دى باشتر…؛ گەر کەمێک جگە لەمە بووبا، ئەوا گەمژانە دەردەکەوتیت؛ بەڵام لە لایەکى دیکەوە، بەو دۆخەوە کە ئێستا هەتە زۆر ئازاردەریت». کرۆکى قسەکان ئەوەیە کە ئەو کەسێکى کەللەشەق و بلیمەتێکى بێزارکەر بوو.

     گەر کەسانى دیکە قسەکردنیان لەگەڵ ئەودا بە بەرگەنەگیراو دەزانى، ئارسەریش هەمان هەستى بەرانبەریان هەبوو. ئەو قۆناغگەلێکى خەمۆکی لە گۆشەگیرییەکى خۆویستانەدا بەڕێ کرد، لەوانەش دوو مانگى یەکەمى ساڵى ١٨٣٢ لە ژوورە نوێیەکانیدا لە فرانکفۆرت، شارێک کە پاش بەرلین بووە ماڵى ئەو. ئەو بەو باوەڕەوە لە بەرانبەر تەنیاییەکەیدا بەرگەگر بوو، چوونکە هەڵبژاردنى گۆشەگیری تاکە دۆخى شایستەیە بۆ فەیلەسوف. ئەو لە جێیەکدا گوتوویەتى: «گەر پادشا بووبام، یەکەم فەرمانم ئەوە بوو وازم لێ بهێنن». کەواتە هەر لە بنەڕەتەوە بابەتى بەختەوەرى هیچ پەیوەندییەکى بە شۆپنهاوەرەوە نییە، چ وەک تاکێک و چ لە پێگەى فەیلەسوفدا. تەواو بە پێچەوانەوە: بە شێوەیەکى گشتى ئەو وەک قوڵترین ڕەشبین لە مێژووى فەلسەفەى ئەورووپیدا دەناسین.

     ڕەشبینیی شۆپنهاوەر، لەسەر بنەماى دوو جۆر لە ڕەشبینى دامەزراوە: یەکەمیان، تێبینییەکە لەو ڕوانگە دەروونییەوە کە ئێمە هەر لە بنەڕەتەوە بوونەوەرگەلێکى عەقڵانی نین کە بەدواى ناسین و تێگەیشتن لە جیهانەوە بین، بەڵکوو بوونەوەرگەلێکین کە سەرڕێژین لە مەیلى هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانى شتەکانى نێو جیهان. شۆپنهاوەر بانگەشەى ئەوە دەکات کە لەپشت هەر هەوڵدانێکەوە، لەدەستدانى بەئازارى شتێک خۆى حەشار داوە و لە هەمان کاتدا، بەدەستهێنانى ئەو شتە زۆر بەدەگمەن دڵخۆشمان دەکات، چونکە گەر تەنانەت تواناى بەدیهێنان یان تێرکردن و پڕکردنەوەى حەز یان مەیلێکمان هەبێت، هێشتا حەز و مەیلگەلێکى تێرنەکراو و بەدینەهاتووى دیکە ئامادەن تا جێگەى بگرنەوە. گەر هێندە بەخت یاوەرمان بێت کە پێویستییە سەرەتاییەکانمان _وەک برسێتى و تینوویەتى_ دابین بکەین، ئەو کاتە بۆ هەڵهاتن لە مەلەل، دەپەرژێینە سەر زیادکردنى پێویستییە نوێکان، کە بابەتگەلی جوانکارین، وەک خواردنەوە کحولییەکان، جگەرە و ئەو شێوازە جلوبەرگەى کە مۆدێلى ئەو سەردەم یان ڕۆژەن. شۆپنهاوەر دەڵێت، ئێمە لە هیچ خاڵێکدا بە ڕەزامەندیی کۆتایی و هەمیشەیی ناگەین. لەم ڕووەوە، یەکێک لە بەناوبانگترین دەربڕینەکانى ئەمەیە: «ژیان لە هەڵبەزین و دابەزیندایە، وەک بەندۆڵێک لەنێوان بێزارى و ئازاردا».

     شۆپنهاوەر بەهۆى لێکۆڵینەوە فراوانەکەى لەبارەى فەلسەفەى کلاسیکیی هیندەوە، دەیزانى ئەو یەکەم کەس نییە کە ئازار بە بەشێکى جیانەبووەوەى ژیان دەزانێت. بوداییەکان وشەیەکیان بۆ ئەم ئازارە هەبوو، dukkh، کە وەک یەکەمین حەقیقەت لە چوار حەقیقەتە پیرۆزەکە دەناسرێت.[1] دوایین و چوارەمینى ئەم حەقیقەتانە magga یان هەشت ڕێگە پیرۆزەکەیە[2] کە دەبێتە هۆى وەستانى ئازار (dukkh)؛ ئەم ئاماژانەش بوونە ئیلهامبەخشی بەشێکى گەورە لە فەلسەفەى ئەخلاقىی شۆپنهاوەر.

     خاڵێکى دیکە، ڕوانینە لە گۆشەنیگایەکى دەرەکییەوە. بە بۆچوونى شۆپنهاوەر، ڕوانینێکى گشتى لە جیهانى دەوروبەر تێزە دیاریکەرە گەشبینییەکەى گۆتفرێد لایبنێتز پووچەڵ دەکاتەوە: جیهانى ئێمە باشترین جیهانى ڕێتێچووە. شۆپنهاوەر بانگەشەى ئەوە دەکات کە بە پێچەوانەوەیە، گەر جیهانى ئێمە خاوەن ڕێسا و یاسایەک بێت، ڕێسا و یاساکەى بۆ گەیاندنە بەرزترین ئاستى ڕەنج و ئازارە. نموونەکەى ئەو ئاژەڵە دڕندەکانن کە ناتوانن بەبێ هەڵدڕین و قوتدانى ئاژەڵەکانى دى بمێننەوە و، کەواتە دەبنە «گۆڕستانى زیندووى هەزاران ئاژەڵى دیکە». سروشت، بەوجۆرەى ئەلفرێد لۆرد تێنیسۆن[3] دواتر باسی کردووە، لە گشتییەتیی خۆیدا «چنگ و ددانێکى خوێناوی» هەیە کە گیاندارێک ناچار بە ململانێ و شەڕ لەگەڵ گیاندارێکى دیکەدا دەکات، چ دڕندەى قوتدەر و چ هەڵدڕاوى قوتدراو، هەردووکیان بۆ مانەوەیان خەریکى شەڕێکى مەرگبارن.

     شارستانییەتیش یارمەتییەکى ئەوتۆى ئەم بارودۆخە نادات، بەڵکوو ئەو بارودۆخانە زیاتر دەکات کە مرۆڤ تیایاندا ئازار دەچێژن. شۆپنهاوەر لە کتێبی «جیهان وەک ویست و وێنا»[4]دا (١٨١٨) دەنووسێت:

     «گەر ئەم سەرسەختترین گەشبینە بەنێو نەخۆشخانەکان، بەشی برینداران و ژوورەکانى نەشتەرگەرى، بەنێو زیندانەکان، ژوورەکانى ئەشکەنجەدان و بازاڕەکانى کۆیلە، بەنێو مەیدانى جەنگەکان و شوێنەکانى جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەداندا بگەڕێنین و، دواتر هەموو گۆشە تاریکەکانى بەدبەختى بە ڕوویدا بکەینەوە کە لە بەردەم ڕوانینە کونجکۆڵانە و ئاسودەکەیدا بە شاراوەیی ماونەتەوە، ئەو کاتە ئەویش بە دڵنیاییەوە لە سروشتى ئەم باشترین جیهانە ڕێتێچووە تێدەگات!»

     گەر ناچار بووبان تەنیا بە سەرنجدان لە ئەنجامە بەدەستهاتووەکان پێشبینى ئامانجى جیهان بکەن، تەنیا دەتانتوانى بەو ئەنجامە بگەن کە ئەم جیهانە شوێنى ئەشکەنجە و ئازارە.

     ئەم تێبینییانە، یەکەمیان لەبارەى ماهییەتى مرۆڤ و دووەمیان لەبارەى خودى سروشتەوە، پاڵپشتیکەرى بانگەشە ڕەشبینانەکانى شۆپنهاوەرە کە ژیان بەهاى ژیانکردنى نییە و نەدەبوو بوونى بووبا. ئێمە هەرگیز پێشتر ئەو ئیختیارەمان نەبووە کە بوون یان نەبوونمان هەڵبژێرین، بەڵام گەر وەها ئیختیارێکمان هەبووبا، ناماقوول بوو کە بوون لە جیهانێکدا هەڵبژێرین تیایدا ناتوانین هیچ لە ژیان بەهرەمەند بین، بەڵکوو جگە لە حەسرەت و دۆڕان چاوەڕوانی هیچى دیکەى لێ ناکرێت، یان بەو جۆرەى کە شۆپنهاوەر لە دەربڕینێکى گرنگی دیکەیدا گوتوویەتى «جیهان کار و کەسابەتێکە کە ماندووبوونەکەى ناهێنێت».

     ئایا سەرەڕاى هەموو ئەمانە، جێیەک هەیە بۆ بەختەوەرى؟ بەدڵنیاییەوە دەبێت هەبێت. ناکرێت ئەوە پشتگوێ بخەین کە بەختەوەرى بوونى هەیە؛ زۆرێک لە مرۆڤەکان لە خۆیاندا بەختەوەرى ئەزموون دەکەن و ئەو بەختەوەرییەش لە کەسانى دیکەدا دەبینن. بەڵام کاتێک شۆپنهاوەر قبووڵى ئەوە دەکات کە بەختەوەرى بوونى هەیە، ئەو مەترسییە لە بەردەمیدایە کە ڕەشبینییەکەى لێکهەڵوەشێت. تەنانەت گەر ئەو بانگەشەیە ڕاست بێت کە پێویستە هەموو بوونێکى زیندوو ڕووبەڕووى ئازار ببێتەوە، دەتوانرێت ئەو ئازارە بە دەستکەوتنى پشکێک لە بەختەوەرى قەرەبوو بکرێتەوە. دەتوانرێت ئازار بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە بەختەوەرى بزانرێت، یان تەنانەت بەشێک لە وەها بەختەوەرییەک. گەر بەو جۆرە بێت، ئەو کاتە هێشتا شۆپنهاوەر هۆکارێکى باشی نەداوەتە دەستمان تا بوونمان لێرە نەوێت. ڕەنگە لە کۆتاییدا، بەختەوەرى ببێتە هۆى ئەوەى ژیان ئەو ئازار و ئەزیەتە بهێنێت.

     شۆپنهاوەر نکووڵى لە بوونى بەختەوەرى ناکات. بەڵام ئەو لەو باوەڕەدایە کە ئێمە بە شێوەیەکى گشتى لەبارەى چییەتیی بەختەوەرییەوە هەڵەین. بە بۆچوونى ئەو، بەختەوەرى هیچ نییە جگە لە نەبوونى ڕەنج و ئازار؛ ئەو ساتە بۆشەى کە هەندێک جار لەنێوان تێرکردن یان بەدیهێنانى حەز یان مەیلێک و گەڕان بەدواى مەیلێکى دیکەدا هەستى پێ دەکەین. بە بۆچوونى شۆپنهاوەر، ئەوەى لێرەدا مایەى دڵخۆشیی ئێمەیە، ئەو حاڵەتە ئەرێنییەى بوونە خاوەن خانوو نییە، بەڵکوو حاڵەتى نەرێنیی ڕزگاربوونە لەو نیگەرانیانەى کە بەهۆى نەبوونى خانووەوە یەخەى گرتبووین (هەڵبەتە ڕزگاربوون لە خودى ئەو پڕۆسە پڕ کەڵکەڵەیەى کڕینى موڵک). شۆپنهاوەر بەخێرایی ئاماژە بەو خاڵە دەکات کە ئەم بەختەوەرییە بە ئەگەرى زۆر تەمەنێکى کورتى دەبێت و، دەبێتە هۆکارێک بۆ نیگەرانى و ئەو کەڵکەڵانەى دیکە کە دەردەکەون، نیگەرانیگەلێکى وەک دانەوەى پێشینەى خانووەکە یان گۆڕین و نۆژەندکردنەوەى گەرماوەکەى.

        ئەو لە ڕێگەى چەند تێبینییەکى دەروونناسییانەوە بۆچوونەکەى لەبارەى سروشتى نەرێنى خۆشبەختییەوە بەهێز دەکات. هەموو ئەم تێبینیانە پەنجە لەسەر دژواریی دەستڕاگەیشتن بە بەختەوەرى و چێژوەرگرتن لێى دادەنێن. بۆ نموونە، ئێمە ئاگامان لە هەموو ئەو شتانە نییە کە بە خێر و خۆشی تێدەپەڕن، بەڵکوو سەرنج دەخەینە سەر شتە ناهەموارەکان؛ یان بەو جۆرەى شۆپنهاوەر بە ڕوانینە تیژبینەکەى لە نموونەیەکدا باسی دەکات: «ئێمە هەست بە سەلامەتى و تەندروستیی تەواوى جەستەمان ناکەین، بەڵام ئامان لەو فشارەى کە تەنگیی پێڵاوەکانمان دەیخاتە سەر پێیەکانمان!» گەر ئەو شتانە نەهێڵین کە ئازارمان دەدەن، بە خێرایی سەرنجى خۆمان دەخەینە سەر چارەسەرى کێشەى دواتر: «ئەمە وەک پارووە خۆراکێکە کە خواردوومانە و چێژمان لێ وەرگرتووە؛ بەڵام هەستەکەمان، لەو کاتەوەى کە قوتمان داوە، تەواو بووە و نەماوە». سەرەڕاى ئەوەش، هەرچەندە کێشەیەک بچووک بێت، ئێمە هێندە گەورەى دەکەین کە یەکسان بێت بە کێشەکەى پێشوو: «ئەو کێشەیە دەزانێت کە چۆن فوو بکاتە خۆى تا هاوقەبارەى کێشەکەى پێشوو دەربکەوێت و بتوانێت وەک نیگەرانییەکى سەرەکى ئەو ڕۆژە هەموو مێشکمان داگیر بکات». لە ئەنجامدا، ئێمە تا ئەو کاتەى شتانێکمان هەن، بە دەگمەن قەدریان دەزانین: «گەورەترین بەخششەکان سیانن: تەندروستى، گەنجى و ئازادى؛ تا ئەو کاتەش لێیان بەهرەمەندین گرنگى بە بوونیان نادەین، مەگەر ئەو کاتەى لەدەستیان دەدەین». هەمان ئەو خاڵەى لە گۆرانییەکەى جۆنى میشێلدا ناوبانگێکى هەمیشەیی پەیدا کردووە: «نازانى چیت هەیە، تا ئەو کاتەى لەدەستى دەدەیت».

     هیچ یەک لەو خاڵانە بەو واتایە نییە کە هیچ کەسێک تا ئێستا هەستى بە بەختەوەرى نەکردووە. ئەمەش پێچەوانەى ئەزموونى کەسیی ژمارەیەکى زۆری ئەو مرۆڤانەیە کە لە بەشێک لە ژیانیاندا هەست بە بەختەوەرى دەکەن. بەڵام لەژێر کاریگەریی ئەوانەدا لەو خاڵە تێدەگەین کە بەختەوەرى، لە ڕووى هەستییەوە، لە ڕەنج و ئازار جیایە. ڕەنج و ئازار، چ بمانەوێت و چ نەمانەوێت، جاڕى بوونى خۆیان دەدەن. ئەوان شتێک بەرجەستە و تۆخ دەکەنەوە کە ڕاست نییە و دەبێ ڕاست بکرێتەوە. بە چاوپۆشی لەوەى کێشەکەى چەندە بچووک و هەندەکى بێت، ڕەنج و ئازار دەیکەنە یەکەم کارى لەپێشینەمان. ئێمە دەتوانین هەموو ئەو شتانەمان هەبێت کە هەستى بەختەوەریمان پێ دەدەن و، هێشتاش لە هەستکردن بە بەختەوەرى بێبەش بین. دۆخەکە بەم جۆرەیە، هەرچەندە ڕەنج و ئازار بەردەوام شتانێک دەخەنە بەرچاومان کە هەستێکى باشمان بەرانبەریان نییە، بەڵام دەشێ هۆکارەکەی ئەوە بێت کە ئێمە هەموو ئەو شتانەمان لە بیر بردووەتەوە کە هەستێکى باشمان پێ دەدەن؛ وەک پارووە خۆراکەکە پاش خواردنى.

     هەر لەبەر ئەم هۆکارە، شۆپنهاوەر جەخت لەسەر ڕۆڵى بنەڕەتیی بیرهێنانەوە و تێڕامان دەکات لە دروستکردنى هەستى بەختەوەریدا: «تێگەیشتنى ئێمە لەبارەى ئارامى و چێژەوە تەنیا بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆیە، کاتێک ئێمە ئەو ڕەنج و بیبەشییانە بەبیر دێنینەوە کە پێش ئارامى و چێژ دەکەون و، کاتێک ئەمانە دەردەکەون، ئەوان کۆڵوباریان دەپێچنەوە». بە دەربڕینێکى دى، بۆ پێزانینى بەهرەمەندبوون لە شتەکان، پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت کە ئەگەر ئەو شتانەمان نەبووبا بارودۆخەکە چۆن دەبوو. ئەو ڕاستییەى کە ئەم بەختەوەرییە لەسەر بنەماى تەواوبوونى ئازارى پێشوو دامەزراوە، دژ نییە لەگەڵ توندى ئەو هەستانەدا کە لە چێژەوە سەرچاوەیان گرتووە. توندی چێژ لەگەڵ توندیی ئازاری پێش خۆیدا هاوڕێژەیە. پریمۆ لیڤى لە کتێبەکەیدا بەناوى «گەر ئەمەیە مرۆڤ»[5] (١٩٧٤) نموونەیەکى جوان لەبارەى ئەگەرەکانى ئاسودەیی قوڵەوە باس دەکات، شتێکى واوەتر لە بەختەوەرى. گێڕانەوەکەى لەبارەى زیندانیکرانیەوە لە ئاوشڤیتز بەوێ دەگات، کە باس لەو وەستان یان پشودانانە دەکات کە لەنێوان ئەو کارە تاقەتپڕوکێنانەدا، کە ناچار بووە بیانکات، هەیبووە: «کاتێک دەگەشتینە جێى مەبەست، گوێنییەکانمان لەسەر زەوى خاڵى دەکرد و، منیش کە بەقورسی دەمتوانى لەسەر پێیەکانم بوەستم، بە چاوانێکى کز، دەمى کراوە و دەستانێکى لاواز، لەو دەرفەتە زوتێپەڕ و نەرێنیییەى تەواوبوونى ئازاردا، نغرۆ دەبووم.»

     لەڕاستیدا، بەبیرهێنانەوەى ئازارە ڕاستەقینەکانمان لە ڕابردوودا، تاکە هەڵبژاردە نییە بۆ ئەوەى لە ئێستادا هەستێکى باشمان هەبێت. ئێمە دەتوانین لەبری ئەوە، بیر لە هەموو ئەو ڕەنج و ئازارانە بکەینەوە کە ئەگەرى هەبوو تووشمان ببێت. واتە ئەو جۆرە بیرکردنەوە یان ڕامانانەى کە دەتوانێت هێندەى دروستبوونى هەستى سوکنایی و ڕزگاربوون کاریگەر بێت، لەبارەى شتانێکى خراپى بێشومارەوە کە دەکرا بەسەرماندا بێت، بەڵام بەختەوەرانە هیچ کات ڕوویان نەدا. تەنانەت ڕەنگە لە شتانێکى خراپ ڕابمێنین کە بەسەر کەسانى دیکەدا هاتووە یاخود ئێستاش پێوەى گیرۆدەن. لەم ڕووەوە، یادەوەرییە بەئازارەکانى لیڤى یارمەتییەکى دیکەمان دەدەن: مەحاڵە خوێنەران کتێبی «گەر ئەمەیە مرۆڤ» بخوێننەوە، بەڵام بەو هۆیەوە بە قوڵى هەست بە بەختەوەرى نەکەن کە هیچ کاتێک ڕووبەڕووى ئازار و ئەشکەنجە و سوکایەتى زیاتر لەوە نەبوونەتەوە کە لیڤى باسی کردووە.

     شۆپنهاوەر لەبارەى چێژى لە ئەماندامانەوە لە بەدبەختى کەسانى دى، لە لۆکریتۆسەوە بەم جۆرە دەگێڕێتەوە:

     وەستان لە کەنارى دەریادا مایەى چێژ و خۆشییە ، ئەو کاتەى لەژێر قامچى ڕەشەبا تۆفانییەکاندایە؛ وەستان لە کەناردا و تەماشاکردنى ناخوداى کەشتییەکە لەکاتێکدا لەنێو ترس و پەرێشانى و هەڵبەزودابەزدایە؛ نەک ئەوەى بە بینینى ئازارى کەسێکى دیکە دڵخۆش بین، بەڵکوو بەوهۆیەوە کە دەزانین لەو دەردیسەرى و کارەساتە لە ئەمانداین.

     شۆپنهاوەر بە شێوەیەکى دانایانە لەم جۆرە چێژوەرگرتنە ئاگادارمان دەکاتەوە، چوونکە وەها چێژێک لە «چەپەڵییەکى ڕاستەقینە و دڵنیا»وە زۆر نزیکە. دەشێ لە زەینى خۆیدا ئەگەری «چێژوەرگرتن لە بەدبەختیی کەسانى دى»[6] دابنێت، کە جۆرە مەیلێکە بۆ چێژوەرگرتن لە ئازارى کەسانى دیکە. لۆکریتۆس بە سنوورێکى باریک لە نێوان «چێژوەرگرتن لە بەدبەختیی کەسانى دى» و سادیزمدا قایل بوو: ئەمە لەو ڕووەوە نییە کە چێژ لە بەدبەختى کەسێکى دیکە وەربگرین، بەڵکوو لەو ڕووەوەیە کە بەدبەختى کەسانى دى، بیرمان دەهێنێتەوە کە ئێمە چەندە بەبەخت بووین و، ئەمەیە کە ئەو هەستى دڵخۆشییەمان پێ دەدات.

     لەگەڵ ئەوەشدا، شۆپنهاوەر هەندێک جار «چێژوەرگرتن لە بەدبەختیی کەسانى دیکە» بە توندترین دەربڕین و دەستەواژە مەحکوم دەکات: خراپترین خەسڵەت لە سروشتى مرۆڤدا «چێژوەرگرتنە لە بەدبەختیی کەسانى دى». بە دەربڕینى ئەو، جیاوازیی نێوان «چێژوەرگرتن لە بەدبەختیی کەسانى دى» و بێبەزەییبوون، تەنیا جیاوازییە لەنێوان مەیل و کرداردا: «بە دەربڕینێکى سادە «چێژوەرگرتن لە بەدبەختیی کەسانى دى» بێبەزەییبوونێکى تیۆرییە. بێبەزەییبوونیش «چێژوەرگرتنە لە بەدبەختیی کەسانى دى» بە شێوەیەکى کرداری. لە کاتێکدا خەسڵەتگەلێکى وەک ئیرەیی -ویستنى سەرکەوتنى کەسانى دى بۆ خۆ- کەموکورتین، بەڵام تەواو مرۆیین و لەم ڕووەوە دەشێ پاساویان بۆ بهێنینەوە، بەڵام «چێژوەرگرتن لە بەدبەختیی کەسانى دى» بێگومان خەسڵەتێکى شەیتانى یان ئەهریمەنییە».

 بەپێى تێگەیشتنى شۆپنهاوەر لە شتەکان، بۆ بەختەوەربوون پێویستە هەوڵى سڕینەوەى ڕەنج و ئازار بدەین لە ژیانماندا و، بۆ هەستکردن بە بەختەوەریش، کاتێک بۆ بیرکردنەوە لە لەدەستدانیان تەرخان بکەین. شۆپنهاوەر، لە گەڕان بەدواى سیستمێکى ئەخلاقیی دامەزراو لەسەر تێڕوانینى هاوشێوە، گرنگیی بە فەیلەسوفانى ئەخلاقى سەردەمەکەى خۆى نەدا، بەڵکوو ڕووى لە قوتابخانە فکرییەکانى یۆنانى کۆن کرد. بە بۆچوونى ئەو، تێڕوانینەکانى ئەو لەبارەى بەختەوەرییەوە، لەنێو هەموو قوتابخانەکاندا زۆرترین لێکچوونى لەگەڵ تێڕوانین و گۆشەنیگاى ڕەواقییەکاندا هەیە: بە بۆچوونى ئەو، فەیلەسوفانێکى وەک ستیبایوس، ئیپیکتیتوس و سینیکا، وەک ئەو ژیانى بەختەوەرانەیان بە بوونێکى خاڵى لە ئازار پێناسە دەکرد.

     بە شێوەیەکى گشتى، یۆنانى کۆن ناوچەیەکى باشە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەى ئەو فەلسەفانەوە کە سەرنجیان لەسەر بەختەوەرى بووە، چوونکە بە بۆچوونى شۆپنهاوەر، یۆنانییەکان لە یەک شتدا هاوڕا بوون: ئەرکى ئەقڵى کرداری دۆزینەوەى باشترین جۆری ژیان و چۆنیەتى دەستڕاگەیشتنە پێى. سەرەڕاى ئەوەش، بە گوتەى شۆپنهاوەر، جگە لە ئەفلاتون، هەموو فەیلەسوفە یۆنانییەکان ئەم ڕۆڵەى ئەقڵى کردارییان لەگەڵ پێدانى ڕێنمایی بۆ ژیانێکى بەختەوەرانە بە یەک شت دەزانى. ئەوان تەنیا گرنگییان بەوە دەدا کە فەزیلەت چۆن دەتوانێت ژیانى دنیامان باشتر بکات و، کەمتر بیریان لەوە دەکردەوە کە چۆن ئەم بابەتە دەتوانێت لەگەڵ هەر جۆرە ژیانێکى پاش مەرگ یاخود لەگەڵ قەڵەمڕەوى ئەودنیادا پەیوەندى و نزیکایەتى بۆ دروست ببێت.

    بە بۆچوونى شۆپنهاوەر، بیرکردنەوە لەبارەى بەختەوەرییەوە وەک نەبوونى ئازار، دیدگا و گۆشەنیگایەکە کە ڕەواقییەکان لە قوتابخانەکانى دیکە جیا دەکاتەوە، هەمان ئەو تێڕوانینەى کە ئەویش پێى ڕازى بوو. ئەو دوو کارکردى عەقڵى کرداریی ناساند، کە ڕەواقییەکان لە لێکۆڵینەوەیاندا لەبارەى بوونى بەختەوەرانەوە بەکاریان دەهێنا. لە لایەکەوە، کارکردێکى ناڕاستەوخۆ بوونى هەیە کە نیگەرانى بەرنامەڕێژى و ڕوانینە بۆ دوور و، ڕێگە بە کەسی ڕەواقى دەدات تا لە ڕەوتى ژیانیدا ڕێڕەوێک هەڵبژێرێت و بیگرێتە بەر کە کەمترین ئازارى تێدایە. لە لایەکى دیکەوە، کارکردێکى ڕاستەوخۆیش بوونى هەیە کە کەسی ڕەواقى لەبری سڕینەوە یان دوورکەوتنەوە لەو بەربەستانەى دێنە سەر ڕێى لە ژیانیدا، بە گۆڕینى شێوەى ڕوانینى لەو بەربەستانە، هەستەکانى بەرانبەریان دەگۆڕێت. هەندێک جار گۆڕانەکە لە کرداردایە و، لە کاتێکدا گۆڕانەکەى دیکە لە ڕوانین و بیرکردنەوەدایە. بە بۆچوونى شۆپنهاوەر، بەشی جیاکەرەوەى ڕەواقییەکان لە ئەخلاقدا، لە ماهییەتى ئەم گۆڕانە لە بیرکردنەوەدا خۆى حەشارداوە. یەکەم ئەوەى کە کەسی ڕەواقى لەو باوەڕەدایە کە ئەو هەستە بەئازارانەى لە بێبەشبوونەوە سەرچاوەیان گرتووە «بەرئەنجامى ناچارەکییانەى نەبوون نییە، بەڵکوو زیاتر لە ویستن [بۆ هەبوون]ەوە سەرچاوەى گرتووە و لە هەمان کاتدا نەبوونە». کەواتە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئێمە بۆ دورکەوتنەوە لە هەموو ئەو هەستە بەئازارانە، پێویستە بەشی ویستن بسڕینەوە. سەرەڕاى ئەوەش، هەرچەندە ئەمەل و ئارەزووەکانمان لەبارەى شتێکەوە، کە دەمانەوێت هەمانبێت، گەورەتر بێت و هەرچەندە هیوامان بە بەدەستهێنانى زیاتر بێت، ئەو ئازارەى لە ئەنجامى دەستڕانەگەیشتنمانەوە پێى دەبێتە نسیبمان، توندترە. گەر نەتوانین لە [سڕینەوە]ى ویستنی شتێکدا سەرکەوتوو بین، پێویستە لایەنى کەم ئەو ویستانە لەنێو سنوورگەلێکى واقیعبینانە و شیاوى دەستپێڕاگەیشتندا سنووردار بکەین. ڕەنگە شۆپنهاوەر بە گەڕانەوە بۆ ڕەشبینییەکەى، ئەو خاڵە زیاد بکات کە ئەگەر ئاستێکى بەرز لە بەختەوەریمان لەبەرچاو بێت کە لە داهاتوودا لە چاوەڕوانیماندایە، پێویستە لە خۆمان بەگومان بین؛ بەنزیکەیی ئەوە شتێکى بڕاوەیە کە [لەم حاڵەتەدا] واقیعبینیی خۆمان لە دەست داوە. بە گوتەى ئەو «هەر چێژێکى خۆشحاڵکەر، وەهمێک زیاتر نییە».

     بەم شێوەیە، ئامانجى کەسێکى ڕەواقی ئاتاراکسیایە[7] (سوکنایی)، حاڵەتێک لە ئارامیی دەروونى و ویقار، سەربارى هەر شێواوى و بەرزونزمییەک لە دنیاى دەرەوەماندا. شۆپنهاوەر لەو باوەڕەدایە کە تێبینى و بۆچوونەکانى لەبارەى حەتمیبوونى ئازارەوە دەتوانێت لە بەدەستهێنانى ئەم ئامانجەدا یارمەتیمان بدات، هەڵبەتە گەر باوەڕێکى تەواو و جێگیرمان پێى هەبێت. گەر گومانمان وا بێت کە ڕەنج و ئازار ڕێکەوتن و دەتوانین لێیان دوور بکەوینەوە، کاریگەریی لەسەرمان زیاتر دەبێت. ڕەنگە ئەم بابەتە لەبارەى هەر ئازارێکى هەندەکییەوە ڕاست بێت کە دەتوانین لێى دوور بکەوینەوە، بەڵام ئازار لە گشتییەتى خۆیدا خۆلێنەبوێردراو و جیهانگیرە. بە بۆچوونى شۆپنهاوەر، گەر هەوڵ بدەین ئەو خاڵەمان لەبەرچاو بێت، ڕەنگە لە ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ ئازاردا نیگەرانییەکى کەمترمان هەبێت، یان لایەنى کەم نیگەرانیمان لەبارەیەوە وەک بابەتە ناچارەکییەکان بێت، وەک پیری (بۆ زۆربەمان) و مردن.

     کۆتا کار کە دەبێت بیکەین، بوونى باوەڕێکە بە پێچەوانەى ئەمەوە: ئەویش ئەوەیە، بۆمان دانراوە لە ژیاندا بەختەوەر بین، نەک ئەوەى لەگەڵ ئازاردا دەستەویەخە بین. گەر لەو باوەڕەدا بین دنیا بەختەوەرى بە ئێمە قەرزدارە، بە زەحمەت بێهیوا دەبین، گرنگتر لە هەمووى، بەهۆى ئەوەوەیە کە کاتێک دەستمان بەو شتە ڕادەگات کە گومانمان وا بوو بەختەوەرمان دەکات، مەیلگەلێکى بەدینەهاتووى نوێ دەبینینەوە کە جێى مەیلە کۆنەکان دەگرنەوە. ئێمە بە هەستێکى بێزارییەوە بەرانبەر بەربەستگەلێک پابەند دەبین کە جیایی دەخاتە نێوان ئێمە و ئەو بەختەوەرییەوە کە هەست دەکەین شایستەینى. بە دەربڕینى شۆپنهاوەر، هەندێک لە مرۆڤەکان بە لەبەرچاوگرتنى ئامانجێک بۆ ژیانێکى بەختەوەرانە، کە لە دەرەوەى دەستپێڕاگەیشتنیانە، ئەم بێزارییە زیاتر دەکەن و دەیکەنە دەرەکى. لە ئەنجامدا، کاتێک ئامانجە لەبەرچاوگیراوەکەیان بەدى نایەت، ئەوان بەردەوام شتێک جگە لە خۆیان دەدۆزنەوە تا ئاماژەى پێ بکەن و بیکەنە هۆکارى بەدبەختییەکەیان و سەرزەنشتى بکەن. شۆپنهاوەر دەڵێت: «لەم ڕووەوە، دانانى هۆکاری دەرەکى بۆ خەم، هەمان ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت کە مەڵهەمى تلۆق دەیگێڕێت، ئەویش ئەوەیە کە هەموو کیم و جەراعەتەکان لە یەک جێدا کۆ دەکاتەوە و گەر وا نەبێت بڵاو دەبێتەوە».

     لەگەڵ ئەوەدا کە شۆپنهاوەر هەستى بە نزیکایەتى دەکرد لەگەڵ شێوە بیرکردنەوەى ڕەواقییەکاندا، وا دەرناکەوێت لە هەموو بابەتەکاندا هاوڕا بێت لەگەڵ قوتابخانەى ڕەواقیدا. لە ڕاستیدا، ئەو پێشەکیی بنەڕەتیی هاوبەشی نێوان هەموو قوتابخانەکانى یۆنانى کۆن ڕەت دەکاتەوە. بە بۆچوونى شۆپنهاوەر، ژیانى بەختەوەرانە تەنانەت ڕێتێچوویش نییە، چوونکە لەبیرتانە کە بە گوتەى ئەو ژیان هەمووى ئازارە. سیستمە ئەخلاقییەکان داڕێژراون تا وەک ڕێنمایەک بۆ ژیانێکى بەختەوەرانە کار بکەن و، وەها ژیانێکیش تا ئەو جێیەى لە پەیوەندیدا بێت بە شۆپنهاوەرەوە، هیچ نییە جگە لە فریودان و گەمژایەتى. بە بۆچوونى شۆپنهاوەر، ئامانج و مەبەستى لۆژیکیی قوتابخانەى ڕەواقى زۆر کێشەدارە، چوونکە ئەم قوتابخانەیە وەک ئەرکێک بۆ لەنێوبردنى ئازار باوەڕى بە ئامانجى بەختەوەرى هەیە. گەر شۆپنهاوەر لەسەر حەق بێت لەوەدا کە ژیان هەمووى ئازارە، ئەو کاتە تەنیا ڕێگەى ڕاستەقینە بۆ لەنێوبردنى ئازار، سڕینەوەى خودى ژیان دەبێت. کەواتە، ئامانجى کۆتایی ڕەواقیگەرایی دەبێ خۆکوژى بێت.

     بەڵام شۆپنهاوەر وێنایەکى جیاوازمان لەبارەى ژیانى بەختەوەرانەوە پێ دەدات؛ وێنایەک کە ڕەزامەندى و دڵخۆشییەکى تەواوەتیی تێدا نییە. سەرەڕاى ئەوەى ناتوانین بە یەکجاریی ئازار لە ژیاندا بسڕینەوە، بەڵام دەتوانین لە ڕێگەى دڵنیابوون لەوەى کە هیچ ئازارێک هێندە درێژە ناکێشێت، کەمى بکەینەوە. بە سەرنجدان لە نموونەى بەندۆڵەکە کە پێشتر باس کرا، ژیانى بەختەوەرانە سەرکەوتنێکى ڕێژەییە لە هێنانەدیی حەزەکانماندا کە تیایدا زیاد لە ئەندازە تووشی ئازار نەهاتبین، بەڵام لەخۆگرى شکستخواردنى ڕێژەییشمانە لە دڵنیابوون لەوەى کە لەڕادەبەدەر تووشی یەکڕیتمى و مەلەلیش نەبین.

     ئەمە «یاری»یەکە کە «بەردەوام لە حەزێکەوە بۆ تێرکردنى و، دواتر بۆ حەز و مەیلێکى نوێ تێدەپەڕێت؛ یارییەک کە ڕەوتە خێراکەى ناو دەنێین بەختەوەرى و ڕەوتە خاوەکەى ناو دەنێین ئازار». باشترین شتێک کە دەتوانین لە بابەتى بەختەوەریدا چاوەڕێى بین، هاوسەنگییەکى خوازراوى نێوان ئارەزوو و کردارە و، لە کۆتاییدا ژیانێکى نیوەڕەزامەندانەیە.

     گەر ژیانێکى خوازراو، کە بە ژیانى بەختەوەرانە دەزانرێت، ئامانجێکى عەبەسی بێت بۆ سیستمى ئەخلاق، ئەو کاتە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە پێویستە ئامانجى ڕاستەقینەى ئەخلاق چى بێت. پاشخانى ڕەشبینیی شۆپنهاوەر هیچ کاتێک لە دەرەوەى ئەم بابەتە نەبووە. ئەوە بۆ شۆپنهاوەر ڕوون نییە کە ژیانى نیوەڕەزامەندانە باشترە یان نەبوون. لە وەها ژیانێکدا، هێشتا ئازار خاوەن سەرترییە، تەنانەت گەر هیچ جۆرە ئازارێک بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ بەردەوام نەبێت.

     کەواتە شۆپنهاوەر لە هەوڵدان بۆ گۆڕینى جیهان بە ئارامگەیەکى جێی ڕەزامەندى، سیستمێکى ئەخلاقى هەڵدەژێرێت کە بتوانێت ئێمە لەنێو گشتییەتى جیهاندا بە پارێزراوى بهێڵێتەوە. ئەو پەنجە دەخاتە سەر زوهدگەرایی: وازهێنانێکى توند لە خود کە سەرەڕاى ڕەواقیەتگەرایی، لە قەدیس و عارفانێکى زۆر لە ئایینەکانى جیهاندا بەرجەستە بووە:

     سەرەڕاى ئەو جیاوازییە زۆرانەى لە ڕواڵەتدا دەردەکەوێت، لە تەنیشت فەیلەسوفى ڕەواقیدا، ئەوانەن کە حیکمەتى هیندى لەبەرچاوماندا بەرجەستەى دەکەن و بەڕاستى پەروەردەى کردووە، ئەو تۆبەکارە سەرکەوتووانەى کە بەسەر جیهاندا سەرکەوتوون؛ یان تەنانەت ئەو ڕزگارکەرە مەسیحییە… کە بە فەزیلەتى تەواو، پیرۆزی و باڵاییەوە، کە لە هەمان کاتدا لەوپەڕى ئازاردا لەبەردەمماندا دەوەستێت.

     سەرنج بدەن لەوەى کە پارێزکارانى سەر بە دنیاکەى دیکەى شۆپنهاوەر، کەسانێکى بەختەوەر نین. ئەوان بە تەواوى دەستیان لە یاریی ژیانێکى نیوەڕەزامەندانە شۆردووە. ئەوان لە بەرانبەردا گشتگیری و چارەنەکراویی ئازار قبوڵ دەکەن و، هەوڵى بە سمبولکردنى دەدەن بۆ ئەوەى باڵایی پێ ببەخشن. شۆپنهاوەر زۆرجار کاتێک لەبارەى ئەم جۆرە کەسانەوە قسە دەکات، وشە یان دەستەواژەگەلى پارێزکاری و ئارامى بەکار دەهێنێت نەوەک بەختەوەرى و چێژ.

     ڕەنگە بەهۆى ئەو قسەیەوە کە شۆپنهاوەر پشتگیریی زوهدگەرایی کردووە، وا وێنا بکرێت کە خودى ئەویش کارى پێ کردووە. بە هیچ شێوەیەک. زاهیدانەترین کارى ڕۆژانەى ئەو لە فرانکفۆرد، حەمامکردن بوو بە ئیسفەنج و ئاوى سارد، کە ڕۆژانە لە نێوان کاتژمێر حەوت بۆ هەشتى سەرلەبەیانیدا ئەنجامى دەدا. پاش ئەوە قاوەیەکى دروست دەکرد و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک سەرقاڵى نووسین دەبوو، تا ئەو کاتەى سەردانیکەرە دەستەچنەکانى بگەن و، ئەم کارە تا نیوەڕۆ درێژەى دەکێشا، تا ئەو کاتەى خزمەتکارەکەى دەهات و سەردانیکەرەکانى بۆ دەرەوە ڕێنموونى دەکرد. شۆپنهاوەر ڕۆژانە بۆ ماوەى نیو کاتژمێر فلوتى دەژەند  _چالاکییەک کە بە گوتەى نیچە نیەتپاکیی ئەوى لە ڕەشبینیدا دەخستە ژێر پرسیارەوە_ دواتر بۆ خواردنى ژەمێکى نیوەڕوانەى باش دەچووە ناوچە دڵخوازەکەى بۆ ئوتێلى دیانگلتره. دواى ئەوە ڕەنگە قاوەیەکى دیکەى بۆ خۆى دروست بکردایە، سەرخەوێکى یەک کاتژمێریی دەشکاند و دواتر کەمێک ئەدەبیاتى سادەى دەخوێندەوە. پێش ئەوەى سەگەکەى _پۆدڵێکى سپى کە بە ئاتما بانگى دەکرد_ ببات بۆ پیاسە، جگەرەیەکیشی پێ دەکرد؛ هەموو ئەمانە پێش ئامادەبوونى بوو بۆ خەوتنە ئاساییە نۆ کاتژمێرییەکەى. خۆ ژیانى بودا بەم جۆرە نەبووە.

     کەواتە پشتگیریکردن لە زوهدگەرایی لە لایەن شۆپنهاوەرەوە زیاتر ستایش بووە. شۆپنهاوەر لە بەرگرینامەکەیدا و، دیسانەوە پێچەوانەى یۆنانییە کۆنەکان، لەو باوەڕەدابوو کە خوێندنەوەى تیۆرییانەى ئەخلاق ڕۆلێکى زۆر کەمى لە ژیانێکى ئەخلاقیدا هەیە و بەپێچەوانەوە؛ ئەو لە جێیەکدا نووسیویەتى «ڕێک بەو جۆرەى کە فەیلەسوفبوون بۆ پیاوێکى ئایینى پێویست نییە، بۆ فەیلەسوفێکیش بووەنە پیاوى ئایینى پێویست نییە؛ ڕێک بەو جۆرەى بۆ کەسێکى زۆر جوان پەیکەرتاشبوون پێویست نییە، بۆ پەیکەرتاشێکى گەورەش جوانبوون پێویست نییە». ئەو گوتوویەتى کە تەنیا کەسانێکى کەم دەستیان بە ژیانێکى زاهیدانە دەگات کە ڕزگاربوونى ڕاستەقینەى تێدا شاردراوەتەوە. ئەوانى دیکەمان لە باشترین حاڵەتدا، پێویستە لەگەڵ هەمان ئەم ژیانە نیوەڕەزامەندانەدا هەڵبکەین. بەڵام گەر شێوە ژیانى شۆپنهاوەر نموونەیەک بێت لە وەها ژیانێک کە باسی دەکات، هەرچۆنێک بێت ژیانێکى وەها خراپ دەرناکەوێت.  

دەیڤید بەیسەر وودس ئەم وتارەى نووسیوە و لە ڕێکەوتى ١٨ى ئۆگێستى ٢٠٢٠ لەژێر ناوى «THE SEMI-SATISFEID LIFE» لە وێبسایتى ئیۆن بڵاو بووەتەوە. وێبسایتى تەرجومان لە ڕێکەوتى ١٠ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٠ بە ناونیشانى «گەیشتن بە بەختەوەرى بە شێوازى مامۆستاى ڕەشبینى» و بە وەرگێڕانى على کوچکى بڵاوى کردووەتەوە. ** دەیڤید بەیسەر وودس (David Bather Woods) ئەندامى ئەنجومەنى زانستیی زانکۆى وارویکە و، زۆرینەى لێکۆڵینەوەکانى لەبارەى بیرکردنەوەکانى شۆپنهاوەرەوەیە.   


[1] . چوار ئامۆژەى بنەڕەتیی نەریتى بودایی، کە چوارچێوەیەکى مەفهومى بۆ کۆى ئەندێشە بوداییەکان بەدەستەوە دەدا: بنەماى ئازار، هۆکارى ئازار، وەستاندنى ئازار و ڕێگەى وەستاندنى ئازار.

[2] . بەپێى ئامۆژەکانى نەریتى بودایی، ڕێگەى ڕزگاربوون لە ئازار لە هەشت شتدا کورت دەبێتەوە: ڕوانینى دروست، نیەتى دروست، قسەى دروست، کردارى دروست، بژێویی دروست، هەوڵدانى دروست، ئەندێشەى دروست و سەرنجدانى دروست.

[3] . Alfred Lord Tennyson

[4] . The World as Will and Representation

[5] . If This is a Man

[6] . Schadenfreude

[7] . ataraxia

هاوشێوە