رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەخلاقی ناتوندوتیژی

Facebook
Twitter
LinkedIn

ڕامین جەهانبەگلو

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

فەیلەسووفی سەدەی بیستەمی ئەمریکی، ئێمیرسن دەڵێت: “ئەو شتەی لە پێش ئێمە و لەدوای ئێمەوە ڕوودەدات، هێندەی ئەو شتەی لە دەروون و ناخی ئێمەدایە گرنگ نییە.”هەروەک ئێمانوێل کانت دەڵێت کاتێک تەماشای ئاسمان دەکەین بەدوای ئەستێرەکان دەگەڕێین و کاتێکیش سەیری دەروونمان دەکەین بەدوای یاسا و هێزە ئاکاری و ئەخلاقییەکان دەگەڕێین. کەواتە لە ناخ و دەروونی ئێمەدا هێزێکی ئەخلاقیی شاراوە هەیە کە زۆر جار بە ویژدان ناویشی دەهێنین، کە هەر هەمان هێزی ئاکاریی ناخمانە. زۆر قسەوباس سەبارەت بە ئاکار و ئەخلاق لەئارادایە. ئەو کەسانەی کە فەلسەفەیان خوێندووە دەزانن جیاوازییەکی ئۆنتۆلۆجی سەبارەت بەوەی کە هەیە و بەوەی کە دەبێت هەبێت، لە ئارادایە. بەڵام فەیلەسووفەکان زیاتر قسە لەسەر ئەو شتە دەکەن کە هەیە. بەڵام لە بەشێکی دیکەی فەلسەفە، کە فەلسەفەی ئەرستۆ و سەدەکانی ناوەڕاستی پێدەڵێن چەقی پرس و حیکمەت و بیرکردنەوەیان ئەخلاقە. هەربۆیە پێشی دەگوترێت فەلسەفەی پراکتیکی کە قسە لەسەر ئەو شتە ناکات کە هەیە بەڵکوو قسە لەسەر ئەو شتانە دەکات کە دەبێت هەبن. پرس و موژارە دێرینەکان بەگشتی لەسەر ئەو شتانە بوون کە دەبێت ژیان چۆن بێت، فەزیڵەتمان هەبێت یاخود نا؟ ئایا هاوسۆز بین یاخود نا؟ چونکە ئێمە لەگەڵ فەزیڵەت و هاوسۆزی نایەینە دنیاوە، کەواتە باسی “بوون”ـی ئێمە نییە. بەڵکوو کێشەکە ئەوەیە کە چۆن بتوانین ببین بەوەی کە دەبێت هەبێت؟

لە پەیوەندیدا بە ئەخلاقی ناتوندتیژییەوە، بێگومان باسەکەمان لەسەر ئەو پرسیارەیە کە بۆچی توندوتیژی بوونی هەیە؟ بەڵام لەوەش گرنگتر پرسیارەکە بریتییە لەوەی کاتێک قسە لەسەر ڕەهەندە ئەخلاقییەکەی دەکەین، چۆن دەتوانین ئەو توندوتیژییە بگۆڕین کە هەیە؟ کەواتە لەلایەکەوە باسەکەمان ئەوەیە کە توندوتیژی بوونی هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە بۆچی دەبێ توندوتیژی بوونی نەبێت. هەر لێرەدایە کە توندوتیژی دەبێتە پرس و باسێکی ئەخلاقی. بۆچی دەبێت ناتوندوتیژی هەبێت و توندوتیژی نەبێت؟ بۆچی و چۆن ئێمە دەبێت توندوتیژ نەبین؟ هەربۆیە ناتوندوتیژی تەنیا بە وتنی نەخێر نییە بە توندوتیژی. لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەتێگەیشتنێکە کە زۆربەمان ڕووبەڕووی بووینەتەوە و پێمان وایە لەو شوێنەی کە نەخێرێک بە توندوتیژی دەڵێین، واتای ئەوەیە کە ئێمە ناتوندوتیژین. ناتوندوتیژی تەنیا بریتی نییە لە “نا” گوتن بە توندوتیژی. بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا بریتییە لە ڕوونکردنەوەی تێڕوانینێکی تایبەت بە ژیان و بڵاوکردنەوە و هاندانی ئەم شێواز و پەروەردە فیکری و فەلسەفییە و بەکارهێنانی هەندێک دەق و تەکنیک و ستراتیژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هاونیشتیمانی، لەپێناو دروستکردن و بەدامەزراوەییکردنی هەندێک مافی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. بابەتی ناتوندوتیژی هەر ئەمەیە، هەر لەم قسەیەی مندا کە من بەشێوەی فیکری-فەلسەفی گوتم، ئێمە دوو ئاڕاستەی جیاواز بەدی دەکەین. یەکێکیان فیکری-فەلسەفی و ئەخلاقی و ئایینی و ئاڕاستەکەی دیکەش کە بریتییە لە بەشی ستراتیژی. لەبەرئەوەی باسی تەکنیک و ستراتیژیمان کرد، کەواتە ناتوندوتیژی دوو ڕەهەندی سەرەکیی هەیە. ڕەهەندی یەکەم فەلسەفەی ئەخلاقی و ڕەهەندی دووەم لە زمانی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسیدا ڕەهەندی پراگماتیکە.

دوو ڕەهەندە سەرەکییەکەی ناتوندوتیژی

کاتێک هەڵوەستە دەکەین لەسەر ڕەهەندی فەلسەفی دەبێت بڵێین ئامانج لە ناتوندوتیژی چییە؟ چ ئەوەی لای چەند ئایینێکی وەک بودیزم جاینیزم و هیندۆییزم، چ لای چەند کەسێکی وەک گاندی، لۆتەرکینگ و دالای لاما و ئەوانی دیکە، پرس و موژاری بنەڕەتی ئەوان چییە؟ ڕێک دەڵێن ڕێزگرتن لە “بوونی ئەویتر”. ڕەنگە ئەم ئەویترە مرۆڤ بێت، ڕووەک بێت، ئاژەڵ و گیاندار بێت. هەرچۆنێک بێت بابەتی سەرەکی لەم ڕەهەندەی فەلسەفەی ناتوندوتیژییەدا واتا ئازارنەگەیاندن بە ئەوی دی چ لەڕووی فیکرییەوە بێت چ لە پراکتیکدا بێت. ئەم جۆرە ئەخلاقییەش لەناو بودیزمدا ئامادەیی هەیە. کاتێک ئەخلاقی بوودایی دەڵێت چ لە ڕووی کردار و چ لەڕووی بیرکردنەوەدا نابێت ئازاری ئەویدی بدەین. واتە فیکری فەلسەفی، ئایینی و ئەخلاقی ناتوندوتیژی. هەندێک لە پەروەردەکانی ئەخلاقی ناتوندوتیژی بەرەو جۆرێک لە هاودڵی، هاودەنگی لەگەڵ سروشت و مرۆڤ بانگهێشتمان دەکەن. لەڕاستیدا زۆرێک لەم بیروبۆچوونانە کاتێک بەرەو ئەم هاوسۆزییە لەگەڵ مرۆڤەکانی دی بانگهێشتمان دەکەن، بانگهیشتەکە بەرەو سرووشت و بوونەوەرەکانی دیکەشە، وەک بودیزم. کەواتە ڕێزگرتن لە کەرامەت و پێگەی بوونەوەرەکانی دیکە لە بنەڕەتدا لەڕووی فەلسەفە و فیکرییەوە بناغەی ئایدیای ناتوندوتیژییە. کەواتە ئەگەر بۆچوونێکی لەم شێوەیەمان هەبێت و بەم جۆرە هەڵسەنگاندن[ بۆ پرسی ئەخلاقی ناتوندوتیژی] بکەین، ئەوا دەگەین بە کوێ؟ ئێمە دەزانین کە ناتوندوتیژی و فەلسەفەی دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی دەیەوێت پەیوەندییەک لەنێوان ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژیانی ئەخلاقیماندا دروست بکات.  ئەم دوو لایەنە لەیەکتر جیانابنەوە، هەروەک خەباتکارانی ناتوندوتیژی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی زۆربەیان لەو باوەڕەدان کە سیاسەت بەبێ ئەخلاق مەحاڵە، ژیانی کۆمەڵایەتی بەبێ ئەخلاق مەحاڵە، دروستکردنی خێزان بەبێ ئەخلاق مەحاڵە، بەڵام بۆچی وا دەڵێن؟ لەبەرئەوەی ئەگەر ئێمە بمانەوێت لەڕوانگەی فەلسەفی-سیاسییەوە تەماشای بکەین، کێشەکەی ئەوان کیشەی فرەییە لە ژیاندا. بەو شێوەیەی کە ئەوان ژیانمان بۆ وەسف دەکەن ئەوەیە کە ژیان شتێکی فرەلایەن و هەمەڕەنگە. ژیان مۆنۆلۆگ و تاک ئایدیای و تاک گوتاری نییە. لەڕاستیدا ژیان دیاردەیەکی پۆلۆرالیستی وفرەییە. وەک هانا ئارێنت ئاماژەی بۆ دەکات و دەڵێت ئێمە لە جیهانێکی دەستەجەمعیدا لەدایک دەبین. ناتوندوتیژگەراکان هەنگاوێک زیاتر هەڵدەگرن و دەڵێن ئێمە لە گەردوونێکدا لەدایک دەبین کە ئەم گەردوونە بۆخۆی خاوەنی هارمۆنییەکە و نەک بە تەنیا مرۆڤ، بەڵكوو لە بوونەوەری زیندووی دیکەش دروست بووە. کەواتە بابەتی زەروورەتی ژیان لە فرەییدا گرنگە و ئەو ژیانەش لە فرەیی خۆیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان فرەییشە لە ژیاندا. ئێمەش لەناو ئەم (کۆ)ـیەدا دەژین، پۆلۆرالیستی دێێنەوە ناو ژیانەوە. جیاوازی ناتوندوتیژی لەگەڵ فەلسەفەی توندوتیژ و ستەمکاریدا ئەوەیە کە ئەوان دەیانەوێت ڕێگە لەم پۆلۆراستی و فرەییە بگرن.

فرەیی لە ژیاندا واتای چییە؟

ئەگەر بپرسین فرەیی لە ژیاندا واتای چییە؟ واتا پێداگری لەسەر مانا و چەمکی جۆراوجۆر لە ژیاندا و جۆرێک دروستبوونی گفتوگۆ لەنێوان ئاسۆ جیاوازەکاندا، واتا ئێمە لە ژیاندا ئاسۆ و ڕەهەندی فیکری جۆراوجۆر و جیاوازمان هەیە. ئەم ئاسۆیانە دەخەینە لای یەک. ناتوندوتیژی بڕوای بە (هێرمۆنتیکی ئاسۆکان) هەیە، بڕوای بەوە هەیە کە ئاسۆ جیاوازەکان بوونیان هەیە و دەتوانن پێکەوە گفتوگۆ بکەن.

کەواتە لە چوارچێوەی ناتوندوتیژیدا ئێمە دەبێ قسەلەسەر ئاسۆیەکی کراوە بەسەر بەها و ئامانجە ئەخلاقییەکاندا بکەین. بەپێی فەلسەفەی کانت و ئایزا بەرلین ئەم ئامانجانە و ئەم بەهایانە بەریەکتر دەکەون بەڵام هەمیشە ناکۆتان. واتە هەرگیز یەکێک لەم تێڕوانینە فەلسەفی یاخود بەها و ئامانجانە خۆی بەسەرئەوەیتردا ناسەپێنێت. ئەگەر وابێت بەتەواوی فەلسەفەیەکی ئایدۆلۆژی و توندوتیژ دروست دەبێت. کەواتە هیچ پێوەرێک لەسەر پێوەرێکی تر باڵادەست نابێت. لێرەدا پرسیارێک دێتەبەردەممان، لە حاڵەتێکی لەمجۆرەدا چۆن ناتوندوتیژی دەتوانێت چوارچێوەیەکی فیکری و ئەخلاقی بێت و لە فەلسەفەکانی دیکە لامان باشتر بێت؟

لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین کە ناتوندوتیژی پێداگری لەسەر بنەڕەتەکانی ئەخلاق کە گرەنتییەکە بۆ مانەوەی ئەم بیروباوەڕ و بەها و نۆرم و تێڕوانینانە. کەواتە ناتوندوتیژی باشترین چوارچێوەی فەلسەفییە کە دەتوانین ببینە خاوەنی ئەم فرەبۆچوون و فرەباوەڕییە. دەتوانین فرەیی بیروڕا، حیزبی و کرداریمان لەم چوارچێوەیەدا هەبێت. بەڵام دیسان دەڵێن کە دیموکراسیش هەر ئەمە دەکات، کەواتە چۆن دیموکراسی لە ناتوندوتیژی جیابکەینەوە؟ ڕاستە کە ئەمە کاری دیموکراسیشە، بەڵام چەمکی دیموکراسیش هەر وەک چەمکی ئازادی ناڕوون و تەمومژاوییە، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ دیکتاتۆرەکانیش بەخۆیان دەڵێن دیموکرات. بەڵام ناتوندوتیژی و دوورکەوتنەوە لێی بەهیچ شێوەیەک تەمومژاوی نییە و لەڕاستیدا یەکێک لە بنەڕەتەکانی دیموکراسی ئەوەیە کە توندوتیژی کورت بکاتەوە. واتە دیموکراسی کاتێک دیموکراسییە کە یاسای لەسێدارەدان هەڵبوەشێنێتەوە، کە دژی هاوڵاتیانی خۆی توندوتیژ نەبێت، کە یاسای نادادپەروەرانە نەچەسپێنێت. هەموو ئەمانە پێكەوە دەبنە هۆکاری ئەوەی دیموکراسی دیموکراتتر بێت. هەر ئەم دیموکراسییە ئەمریکییەی کە دەیبینین، بەدرێژایی سەدەی بیستەم زیاتر و زیاتر هەوڵیداوە خۆی دیموکراتتر بکات. بۆ نموونە مافی ڕەشپێستەکان، کە بەهۆی چەند بزووتنەوەیەکی ناتوندوتیژی وەک بزووتنەوەکەی مارتن لۆتەرکینگ ویلایەتە یەکگرتووەکان گەیشتنە ئەو بڕیارە. هەربۆیە ناتوندوتیژی ڕەنگە لە ئاستێکدا ڕەتکردنەوەی توندوتیژی بێت بەڵام ڕەتکردنەوەی خەبات، تەکلیف و ئازایەتی و بەرپرسیارێتی نییە. بێگومان وانییە، چ لە ڕەهەندی ئایینی، فەلسەفی و ئەخلاقیدا و چ لە ڕەهەندی ستراتیژی ئێمە هەمیشە لەبەردەم ئازایەتی و خەبات و بەرپرسیاری ئەخلاقیداین. چالاکوانە مەدەنییەکان کە دژی ناتوندوتیژین هەمیشە لە خەباتدان، خەبات بەمانای لەناوبردن نایەت، بەڵکوو بەمانای کامڵبوون و پەیوەندیکردنە لەگەڵ ئەویتردا. ئێمە کاتێک دەبینە بەشێک لە تۆڕبەندی هاوڵاتیبوون لەگەڵ ئەوانیتر مامەڵە دەکەین و پەیوەندیمان هەیە. تەنانەت کاتێک ئێمە دەڕۆین و بەشداریی خۆپیشاندان دەکەین تا مافی خۆمان وەرگرین، دیسان هەر ئەم کارە ئەنجام دەدەین، واتا سەرەڕای ئەوەی دژ بە شتێک خەبات دەکەین بەڵام هاوکات ئەم دژبوونەش لەگەڵ ئەویتر و لەڕێی پەیوەندی لەگەڵ ئەویتردا دێتەبوون.

ئازایەتی خەباتکردنە دژ بە ترس

ئازایەتی بەشێکی زۆر گرنگی ناتوندوتیژییە. بەڵام ئازایەتی لە ڕەهەندی فەلسەفەی ناتوندوتیژی بەمانای چی دێت؟ ئازایەتی خەباتە دژی ترس. هەموو ڕابەرانی بزووتنەوەی ناتوندوتیژیی وەک گاندی، لۆتەرکین و ئەوانی دیکەش هەموویان باس لە ئازایەتی دەکەن وەک خەباتێک دژی ترس. بۆچی؟ لەبەرئەوەی پێیانوایە هیچ شارستانیەتێک لەسەر بنەمای ترس پیشناکەوێت. ئێمە کاتێک باسی شارستانێتییەکان دەکەین، دەزانین کە نە بەهۆی ترسەوە پیشدەکەون و نە بەهۆی توندوتیژییەوە. مارتن لۆتەرکینگ پێیوابوو کە ئازایەتی هێزی زیهنە بۆ ملکەچکردنی ترس. کەواتە ناتوندوتیژی بەبڕوای من هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان بەم ترسە نەک کۆتایی ململانێی نێوان مرۆڤەکان. نایەوێت ململانێ لەناوببات، بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ لەنێوان ئامانج و بەها ئەخلاقییەکانیش نییە. بەڵکوو خۆی ئامادەسازییەکە بۆ دروستکردنی ململانێی ئاشتیانە لەنێوان ئامانجە ئەخلاقییەکاندا. لەڕاستیدا ناتوندوتیژی لایەنگری فرەیی و فرەخوازەیی بەهاکانە. بەڵام ئەم فرەییەش بێگومان لەسەر بنەمای ترس و باڵادەستیی کەسێک بەسەر کەسێکی دیکەوە نایەت. ناکرێت لەسەر بنەمای توندوتیژی بێت. یەکێک لەو ڕەخنانەی کە هەمیشە دەخرێتە ڕوو ئەوەیە کە ئێمە هەرکاتێک ناتوندوتیژ بین پێمان دەڵێن مرۆڤێکی پاسیڤ و ترسنۆک. بەڵام لەڕاستیدا ڕێک بەپیچەوانەوەیە، وەک گاندی دەڵێت ناتوندوتیژی شایستەی ئەو کەسانەیە کە لەڕووی ڕۆحییەوە بەهێزن نەک ئەوانەی کە دوودڵ و لەرزۆکن. بەڵام بابەتی سەرەکیی ئەوەیە کە ئێمە لە هەر ئایدۆلۆژیایەک، ڕێبازێک، پەروەردەیەک، پەیوەندیی مرۆڤیی و خێزانی و خۆشەویستی، کاتێک کە توندوتیژی بەکاردەبەین، کێشەی باڵادەستی و ملکەچی دێتەئاراوە و دەبێ وەک دەسەڵات تەماشای بابەتەکە بکەین. دەسەڵات بەسەر ئەویتردا.. بۆ گیانداران و ڕووەکەکانیش کاتێک لەناویان دەبەین دەمانەوێت ئەوە بسەلمێنین کە مرۆڤ باڵادەستە و دەتوانێ خاوەنی دەسەڵات بێت. وەک دیکارت کە پێیوایە دەکرێت خاوەن و سەروەری سروشت بێت. تەکنەلۆژیا بەم جۆرە خۆی دەناسێنێت. دەڵێت من هێزی ئەوەم هەیە کە بۆمبی ئەتۆمی دروست بکەم، لەبەرئەوەی تاکە فەلسەفەیەک لە پشتی منەوەیە، فەلسەفەی دەسەڵاتگەرییە. بەپێچەوانەی ناتوندوتیژی کە گوتەزایەکی ئەخلاقییە کە پێداگری لەسەر فەزایەکی هاوبەش دەکات و ئەگەر نەمانەوێت وشەی پێکەوەژیان بەکاربهێنین، دەتوانین بڵێین کە فەزایەکی هاوبەشە کە من و ئەویتر پێکەوە و لەگەڵ یەکترداین. پێویست ناکات من “بوون”ـی خۆم بەسەر ئەویتردا بسەپێنم و هەربۆیە فەلسەفەی ناتوندوتیژی لەسەر بنەمای فیکری-فەلسەفی نەبوون بە خاوەنی جیهان دانراوە.  جیهان لەژێر دەسەڵاتی تاک و مرۆڤدا نییە، لە هیچ ڕەهەندێکدا، نە ڕەهەندی بوونگەرایی، ماتڕالیستی، دیاردەناسی و ئەخلاقی، مرۆڤی خاوەن و دەسەڵاتداری جیهان نییە.

ناتوندوتیژی وەک ستراتیژ

لێرەدا دەگەینە ڕەهەندی دووەمی ناتوندوتیژی کە ئەم فەلسەفەیە کامڵ دەکات و بریتییە لە ناتوندوتیژی وەک ستراتیژ. واتا کاتێک دەمانەوێت بچینە ناو پەروەردەی ناتوندوتیژییەوە، چۆن بەگژ مەیلی خاوەنداریی جیهاندا بچینەوە؟ چۆن دژایەتیی نادادپەروەری و نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایتی دەوەستینەوە؟ ئێمە چۆن ڕووبەڕووی دەستەڵاتەکان خەبات بکەین؟ ئەم دەستەڵاتانەش تەنیا دەستەڵاتی سیاسی نین، بەڵکوو دەستەڵاتی سەرمایەداری، تەکنەلۆژی و گەندەڵیشن. ئەم ڕەهەندە بەدوای کۆمەڵێک میکانیزمەوەیە بۆ گەشەسەندن و باڵاکردنی ئەخلاقی و دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە تێیدا توانای لابردنی دەستەڵاتی نادادپەروەرانەمان هەبێت و کەمترین پێگەی دەستەڵاتگەریی تێدا ئامادەبێت. ئەم ویستەش بەهیچ شێوەیەک خواستێکی یۆتۆپیانە نییە کە نایەوێت کۆمەڵگەیەکی چینایەتی و لێکدابڕاو دروست بکات. لەڕاستیدا ئەوەی لە فەلسەفەکانی ناتوندوتیژی و ستراتیژییە سیاسییەکاندا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە هێدی هێدی بەرەو پیشەوە دەڕوات و ئەگەر بگاتە بنبەست دیسان دەگەڕێتەوە و لەڕووی فکرییەوە کار لەسەرخۆی دەکات و دیسانەوە خۆی دەخاتە سەر تەختی شانۆ. دەتوانین ئەم میکانیزمانە و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەخلاقی مەدەنیدا لە بنەڕەتەکانی ناتوندوتیژیی ستراتیژیدا ببینین. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەم میکانیزمانە گرنگن؟ لەگەڵ فیکر و فەلسەفەی ناتوندوتیژیدا، چەند ستراتیژییەکی جەبرگەرا وەک ئاڕاستەی شۆڕشگێری و کودەتا و…هتد بوونی هەیە و لەوێدا کە ئەم ئایدۆلۆژیا و شێوە بیرکردنەوانە، جەماوەر، بەپێچەوانەی ئەوەی کە دەیڵێن، لەبەرامبەر خۆیان دەوڵەت و ئەو حکومەتانەی کە لە دژیان خەبات دەکەن، لە بەرگری دادەماڵن، خەڵک بەرەو سێکتەریزمێکی عەقیدەیی پەلکێش دەبێت. چونکە ئەو جەماوەرەی دەیانەوێت بەرگری لەمانە بکەن لەڕووی فیکرییەوە بەتەواوی هیچ کەرەستەیەکی بەرگرییان نییە و نازانن چی بکەن. بەڵام شێوازی خەباتی ناتوندوتیژ لە بنەڕەتدا پرسی سەندنەوەی شەریعەتە. واتا ئێمە دەمانەوێت شەریعەت لەو کەس و گرووپ و لایەنانەی کە دەیانەوێت جیهان داگیربکەن و ببنە خاوەنی و دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن، وەربگرینەوە. شەریعەت لە یاسای نادادپەروەرانە و حکومەتە دیکتاتۆرەکان وەربگرینەوە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە چەند کەسێکی وەک مارتن لۆتەرکینگ، ئان سانگ زۆچی، گاندی و ماندێلا بکەین. بەتایبەتیش تێزەکانی (جین شارپ) کە پرسەکەی ئەو تەواو جیاوازە. شارپ نە بناغەی ئایینی هەیە و نە فەلسەفی و نە لەڕوانگەی ئاکاریشەوە لەم بابەتە دەڕوانێت. بەڵکوو ئەو تەنیا لەڕووی پراگماتیکی و ستراتیژییەوە سەیری ئەم بابەتە دەکات و ئەو باسانەی لە کتێبەکەیدا دەیخاتەڕوو ئەوەیە کە چۆن شەریعەت لە حکومەتێک وەربگرینەوە و هێزی کردەی سیاسی بۆ خەڵک بگەڕێنینەوە. ئەمە ئەو شتەیە کە ڤاسلاف هاڤێل پێیدەڵێت دەوڵەتی بەهێز! ئەو کەسانەی کە هیچ هێزێکیان نییە و بێ چەکن، چۆن دەتوانن وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنی شەرعیەتی ئەخلاقی بۆخۆیان دروستبکەن و چۆن دەتوانن خۆیان ببن بە هێز و دەستەڵات؟ دەستەڵاتێک کە بتوانێت دەستەڵاتی ناوەندی لەناوببات، واتە سوڵتەگەرایی لەناوببات یاخود کەمی بکاتەوە.

ناتوندوتیژی میتۆدی ژیان نییە

بێگومان ئێمە لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ هەموو شێوازەکانی خەبات کە ناتوندوتیژی و ئەخلاقی ناتوندوتیژییان بەدیهێناوە. واتا چەند بەشێک لە بیرۆکراتی، دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و سووپا لەدژی خۆی بەکاربباتەوە و بەجۆرێک لاواز و کەمڕەنگی بکات.  واتا کارێک بکات کە سووپا و پۆلیس و کەسانێک کە بەرگری لەو دەسەڵاتە سیاسییە دەکەن خۆیان بگەڕێنەوە و بڕۆنە بەرەکەی ترەوە و دواجار دەتوانین بڵێین کە ناتوندوتیژی ستراتیژی تەکنیکە و میتۆدی ژیان نییە. وەک چۆن ئەو کەسانەی کە لە بزووتنەوە ناتوندوتیژییەکانی میسڕ و پراگ و شوێنەکانی دیکە خەبات دەکەن، مەرج نییە وەک گاندی بژین و ڕەنگە هەر بڕواشیان بەو شێوەژیانە نەبێت. بەڵام فێری ئەو تەکنیکە ستراتیژییە بوون کە چۆن بە میکانیزمی ناتوندوتیژی گۆڕانی کۆمەڵایەتی دروست بکەن. بابەتی سەرەکی لەگەڵ ئەو فەلسەفەیەدا ئەوەیە کاتێک هەردوو ڕەهەندەکەمان پێکەوەدانا بێگومان سەردەکەوین، واتا ئێمە سەرمایەیەکی ئەخلاقی و سەرکردایەتی بەهێز وەک ماندێلا و گاندی و لۆتەرکینگ و ئانس سانک زۆچیمان هەیە کە هەردوو ڕەهەندەکە پێکەوە بەکاردەهێنن. هەم ناتوندوتیژی فیکری و ئەخلاقی و هەم تەکنیک و میکانیزمەکان. هەردوو ئاڕاستەکە بەرەوپیش دەبەن و سەردەکەون، چونکە بۆ خەڵکی دەبێتە مۆدێلێک. بەڵام دروستبوونی ئەم دۆخە زۆر دەگمەنە، نەبوونی بەرنامە و پلانی چۆنیەتی ڕۆیشتن بەرەو دیموکراسی ئەگەر ئەو میکانیزمەی لەگەڵ نەبێت، خۆی دەشێت ببێتە سیستمێکی دەستەڵاتی نوێ. بۆچی؟ لەبەرئەوەی دەسەڵاتخوازن. کەواتە گەشەسەندنی ستراتیژی ناتوندوتیژی بەبڕوای من پێویستی بە چوارچێوەیەکی ورد بۆ هەندێک ئامانج و کاری گرنگە کە دەشێت سەرچاوەی فەلسەفی و ئەخلاقیشیان هەبێت.

١. هێزی دیکتاتۆرەکان چۆن و بەچی شێوە و ڕێگەیەک دروست دەبێت؟ ئەمە پرسیارێکە کە خەباتکارانی ناتوندوتیژی لەخۆیان دەپرسن.

٢. هێزی دیموکراسیانەی خەڵک لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت و شکڵ و شێوەی وەردەگرێت؟ لە کوێوە دێت و سەرچاوەکانی چییە؟

٣. ئایا هەمووان، بەبێ هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی و..هتد، دەتوانن خەباتی ناتوندوتیژی ئەنجام بدەن یاخود ناتوانن؟ و تا چ ئاستێک خەباتی ناتوندوتیژی توانای ئەوەی هەیە خەڵک لەخۆی کۆبکاتەوە و ڕێکیان بخات؟

٤. خەڵک و کۆمەڵگە تا چ ڕادە و ئاستێک دەتوانن میکانیزمەکانی ناتوندوتیژی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی کۆمەڵگە بەکاربهێنن؟

ئەگەر سەرنج بدەین، بابەتی ناتوندوتیژی تەنها کەوتن و لەناوبردنی حکومەت نییە، بەڵکوو کارەکەی تازە و لەدوای لابردنی حکومەتی نادادپەروەرانەوە دەستپێدەکات. یەکێک لە گرنگترین ڕەهەندەکانی بابەتی دادپەروەری پرس و بابەتی دادپەروەریی نۆژەنکارە، واتا تێپەڕین بەرەو دیموکراسی بە دادپەروەرییەکی چاکسازیتێداکراو و ڕێکخراو. تێپەڕین بەرەو دیموکراسی بە ئاشتەوایی نیشتیمانی و بەخشندەییەوە[1]، بە هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لە سێدارەدان. هەموو ئەمانە پێکەوە چەند بابەتێکن کە دوورکەوتنەوەی لە توندوتیژی و ئەخلاقی ناتوندوتیژیی لێدەکەوێتەوە و دەیخاتە سەر مێز و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات. ئەم چەمکانە دەبنە هۆی ئەوەی کە ئێمە بڵێین فەلسەفەی ناتوندوتیژی بە زمانێکی نوێی سیاسی-کۆمەڵایەتی دێتە سەر تەختی شانۆ. ئەم زمانەش نەک بە تەنها ڕەفتاری ئەخلاقی و ئاکاریمان دەگۆڕێت، بەڵکوو داوامان لێدەکات ڕەفتارێکی هاونیشتیمانیانەی نوێمان هەبێت و لێرەدایە کە خەباتی ناتوندوتیژی سەردەکەوێت.


[1] سەبارەت بە پرسی بەخشین و لێبوردن، خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە وتاری هەمان نووسەر لەژێر ناونیشانی “ئەخلاق و لێبوردن”

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە