نووسین: فوئاد قەرەداغی
پێشه‌کی
نامۆیی(الاغترابAlienation)ی مرۆڤ بابه‌تێکی پڕبایه‌خی بواری فه‌لسه‌فه‌یه. گرنگیی ئه‌م بابه‌ته له به‌های مرۆڤه‌وه ده‌ست پێده‌کات. به‌شێکی گه‌وره و فراوانی لێکدانه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کان، به درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه، له‌سه‌ر خودی مرۆڤ کراون. سروشتی مرۆڤ له لایه‌ک و ئه‌و هۆکارانه‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی داده‌نێن، ناوه‌ڕۆکی توێژینه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانی بواری مرۆڤناسی بوون.
ئه‌م توێژینەوەیە بۆ جارێکی دیکه نامۆیی له ڕوانگه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی ڕووته‌وه به‌ر شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه نادات، چونکه ئیمڕۆ تەنیا لێکدانه‌وه‌ی جیهان و ژیانی مرۆڤ – وه‌ک به‌شێک له ئه‌رکی فه‌یله‌سووفه کۆنه‌کان – مه‌به‌ست نییه، بەڵکووو وه‌ک مارکس ده‌ڵێت: گرنگ گۆڕانکارییه کە له‌م جیهانه‌دا بکرێت. (1) بۆیه و‌اقیعی نامۆیی مرۆڤ له دیدگەی هوشیاریی سۆسیالیستییه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو، به‌مه‌ش رێگای مرۆڤبوون و نه‌فیکردنه‌وه‌ی نامۆیی هه‌ر له‌باری سه‌رنجی ئه‌م شێوه هوشیارییه‌وه ڕوون ده‌که‌ینه‌وه.
مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا، پێی بزانێت یان نه‌زانێت، ژیان به نامۆیی به‌سه‌ر ده‌بات. ئه‌م نامۆییه تراژیدیای مێژووی مرۆڤه و بۆ سه‌رده‌می یه‌که‌م دابه‌شکردنی کار ده‌گه‌ڕێته‌وه. سیستمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له مێژووی پێکهاته ئابووری – سیاسی – کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، تا ده‌گاته ئه‌م جیهانه‌ی ئیمڕۆ، نەیانتوانیوە کۆتایی بە نامۆیی مرۆڤ بهێنن. نه‌وه له دوای نه‌وه‌ی مرۆڤ، له‌و چه‌رخه مێژووییانه‌ی پێیدا ڕابوردوون، وه‌ک قه‌ده‌ری مرۆڤ و شتێکی ئاسایی و سروشتی ئه‌م نامۆییبوونه‌ی خۆیان قبووڵ بووه و هوشیاریان له ئاستیدا نه‌بووه. له‌م مێژووه‌دا که‌سانی هوشیار ده‌گمه‌نبوون و ئه‌وانه‌شی ئه‌رکی گۆڕانکارییان له ئه‌ستۆی خۆیان داناوه، به زۆری بوونه‌ته قوربانیی هوشیاریی خۆیان و له حاڵه‌تی سه‌رکه‌وتنی چینەکانیشیاندا تەنیا کارێک ئه‌نجامیان دابێت، گۆڕینی جۆرێ نامۆیی بووە بە نامۆیەکی تر.
شۆڕشی بۆرژوازیی فه‌ڕه‌نسا له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا به دروشمی(ئازادی، برایه‌تی، یه‌کسانی) ململانێی سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی کرد. ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه نیشتمانییه‌ی دوای شۆڕش دامه‌زرا، له جاڕدانی مافه‌کانی مرۆڤدا، دروشمه‌کانی شۆڕشی جه‌خت ده‌کرده‌وه و ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند که مرۆڤ به ئازادی له دایک ده‌بێت، بۆیه نابێت ئازادی لێ زه‌وت بکرێت. به‌ڵام چینی بۆرژوازی شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی له شوێنه‌واری چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گیدا دانا و هه‌ر زوو (مقصله)ی له ئاستی چینی کرێکار و هه‌موو ئازادیخوازانی دژ به‌و سته‌مه بۆرژوازییه ڕاست کرده‌وه.
شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری سۆسیالیستیش هه‌ر به هه‌مان ده‌ردی شۆڕشی بۆرژوازیی فه‌ڕه‌نسا چوو. چه‌ند ده ساڵێک دوای به‌رپابوونی، پاشه‌کشه‌ی پێکرا و ڕه‌وتی گه‌شه‌کردنی سه‌رمایه‌داری پێ گیرایه به‌ر و چینی کرێکار و گه‌لان خرانە ژێر باری نامۆییه‌کی به‌رنامه‌ڕێژکراو و له سایه‌ی سیستمه سه‌رمایه‌دارییه ده‌وڵه‌تییه‌که‌دا ئامانجه‌کانی: ئازادی و یه‌کسانی و ڕزگاریی کاری کرێگرته و هه‌نگاوهه‌ڵگرتن به‌ره‌و کۆمه‌ڵگای کۆمۆنیستی، خاپوورکران.
له جیهانی ئیمڕۆدا، ئه‌و مرۆڤانه که‌م نین که له نامۆیی ده‌گه‌ن و به‌رانبه‌ری هوشیارانه ڕاوه‌ستاون. ئه‌م مرۆڤانه ئه‌وانه‌ن که پتر خه‌م و په‌ژاره‌ی نامۆییه‌کانی مرۆڤ له‌سه‌ریان باره و به‌ده‌ستیانه‌وه گینگڵ ده‌ده‌ن. له‌نێوان ئه‌مانه‌شدا پله‌ی جیاواز جیاواز هه‌یه و هه‌ر یه‌که‌یان به ڕاده‌یه‌ک، به‌تایبه‌تی له‌نێو رۆشنبیران و ئه‌دیب و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نداندا، له ئاستی نامۆیی مرۆڤدا هوشیارن. پله‌ی هه‌ره باڵای هوشیاری له‌م نێوه‌دا هوشیاریی سۆسیالیستیی که‌سانی پێشڕه‌وه که له پێگه‌ی چینایه‌تی پڕۆلیتاریاوه هەست بە نامۆیی دەکەن، به تیۆری ئه‌م چینه‌وه، له پێناوی نه‌فیکردنه‌وه‌ی نامۆیی و گێڕانه‌وه‌ی ڕوخساری مرۆڤایه‌تی بۆ مرۆڤی چەوساوه‌ی ژێر سایه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا خه‌بات ده‌که‌ن؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه دیدگەی سۆسیالیستی باشترین تێگه‌یشتن ده‌رباره‌ی نامۆیی به‌ده‌سته‌وه ده‌دات و ده‌توانرێت له‌م دیدگەیه‌وه جه‌ماوه‌رێکی به‌رین هوشیار بکرێته‌وه و بۆ تێکۆشانێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی ساز بدرێن. هه‌ر له‌م باری سه‌رنجه‌وه هه‌ژاندنی بارودۆخێکی داسه‌پاوی نامۆیی گشتی و به ئاگا هێنانه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان و ئاشناکردنیان به بنه‌ما و هۆکاره‌کانی نامۆییان، به‌شێکی پڕبایه‌خی خه‌باتی ئایدیۆلۆژیی توخمه پێشڕه‌وه‌کانی کۆمه‌ڵه و پێویستە له شێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌کی فیکری – سیاسی گه‌وره‌دا – به‌رنامه‌ی کاری به‌رده‌وام و خه‌باتی هه‌موو ڕۆژێکیان بێت.
نامۆیی چییه ؟
نامۆیی(الاغتراب) ڕووتبوونه‌وه‌ی مرۆڤه له جه‌وهه‌ری مرۆڤانه‌ی خۆی، که‌وڵکردنی گیانی مرۆڤانه و کۆیله‌کردنی بوونی مرۆڤ و به شتکردنیه‌تی، سیفه‌تێکی که‌سایه‌تییه بۆ ئه‌و مرۆڤه‌ی بوونی خۆی ون ده‌کات و هێزێکی ده‌ره‌کیی ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌م بوونه‌یدا ده‌گرێت و ئیراده‌ی مرۆڤانه‌ی زه‌وت ده‌کات، واته لایه‌نی خود (الذات)ی که‌سایه‌تیی مرۆڤ داده‌ماڵێت و تەنیا بابه‌ت (الموضوع)ی که‌سایه‌تییه‌که وه‌ک لایه‌نێکی بێ‌گیان ده‌هێڵێته‌وه.
به‌بابه‌تبوونی مرۆڤ په‌یوه‌ندی به به‌رهه‌مهێنانه‌وه هه‌یه. هه‌ر کاتێک به‌رهه‌مهێنان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤی به‌رهه‌مهێنه‌ردا نه‌ما و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی خودی به‌رهه‌مهێنه‌ر به‌کارهێنرا، ئه‌وا نامۆیی مرۆڤ له‌م پڕۆسه‌یه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت . (2) بوونی مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا کێشه‌یه‌که یه‌خه‌ی مرۆڤ خۆی ده‌گرێته‌وه، هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای چووزه‌کردنی هۆشیدا ده‌که‌وێته نێو چه‌ند جۆرێک ململانێوه. ئه‌و ده‌بێت له ململانێکردنی سروشت و کۆمه‌ڵدا هاوبه‌شی بکات؛ ئه‌وه‌ش ململانێیه‌کی دیکه به دوای خۆیدا دەهێنێت، به‌وه‌ی ده‌بێت مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا له زۆرانبازیدا بێت و بڕیار لەسەر هه‌ڵبژاردن و جیاکارییه‌کانی نێو سروشت و کۆمه‌ڵ و ئایدیاکان بدات. گرنگترین بابه‌تی ململانێیه‌ک بۆ ئه‌م مرۆڤه، ژیانی خۆیه‌تی. ده‌بێت ئه‌م ژیانه درێژه بکێشێ و خۆی نوێ بکاته‌وه. ده‌بێت نوێبوونه‌وه‌ش به دابینکردنی پێویستییه‌کانی ژیان بێت و ئه‌ویش: به به‌رهه‌مهێنان، چ له ڕووی ماددییه‌وه و چ له‌ڕووی نوێبوونه‌وه‌ی خودی مرۆڤ خۆیه‌وه بۆ به‌رده‌وامیی به‌رهه‌مهێنان، دابین ده‌بێت.
یه‌کێک له به‌رئه‌نجامه‌کانی نامۆیی، به‌ربه‌ستکردنی ئازادیی هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤ و سنووردانانه بۆ تواناکانی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێکی باڵای ده‌ره‌کییه‌وه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌موو ئه‌و داموده‌زگا ماددی و مه‌عنه‌وییانه ده‌گرێته‌وه که له خودی مرۆڤ جیاوازن و به‌ده‌ر له ئیراده‌ی ئه‌و هه‌ن و به ناچاریی ده‌بێت مامه‌ڵه‌یان له ته‌کدا بکات.
نامۆیی مرۆڤ بۆ خۆی به‌رئه‌نجامی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تییه، له سایه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ئه‌م نامۆییه به دوا لوتکه ده‌گات و مرۆڤی کرێکار، که سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی به‌هاکانه، نه‌ک هه‌ر ده‌بێته قوربانیی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی ئابووری، بەڵکوو بوون و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی، وه‌ک توخمی به‌رهه‌مهێنه‌ر لەنێوسیستمی کاری کرێگرته‌دا نامێنێت، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر کاره‌که‌ی خۆیدا ناڕوات و به‌رئه‌نجامی کاره‌که‌ی بۆ خۆی نابێت و ده‌بێته سه‌رمایه و چه‌وسێنه‌ره‌کانی پێ هه‌ڵده‌ئاوسێن.
وه نه‌بێت نامۆیی له گشتێتی خۆیدا هه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ران بگرێته‌وه، بەڵکوو خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌کانیش له مرۆڤبوون ده‌رده‌چن و له‌ڕێی چه‌وساندنه‌وه‌ی کرێکارانه‌وه گیانی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤانه‌یان ده‌دۆڕێنن و ژیانی خۆیان له‌سه‌ر بنچینه‌ی کوێره‌وه‌ری و نامۆیی کرێکاران بنیات ده‌نێن و، هۆشی چه‌واشه‌ی سیستمه‌که به‌هانه‌ی ئه‌م رووتبوونه‌وه‌یه‌یان له تایبه‌تمه‌ندیی مرۆڤانه به ده‌سته‌وه ده‌دات. به واتایه‌کی دیکه له نێوان په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، که له‌سه‌ر بنچینه‌ی چۆنایه‌تی و جێ و ڕێی په‌یوه‌ندیی مرۆڤه‌کان به ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه دروست ده‌بێت؛ سنووری سروشته مرۆڤانه‌که‌ی مرۆڤ ده‌به‌زێندرێت و بوونی سروشتی له بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که ده‌ترازێت و که‌لێنێکی به‌رین ده‌که‌وێته نێوانیانه‌وه. که‌واته له‌م رووه‌شه‌وه ده‌توانین نامۆیی مرۆڤ وه‌ک مارکس پێناسه بکه‌ین و بڵێین: نامۆیی حاڵه‌تێکه خودی کۆمه‌ڵایه‌تی له خودی سروشتی جیاده‌کاته‌وه.(3) به‌م لۆژیکه‌ش خاوه‌نداریی تایبه‌تی و ئاره‌زووی خاوه‌نداربوونی سامانی کۆمه‌ڵ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی رێوشوێنی چۆنیه‌تی پاراستنی ئه‌م خاوه‌ندارێتییه، بنه‌مای نامۆییه له ئاسته گشتییه‌که‌دا و له ڕووی مێژووییه‌وه نهێنیی نامۆیی مرۆڤ ده‌رده‌بڕێت . (4)
دیارده سایکۆلۆژییه‌کانی نامۆیی
نامۆیی مرۆڤ کۆمه‌ڵێک ئه‌نجام و دیارده‌ی سایکۆلۆژیی لێ ده‌ڕسکێت. کارکردی ئه‌م دیارده سایکۆلۆژیانه له‌سه‌ر مرۆڤ و ڕاده‌ی کاریگەرییەکەیان له‌سه‌ر ژیانی، به ڕاده‌ی هوشیاری و ناهۆشیاریی مرۆڤه‌وه به‌ندن. هه‌تا مرۆڤ هوشیارتر و به‌ئاگاتر بێت زیاتر مه‌سه‌له‌ی نه‌فیکردنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی توخمه‌کانی نامۆیی لا به‌رجه‌سته ده‌بێت و به کاردانه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه له بەرانبەریاندا ڕاده‌وه‌ستێت؛ به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ناهوشیاری له ئاستی بوونی مرۆڤانه‌یدا و تێنه‌گه‌یشتن له سه‌رچاوه‌و بنه‌ماکانی نامۆیی، کارکرده سایکۆلۆژییه‌کان کاریگه‌رتر ده‌که‌ن و که‌سایه‌تییه‌که‌ی تووشی هه‌ژان و خه‌م و په‌ژاره‌کانی چڕتر ده‌که‌نه‌وه و پتر پشتی پێ ده‌چه‌ميننە‌وە.
که‌میی هوشیاری یان نه‌بوونی هوشیاری حاڵه‌تێکی باوی نێو کۆمه‌ڵگاکانه به تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری، بۆیه تێکچوونی باری سایکۆلۆژی مرۆڤه‌کان سیمای گشتیی که‌سایه‌تییه و که‌م و زۆر به ڕوخساری تاکه‌که‌سه‌کانه‌وه دیاره. ئه‌م تێکچوونه‌ی باری سایکۆلۆژی له بیرکردنه‌وه و ده‌ربڕینی ویژدانی و ڕه‌فتاری کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵوێسته جۆراوجۆره‌کانی ژیانی مرۆڤدا ده‌رده‌که‌وێت و کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی سایکۆلۆژی لێ ده‌ڕسکێت. سیمای هه‌ره دیاری ئه‌م دیارده سایکۆلۆژیانه هه‌ستکردن به به‌دبه‌ختی و ڕه‌شبینییه. ره‌شبینی له‌م حاڵه‌ته سایکۆلۆژییه‌دا ئاسۆی به‌ختیاری ناهێڵێت و دواڕۆژ به تاریکی نیشان ده‌دات. ژیانی مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌مه، به ژیانێکی بێ واتا وه‌رده‌چه‌رخێت و ونبوون و خه‌مێکی گران، ئاودامانی داده‌گرێت . (5)
مرۆڤی نامۆی ناهوشیار، خۆی به‌ده‌ست سه‌رئه‌نجامی ژیانه ئاساییه‌که‌وه ده‌دات و بێباکانه ڕه‌فتار ده‌کات و، وه‌ک چۆن مردوو به‌ڕێ ده‌کرێ، ئا به‌و جۆره‌ش ژیانه‌که به‌ڕێ ده‌کات و هه‌ست به‌وه ده‌کات که له‌م ژیانه‌دا ئه‌رکێکی گران به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت. ژیان ده‌بێته رۆتین و وه‌ک یه‌ک ئاواز خۆی دووپات ده‌کاته‌وه .(6)
هوشیاریی چه‌واشەکار، له‌م تێکەڵە سایکۆلۆژییه‌ی مرۆڤی نامۆدا ڕۆڵی خۆی هه‌یه و، ژیان وه‌ها نیشان ده‌دات که گوایا ئه‌م قه‌ده‌ره‌ی مرۆڤ ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دییه و مرۆڤ ناتوانێت له‌م قه‌ده‌ره خۆی بپارێزێت یان بیگۆڕێت. له باشترین حاڵه‌تدا بێده‌نگی و ڕوخساری خه‌ماوی و بێهۆشیی، تا ڕاده‌ی گه‌مژه‌یی و ملدان به کارکرده سایکۆلۆژییه س‌لبییه‌کانەوە، سیمای که‌سایه‌تی دیاری ده‌کات.(7) ئه‌وه‌شی که‌مێک هوشیاری هه‌بێت و هوشیارییه‌که‌ی تا پله‌ی هوشیاریی سۆسیالیستیی هه‌ڵنه‌چووبێ، ژیانی ده‌بێته خۆخواردنه‌وه و به ئازار و ژانه‌کانییه‌وه ده‌تلێته‌وه و کۆمه‌ڵگاکه‌ی لێ ده‌بێته دۆزه‌خێک و ڕۆژانه بۆی داده‌خرێت و له ناوه‌ندیدا هه‌ڵده‌قرچێت.
چه‌مکی بۆرژوازییانه‌ی نامۆبوون
دیدگەی بۆرژوا بۆ ژیان و هه‌موو مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تی و فیکرییه‌کان، پشت به لێکدانه‌وه‌ی ئایدیالیستانه‌ی دیارده‌کان ده‌به‌ستن. که‌سانی سیاسی و سۆسیۆلۆژیست و ئابووریناسه بۆرژوازییه‌کان له ئه‌قڵ و فیکره‌وه شۆڕ ده‌بنه‌وه‌و لێکدانه‌وه و تێگه‌یشتنی خۆیان بۆ دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌یان ده‌که‌ن. له لێکدانه‌وه‌ی نامۆیی مرۆڤی ژێر سایه‌ی کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کاندا به هه‌مان شێوه، بیروبۆچوونه‌کانی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و چه‌ندی بۆیان بکرێت مه‌رجه ماددییه‌کان و بنجی و‌اقیعی و کۆمه‌ڵایه‌تیی دیارده‌ی نامۆیی ده‌شارنه‌وه و ئۆباڵه‌که‌ی له ئه‌ستۆی سیستمی چینایه‌تی به گشتی و سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌تایبه‌تی داده‌ماڵن.
بۆرژواکان به گه‌لێک به‌هانه و بیانووی جیاجیا نامۆیی بۆ خودی مرۆڤ ده‌گێڕنه‌وه و ئه‌م فاکته‌رانه به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدان و به‌رده‌وامبوونی ده‌زانن :
١- فاکته‌ری ئه‌قڵ له لای زۆربه‌ی فه‌یله‌سوف و کۆمه‌ڵناسه بۆرژواکان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی و هه‌ره بنچینه‌یی نامۆییه. به‌م پێیه نامۆیی له ئه‌قڵدا دروست ده‌بێت و مرۆڤ ده‌توانێت لە ڕێگەی هۆشیاریی ئەقڵییەوە چاره‌سه‌ری بکات. واته ئه‌وه‌ی که مرۆڤ نامۆیی هه‌ست پێ ده‌کات یان به‌ده‌ست دیارده‌کانی نامۆبوونه‌وه ده‌ناڵێنێت په‌یوه‌ندی به ڕاده‌ی تێگه‌یشتنی ئه‌قڵه‌وه هه‌یه، بۆیه مرۆڤ ده‌توانێت له ئه‌قڵیدا نامۆیی ڕه‌ت بکاته‌وه و ئه‌قڵی ئازادانه‌ی هه‌بێت و نه‌هێڵێت به هیچ شێوه‌یه‌ک کاری تێ بکات. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه نامۆیی وه‌ک نیشانه‌ی لاوازی ئه‌قڵ و پێنه‌گه‌یشتنی باسی لێوه ده‌کرێت. له‌به‌ر ئه‌وه په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌قڵی و ئاراسته‌کردنی ئه‌قڵ بۆ به‌رهه‌ڵستکردنی دیارده نامۆکان و پاراستنی هاوکێشه‌ی ئه‌قڵی له لای مرۆڤ، وه‌ک چاره‌سه‌ری نامۆیی مرۆڤ پێشنیاز ده‌کرێت.
ئه‌م ڕێبازه ئه‌قڵییه بۆ لێکدانه‌وه‌ی نامۆیی له لای نووسه‌ره وه‌زعییه‌کان (الوضعیون) به ئاسته‌نگیی ئه‌قڵ له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئاسته‌نگیی ئه‌قڵ وه‌ک دابڕان و جیابوونه‌وه له حاڵه‌تێکی ئاسایی، باو، یان به‌رده‌وام پێناسه ده‌کرێت، که بۆ مرۆڤ مایه‌ی شڵه‌ژان و ئازار ده‌بێت. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی به‌ڵگه‌ی زیندوویه‌تی و چالاکیی ئه‌قڵه. (8) هه‌ر له‌م ڕووه‌وه ئاسته‌نگیی (الازمة) به یه‌که‌م هه‌نگاوی ته‌ندروستیی ئه‌قڵ ده‌زانن و گوایە هوشیاری له ئاستی کۆندا و پێویستیی به‌زاندنی، به‌م ئاسته‌نگییه‌ی ئه‌قڵ دێته دی . (9)
ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه بۆ نامۆیی، وه‌ک ڕسکاوی لایه‌نی ئه‌قڵی له مرۆڤدا، یان وه‌کوو ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاسته‌نگیی ئه‌قڵ، فاکته‌ری نامۆیی ئاوه‌ژوو ده‌کاته‌وه و ئه‌قڵ پێش بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که ده‌خات، له کاتێکدا ئه‌قڵ یان هۆش (الوعي) به چه‌مکه زانستییه‌که‌ی، بۆ خۆی، ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه له مێشکی مرۆڤدا و، ئاستی هوشیاری که پشت به کرداره‌کانی مێشک ده‌به‌ستێت، له واقیع و بوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و له ئاستێکی باڵاتردا ده‌رده‌که‌وێت.
٢- به‌شێکی دیکه‌ی بیرمەندانی بۆرژوا مه‌سه‌له‌ی نامۆیی بۆ نه‌گونجاندن (عدم التوافق)ی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌که‌یدا ده‌گێڕنه‌وه. سایکۆلۆژیسته بۆرژوازییه‌کان زیاتر له‌م مه‌یدانه‌دا ئه‌سپیی خۆیان تاو داوه و بواری ده‌روونناسییان بۆ سه‌لماندنی ئه‌م لێکدانه‌وه ئایدیالیستییه ته‌رخان کردووه
کورته‌ی بیروبۆچوونێک سه‌باره‌ت به نامۆیی مرۆڤ (نه‌گونجاندن به چه‌مکی ئه‌وان) که بڵاوی ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که گوایا ژیانی مرۆڤ بریتییه له زنجیره‌یه‌ک کردار به مه‌به‌ستی گونجاندنی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌ی سروشتی‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌گونجاندن مایه‌ی سه‌رلێشێوان و شڵه‌ژان و تێکچوونی باری جه‌سته‌یی و ده‌روونی ده‌بێت و، ئه‌م باره له قووڵبوونه‌وه‌یدا نه‌خۆشیی ده‌روونی دروست ده‌کات، ژیان له لای مرۆڤ تاڵ ده‌کات و ناتوانێت ڕه‌وتێکی ئاسایی بگرێت. به‌م پێیه وه‌ک کافکا ده‌ڵێت : ده‌بێته چه‌ند بڵقێک به‌سه‌ر زه‌لکاوێکه‌وه که پێی ده‌ڵێن بوون (وجود) و یه‌ک به دوای یه‌کدا ده‌ته‌قن.(10) جا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌قن و بمێننه‌وه ده‌بێت خۆیان له‌گه‌ڵ و‌اقیعی زه‌لکاوه‌که‌دا (بوون و ژینگه) بگونجێنن، بۆیه خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌دا چ به خۆسازدان و ڕێکخستن له‌گه‌ڵ دینامیزمه سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌دا یان خه‌باتکردن بۆ ده‌سته‌مۆکردنی دیارده‌کان و زاڵبوون به‌سه‌ریاندا و دانانیان له ژێر ڕکێفی مرۆڤدا، مه‌رجی ژیانێکی بێ شڵه‌ژان و هێمن و ئاساییە.
ئه‌م شێوه لێکدانه‌وه ئایدیالیستییه‌ش دیسان له خودی مرۆڤه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و خود (ذات)ی مرۆڤ و بابه‌ت (موضوع) که ژینگه سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که به پێچه‌وانه ریز ده‌کات. ئه‌و حه‌قیقه‌ته هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه که ژینگه سه‌رچاوه‌ی پێکهێنانی حاڵه‌ته ده‌روونییه‌کانی مرۆڤه و بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی (گونجاندن یان ته‌ندروستیی سایکۆلۆژیی به زمانی ئه‌وان) بێته دی، ده‌بێت له بارودۆخه واقیعییه‌که‌ی ژینگه‌وه ده‌ست پێ بکرێت و گۆڕانکاری له‌م واقیعه‌دا بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی باره سایکۆلۆژییه‌که‌ی مرۆڤ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه بێت.
٣- هیگڵ له‌سه‌ر ئاستێکی فه‌لسه‌فی نامۆیی ده‌خاته ڕوو. پرنسیپی سه‌ره‌کی له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵدا یه‌که‌مبوونی فیکره‌یه. بنجی فه‌لسه‌فی، بۆ لێکدانه‌وه‌ی نامۆیی له روانگه‌ی هیگڵه‌وه بوونی فیکره‌ی ڕه‌ها (الفکرة المطلقة)یه و بوونی جیهان خۆنواندن و ده‌رکه‌وتنی ئه‌و فیکره ڕه‌هایه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه هیگڵ باسی نامۆیی فیکری فه‌لسه‌فی ده‌کات. به لای ئه‌وه‌وه گه‌وهه‌ری نامۆیی له‌وه‌دا نییه که گه‌وهه‌ری به‌شه‌ر به شێوه‌یه‌کی نامرۆڤانه، دژی خودی خۆی، خۆی به شت ده‌کات، بەڵکوو له‌وه‌دایه که گه‌وهه‌ری مرۆڤ بە شێوەیەکی جیاواز و دژ بە فکرەی ڕووت (الفکر المجرد) خۆی به شت ده‌کات. (11)
له ڕوانگه‌ی هیگڵه‌وه، مرۆڤایەتی حاڵه‌تی نامۆیی له خودی خۆیدا هەڵگرتووە، له‌به‌ر ئه‌وه په‌یوه‌ندییه نامۆکانی ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیری، په‌یوه‌ندی ڕه‌ها و نه‌گۆڕ و ئه‌به‌دین. (12) به‌م پێیه ئه‌وه‌ی بڕیار لەسەر نامۆیی مرۆڤ ده‌دات، فیکره‌ی ڕه‌هایه و، نامۆیی به تێپه‌ڕاندنی ئەم فیکرە چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؛ بۆ نموونه ده‌ڵێت: ئه‌و کۆیله‌یه‌ی بەرانبەر خاوه‌نه‌که‌ی نامۆیه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نامۆییه‌ی نه‌مێنێت، ده‌بێت بیر بکاته‌وه و خۆی به ئازاد بزانێت ( (13.
که‌موکورتیی بنه‌ڕه‌تی له‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ی هیگڵدا له جیهانبینییه‌که‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ئه‌و وه‌ک هه‌موو ئایدیالیسته‌کانی مێژوو هێزێکی نادیار “له‌ودیو” و “له‌ده‌ره‌وه”ی بوونه‌وه ده‌بینێت، بۆیه “بوون” به ڕسکاوی ئه‌و هێزه ده‌زانێت؛ هه‌ر به‌م جیهانبینییه‌وه ناکۆکییه‌کانی ژیانی ماددی و به‌شه‌ری ده‌بینێت و به فیکره‌وه گرێیان ده‌دات، بۆیه که قسه له کۆیله‌یه‌تی ده‌کات، کۆیله‌یه‌تی و دژه‌که‌ی که ئازادییه له فیکری کۆیله‌دا ده‌بینێت. ئه‌مه بۆ خۆی واتای به‌رگریکردن له سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌وجوود ده‌گرێته‌وه، به‌مه‌ش ئازادیی مرۆڤی نامۆ له بەرانبەر سیستمه‌که‌دا ڕاناگرێت و مرۆڤ به‌ره‌و ئازادیی گیان (روح) ئاڕاسته ده‌کات، چونکه ئازادیی مرۆڤ له خۆگونجاندن و دژایه‌تینه‌کردنی فیکری ڕووتدایه، نه‌ک له گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی سیستمی باوی کۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج له‌م لێکدانه‌وه بۆرژوازییانه بده‌ین، به گشتی بۆ یه‌ک سه‌رچاوه‌ی فه‌لسه‌فی ده‌چنه‌وه ئه‌ویش جیهانبینی ئایدیالیستییه که له دواشیکردنه‌وه‌دا جگه له نامۆیی زیاتر و که‌وڵکردنی مرۆڤ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیستمی چینایه‌تیی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵ هیچ شتێکی دیکه ناگه‌یه‌نێت.
نامۆیی سیاسی
لایه‌نێکی هه‌ره گرنگی نامۆیی بۆ مرۆڤ، له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تییه‌وه تا ئیمڕۆ، نامۆیی سیاسی بووه. مرۆڤ له‌و خه‌بات و ململانێ چینایه‌تییه‌دا ڕووبەڕووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش له سه‌رانسه‌ری مێژووی کۆمه‌ڵگاکاندا سه‌رچاوه‌ی نامۆیی مرۆڤه‌کان بووه. هه‌میشه له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ردا لێک‌دابڕان هه‌بووه و جه‌ماوه‌ر به ده‌سه‌ڵاته فه‌رمانڕه‌واکه‌ی نامۆ بووه. ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ر، له‌گشت کۆمه‌ڵگاکاندا پێک ده‌هێنێت.
له‌م مێژووه‌ی خه‌باتی سیاسیی نێوان چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، توخمی پێشڕه‌وی چینه شۆڕشگێڕه‌کان باری گرانی نامۆییه‌که‌یان له‌سه‌ر شان بووه و، هوشیارییان جێ و ڕێی به‌گژداچوونه‌وه و به‌ربه‌ره‌کانێ و کاری شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی له بەرانبەر چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کاندا پێگرتوون. ئیمڕۆش له ژێر سایه‌ی سیستمی جیهانیی سه‌رمایه‌داریدا توخمی پێشڕه‌ویی کۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌دارییه‌کان، که له کرێکارانی سۆسیالیست و که‌سانی دیکه‌ی په‌یوه‌ستبوو به بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی کرێکاران پێکدێن، له‌به‌ر تیشکی ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیستی‌دا و به هوشیاری سۆسیالیستانه‌یانه‌وه به‌ره‌و ڕووی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه ڕاوه‌ستاون و گیانی به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌م سیستمه‌و خه‌باتکردن له پێناوی ژێره‌وژوورکردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته و هێنانه کایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی پڕۆلیتاریا، ڕابه‌ری ده‌که‌ن. بۆیه ئه‌وان له ڕیزی پێشه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی ژێر باری سیستمی سه‌رمایه‌دا، باری گرانیی نامۆیی سیاسی هه‌ڵده‌گرن و له ناخه‌وه زیاتر ئازاریان ده‌دات.
ڕەھەندی جیهانیی نامۆیی
ژانی نامۆیی بۆ مرۆڤه سۆسیالیسته هوشیاره‌کان به‌پێی بارودۆخی سیاسی هه‌ر شوێنێک، ڕەھەندی جیاجیای هه‌یه. رەھەندی جیهانیی ئه‌م بارودۆخه سیاسییه، رەھەندێکی گشتییه و بۆ سه‌رجه‌می خه‌باتکارانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی چینی کرێکار له جیهاندا، به حوکمی گیانی ئینته‌رناسیۆنالیستی و یه‌کێتیی ئامانجه ستراتیژییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیی کرێکاران، چوونیه‌که و وه‌کوو یه‌ک له ئازاره‌کان ده‌چێژن.
ئیمڕۆ له ئاستی جیهانیدا ئامانجه دێرینه‌کانی مرۆڤ هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ سه‌ر ده‌کرێت. مرۆڤ چه‌واشه ده‌کرێت. خه‌ونه دێرینه‌کانی مرۆڤ و خه‌باتی مرۆڤه چه‌وساوه‌کان دژی چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان به‌ر لاقرته‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانیی باڵاده‌ست و چینه بۆرژوازییه ژێرده‌سته‌کان و چڵکاوخۆرانی کۆمپانییه فره‌ناسنامه‌کان که‌وتوون.
سه‌رمایه‌داری، وه‌ک سیستمێکی ئه‌به‌دی بانگەشه‌ی بۆ ده‌کرێت. له بەرانبەر ئه‌و نه‌هه‌نگانه‌ی سه‌رمایه‌دا که ده‌یانه‌وێت ئه‌م جیهانه قووت بده‌ن، سیاسه‌تی سازشکارانه و کۆیلایه‌تییه‌کی نوێ په‌یڕه‌و ده‌کرێت و چینه کۆنه‌په‌رسته‌کان و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه وابه‌سته‌کان به هه‌زار و یه‌ک بڕوبیانووی بێسه‌روبه‌ره‌وه پاساو بۆ سیاسه‌ته ئیمپریالیستییه‌کان ده‌هێننه‌وه. چه‌پڵه بۆ داگیرکردن و له‌شکرکێشیی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیستییه‌کان لێ ده‌ده‌ن.
له‌م جیهانه لنگه‌وقووچه‌ی ئیمڕۆی سه‌رمایه‌داریدا هه‌رچی نه‌ریتی خه‌باتی مرۆڤی چه‌وساوه هه‌یه پێی پیا ده‌نرێ. ئاگری شه‌ڕ له‌مسه‌ره‌وه بۆ ئه‌وسه‌ری دنیا خۆش ده‌کرێت. نه‌ته‌وه‌کان به گژ یه‌کتریدا دەدرێن. سۆسیالیسته‌کان به‌ر پلار و تیر و توانج و هێرش و سووکایه‌تی دەکەون. به ناوی سیستمی نوێی جیهانییه‌وه باڵاده‌ستیی سه‌رمایه‌داری و گشتیکردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. له‌ژێر ئاڵای دیموکراسی و مافی مرۆڤدا، ئازادیی مرۆڤ زه‌وت ده‌کرێت و له زۆر شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا ته‌نانه‌ت مافه سه‌ره‌تاییه‌کانیشی پێ ڕه‌وا نابینرێت. دیکتاتۆرییه‌تی بێپه‌رده‌ی بۆرژوازییه‌ت پشتگیری لێده‌کرێ و قامچی فەرمانڕەوایی بۆرژوازی، لە پشتی ڕووتی ملیۆنه‌ها مرۆڤەوە دەدرێت. ئامانجه دێرینه‌کانی مرۆڤ سه‌باره‌ت به جیهانێکی دوور لە چه‌وساندنه‌وه و جیاوازیی نێوان مرۆڤه‌کان، نه‌ک هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌یان لێ ده‌کرێت، بەڵکوو به کرده‌وه له سایه‌ی خۆسازدانه‌وه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌دا ده‌پێچرێنه‌وه و هورووژمی دڕندانه‌ی ده‌زگا هەواڵگرییە جیهانییه‌کان و جۆرنالیزمی چه‌واشه‌کاری بۆرژوازیان ئاڕاسته ده‌کرێت.
لەمڕۆدا ئازادی –ته‌نانه‌ت به شێوه مافناسییه‌که‌ی– بۆ مرۆڤ ناسه‌لمێنرێت. خه‌ونی جیهانێکی یه‌کگرتووی ئازاد زڕێندراوه. گه‌لانی سته‌مدیده‌ی جیهان که له‌م سه‌ده‌یه‌دا جه‌نگی ژیان و مردنیان له پێناوی ئازادی‌دا کرد، ئێستا به کۆت و پێوه‌ندی بازاڕی ئازاد کۆیله کراونه‌ته‌وه. شۆڕشی جیهانیی کرێکاران که له چه‌ند ده‌ساڵێکی سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ئاسۆیه‌کی ڕوونی له به‌رده‌مدا بوو، له‌بار براوه و ئۆباڵی هه‌ره‌سهێنانی سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تیشی له ئه‌ستۆ نراوه. بانگه‌وازی برایه‌تی و ئاشتی بۆ گه‌لانی جیهان به دوژمنکاری و جه‌نگ و جینۆساید و برسیکردن و کۆلۆنیاڵکردنی نوێ و بێئه‌ندازه‌ی گه‌لان وه‌رچه‌رخاوه و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ مرۆڤ زۆر زیاتر بووە. هه‌رچی نه‌ریتی مامه‌ڵه‌ی سیاسی به پرنسیپ و راستوڕه‌وان هه‌یه، به ته‌ڵه‌که‌بازیی سیاسی و دژایه‌تی پرنسیپ و ده‌ستی ده‌ستی و پاره ژماردن، گۆڕدراوه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌مانه مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه، ئا له‌م ده‌ساڵه‌ی کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، تووشی حاڵه‌تێکی نامۆیی کراوه. هه‌موو رۆژێک کاژێکی به‌شه‌ری فڕێده‌دات و (مسخ) ده‌بێت. ئه‌م (مسخ)بوونه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی جیهانییه و به‌رئه‌نجامی نامۆبوونێکی جیهانییه که ره‌گه‌که‌ی بۆ ڕەھەندی جیهانیی نامۆیی ده‌چێته‌وه.
رەھەندی نه‌ته‌وه‌یی نامۆیی
ڕەھەندی دووه‌می نامۆیی بۆ مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و مرۆڤانه‌ی سه‌ر به گه‌لێکی ژێرده‌سته‌ن له وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌دا، نامۆیی نه‌ته‌وه‌ییه.
نامۆیی نه‌ته‌وه‌یی زیچکاوی سیاسه‌تی شۆڤێنیستی چینه بۆرژوازییه باڵاده‌سته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته، به‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی چینه بۆرژوازییه شۆڤێنیسته‌کانه له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا، به‌ری نامۆکردنی خودی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و دووانه‌ی ئه‌و نامۆبوونه‌یه، ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌ی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر نه‌ته‌وه بچووکه‌کانه‌وه. له‌م سیاسه‌ته‌دا، نامۆیی ده‌بێته تۆپه‌ڵێک ژانی ئاڵۆز بۆ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست، به‌ڵام کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست زیاتر ده‌بێت. له بواری پڕاکتیکدا ژانی نامۆیی بێ ئه‌ندازه، به پله‌ی یه‌که‌م بۆ مرۆڤانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وان په‌یتا په‌یتا و رۆژانه، بوونیان، گیانیان، هۆشیان ده‌رزیئاژن ده‌کرێت و له ته‌پوتۆزی سیاسه‌تی شۆڤێنیستانه‌ی بۆرژوازیی ده‌سه‌ڵاتداردا ده‌خنکێندرێن.
نامۆیی بۆ مرۆڤه هوشیاره‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست له تێکڕای سیاسه‌ته شۆڤێنیستییه‌کانی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. چاو و بیرته‌نگیی نه‌ته‌وه‌یی، خۆبه‌زلزانینی نه‌ته‌وه‌یی، خۆسه‌پاندنی نه‌ته‌وه‌یی، شێواندنی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست، که‌مکردنه‌وه‌ی یاسایی و کردەیی مافی مه‌ده‌نییانه‌ی هاونیشتمانێتی بۆ مرۆڤه‌کانی گه‌لی ژێرده‌سته و… هتد، ئه‌مانه له شێوه پڕاکتیکییەکە‌یدا، که‌سایه‌تیی ئه‌م مرۆڤانه – به‌تایبه‌تی مرۆڤه هوشیاره‌کان و لەنێوئه‌وانیشدا هه‌ڵگرانی بیری سۆسیالیستی – ده‌شێلن و له بەرانبەر له‌ده‌ستدانی بوونی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆیاندا به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی جددیان ده‌خه‌ن. نامۆبوون له زمان و رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی – ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌شه رۆشنبیرییه‌شی په‌یوه‌ندی به ژیانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانه‌وه هه‌یه – له‌ژێر کارکردی سه‌پاندنی زمان و ڕۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌ی پله‌یه‌ک (نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست) له هه‌موو بواره ڕۆشنبیرییه‌کاندا، سه‌ره‌ڕای جێ و ڕێی وابه‌سته‌یی و خزمه‌تگوزاری له فه‌رمانڕه‌وایی و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ده‌وڵه‌تیدا، سیمایه‌کی هه‌ره ئاشکرای که‌سایه‌تیی ئه‌م مرۆڤانه ده‌بن.
نامۆیی نه‌ته‌وه‌یی ئیفرازی سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه، کاتێک مرۆڤی هوشیار ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی پێ قووت نادرێت و به‌رده‌وام ئازاری هۆشی ده‌ده‌ن. ئه‌م سیاسه‌تانه له‌م چه‌ند خاڵه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بن :
١- کاتێک زمانی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رده‌ست به زۆر ده‌سه‌پێندرێت و، بواری گه‌شه‌کردنی ئه‌قڵی و ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی به زمانی زگماکی دایک به مرۆڤ نادرێت.
٢- کاتێک گوشاری فیکر و سیاسه‌ت و ڕه‌وشتی چینی بۆرژوازیی ده‌سه‌ڵاتداری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، ڕۆژانه له‌ڕێی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه، هورووژم بۆ فیکر و هۆشی مرۆڤه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست ده‌هێنێت.
٣- کاتێک له بەرانبەر ئه‌و گوشاره‌دا، وه‌ک کاردانه‌وه (رد الفعل)ێکی فیکر و سیاسه‌تی بۆرژوازیی ده‌سه‌ڵاتدار، بیروبۆچوونی گۆشه‌گیرانه و ناوه‌ڕۆک – دیسان – شۆڤێنیستییانه‌ی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست هوشیاریی چه‌واشه لەنێو کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستدا ده‌خاته‌وه و، دژی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، به کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانیشه‌وه، ئاڕاسته‌یان ده‌کات.
٤- کاتێک له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا به‌پیره‌وه‌چوونی مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان نابینرێت. سه‌رباری بانگ و سه‌ڵای ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و… هتد، که‌چی له ئاستی پێشێلکردنی سه‌ره‌تاییترین مافی نه‌ته‌وه‌ییدا کوێراییان دادێت و به ڕۆژی ئاشکرا و بێ شه‌رم و شکۆ مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانی ده‌کرێت؛ ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌بوو له “هه‌مبانه بۆرینه”ی ده‌نێن و، به پێچه‌وانه‌که‌شییه‌وه، زه‌قی ده‌که‌نه‌وه و فرمێسکی درۆزنانه‌ی تیمساحی بۆ هه‌ڵده‌ڕێژن.
٥- کاتێک به ناوی شه‌رعییه‌تی ده‌ولی و به‌رژه‌وه‌ندیی ئیقلیمی و ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیستییه‌کانه‌وه، بۆ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی به بیره‌کانی نه‌وت و کانزا به‌هاداره‌کانه‌وه به‌ستراون، پاراستنی سنووره ده‌ستکرده‌کان و یه‌کێتیی نیشتمانیی نه‌ته‌وه جیاجیاکانی نێو ئه‌و سنوورانه و، یه‌کگرتوویی “خاکی پیرۆزی نیشتمان”ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، ده‌بنه سیاسه‌تی ژیرانه و و‌اقیعی و هاوچه‌رخ و له سایه‌یدا مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست له قاڵب ده‌درێت و بۆ ئاستێکی بێبایه‌خ داده‌به‌زێنرێت.
٦- کاتێک گه‌لێکی ژێرده‌سته جینۆساید ده‌کرێت و، گه‌لانی جیهان، له سایه‌ی سیاسه‌تی ناوه‌نده‌کانی بڕیاردانی ده‌ولییه‌وه نابیناییان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت، یان زه‌ق زه‌ق سه‌یر ده‌که‌ن و، سه‌باره‌ت به شێواندنی ڕاستییه‌کان مته‌قیان لێوه نایه‌ت.
٧- کاتێک ڕۆژانه و له هه‌موو شوێنێک و له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی به‌ناو مه‌ده‌نیدا، مرۆڤ هه‌ست به پله دوویی خۆی ده‌کات و، توانایی و هه‌ست و فیکر و رۆشنبیری و ته‌نانه‌ت زانستێکیشی گه‌ر هه‌بێت، به سووکایه‌تییه‌وه سه‌یری ده‌کرێت و، به ته‌رازووی نۆکه‌رایه‌تی و کاسه‌لێسی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی سیاسی و فیکری و ئه‌خلاقی به سیستمی باڵاده‌ستی شۆڤێنی ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست پێوانه ده‌کرێت.
ڕەھەندی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت
هه‌ردوو ڕەھەندی جیهان و نه‌ته‌وه‌یی که پێشتر باسمان کردن، چڕ ده‌بنه‌وه و ده‌ڕژێنه ڕەھەندێکی دیکه‌وە و قوڕی نامۆیی بۆ مرۆڤ خه‌ستتر ده‌که‌نه‌وه. ئه‌م سێیه‌م ڕەھەندەی نامۆیی بۆ مرۆڤه هوشیاره‌کان – به‌تایبه‌تی سۆسیالیسته‌کان – په‌یوه‌ندی به ژیانی رۆژانه و چۆنییەتیی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه. ئه‌م ڕەھەندە مێژووییه و، هیچ وڵاتێک و پێکهاته‌یه‌کی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی، له کۆیله‌یه‌تییه‌وه تا سه‌رمایه‌داریی بازاڕی ئازاد و سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی به سۆسیالیزم ڕووپۆشکراو، لێی بێبه‌ری نه‌بووه، بۆیه له هه‌ر شوێنێک ده‌سه‌ڵات هه‌بێت، له‌وێ و له سایه‌ی ده‌وڵه‌تدا نامۆیی نه‌ک هه‌ر چاوه‌ڕێی مرۆڤ ده‌کات، بەڵکوو چاره‌نووسێکی حه‌تمی ده‌بێت. ئه‌م چاره‌نووسه به ڕاده‌یه‌که که ده‌توانرێت ده‌وڵه‌ت و نامۆیی وه‌ک دووانه (جمک) سه‌یر بکرێن. مێژووی به‌شه‌ر که به خه‌باتی چینایه‌تی نێو کۆمه‌ڵ ده‌ست پێ ده‌کات، باشترین به‌ڵگه‌ی حه‌قیقه‌تی ئه‌م ده‌ستله‌ملانێیه‌ی ده‌وڵه‌ت و نامۆییه و ناتوانرێت له یه‌کدی دابڕێنرێن.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه بسه‌لمێنین که مرۆڤ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه چاره‌نووسی خۆی به ده‌ستی خۆیه‌وه بێت، ئه‌وا ده‌بێت مرۆڤێکی ئازاد بێت و پێشمه‌رجه‌کانی ئازادیی ته‌واوی بۆ دابین بکرێت، تا بتوانێت ئاره‌زوومه‌ندانه ئه‌م چاره‌نووسه‌ی دیاری بکات و، له نێوان ئه‌م جیهانه‌ی ژیانی تێدا ده‌گوزه‌رێنێت، بڕیار بدات و ڕێی لێ نەگیرێت. هه‌ر له‌م سه‌لمێنراوه‌ی مافه‌وه بۆ مرۆڤ، چه‌ند پرسیارێک دێته پێشه‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی که: بۆچی مرۆڤ ناتوانێت ئازادانه هه‌ڵسوکه‌و‌ت بکات؟ یان ئه‌و ده‌زگایانه کامانه‌ن که ڕێی ئازادی لێ ده‌گرن و سووکایه‌تی به چاره‌نووسی ده‌که‌ن؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره، بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا و هیچ دوودڵییه‌ک ده‌توانین ده‌وڵه‌ت به‌و ده‌زگایه پێناسه بکه‌ین که ڕاسته‌وڕاست له‌گه‌ڵ ئه‌م خواسته مرۆڤانه‌یه پێچه‌وانه‌یه و ماکی نامۆییه‌کانی مرۆڤ بۆ ئه‌م ده‌زگایه ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه نامۆیی به باڵای مرۆڤه‌کانی ژێر سایه‌ی ده‌وڵه‌ته جۆراوجۆره‌کانی هه‌زاران ساڵی رابردوو بڕاوه. مرۆڤه هوشیاره‌کانیش، به‌تایبه‌تی توخمه پێشڕه‌وه‌کان و، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا پێڕه‌وانی ڕێبازی سۆسیالیزمی زانستی، له نامۆییه‌کی فیکری و گیانی و جه‌سته‌ییدا، له بەرانبەر ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌ته دژه مرۆییه‌کانیان له گشت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا که سه‌رمایه‌داری بۆ ڕێکخستن، به‌ڕێوه‌بردن و به‌رده‌وامیی سیستمه‌که‌ی خۆی پێکی هێناون، ده‌ژین.
مرۆڤ له‌ژێر باڵی ده‌وڵه‌تدا جێ و ڕێی پاشکۆیی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ده‌وڵه‌ت وه‌رده‌گرێت. فیکری مرۆڤ ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتێکی باڵای سه‌روو خه‌ڵکی ده‌بێت. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا به ناچاری ده‌بێت یاسا و بڕیار و به‌رنامه‌کانی ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌و بکات. ئه‌م حاڵه‌ته سروشتی په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نی نایه‌کسان پێکده‌هێنێت که تێیدا مرۆڤ که‌مده‌ست و ژێرده‌سته‌یه و، ده‌وڵه‌ت توانادار و سه‌رداره. به‌م هۆیه‌شه‌وه نەرێنیبوون ده‌بێته سیمای فیکر و هۆش و ره‌فتاری مرۆڤ و پابه‌ندی ده‌سه‌ڵاته به هێزه‌که ده‌بێت. واته به ناچاری ده‌بێت سیاسه‌ته جۆراوجۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ بکات؛ له‌و شوێنه‌ی کار ده‌کات – به‌تایبه‌تی له ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کاندا – ببێته ئامێرێک و ئیراده‌ی خۆی ملکه‌چی ئیراده‌یه‌کی به‌هێزتر بکات یان له باشترین حاڵه‌تدا بیگونجێنێت. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌به‌خشێت که خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و لەنێو ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا و پڕتوانادا ده‌توێته‌وه و که‌سایه‌تیی خۆی بزر ده‌کات. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی بنجی نامۆیی مرۆڤه له ده‌وڵه‌ت و ڕه‌گی نامۆیی جه‌ماوه‌ره له‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات. تێداچوونی ئازادی مرۆڤه و، جه‌ماوه‌ریش ناوه‌ڕۆکی ئه‌م نامۆبوونه‌یه.
مرۆڤ ده‌بێت چ وه‌ک تاکه‌که‌س و چ وه‌ک جه‌ماوه‌ر، له ئاستی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تدا دووره‌په‌رێز ڕابوه‌ستێت، له کاروباری سیاسی و فرمانه‌کانی ده‌وڵه‌ت نه‌کۆڵێته‌وه و به یاساکانی قایل بێت. کارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت ڕێزیان لێ بگیرێت و ئه‌و(حصانة) حکومه‌تییه‌ی هه‌یانه بیپارێزێت و مافی لێپرسینه‌وه‌ی که‌موکووڕی و که‌مته‌رخه‌می و ناته‌واوییه‌کانی نه‌بێت. ده‌بێت بۆ هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت، هه‌یبه‌تی کارمه‌نده‌کانی له پێشچاو بگرێت و کۆیله‌یه‌تیان قبووڵ بکات. ئه‌م په‌یوه‌ندییه به گشتی، به‌ڵام به بڕی جیاجیا، له‌ژێر سایه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌تێکدا هه‌یه. له‌و وڵاتانه‌شدا که به دیموکراسی به‌ناوبانگن و ته‌قلیدێکی دێرینی هه‌ڵبژاردن و ژیانی په‌ڕله‌مانتاریستی هه‌یه، هه‌ڵبژاردن کراوه‌ته ده‌مامکی هه‌موو شێوه چه‌وساندنه‌وه‌کان و، ناکۆکییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵی پێ په‌رده‌پۆش ده‌کرێت. له وڵاته سه‌رمایه‌دارییه‌کاندا ناکۆکی نێوان کار و سه‌رمایه به ژێر ده‌واری چه‌واشه‌کاریی هه‌ڵبژاردن و په‌ڕله‌مانه‌وه کراوه. مرۆڤه‌کان هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک (تفويض)ی به‌ناو نوێنه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن، ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی پاره و پڕوپاگانده‌ی جۆرنالیزمی و هێزی ده‌سه‌ڵاتداریی سه‌رمایه له پشته‌وه، ده‌رچوونیان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. نامۆیی مرۆڤه‌کان جارێکی دیکه له‌م هه‌ڵبژاردن و (تفويض)ه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه، خۆیان بۆ خۆیان ئه‌و که‌سانه هه‌ڵده‌بژێرن که چه‌ند ساڵێک به ناوی ئه‌وانه‌وه یاسا دەر دەکەن و دەیانچەوسێننەوە و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی پارە درێژه پێ بده‌ن.
نامۆیی مرۆڤ له ده‌وڵه‌ت حاڵه‌تێکی بابه‌تی و ئۆرگانیکییه و، مه‌گه‌ر به تێداچوونی ده‌وڵه‌ت، ئه‌گینا قابیلی چاره‌سه‌رکردن نییه. هۆکاری ئه‌مه‌ش بۆ سروشتی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه. ده‌وڵه‌ت و ئازادیی مرۆڤ دوو لایه‌نی ناکۆ‌کن که ده‌بێت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی چینایه‌تی و ، له‌ناوبردن و وردوخاشکردنی ده‌وڵه‌ت کۆتایی بێت.
ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵ به‌سه‌ر چه‌ند چینێکدا، واته کاتێک چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌ویش دروست ده‌بێت. (14) که‌واته ده‌وڵه‌ت تایبه‌تمه‌ندییه‌کی چینایه‌تی هه‌یه و ئامرازی حوکمی چینه‌کانه، به‌و پێیه‌ش ده‌وڵه‌ت ده‌زگایه‌کی سه‌روو خه‌ڵکییه و کاری فه‌رمانڕه‌واییکردنه. بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌واییش بکات ده‌بێته ده‌زگایه‌کی سه‌رکوتکه‌ر و سیاسه‌تی چینێک به‌سه‌ر چینه‌کانی دیکه‌دا بسەپێنیت. ((15 ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ژێرخانێکی ئابووریی دیاریکراو دروست ده‌بێت. سیاسه‌ته‌کانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئابووریی ده‌وڵه‌ت و ئه‌و سیستمه ئابوورییه ده‌بێت که چینی باڵاده‌ستی ده‌وڵه‌ت ده‌یگرنه به‌ر.
ده‌وڵه‌ت له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا، بۆ درێژه‌دان به سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی، بۆ درێژه‌پێدانی سیستمی ئابووریی باو له کۆمه‌ڵدا، پشت به چەندان ده‌زگا و پایه ده‌به‌ستێت و له‌سه‌ر ئه‌وانه خۆی ڕاده‌گرێت. هه‌موو ده‌وڵه‌تێک سوپا و پۆلیس و ئه‌من و به‌ندیخانه و دادگاکانی خۆی هه‌یه. ئه‌م ده‌زگایانه داهاتی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ خه‌رج ده‌کرێت. ئه‌رکیان پاراستنی سیستمی مه‌وجوودە و زامنکردنی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینه‌کانی کۆمه‌ڵه له لایه‌ن چینی باڵاده‌ستی فه‌رمانڕه‌واوه، بۆیه ئه‌م ده‌زگایانه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی گشتی له ژیانی کۆمه‌ڵدا و نامۆیی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ به گشتی و چینه چه‌وساوه‌کان به تایبه‌تی ده‌سه‌پێنن، جا ئیتر هه‌ستی پێ بکه‌ن یان نه‌یکه‌ن؛ بۆ مرۆڤه هوشیاره‌کانیش سه‌رچاوه‌ی ژانه بێپه‌ییه‌کانی نامۆیین، لایه‌نێکی داپڵۆسێنه‌رن وبه‌رده‌وام پێستی مرۆڤانه‌یان لێ داده‌ماڵن.
وه‌ک ئه‌نگڵز ده‌ڵێت دەوڵەت: یه‌که‌م هێزی فیکرییه له سه‌رووی مرۆڤه‌وه. (16) له‌به‌ر ئه‌وه ئازادی مرۆڤ چ له ڕووی فیکرییه‌وه و چ له ڕووی سیاسییه‌وه له‌گه‌ڵ بوونی ده‌وڵه‌تدا پێچه‌وانه‌ی یه‌کتری ڕاده‌وه‌ستنه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش مرۆڤ له کۆمه‌ڵگا چینایه‌تییه‌کاندا به کۆمه‌ڵگای بۆرژوازیشه‌وه ناتوانێت له مه‌ده‌نیبوونی کۆمه‌ڵ سوود وه‌رگرێت و ئازادیی ڕاسته‌قینه به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگەی سه‌رمایه‌داری له‌م باره‌یه‌وه، به‌هۆی خه‌باتی چینی کرێکار و بزووتنه‌وه و حزبه سۆسیالیست و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه له دوو سه‌ده‌ی ڕابردوودا شتێکی که‌می له ژیانی مه‌ده‌نی ئه‌نجام دابێت، هێشتا مه‌ده‌نیبوونی کۆمه‌ڵگا به پێوانه‌ی هوشیاریی سۆسیالیستی له سه‌ره‌تادایه و ده‌وڵه‌ت به‌و هه‌موو داموده‌زگایانه‌وه له به‌رده‌میدا کۆسپه و ڕێگری راسته‌قینه‌ی ئه‌م مه‌ده‌نیبوونه‌یه. لۆژیکی ئازادیی حه‌قیقی پێچه‌وانه‌ی بوونی ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانن؛ چ کۆمه‌ڵی ئازاد و چ مرۆڤی ئازاد پێویستیان به سوپا و پۆلیس و ئه‌من و زیندان و دادگا و ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره شاردراوه و نه‌شاردراوه‌کانی دیکه نییه. له‌ناوچوونی ئه‌و ده‌زگایانه مه‌رجی ئازادین، ئه‌وه‌ش مه‌گه‌ر هه‌ر له کۆمه‌ڵگایه‌کدا بێته دی که ده‌وڵه‌تی تێدا نه‌بێت و، کۆمه‌ڵگا له‌ڕێی ئیداره‌ی خودی به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌وه به‌ڕێوه بچێت. هه‌ر کاتێکیش ئه‌مه هاته‌دی، واته ده‌زگا مشه‌خۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت تێک‌وپێک شکێندران، ئه‌وا ده‌توانرێت مرۆڤی ئازادی تێدا ببینرێت و کۆتایی ئێجگاره‌کی به نامۆیی بهێنرێت.
په‌راوێزه‌کان
1) مارکس، چه‌ند تێزێک ده‌رباره‌ی فیورباخ.
2) محمد کمال، ئۆنتۆلۆژیی زات، گۆڤاری مامۆستای کورد، ژماره(16)، 1993
3) صادق جلال العظم، ذهنية التحريم – سلمان رشدي وحقیقة الادب، الطبعة الثانية، نیقوسیا – قبرص، 1994
4) یندریش زلنی، منطق مارکس، ترجمة ثامر الصفار، مرکز الابحاث والدراسات الاشتراکية في العالم العربي، 1990
5) رجا‌ء النقاش، تأملات في الانسان، الطبعة الخامسة، بغداد، 1988.
6) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
7) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
8) فؤاد زکریا، آراء نقدية في مشکلات الفکر والثقافة، الهيئة المصرية العامة للکتاب، 1975.
9) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
10) صادق جلال العظم، ذهنية التحريم
11) یندریش زلني، منطق مارکس
12) هه‌مان سه‌رچاوه
13) الدکتور فؤاد شاهین، محاولة لتعریف الطرائقية العلمية، مجلة دراسات عربية، العدد(2)، السنة التاسعة، کانون الاول 1972
14) لینین، الدولة، محاضرة القيت في جامعة سفيردلوف، 11 تموز 1919.
15) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
16) انجلس، لودفيغ فيورباخ ونهاية الفلسفة الکلاسيکية الالمانية.
ئەم وتارە لە گۆڤاری(دواڕۆژ) ژمارە(6) کانوونی یەکەمی ساڵی 1998 بڵاو کراوەتەوە