رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئەخلاق و لێبوردن

Facebook
Twitter
LinkedIn

بەشی دووەم

ڕامین جەهانبەگلوو

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

لە سەرەتای باسکەماندا ڕەنگە لەگەڵ یەکەم بەرکەوتندا لەگەڵ چەمکی لێبوردن، بەر دیو و ڕەهەندە ئایینییەکەی بکەوین. واتا کاتێک قسە لەسەر ئەم چەمکە دەکەین زیاتر لەناو ئایینەکاندا باسکراوە و هەڵوەستەی لەسەر کراوە. بەڵام مەبەستی ئێمە لێرەدا ڕەهەندی فیکری و فەلسەفیی ئەم چەمکەیە.

بێگومان لێبوردن بە واتای بەخشینی سزادان نایەت. کاتێک ئێمە دەمانەوێت بڵێین لە کەسێک دەبورین و دەیبەخشین، مەبەستمان ئەوە نییە چاوپۆشی لە هەڵە و تاوانەکانی ئەو کەسە بکەین کە ئەنجامیداون. دەبێت ئێمە هەر لە سەرەتاوە هەردوو چەمکی “لێبوردن” و “ڕەحمەت و بەزەیی” لەیەکتر جیابکەینەوە. لێبوردن هەستێکە کە ئێمە بەرامبەر تاوانبار و ئەو کەسەی هەڵەی بەرامبەرمان کردووە هەمانە. واتا ئێمە خودی کرداری تاوانەکەمان بەلاوە هەڵە بێت، بەڵام هیچ هەستێکی نەرێنی و نێگەتیڤمان بەرامبەر خودی کەسی تاوانبار نەبێت، کاتێک دەڵێم هەستی نێگەتیڤی مەبەستم لە تۆڵە و کینە و…هتدە. بە واتایەکی دیکە شەڕی ئێمە لە دژی هەڵە و تاوانەکەیە کە ڕوویداوە نەک لەناوبردنی تاوانبار. کاتێک ئێمە قسە لەسەر چەمکێکی وەک ڕەحمەت دەکەین، لەناو چوارچێوەیەکی ئایینیدا هەڵوەستەمان لەسەری کردووە. هەروەها دەبێت ئاگاداری ئەوەش بین کە ڕەحمەت چەمکێکە لەلایەن خوداوە پێمان دەبەخشرێت، وەک دەشزانین ڕەحمەت یەکێکە لە سیفەتە سەرەکییەکانی خودا لەناو قورئاندا. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، بە بڕوای من لێبوردن ڕەهەندێکی مرۆیی هەیە، بەو مانایەی کە لێبوردن مرۆییە و ڕەحمەت ئیلاهی. ئێمە لە کایەی یاسایی و فەلسەفی و فیکریدا باس لە چەمکی ڕەحمەت ناکەین، چونکە لێبوردن لە زەمەنی مرۆیی و لە زەمەنی مرۆڤەکاندا ڕوودەدات. لێبوردن لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکان و لەنێوان مرۆڤەکاندا دێتەکایەوە، لێبوردن پەیوەستە بە ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە کردەی مرۆڤەکاندا دروست دەبێت. ئەم جیاکارییەش باسەکەمان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە.

هەروەک گوتم چەمکی لێبوردن بە واتای زاڵبوون و ملکەچکردنی کەسایەتیی مرۆڤێک نییە، بەڵکوو زاڵبوونە بەسەر ڕق و تۆڵە و هەموو هەستە نێگەتیڤەکانی دیکە کە بەرامبەر کەسەکە هەمانە. لێرەوە لایەنی پۆزەتیڤی بەخشین و لێبوردن، ئارەزوویەکە بەرەو ئاشتی. کاتێک ئێمە دەڵێین دەمانەوێت لە کەسێک ببورین ئەمە لەپێناو ئاشتەواییدایە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگادا. لێرە لێبوردن لە ڕەهەند و کایەی سیاسی و یاساییدا گرنگیی خۆی وەردەگرێت.

لێبوردن وەک فەزیڵەتێکی سیاسی

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆسەر باسەکەی پیشوو کە لەسەر بابەتی ئەخلاق کردمان دوو ئاڕاستەمان جیاکردەوە: واتا ئەخلاق وەک فەزیڵەت وەک ئەوەی لای ئەریستۆ دەیبینین، یاخود ئەخلاق وەک هاوسۆزی وەک ئەوەی لای بودیزم دەیبینین. ئاڕەستەی دووەم ئەخلاقە وەک مەدەنیەت، وەک لای کانت و هیگڵ و یاسادانانی مۆدێرن سوودی لێوەردەگرین. بەمجۆرە دەتوانین بڵێین لێبوردن فەزیڵەتێکی سیاسییە، بۆیە لێرەوە بەتەواوەتی لە ڕەهەندی ئایینی چەمکەکە دووردەکەوینەوە. دەتوانین پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە لێبوردن لە پانتایی سیاسیی مرۆڤەکاندا پێویست و گرنگە. بۆچی؟ چونکە لێبوردن لە ژیانی سیاسیی هاوبەشی مرۆڤەکاندا گرنگە و ژیان بناغەی لەسەر فرەیی دامەزراوە. ئەگەر لەسەر ئەم پێوەر ژیانمان ڕێکبخەین کە ژیانمان بریتییە لە فرەیی، فرەدەنگی و فرەڕەنگی، کەواتە ئەو پەیوەندییەی کە هەمانە زۆر گرنگە و ئەو فرەییەش دەبێ لەکردار و گوتارماندا ڕەنگبداتەوە، هەر لە پەیوەندیدا بەم فرەییەوە، لێبوردن مانای خۆی وەردەگرێت.

ڕەنگە لە سەرەتادا وا دەربکەوێت لێبوردن مەحاڵ بێت، لەڕاستیدا لێبوردەیی زۆر زەحمەتە نەک مەحاڵ وەک لە دۆخی سیاسیی جیهاندا دەیبینین. بەڵام بۆچی ئەم پرسە زۆر مەحاڵە؟ چونکە پەیوەندیی بە ئەخلاقی بەرپرسیارییەوە هەیە، وەک گوتمان دەبێ هەڵوەستە لەسەر جەوهەری تاوان بکرێت نەک خودی تاوانکار. بەگشتی لە زۆرینەی کۆمەڵگاکاندا تاوان بۆ زاتی تاوانبار دەگەڕێننەوە، بۆ نموونە دەڵێن ئەم مرۆڤە تاوان لە زاتیایەتی، ئەم مرۆڤانە چاک نابن، ئەمانە دەبێت بکوژرێن و…هتد. هەمیشە زاتی تاوانبار بۆ ئێمە گرنگ بووە نەک جەوهەری تاوان، کەس قسە لەسەر جەوهەری تاوان ناکات. گەر تەماشایەکی مێژوو بکەین ئەمەمان بۆ دەردەکەوێت. کاتێک بابەتەکە دێتە سەر پرسی لێبوردن، ئێمە سەروکارمان لەگەڵ زاتی تاوانبارەکەدا نییە، بەڵكوو ئێمە کارمان بە جەوهەری تاوانەکەیە. لەڕاستیشدا هەر بیرکردنەوە لە خودی جەوهەری تاوانەکەیە کە وا دەکات ئێمە ئەو جۆرە تاوانە دووبارە نەکەینەوە. نەوەک ئەوەی ئێمە تاوان کورت بکەینەوە بۆ سیستەمێکی سیاسی، بۆ ڕژێمێک، بۆ ئەو مرۆڤانەی کە نوێنەری ئەو سیستەمەن. بۆ نموونە زۆرجار ئێمە پێمانوایە کە بە کوشتن و لەناوبردنی ئەو کەسانەی کە نوێنەری گەندەڵین، ئیدی گەندەڵیش لەناودەچێت! ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە. لێرەوەیە کە لێبوردن دەتوانێت وەک فەزیڵەتێکی سیاسی ڕۆڵی خۆی ببینێت و دەتوانێت مانایەک ببەخشێتە بزاوتی مێژوویی ئێمە، چونکە لێبوردن ئاسۆی یادەوەرییە هاوبەشەکانمان دروست دەکات. لێبوردن ئاسۆی یادەوەرییە هاوبەشەکانی نەتەوەیە. هەمیشە لە یادەوەریی هاوبەشی هەموو نەتەوەکاندا لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا گرێیەک بوونی هەیە، لێبوردن لێرەدا دەتوانێت ئەو گرێیانە بکاتەوە. چونکە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بەرمەبنای یادەوەرییەکی ناخۆش و ئەو کارەساتانەی بەسەریدا هاتوون، بەردەوام بێت و ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ئاستی لێبوردن ناکەن ناتوانن لەم یادەوەرییە شومانە تێبپەڕن. بۆ نموونە ئەوەی لەسەردەستی ئەدۆڵف هیتلەر و جۆزێف ستالین بەسەر ئەورووپادا هات، کۆمەڵگاکانیان توانیویانە لەم یادەوەرییە تێپەڕن، ئایندەیەکی نوێ بۆ خۆیان دروست بکەن، بەڵام بەبێ ئەوەی لەبیری بکەن. ئەڵمانییەکان باشترین نموونەن: ئەوان هێشتا نەوە بە دوای نەوە هەست بە ئازاری ویژدان دەکەن بەڵام ئیدی ئەڵمانیی جاران نین کە باس لە هەرشتێک بکەن تارمایی هیتلەر بێتەبەرچاویان. بەڵام ئەمە بۆ ئێران ڕاست نییە، ئێمە هێشتا لەگەڵ تارمایی شۆڕشی پێشوو و تەنانەت پێش ئەوەش دەژین. ئێمە لە ڕێگەی میکانیزمی لێبوردنەوە کە میکانیزمێکی یاساییشە، واتا لەگەڵ ڕەهەندی ئەخلاقی و فیکری و فەلسەفی و سیاسییدا، یاساییشە وەک ئەوەی لە شیلی، ئەرژەنتین، ئەفریقای باشوور دەیبینین. ئەم ماتەوزەیە، هەمان ماتەوزەی فرەخوازی دیموکراسییە. ئێمە کاتێک باس لە دیموکراسی دەکەین تەنیا لەسەر ئاستی دروشمدا باسکردنەکەمان دەمێنێتەوە، کە لەڕاستیدا پێویستە ئەوە بزانین میکانزیمەکانی چین؟ ئێمە بەبێ مرۆڤی دیموکرات دیموکراسیمان نابێت، بەبێ کولتووری دیموکرات دیموکراسیمان نابێت، بەبێ میکانیزمی یاسایی دیموکرات، دیموکراسی بوونی نابێت. وەکو دەزانن فرەیی و چەندگەراییش یەکێکە لە ڕوکنە سەرەکییەکانی دیموکراسی، بۆ پاراستنی ئەمەش دەبێت لە گۆشەنیگای لێبوردنەوە ئاماژەی بۆ بکرێت.

چەند پرسیارێکی زۆر گرنگ

ئەو پرسیارانەی لێرەدا لەسەر ئاستی فیکری و فەلسەفی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەوەیە کە ئایا چ کەسێک دەبورێت؟ کاتێک قسە لەسەر لێبوردن دەکەین، ئەم لێبوردنە لە کوێوە و لەلایەن چ کەسێکەوە دێت؟ ئایا لێبوردن بەمانای فەرامۆشکردنی دادپەروەرییە یان نا؟ ئایا کە مرۆڤێكمان بەخشی کەواتە تاوانمان لەبیرکردووە، یاخود دادپەروەریمان لەبیرکردووە؟

لەڕاستیدا ئەوە دەوڵەت و خواوەند نین کە لێمان دەبورن، بەڵکوو ئەوانەن کە خۆیان قوربانی ئازار و تاوانن دەبێ لێبوردە بن، لێرەوە بەڕای من لێبوردن ئەخلاقی قوربانییەکانە. واتا بەدیوێکی دیکەدا کاتێک دەمانەوێت لێبوردن بە واتا مێژوویەکەی باس بکەین، دەشمانەوێت لە ڕوانگەی قوربانیەکانەوە مێژوو بنووسینەوە، نەوەک هەر تەنیا لە دیدی کەسانی دەسەڵاتدار و کاریگەرەوە. دەبێت لێبوردن وەک چەمکێک لە لێخۆشبوون جیابکەینەوە، دەوڵەت دەتوانێت بەهۆی شتێکەوە لە کەسێک یان کۆمەڵێک کەسی دیاریکراو خۆشببێت. بەڵام دەوڵەت توانای لێبوردنی نییە، چونکە وەک فوکۆش دەڵێت دەوڵەت جێبەجێکاری سزایە، جێبەجێکاری چاودێرییە. دەوڵەتی مۆدێرن هەموو ئەمانە دەکات، بەڵام هەرگیز دەوڵەت وەک ئۆرگانێکی لێبوردن پێناسە ناکرێت و هیچ تیۆری و تێزێکی سیاسی دەوڵەت وەک ئۆرگانێکی لێبوردن ناناسێنێت. دەوڵەت هەمیشە سزا دەدات، یاخود بەجۆرێک  گرەنتی ئەو یاسایەیە کە لە کۆمەڵگەدا هەیە. ئێستا دەبێت وەڵامی پرسیارێکی تر بدەینەوە: ئایا بە لێبوردن دەشێت نادادپەروەری بنەبڕ بکەین؟ مەرج نییە ئێمە لەڕێگەی لێبوردنەوە نادادپەروەری بسڕینەوە، بەڵکوو ڕەنگە یارمەتیدەر بێت باشتر لە نادادپەروەری تێبگەین چونکە لێبوردن واتای جێبەجێکردنی دادپەروەری نییە، بەڵکوو جێبەجێکردنیەتی بەبێ ڕق و کینە. ئێمە دەمانەوێت دادپەروەری بوونی هەبێت، دادپەروەرییەک دوور لە ڕق و کینە و تۆڵەکردنەوە. لەڕاستیدا دادپەروەری ئەو کاتە لە کۆمەڵگایەکدا پڕاکتیزە دەکرێت، کە کولتووری تۆڵەکردنەوەی تێدا سڕابێتەوە. هەروەها دەشتوانین باس لە دادپەروەریی چاکسازیخوازیش بکەین. دەتوانین بە دادپەروەریی باشتر بگەینە ئاشتەوایی نەتەوەیی و لەڕاستیدا باشتر دەتوانین بەبێ توندوتیژی بەرەو دیموکراسی بڕۆین و باشتر حەقیقەتەکان کەشف بکەین. خودی ئامانجی لێبوردنیش ڕۆیشتنە بەرەو پلەیەکی بەرزتر بەبێ توندوتیژی. ئازادی لە تۆڵەکردنەوەدا نییە، بە تۆڵە ئازادی بەدەست ناهێنرێت.

لێبوردن و سەرەتایەکی نوێ بۆ کۆمەڵگە

زۆرێک لە بیریاران لەسەر ئەم چەمکە هەڵوەستەیان کردووە و گوتاری تایبەتیان نووسیووە: بۆ نموونە هانا ئارێنت، پۆل ڕیکۆر، لیڤانس و… هتد. هانا ئارێنت پێیوایە کە لێبوردن ئەگەر کردەیەکی نوێمان پێ ببەخشێت، ئەگەر بمانەوێت بچینە ناو کردەیەکی نوێوە و دەستپێکێکی نوێ بۆ کۆمەڵگا دروست بکەین دەبێ لە قەیرانی لێبوردن تێپەڕببین. بۆچی؟ چونکە ئەم کردە نوێیە لەناو ئەو کۆمەڵگا تازەیەدا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ بەبیرهاتنەوەی تاوانەکان. بەمپێیە لێبوردن گەڕانێکی تاک ئاڕاستە و یەک هێڵی نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەیەوێت چەندین ڕەهەندی ژیانی ئێمە لەخۆبگرێت. بەبڕوای من لێبوردن ئەگەری ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێت بەشێوەیەکی هێرمینۆتیکی لە مێژووی خۆمان بڕوانین، گەر سەرنج بددەن زۆربەی نەتەوەکانی دنیا بەشێوەیەکی تاک ئاڕاستەیی تەماشای یادەوەری و مێژووی هاوبەشی خۆیان دەکەن، نەک بەشێوەیەکی فرەلایەن و چەند ئاڕاستەیی، و ناتوانن شیکار و لێکدانەوەی جۆراوجۆر بۆ یادەوەریی مێژوویان بکەن. ئەگەر ئاوڕدانەوەیەکی فرەلایەن بۆ مێژووی خۆمان هەبێت، ئەوا دەتوانین شیکار و لێکدانەوەیەکی دادپەروەرانەمان بۆ ئەو مێژووە هاوبەشە هەبێت.

ئەو کۆمەڵگایەی لەگەڵ ڕوحی تۆڵە و ڕقدا دەژی، مەحکومە بەوەی هەمیشە لە ڕابردوودا بژی و هەمیشە دەڕوانێتە دواوە. بۆ نموونە هەردوو کۆمەڵگای وەک ژاپۆن و ئەڵمانیا دوای ئەو جەنگ و کارەساتەی ڕووبەڕوویان بوویەوە، لە ئاسۆ و داهاتوویان ڕوانی. مەبەست لەمە ئەوەیە کە بە تۆڵەوە تەنیا تەماشای ڕابردوو نەکەین بەڵکوو بە لێبوردنەوە لەداهاتوو بڕوانین. چاوبڕینە داهاتوو وا دەکات لە ڕۆحی تۆڵەکردنەوە ڕزگارمان بکات.

لەنێوان لەبیرکردنی تەواوەتی ڕابردوو و تەنیا بیرکردنەوە لە داهاتوو دۆخێکی مامناوەندی هەیە، واتا تەماشاکردنی ئەم کۆمەڵگایە بەوردی و بینینەوەی لە داهاتوودا. ئەگەر ئەم کۆمەڵگایە بگۆڕین، ئەگەر بمانەوێت بەرەو دیموکراسیی ببەین، دەبێت چ ڕۆحیەتێک و چ زیهنیەتێک بەکارببەین؟ بە بڕوای من کۆمەڵگایەک کە بەوردی هەڵوەستە لەسەر لێبوردن بکات، دەتوانێت بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێت و بە دیموکراسیش بمێنێتەوە.

هەروەک لە سەرەتاشدا باسمان کرد، لێبوردن بە تەنیا لێخۆشبوونێکی سادە و بچووک نییە، بەڵکوو دەبێت ئەوەش بزانین کە خەباتێکیشە دژ بەو خراپەیەی کە ڕوویداوە. کاتێک تاوانێک ڕوودەدات، دەڵێین ئێمە بیر لەو تاوانەش دەکەینەوە، بیر لەو خراپەیەش دەکەینەوە کە کۆمەڵگای گیرۆدە کردووە، ئەمە تەنیا باسێکی ئایینی و ئەخلاقی نییە، بەڵکوو تەواو پرسێکی سیاسی و پڕاگماتیکیشە.

ئەوانەی کە ئازار و مەینەتیی زۆریان چەشتووە، لە زیندان یان ئەشکەنجە یان لە هەر شوێن و شێوازێکی دیکە، ڕەنگە ئەم قسانەی ئێمەیان قبوڵ نەبێت، بەڵام کۆمەلگای داهاتوو بە یادەوەریی زیندان و ئەشکەنجەی ڕابردوو دروست نابێت.

سەرچاوە کلیک بکە

هاوشێوە