رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

  لە ترس لە فەلسەفەوە بۆ ڕق لە فەلسەفە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوار محەمەد

1.  ڕێبوار سیوەیلى لە كتێبى ترسان لە فەلسەفەدا بەم جۆرە ڕەخنە لەو نووسەرانە دەگرێت كە فەلسەفە وەك ئامرازى جەنگ دەبینین:

«لە گوزارەى تیرى ڕەخنەدا […] ئاماژەیەك هەیە بە جۆرێك لە ئامێرى شەڕكردن لە قۆناغى پێش فیودالیزم و كۆكردنەوەى بەروبووم، بە تایبەتى تیر و كەوان چەكى قۆناغى ڕاووشكار بوو. هەرچى ڕەخنەشە جۆرێكە لە تەئویلى دەق و بەرهەمهێنانى ئێستاتیكا لە پلەى دووەمدا، بۆ ئەمەیش ڕەخنە پێویستى بە تیر، شمشێر یان نەشتەر نییە، هێندەى ئەوەى پێویستى بە ڕامان، كەشفكردن، لێكدانەوە و پەیوەندییەكى گفتوگۆئامێزە لەگەڵ جیهانى دەقدا، وەك ئەوەى كە هەیە. بەرزكردنەوەى هەر جۆرە چەكێك لە بەرامبەر دەقدا، لەلایەن ڕەخنەكارەوە، دەبێتە هۆى ترساندن و گرژبوونەوەى دەق و خۆبەدەستەوەنەدانى و دروستنەبوونى پەیوەندیى لەنێوان ڕەخنەكار و دەقدا، لەم بارودۆخەشدا، دەق ناتوانێ وەك ئەوەى كە هەیە، هەبێ و بمێنێ و دەبێتە دەقێكى ترساو، دەبێتە شتێكى تر»[1].

    لەم بڕگەیەدا دوو خاڵ هەیە: یەكەم، فەلسەفە خۆى وەك بیركردنەوەى تیۆرى لە جیهانى دەقدا چەكى جەنگ نییە و ناتوانێ ببێت بە چەك. دووەم، ڕەخنەش لە دەقى فەلسەفى نابێتە ڕەخنە گەر بە ئامرازەكانى جەنگ ڕووبەڕووى دەق ببێتەوە؛ فەلسەفە و چەك هیچ زمانێكى هاوبەش لەنێوانیاندا نییە؛ بەرزكردنەوەى چەك بەرامبەر دەقى فەلسەفە، واتە گرژبوون و بچووكبوونەوەى فەلسەفە، چونكە فەلسەفە خۆى چەكى نییە تا بەرامبەر چەكێكى دیكە بەرزى بكاتەوە. ئەمەیش واتاى وایە فەلسەفە هیچ كاتێك لە دۆخى جەنگدا نییە، لە دۆخى گفتوگۆدایە. ئەوەى فەلسەفە بكات بە چەك، لە فەلسەفە دەترسێت؛ چونكە بەچەككردنى فەلسەفە بەتاڵكردنەوەى فەلسەفەیە لە پۆتێنشیەڵە گفتوگۆكارییەكەى و بێدەنگگردنى.

    ئێمە دەستبەجێ دەتوانین بە زیاد لە تیۆرێك و بە تێزى چەند فەیلەسوفێك ڕەخنە لەم بۆچوونە بگرین، بێ ئەوەى چەك بەرامبەرى بەرز بكەینەوە. هەر بۆ نموونە با ئەو چاوپێكەوتنەى لوویى ئاڵتوسێر بۆ نێو ئەم وتارە بانگهێشت بكەین كە لەژێر ناونیشانى فەلسەفە وەك چەكێكى شۆڕشگێڕانە، لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا لینین و فەلسەفە (1968) بڵاوبۆتەوە. ئاڵتوسێر پێیوایە ماركس كیشوەرى مێژوو لە فەلسەفەدا دەكاتەوە، مێژوویش واتە لێكبەستنى تیۆرى شۆڕشگێڕیى ماركسیستى بە بزووتنەوەى پرۆلیتارى. لێرەوە فەلسەفە دەچێتە نێو كایەیەكى تەواو پراكتیكییەوە، ڕوونتر بڵێین دەچێتە نێو “خەبات”ـەوە، ئەم خەباتەیش هی پرۆلیتاریایە دژ بە سەرمایەداران. بە بڕواى ئاڵتوسێر تیۆرى ماركسیستى زانست و فەلسەفەیە پێكەوە، زانست پتر دەستنیشانى یاساكانى مێژوو و بارودۆخى كۆمەڵایەتى دەكات، فەلسەفەیش لە سوبێكتگەرییەكى خەباتكارانەدا دەبێت بە ئامرازى جەنگ. ئاڵتوسێر بەم جۆرە پێناسەى فەلسەفە وەك چەك دەكات: 

«بۆ ئەوەى بگەیت بە پێگە چینایەتییە پرۆلیتارییەكان، غەریزەى چینایەتیى پرۆلیتاریا تەنیا پێویستى بە پەروەردەكردنە؛ بە پێچەوانەوە، غەریزەى چینایەتیى وردەبۆرژوازى، كە هەمان غەریزەى چینایەتیى ڕۆشنبیرانیشە، دەبێت بكرێت بە غەریزەى شۆڕشگێڕانە[revolutionized]. دواجار ڕێبەرایەتیى خەباتى چینایەتى پرۆلیتاریا لەسەر بنچینەى پرەنسیپە گشتییەكانى تیۆرى ماركسى-لینینى ئەم پەروەردەكردنە و ئەم شۆڕشە دەستنیشان دەكات.

 وەك “مانیفێستى كۆمۆنیست”ـیش دەڵێت، دەرككردن بەم تیۆرە دەتوانێت یارمەتى بۆ هەندێك لە ڕۆشنبیران بدات كە بەرەو پێگەكانى چینى كرێكار بپەڕنەوە.

تیۆرى ماركسى-لینینى لە زانستێك (ماتریاڵیزمى مێژوویى) و فەلسەفەیەك (ماتریاڵیزمى دیالەكتیكى) پێكدێت. كەواتە فەلسەفەى ماركسیزم یەكێكە لەو دوو چەكە تیۆرییە[theoretical weapons]ى كە بۆ بۆ خەباتى چینایەتیى پرۆلیتاریا پێویستە»[2].

    فەلسەفەى ماركسیستى دیالەكتیكییە و چەكى پرۆلیتاریایە لە كایەى تیۆردا. فەلسەفەكانى دیكە پێكڕا بۆرژوانین و بگرە فەیلەسوفى ماركسیستیش هەر وردە بۆرژوایە (هەڵبەت ئەم ڕوانگەیە هی قۆناغى یەكەمى بیركردنەوەى ئاڵتوسێرە و دواتر گەلێك چاكسازى لە بۆچوونەكانیدا دەكات؛ بۆ نموونە لە كۆتاییەكانى تەمەنیدا و لە ژێر كاریگەرى ژیل دۆلۆزدا باس لە جۆرە ماتریاڵیزێك دەكات كە ناوى لێ دەنێت “ماتریاڵیزمى سوتفە”). بەڵام ئەم ڕۆشنبیر و فەیلەسوفانەى كە هەلى ئەوەیان بۆ هەڵكەوتووە دەستبەردارى غەریزە چینایەتییەكانى خۆیان بن، ئەوا دەبن بە خەباتگێڕى نێو بزووتنەوەى كرێكارى. هەڵبەت دەبێت لە گوزارەى “چەك” تەنیا وەك میتافۆڕ تێنەگەین. “چەكى تیۆرى” بە واتاى ئامرازێك نییە لەنێو دیبەیتێكى فیكریدا؛ مەبەستى ئاڵتوسێر پتر خەباتێكى واقیعییە كە تێیدا فەلسەفە لەپاڵ ئامرازەكانى دیكەوە لە ململانێكەدا ڕۆڵ دەگێڕێت. لەبەرئەمە چەند بڕگەیەك دواتر دەڵێت:

«تاكە وشەیەك دەتوانێت كاركردى پێشەنگانە[the master function]ى پراكتیكى فەلسەفى لەخۆیدا چڕوپوخت بكاتەوە: ئەویش “كێشانى هێڵێكى جیاكەرەوە”یە لەنێوان ئایدیا دروستەكان و ئایدیا نادروستەكاندا. ئەمانە وتەى لینینن.

بەڵام هەمان وشە یەكێك لە كردارە هەرە جەوهەرییەكانى نێو ئاراستەى پراكتیكى ململانێى چینایەتى لەخۆیدا چڕ دەكاتەوە:  كێشانى هێڵى جیاكەرەوە لەنێوان چینە لێكدژەكاندا. لەنێوان دۆستان و دوژمنانى چینایەتیماندا.

 ئەوە هەمان وشەیە، هەر ئەو وشەیە كە هێڵێكى دووبەرەكیكرنەوە لەنێوان ئایدیا درستەكان و ئایدیا هەڵەكاندا دەكێشێت. هێڵێكى جیاكەرەوەى سیاسى لەنێوان خەڵك (پرۆلیتاریا و هاوپەیمانەكانى) و دوژمنانى خەڵك.

[…] فەلسەفە بۆچى شەڕ لەسەر وشەكان دەكات؟ ئەوە ئایدیاكانن كە واقیعەكانى ململانێى چینایەتى دەنوێننەوە و ئەوە وشەكانیشن كە ئایدیاكان دەنوێننەوە. لە بەڵگاندنە زانستى و فەلسەفییەكاندا، وشەكان (چەمك و كاتیگۆرییەكان) “ئامراز”ى زانینن. بەڵام لە ململانێى سیاسى و ئایدیۆلۆژى و فەلسەفییەكاندا، وشەكان بۆ خۆیان چەكن، تەقەمەنین، دەرمانى ئارامكەرەوەن یان ژەهر»[3] (هەموو كەوانە و جەخت و ئیتالیكەكان هی دەقە ئەسڵییەكەى ئاڵتوسێرن).

2. بە پێچەوانەوەى بۆچوونەكەى ئاڵتوسێرەوە، زۆرێك لە بزووتنەوە پرۆلیتارییە لینینییەكان نیگایەكى ناحەزانەیان بەرامبەر فەلسەفە هەبوو كە دەتوانین لە خەباتە ناسیۆنالیستییەكانى بزووتنەوە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەكانیشدا بیبینینەوە. كەواتە با بڵێین: لە سەدەى بیستدا دوو جۆر بزووتنەوەى بەرەنگارى لەسەر ئاستى دنیادا گەشەى بەرچاویان كرد، كە هاوكات هەم دژ بە یەك و هەم لە زۆر لایەنەوە تەواوكەرى یەكترى بوون: لەلایەك بزووتنەوە ناسیۆنالیستیەكان و لەلایەكیتر بزووتنەوەى ئینتەرناسیۆنالیستى. بزووتنەوە ناسیۆنالیستەكان زیاتر ڕیاكتیڤ بوون، چونكە بەرامبەر ئیمپریالیزم و كولتوورى سەردەست كەوتبوونە جەنگەوە، بۆیە دەگەڕانەوە بۆ بەها لۆكاڵى و ئەسڵییەكان؛ پتر ئەو شتە دەرەكییانەیان وەردەگرت كە دەكرا وەك چەك دەستبەجێ بەكاربهرێن. لە ڕوانگەى ئەوانەوە فەلسەفە بۆ ئەوە نەدەشیا بە خێرایى بكرێت بە چەكى جەنگى دژە ئیمپریالیستى، بۆیە وەك “شتێكى پێویست” نەدەبینرا. بزووتنەوە ئینتەرناسیۆنالیستەكان پێشكەوتنخواز و جیهانى بوون، بەڵام بۆ زۆرێك لەمان تەنیا زانستى ماتریاڵیزمى مێژوویى (بە بێ فەلسەفەكەى بەو جۆرەى كە ئاڵتوسێر دیاریى دەكات و ئینجا بە بێ فەلسەفەش بە گشتى) ڕێبازى ڕزگاریبەخش بوو. فەلسەفە وەك فیكرى بۆرژوازى و بەرهەمى كۆمەڵگەى نا-یەكسانى یۆنانى كە خۆى ڕێگرە لەبەردەم ڕزگاریى پرۆلیتاریدا، دەبینرا. كەواتە لەم ڕوانگەیەوە فەلسەفە بەشێك بوو لە سەرخانى ئایدیۆلۆژیى چینى باڵادەست. ئەوان پێیانوابوو پرۆلیتاریا خەڵكانى سادەن و بەهۆى بارى ژیانیانەوە نەیانتوانیووە بگەنە ئاستە بەرزەكانى فێربوون و خوێندن، بۆیە پێویستیان بە هۆشیارییەكى سادە، بەڵام جەوهەرى و حەقیقییە، كە بە هۆشیاریى شۆڕشگێڕى ناو دەبرێت. جگە لە ڕابەرانى ماتریاڵیزمى مێژوویى كە دەبێت بەرگى وردەبۆرژوایى لەخۆیان دادەكەنن و ببن بە ڕۆشنبیرانى ئاڤانگارد، هیچ ڕۆشنبیرێكى دیكە، لەوانە فەیلەسوف، ناتوانێت ئەم هۆشیارییە حەقیقییە بە چینى كرێكار بدات. فەلسەفە كایەیەكى ئەبستراكت و ناپێویستە، زیاتر بابەتى كەشخەیى و فەخرى ئۆرستۆكراتییە، یان ئامرازى سەرلێتێكدان و هەڵگەڕانەوەى حەقیقەتى ماتریاڵیزمـە بۆ ئایدیاڵیزم؛ فەلسەفە هەژارە لە شرۆڤەى بنچینەى واقیع و ئابووریى سیاسیدا، هەر بەم جۆرەیە كە ماركس لە هەژاریى فەلسەفەدا دەنووسێت:

«ئەم تیۆریسیەنانە تەنیا هیچ نین جگە كۆمەڵێك یۆتۆپیست كە -بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پێداویستى چینە چەوسێنراوەكان- ڕێبازە [فەلسەفییەكان] سەر پێ دەخەن، بەدواى زانستێكى نوێكەرەوەدا دەگەڕێن، بەڵام هەر هێندەى مێژوو بەرەو پێشەوە بڕوات و لەگەڵیدا خەباتى پرۆلیتاریا وێنەیەكى ڕوونتر وەربگرێت، ئەوا چیتر پێویستیان بەوە نییە بەدواى زانستێك لە عەقڵى خۆیاندا بگەڕێن، تەنیا ئەوەیان لەسەرە لەوە وردببنەوە كە بە بەرچاوییانەوە ڕوو دەدات و بەناوییەوە بدوێن. هەتا ئەوان بەدواى زانستدا بگەڕێن هەر ڕێبازەكان دەسازێنن، هەتا ئەوان لە سەرەتاى ململانێكاندا بن، ئەوا لە هەژاریدا هەر هەژارى دەبینن، بە بێ ئەوەى لایەنە شۆڕشگێڕییەكەى، لایەنە خاپووركەرەكەى، كە كۆمەڵگەى كۆن هەڵدەگێڕێتەوە، ببینن»[4].

ڕەخنەى ئابووریى سیاسى، كە زانستى ڕاستەقینەى كەشفكەرى دینامیكییەتى مێژووى چینایەتییە و ناوى ماتریاڵیزمى مێژووییـە، لە كۆمەڵگەى سەرمایەداریدا تواناى شرۆڤەى ڕەگەزە واقیعییە ئابوورییەكانى هەیە. بۆ لینین ئەم زانستە ماركسیستییە تەواو پراكتیكى دەبێتەوە، بە جۆرێك كە لە خەباتى واقیعیدا ببێت بە كەرەستە بەدەست چینى پرۆلیتاریاوە؛ لەبەرئەمە ئاڵتوسێر هەر لە لینین و فەلسەفەدا پێوایە گەر لینین گوێى لە دەربڕینى “پەیوەندیگیرییە فەلسەفییەكان” بێت، دەداتە قاقاى پێكەنین[5]. ئاڵتوسێر ئەوەش ناشارێتەوە كە لینین جۆرێك “كینەى سیاسى”ـى بەرامبەر ڕۆشنبیرەكان هەبووە، تەنانەت لە مەكسیم گۆرگیش.

3. ئایینیش كینەى خۆى بەرامبەر “فەلسەفە” هەیە. زاراوەى “كینە/ڕق” لە بارى واتاییەوە نزیكە لە وشەى “نفور”ى عەرەبییەوە كە پتر بە ماناى “ناحەزى، نەفرین، یان نەفرەت” دێت. نەفرەت لە سەدەكانى ناوەڕاستدا جۆرێك سیحرى ڕەش بوو كە وەك كارى جادووگەرانى شەرەنگێز دەبینرا. بەڵام هەندێ ئایین، لەوانە ئیسلام، لایانوایە خودایش نەفرەتى خۆى هەیە بۆ شوێنكەوتووانى شەیتان و لەوانەیش جادووگەران. لەمەدا نەفرەت و مەكرى خودا گەورەترە (الأنفال، 30). بەشێكى زۆر لە ڕاڤەكارانى ئیسلام، فەلسەفە وەك مەكر، وەك فاسدكەرى ئیمان و لەخشتەبەرى یەقینى باوەڕداران وێنا دەكەن؛ كەواتە دواجار وەك شتێكى ترسناك؛ گوایە فەلسەفە پەرە بە بێباوەڕى و شەیتانپەرستى دەدات. لەبەرئەمەیە بۆ نموونە كتێبەكانى ئیبن ڕوشد دەسووتێنرێن و ڕێبازە فەلسەفییەكانى دیكەیش سەركوت دەكرێن. چەند سەدەیەك بەر لە دیكارتیش، دژە فەلسەفەى گەورە، ئەبوحامد غەزالى، خاوەنى كتێبى “تهافت الفلاسفة”، باس لەوە دەكات كە تەواو لەوە نزیك بووە باوەڕى فەلسەفى لەسەر بنەماى گومان دابڕێژێت. بەڵام لە ترسى مەكرى فەلسەفە، بە زوویى پاشگەز دەبێتەوە. لە كتێبى “المنقذ من ضلال”ـدا، غەزالى گومانى فەلسەفى بە ڕیشەیى دەچەپێنێت و سەرجەم پۆلەكانى فەیلەسوفان، لە یۆنانەوە تاوەكو ئیبن سینا و فارابى تەكفیر دەكات. غەزالى هێما بۆ فێڵى شەیتانیى فەلسەفە دەكات و دەنووسێت:

«تەنیا بە موتاڵا[ى فەیلەسوفان] لەوپەڕى زانستەكەیاندا بە ماوەى كەمتر لە دوو ساڵ لەو كاتانەى كە [دواى لێكۆڵێنەوە لە زانستە شەرعییەكان] بۆم دەپچڕى، ئینجا دواى ئەوەى بە نزیكەى ساڵێك لێى تێگەیشتم، بە وردییەوە بیرم لێ دەكردەوە، دەمهێنایەوە زەینى خۆم، دووبارەم دەكردەوە و لایەن و قووڵاییەكەیم بەسەر دەكرەوە، تاوەكو ئەوەى بێ هیچ گومانێك زانیم چ فێڵ و ئاڵۆزاندن، چ ڕاستكردنەوە و خەیاڵاتێكى تێدایە. […] من چەندین پۆل لە فەیلەسوفان و چەندین بەشى زانستەكەیانم بینیووە، هەر هەموو جۆر و پۆلەكانیان مۆرى كوفر و بێباوەڕییان پێوەیە»[6].

 بێگومان ئەم تۆمەتباركردنەى فەلسەفە شتێك لە ڕاستى تێدایە، بەڵام وەك پرسى ئیلحاد و شەیتانپەرستى نا. فەلسەفە (گەر لێرەدا چاوپۆشى لە ناكۆكى و فرەییە ناوەكییەكەى خۆى بكەین و وەك گشتێك وەرى بگرین) دژە دۆگمە، هەر بەم هۆیە دژ بە عەقڵى دۆگماتیكى ئایینییش دەوەستێتەوە؛ بە گوێرەى شرۆڤەى كانت فەلسەفە كارەكتەرێكى گشتییە لەنێو “ململانێى فاكەڵتییەكان”ـدا، وەك گشتى مەعریفە و مێژوو، واتە وەك كایەى گشتیى حەقیقەت، بەر گشتەكانى دیكە دەكەوێت، لەوانە ئایین. لەگەڵ ئەوەیشدا فەلسەفە لە مێژووى خۆیدا، هەر لە پێش یۆنانەوە تاوەكو سەدەى هەژدە، بوارێكى گەورەى هاوبەشى لەگەڵ ئیلاهیاتدا هەبووە. جگە لەوەى لە سەدەكانى ناوەڕاستیشدا دنیاى مەسیحى پەیڕەوى لە ڕوانگەى فەلسەفەى سكولاستى دەكرد كە ئەرستۆ باوكى بوو، میتافیزیكاى ئەفڵاتوونیش بە جۆرێك میتافیزیكاى مەسیحییەت بوو پێش مەسیح؛ هەژموونى ئەفڵاتوون تا كۆتایى سەدەى نۆزدە و تا ڕاگەیاندنى مەرگى خودایش بەردەوام بوو، چونكە ئەفڵاتوونیزم بنچینەى سەرجەم میتافیزیكاى ڕۆژئاواییە. تەنیا لە سەردەمى ئێستاماندایە كە فەلسەفە، هەر بە ئیلهام لە ئەفڵاتوون، بڕێك خۆى لە تیۆلۆژیا و میتافیزیكاى تەقلیدى دوورخستەوە و دەستى كرد بە ستایشكردنى مەكر و گەمە و فێڵ و لەخشتنەبردن، كە پتر سیفەتە شەیتانییەكانن. بەڵام ئەم شەیتانە هەمان بوونەوەریى دژە-خوداى نێو ئایینەكان نییە؛ شەیتان لەنێو فەلسەفەى نوێدا سەتح، سێبەر، ڤێرتویل، بێ ئەسڵ و فەسڵییە، هەمان ئەو توانا پۆزەتیڤانەى وا زەینى مرۆڤ لە حەقیقەتە چەسپاوەكان بەلاڕێدا دەبەن. لەبەرئەمە ترس لە فەلسەفە لە مێژووى ململانێى گومان و یەقیندا پتر گۆڕاوە بۆ ڕق لە فەلسەفە، رقێك كە وا لە غەزالى دەكات سەرجەمى ئەو ئیلاهیاتەش تەكفیر بكات كە فەلسەفە لەگەڵیدا هاوبەشە.

     كاریگەریى ئەم دوو هۆكارە (فەلسەفە وەك كایەیەكى ناپێویست و وەك زانستى شەیتان) لەسەر كۆمەڵگەى ئێمە تەواو بەرچاوە، بە جۆرێك نەك تەنیا نەیارانى فەلسەفە، لە سەلەفییەتى ئیسلامى و ناسیۆنالیستە لۆكاڵخوازەكان و سۆسیالیستە ئاڤانگاردەكان، بەڵكو بەشێك لە گوتارى ڕۆشنبیریمان كە دەتوانین ناوى بنێین “خۆمانەخوازى”، لە غەفڵەتێكى قووڵدا، بەردەوام ئەوە تۆخ دەكاتەوە كە هەر لە بنەڕەتدا فەلسەفەى ڕۆژئاوایى لاى ئێمە هیچ ڕیشە و ئەسڵ و فەسڵێكى نییە، بۆ ئێمە تەواو غەریبە. ئێمە سەلیقەى شیعرى كلاسیكمان هەیە، نالى و مەحویمان هەن، گۆرانیى فۆلكلۆرى و میللیمان هەن، حەسەن زیرەك و عەلى مەردان، حاجى قادر و مەسعود محەمەدمان لێ سەروزیادە، ئیدى فەلسەفەى غەربزەدە بۆ ئێمە تەنیا “گومڕایى”ـیە؛ هیچ ڕەسەنێتییەكى لە خۆماندا نییە و بەشێك نییە لە ڕۆحى مەزنى كوردىمان كە لە مادەكانەوە خۆى دەرخستووە. خۆمانەخوازى، بەو جۆرە داخراوەى كە دژە-ڕۆژئاواییەكان مەبەستیانە، تەبایە لەگەڵ مەنزومەى ڕەسەنخوازیى كۆمەڵایەتیى وەكو خزمایەتى، پەیوەندیى خوێن، فۆلكلۆر و هیتردا. بە جۆرێكیتر بڵێین شتێكى وەكو دیوەخان لە كایەى فیكردا. بە پێچەوانەوە، بەلاى ئێمەوە بۆ ئەوەى ئەم ناوەوە بخەینە پەیوەندییەوە لەگەڵ دەرەوەدا كە هەلى گەشەى كولتوورى دەڕەخسێنێت، پێویستمان بە فەلسەفەیە. فێندەمێنتاڵیزمى ئەسڵگەرا و كۆنزەرڤەتیڤیزمى ڕەسەنێتى، كە لەسەر هەموو ئاستەكان، هەر لە خێڵەوە تاوەكو سەلەفییەتى ئایینى و تاوەكو ڕۆشنبیرانى خۆماڵیخواز بانگەشەیان بۆ دەكەن، زەمینەى كینەیەكیان لە فەلسەفە ڕەخساندووە كە ڕێ لە هەر كرانەوە و دەرچوونێك دەگرێت، دەرفەت بە پەیوەندیى دەرەكى و ئازاد نادات؛ تەنیا خۆمانەیى، هاوسەرگیریى ئەسڵزادە و واقیعى لۆكاڵى، حەلاڵ دەكات و ڕێ بە منداڵى ڕەسەن دەدات؛ لایوایە هەر پەیوەندییەك شەرعى نەبێت، ئەوا نەوەى زۆڵ و بێ ئەسڵ و فەسڵ دەخاتەوە. ئەمەیش شەرم و نەنگییە. چارەسەر ئەوەیە زۆڵەكان دووربخرێنەوە: بكوژرێن یان نەفرەت دوایان بخرێت.

     بە گوێرەى ئەم تێزە زۆڵ ئەوەیە كە لە ماف بێبەشە، پێش هەموو شت لە مافى ژیان، گەر بە هەر هۆیەك بێ لەم مافەیش بێبەش نەكرێت، ئەوا عادەتەن لە مافى خێزان، شەرەف، میرات، نازناو، ئەسڵ، كە ڕەگەزەكانى نەزمى باوكسالارین، دادەماڵرێت. بەڵام ئەمە پارادۆكسەكەیە: سیاسەتى فەلسەفە لەوەوە دێت كە هیچى نییە. ئەم سیاسەتە لێكدژیى دیالەكتیكییانە نییە كە لەسەر نەفیكردنەوەى زڕێتى و زۆڵێتى، لە ڕێگەى كوشتنى باوكـەوە دامەزرابێت، بەڵكو سیاسەتێكى پۆزەتیڤە بۆ ئەرێكردنى زڕكوڕى و زۆڵێتى كە گەمە دەكات، فریوو دەدات، سەر لێ تێك دەدات. لە زمانى كوردیدا ئەمە مانایەكى دیكەى زاراوەى زڕ یان زۆڵە؛ زۆڵ واتە “زۆرزان”. لە زمانى میللى ئێمەدا “زۆرزان” زانینى مەعریفەى زۆرتر نییە، پتر شارەزاییە لە فێڵ و گزى؛ بۆیە كاتێك لە زمانى ڕۆژانەدا بە كەسێك دەڵێین: “ئەو زۆڵە تەفرەى دام”، بە واتاى “تەڵەكەباز، ساختەچى، قومارباز، جادووگەر، نەرمەبڕ” بەكارى دەهێنین، دیسان هەمان بەهرە شەیتانییەكان كە سەرجەمیان سیفەتەكانى زڕەوێنە[Simulacra]ن. زڕەوێنەیش بە قووڵى لەنێو فەلسەفەدایە و بۆ یەكەمجار ئەفڵاتوون وەك زڕكوڕى خۆى لە سۆفیستەكان هەڵى دەگرێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەى زڕكوڕە، یان جۆرێكە لە باستارد، كەس دانى ڕەواى پێدا نانێت. ئەفڵاتوونیزم بە درێژایى مێژووى فەلسەفە زیاتر گرنگیى بە باوك و كوڕە شەرعییەكانى نێو دەقەكانى ئەفڵاتوون، كە وێنەى باوكیانن، داوە: ئایدیا، حەقیقەت، چاكە، هەتاو، هیتر. بەڵام زڕەكان: ئەشكەوت، سێبەر، وەهم، ماسك، سەراب، وەك گەمەى شەیتانەكان، سەركوتكراون یان خۆ لێیان دزراوەتەوە.

4. لە یۆنانى كۆندا فەلسەفە نەیارێكى هەبوو، كە ئەفڵاتوون و ئەرستۆ وەك دوژمن سەیریان دەكرد: سەفسەتە. سەفسەتە بۆیە دوژمن بوو چونكە لەبرى تاسە بۆ حەقیقەت، تەنیا بانگەشەى حەقیقەت بوو لە ڕێگەى ڕەوانبێژییەوە، بە تایبەتى لە دادگاكاندا، بۆ بردنەوەى كەیسێك. ئێمە چیتر لە یۆناندا ناژین، بەڵام پێگەى فەلسەفە لەو كات لاوازتر بووە و دوژمنەكانیشى شەڕەنگێز تر. دەتوانین دوژمنى سەردەمى ئێستاى فەلسەفە بە پاتاڵیزم ناو ببەین. ئەدەبیاتى پاتاڵ زۆر لە سەفسەتە نزمترە؛ سۆفیستەكان، وێراى ئەوەى فێڵ و گزییان دەكرد، بەڵام تواناكانیان بۆ ڕەوانبێژى و و مشتومڕ و پاساودانەوە، لە ئاستى فەیلەسوفەكاندا بوو. سەفسەتە هونەرێكى تایبەتى زڕە ئەرگومێنتسازى بوو كە دەیتوانى تەواو لە حەقیقەت بچێت، تەنیا بەو جۆرەیش دەیتوانى كاریگەر بێت. پاتاڵیزم پێویستى بەوە نییە لاسایى حەقیقەت بكاتەوە، هەر وەك ئەوەى “پاتاڵ”ـە توانیویەتى فەلسەفە، سیاسەت، هونەر ببەزێنێت. پاتاڵیزم تەنانەت لەوەش ڕسواترە كە تیۆدۆر ئەدرنۆ ناوى دەنێت “كیچ”. هونەرى كیچ لەنێو پیشەسازى كولتووریدایە و بەشێك لە پێوەرە فۆڕماڵەكان بۆ ئەوە بەكاردەهێنێت كە پاساوى ڕەوایەتى خۆى وەك هونەر پێ بدات:

«ئەگەر ئەو تەفسیرە ڕاست بێت كە وشەى kitsch لە وشەى ئینگلیزى sketchـەوە هاتووە، ئەوا پێش هەموو شتێك ماناى چۆنیەتێكى بوونە كە بە تەواوەتى ڕیاڵیزە نەبووە، تەنیا هێمایەكى كاڵوكرچ بەم كواڵێتییە دەدات. ڕەنگە ئەمە لە هەموو تێگەكانى وەكو ناحەقیقى، وەهمى هەرچى چەندە بتوانێت، قووڵتر بچێت. لەهەر حاڵەتێكى موزیكدا هەر كیچێكى واقیعى all real kitsch كارەكتەرى مۆدێلێكى هەیە. ئەم مۆدێلە هێڵكارى و ڕەشنووسێك كە بەشێوەیەكى ئوبێكتیڤ داسەپێنراوە، فۆڕمگەلێكى پێشوەخت ئامادە كە ناوەڕۆكەكانیان لە مێژوودا لەدەست داوە، دەخاتە ڕوو، كە بۆ ئەمانە هونەرمەندى ناپابەندى بێهودە و بێئامانج، ناتوانێت ناوەڕۆكێك بۆ خۆى دابنێت.[…] كیچ لێشاوى فۆڕمە بێبەهاكان و فۆڕمە ڕازێنەرەوە بەتاڵەكانى جیهانێكى فۆڕماڵە كە لە سیاقە ڕاستەوخۆكەى خۆى دووركەوتۆتەوە [نامۆبوون]. شتانێك كە پێشتر بەشێك بوون لە هونەرى زەمەنێكى پێشتر و لەمڕۆدا دەردەكەون، پێویستە لەمڕۆدا بە كیچ دابنرێن. لەلایەكیتریش، ئوبێكتیڤیتەى كیچ سەرچاوەى ڕەوایەتیدانە بەخۆى. لەبەرئەوەى كیچ وەك وەهمێك، ڕێك یادەوەریى ئوبێكتیڤیتەیەكى فۆرماڵ كە بەسەرچووە، درێژ دەكاتەوە و دەشێوێنێت»[7].

   بە پێى گریمانەى ئەدۆرنۆ بۆ زاراوەكە، كیچ وەك سكێچى وێنەیەكە بەراورد بە وێنە كامڵەكەى كە ڕیاڵیزە بووە؛ مۆدێلى سەرەتایى كارێكە، بۆ نموونە سكێچى مۆنالیزا بەراورد بە تابلۆى مۆنالیزا. كەواتە كیچ جۆرێك سێبەر، وەهم، هێڵكارییە كە بە ئاستەم ئایدیاى بەرهەمێكى هونەرى تێدا دەردەكەوێت، بەڵام هاوكات ئەم هێڵكارییە سەرەتاییە خۆى بنچینەى كارێكە، فۆڕمى بەرهەمێكە، بەرهەمێك كە ناوەڕۆك بەخۆیەوە ناگرێت. بەم مانایە كیچ فۆڕمى بەرهەمە. لە ڕێگەى وهمسازییەوە هونەرمەند خەریكە بە فۆڕمێك ئایدیاى بێ ئامانجى خۆى بڕازێنێتەوە كە خەیاڵەكەى پێشوەختە هەلومەرجى ئوبێكتیڤ بۆیان ئامادە كردووە. دواجار ئەوەى بەرهەم دێت، كارێكى ئاستنزمە كە بەهاكەى هەرزان دیاریى دەكرێت، بەو پێیەى هیچ بەهایەكى دیكەى نییە، بەرهەمێك كە ئامانجەكەى بۆ فرۆشتنە لە بازاڕدا.

     پاتاڵیزم لەمە نزمترە، نە مۆدێلى شاكارێكى وەدینەهاتووە، نە سكێچى كاڵوكرچى پۆتێنشیەڵێكە؛ تەنانەت فۆڕمیش نییە، بەو پێیەى فۆڕم خۆیشى ڕەگەزێكى گرنگ و كاریگەرى هونەرە و تەنانەت فۆڕمسازی خۆیشى جۆرێك هونەرە. بەرهەمى پاتاڵ نە تواناى فۆڕمسازیى هەیە و نە وەهمسازى، هەر لەبەرئەمەیە كە كیچ نییە و تووڕەهاتە. پاتاڵیزم گەمژەییە. هەندێك لە ڕۆشنبیرانى ئێمە كاردانەوە بەرامبەر بەكارهێنانى وشەى “گەمژەیى” دەنوێنن، لایانوایە “گەمژەیى” جنێو و سووكایەتییە. لە ڕاستیدا گەمژەیى تەنیا لە زمانى عەوام خۆیدا، یان لە زمانى ئەو نووسەرانەدا كە لە زمانى عەوام جودا نەبوونەتەوە، ماناى “جنێو”ى هەیە. گەمژەیى لە هەر سەردەمێكدا ئەوەیە كە مرۆڤەكان لە ئاستى ئیبتیزال[ئاستزمى]دا ڕادەگرێت، بەڵام لەمەیش ڕادیكاڵتر وایان لێ دەكات موبتەزەلانە بژین. بەم پێیە گەمژەیى شتێكى جەوهەرى لە مرۆڤدا نییە، بەڵكو وەك دۆخێكى بوونى كولتوورى دەكرێت بە بابەتى ئارەزوو. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە گەمژەیى ڕۆڵى ئایدیۆلۆژى هەیە. گەمژەیى هۆشیارى درۆزنانە نییە كە لە ڕێگەى سەرخانى ئایدیۆلۆژییەوە سوبێكت لە هۆشیاریى ڕاستەقینە بە ژیانەكەى دوور بخاتەوە. گەمژەیى كە لەم سەردەمەدا پاتاڵیزم دەینوێنێتەوە، خۆى دۆخى واقیعیى بوونە، هۆشیارییەكە كە بە تەواوى لەگەڵ شێوازى ژیانى كەسى گەمژەدا تەبایە؛ بە واتایەكیتر: گەر كیچ پیشەسازى كولتوورى بێت، ئەوا پاتاڵیزم خودى كولتوورە، كولتوورێك كە هەر خۆیشى پیشەسازیى خۆیەتى. لە ئایدیۆلۆژیادا (لایەنیكەم بە پێى پێناسە ماركسیستییەكە) كەلێنێك لەنێوان ژیانى واقیعیى مرۆڤ و ئەو هۆشیارییە ساختەیەدا هەیە كە چینى باڵادەست زاڵیان كردووە، لەبەرئەمە هەمیشە ئیمكانى ئەوە هەیە هۆشیارییەكى ڕاستەقینە بەر ئەم هۆشیارییە ساختەیە بكەوێت و سوبێكت لە دۆخى ژیانى وەئاگابێنێتەوە. بە بڕواى ئەدۆرنۆ هونەرى كیچ ئەم ڕۆڵە ئایدیۆلۆژییەى هەیە:

«ئەستەمە بە ڕێگەیەكى ئێستاتیكیى بێ بەندوبار لە چەمكى “كیچ” تێبگەین. دۆخى باوى كۆمەڵایەتى بەشێوەیەكى سەرەكى لەم چەمكەدا دامەزراوە. لەبەرئەوە، بە خزمەتكردنى بوونە فۆرماڵە كۆنەكان وەك شتانێكى هاوچەرخ، كیچ ئەركێكى كۆمەڵایەتى هەیە -لابردنى سەرنجى خەڵك لەسەر دۆخى واقیعیى بوونیان و ڕواڵەتگۆڕیى بوونیان، تاوەكو ڕێ بەو خولیایانە بدات كە هێزگەلێك لەوپەڕى ڕازاوەیى و قەشەنگیدا بۆ خەڵكى دەربخات. هەموو كیچێك بەشێوەیەكى جەوهەرى ئایدیۆلۆژییە»[8].

     لە ڕوانگەى ئەدۆرنۆوە، كیچ هێزگەلێك لەبەرچاوى خەڵك جوان و هاوچەرخ دەكات كە دزێو و كۆنن. وەزیفەى ئەم هێزانە پاراستنى دۆخى باو و شێوازە بەسەرچووەكانى ژیانن، لەوانە نەریتەكان و پەیوەندییەكانى چەوساندنەوە كە لایەق بە مرۆڤ نین. بەڵام ئاخۆ پاتاڵیزمى ئەم سەردەمە، كە لە ڕێگاى میدیا و سۆسیالی میدیا، مۆدێل، بانگخواز، كۆمپانیا، ئەستێرەوە بڵاو دەكرێتەوە، هەمان ئەم ڕۆڵەى ئایدیۆلۆژییەى هەیە؟ وەڵامى ئەم پرسیارە بەوە دەدرێتەوە بزانین ئێمە بە چ مانایەك وشەى “پاتاڵیزم” بەكاردەهێنین. بە سادەیى بڵێین ئێمە ئەم وشەیەمان كردووە بە چەمكێك بۆ ئاماژەدان بە كێشەیەكى ئەم سەردەمە، ئەویش شێوازى ژیان یان خواستە لە سەر شێوازى ژیان لە ئەوپەڕى سەتحیبوون، ساویلكەیى، نمایشگەرى، خێرایى، بێ زەحمەتى، چێژگەراییدا، ئەوەى كە هەندێ بیرمەند ناویان ناوە “چێژى نزم”. پاتاڵیزم پڕ كردنى فەزاى گشتییە لە بێماناترین بەشەكانى ژیانى تایبەتى؛ شێواندنى هەموو هونەرەكانە، شێواندنى ڕەوانبێژى بە زۆربڵێیى، سەفسەتە بە جنێو، قۆشمەیى بە فشقیات. لە پاتاڵیزمدا بینەران بە وتەى ئەو شەكرۆكانە دەتریقێنەوە كە هونەرى جۆكەرەكانیشیان دزێو كردووە. پێشتر داهێنانى جۆك بەهرە بوو، گاڵتەچێتى جۆرێك هونەر بوو گەرچى لە نیگاى ئەرستۆكراتانەوە ئەمانە لە ئاستى هونەرە باڵاكاندا نەبوون؛ لەگەڵ ئەوەیشدا جۆكەرەكان لە دەربارى پادشایانەوە تاوەكو هۆڵەكانى سێرك هەبوون. لە ئێستدا شەكرۆكەكانى پاتاڵیزم هونەرى كلاون و جۆكەرەكانیشیان شێواندووە. قسەى نەستەقەكانى نێو ڕشتەى مروارى عەلادین سەجادى سەلیقەى جۆكەریى كوردییە. لە ئێستادا قسەى خۆش لە زمانخواركردنەوە و شەڕەجنێودا كورت كراوەتەوە. پاتاڵیزم بە ئەستێرەبوونى فیگورێكە كە هیچ نییە، وەك كیم كارداشیان نازانیت چییە و وەزیفەكەى چییە، بەڵام هاوكات هەموو شتێكیشە. كارداشیانیزم ناوێكى دیكەیە بۆ پاتاڵیزم. بەڵام هاوكات پاتاڵیزم سەرسامییە بە بانگخوازێك كە تەنیا بۆنى گەنیوى هزرێكى تاریك كە بانگەشە بۆ شێوەى حوكمى تاڵیبان و داعش دەكات، لە دەمى دێتە دەرێ. پاتاڵیزم شەیداییە بۆ شاعیرێك كە نە شیعر دەنوسێت، نە “وڕێنە” (كە بابەتێكى سیاسییە)؛ ڕەنگە فەلسەفە نەتوانێت زاراوەیەك بۆ ئەم جۆرە بەرهەمە بدۆزێتەوە، ئەوە نەبێ لە زمانى گشتیى ڕۆژانە دەربڕینێك قەرز بكات: قسەى قۆڕ. بەرهەمى پاتاڵ نە دەتوانێ ڕەخنە بێت نە تەخنە téchne[هونەر-ئامراز]، نە نەفى بێت، نە ئیسپات، دەست بۆ هەر شتێك ببات دەیكات بە زبڵ. وەزیفەى بەرهەمى پاتاڵ ئەوە نییە شتێكى تر جوان بكات، بەڵكو ئەوەیە خۆى ببێت بە بابەتى شەیدایى، ببێت بە جێگاى ئارەزوو تاوەكو مرۆڤ، نەك وەك هۆشیارى هەڵى بگرێتەوە، بەڵكو لە ژیانى پراكتیكیدا پەیڕەوى لێ بكات. پاتاڵیزم ئایدیۆلۆژیا نییە، دەبەنگییە. دەبەنگیش، نە لە بێئاگاییەوە دێت نە لە ئاگایى ساختەوە، سەرچاوەى دەبەنگى گەمژەییە. دواجار بە گوتەى نیچە گەر فەلسەفە دوژمنێكى هەبێت، ئەوا گەمژەییە. بەڵام بەهەمان شێوە گەر گەمژەییش دوژمنێكى هەبێت، ئەوا فەلسەفەیە. گەمژەیى ڕقى لە فەلسەفە و هونەرى “نا-كیچ”ـە، چونكە ئەم دووانە بەرەنگاریین بە ڕووى ئەوەدا كە گەمژەیى تۆتاڵ ببێتەوە.

5. كەواتە ئاخۆ فەلسەفە دەتوانێت بانگەشەى ئەوە بكات كە نابێتە كیچ؟ هەر فەلسەفەیەك ببێت بە بەرهەمى كیچ، لەوە دەكەوێت فەلسەفە بێت. ڕەنگە بەرهەمى نووسراوى فەیلەسوفەكان لە كتێبدا ببێت بە كاڵاى بازاڕ (بۆ نموونە چاپى ئینگلیزى كتێبى گشتگیرى و ناكۆتاى ئیمانوێل لێڤیناس، كە قەبارەكەى هێندەى زەردەشتى نیچە نابێت، لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت نزیكەى سەد و دە دۆلارە)، یان بۆ مەبەستێكى كاڵایى بخرێنە نێو بەرهەمهێنراوە كیچەكانەوە (بۆ نموونە بەكارهێنانى سەمفۆنیاى پێنجەمى بیتهۆڤن بۆ ڕیكلامى شامپۆ)، بەڵام خودى تیۆر و تێزەكانیان لەنێو پیشەسازى كولتووردا بە كیچێتى بەرهەم نەهێنراون. بۆ ئەوەى ئەمە پیشان بدەین، با سەرەتا بپرسین: كەواتە بەشێوەیەكى كۆنكریت سوودى فەلسەفە چییە؟ شێوازى داڕشتنى ئەم پرسیارە بەو مانایەیە كە: فەلسەفە ئامرازى چییە؟ كەرەستەیە بۆ چ شتێك؟ پێشتر ڕوونمان كردەوە كە لاى ئاڵتوسێر ئامرازى ململانێى چینایەتییە. بەڵام ئاخۆ فەلسەفە لەخۆیدا هیچ ئامانجێكى نییە؟ تەنیا ئامرازێكە و هیچیتر؟ ئێمە گریمانەى ئەوە دەكەین كە فەلسەفە خۆى كایەیەكە، واتە ڕووبەرى ململانێیە نەك ئامرازى ململانێ. ئاڵتوسێر خۆیشى بە ڕاشكاوى ئەمە دەڵێت، بەڵام بوونى كایەى تیۆر لە بە ئامرازبوونى فەلسەفە جیا ناكاتەوە (لە ئێستادا ناچینە نێو ئەم باسە). وەختێك گریمانەى ئەوە دەكەین كە فەلسەفە نە ئامرازە و نە ئامانج، كەواتە فەلسەفە وا دەردەكەوێت ببێتە مومارەسەیەكى بەتاڵ، بێ سوود، نا-پێویست. با ئەم بۆچوونە تاقى بكەینەوە:

    فەلسەفە ئامراز یان كەرەستە نییە، كەواتە لە خزمەتى ئامانجێكى دیاریكراودا نییە، تەنانەت ئەگەر ئامانجێكى پرۆلیتارى یان نەتەوەییش بێت. هاوكات فەلسەفە لەخۆیدا ئامانج نییە، لەگەڵ ئەمەیشدا فەلسەفە خۆى بێ ئامانج نییە، بەڵام ئامانجەكەى لە دەرەوەى خۆى نییە. فەلسەفە تەنیا لە پەیوەندىدایە لەگەڵ دەرەوەى خۆیدا، لەبەرئەوە نە دەبێتە ئامرازیان، نە دەیانكات بە ئامراز، نە دەبێتە ئامانجیان، نە دەیانكات بە ئامانج. تەنیا دەشێت ببێتە هاو-ئامراز و هاو-ئامانجیان. بۆ نموونە پەیوەندیى فەلسەفە و ئەدەب كراوە و دوولایەنەیە. گرنگى فەلسەفە ئەوە نییە ئەدەب بەرهەم بهێنێت، هاوكات گرنگى ئەدەبیش ئەوە نییە چەمكى فەلسەفى بەرهەم بهێنێت؛ بەڵام بەهۆى پەیوەندییەوە لەنێو فەلسەفەدا ڕەگەزى ئەدەبى هەیە و لەنێو ئەدەبدا فەلسەفە. 

    فەلسەفە پەیوەندییەكەى لەگەڵ دەرەوەدایە، بەڵام ئامانجەكەى لە دەرێ نییە، هاوكات ئامانجێكى ناوەكیى جەوهەرى لەخۆیدا نییە. ئامانجى فەلسەفە لەگەڵ پرۆسێسى فەلسەفاندندا دێتە كایەوە، بۆ نموونە هاوئامانجیى فەلسەفە و پەروەردە. لە كلاسیكیدا فەلسەفە كاریگەریى پێداگۆگیى لەسەر گەشەى ڕۆحى و عەقڵى، فەزیڵەت، ڕاقیبوون، ئارامگرتن هەبوو. با تەنیا لەسەر “ئارامگرتن” بوەستین. فەلسەفە، چ وەك بیركردنەوە و چ وەك خوێندنەوە دەتوانێت بەشدارییەكى پەروەردەیى لە بونیادنانى كەسایەتیى مرۆڤدا هەبێت بەو پێیەى پێویستى بە كات و مەشق هەیە. فەلسەفاندن كردەیەكى میكانیكى ڕۆژ و شەوێك نییە كە بەرهەمێكى دەستبەجێ بدات بەدەستەوە؛ بە مادەى كیمایایى و پرۆتین گەشەكردنەكەى خێرا بكرێت تاوەكو بشێت بەرهەمەكەى بفرۆشرێت یان ئاڵوگۆڕ بكرێت. بێگومان كەسانێك هەن بە دزینى “كۆشش” و “بەرهەم”ى ئەوانى تر پرۆتین بەخۆیان دەدەن و كتێبى قەبە چاپ دەكەن، بەڵام ئەمە بەهاى فەلسەفى نییە (و تەنانەت بەهاى پلەیجێریزمیشى نییە)، ڕەنگە بەهاكانى دیكەى: پارە، ناوبانگ، نماش و خۆڕەتحەتكردنى كاتى هتد. هەم فەلسەفەناسى و هەم فێربوونى بیركردنەوەى فەلسەفى، بەو پێیەى پێویستى بە چڕبوونەوە هەیە لەسەر هەندێ تێكست و هەندێ چركەساتى فەلسەفە، لەسەرخۆ و هێواشە (هەڵبەت دەشێت فێرخوازێك لە یەكێكى تر بڕێك خێراتر بێت، بەڵام ئەم خێراییە لە فەلسەفەدا هێشتا خاوییە)؛ ڕەنگە خوێنەرى فەلسەفە لە سەرەتادا لەنێو ئاڵۆزى و سەختیى تێز و چەمكەكاندا ماندوو ببێت؛ بێزار ببێت، بەجێى بهێڵێت؛ ڕەنگە بڕیار بدات یان بۆ هەمیشە واز لە فەلسەفە بهێنێت، یان كاتى زیاترى پێوە بباتە سەر و حەوسەڵەى درێژخایەنترى لەگەڵیدا هەبێت؛ واتە ئەگەر ئامانجى خوێندنەوەى تێكستێك “تێگەیشتن” بێت، ئەوا فەلسەفە بە خێرایى ئەم تێگەیشتنە چاوەڕوانكراوەت پێنادات؛ بەڵكو دواى دەخات. دواجار ئەمە بەو واتایەیە فێر ببێت ئارامتر و هێورتر لەگەڵى بڕوات.

    لە جیهانى نوێدا، كە سەردەمى خێراییە، ئەم خاوییە پێداگۆگییەى كە لە سەردەمى كلاسیكدا فەزیلەت بوو، زیانبەخش دەردەكەوێت. بۆ مرۆڤى ئێستا پێدەچێت كاتبەخشین بە فەلسەفە و هونەر بە كاتكوشتن بێت، وەك بڵێى شتانێكى پێویستتر هەن كە دەبێت كاتیان بۆ تەرخان بكرێت. ئەم شتە پێویستترانەى دیكە، لە هەر بوارێكدا بێت، گەڕانە بەدواى “تێربوونى خێرا”دا. یان ڕەنگیشە كاتبەسەربردن بێت لەنێو پاتاڵیزمى تیكتۆك و سناپچاتدا: تێربوونێك كە هەرگیز ناگاتە تێربوون. لە ڕوانگەى زیگمۆنت باومەنەوە لە سەردەمێكدا كە هیچ كەس ناتوانێت هیچ خولیایەك دوابخات و هەموو شتێك دەبێت بە پەلە و خێرا بەدەست بهێنرێت، ئەوا دواخستن ڕەنگە جۆرێك بەرەنگارى بێت. باومەن لە مۆدێرنەى شلدا بەم جۆرە وەسفى ژیانى “ساتەوەختى” و نەمانى سەبر و ئارامى لاى مرۆڤى سەردەم دەكات:

«لە نەبوونى ئارامییەكى ماوە درێژدا، وا دەردەكەوێت “تێركردنى دەستبەجێ” ستراتیژییەتێكى ماقووڵ خۆى بنوێنێت؛ هەر شتێك كە بشێت بكەوێتە دەستى مرۆڤ، دەبێت دەستبەجێ خزمەتى پێ بكات […] بەم جۆرە دواخستنى تێربوون ئاورا و سەرنجڕاكێشیى خۆى لەدەست دا»[9].

    لەم سەردەمەدا ئارامگرتن بەسەرچووە و هیچ كەس خۆى ڕاناگرێت بۆ ماوەیەكى كاتى ئەو شتەى كە دەیەوێت هەیبێت، ئەو حەز و ئارەزووەى كە هەیەتى، ئەو چێژەى كە تاسەى وەرگرتنیەتى، دوابخرێت. فەلسەفە بە پێچەوانەى شتەكانى دیكەوە، پرسێكى دوورمەودایە، خوێنەر كە عاشقى دەبێت دەستبەجێ ناتوانێت تێیدا بگاتە ئۆرگازم. هەندێك لە فەیلەسوفان باسیان لە “چێژى فەلسەفە” كردووە، ئەمە ڕاستە، لە فەلسەفەدا چێژێكى ناوازە و تاقانە هەیە كە لاى ئەفڵاتوون وەك “چێژى ڕەسەن” وەسف كراوە. بەڵام فەلسەفە دەستبەجێ ئەم چێژەت پێ نادات؛ لێرەدا “تێربوونى خێرا” بوونى نییە. فەلسەفە گەر شتێك لە فەزیلەتە كلاسكییەكانى لەخۆیدا پاراستبێت، هێشتایش مەشقكردنە لەسەر دواخستن، لەگەڵ ئەم دواخستنەدا خوێنەر مومارەسەى تواناى “ئارامگرتن”ى زیاتر دەبێت ئەم “ئارامگرتن”ـە ئامانجێكە فەلسەفە دەیبەخشێت. بەڵام ئەم ئامانجە لەبەرئەوەى یەكسەر و ڕاستەوخۆ نییە وەك ئەوەى “گەشەپێدانى مرۆیى” مژدەى “فێربوون”ـى دەدات، بۆیە سوودێكى دەستبەجێیشى نییە. جیهانى ئێستا فەلسەفەبێزە و عاشقى گەشەپێدانى مرۆییە. گەشەپێدانى مرۆیى، بە پێچەوانەى كاوەخۆیى (یان خێرایى) فەلسەفەوە، ئەو پاتاڵیزمەیە كە فێرت دەكات چۆن بە خێرایى “سەركەوتوو” بیت، چۆن دەوڵەمەند بیت، چۆن هەلەكان بۆ بەرژەوەندى خۆت بقۆزیتەوە:

 «لە جیهانێكدا كە داهاتوو لە باشترین حاڵەتدا تەمومژاوی و لێڵە و پتر جێگاى مەترسى و سەركێشییە، عەقڵانى نییە مرۆڤ ئامانجى دوورمەودا بۆ خۆى دابنێت […] هەر هەلێك مرۆڤ لە ئێستا و ئێرەدا نەیقۆزێتەوە، هەلێكى لەدەستچووە و ئەم نەقۆستنەوەیە هەڵەیەكە قابیلى لێخۆشبوون نییە»[10].

بەڵام لە فەلسەفەدا تەنیا خاوى بوونى نییە؛ فێرخواز فێرى خێراییەكیش دەبێت؛ بۆ نموونە لە فەلسەفەى نوێدا ڕووبەرێكى گەورە بۆ سوتفە و قومار و چاوەڕواننەكراویش تەرخانكراوە كە هەر جووڵەیەك لە یەك یەكەى كاتدا، لە خێراییەكى بروسكەئاسادا چڕ دەبێتەوە. لەبەرئەوە هەر جووڵەیەك لە فەلسەفەدا پەیوەندیى نێوان خێرایى و خاوییە، وەك خاویى مار و تواناى خێراى گەستن؛ ئەمە جۆرێك لە هونەرى ڕاوچییەكانە لە فەلسەفەدا. بەڵام پەرەپێدانى مرۆیى هونەرى ئۆپۆرتۆنیزمە، لەبەرئەوەیە كەسێكى وەك جۆردن پتەرسن ڕقى لە فەلسەفەیە و عاشقى پەرەپێدانى مرۆییە؛ نەیارى چەپە و هاوەڵى ئیسلامیستەكانە. سوتفەش نییە ئیسلامییەكان، كە گوتاریان دژ بە هەموو شتێكى ڕاستەقینەى دنیاى مۆدێرن و بە تایبەت فەلسەفەى ڕۆژئاوایە، كەچى تا ئەو ڕادەیە شەیداى پەرەپێدانى مرۆیین كە بە پلەى ئیمتیاز پاتاڵیزمى دنیاى (پۆست)مۆدێرنە. ئەوان بە گەشەپێدانى مرۆیى دوژمنایەتییە كۆنەكەیان لەگەڵ فەلسەفەدا یەكلا دەكەنەوە و فێر دەبن چۆن بە خێرایى بەسەریدا سەربكەون.

6. وێڕاى ئەم ڕۆڵەى فەلسەفە لە پەروەردەدا، وێراى ئەوەى فەلسەفەكارى خۆى مەشقى پەروەردەییە، بەڵام پێداگۆگى ئامانجى فەلسەفە نییە. بەو مانایەى ئێمە ناتوانین بڵێین فەلسەفەمان پێویستە تەنیا لەبەر ئەو ڕۆڵە پێداگۆگییەى كە هەیەتى. كەواتە بۆ چی تر پێویستمان بە فەلسەفەیە؟ شێوازى پرسیارەكە گریمانەى جۆرێك بە ئامراز بوون دەكات: فەلسەفەمان پێویستە بۆ… یان لە پێناو…، بوون-لەپێناو- شتێكى تردا، واتاى ئەوەیە بوونى ئەم شتەى وا لەپێناو شتێكى تردایە، لەخۆیدا هیچ ئامانجێكى نییە: كەرەستەیە، ئامرازە، یان چەكە. گەر بەم بەئامرازبوونە ڕازى نەبین، كەواتە وەڵامى دووەم هەیە: پیویستمان بە فەلسەفە نییە (هەر وەك ئەوەى پێشتر دەربارەى بزووتنەوە ناسیۆنالیست و ئینتەرناسیۆنالیستەكان ڕوونمان كردەوە). چەند ساڵێك لەمەوبەر بوو كە سەرۆكى زانكۆى سەڵاحەدین هەوڵیدا بەشى فەلسەفە لە زانكۆكە دابخات بەو پاساوەى گوایە “كورد پێویستى بە فەلسەفە نییە”. فەلسەفە تەنیا خەیاڵاتى فەیلەسوفەكانە و هیچ خزمەتێك بە “دۆزى ڕەواى گەلەكەمان” ناكات. هەر ڕێك لەو سەروبەندەدا سەرۆكى پەیمانگاى هونەرە جوانەكانى هەولێریش (!) چووە كەوڵى “ئیبراهیم پێغەمبەر”ەوە و بە بڕیارێك پەیكەرەكانى نێو پەیمانگاكەى وردوخاش كرد. بیانووەكەشى بۆ ئەم كارە ئەوە بوو كە پەیكەر هەمان “بت”ـە و بتیش هاوەڵدانانە بۆ بارى تەعالا.

    ئەم دوو ویستەى دژە-هونەر و دژە-فەلسەفەیە تەواوكەرى یەكترن و لە هەمان ڕیشەوە دێن؛ گەرچى “ترس”ـن، بەڵام لە قووڵتردا “ڕق”ـن بەرامبەریان. سەرچاوەى ڕق چییە؟ فرۆید لە شیكارى حاڵەتى هانزى چكۆلەدا ڕیشەى ترسى هانز لە ئەسپ دەگەڕێنێتەوە بۆ ترسى هانز لە باوكى، بەهۆى گەشەكردنە سێكسییەكانى منداڵەوە. هانز بە پەنهانى ڕقى لە باوكیەتى، چونكە دەترسێت لەوەى ئەسپەكە/باوك ئەندامى نێرینەى بگەزێت و بیخەسێنێت. ئەم ترسە گۆڕاوە بۆ ڕق لە باوك. گەر ئەم شیكارییە، بۆ كایەى كۆمەڵایەتى بگوازینەوە، دەبێت بڵێین، ترسى گروپێكى ئێتنیكى یان ئایینى لە گەشەكردنى بیركردنەوەى فەلسەفى، ترسە لە خەسانى خۆیان. فەلسەفە ئەو چووكە گەورەیەى ئەسپە كە چووكى ئەم گروپە كۆمەڵایەتییانە، وەك چووكى چكۆلەى هانز، لە بەرامبەریدا وەك خەساو دەنوێنێت، لەبەرئەمە هانز خەون بە كەوتن و پڕوكانى ئەسپەوە لە شەقامێكدا دەبینێت.

    بەلاى هەندێك فەیلەسوفەوە خوێندنەوەى كایەى دەستەجەمعى بە وەها شیكارییەكى دەروونیى تاكەكەسى، شتێكى جەوهەریى ڕوون ناكاتەوە. لە برى دەروونشیكارى دەتوانین پەنا بۆ سیاسەتشیكارى ببەین، بەڵام ئەمەش پرسێكى ئاڵۆزە و ڕەنگە لەم وتارەدا جێى نەبێتەوە. لەبەرئەوە تەنیا هێڵى ئابووریى سیاسى دەگرینە بەر. یەكەمجار فەلسەفە وەردەگرین كە گوایە “هیچ سوودێكى بۆ كورد نییە”. زاراوەى “سوود” شایەنى سەرنجە. ماوەى سى ساڵە دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان، هەموو شتێك وەك بابەتى “سوود” دەبینن؛ ئەم سوودە تەنیا سوودى ئابووری و دەسەڵاتخوازییە بۆ بنەماڵە فەرمانڕەواكان. جیهان پانتاییەكە كە دەبێت زۆر بەپەلە بگۆڕرێت بە دەستكەوتى ئابووریى تایبەت. هەر شتێك نەچێتە نێو ئەم هاوكێشەیەوە، هەر شتێك نەبێت بە سامانێك بۆ فرۆشتن و تاڵانكردن، ئەوا “بێ سوود” و “زیادە”یە. فەلسەفە لەو شتانەیە كە لە وڵاتى ئێمەدا نافرۆشرێت، وەك مادەى خاو هەناردەى دەرەوەیش ناكرێت، بە ئاستەم دەبێت بە كاڵا، تەنانەت كاتێك كە وەك كتێبیش فۆڕمى “بەرهەم”ـیك وەردەگرێت ناتوانێت دەستكەوتێكى ئەوتۆ دابین بكات. حزبە دەسەڵاتدارەكانى هەرێم، كە سەرۆكى پەیمانگاكان، ڕاگرى كۆلێژەكان، سەرۆكى زانكۆكان، كارمەندى گوێرایەڵیانن، تەنیا كۆمپانیاگەلێكن كە بە خێراییەكى لەجیهاندا بێ وێنە خەریكى بەتایبەتكردن[خەسخەسە]ى كایەى خوێندن و پەروەردەن. ئەوان كۆمپانیان، كۆمپانیاش گەڕانە بەدواى قازانجى خێرادا، لەم پێناوەدا، نەك تەنیا شتە نا-پێویستەكان دەگۆڕن بۆ پێداویستى، بەڵكو پاتاڵترین شتەكان وەك زەرورەتى حاشاهەڵنەگرى ژیان پیشان دەدەن؛ بە پێچەوانەشەوە، ئەوەى پێویستییە، گەر بەخێرایى نەبێتە بابەتى قازانجى زۆرى چەتەگەرانە، وەك شتى زیادە و بێ سوود پیشان دەدات. فەلسەفە وەك پێویستییەك، لەولاى ئەم جۆرە “نا-پێویستییانە”وە، ناپێویستییەكە كە قابیلى ئەوەى نییە بەڕێگەى ڕیكلام و “درۆى میدیایى” بكرێت بە پێداویستیى بێچەندوچوون، بكرێت بە پارە و لە بانكەكاندا كەڵەكە بكرێت.

     هونەریش تەقریبەن بە هەمان شێوەیە؛ ڕەنگە پێویستمان بە تەكنیك (هەمان تەخنە téchne) بێت، بەڵام بە هونەر نا. فەیلەسوفى فەرەنسى ژان-لوك نانسى لە یەكێك لە سیمینارە گرنگەكانى خۆیدا دەپرسێت: بۆچى پێویستمان بە هونەرە؟ Wozu braucht man Kunst? وەڵامەكەى نانسى تاڕادەیەك سەیرە: پێویستمان بە هونەرە چونكە بۆ هیچ شتێك پێویستمان پێى نییە. بەلاى نانسییەوە، سەردەمى ئێستامان بەشێوەیەكى كردەیى لە هەموو شتێك دەڕوانێت؛ هەر شتێك سوودێكى عەمەلى لێنەكەوێتەوە و دەستكەوتێك نەدات بە دەستەوە، ئەوا وەك هەبوویەكى زیادە و نا-پێویست وەلا دەنرێت. تەنیا ئەو شتانەمان پێویستن كە بۆ شتانێكى تر بەكەڵكمان دێن؛ كەواتە هەر شتێك ئامرازێكە بۆ ئامانجێك. لەنێو ئەم دۆخە پڕوكێنەرەدا پێویستییەكى حەتمى بە شتێكى نا-پێویست سەریهەڵداوە، بەو واتایەى كاتێك هەموو شتێك بە پێویستى هەڵدەسەنگێنرێت و دەخرێتە گەڕ، ئەوا نا-پێویستییەك خۆى پێویستە:

«بۆچى هونەر وا گرانبەهایە؟ نازانم، سەختە ئەمە بووترێت، هەڵبەت ناشمەوێت بە بازاڕى هونەردا هەڵبڵێم. بەڵام پێموایە هونەر لەبەرئەوە وا گرانبەهایە چونكە هەمیشە ئایدیایەك دەربارەى بەها پێیەوە گرێ دراوە- تەنانەت گەر بۆ ئامانجگەلێكى زۆر خراپ و لەبەر هۆكارگەلى زۆریش بەدیش بێت. وێڕاى ئەمە، هێشتا ئایدیایەكى بەها لە هونەردا هەیە كە بەهاى بازاڕ نییە. هونەر هەر لەو شتە دەچێت كە كانت ناوى لێناوە كەرامەت Würde -وشەیەك كە لە زمانى ئەڵمانیدا پەیوەستە بە بەها Wertـەوە. ئەم دووانە لە یەك بنەچە Wortfamilieـەوە هاتوون. كەرامەت ڕێك ئەو بەهایەیە كە بەهاى نییە: بەهایەكە كە چیتر ناتوانێت بەهایەكى دیكە بەخۆى ببەخشێت. هونەریش هەر وایە. لێرەدا مرۆڤ دەتوانێت دەربارەى بەهاگەلێكى زۆر بدوێت، بەڵام ئێمە یەك شت زۆر باش دەزانین: دەزانین كە ئێمە بۆ شتێكى وەك نا-پێویستى Nicht-Brauchen  پێویستیمان بە هونەرە، ئەمەیش واتە بۆ شتێك كە ناكرێت [بۆ شتێكى تر] بەكاربهێنرێت»[11].

     ئەمە پێویستییەكى جەوهەرییە بۆ ڕزگاربوون لە كەڵكگەرایى سەراپاگیر. بۆ نانسى شتێك لە هونەردا هەیە كە هیچ كەڵكێكى عەمەلى نییە. هونەر ئەو ناپێویستییەیە كە لە پێویستگەرایى سوودخوازانەدا ئاتاجى دەبین، ئەو پێویستییە بێ سوودەیە كە لە ناپێویستییە سوودبەخشەكاندا، پێویستە. پوخت بڵێین: لە بنەڕەتدا هونەرمان بۆ ئەوە پێویستە كە پێویستمان نییە. دەتوانین شتێكى لەم جۆرەى وا نانسى دەربارەى هونەر دەیڵێت، دەربارەى فەلسەفەیش گریمانەى بكەین. هەركەسێك بپرسێت سوودى فەلسەفە چییە؟ ئەوا دەكرێت بێ دوودڵى وەها وەڵام بدەینەوە كە فەلسەفە هیچ سوودێكى ڕاستەوخۆ و حازربەدەستى نییە. بەڵام ئەمە خاڵى هەرە بەهێزى فەلسەفەیە، چونكە ڕێ دەگرێت لەوە فەلسەفە بكات بە “ئامراز”، تەنانەت ئامرازى خەباتیش بەو جۆرەى ئاڵتوسێر دەیویست ببێت. فەلسەفە خۆى وەك كایەیەكى تیۆری ڕووبەرى خەباتە، گوتارەكان تێیدا بەر یەكتر دەكەن، بەڵام فەلسەفە وەك گشتێك ئامرازێكى ڕووتى خەبات نییە بەدەست هیچ هێزێكەوە. لەمەیش پەڕگیرتر، فەلسەفە خۆى ڕووبەرى دژە-فەلسەفەشە. هەندێك لە فەیلەسوفان دژ بە نەریتى باوى بیركردنەوەى فەلسەفى، فەیلەسوفە گەورەكان، مێتافیزیك، سنوورەكانى فەلسەفە و مەرجەكانى وەستاونەتەوە، بەڵام ئەم دژە-فەلسەفەیە نەبووە بە ڕق لە فەلسەفە. بە پێچەوانەوە، فەلسەفەى ناچار بە فرەیى، تازەبوونەوە، كرانەوە كردووە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە نیچە بكەین: نیچە لە فەلسەفەدا دژە فەلسەفەیە، بەڵام هێشتا سەر بە ڕووبەرى فەلسەفەیە، خۆى دەستكاریى بوو لە ڕووبەرى فەلسەفەدا.


 

پەراوێز و سەرچاوەكان:

[1] ڕێبوار سیوەیلى، ترسان لە فەلسەفە، دەزگاى موكریانى، چاپى دووەم، كوردستان، 2013، ل 7.

[2] Louis Althusser: Lenin and Philosop (and other Essays), translated by Ben Brewster, Monthly Review Press, New York, and London, 1971, p. 13.

[3] Ibid., p.21.

[4] كارل ماركس: بؤس الفلسفة، رد على فلسفة البؤس لبرودون، ترجمة: محمد مستجير مصطفى، دار الفارابى-التنوير، الطبعة الرابعة، بيروت، 2010،  ص188.

[5] Louis Althusser: Lenin and Philosophy, p. 23.

 [6]الإمام أبي حامد الغزالي: المنقذ من الضلال- و الموصل الى ذي العزة و الجلال، تحقيق: د. محمد محمد أبو ليلة، د. نورشيف عبدالرحيم رفعت، نشر جمعية البحث في القيم و الفلسفة، واشنطن دى سي، 2001، ص180-181.

[7] Theodor W. Adorno: Essays on Music, selected, With Introduction by Richard Leppert, Translations by Susan H. Gillespie, University of California Press, Berkeley- and Los Angeles/London, 2002, p.501

[8] Ibid., p.502.

[9] زیجمونت باومن، الحداثة السائلة، ترجمة: حجاج أبو جبر، سلسلة الفقه الاستراتيجي 3، الشبكة العربية للأبحاث و النشر، الطبعة الأولى، بيروت، 2016، ص232.

[10] المصدر نفسه، ص233.

[11] Jean-Luc Nancy: Wozu braucht man Kunst? Reimschneider Lectures, Herausgegeben von Carolin Meister, Staatliche Akademie der Bildenden Künste Karlsruhe, 2019, p. 16-17.

هاوشێوە