رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە بارەی فێمێنیزمی ژینگەیی

Facebook
Twitter
LinkedIn

خوێندنەوە و ئامادەکردن: هەڵوێست عەبدوڵڵا کەریم

Download PDF

ڕێگەیەکی ئاسان بۆ ڕوونکردنەوەی فێمێنیزمی ژینگەیی-ئیکۆفێمێنیزم ئەوەیە وەک خاڵی بەیەکگەیاندنی نێوان فێمێنیزم و ژینگە لێی بڕوانین.

فێمێنیزمی ژینگەیی ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکە کە گۆڕانی کەشوهەوا، یەکسانیی جێندەری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، وەک مەسەلەیەکی بنەڕەتیی گرێدراو بەیەکەوە دەبینێت، کە هەمووشیان بە باڵادەستیی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا گرێ دراون. بە تایبەت فێمێنیزمی ژینگەیی پێی وایە زۆربەی پرسە ژینگەییەکان دەتوانرێن بۆ دانانی ئەولەویەتی جیهانی بگەڕێنەوە، بۆ ئەو سیفەتانەی کە بە پیاوسالاری دادەنرێت وەک شەڕانگێزی، زاڵبوون و ئەوانەی کە لە لووتکەی دەسەڵاتدان، ئەو سیفەتانە بەرجەستە دەکەن.

سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە لە فێمێنیزم لە ناوەڕاستی دەیەی حەفتاکاندا تەکانێکی دیکەی بە فێمێنیزم و ئەو مشتومڕانەدا لە بارەی ژینگە، بە تایبەت لە پەیوەندیی مرۆڤ و ژینگە، بەتایبەتتر پەیوەندیی نێوان ژنان و ژینگە لەئارادا بوون.

ئیکۆفێمێنیزم بانگەشەیەکی ڕواڵەتی بەیەکەوەگرێدانی ژن و سروشت نییە، بەڵکو پەیوەندیی بەو واقیعەوە هەبوو کە لە سەدەی 20ەوە ڕووبەڕووی ژینگە، سروشت و مرۆڤایەتی بووەوە. ئیکۆفێمێنستەکان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە لە بنچینەیەکی هاوبەشدا یەک دەگرنەوە، ژن و سروشت لە پەیوەندییەکی پتەودان، ژن بە سروشت و پیاو بە کولتوورەوە گرێ دراوە.

بۆ ئیکۆفێمێنستەکان هەموو بانگەشەکانی ‘پێشکەوتن و پەرەپێدان’ یان کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و دواکەوتوو لە ئاستی جیهانیدا، هەڵقوڵاوی هەناوی سیستمێکی کۆمەڵایەتیی ئابوورین، لە شێوەی پیاوسالاریی سەرمایەداری کە بە لۆژیکی ‘کەڵەکردنی سەرمایە’ دەڕواتە پێشەوە ‘بەدەر لە قازانج و سەرمایەی زیاتر’ هیچی دیکە نابینێت.

لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەی پیاوسالاری لە داپۆسڵینی ژن و سروشتەوە دەست پێ دەکات و هیچ سنوورێک ناناسێت، هەردوو ژن و سروشت لە سەرچاوەی بوون و بەرهەمەوە بۆ پاسیڤ و ناچالاک دەگۆڕێت.

بۆ ئیکۆفێمێنستەکان پیاوسالاری بە دریژایی هەزاران ساڵ دوالیزیمێکی هەڕەمی، سروشت/کولتوور، مرۆڤ/نامرۆڤ، پیاو/ژن بەرهەم هێناوە. جۆرێک لە پلەبەندیی ڕەگەزی و پلەبەندیی چینایەتیی دروست کردووە. لەو پلەبەندییە ڕەگەزییە بەردەوام یەکێک لە سەروو ئەوی دیکەوە دەوەستێت بە شێوەیەک، کولتوور باڵاتر لە سروشت، پیاو باڵاتر لە ژن، ئەو دوالیزمەش تەواوی کلتورو هزری ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی داپۆشیوە.

بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوالیزمی و پلەبەندیی ڕەگەزییە خەمی هاوبەشی ئیکۆفێمێنستەکانە.

سەرهەڵدانی چەمکەکە:

چەمکەکانی “ژن” و ” ژینگەناسی” هاومانا نین. فێمێنیزمی ژینگەیی مانای ئەوە ناگەیەنێت ژنان بە شێوەیەکی سروشتی زیاتر لە پیاوان بە سروشت و ژیانەوە پەیوەستن. پیاو هەیە کە خۆی تەرخان دەکات بۆ بەرگریکردن لە ژینگە و ژنانیش هەن ئەم مەسەلەیەیان بۆ گرنگ نییە. هەرچەندە ئامارەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێمان دەڵێن ژنان زۆرینە پێک دەهێنن لە بزووتنەوە و ڕێکخراوە ژینگەییەکان و بەرگری لە ئاژەڵان.

ئێمە ژنانی “جەنگاوەری ژینگەیی”، وەک بێرتە کاسیرس مان هەیە، لە ساڵی 2016دا کوژراو و ژیانی کرد بە قوربانی بۆ بەرگریکردن لە ژینگە.

ئیکۆفێمێنیزم تیۆرێکە لە بوارە جیاجیاکانی پرسی فێمێنیستی لە بزووتنەوەکانی ئاشتی، بزووتنەوەی کرێکاران، چاودێریی تەندروستی، بزووتنەوە دژە ناوەکی-ئەتۆمی، ژینگەیی و بزوتنەوەی ڕزگاریی ئاژەڵان گەشەی کردووە.

‘فرانس واز دۆبن’ کە فێمێنیستێکی فەڕەنسییە، بۆ یەکەم جار چەمکی ئیکۆفێمێنیزمی ساڵی 1974 بەکار هێنا. ‘گریتا گارت’ و بەشیک لە لایەنگرانی ئیکۆفێمێنیزم، ئەم بزووتنەوەیە وەک چوارچێوەک دەناسێنن، لەسەر بنەمای هەر هەوڵێک بۆ ئازادکردنی ژنان یان هەر گرووپێکی دیکەی چەوساوە، بەبێ هەوڵدانێکی یەکسان بۆ ڕزگارکردنی سروشت سەرکەوتوو نابێت. لێرەدا ئیکۆفێمێنیزم وەک لقێکی فێمێنیزم سەرنج لەسەر ژینگە چڕ دەکاتەوە، لە شیکردنەوەکانیدا پەیوەندیی نێوان ژن و زەوی بە بنەما دەگرێت.

لە لێکۆلێنەوەکەی ڕێبین فەتاحدا دەربارەی ئیکۆ فێمێنیزم کە لە ماڵپەری ژنەفتن بڵاو بووەتەوە، باس لەوە دەکات ئیکۆفێمێنیزم پەیوەندییەکانی نیوان ژن و سروشت بە چەمک دەکات. سروشت وەک کیشەیەکی فێمێنستی سەیر دەکرێت، مەبەستەکە ئەوەیە بە تێگەیشتن لە کێشەکانی سروشت (قەیرانەکانی ژینگە)، دەتوانریت لە کێشەکانی ژنان وەک چەوساندنەوە، هەژار… هتد تێبگەین.

ئەم تێگەیشتنەی ئیکۆفێمێنیزم کە لە توێژینەوەکەدا هاتووە، بەرەو گۆرانێکی ڕیشەیی لەباری ئابووریی بەرهەمهێنان و بەکاربردن و دووبارە پێناسەکردنەوەی چەمکەکان دەمانبات، هەروەک لە بەشێک لە نووسەرانی ئیکۆفێمێنیزم لەسەری کۆکن و چەند پیشنیارێک دەخەنە ڕوو:

– پێویستە دووبارە ئابووری لە کۆمەڵگە بونیاد بنرێتەوە، لەپێناو ژیانێکی باش بۆ هەموان و چەمکی ژیانێکی باش پێناسە بکرێتەوە.

– پێویستە هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە زاڵەکان بگۆڕین و پەیوەندیی پیاوسالاری و توندوتیژی لەناو ببرێت. بۆ نموونە پێویستە چەمکی کار پێناسە بکرێتەوە، لەوانە کاری ماڵ، کاری جووتیاری و خۆبژێوی و… هتد و  بەهایان پێ بدرێت.

فێمێنیزمی ژینگەیی و سەرنجەکانی

سەرچاوە سروشتییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی ئەگەر یان مەحاڵبوونی نوێبوونەوەیان بەکار دەهێنرێن. تاڵانکردن لەو وڵاتانەدا بێسنوورە کە خەڵک و دانیشتوانەکەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورییان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وێرانبوونی ژینگەکەیان.

بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەو کارەساتانەی کە بە هەڵە ناویان لێ نراوە “سروشتی”، چیتر کاریگەرییان تەنها لەسەر ئەو ناوچە جوگرافیانە نییە کە بە شێوەیەکی نەریتی بە دیاردە توندەکانی کەشوهەوا ناسراون، کە بە هۆی زریان، لافاو یان وشکەساڵییەوە وێران دەبن. ئێستا لە نیویۆرک زریانی گەرم هەیە. ئەمڕۆ چوار وەرزی کەشوهەوای مامناوەند لە هەموو جیهاندا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هەروەها وڵاتانی پێشکەوتوو و ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی جیهانیش لایەنی دەوڵەمەندکردنی بێئەندازە و قۆرخکردنی سامان ئەزموون دەکەن. زیادبوونی دیاردەکانی خۆڵبارین و گەرمتربوونی ژینگەکان ڕۆژانە دەبینین و هەستی پێ دەکەین، ئێمە لە ئێستاوە ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی مەترسیدار دەبینەوە، کە بە هۆی سیستمی ئابووریی سەرمایەداریی هەژموونگەراوە دێتە ڕێمان.

بەگشتی ژنان بە شێوەیەکی نەریتی لە چاودێریکردنی ئەندامە لاوازەکانی ناو خێزان بەرپرسیارن، وەک منداڵان، بەساڵاچوان و نەخۆشەکان، گرنگیدان بە کەسانی تر و دەربڕینی سۆزێکی زیاتر.

فێمێنیزمی ژینگەیی سەرنج دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە ژنان بە شێوەیەکی زیاتر کاریگەریی قەیرانەکانی ژینگەیان لەسەر دەبینرێت. بەپێی یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەر ئەوەی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی گشتی سامانی-نەختینەیی کەمتریان هەیە و زیاتر پشت بە سەرچاوەکانی ژینگە دەبەستن. ئەوان ئەگەری ئاوارەبوونیان زیاترە بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و درێژبوونەوەی وەرزەکانی وشکەساڵی ناچارن ڕێگەیەکی دوورتر بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەکان ببڕن، بەتایبەت وەک ئاو.

ئەگەر لە ڕابردوودا داریان لە گوندەکەیان هەبوایە، ئێستا دەبێت چەندین کیلۆمەتر بە پێ ببڕن تا دەستیان بکەوێت. ئەگەر بە ناوی دادپەروەرییەوە پێمان وا بێت دەبێت هەموو مرۆڤایەتی دەستی بە ژیانێکی شایستە بگات، ئەوا دەبێت ئەم مۆدێلە ئابوورییە بگۆڕێت.

سەروەریی خۆراک و کشتوکاڵی ئیکۆلۆژی سەلماندوویانە کە هاوڕێی ئیکۆفێمێنیزمن لە بونیادنانی مۆدێلێکی نوێدا کە نەک تەنها مامەڵە لەگەڵ هاوسەنگیی ژینگەیی دەکات، بەڵکو ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەهێز دەکات.

مۆدێلی گەشەی سەرمایەداریی نوێ کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆجیا و ئابووری دامەزراوە، تەماحکارانە بەرەو کێبڕکێ و گەڕان بە دوای دەوڵەمەندیی بێسنووردا دەمانبات، کە لە خواستی کۆن بۆ دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی مۆدێلێک کە لە ئێستادا نەک هەر ژنان سزا دەدات، بەڵکو لە درێژخایەندا ژیانیشیان وێران دەکات. تیۆرەی فێمێنیستیی ژینگەیی ڕەخنە و بەرهەڵستی ئەم مۆدێلە سەرمایەداری و پیاوسالارییە دەکات.

هەلومەرجی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی سەدەی بیستویەکەم، وا دەخوازێت فێمێنیزم و ژینگەپارێزان ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن. لە لایەکەوە ژنان گەیشتوونەتە خۆئاگایی و هەوڵ دەدەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە بۆ چەندین سەدە لە بەرانبەر بەشداریکردنی تەواویان هەبووە.

کێشە ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی ئێمە داوای شیکردنەوە و ئیدانەکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی پەیوەست بە وێرانکردنی ژینگە دەکەن. لە بەرانبەر جیهانگیریی نیولیبراڵدا، ڕەخنەگرانی ئیکۆفێمێنیزم داوای ئیکۆدادپەروەری دەکەن.

ژنانی هەژار یەکەم قوربانیی قەیرانەکانی ژینگەن کە وەک کرێکار کاڵا گرانبەهاکان بەرهەم دەهێنن و لە جیهانی پێشکەوتوودا دەفرۆشرێن.

ڤاندانا شیڤا (1995) بە دروستی ئاماژەی پێ کردووە، ژنانی گوندنشین لە هیندستان لە ئاستی بژێویی نزمدا دەژین، کوالێتیی ژیانیان بە شێوەیەکی کارەساتبار دابەزیوە، لەگەڵ هاتنی ئیستغلالکردنی “عەقڵانی” کە ئامانجی بازاڕی نێودەوڵەتییە.

ئەگەر نزیکترین نموونە وەربگرین، خۆپیشاندان و ڕژانە سەر شەقامی ژنانی شارەکانی هەولێر و ناوچەکانی ترە لە هاوینی ڕابردوو بە هۆی دروستبوونی قەیرانەکانی بێئاوی، ئەوان ڕاستەوخۆ زیانمەند بوون، وەک باسیان دەکرد ژنان دەبوو تا بەیانی بەدیار بۆریی ئاوەوە دابنیشن یان بە سەتڵ و تەنەکە ئاو پڕ بکەن، ئەمەش بە هۆی ئەو دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەی کارەوەیە لەسەر بنەمای جێندەری. هەر بۆیە ئەوەی لەم خۆپیشاندانانە بوونە پێشڕەو، ژنان بوون نەک پیاوان.

ئیکۆفێمێنیزم بەشوێن ڕیشەکێشکردنی سیستمی سەرمایەداریی پیاوسالارییەوەیە لەپێناو ئازادبوونی ژن و سروشتدا. هەر بۆیە ئەمڕۆ فێمێنیزمی ژینگەیی لە جیهاندا لە فراوانبووندایە، بەتایبەتی لە نێو ژنانی گەنجدا.

سەرچاوەی خوێندنەوە و ئامادەکاری:

1.ئیکۆ فێمێنیزم، ڕێبین فەتاح، وەشانی ژنەفتن، 2021.

What is Ecofeminism? Alicia H. Puleo 2..

Ecofeminism as politics, Ariel Salleh3..

هاوشێوە