رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەكەلتووركردنى پەرەپێدانی مرۆیی

Facebook
Twitter
LinkedIn

عەبدولڕەزاق محەمەد

زنجیرەى یەکەم

ئەم چەمکە، وێڕای تازەیی لە نێو فەرهەنگی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵام پێگەی خۆی بە ڕاددەیەک جێگیر کرد کە وەکو “چەمکێکی کلیلی” لە پێشکەوتن و فراژووبوونی کۆمەڵگەکان بە هەموو سێکتەر و فۆرمە جۆربەجۆرەکانییەوە سەیری دەکرێت. نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو لەوەیشی تێ پەڕاندووە، بە جۆرێک کە پشتگوێخستن و وەلانانی، ڕێك کۆمەڵگە دەخاتە قاڵبی دواکەوتوویییه‌وه‌، کە دواجار هەر ئەم دواکەوتوویییەیش دەبێتە سەرچاوەی کێشەگەلێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی. هەموو ئەمانەیش، دەبن بە باجێک و، خودی ئەو مرۆڤ و تاکانەی کۆمەڵگە دەیدەن کە کەمتەرخەمییان لە گرنگیپێدانی تواناکانی خۆیان نواندووە.

پێش ڕۆچون و وردبوونەوە لەم چەمکە، باشترە بە زمانێکی سادە گوزارشتی لێ بکرێت. بە جۆرێک نیشان بدرێت کە بتوانرێت لە شێوەی وێنەیەکی شێوەکاری، سەیری بکرێت و پەی پێ ببردرێت. ئەمەیش لەو ڕوانگەیه‌وە دەکرێت، کە بپرسین کامانەن ئەنجامەکانی پرۆسەی پەرەپێدانی مرۆیی و، ئەو لایەن و دامەزراوانەی کە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان هەیە کێهانن و، کێن ئەوانەی  پێویستە بایەخی ئەم پرۆسەیە نیشان بدەن و، كامه‌ کۆمەڵگە نموونەی بەرچاو و سەرکەوتووی ئەم پرۆسەیەن و چۆن دەستیان پێ کرد و چۆن ئانجامیان دا‌؟ جگە لەمانەیش، گرنگە باس لە چۆنیەتی و فاکتەرە سەرەکییەکان و ڕێگە و شێوازەکانی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بکرێت ( ئێمە هەوڵ دەدەین هەموو ئەمانە بە شێوەی زنجیرە وتارێک بخەینە ڕوو).

ئایین و پرۆسەی پەرەپێدانی مرۆیی:

بۆیە لە ئایینەوە دەست پێ دەکەین، چونکە ئایین، بە هەموو جۆر و فۆرم و ناوە جیاجیاکانییەوە، بەستراوەتەوە بە مێژووی دەستپێکردنی ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی و بە گۆڕانی شوێن و سروشت و سەردەمەکان گۆڕاون و، چەندێتیی کاریگەرییەکانیش لەسەر مرۆڤەکان و دیاریکردنی شێوازی سوودمەندبوون لێی، لە پرۆسەی ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتیی هەر کۆمەڵبوونێکی مرۆیی، لە کات و شوێنی خۆی دیاری کراوە و گۆڕاوە. بەڵام ئەوەی کە جێگیرە ئەوەیە کە مرۆڤەکان هەمیشە بۆ بەهێزکردنی خۆیان، جا چ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسی و هەموو ئەو شتانەی وەکو دوژمن هەستیان پێ کردبێت، یان بۆ باشترکردنی ئەو بارودۆخەی کە تێیدا بوون و، وەرگرتنی دڵنیایی بۆ مانەوەیان لە ژیان و خۆشییەکانی، ئایینیان وەکو فاکتەرێکی بەهێز سەیر کردووە و بەکاریان هێناوە. هەر بۆیە نەریتگەلێکی ئایینییان دروست کردووە و خۆیانیان پێوە پابەند کردووە. لەوانەیە پرسیار بکرێت و بگوترێت ئەم بابەتە چ پەیوەندییەکی بە پەرەپێدانی مرۆیییەوە هەیە؟ بۆ وەڵامی ئەوە، دەڵێین کە سەرەتاییترین ئەرکی پەرەپێدانی مرۆیی، لە دیاریکردنی ئەرک و ماناکانی تاکی کۆمەڵگەوە دەست پێ دەکات. ئەمەیش لە سادەترین فۆرمی ئاییندا، کە لە لایەن مرۆڤەوە مومارەسە کرابێت دەستنیشان کراوە و، تاکەکانیشی پێوە پابەند کراوە، بە جۆرێک کە کاریگەریی هەبێت.

جێبەجێکردنی پرۆسەی پەرەپێدانی توانا مرۆیییەکان، هەر لە سەرەتاوە قاڵبێکی جێگیری نەبووە و بە گۆڕانی بارودۆخی کۆمەڵبوون و کۆمەڵگه‌کان گۆڕاوە، بە جۆرێک کە دیاریکردنی ئەرک و فرمانەکانی تاک، وێکچوو نەبووە و لە گۆڕانی بەردەوامدا بووە. ئەم کاریگەرییە ئایینییە، تا بە ئەمڕۆکەیش، بە گۆڕانی فۆرم و شیوازەکانیشی، بەڵام دیسان ڕۆڵی خۆی چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەگێڕێت، بەتایبەتی لەو  کۆمەڵگه‌یانەی کە پابەندیی تاک بە پرەنسیپەکانی ئایین، هێندە زەق و کاریگەرە کە تا ڕاددەی یاسا مەدەنییەکان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی ڕۆژانەیاندا پراکتیزەی دەکەن. بەڵام بە هاتنی دەقە یاسایییەکان، کە زیاتر مۆرکی کۆمەڵگە مەدەنییەکانە، خودی یاساکان و داڕشتنیان، بە جۆرێک تێهەڵکێش کراوە کە ئەرک و مافەکانی تاک، بە یاسای مەدەنی ڕێک خراوە و، ڕۆڵی ئایینی، زیاتر بە ڕۆڵێکی مەعنەوی دەچێت لەوەی ڕۆڵێکی مەلمووسی هەبێت و ڕەفتاری تاکەکانی بپێوێت.

هەروەک گوتمان، یەکێک لە سەرەتاییترین و سەرەکیترین بنەماكانی پەرەپێدانی مرۆیی، بریتییە لە دیاریکردنی ئەو مافەی تاک لە  کۆمەڵگه‌دا هەیەتی، لەگەڵ ئەو ڕۆڵەی کە پێویستە بیگێڕێت، ئەمەیش بە بەکارهێنانی توانا هزری و جەستەیییەکەی. لێرەوە، کاریگەربوونی بە چەندێتیی پابەندییەکانی، سەبارەت بەو ئایینە و یاسایەی کە مومارەسەی دەکات دەردەکەوێت و، ڕەفتار و دەرەنجامی ڕەفتارەکانیشی پێ دەپێورێت.

مرۆڤ، هۆکار و ئامانجە:

لە هەموو سەردەمەکاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان مرۆڤ لەو ڕاستییە گەییشتووە کە خۆی هۆکارە بۆ هێنانەکایەوەی واقعی ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژی، بەڵام چەندێتیی ئەم تێگەییشتنە ڕێژەیی بووە، لە کۆمەڵگەیەک بۆ یەکێکی تر، لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر گۆڕاوە. بەڵام دەتوانین بە تێڕامان لە مێژووی ئەم چەمکە، “پەرەپێدانی مرۆیی” وەک چەمکێکی پشتئەستوور بە پێناسەی زانستیی خۆی، ئەوە ڕوون بکەینەوە کە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم، هەوڵدانی وڵاتانی زیانلێکەوتووی جەنگەکە، بەتایبەتی لە لایەنی ئابوورییانه‌وه،‌ گرنگی و بایەخی ئەم چەمکە زۆر بەخێرایی دەرکەوت. هەرچەندە لە سەرەتادا پێى ده‌گوترا “پەرەپێدانی ئابوورى”، چونكه‌ هه‌موو ئامانجى وڵاتان به‌هێزكردنه‌وه‌ى ئابووریيان بووه. به‌ڵام دواتر ئه‌م چه‌مكه بە چەمکی‌ “ئابووریى كۆمه‌ڵايه‌تى” ناسێنرا، به‌و پاساوه‌ى كه‌ هيچ پرۆسه‌يەكى ئابوورى، به‌ دابڕينى له ‌لايه‌نه‌ كۆمه‌ڵايه‌تيیه‌كه‌ى، سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوویش بێت به‌رده‌وام نابێت. به‌ڵام له‌ دوا قۆناغدا، ڕاستيیه‌كى زه‌قتر ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌يگوت ئه‌و مرۆڤه‌، ميحوه‌رى سه‌ره‌كیى پرۆسه‌ى په‌ره‌پێدانه‌ و هه‌ر خۆى هۆكار و، هه‌ر خۆیشى ئامانج و به‌ره‌نجامه‌ پۆزه‌تيڤه‌كانى ئه‌و په‌رەپێدانه‌ ده‌چێنێته‌وه. بۆيه،‌ چه‌مكه‌كه‌ باشترين ته‌عبيرى لێ كرا و‌ ناونرا “په‌ره‌پيدانى مرۆيى”. ئه‌مه‌یش ڕاستيیه‌كى تر له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ ده‌ڵێت: “ده‌شێ له‌ ڕێگه‌ى په‌ره‌پێدانى مرۆيییه‌وه‌، به‌ سه‌رچاوه‌يه‌كى كه‌مى سروشتيشه‌وه،‌ په‌ره‌پێدانى گه‌وره‌ى ئابووریى كۆمه‌ڵايه‌تى وه‌دى بهێنرێت؛ واته‌، ده‌شێ مرۆڤ خۆى داهێنه‌رى زۆرێك له‌و سه‌رچاوانه‌ بێت كه‌ فاكته‌رى فراژووى ئابوورى، كۆمه‌ڵايه‌تى، سياسى و فه‌رهه‌نگیى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌يه‌كن.

لە ‌هه‌رێمی کوردستاندا ئەم زاراوەیە نامۆ نییە، بەڵام مخابن پێناسەکراویش نییە بەتایبەتی لە ستراکتۆری ئیداریدا. هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئێستایش لە دامەزراوە ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستاندا کار بە یاسای خزمەتگوزاریی شارستانیی عێراق دەکرێت، کە بەداخەوە ئەم زاراوەیە لەوێدا پێناسە نەکراوە. هەرچەندە لە ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دامەزراوەیەکی فەرمی هەیە کە خزمەتگوزاری لەم بوارەدا پێشکەش دەکات (بەتایبەت لە کەرتی گشتیدا)، بەڵام لەبیرمان نەچێت، پەرەپێدانی مرۆییی ڕاستەقینە و کاریگەر، تەنیا ئەرکێکی فەرمی نییە کە بەس دەزگایەکی فەرمی، وەکو ئەرک و فەرمانێک جێبەجێی بکات، بەڵکوو ئەم پڕۆسەیە ئەو کاتە مانای ڕاستەقینە و دەرەنجامە پۆزه‌تیڤەکانی دەردەکەون، کە دەبێتە بەشێک لە که‌لتوور و، تاک لە خێزان و دواتر لە قوتابخانەدا، هەم فێری دەبێت و هەم مومارەسەی دەکات.

جا، هەر لە بەڕێوەبردنێکی باشی کاتەکانییەوە دەست پێ دەکات ( لەسەر ئاستی خود)، تا ئەو ئاستەی بازنەی گرنگیپێدانی بەم لایەنە (پەرەپێدانی مرۆیی لەسەر ئاستی خود) هێندە فراوان ده‌بێت کە کۆی ژیان و چالاکییە دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و فەرهەنگییەکانی دەگرێتەوە و، لەم پرۆسەیەدا بە جۆرێک بەشدار دەبێت کە پەرەپێدانی خود و دامەزراوەکانی لێ دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی، نەک ئەرکێکی ئیداری.

لێرەوە، بۆ دروستکردنی ئەم هەستە و بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ببێتە بەشێک لە که‌لتووری کۆمەڵگە، خێزان یەکەم دامەزراوەی کۆمەڵایەتییە کە پێویستە لە چوارچێوەی پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیدا ئەو ڕۆڵە بگێڕێت و، بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و بەردەوام، تاکەکانی وا پەروەردە بکات و بیکات بە بەشێک لە کەسایەتییان، هەروەک چۆن پرەنسیپەکانی تری کۆمەڵگە فێری ئه‌ندامەکانی دەکات.

بە شێوەیەکی گشتی، تاکی کۆمەڵگەی کوردی، لایه‌نی سۆزەکیی بەسەریدا زاڵە و، ئەمەیش وای کردووە کە زیاتر لە هەر شتێکی دی بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئایین (لێرەدا مەرج نییە لایەن و دیوە فەلسەفییەکەی ئایین بێت، بەڵکوو هەندێک جار لایەنە سادە و ڕۆتینییەکەیشی کە خۆی لە ڕووە ئەداکارییەکانی ئاییندا دەبینێتەوە). هەر بۆیە، دەکرێت بڵێین کارێکی گونجاو دەبێت کە ئایین بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی لە بەفەرهەنگکردنی پەرەپێدانی مرۆییدا بەشدارێکی کارا بێت.

لە سۆنگەی گرنگیی ئەم لایەنەوە، دەکرێ دامەزراوە ئایینییەکان لە چوارچێوەی ئەو ڕۆڵ و ئەرکانەی کە لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیانە و ئەدای دەکەن، شان بە شانی دامودەزگه‌ حکوومی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (کە دواتر باسی ڕۆڵ و کاریگەریی هەر یەکە لەوانیش دەکەین)، ببنە دەستەبار و فاکتەری گرنگ و  کاریگەر بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەم بوارەدا. ئەمەیش، دواجار بۆ ئەوەی فەرهەنگی پەرەپێدانی مرۆیی، ببێت بە بەشێک لە که‌لتوور.

وەرگیراوە لە:

ماڵپەڕی پێنووس

هاوشێوە