رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

  لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەرەو دیوەخان: چۆن کۆمەڵگەی کوردی پەرت ئەکرێ

Facebook
Twitter
LinkedIn

ناونیشانەکە ئاماژە بە کۆمەڵگەی پاش-راپەڕین نادا، بە پێناسە باوەکە یان ئەوەی لە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکاندا هەیە و، کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی پەرەسەندوو بووە. بەڵکوو ئاماژەیە بەوەی چۆن پاش-راپەڕین حزب وەک «رێکخراوەیەکی مۆدێرن» و دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ دزەی کردە نێو کایە جیاوازەکانەوە. هەر لە دامودەزگاکانەوە تا خێڵ و تیرە و مزگەوت و خانەقا و تەکێ و بنەماڵە، حزب جڵەوی گرتە دەست. بەڵام، دواتر چی ڕوویدا: کۆلۆنیزەکردنی-داگیرکردنی- حزب لە لایەن کاراکتەرە نەریتییە پێشمۆدێرنەکانەوە. ئیدی دیوێکی پێچەوانەی ئەو پرۆسەیە دەری خست کە چۆن حزب و ڕێکخراوە ناحکوومی و تەنانەت دامودەزگا فەرمییەکانیش هەر لە قوتابخانە و نەخۆشخانە و زانکۆ و ومیدیاکانەوە تا پەرلەمان و حکوومەت، پڕبوون لە کارەکتەرە نەرییتییەکان.

دەکرێ بکەرە کۆمەڵایەتییەکان یان هێزە کۆمەڵایەتییەکان کە لە فۆڕمی خێڵ و تیرە و بنەماڵەدان، بە دوگمەی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سایسی دابنرێن. ئەمە ئامرازێکی کۆنباوە کە ساڵ بە ساڵ لای ئێمە تازە ئەکرێتەوە و فوو بەو گەرووە بەسەرچووەدا دەکرێتەوە. لە کۆنەوە، هەر لە ساسانییەوە تا خەلیفە و سوڵتان و ئینگلیز و ئەوانی تریشەوە، بکەرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سەرۆکخێل و ڕابەری ئایینی وەک دەستکەلا و ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کۆی کۆمەڵگەکە بەکارهێنراوە.

 لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە پێشمۆدێرنەکان، شێوازێکی ڕێکخراوەیی نافەرمییان هەیە و خێڵ و تیرە و هۆز وەک یەکە، ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتین. بەڵام، دواتر ئەم فۆڕمە کۆمەڵایەتیانە لە سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرندا، دەبنە ئەڵتەرناتیڤی دامەزراوە فەرمییەکان، دیوەخانی خێڵ دەبێتە جیگرەوەی دادگا. دەبنە ئامرازی کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردن وەک ئێستا کە دەبینین.

 گرفتی ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتییە زۆرە؛ وەک چەوسانەوەی تاکەکانی خۆیان لە ژن و خەڵکانی هزرکراوە کە قبوڵ ناکرێن و دەخرێنە ژێر باری سانسۆر و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییەوە ناهێڵرێ ئەندامەکانی لە دەرەوەی بازنەکە ئازادانە بیر بکەنەوە. هەر بۆ نموونە، ئەوە ڕوونە کە چۆن حکوومەتی عێراق چەکدارکردنی تیرە و هۆزەکان وەک ئامرازی پەلکێشکردنیان بەرەو ماکینەی جەنگ بەکار هێناوە و دووسەرە مەبەستی خۆی پێکا: بەکوشتدانیان و شەڕی بەوەکالەتپێکردن.

گرفتێکی تری ئەم دیوەخانسازیی خێڵایەتی و ئایینزاییە لەوەدایە کە کۆمەڵگەی ئێمە، دەخاتە بەردەم جۆرێکی تر لە چینایەتیی کۆمەڵایەتی کە پڕە لە نایەکسانی و بێدادی و پێشکلکردنی یاساکان و بنکۆڵکردنی دامەزراوەکان لە ژێرەوەڕا. بە دیاریکراوی نازانم چەند دیوەخانی سەرۆکخێل و شێخزادە و بنەماڵەزادە لە هەرێمدا هەن و چەندە مووچەی فەرمی بە لیستی حزبەکان وەردەگرن، بەڵام ئەوە ڕوونە کە رۆژ بە رۆژ برەویان پێ دەدرێن. لە هەواڵەکاندا بەردەوام کەسێتی و فیگەری نەبیستراو پشتبەستبوو بە درەختی خێزانی زەق دەکرێتەوە، ڤیستڤیال و چالاکیی کولتورییان بۆ ساز دەکرێ.

دیارە، مەبەست و ئامانجم ئەوە نییە بڵێم خێڵ و تیرە و بنەماڵە خراپن یان باش، بەڵکوو چۆن دەبێتە پەیژەیەکی بەرژەوەندیخوازی سیاسی و پۆلێنبەندییەکی کۆمەڵایەتی کە دواتر چەوسانەوە و پەرتەوازەیی دەخاتەوە. لێرەوە، پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ئەم فۆڕمە کۆنباوە لە کۆنترۆڵکردن و ئاڕاستەکردندا هەتا بێت برەوی پێ ئەدرێت؟

خێڵ لە چوارچێوەی خوێن و خزمایەتی یان ناوچەگەریدا ڕەنگ دەداتەوە و لەوێشەوە ئینتما و ناسنامەی پێناسە ئەکات. ‘کوردبوون’ بە پێکهێنەرێکی لاوەکیی خۆی دەزانی، نەک ئەوەی کە خۆی بە بەشێکی کوردبوونەکە بزانێ. هێڵی جیاکەرەوەی خۆی لەگەڵ خیڵی “بەڕانی”دا لەسەر ئەو بنەمایەیە: لەسەر خوێنبەربوونی لووتی ئەندامێکی، جەنگێکی کوشندە بەرپا دەکات. بەڵام؛ ئەگەر نیشتمان داگیر بکرێ، نەک هەر کێشەی نییە، بەڵکوو بە دەرفەتی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی سەرۆکخێڵ دەقۆزێتەوە.

دەمارگیریی خێڵ و تیرە و بنەماڵە و ناوچەگەری، ئەو دوگمە مەترسیدارەیە کە لە مێژەوە ‘شەرەفخانی بەدلیسی’ و بە تایبەتتر ‘ئەحمەدی خانی’ بە دەردێکی نەپساوی کورد دانراوە. چونکە، ڕێگری لە یەکگرتن و دامەزرانی دەسەڵاتێکی خۆیی سەربەخۆ دەکات. بەرژەوەندیی بنەماڵە و خێڵ و هۆز و تیرەکان، بەرژەوەندییە گشتییە نیشتمانییەکە قووت دەدەن.

گرفتەکە لەوەدایە؛ ئەو پۆلێنبەندییە ئاساییە کە بۆ سروشتی کۆمەڵایەتیی کورد دەگەڕێتەوە، دەبێتە میکانیزمێکی دروستکراو و ئاراستەکراو و پەرتکردنی کۆمەڵگەی لێ دەکەوێتەوە. ئیتر ئەوە هەر ئەویتر(ڕژێمەکانی وەک تورک، عەرەب، فارس) نییە کە کۆمەڵگەی ئێمە لەپێناو کۆنترۆڵکردن و لاوازکردنیدا پەرت دەکات. سەرکردە “سیاسییەکانمانن” کە هەمان ئامراز و پلانی «پەرتکە و زاڵبە»یان قۆستۆتەوە.

 وەک چۆن هەمیشە لە مێژوودا کۆنترۆڵکردنی مرۆڤی کورد بە ڕێی ئاغا، شێخ و مەلا و سەرۆکخێڵ و کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکانیی وەک ئەشراف و پیاوماقووڵ و ڕیشسپی ڕووی داوە. بۆیە، پەنا بردنە بەر ئەم بکەرە کۆمەڵایەتییانە، نەک هەر کۆمەڵگەی ئێمە لە پێشکەوتن و پەرەسەندن و کرانەوە دوور دەخاتەوە، بەڵکوو دەیکات بە کۆمەڵگەیەکی ناسەقامگیر و دژیەک لە خۆیدا. دابەشکردنی چینایەتیی ئەریستۆکرات (ئاغازادە، شێخزادە و خێڵزادە) کە پێگەی دەسەڵات لە حکوومەت و ناوەندەکانی بڕیاردا داگیر دەکەن و مسکێن- خەڵکی هەژار و خوارەوەی کۆمەڵگەش وەک پێکار و ئامراز بەکار دەهێنرین.

ئەوە راستە کە سروشتی هەموو هێز و دەسەڵاتێک وایە کە چاو ببڕێتە کۆنترۆڵکردن و پاوانکردنی هێز، بەڵام پەنا بردنە بەر ئەم جۆرە کۆنترۆڵکردنە لە ڕێی دیوەخانسازییەوە، بەڵگەیەکی زەقە، کە چیرۆکەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان وەک هێلکەیەکی نەجوقاویان لێهاتووە. دەستمایەی فەرهەنگی و کولتوری و نیشتمانییان ئەوەندە نییە کە بتوانن کۆمەڵگە و توێژ و چینەکانی پێ ئاڕاستە کەن.

لێرەوە، بێهوودەیی، پووچی و گەندەڵی و نائومێدیی ئەمڕۆ، خەسڵەتێکی زەقی سیاسەتە لەم هەرێمەدا، دەرئەنجامێکی سروشتی ئەم دۆخەیە. ئەو کارەکتەر و فیگەر و بیچمانەی لە میدیاکاندا ڕیکلامیان بۆ دەکرێ، ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی ئەجێندای حزبەکان و سەرکردەکانیاندان، ڕۆژێ هەر لێیان هەڵدەگەڕێنەوە؛ چونکە، پێوەریان بازنەی خێڵە.

سازکردنی دیوەخان و بڕینەوەی دیوەخانان و سەماوەر گەرمکردن، چەکدارکردن و بایەخپێدان و دامەزراندنی نەوەکانیان، ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی ئێمە نەک هەر لە کۆمەڵگە بخرێین، بەڵکو نەشبین بە “نەتەوە” و نیشتمان.

هاوشێوە