رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

دۆگما و ئازادی

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئاراس ئەنوەر

لە ئیتمۆڵۆجی Etymology دا، واتە مێژوو و زانستی زمان، ڕیشەی ووشەکە دەگەڕێتەوە بۆ لاتین و پاشان بۆ یۆنانی کۆن، کە بەمانای وابەستەبوونی بێ چەندوچون دێت بە ڕێباز و بیرۆکەیەکەوە.
لە فەلسەفەدا؛ بە گشتی دوو جۆری دۆگمابوون هەیە؛
یەکەم؛ System of principles
سیستەمێکی ڕژێمی، یان سیستەمێکی بنەماکان.
دووەم؛ System of religion laws
سیستەمی یاساکانی ئایین.
لە دەرونشیکاریدا، دەکرێت بە جۆرێک لە قاڵبدانی هۆشەگی و هەستەگی مرۆڤ بچوێنرێت، بە جۆرێکی کۆنکرێتی، کە یان هەر هیچ مەجالێک بە ڕەخنە و قسەوباس لەسەر بیروباوەڕی وابەستەوەبووەوە نادات، یان لە درزێکی زۆر بچووکەوە جۆرێک موجامەلەی درز و لایەنە نەرێنییەکانی بیروباوەڕەکەی دەدات.
دۆگمابوون لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ لە نێو نائاگایدا چێ کراوە، بۆیە کاردانەوەکانی لە ئاگاییدا هەمیشە نەرێنین. هۆکاری نەرێنی بوونی کاردانەوەی دۆگمابوون، تەنها لەبەر ئەوە نییە لە نێو نائاگییمانەوە دێت، نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەو چێبوون و جێگیربوونە ئەبەدییەیە، لەوەش دوورتر بڕۆین لەبەر ئەو “ئامڕاز”ە ئایدۆلۆژییانەیە کە بکەرانی “Sender”چێ کردن و جێگیرکردن بەکاری دەهێنن، بۆیە کەسی دۆگما هەمیشە کارتێکراوە، و ناتوانێت ببێتە کارتێکەر. هۆکاری کارتێکراوی مرۆڤی دۆگما پەیوەندی بەوەوە هەیە کە وەرگرێکی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی هۆکارگەرایی نەبووە، و وەک بۆردێکی سپی مێشکی نووسراوەتەوە، هەر بۆیەش ناتوانێت ببێتە کارتێکەر و کاریگەر، چونکە گەیەنەرێکی بیرکەرەوەی ڕەخنەیی هۆکارگەرایی نیە.
دۆگمابوون جۆرێکە لە نەخۆشی دەروونی، تووشی هەموو ئەو مرۆڤانە دەبێت، کە Receiver وەرگری بێ ڕەخنەیی هۆکارگەرایین، لەم سەری ئایدۆلۆجیا ڕاستڕەوەکانەوە بۆ ئەو سەری چەپڕەوەکان، وە لەم سەری ڕژێم و ڕێبازە چەپڕەوەکانەوە بۆ ئەو سەری ڕاستڕەوەکان، تووشی بوون و دەبن. ئەم نەخۆشییە، بە درێژایی مێژوو لەگەڵ مرۆڤ هاوتەریب تا هەنوکە هاتووەوە و هاتا داهاتووش دەڕوات.
لە بەرامبەر دۆگمابوون شتێک هەیە پێی دەوترێت Tolerance تۆلێرانس. ڕیشەی ووشەکە لە لاتینەوە و پاشان لە فەڕەنسییەوە هاتووەوە و بە مانای لێبووردەیی، بەرگەگرتن دێت.
لە فەلسەفەی کۆمەڵناسیدا، بە مانای قەبوڵ کردنی جیاوازی و سنگفراوانی دێت، لە کێشەی جیاوازییە کۆنکرێتی و چەق بەستووییەکاندا.
ئەم بەرامبەرکێییە لە دنیایی سیاسەت و میدیای سیاسی و سیاسەتی میدیایی دا، لە بۆ خاتری ئازادی ڕادەڕبڕین هاتە بەرباس و خواسی گشتی.
لێرەوە بانگەشەکارانی ئازادی ڕادەڕبڕین پەیامی تۆلێرانس و قەبوڵ کردن و پێکەوە ژیانیان دەدا بەگوێ ئەوانەدا کە “بەحسابی ئەوان” دۆگمان. لێرەوە هەندێک لە وڵاتانی دیموکراتخوازی ڕۆژئاوا، بوونە سەرمەشقی بانگەشەکردنی ئازادی ڕادەڕبڕین، بەجۆرێک لە نێو مەعمەعەی بە ڕژێمکردن و بە ڕێبازکردنی ئازادی ڕادەربڕیندا تووشی جۆرێک لە دۆگمابوون هاتن، بە جۆرێک دۆگمای ئازادی ڕادەڕبڕین بووبە نەخۆشی نوێ لە دنیای مۆدێرنەدا.
ئێستا دۆگمابوونی ئازادی ڕادەڕبڕین، دۆزێکە، هێندەی سەرمایەداری و سیاسەتی ئابوری و مەسرەفگەرایی مۆدێرنە ئاڕاستەی دەکات، نیو هێندە دۆزێک نییە بۆ خەمێکی قوڵی جەوهەری کێشەکان. ئێستا لە نێوان دۆزێک “چەندە حەقیش بێت” و پڕوپاگەندەیی میدیایی دژ بە دۆزەکە، خەتووکەی سۆزی گشتی و Common Sense هەستی باو ئەدرێت، بە جۆرێک کە پەرتکردن و شکاندنی حەق، لە خزمەتی ئازادی ڕادەڕبڕینیشدا “هەرچەند ناحەقیشبێت” ئاسایی و ڕێگەپێدراوە.
لێرەوەیە سەرئێشەی “سەرلێشێوان” مەترسیدارترین دیاردەی کۆمەڵایەتییە، لێرەوەیە کە Absurd عەبەسییەت بەر دەرگای ژیانمان دەگرێت، سێبەری لەسەر کۆمەڵگاکانمان ناڕوات، لێرەوەیە کە ئیتر عەوام “چەندە خوێنەریشبن، چەندە شەهادە و پۆستی فەیسبوک و دیبەیت و سیمیناریشیان هەبێت” دەبنە دەمڕاستی Chaos فەوزا، و قیژە و هەواریان، کاڵ و کرچی ڕەنگیان، گوێی کەمینەی حەقیقەت کپ ئەکەن، و نوزەی کەمینەی حەقیقەت بێ دەنگ ئەکەن، و ڕێگە نادەن ڕەنگاڵەیی کەمینەی حەقیقەت بدرەوشێتەوە…

هاوشێوە