رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ماكیاڤیلی

Facebook
Twitter
LinkedIn

(ڕێبەری ستەمكاران، یان هۆشیاركەرەوەی خەڵكی؟)

نووسین: ماکیاڤیلی
وەرگێڕان: کەیوان هەورامی

دەمانەوێ بپەرژێینە سەر نووسەر و بیرمەندێك، كە هەم بەناوبانگە و هەم نەناسراو. زۆربەتان ناوی ئەوتان بیستووە. تەنانەت ناوەكەشی سیفەتێكی لێ هەڵهێنجراوە، كە واتایەكی ئەهریمەنیی هەیە: دەمانەوێ دەربارەی ماكیاڤیلی بدوێین! ئەو سیفەتەش كە گوتم واتایەكی ئەهریمەنیی هەیە، سیفەتی ماكیاڤیلییە. بەڵام نابێت «سیفەتی ماكیاڤیلی» بدەینە پاڵ شوناس و كەسایەتیی ئەم نووسەرە، ئاخر سیفەتی ماكیاڤیلی، لە یەكێك لە كتێبەكانییەوە سەرچاوەی گرتووە، نەك لە كەسایەتی و ژیانی خۆیەوە. ماكیاڤیلی فەیلەسووفی فلۆرێنسی سەردەمی ڕێنسانس بوو، ناوبانگەكەشی بەبۆنەی كتێبێكەوە بوو بە ناوی «شالیار؛ میر»، كە لە ساڵی 1513دا نووسراوە. كتێبی شالیار، وەك ڕێبەرێك وایە بۆ حكوومەتە دیكتاتۆرییەكان. فەلسەفەی ماكیاڤیلی لە بنەڕەتەوە سیاسییە. ڕاستییەكەی ئەوەیە كە ماكیاڤیلی فەلسەفەی حكومڕانیكردن ڕوون دەكاتەوە. هەڵبەتە پێش ماكیاڤیلی بیرمەندانی دیكەش لە كایەی فەلسەفەی سیاسیدا كاریان كردبوو. بەڵام فەلسەفەی حكومڕانی لە ڕوانگەی ماكیاڤیلییەوە، ئێجگار جیاواز بوو لە ڕوانگەی بیرمەندانی پێش خۆی. گەرچی ماكیاڤیلی فەیلەسووفێكی سەر بە سەدەی پازدەیەمە و ڕاوێژكاری حكوومەتەكانی ئەمڕۆ نەبووە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە سیاسییە مۆدێرنەكان گوتوویانە كتێبی «شالیار»ی ماكیاڤیلی یەكێك بووە لە كتێبە گرنگەكانی كتێبخانەكەیان و چەندان جار خوێندوویانەتەوە. دەكرێت بڵێین سیاسەتی تازە، بێ گومان و بە ڕوونی لە بیرۆكەكانی ماكیاڤیلییەوە سەرچاوەی گرتووە. دەكرێت ماكیاڤیلی بە بنیادنەری فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرن دابنێین، چونكە بەر لە ئەو، واتە لە چاخە سەرەتاییەكان و لە سەدەكانی ناوەڕاست، فەلسەفەی سیاسی جۆرێكی تر بوو. لە ڕوانگەی ماكیاڤیلییەوە توخمی سەرەكیی سیاسەت دەبوو واقعبینی بێت؛ واقعبینییەكی دژبەری ئایدیالیست؛ واتە تێگەیشتن لەم دونیایە و واقعیەتەكەی بەو جۆرەی كە هەیە، نەك بەو چەشنەی كە دەبێت ببێت. ماكیاڤیلی دەڵێت نابێت بە دیدگەیەكی نموونەیی و بەو جۆرە لە خەڵكی بڕوانین كە دەبێت ببن، ئەو دەڵێت پێویستە بەو جۆرە خەڵكی پەسەند بكەین كە هەر بە ڕاستی هەن، نابێت هەوڵ بدەین بیانگۆڕین بۆ شتێك كە دژی سرووشتی ڕاستەقینەیانە. ڕوانینی واقعبینانەی ماكیاڤیلی بۆ خەڵكی، لەسەر بنەمای تیۆرییەكە كە دەڵێت: «زۆربەی خەڵكی بە واتای ڕاستەقینەی وشە، ناتوانن باش بن.» بۆچی؟ چونكە مرۆڤ هەر بە سرووشت بوونەوەرێكی خۆویست و بەرژەوەندیخوازە. با ساڵەهای ساڵ شێوازی هەڵسوكەوتی باشی بۆ ڕوون بكەنەوە و ئاكاری دروستی بخەنە بەر دەست، بەڵام هەوڵدانی ئێوە بسوودە. گەر كەسانی ڕیزپەڕ بخەینە لاوە، ئەوا مرۆڤ هەر بە سرووشت ناتوانێت باش بێت. ئامۆژگاریی ماكیاڤیلی بۆ حكوومەتەكان ئەوەیە كە بە شێوەیەكی واقعبینانە لە تایبەتمەندییەكانی خەڵكی بكۆڵنەوە بەپێی زانست و زانیاری دەربارەی دەروونیان فەرمانڕەواییان بەسەردا بكەن. ماكیاڤیلی دەڵێت بۆ فەرمانڕەواییكردن بەسەر خەڵكیدا، لایەنە خراپەكارانەكەیان لە بەرچاو بگرن. بەم پێیە شەیتانسیفەتیی ماكیاڤیلی لە ڕوانگەی خۆیەوە، لە واقعبینی و لۆژیكیبوونەكەیەوە سەرچاوەی گرتووە. لە ڕوانگەی ئەوەوە «ئامانج پاكانە بۆ ڕێكار دەكات». گەر ئامانجی سیاسەت فەرمانڕەواییكردن بێت، لەم ڕێگەیەدا یەكەمین هەنگاو پەسەندكردنی ئەوەیە كە خەڵكی ناتوانن باش بن، داننان بەوەدا كە خۆویست و بەرژەوەندیخوازن… ماكیاڤیلی ئامۆژگاریی فەرمانڕەوایان دەكات سوود لە توێژینەوەی دەروونی خەڵكی وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن فەرمانڕەواییان بەسەردا بكەن. دەڵێت گەر سرووشتی ڕاستەقینەی خەڵكی بناسن، ئەوان هەمیشە لەژێر كۆنترۆڵتاندا دەبن. كەواتە لە دیدی ماكیاڤیلییەوە: «ئامانج پاكانە بۆ ڕێكار دەكات، ئامانجیش پاراستنی دەسەڵاتە، جا بە هەر نرخێك بێت».

ئێستە بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ئەم بیركردنەوەیە لە كایەی سیاسیی سەردەمی خۆیدا بە شۆڕشێك دەهاتە ئەژمار، دوو نموونەتان بۆ دەهێنمەوە. دانەكیان لە چاخە سەرەتاییەكان و ئەوی دیكەشیان لە سەدەكانی ناوەڕاستدا.

نموونەی یەكەم لە كتێبی «كۆمار»ی ئەفلاتووندایە. ئەفلاتوونی فەیلەسووفی یۆنانیی سەر بە سەدەی پێنجی پێش لە دایكبوونی مەسیح، لە كایەی فەلسەفەی سیاسیدا كتێبێكی نووسی بە ناوی «كۆمار». لە كتێبەكەیدا بنەمای كۆمەڵگەیەكی نموونەیی ڕوون كردەوە. كۆمەڵگە نموونەییەكەی ئەفلاتوون، هەم كارا و لە باری پێشكەوتندایە، هەم هەڵگری پێودانی ئاكاریی باش. ئەفلاتوون لە كتێبی كۆماردا، بایەخێكی تایبەتی بە بەرزەئاكاری، باشی و ڕێكی داوە. لە لای ئەو، هەر لە بنەڕەتەوە جیاكردنەوەی سیاسەت و ئاكار شتێكی نەكردەیە. ئەو دەڵێت نابێت سیاسەت لە ئاكار داببڕین، چونكە ئەركی هەر حكوومەتێك، ئاراستەكردنی خەڵكییە بەرەو بەرزەئاكاری و چاكە. ئەو شارە ناوازەیەی كە ئەفلاتوون باسی دەكات، لەسەر بنەڕەتی چاكە و بەرزەئاكاری بنیاد نراوە. حكوومەت ئەركی سەر شانییەتی خەڵكی بەو ئاراستەیەدا بەرێت.

نموونەی دووەم دەبارەی ئاگۆستینی قەدیسە. ئەم جارەیان لە سەدەی پێنجی پاش لە دایكبوونی مەسیحداین. ئاگۆستینی قەدەیس كتێبێكی هەیە بە ناوی «شاری خودا»، كە تێیدا دوو كۆمەڵگەی تەواو دژیەك دەناسێنێت: كۆمەڵگەیەك كە بەرەو خۆتەوەری و خۆویستی ئاراستە دەكرێت و لە ڕوانگەی ئەوەوە واتای خراپە دەگەیەنێت. كۆمەڵگەیەكی تر كە بە لای خواتەوەری و خۆشەویستیی خوادا ئاراستە دەكرێت، كە لە لای ئاگۆستینی قەدیس، ئەمە سیاسەتی نموونەییە. لە دیدگەی ئەوەوە، دەبێت ئامانجی حكوومەت ڕزگاركردنی ڕۆح و مەعنەویەتی خەڵكی بێت. ئەو بڕوای وایە گەر مەعنەویتی خەڵكی ڕزگار بكەین، ئەوان بەرەو بەهەشت ئاراستە دەكەین. ڕەنگە ئەم تیۆرییە لە سەردەمی ئێستەدا كەمێك پێكەنیناوی بێت، بەڵام لە سەدەكانی ناوەڕاستدا، پرسی دواڕۆژ، لە مێشكی مرۆڤەكاندا، ئێجگار جێی بایەخ بوو. لەو سەردەمەدا خەڵكی بڕوایان وا بوو پاش ژیانی زووتێپەڕی ئەم دونیایە، ژیانێكی تاهەتایی ئەودونیایی چاوەڕێیانە و گەر لەم دونیایەدا بەپێی ڕێسا ئاكاری و ئیلاهییەكان بژین، پاش مردن دەچن بۆ بەهەشت. كەواتە سەیر دەكەین ئاگۆستینی قەدیسیش وەك ئەفلاتوون، دواجار سیاسەت لە ئاكار دانابڕێت. كەواتە بە هێنانەوەی ئەم دوو نموونەیە، لام وایە ڕوون بووەتەوە كە فەلسەفەی ماكیاڤیلی لەچاو سەردەمەكەی خۆیدا، چەندە سەیر و ئاڤانتگاردیست بوو. فەلسەفەی سیاسیی ئەو، بە توندی پێچەوانەی ڕای بیرمەندانی پێش خۆی بوو و هەرچی كە لە فەلسەفەی سیاسیی بەر لە خۆیدا خرابووە ڕوو، خستییە ژێر پرسیارەوە. ماكیاڤیلی ئێمەی لەگەڵ خۆیدا بردە دونیایەك، كە تێیدا هێژایی ئاكاری و چاكبوون، ئامانجی كۆتایی نییە؛ دونیایەك كە تێیدا چاكبوون، تەنیا ڕێكاڕێكە وەك ڕێكارەكانی دی؛ دونیایەك كە تێیدا چاكبوون و هێژایی ئاكاری، تەوەری سیاسەت نییە. خۆ گەر وا نەبێت، ئەوا لە ڕوانگەی ماكیاڤیلییەوە تەواو بێسوودە و دژبەری كۆمەڵگەیە و بە دڵنیاییەوە بە شكست دەشكێتەوە. ماكیاڤیلی دەڵێت گەر ئامانجی فەرمانڕەوایی پاراستنی دەسەڵات بێت، ئەوا هەڵەیەكی گەورەیە گەر بڕیاردانە سیاسییەكانی لەسەر بنەمای ئاكار یان ئاراستەكردنی خەڵكی بێت بەرەو چاكە. هەڵەیە گەر لای وا بێت سرووشتی مرۆڤەكان، مەیلی بە لای قوربانیدان و لەخۆبردووییدایە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەمە هەڵەیەكی گەورە، چونكە سیاسەتی ئەو، دەبێت لەسەر بنەمای واقعگەرایی بێت نەك ئادیاڵی.

ئێستە با كەمێك دۆخی سەردەمی مێژوویی ماكیاڤیلی ڕوون بكەینەوە. گوتمان ماكیاڤیلی لە سەردەمی ڕێنسانسدا دەژیا، واتە لە سەدەمی دەستپێكی مۆدێرنێتەدا؛ ئەو سەردەمەی بیركردنەوەی تاكەكان دەربارەی مرۆڤ بەرەبەرە گۆڕانكاریی بەسەردا دەهات. ڕاستییەكەی ئەوەیە كە بیركردنەوەی ئەرێنیی ئایدیاڵگەرایانە شوێنی خۆی بۆ ڕەشبینیی واقعگەرایانە چۆڵ دەكرد. ئەمە واتە چی؟ واتە نابێت چاوەڕوانییەكی زۆرمان لە سرووشتی مرۆڤ هەبێت؛ مرۆڤی خۆتەوەر و خۆویستە، بە كاردانەوە هەستیارانە كوتوپڕانەكانییەوە. ماكیاڤیلی گوتی خۆتان مەخەڵەتێنن، خەڵكی هەر بەو جۆرەی كە هەن، شەنوكەویان بكەن، لەسەر ئەو بنەمایەش بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەكانی خۆتان بەكاریان بهێنن. ئەمە پێی دەڵێن، ئۆپەرتیونیزمی سیاسی (حیزی با؛ هەلپەرستی). واتە بەكارهێنانی خراپەكاری، گەمژەیی و نەزانیی خەڵكیی، بۆ بەژەوەندییەكانی فەرمانڕەوایی… هەڵبەتە جیا لە ماكیاڤیلی، فەیلەسووفانی دیكەش هەبوون كە ڕایەكی ڕەشبینانەیان دەربارەی سرووشتی مرۆڤ هەبوو. تۆماس هابسی فەیلەسووفی ئنگلیزیی سەدەی حەڤدەیەم، بڕوای وا بوو تاكە ڕێ بۆ ئەوەی هەڵسوكەوتی خەڵكیی پێ ڕێك بكەیتەوە، ترساندنیانە. تۆماس هابس دەیگوت مرۆڤ بوونەوەرێكی ترسنۆكە، تەنیا لە ترسی لە دەستدانی ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی خۆیدایە كە ڕێز لە ڕێسكانی حكوومەت و سیستم دەگرێت. وەك ماكیاڤیلی كە بڕوای وا بوو گەر فەرمانڕەوا سرووشتی مرۆڤ بناسێت و ڕوودارانە پەسەندی بكات، ئەوا دەتوانێت سووكوئاسان فەرمانڕەواییان بەسەردا بكات. ماكیاڤیلی دەڵێت ئامانجەكە ئەوە نییە بە خەڵكی بڵێین دەبێت چۆن بن، بەڵكە دەبێت لەوە تێبگەین كە خەڵكی خۆیان چۆنن، تا بتوانین فەرمانڕەواییان بەسەردا بكەین. دەبێت بزانین خەڵكی خواستیان چییە و كتومت ئەوەیان پێ بدەین، جا تەنانەت ئەو خواستە لە ڕوانگەی ئێمەوە هەڵەش بێت و زیانیان پێ بگەیەنێت. ئەو دەڵێت ئەركی حكوومەت ڕاستگۆبوون نییە، ئەركی حكوومەت تەنیا پاراستن و پتەوتركردنی فەرمانڕەواییە. ئەو دەڵێت خەڵكی لە بەرانبەر ڕواڵەتی پرسەكاندا كاردانەوە دەنوێنن و گیرۆدەی هەستەكانیانن. سیستمی فەرمانڕەوا ناچار نییە هەر بە ڕاستی و بە كردەوە ئەو شتە ببەخشێتە خەڵكی كە دەیانەوێت، هەر ئەوەندە بەسە ئەو وەهمە بهێنێتە ئارا كە خەڵكی وا بە خواستەكانیان دەگەن و، ئەوە حكوومەتیشە كە ئەم خواستانە دەهێنێتە دی، گەرچی ئەمە هەر بە ڕاستی واش نەبێت. فەرمانڕەوای سەركەوتوو، لە ڕاستیدا وەهمساز یان تەڕدەستێكە. فەرمانڕەوای سەركەوتوو كەسێكە كە هونەری ڕواڵەتسازی بزانێت. بۆچی؟ چونكە خەڵك لەژێر كاریگەریی ڕواڵەتی پرسەكاندان. زۆربەی بڕواكانی خەڵكی، لەسەر بنەمای ئەو شتانەن كە دەیانبینن و دەیانبیستن. باشترین ڕێی جڵەوكردنی خەڵكی، جڵەوكردنی بیروبڕواكانیانە. بیروبڕوای خەڵكی، چاكترین كەرەستەیە بۆ سەپاندنی فەرمانڕەوایی بەسەریاندا. ماكیاڤیلی حەزێكی زۆری بۆ دەروونناسیی خەڵكی هەبوو… ئەو دەیگوت هەر بە ڕاستی پێویست ناكات حكوومەت لە بەرژەوەندیی خەڵكیدا كار بكات، بەڵام دەبێت نواندنێكی وا بكات كە خەڵكی وا بیر بكردنەوە ئەو خەریكی بەدیهێنانی خواستەكانیانە. لە ڕوانگەی ماكیاڤیلییەوە، فەرمانڕەوایەكی سەركەوتوو كات و وزەی خۆی لەوەدا خەسار ناكات كە بزانێت چ شتێك باش و ئاكارییە، چ شتێكیش هەڵە و نائاكارییە. تاكە ئەركی ئەو فەرمانڕەواییكردن و پاراستنی دەسەڵاتە.

ئێستە دەگەین بە دوو خاڵی گرنگ، كە لە ڕوانگەی ماكیاڤیلییەوە، لە ڕێی بەكارهێنانیانەوە، خەڵكی ملكەچی حكوومەت دەبن.

خاڵی یەكەم: نواندنی دڵسۆزی و میهرەبانی.

خاڵی دووەم: هێنانەئارای ترسە.

ئەم دوو هەستە، واتە ترس و خۆشەویستی، كاریگەرییەكی زۆریان بەسەر دڵ و دەروونی خەڵكییەوە هەیە. بە سوودوەرگرتن لە خاڵی یەكەم، گەر خەڵكی وا بزانن حكوومەت ئەوانی خۆش دەوێت، ئیدی ئەوانیش حكوومەتیان خۆش دەوێت. هەڵبەتە ماكیاڤیلی پێی وایە كە خاڵی دووەم، واتە ترس، گەلێك پتەو و كاریگەرترە. لە دیدگەی ماكیاڤیلییەوە هەستی ترس، بۆ نموونە ترس لە مردن، ئێجگار لە هەستی خۆشویستن بەهێزترە. ئەو جەختی لەسەر دەكاتەوە بە تاودانی بێڕادەی هەستی ترس، دەكرێت هەر هەستێكی خۆشەویستی لەنێو ببرێت. لە ڕوانگەی ماكیاڤیلییەوە، خەڵكی بە گشتی پاڵەوان و لەخۆبردوو نین. هەڵبەتە ئەو نەیدەگوت قوربانیدان و لەخۆبردوویی بە هیچ شێوەیەك لە مرۆڤەكاندا بوون نییە، بەڵام بڕوای وا بوو زۆر دەگمەن و هەڵاوێردەیە. ئەو سیاسەتەی كە بۆ كۆی كۆمەڵگە دادەڕێژرێت، نابێت لەسەر بنەمای ئەم هەڵاوێردە و دەگمەنانە بێت. مادام زۆرینەی ئەندامانی كۆمەڵگە لە مەرگ و سزا دەترسن، دەبێت تەوەری سیاسیی حكوومەت لەسەر ئەو بنەمایە بێت. بە گرتنەبەری ئەم ڕێكارە، خەڵكی دەستەمۆ و گوێڕایەڵ دەبن. بێ گومان لە ناو خەڵكیدا كەسانێك هەن كە لەبەر خۆشەویستی گوێڕایەڵی حكوومەتن، بەڵام زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگە لەبەر ترس ملكەچی حكوومەت دەبن.

كەواتە تا ئێرە تێگەیشتین كە ویژدان و ئاكار، بە هیچ شێوەیەك لە دەزگای سیاسیی ماكیاڤیلیدا جێی باس نین. دەبێت ئەم بابەتە بەهەند وەربگرین، دەنا فكری ماكیاڤیلی لە ئاستی تێگەیشتندا نابێت: سیاسەت لە ڕوانگەی ئەوەوە، هیچ پەیوەندییەكی بە ویژدان و ئاكارەوە نییە. گەرچی ئەو بە تانەوە دەڵێت گەر لەژێر كاریگەریی هەلومەرجێكی تایبەتیدا، ئاكار و ویژدان و دادپەروەی یارمەتیدەری پاراستنی فەرمانڕەوایی بن، لەم بارەدا، فەرمانڕەوا دەبێت سەرڕاست و دادپەروەر و بەویژدان بێت. بەڵام لە بارێكدا كە درۆزنی و بێویژدانی لەگەڵ خەڵكیدا ببێتە هۆكاری پاراستنی دەسەڵات، فەرمانڕەوا دەبێت درۆزن و بێویژدان بێت. ماكیاڤیلی هیچ داوەرییەكی دەربارەی چاكە و خراپە نییە. ئەو ڕوانگەیەكی تەواو ساردوسڕ و واقعگەرایانە و خاڵی لە ئاكاری هەیە كە بەردەوام لە خۆی دەپرسێت: كاریگەرترین ستراتیژی بۆ فەرمانڕەواییكردن چییە؟

بەم پێیە، ماكیاڤیلی خۆی بە واقعبینێكی سیاسی دەزانێت. لە دەزگا سیاسییەكەی ئەودا، هیچ شتێك بە ناوی چاكییەوە بوونی نییە. جا گەر چاكە بوونی نەبێت، خراپەش نییە. گەر چاكە و خراپە بوونیان نەبێت، ئەوا ڕێگەی فەرمانڕەواییكردنی فەرمانڕەواش پاك دەبێتەوە لە بەربەست. تاكە ئامانجی ئەو دەبێت بە پاراستن و پتەوكردنی دەسەڵات. سەرنجتان لەسەر ئەوە بێت هەڵەیە گەر ئێمە وا بیر بكەینەوە كە ئامانجی فەلسەفەی سیاسیی ماكیاڤیلی ستەم و نادادپەروەرییە. باسی ئاكاری بە هیچ شێوەیەك لە فەلسەفەكەی ئەودا بوونی نییە. ئەو نایەوێت دژایەتیی ئاكار بكات، ماكیاڤیلی فەرمانڕەوایان ڕاناسپێرێت ستەم بكەن، لەبەر ئەوەی ستەم كارێكی ڕاست و چێژبەخشە. بەڵام دەڵێت گەر ستەمكاربوون مەرجی پێویست بێت بۆ پتەوكردن و بەردەوامیی دەسەڵات، كەواتە دەبێت ستەمكار بن. لە ڕوانگەی ئەوەوە دادپەروەی و نادادپەروەی، تەنیا دوو ڕێكارن بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی گەورەتر، واتە دەسەڵات. دواجار لە دیدی ئەوەوە، ئامانج پاكانە بۆ ڕێكار دەكات. ئێستە من لێرانەدا بۆ ڕوونتربوونەوەی بابەتەكە، بەشێك لە دەقی نووسراوەكانی ماكیاڤیلیتان بۆ دەخوێنمەوە:

شالیاری ژیر، نابێت بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ بكات گەر بە زیانی خۆی بشكێنەوە و نابێت ترسی لە شكاندنی ئەو بەڵێنانە هەبێت كە بەبۆنەی هۆكارگەلێكەوە ناچار بووە بیاندات. شكاندنی بەڵێن و جێبەجێنەكردنیان ناجوامێرانە دەبوو گەر خەڵكی كۆمەڵە بوونەوەرێكی دڵباش و سەرڕاست بان. بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵكی خۆیان كۆمەڵێك بوونەوەری درۆزن و بەرژەوەندیخوازن و گەر دەسەڵاتیان بكەوێتە دەست، ئەوانیش بەڵێنەكانی خۆیان جێبەجێ ناكەن، ئەی بۆچی ئێوەی دەسەڵاتداران دەبێت بەڵێنەكانی خۆتان جێبەجێ بكەن؟ گرنگ ئەوەیە فەرمانڕەوا بزانێت چۆن ڕێویسیفەتیی خۆی بشارێتەوە. شالیار دەبێت بەسەر هونەری پەردەپۆشكردن و نواندندا زاڵ بێت. بە دڵنیاییەوە نابێ جووڵە سیاسییەكانی شالیار بە جۆرێك بن وەك ئەوەی خەڵكانی سەرزەمینەكەی باش و سەرڕاستن. بەڵكە لە كاتی پێویستدا، بۆ پاراستنی حكوومەتەكەی، دەبێت بە پێچەوانەی ڕێسا ئاكارییەكانەوە بجووڵێتەوە. شالیار دەبێت لاستیكی بێت و هەمیشە بە ئاراستەی بەرژەوەندی و سوودی خۆی بكشێت. گەر هەلومەرجەكە بخوازێت، دەتوانێت سەرڕاست و دادپەروەر بێت، بەڵام لە دۆخی پێویستدا، ئاساییە پەنا بۆ درۆ و بەسەرداخوڕین بەرێت.

لەم دەقەی ماكیاڤیلییەوە، بە تەواوی دەرك بە فەلسەفەی خاڵی لە ئاكار و واقعبینانەی ئەو دەكەین. ماكیاڤیلی دژەئاكار نییە، بەڵكە خاڵییە لە ئاكار. دەكرێت بڵێین لایەنگری ئوپەرتیونیزمی ئاكارییە. ماكیاڤیلی ڕای دەگەیەنێت دەربارەی پرسی ئاكار، بە تەواوی بێلایەنە. هەروەها دەڵێت مادام زۆربەی خەڵكی قسەی خۆیان نابەنە سەر، ئەی بۆچی دەبێت دەسەڵاتدارێك قسەی خۆی بباتە سەر. دەڵێت تەنیا ئامانج گرنگە، ئامانجیش پاراستن و پتەوكردنی دەسەڵاتە.

وا دیارە ماكیاڤیلی شوێنگۆڕكێ بە چەمكی موقەدەسبوون دەكات. لە ڕوانگەی ئەوەوە لەبری ئەوەی پێوەرە ئاكارییەكان پیرۆز بن، حكوومەت پیرۆزە. هەرچۆنێك بووە كتێبی «شالیار» وەك چۆن ڕێنمایەك بوو بۆ حكوومەتە ستەمكارەكان، بە هەمان شێوە كتێبێك بوو بۆ شەنوكەوكردن و ناسینی دەسەڵاتداران و هۆكاری پشت كردەوەكانیان. هەروەها دەفتەرچەیەكی ڕێنمایی بوو بۆ خەڵكانی ئەو سەردەمانە تا بزانن دەسەڵاتداران چۆنچۆنی فەرمانڕەواییان بەسەردا دەكەن. دەكرێت بەم جۆرە لە بابەتەكە بڕوانین كە ماكیاڤیلی بە نووسینی كتێبی شالیار، یارمەتیی خەڵكانی سەردەمی خۆی دا تا ئاگاردای شێوازی سیاسەتكردنی دەسەڵاتداران بن… گەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری كتێبی شالیار بكەین، ئەوا نابێت وەك بیرمەندێكی شەیتانی ماكیاڤیلی بناسێنین.

سەرچاوە:

آوای فلسفە

مكیاویلی

هاوشێوە