رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بۆچی لە خۆشەویستی دەترسین؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ڕۆمینا تاڤۆرمینا

وەرگێڕان: فریاد حەسەن

قەیرانەکانی ژن و مێرد لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا و ژمارەی سەڵتەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە؛ ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات کار لە دروستکردنی پەیوەندییەکی سەقامگیر و بەردەوامبوونیان دەکات. لەم بابەتەدا هەوڵمان داوە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و دەروونناسی و دەروونشیکارییەوە لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە (دیاردەی فیلۆفۆبیا) تێبگەین. (زیگمۆنت باومان) قەیرانی ژن مێرد و زیادبوونی سینگڵەکان بە قەیرانی کۆمەڵگەی مۆدێرن دەزانێت. دەڵێت: (ئێمە لە جیهانێکی ناجێگیردا دەژین، هەموو شتێک بە خێرایی دەگۆڕێت و هیچ شتێک جێگیر نییە ئەمەش کاریگەری لەسەر ژن و مێردەکان هەیە). هاوکات لە ڕوانگەی دەروونییەوە، ئاماژە بە هەموو ئەو شتانە دراوە کە نووسەرانی دەروونشیکار، لە فرۆیدەوە تا دوایی سەبارەت بە قەیرانی هاوسەرەکان باسیان لێوە کردووە. ڕوونە کە هەندێک کەس بە ئەستەم دەتوانن پەیوەندییە جێگیر و درێژخایەنەکانیان بپارێزن، چونکە بە دەست فیلۆفۆبیا (ترس لە خۆشەویستی)یەوە دەناڵێنن. ئێمە هەوڵمان  داوە لەوە تێبگەین کە هۆکاری جۆرە جیاوازەکانی فیلۆفۆبیا بۆ هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو چییە؟ دەرکەوت کە سەرچاوەکان دەیگەڕێننەوە بۆ پەیوەندییە سەرەتاییەکانی منداڵیی لەگەڵ دایکان و باوکاندا. (دەرکەوت کە ئەو کەسانەی لە منداڵیدا دایک و باوکیان کێشە لە پەیوەندییەکەیاندا هەبووە، بەهۆی نەبوونی خۆشەویستییەوە، ئەگەری هەیە لە تەمەنی گەورەییدا هەمان مۆدێلی پەیوەندیی ناکارامە بەرهەم بهێننەوە، کە لە منداڵیدا بەری کەوتوون).

داتاکانی (ISTAT) ڕەوتی کۆمەڵایەتیی گەنجەکان دەردەخەن کە تا چەند بە تەنیا ماونەتەوە یاخود چوونەتە پەیوەندیی هاوسەرگیرییەوە. لە ڕاستیدا لە ماوەی ١٠ ساڵدا، لەنێوان ساڵی 1991 بۆ 2001 دوو ملیۆن و نیو کچ ماونەتەوە کە شوویان نەکردووە. کە ئەمەش یەکسانە بە ٪٤٤ کۆی دانیشتووان، ڕێژەی ئەو گەنجانەی کە هاوسەرگیرییان کردووە تەمەنیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٤ ساڵدایە و تەنیا ٪٤٥ی دانیشتووانی ئیتاڵیا پێک دەهێنن. ٪٥٥ی گەنجان هێشتا لەگەڵ دایک و باوکیانن، یاخود بە تەنیا دەژین. تەنانەت داتاکانی سەرژمێری لە ساڵی ٢٠١١دا دەری دەخەن کە کەسانی سەڵت لەنێوان تەمەنی ٢٥ بۆ ٣٤دا بەردەوام ڕوویان لە زیادبوونە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم دیاردەیە دیاردەیەکی بەردەوامە. جێگەی سەرنجە تێبگەین ئەو هۆکارانە چین کە وا دەکەن تاک بۆ ماوەیەکی زیاتر بە تەنیا بمێنێتەوە و نەتوانێت پەیوەندییەکی سەقامگیر دروست بکات. یەکێک لە هۆکارەکان بە دڵنیاییەوە قەیرانی ئابووریی وڵاتەکەیە و بە سەختی دەرفەت بۆ گەنجان دەڕەخسێنێ ببنە خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆ و ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنن، بەڵام ئەمە تەنیا یەکێکە لە هۆکارەکان. لە کاتێکدا ڕەنگە هۆکارەکانی دیکە پەیوەندییان بە کێشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و دەروونییەکانەوە هەبێت، وەک ترس لە خۆشەویستی یان خۆشویستراو. ئەمە ئەو بیرۆکەیەیە کە وای کرد ئەم بابەتە لە دایک ببێت: بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی مرۆڤەکان لە خۆشەویستی دەترسن و چۆن ئەمە دەبێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت قەیرانی هاوسەرێتی.

قەیرانی ژن و مێرد لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە

ئەنجامی گەڕانەکان تێڕوانینێکی گرنگیان داوە بە دەستەوە لەبارەی ئەوەی بۆچی هاوسەرەکان لەم ساڵانەی دواییدا کەوتوونەتە ناو قەیرانەوە. شیکردنەوەکان بۆ ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی “باومان”ی کۆمەڵناسەوە سەبارەت بە قەیرانی ژن و مێرد جێی بایەخێکی زۆرە. ئەو دەڵێت: (قەیرانی پەیوەندییەکان و بە تایبەتیش پەیوەندییە ناسکە مرۆییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ناجێگیرەی کە ڕووبەڕووی ئەو کۆمەڵگەیە دەبێتەوە کە تێیدا دەژین).

لە جیهانێکی کێبڕکێکار و نالێبووردەدا، کە لەناو وەسوەسەی هیپنۆتیکی بەکاربەردا گیری خواردووە، بە شێوەیەکی پاشەکشەیی و وەسوەسەیی چەقیوەتە سەر بەکاربەری، دەروونی “بەکارهێنراو”یش درێژ کراوەتەوە بۆ بواری سۆز و خۆشەویستییەکان. لە جیهانێکدا (جیهانی مۆدێرن و شل) کە هەموو ئەو شتانە لە خۆی وەدەر دەنێت کە پتەو و بەهێزن، گریمانەی ئەوەی کە پەیوەندییەکی سەقامگیر و بەردەوام بوونی هەبێت، خەیاڵی و یۆتۆپیایی دەردەکەوێت.

خۆشەویستیی ڕۆمانسی، کە لەسەر بەڵێن و ئارەزوو بونیاد نراوە، دەگۆڕێت بۆ “خۆشەویستییەکی شل” و کاتێک پێویستییەکان پڕ ناکاتەوە، لە هەر ساتێکدا بێت ئامادەیە بۆ هەڵوەشاندنەوە.

مۆدێلی نەریتیی ژن و مێردی کولتووری پیاوسالاری بە مۆدێلێکی نوێ جێگەی پڕ دەبێتەوە، کە ئەویش ژن و مێردێکی نیمچەئازادە. ئەمەی دووەمیان، بە پێچەوانەی مۆدێلە تەقلیدییەکەوە کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی سۆزداری ئەزموونەکان دامەزراوە، لەسەر بنەمای جۆرێک لە پەیوەندیی نیوەکاتی دادەمەزرێت، کە تیایدا هەردوو هاوبەشەکە ژیانێکی سەربەخۆ و خۆبەڕێوبەریان هەیە (لەڕاستیدا زۆرجار هەر یەکەیان بە تەنیا دەژین و بازنەی هاوڕێی تایبەتی خۆیان هەیە کە هاوبەشەکەی تر تێیدا بەشدار نییە). تەنیا کاتێک کاتەکانیان پێکەوەیە کە کات و شوێن و ئارەزوویەکی هاوبەشیان هەبێت. ئەم جۆرە پەیوەندییە سۆزدارییە ڕەنگدانەوەی دۆخی پیشەیی ئەمڕۆیە. کە تیایدا کار دەکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پچڕپچڕ لای یەکتری بمێننەوە؛ بە شێوەیەکی کورتخایەن.

ئەم تێبینییەی زیگمۆنت باومان جەخت لە نیگەرانی پەیوەندییەکانی مرۆڤی مۆدێرن دەکاتەوە کە بەستراوەتەوە بە زەمینە مێژوویی و چوارچێوە کولتوورییەکانەوە. بێ گومان ئەو بارودۆخە ئابوورییە ناجێگیرەی کە لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا هەیە، وا دەکات گەنجان بە ئەستەم بتوانن کارێکی سەقامگیر و مووچەیەکی باش بدۆزنەوە، هەر بۆیە دروستکردنی ئابوورییەکی سەربەخۆ زۆر سەختە و بە ئەستەم دەتوانن خێزانە ڕەسەنەکانی خۆیان جێ بهێڵن. بۆیە هەندێک جار ئەم ئاستەنگی و مەحاڵییە لە لایەن گەنجانەوە وەک بیانوویەک بەکار دەهێنرێت. جگە لەم لایەنە ئابوورییە، لاوازبوونی بەهای کولتووریی خێزانیش بوونی هەیە، کە ئەمەش وادەکات دروستکردنی خێزان قورس و گران بێت. هەروەها لایەنی سێیەمیش هەیە کە ئەویش نابەرپرسیارێتیی گەنجانی ئەمڕۆیە کە پێدەچێت ترسیان هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ژیانی هاوسەرێتی.

منداڵەکان بۆ زیاتر لە سی ساڵ لەناو خێزانەکانی خۆیاندا دەمێننەوە و ئەمەش وایان لێ دەکات زیاتر وابەستەی دایک و باوکیان ببن و هەوڵ نەدەن بۆ ژیانێکی سەربەخۆ. هەروەها نەبوونی ململانێ لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا هەمدیس ڕێگە بەم مانەوە درێژخایەنەی منداڵ دەدات. ئەمڕۆ لە خێزانەکاندا منداڵ ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت بۆ دایک و باوکیان. باوانیان دەیانەوێت ئارەزووی منداڵەکانیان بەدی بهێنن، تەنانەت زۆرجار باوان پێشبینی پێداویستیی منداڵەکانیان دەکەن و تەنانەت بەبێ ئەوەی دەرفەت بە منداڵەکانیان بدەن داواکارییەکان دەرببڕن ئارەزووەکانیان بۆ بەدی دەهێنن. باوک هەموو پێداویستییەکی ماددی منداڵەکە دابین دەکات، لەبری ئەوەی سۆز و خۆشەویستی نیشان بدات. (گەنجەکان لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانیاندا تەنیا گرنگی بەو ساتە خۆشانە دەدەن کە خواست و ڕەزامەندیان لێیەتی؛ هەر شتێک بێزاری و بەرپرسیارێتی بە دوای خۆیدا بهێنێت، لێی دوور دەکەونەوە). هەستی گەنجان دووفاقین: لە لایەک پێدەچێت بەدوای پەیوەندییەکی دڵخۆشکەردا بگەڕێن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە خۆیانی لێ بەدوور دەگرن، بە تایبەتی ئەگەر جێگیر و بەردەوام بن. ئەوان ناتوانن بەرگەی قورسایی و گرژیی پەیوەندییەکی جێگیر بگرن، چونکە هەست دەکەن بەوە ئازادییان لەدەست دەدەن.

پێیان وایە کە خۆیان لە پەیوەندییەکی جێگیردان، هەرچەندە جێگەی ڕەزامەندییە، بەڵام ڕەنگە ڕێگری بکەن لە ژیانێکی دیکە کە لەوانەیە ئاسوودەتریان بکات لەو ژیانەی کە ئێستا هەیانە. چارسەری ئەم دووفاقییەش لای ئەوان ئەوەیە پەیوەندییەکی چێژبەخش و ڕووکەش دروست بکەن ، وە بە ئاسانی بتوانرێت کۆتایی پێ بهێنرێت؛ هەر کاتێک چێژ و پاداشتیان نەما. ئەوان پابەندبوونی سۆزداری لەگەڵ نەبوونی ئازادیدا تێکەڵ دەکەن، بەمەش پەیوەندییە سۆزدارییەکەیان بە پەیوەندییەکی خنکێنەر دەبینن.

گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای کۆمەڵگەکەمان و بەکارهێنانی ئینتەرنێت ڕێگەی داوە جۆرێکی نوێی پەیوەندی “مەجازی” گەشە بکات. ئەمە لە لایەن گەنجانی ئێستاوە زۆر هەوڵی بۆ دەدرێت. لە ڕاستیدا دەستپێک و کۆتایی ئاسانە، هەموو شتێک پەیوەستە بە تۆڕی ئینتەرنێتەوە. ئەم پەیوەندییە مەجازییە بۆ ماوەیەکی زۆر مرۆڤ سەرقاڵ ناکات و ئارەزووەکانیش تێر دەکەن، بەبێ ئەوەی بارگرانی بکەوێتە سەریان.

قەیرانی ژن و مێرد لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە

سەختی و ترسی گەنجان لە بەشداریکردنی پەیوەندییە سەقامگیرەکاندا، وامان لێدەکات لێکۆڵینەوە لەوە بکەین کە لە ڕووی دەروونییەوە چی بەسەر ئەو کەسانەدا دێت. لە تیۆری دەروونشیکاریدا چەند نووسەرێک هۆکاری ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە کە مرۆڤەکان لە دامەزراندنی بارودۆخی سۆزداری جێگیردا کێشەیان هەیە. هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە سەرچاوەی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ منداڵی و پەیوەندیی منداڵەکە لەگەڵ دایک و باوکیدا. یەکەم پەیوەندی سۆزداری کە لای منداڵ سەر هەڵدەدات (پەیوەندی وابەستەبوون)ە لەگەڵ دایکدا، ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە دەبێتە نموونەی سەرەتایی بۆ هەموو پەیوەندییەکانی دواتر. پەیوەندیی وابەستەیی نەگونجاو لە تەمەنی کۆرپەییدا ڕەنگە ببێتە هۆی تێكچوونی پەیوەندی لە تەمەنی گەورەییدا. بەڵام وابەستەبوونێکی گونجاو کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و متمانە دامەزرابێت، لە تەمەنی گەورەییدا دەبێتە بنەمای پەیوەندییەکی خۆشەویستی کە جێگیر و بەردەوام بێت. ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە لە پەیوەندیی وابەستەیی زەمەنی منداڵیدا دروست دەبن، دەبنە نیشانەی بێتوانایی لە پێکهێنانی پەیوەندی خۆشەویستیدا و وادەکەن گرفتی فیلۆفۆبیا لە داهاتووی ئەو کەسەدا دروست ببێت.

هۆکارەکانی فیلۆفۆبیا دەتوانرێت لە تێپەڕنەکردنی قۆناغی ئۆدیبدا بدۆزرێتەوە. بە تایبەتیش بەهۆی بەردەوامبوونی وابەستەبوون بە دایک و باوکەوە کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا دروست دەبێت. هەرچەندە لەم قۆناغەدا تاک هاندانێکی بەهێزی هەیە تا بەرەو تەمەنی کامڵی بڕوات، بەڵام مەیلی دووبارە سەرهەڵدانەوەی جۆرێکی نوێی تێرکردنی ئەندامی زاوزێی هەیە. بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستە ئۆبژەی ئۆدیب، بە شتێک لە دەرەوەی خێزانەوە بگۆڕدرێت کە سوژەکە (خود– تاکەکە) پێداویستییە سۆزدارییەکانی لەسەر ئاراستە بکات. ئەو کەسانەی کە تووشی فیلۆفۆبیا دەبن هەموو ئەمانە تیایاندا ڕوو نادات چونکە ئەوان بەسەر وابەستەبوون بە ئۆبژەی یەکەمدا (دایک) زاڵ نەبوون، بەم جۆرە هاوبەشەکەی (پەیوەندییە نوێیەکە) وەک جێگرەوەیەک و ئۆبژەیەکی خێزانەکەی خۆی هەست پێ دەکات. کە لێرەشدا کەسەکە ناتوانێت پاڵنەرە سێکسییەکانی خۆی لەسەری ئاراستە بکات. بۆیە ناکرێت هاوبەشی ژیانت خۆشبوێت بەهۆی تابۆی خێزانەوە کە لە سەرەتای قۆناغی شاراوەییدا (تەمەنی ٦ بۆ ١٢ ساڵ) دامەزراوە. لە ئەنجامدا جیابوونەوە لە ڕەوتی هەستەکاندا دروست دەبێت، ئەم دابەشبوونە لەنێوان سۆزداری و سێکسیدا هاوتایە لەگەڵ دابەشبوونێکی تیژ لە هەڵبژاردنی شتەکانیدا کە بریتین لە سێکس و خۆشەویستی.

ئەم کەسانە ئەو شتانەیان خۆشناوێت کە ئارەزووی سێکسییان بۆی هەیە، ئەمەش وایان لێدەکات پاڵنەرە سێکسییەکان بکەنە شتێکی خراپ و بەهایەکی کەمی پێ بدەن. بە پێچەوانە، مەیلیان بۆ ئەو ژنانە دەڕوات کە بەدەستهێنان و داگیرکردنیان کارێکی ئەستەم و مەحاڵە، هەر بۆیەش بە توندی ئایدیاڵیزە کراون، سەبارەت بە پاڵنەرە سێکسییەکانیشیان زۆربەی جار سەرکوت دەکرێن و دەبێتە هۆی ڕێگریکردنیان لە سێکسییەتیی خۆیان.

کارین هۆرنای تێگەیشتنێکی جیاوازترمان پێشکەش دەکات بۆ تێگەیشتن لە ترسی سۆزداری و سێکسی ئەو کەسانەی کە تووشی فیلۆفۆبیا بوون. ئەو بە پێچەوانەی فرۆیدەوە شیکاری بۆ هۆکارەکانی ژن و پیاو دەکات و پێی وایە لە قۆناغی پێش ئۆدیبییەوە سەرچاوەیان گرتووە. لەم قۆناغەدا منداڵ لە دایکی و هەموو تواناکانی پێش ئۆدیبی دەترسێت کە ئەم ترسەش هەر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە.

بۆیە سەرچاوەی ترسی پیاو لە خۆشەویستی، پەیوەستە بە گەشەکردنی زوو و شکستهێنان لە زاڵبوون بەسەر ململانێی ئۆدیبیدا، کە پێکدێت لە گواستنەوە لە مەمکی دایکەوە بۆ ئارەزووی تێکەڵکردنی ئەندامی نێرینەی باوکایەتی کە لە جەستەی دایکدا بوونی هەیە و خەیاڵکردنی کاسترەیشن (خەتەنەکردن) کە پەیوەندییان پێوەی هەیە. ئەم ترسانە دەرئەنجامی خەیاڵە شەڕانگێزەکانە بەرانبەر بە ئەندامی زاوزێی کەسەکە خۆی، کە ئەندامێکی زاوزێی بچووکی هەیە بۆ تێرکردنی زێی گەورەی دایکی و لێرەوە ترسی کاسترەیشن لە لایەن ژن/دایکەوە ترسی دەرئەنجامی چوونە ناو جەستەی میینە دێتە ئاراوە. لێرەوە کێشەی سێکسی ئەو پیاوە سەرهەڵدەدات کە تووشی تێکچوونی دەروونی و فیزیکی دەبێت، وەک تێکچوونی کۆئەندامی زاوزێ یان زوو ڕەحەتبوون (زوو تەواوبوون لە سێکسدا).

تەنانەت بۆ ژن؛ ترس لە هاوبەشی ژیان، لە زاڵنەبوون بەسەر ململانێی سەرەتایی ئەلیکترایی و ترسەکانی پەیوەست بەوەوە سەر هەڵدەدات، ئەم ترسانە پەیوەندییان بە لەناوبردنی ئەندامی زاوزێی خۆیان (پەردە) هەیە و پەیوەستە بە خەیاڵەکانی چوونە ژوورەوە لە لایەن ئەندامی نێرینەیەکی سادیستەوە، کە ترسیان هەیە ئەندامی زاوزێیان دوای چوونە ژوورەوە لەناو بچێت. لە ڕاستیدا ترس لە ئەندامی نێرینە درێژ دەبێتەوە بۆ ترس لە لەناوچوونی ئەندامی زاوزێی خۆیان، لەبەرئەوەی ئارەزووی کۆرپەیی (قۆناغی کۆرپەیی) بۆ ئەندامی نێرینە نموونەیەکە بۆ ئارەزووی ئەندامی زاوزێ بۆی. لە ڕاستیدا، لە قۆناغی کۆرپەییدا، یەکەم هەستەکانی ئەندامی زاوزێ/زێ دەستی پێکردووە، بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتر بەراورد بە ئارەزووی دەم. ئەمەش دەبێتە هۆی ترس لە چوونەناوەوە و دۆخی سستی لە ژناندا، بەهۆی لابردنی زێ و هەستکردن بە چێژ، کە پەیوەستە بەوەوە. ئەمە ئەو شتەیە کە پێشنیار کراوە سەبارەت بە جووتبوونی جەستەیی.

لە ڕوانگەیەکی سۆزدارییەوە هۆرنی پێی وابوو کە ئەوانەی لە منداڵیدا بەپێی پێویست خۆشەویست نەبوون، پێویستییەکی بەهێزی دەمارییان هەیە بۆ خۆشەویستی، بۆیە دەتوانن خۆیان خۆشبوێت و خۆیان قبووڵ بکەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر مرۆڤ کاتێک منداڵە خۆشنەوسترێت، ئەوە ئەستەمە بە گەورەیی خۆش بویسترێت. هەرچەندە ئەم کەسانە ڕەنگە خۆیان درکی پێ نەکەن. بەڵام کەسانێک هەن کە نکۆڵی لەم ڕاستییە دەکەن، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی وەسواسانە بەشوێن خۆشەویستیدا دەگەڕێن. کەسانێک هەن دەیشارنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی نائومێدانە بەشوێن چالاکیی سێکسیدا دەگەڕین، هەندێکیش هیوادارن خۆشەویستییەک بدۆزنەوە کە پەیوەست نەبێت بە سێکسەوە.

ئەو شتە چییە کە ئەم کەسانە بەرەو خۆشەویستی ڕادەکێشێت؟ دەروونشیکاری فەڕەنسی گای کۆرنۆ، لەسەر ئەو کەسانەی کە چارەسەری دەروونی بۆ دەکردن، سەرچاوەکانی فیلۆفۆبیای نێر و مێی خستە ڕوو؛ و بەسەر چەند پۆلێکی جیاوازدا دابەشی کردن. ئەو ئاماژەی بە دۆخێکی دووبارەوەبووی بەرچاو کرد کە تایبەتە بە پیاوان: دایک ئامادەیە و نیگەرانە، باوک لە ڕووی جەستەیی و سۆزدارییەوە دوورەپەرێزە. ئەم ڕووداوانە، لەگەڵ هۆکارەکانی دیکەدا، بنەمای فیلۆفۆبیای پیاون، کۆرنۆ ئەوەی ئاشکرا کرد، کە پیاوان لە غیابی باوکدا شانبەشانی دایک گەشە دەکەن و گەورە دەبن، هەست بە نزیکبوون لە ژنان ناکەن، بەڵام زۆر جار لێیان دەترسن. ئەمانەش کوڕن، کە لە غیابی باوکدا لە گرێ و کۆمەڵگەی دایکدا گیریان خواردووە، لە پڕۆسەیەکی تێکەڵبوون و سەرلێشێواوانەدا لەگەڵ دایکەکەدا ماونەتەوە.

دایکەکە بەهۆی ئەوەی سەرنجی هاوسەرەکەی لەسەر نییە (بایەخی پێ نادات)، هاوسەرەکەی بە منداڵەکە دەگۆڕێت و (هاوسەرگیرییەکی هێمادار) دروست دەکات. ئەوە پەیوەندیی سێکسیی سۆزداری ڕاستەقینەی کوڕەکەیە کە دەبێتە هۆی کێشەیەکی زۆر لە دەرچوون لە خوولگەی دایکایەتی. جگە لەوەش منداڵ مۆدێلێکی ناسنامەی پیاوانە نییە کە پێی بناسێتەوە و دژایەتی مێینەی دایکی بکات. هەر بۆیە چارەسەرێکی ئەرێنی بۆ دووڕیانەکەی ئۆدیب بوونی نییە، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دایکەکەدا بەجێ بهێڵێت بۆ باوک یان بۆ ژنێکی دیکە. کاریگەرییەکانی ئەمەش لە داهاتوودا ئەوەیە کە کوڕ هاوبەشە مێینەکەی لەگەڵ دایکیدا تێکەڵ دەکات. دووفاقی پیاو لە پەیوەندی لەگەڵ ئارەزووی بۆ ژندا، پەیوەندی بە فشاری خۆشەویستیی دایکییەوە هەیە. ئەمەش کاریگەری دەبێت و دەروونێکی لاواز دروست دەکات، وا دەکات منداڵ بە سەختی سنوورەکانی خۆی بزانێت و جیاوازی لە نێوان سێکس و خۆشەویستیدا بکات. بۆیە دەتوانێت سێکس لەگەڵ ژنانی دیکەدا بکات، بەڵام ناتوانێت خۆشی بوێن، چونکە خیانەت لە دایکی دەکات. زیادەڕەوی لە گرنگیپێداندا لە لایەن دایکەوە بۆ منداڵ دەبێتە هۆی وابەستەبوون و ناچالاکی و نیگەرانیی منداڵەکە لە کاتی گەورەبووندا. لە کاتی دەربڕینی شتێکدا بەردەوام داوای لێبووردن دەکات، و پەنا دەباتە بەر دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ژنانی لە خۆی گەورەتر. ئەگەر سێکس لە خێزاندا قبووڵ نەکرێت، منداڵەکان یان بە تەواوی دەستەمۆ دەبن یان بە تەواوی کێوی و یاخی دەبن، بەمەش توانای پەیوەندییەکانی پیاو دەبێتە دیلی گرێی دایکی، هەر بۆیە ئیتر هەرگیز ناتوانێت خۆشەویستیی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە.

شکست و سەرکەوتنی گرێی دایک واتە وازهێنان لەوەی کە هەمیشە باش و میهرەبان بێت و وای لێ بکات بەرپرسیارێتیی هەڵبگرێت تەنانەت ئەگەر هەندێک جار ناچار بێت ئازاری کەسانی دیکەش بدات. ئێمە شاهیدی ئەو “تراژیدیای کوڕی باش” دەبین، کە لە ڕادەبەدەر خۆی لەگەڵ دایکیدا دەگونجێنێت و کەسایەتیی خۆی لاواز دەکات و خۆی بێتوانا دەکات لە خۆشەویستی لە ترسی ژن و بە تایبەتیش لە دەسەڵاتی مێینە. ئەم کوڕە پێویستی بەوەیە کە چوارچێوەیەکی تایبەتی بە خۆی هەبێت، کە دایکی لێی وەرگرتووە، ئەگەر زاڵ نەبێت و خۆی لەمە ڕزگار نەکات و خۆی لە کاریگەریی دایکەکە دوور نەخاتەوە، هەرگیز ناتوانێت ژنێکی خۆشبوێت و پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵیدا دروست بکات. کوڕەکەش تەنیا کاتێک دەتوانێت هەست بەمە بکات کە بۆی دەربکەوێت؛ خۆشەویستی لاوازی نییە.

ئەگەر بەسەر گرێی دایکیدا زاڵ نەبێت، ئەوە دەبێتە پەتێکی توند بە ملییەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ تەسکتر دەبێتەوە و بارودۆخەکە خراپتر دەکات. بابەتەکەش ترسی پابەندبوونییەتی لە پەیوەندی لەگەڵ ژنێکدا بۆ ئەوەی هەست بە خنکان نەکات. ئەم هەستەش لە قوربانیدانی سەربەخۆیانەی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ نموونە ئەو ئەزموونانەی خودی خۆی و غەریزەی لە منداڵیدا کە پەیوەست بوون بە خۆشەویستیی دایکییەوە. ئەم پیاوە هەوڵ دەدات بۆ دۆزینەوەی شوێنێک لە پەیوەندی ژن و مێرددا تا ئەوکاتەی سەربەخۆیی خۆی دەدۆزێتەوە کە بۆ هەموو پیاوێک پێویستییەکی بنەڕەتییە. پیاوەکە لە یەکەم ژندا کە چاوی پێی دەکەوێت هەوڵی ڕزگاربوونی خۆی لە دایک دەدات. ئەمەش وای لێ دەکات هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕووی ڕەمزیی (هێمایی- سیمبوولی)ەوە ئەزموونی ترسێکی جیاواز بکات. لە ڕووی جەستەییەوە دەترسێت پەیوەندی سێکسی لەگەڵدا ببەستێت، لە ڕووی سۆزداریشەوە ترسی عاشقبوون و ئەزموونکردنی ئینتیمایەکی قووڵ داگیری دەکات. وێنەی زێ، بە شێوەیەکی میتافۆڕ، ترسە لە سێکسێکی خێزانی لە لایەن دایکێکی باڵادەست و بەهێزەوە، کە ترسی لە دەسەڵاتەکەی هەیە. لە ڕوانگەی سێکسییەوە ئەم ترسە دەتوانێت ببێتە هۆکاری لاوازیی سێکسی. بەڵام چەند ڕێگەیەک هەیە پیاو دەتوانێت پەرەی پێ بدات بۆ دەرکردنی ئەم ترسەی بەرانبەر ژنان: یەکەمیان دروستکردنی وابەستەییەکی تەواوە بە ژنەوە. ڕێگەی دووەمیان تایبەتە بەو پیاوانەی زۆر هەستیارن و ترسێکی یەکجار زۆریان هەیە بەرانبەر بە ژنان، بۆ ئەمەش پێویستە وابکات منداڵێک بخاتەوە، تا بتوانێت سەرنجی خۆی لەسەری چڕ بکاتەوە، بەمەش ئازادیی زیاتر بەدەست دەهێنێت و لەو ترسە دوور دەکەوێتەوە. ڕێگەی سێیەم ڕەنگە گرتنەبەری هەڵوێستی سەربەخۆ بێت. پیاو ترسی بەرانبەر ژنەکەی نەمێنێت، پێویستە بە جۆرێک مامەڵە بکات کە تەواو سەربەخۆیە. پیاو بۆ تێرکردنی پێویستی یەکگرتن و دابڕان، و بەرگریکردن لە خۆی لە ترس، بەدوای “پارچە ژن”دا دەگەڕیت، بە جۆرێک لە یەک کاتدا پەیوەندی لەگەڵ چەند ژنێکدا هەبێت، کە هەر یەکەیان پێداویستی جیاوازی بۆ دابین بکەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ترسی پیاو پەیوەندی بە ژنەوە نییە، بەڵکوو ترسی پەیوەندییەکی وابەستەییانەیە لەگەڵ یەک ژندا، چونکە ئەمە دایکی بیر دەخاتەوە. لە کۆتاییدا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ کێشەکەی بکات بە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی ڕاستگۆ، لە هەمان کاتدا خۆشەویستێکی هەبێت، کە ئەمەش وادەکات لە پەیوەندییەکە ڕزگاری ببێت.

گای کۆرنۆ دەڵێت لە فیلۆفۆبیای مێینەدا، سەختی ناسینی ئەوەی ڕێگریمان لێ دەکات لە خۆشویستن، ئەوە نییە کە خۆت قبووڵ بکەیت بەو جۆرەی کە هەیت، بەڵکوو ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت بۆ (ئەوانی تر) چۆن بین. هەر وەکوو پیاوان، لە ژنانیشدا سەرچاوەکە دایكێکە کە زیادەڕەوی دەکات لە گرنگیپێداندا، و باوکێک کە سۆزدارییەکی کەمی هەیە. کەسایەتیی باوک بۆ ژن زۆر گرنگە، چونکە نوێنەرایەتی ئۆبژەی دووەم دەکات کە بەبێ ئەو شتە، مەحاڵە چارەسەرێکی ئەرێنی بۆ گرێی ئۆدیب بەدەست بهێنرێت، کە دەستکەوتێکی جەوهەرییە بۆ گەیشتن بە مێینەیی و باوکیش بۆ دواتر پێویستە کە خۆشەویستییەکی لێوە بگوێزرێتەوە بۆ پیاوێکی تر. کاتێک ئۆدیب زاڵ نابێت و، پێویستیی مێرد هاوکات دەبێت لەگەڵ پێویستی باوکێک لە پاراستنیدا، ئەزموونی سێکسی لەگەڵ تاوانبارییدا تێکەڵ دەبێت، بەهۆی تابۆی ئۆدیبەوە. بەم شێوەیە ئێمە کەسێکی ناپێگەیشتووی سۆزدارانەمان هەیە کە خۆشەویستی بۆ پێویستییەک؛ بۆ پڕکردنەوەی ناپارێزراوی خۆی بەکار دەهێنێت نەک وەک هەڵبژاردەیەک. ناپارێزراوییەکە لە پەیوەندی لەگەڵ باوکییەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆر جار خۆشەویستییەکەی بێدەنگە. کە هەرگیز لەناویدا نەژیاوە، هەر ئەم خۆشەویستییەیە کە ژنەکە بە نائومێدییەوە بەدوایدا دەگەڕێت لە پیاوانی دیکەدا. ئەو باوکەکە ئایدیاڵیزە دەکات و ئەو بۆشاییەی لە ناخیدایە پڕ دەبێت لە فەنتازیاکانی (شازادەی دڵڕفێن)، واتە ڕۆژێک پیاو/باوکێک وەک ژنێک دەیناسێتەوە و ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە کە بەهۆی بێدەنگی باوکایەتییەوە دروست بووە.

کچەکە وەک زیندانی ئەم خەیاڵ و ئارەزووە سێکسییانە (لیبیدۆ) دەمێنێتەوە، و گەشە ناکات بۆ خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە کە ئەمەش مومکینە. دوابەدوای ئەم برینە نەگریس و بۆشاییە سۆزداری و خۆشەویستییەی کە باوک دروستی دەکات، ژن پەرە بە دوو جۆری جیاوازی هەڵوێستەکانی دەدات بۆ ئەوەی سەرنجی پیاوان ڕابکێشێت. بەم شێوەیە هەندێک لەو ژنانە بۆ هەمیشە بە هەرزەکاری دەمێننەوە و هەندێکی تریش بە شێوەیەکی میتافۆڕی دەبن بە ئەمازۆنییەکان.

هەرزەکارە ئەبەدییەکان ئەوانەن کە وەک دیلی (پێویستیی دڵخۆشکردن) دەمێننەوە و خۆیان لە جیهانی ناوەوەی خۆیان دادەخەن و کەسایەتیی ڕاستەقینەیان دروست نابێت. ئەم ژنانە بۆ دڵخۆشکردنی پیاوان ناسنامەی خۆیان لەدەست دەدەن و ناسنامەکانیان لەو وێنانەی کە پیاوان بۆیان دەکێشن دروست دەکەن.

هەرزەکاری ئەبەدیی ڕەتی دەکاتەوە گەورە ببێت، دەسەڵاتی هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی بۆ کەسانی دیکە بەجێ دەهێڵێت. ئەو لەبری ئەوەی بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی مامەڵە بکات، خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا دەگونجێنێت کە پیاوان پێویستییان پێیەتی و کاتێکیش دۆخەکە سەخت دەبێت تا بەڕێوەی ببات، پەنا بۆ فەنتازیا دەبات.

هەرزەکاری ئەبەدی چوار جۆری هەیە: (١- بووکەشووشەی پەرستراو. ٢- ئەو کچەی لە شووشە دروست کراوە. 3- ئیغراکردن 4- پەراوێزخراو).

یەکەمیان زۆر بە شانازییەوە دەردەکەوێت، زۆرجار پیاوێکی سەرکەوتوو لەگەڵیدا دەبێت و گوێڕایەڵی هەموو خواستەکانی دەبێت. لە کۆتاییدا کێشەی دەبێت لەگەڵ ناڕەزایی و تاڵی و تووڕەیی کە زۆر جار لێی بێئاگایە. ئەم تووڕەییە وای لێدەکات هاوبەشەکەی تاوانبار بکات، لە هەمان کاتیشدا پاسیڤ و وابەستە دەمێنێتەوە. کاتەکانی تر، بە پێچەوانەوە، دەست بەسەر هاوسەرەکەیدا دەگرێت و بە خۆ شیرینکردن و فێڵ بەکاری دەهێنێت. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو برینەیە کە لە باوکییەوە بۆی جێماوە. کاتێک باوکی لەبەر سۆز و جوانی کچەکەی خۆشدەویست، نەک لەبەر بەهرەکانی. ئەو، بۆ ئەوەی بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بێت، پێویستە دەستبەرداری ڕۆڵی (کچە دڵڕفێنەکە) بێت، دەبێت تیشک بخاتە سەر بەهرە و بیرۆکەکانی، تەنانەت ئەگەر ببێتە جێی ناڕەزاییش.

کچە شووشەییەکان کاردانەوەیان دەبێت بەرانبەر بە زامی باوکەکە بە بەکارهێنانی بیانووی ناسکی و زۆر هەستیارییەکەی.

پاشانیش ئەو ژنانەی کە ئێغراکراون، کە نووقم بوونە لە ئێستای خۆیاندا، دەیانەوێت ژیانێکی ئازاد لەسەر بنەمای غەریزە و بەبێ سنووردارکردن بژین. لە پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا هەموو جۆرە بەرپرسیارێتییەک یان پابەندبوونێک ڕەت دەکاتەوە، وەک ئەڤینێکی گەورە. کێشەی گەورەی هەیە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی سەقامگیر و بەردەوامدا. ئەمە ژنێکە کە لە لایەن دایکییەوە ملکەچ کراوە و لە لایەن باوکیەوە فەرامۆش کراوە و هیچ کات هەستی بەهای ڕاستەقینەی بەدەست نەهێناوە. یاخبوونەکەشی ڕێگری دەکات لە دامەزراندنی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەو پیاوەی خۆشی دەوێت.

ژنی پەراوێزخراو ئەو کەسەیە کە باوکی لە لایەن کۆمەڵگەوە ڕەتکراوەتەوە و بووەتە جێگەی شەرمەزاری. زۆر جار کارەکتەرێکی تێکدەری هەیە، نزیکە لە ماسۆخیزم و لە هەندێک ڕووەوە چارەنووسی لە چارەنووسی باوکانە دەچێت، ئەم ژنە پێی وایە هیچ بەهایەکی نییە، بۆیە بەدوای پیاوێکدا دەگەڕێت کە بتوانێت نوێنەرایەتی هەموو شتێک بکات بۆی. زۆر جار بەشێک لەو کچانە لە لایەن باوکیان یان باوکی هاوسەرەکەیانەوە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا ناتوانن خۆیان خۆشبوێت و ڕێزی لێ بگرن. بەڵام هەموو هەرزەکارە ئەبەدییەکان لە خاڵی (پێویستی چێژوەرگرتن)دا یەک دەگرنەوە، زۆر جار کڕنوش بۆ خواستی پیاوان دەبەن، هەوڵدەدەن واقیع لەگەڵ وێنەی ژنە ئایدیاڵیزەکراوەکەی خۆیاندا بگونجێنن. ڕەنگە زۆر جار داواکارییەکەیان بۆ چارەسەری دەروونی، ئەگەر چارەسەرکەرەکەی پیاو بێت، بە بەخت تەماشا بکەن، بۆ وەرگرتنی ئەو سەرنج و نیگا باوکانەیەی کە لەدەستیان داوە، چونکە باوکیان نەیتوانیوە وەک ژنێک قەدریان بزانێت و جیای بکاتەوە لە هاوسەرەکەی خۆی. خۆشەویستی بۆ شیکارکەر (analyst) نوێنەرایەتیی قۆناغێکی گواستنەوە دەکات کە دواتر دەبێتە هۆی ژیانی خۆشەویستییەکی ڕەسەن لەگەڵ پیاوێکی تردا.

لە کاتێکدا هەرزەکارە ئەبەدییەکان بە دەست بەرپرسیارێتیەوە دەناڵێنن، ئەمازۆنییەکان بە پێچەوانەوە، زۆر چالاکن و پێدەچێت مەیلیان لێی نەبێت. ئەم ژنانە کە باوکێکی ستەمکاریان هەبووە، خۆیان لەگەڵیدا هاوشان دەکەنەوە، هەمان دەسەڵاتی سەپێنەر دەگرنە ئەستۆ و ئەوەی بەسەریاندا سەپێنراوە بەسەر کەسانی دیکەدا دەیسەپێنن، بەبێ ئەوەی برینەکەی باوکی ساڕێژ بکات. ئەمانە ئەو ژنانەن کە لە پرەنسیپ و قەناعەتەکانیاندا بەهێزن، خۆیان خەتەنە دەکەن و پیاو ڕەت دەکەنەوە، هەندێک جاریش سووکایەتی بە ڕەگەزی نێر دەکەن. ئەوان نەک هەر لایەنەکانی پیاوسالاری لە کەسایەتیی خۆیاندا تێکەڵ ناکەن، بەڵکوو میزاجێکی پیاوانەیان هەیە کە وایان لێ دەکات خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی پیاودا هاوشان بکەنەوە و پەیوەندیی سۆزدارییش لەگەڵ کەسانی دیکەدا ڕەت بکەنەوە.

لەنێو ئەمانەدا سوپەرستارێک هەیە، واتە ئەو جۆرە ژنەیە کە هەوڵ دەدات لە هەموو کارێکدا سەرکەوتوو بێت، سارد و بەکینەیە، بەهێز دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەدەست خەمۆکییەکی قووڵەوە دەناڵێنێت. هەستەکانی لەدەست داوە و لە پشت ئەمەشەوە ترسی ڕەتکردنەوەی شاردووەتەوە. زۆر جار باوکێکی هەبووە کە وەک کوڕێک مامەڵەی لەگەڵ کردووە و ڕێزی لە مێینەیی نەگرتووە، و بەرەو چارەنووسێکی پیاوانە ئاڕاستەی کردووە.

جۆری دووەمی ئەمازۆنییەکان کچی خاوەن ئەرکە، کە لە خێزانێکی زۆر توند و ئایینیدا ژیاوە، هەستێکی بەهێزی بە ئەرک و کارەوە هەیە، کە بەهۆی پەروەردەکردنی توندی خۆکارانەی خۆیەوە هەموو خۆبەخۆیی و ڕەسەنایەتییەکی لەدەست داوە.

ژنە شەهید، جۆری سێیەمی ئەمازۆنییە، ئەو کەسەیە بە تەواوی پابەندە بە ئەڤین و خۆبەختکردنەوە. لە ڕێگەی خۆبەختکردنەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت، هەمیشە هەست دەکات منداڵێکی جێهێڵدراو هەیە کە بانگی کەسانی دیکە دەکات تا بەزەییان پێیدا بێتەوە.

لە کۆتاییدا شاژنی جەنگاوەر هەیە کە بە توندی دژایەتی ناعەقڵانییەتیی باوکی دەکات و دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستی، بە باشترین بەرگری لە دژی پیاوان دەزانێت، ئەوەی هەموو ئەمازۆنییەکان یەکدەخات ئەوەیە کە جڵەوی خۆیان کردووە و (پێویستییان بە وابەستەیی) بە قبووڵنەکراو زانیوە، هەر کردەوەیەکی خزمەتکردن بە پیاویش، بە لاوازی دەزانن.

لە تەنیشت باوکەوە کە ڕێگە نادات کچەکەی وەک ژن تاکایەتیی خۆی بەدەست بهێنێت، دایکیش هەیە کە پەیوەندییەکی دووفاقیی خۆشەویستی و ڕق بەرانبەر کچەکەی هەیە.

زۆرێک لەوانەی هەوڵ دەدەن سەربەخۆ بن و پشت بە پیاو نەبەستن، لە لایەن دایکەوە پەرەوەردە کراون، بۆیە کاتێک پەیوەندیی خۆشەویستییان لەگەڵ پیاوێکدا دەوێت، هەست بە ناکۆکی لەگەڵ ئەو ئایدیاڵە دایکایەتییە دەکەن و هەست بە تاوانباری دەکەن سەبارەت بە (پێویستیی خۆشەویستی). هەموو ئەمانە ژیانی خۆشەویستی ئاڵوزتر دەکەن و وادەکەن خۆشەویستی سەخت بێت.

دەرئەنجامەکان

دوای پشکنیکی ئەو نووسەرانەی کە بە شێوەی جۆراوجۆر باسیان لە فیلۆفۆبیا کردووە، دەتوانین بڵێین کە ئەو کەسانەی لە خۆشەویستی دەترسن، توانای خۆشەویستییان نییە. هەرچەندە زۆر جار بەپێچەوانەوە بڕوایان پێ دەکرێت، بەڵام ئەوان بەدوای ئەو خۆشەویستییەدا دەگەڕێن کە لە منداڵیدا لەناو خێزانەکەیاندا نەماوە.

بۆیە سەرچاوی ترس لە خۆشەویستی دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییەی کە منداڵ لەگەڵ کەسایەتیی دایک و باوکدا دروستی کردووە. لە مێژووی بابەتی فیلۆفۆبیادا هەمیشە دایکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆک هەن، کە ناتوانن پەیوەندیی هاوسۆزی لەگەڵ منداڵەکەیاندا ببەستن. ئەوان یارمەتی منداڵەکە نادەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەست و سۆزە بەهێزانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئامێرە دەروونییەکەی.

ئەو باوکانەش کە سۆزیان کەمە ناتوانن ئەم ئەرکە گرنگە بە منداڵەکانیان بۆ جیهانی دەرەوە دابین بکەن و ئاسانکاریان بۆ بکەن تا لە وابەستەیی دایکیان جیا ببنەوە. ئەمەش وا دەکات منداڵەکە لە ڕووی سۆزدارییەوە ببەسترێتەوە بە خێزانە ڕەچەڵەکەکەیەوە و نەتوانێت لە تەمەنی گەورەییدا پەیوەندییەکی خۆشەویستیی تەندروست و بەردەوام بونیاد بنێت.

هاوشێوە