رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دەربارەی پەروەردە

Facebook
Twitter
LinkedIn

جیهاد محەمەد

بە بڕوای من سیاسەتی پەروەردەیی، ئەو ڕێبازە هونەرییەیە کە لە سیستمی پەروردەدا دەگیرێتەبەر. سیاسەت لە پەروەردەدا واتە پەروەردە لە خزمەت و بەرژەوەندی سیاسەتدا بێت. ئەمەی دووەەمیان، (سیاسەت لە پەروەردەدا)، ئەگەر حوکمڕانیە سیاسیەکە، خاوەنی فەلسەفەیەکی پەروردەیی دیموکراتی و مڕۆڤبوون بێت، زۆر ئاساییە کە سیستەمی پەروەردە بخرێتە خزمەتی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەوە، چونکە حوکمڕانیەکە لەم حاڵەتدا لە سەر بنەما و پێکهاتەیەکی زانستیی و عەقڵانی دروستبووە، بۆیە سیستمی پەروەردەش لەم حاڵەتەدا، کە سیستمێکی عەقڵانی و دیموکراوتیە، دەچێتە خزمەتی حوکمڕانیەکەوە، هەردووکیان تەواوکەری یەکتری دەبن بۆ پێکهێنانی کۆمەڵێکی دیموکراتی و ئاکار و ڕەوشت بەرزی مرۆڤبوون. بمانەوێت یان نا، دەسەڵاتی سیاسی هەر جۆرێک بێت سیستمی خوێندن و پەروەردە دەخاتە خزمەتی خۆیەوە. واتە ئەگەر دەسەڵات فاشیانە بێت، دیکتاتۆری بێت، یان نا دیموکراتی بێت سیستمی خوێندن و پەروەردە دەخاتە خزمەتی خۆیەوە و دەیکات بە پشیتوان بۆ درێژەدان بە حوکمڕانیەکەی خۆی. فەلسەفەی پەروەردە هەمیشە دەکەوێتە خزمەتی فەلسەفەی حوکمڕانیەوە. بۆیە هەتا دەسەڵاتی سیاسی نەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی دیموکراتی مەحاڵە سیستمی پەروەردە بکرێت بە سیستمێکی دیموکراتی.

ئەگەر نموونەی کوردستان باس بکەین، دەیان مامۆستای زۆر پێشکەوتووخواز و دیموکراتخواز بەردەوام ڕەخنەیان لە پەروەردە باوەکەی کوردستان هەیە، بەردەوام لە هەوڵ و کۆششدان بۆ بە دیموکراتیکردنی سیستمی پەروەردە، بەڵام ڕیگری یەکەم، دەسەڵاتە حوکمڕانەکەی کوردستانە، کە لە بەرژەوەندیدا نییە پەروەردە کۆنەباوەکە بگۆڕێت بۆ پەروەردەیەکی دیموکراتی.

سیاسەتی پەروەدەیی کوردستان، ڕەنگدانەوەی ئەوگەندەڵیی و بێ سەروبەرییەی دەسەڵاتی سیاسییە، پەروەردەیەکی نادیموکراتە وەک دەسەڵاتە نادیموکراتە حوکمڕانەکە خۆی.

سیاسەتی پەروردەی کوردستان نادیموکرات و کۆنەبەوە. فێرگەکان تەنها لە پێناوی خوێندنێکی نەریتییدا دانراوە. بەرهەمی ئەو پەروەردەیە، مرۆڤێکی دۆگما دروسدەکات، نەک مرۆڤی فەلسەفی و ئەخلاقیی. مڕۆڤێک دروست دەکات، کە بە ئاسانی دەچەمێتەوە، ناکۆکە لەگەڵ بیرکردنەوەی خۆیدا، ئەگەر بیرکردنەوەی هەبێت!. بەرهەمی خوێندن تەنها بۆ نان پەیداکردنە، نەک بۆ مەعریفە. کە ئێستا دەرچوانی زانکۆکان نانیشیا بۆ پەیدا ناکرێت. کە مەعریفەیەکی زانستیانە لە ئارادا نەبوو، بێگومان هەموو سیستەمەکانی وەک: سیستمی پەروەردەیی، سیستمی تەندروستیی، سیستمی ئابووریی و کولتووری نازانستیانە و نا عەقڵانیانە دەبێت. پەروەردە خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبینێتەوە و بناغەیەکی بە هێزە بۆ گەشەکردنی. پەروەردەی دیموکراتیی و زانستیی، ئابووریەکی دیموکراتیانە و زانستیانە بەرهەم دێنێت. هەر لەبەر ئەوەیە کە جۆن دێوی جەختدەکاتەوە لە سەر ئەوەی کە پێویستە فێرگەکان بەشێک بن لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی گشتی، بەو واتایەی فێرگە بەشێک بێت لە باسکردن و خوێندنی کێشەکانی خەڵک، هەروەها جۆری چارەسەریشیان بدۆزێتەوە، یان بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. 

سیایەتی پەروەردەیی و فەلسەفەی پەروەردەیی زۆر نزیکن لە یەکتریەوە. هەردووکیان لە ژێر دەسەڵاتی حوکمڕانیەکی عەقڵانیی و زانستییدا یەک ئامانجیان هەیە. ئامانجەکەش دروستکردنی مرۆڤبوونە لە مرۆڤەکاندا. بۆ نموونە:  مرۆڤبوون دەبێت بە ئەخلاق مرۆڤەکاندا، مرۆڤبوون لە ترسا نییە، بۆ خۆجوانکردن و خۆ پیشاندانیش نییە، بەڵکو جۆرێکە لە کولتووری سەردەمیانە، هەر کەسە ئەو کولتوورە پیادە نەکات، بە چاوێکی سووک و بێ نرخ تەماشا دەکرێت. لەم حاڵەتدا کولتوورە دیموکرات و مرۆڤبوونەکە دەبێت بە مامۆستایەکی بێ وێنە بۆ هەر کەسێک لە منداڵیەوە تا دوا هەناسە ئەم کولتوورە لەگەڵیدا دەبێت و ناتوانێت وازی لێ بهێنێت. ژینگە پارێزی بۆ نموونە، دەبێت بە مۆراڵ و ئاکاری هەر کەسێک لە کەسەکان، هەر لە منداڵیەوە تا دوا هەناسەی قبوڵی ناکات ژینگە بشێونێرێت.

بە داخەوە، لە کۆمەڵی کوردستاندا، بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە گشتی ئەوەی کە خۆی لە ڕێکخستنی حیزبە ئۆپۆزیۆنەکاندا دەبینێتەوە و ئەوەشی کە ئۆپۆزسیۆنێکی سەربەخۆیە، هەردوو لایان زۆر جار دەکەونە هەڵەوە. هەڵەکەش ئەوەیە، کە لە سەر زۆر مەسەلەی گەندەڵی و دزی و جەردەیی و تووندووتیژی، بەردەوام باسی ئەوە دەکەن، کە یاسا سەروەر نییە. لە ڕاستیدا تەنها مەسەلەکە خۆی لە نەبوونی سەروەریی یاسادا نابینێتەوە. بەڵکو زیاتر خۆی لە نەبوونی پەروەردەیەکی دیموکراتیی و زانستیی و عەقڵانییدا دەبینێتەوە. لە ماوەی سی ساڵێ حوکمڕانی کورد خۆیدا، دەتوانرا لانی کەم دوو نەوە بهێنرێتە بەرهەم کە خاوەنی ئاکار و ڕەوشتێکی بەرزی کۆمەڵایەتی و مرۆڤبوون بن. بە ڕای من ئەگەر یاساکانیش سەروەر بێت بەو مانایەی هەموو کەسەکان بە بەرپرسەکانیشەوە بچنە بەردەم دادگا و دادگا بە دادپەروەرانە دادوەری بکات، تووندوتیژیی و پێکدادان و ژن کوشتن و کولتوورە باوەکە بەمە کۆتایی نایەت.

بەڕای من، ئەو کەسەی شەقی لە مامۆستا بەڕێزەکەی هەولێر دا، ئەو پۆلیس و ئاسایشانی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، بکوژانی ئازادیخوازان و کەسە سیاسیە ئازاکان، ئەو دادوەرانەی حوکمی نادادپەروەرانە دەدەن، کوڕی ئەو بەرپرسانەی لە پزیشکەکان و کارمەند و پۆلیسی هاتووچۆ دەدەن، ئەوانەشی دوێنێ تەقەیان لەیەکتری کرد، بە کچکەی شێخ جەعفریشەوە، هیچ کەس لەمان تاوان بار نییە. ئەمانە هەموویان قوربانین، قوربانی دەستی حوکمێکی نا دادپەروەر، نا دیموکرات، نا زانستی و ناعەقڵانی و گەندەڵ و بێ سەروربەرن. ئەم حوکمڕانیە گەندەڵە، پشتی بە پەروەردەیەکی کۆنەباو بەستووە، کە مرۆڤی تووندووتیژ بەرهەم دێنێت، مرۆڤێک بەرهەم دێنێت، چێژ لە چەمانەوە بۆ بەرپرسەکەی دەبینێت. کێشەی سەرەکی ئەم حوکمڕانە نا دیموکراتییە، بۆیە پەروەردەکەشی؛ تەندروستیەکەشی؛ ئابووریەکەشی و کولتووریەکەشی نا دیموکراتی و نازانستییە.

هەردوو هێزەکەی دوێنێی سلێمانی کە تەقەیان لە یەکتری کرد و ١١ کەس تیایدا بریندار کرا، دوو هێزی خێڵەکین، نەک دوو هێزی پارێزەری کولتووری دیموکراتی و مافی مرۆڤ. ئەم دوو هێزە ئەگەر تەقەیان لە یەکتری نەکردایە، ئەگەر یەکتریان خەڵتانی خوێن نەکردایە، هەستیان بە کەمیی و سوکایەتی بە خۆیان دەکرد، ئێستا بوون بە جێگەی شانازی بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان و بەرپرسەکانیشیان. چونکە هەر هەموو ئەم پێکهاتانە لە خێزانەکانەوە تا دەگات بە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حیزبەکان هەموویان بڕوایان بە تووندووتیژی و چەک هەیە، نەک بە عەقڵ و مەعریفە. عەقڵ و مەعریفە لە پەروەردەیەکی سەردەمیانەی دیموکراتیەوە دروست دەبێت. ئەوەتا دەستبەجێ بەرپرسەکان ڕایانگەیاند، کە کێشەکە چارەسەر کرا، واتا خۆیان لە ناو خۆیاندا ڕێک کەوتن، ئیتر کاریگەری ئەو تووندتووتیژیە چەندە لە سەر کۆمەڵ و تاکەکان، گرنگ نییە لە لایان.

ئەم وتارە لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنێکدایە لەگەڵ جیهاد محەمەد دەربارەی پەروەردە.

هاوشێوە