رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

فەلسەفە وەک دونیابینیی و میتۆدۆلۆگییەک

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئەلێکساندەر سپێرکن
وەرگیڕان و پەراوێز نووسینی: فریاد حەسەن

فەلسەفە چییە؟

بابەتی فەلسەفە. کاتێک دەست دەکەین بە خوێندنی فەلسەفە؛ دەچینە ناو شانشینێکی نامۆ و سەرنجڕاکێشی بیرکردنەوەی تیۆریی عەقڵ، ژیریی و داناییەک کە بۆ چەندین سەدە لەسەر یەک کەڵەکە بووە. کۆنترین پێناسەی فەلسەفە کە پێمان گەیشتووە، لەلایەن “فیساگۆرس”ی بەناوبانگەوە کراوە، کە زۆر بە سادەیی بە (ژیریی) دانایی ناوی دەبات، ئەو بە خۆی دەگوت کە: مرۆڤێکی ژیر نییە، بەڵکو تەنیا عاشقی دانایی (ژیریی)ە، و تەنیا “فیلۆسۆف”ێکە. (فیلیۆس = خۆشەویستی/ سۆفۆس=ژیریی (دانایی)). هەر لەو سەردەمە دێرینەوە فەلسەفە بە مانا ڕاستییەکەی وەک ئارەزووەیەک بوو بۆ بەرزترین پلەی زانین یاخود ژیریی و دانایی. ئەمەش وەک جیاکارییەک لە هەموو شێوەکانی دیکەی زانستی قبوڵکراو، تەنانەت جیاواز لە شێوە بیرکردنەوە ئایینی و ئەفسانەییەکانیش. بیرمەندانی سەردەمە دێرینەکان بە شوێن تێگەیشتنێک لە جیهان دەگەڕان کە جێگرەوەی ئەو وێنە کۆنانە بێت کە لە لایەن ئەفسانە و خورافەوە بەرهەم دەهات. ئەندێشە فەلسەفییەکان بە شێوەیەکی نەریتیی جیاکراونەتەوە بە ئاڕاستەی تێگەیشتن لە بنەماکانی بوون، سنووری توانا هزرییەکانمان، تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی چالاکی مەعریفیی مرۆڤ، وە بە تەنیا تێگەیشتن لە جەوهەری دیاردەکانی سروشت نا، بەڵکو دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، مرۆڤ و کولتوریش. ئەمەش هەمیشە کردەیەکی زۆر باشی هەبووە، هەروەها گرنگی تیۆریی، زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مانا و ئامانجەکانی ژیان. ئامانجی فەلسەفە هەر لە سەرەتاوە بەخشینی تێگەیشتنێکی گشتی بوو دەربارەی گەردوون کە بتوانێت بناغەیەک بۆ تێگەیشتنی ژیان دابین بکات؛ شتێک کە ناساندنێک {ڕۆشناییەک، ڕۆشنکردنەوەیەک} لەسەری بوونی مرۆڤ و کۆمەڵگا بونیاد بنێت.

ڕەچاوکردنی بابەتی فەلسەفە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لەو شوێنەی کە ئەم بواری مەعریفەیە داگیری دەکات لە سیستەمی ڕۆشنبیریدا بە گشتی؛ لەپاڵ زانست، هونەر، سیاسەت، ئایین و ڕەوشت و هتد. وە ئەم لێکۆڵینەوە لە دوو پێش‌گریمانە نزیک دەبێتەوە. بەپێی ڕێبازێک، لە سەردەمی کۆندا هەموو لێکۆڵینەوەکانی مرۆڤ پێش گریمانەی دوو ڕێگە دەکەن؛ ناسینی جیهان و خۆ (خود) بە دانایی دادەنرا و پێ دەگوترا فەلسەفە. لە دواییدا؛ کە ئەم مەعریفەیە شتی دیکەی لێ جیا بوویەوە و تێکشکا بۆ ڕێکخستن و بابەتی دیکە، زانستێک کە لە دوای زانستێکی تر لە فەلسەفەدا پەرەی سەندووە بە کۆی مەعریفەی مرۆڤ دادەنرێت. وەک ماتماتیک، فیزیا و پزیشکی و زانستەکانی دیکە کە دەرکەوتن. فەلسەفە بەم شێوەیە بە دایکی هەموو زانستەکان دادەنرێت. ئەم بیرۆکەیەش کە دیکارت دەریبڕی، کە (فەلسەفە درەختێکە، میتافیزیک ڕەگەکەیەتی، فیزیا قەدەکەیەتی و زانستەکانی وەک پزیشکی و میکانیک و ئاکار لقەکانی پێک دەهێنن.)[1] ئەم بیرۆکە فراوانەی فەلسەفە نەک هەر لە سەردەمی کۆندا، بەڵکو تا سەدەی ڕابوردووش بووە هۆی ئەوە کە بە میکانیکی تیۆریی، زیندەوەرزانی و زانستەکانی دیکە بناسرێتەوە. بۆ نموونە، ئێمە دەزانین، کە کاری سەرەکی نیوتن بە بنەماکانی فەلسەفەی سروشتی ماتماتیک دەناسرێت، لە کاتێکدا لینناوس فەیلەسووفی بۆتانیکای پێ دەگوترێت[2]، لامباراک بە کارەکانی لەسەر فەلسەفەی ئاژەڵناسی دەناسرێتەوە، لابۆسیش بە وتاری فەلسەفیی دەربارەی گریمانە. ئەمە یەک ڕێبازە بۆ بابەتی فەلسەفە. لە لایەکی دیکەوە، بە بۆچوونی ئێمە، ئەوەی زیاتر جێی باوەڕە، ئەوەیە کە لە قۆناغە مێژووییەکانی سەرەتای گەشەکردنی کولتور لە چوارچێوەی گشتیدا تەنیا مەعریفەیەکی جیاکراوە بوو، لە سەرەتادا، تێڕوانینی فەلسەفەی سروشتی ئەمانە بوون، کە ئاڕاستەی بەرامبەر بە سروشت، گەردوون، بنچینە و شوێنی کۆتایی هەموو شتەکان بوو. بیرمەندە کۆنەکان بە پەرۆشەوە سەرنجیان دەخستە سەر کێشەکانی کۆسمۆگۆنیس (بنەمای گەردوون). ئەمەش لە دواتردا پێی گوترا ئۆنتۆلۆگی (لێکۆڵینەوە لە سروشتی بوون). دواتر ڕوویان کردە کێشە هزرییەکان، کە ئەمەش گەشەی کرد بۆ تیۆری مەعریفە، ئیپستمۆلۆگی و، لۆجیگ. ئەم لقە فەلسەفییانەش ئیتیک بەرهەم دەهێنن، لێکۆڵینەوە لە کێشە ئاکارییەکان، وە ئیستاتیکاش بەرهەم دەهێنن کە لێکۆڵینەوە لە کارە ئیستاتیکییەکان بۆ کەتوار و داهێنانە هونەرییەکان دەکات. تا ئەم دواییانە ئەو پرسیارە دەروونییانەی کە مەشغووڵ بوونە بە تێگەیشتن لە جەوهەری چالاکی دەروونی، وشیاریی، و کەسایەتی تاک وەک کێشەیەکی فەلسەفیی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. بە کورتی، فەلسەفە بۆ ماوەی چەندین سەدە سەرنجی خستووەتە سەر کێشەکانی بوونی مرۆڤ و بەهاکانی بوونی مرۆڤ، جیهانی رۆحی خۆی بەشدار پێ کردووە لەگەڵ هەموو پارچە جۆراوجۆرەکان، تەنانەت سیاسەتی کۆمەڵاتی و پێگەی ئایینیش. ساڵ لە دوای ساڵ، سەدە لە دوای سەدە، فەلسەفە بە بەردەوامی و بەشێوەیەکی گشتگیر دەستکەوتەکانی زانست و هونەر و تەنانەت ئەزموونی تەواوی مرۆڤایەتی و هەر داناییەک کە پێکهاتووە لە ئەندێشە و ژیانی گەلاندا، هەموو ئەمانە کە نەوە بۆ نەوە تێپەڕیوە، فەلسەفە سەرجەمیی لە خۆیدا هێشتووەتەوە و لەناو خۆیدا قەتیسی کردووە.

بۆ وەڵام دانەوەی پرسیاری “بابەتی فەلسەفە چییە؟” با سەرەتا بواری مەعریفەی مرۆڤ لەبەرچاو بگرین. جوڵە ئاسمانییەکان و دیاردەکانی جیهانی فیزیکیی و کیمایی و تایبەتمەندییەکانی سروشت و بواری چالاکی دەروونی و رۆح یاخود هۆش و، لە کۆتاییشدا لە دونیای دیاردە کۆمەڵایەتییەکان؛ زاناکان دێن و لە هەموو ئەمانە دەکۆڵنەوە. هەموو ئەمانەی سەرەوەش بابەتی زانستەکان پێک دەهێنن، وەک زانستی: گەردوونناسی، فیزیا، کیمیا، زیندەوەرزانی، دەروونناسی، کۆمەڵناسی و مێژوو. وە بە حوکمی ئەوەی کە هەموو زانیینەکانمان ئەم جۆرە دیاردانە لەخۆدەگرێت، وە هەموو ناوەڕۆکی زانیارییەکانیشمان لەناو ئەم زانستە ناو براوانەدا هەڵگیراوە، ئیتر دیارە کە هیچ شوێنێک بۆ فەلسەفە بوونی نییە. خۆ ئەگەر فەیلەسووفێک بڕیار بدات کە لێکۆڵینەوە لە دیاردە رۆحیی و دەروونیەکان بکات، دەروونناسێک دێت پێی دەڵێت: “ئەمە پارێزگا و ناوچەی منە”، یان ئەگەر بیویستایە لێکۆڵینەوە لە جیهانی زیندەوەرەکان بکات، ئەوە بە هەمان شێوە لەلایەن زیندەوەرزانێکەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەبێتەوە. کەواتە ئەمەش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە لەو کاتەوەی کە زانستەکان دەستیان بەسەر لێکۆڵینەوەی هەموو بوارە جیاوازەکانی بووندا گرتووە، هیچ شتێک بۆ فەلسەفە نەماوەتەوە. چارەنووسی فەلسەفە لەگەڵ چارەنووسی شالیری شێکسپیردا هاوبەشن، کاتێک شالیر لە پیریدا هەموو سامان و وڵاتەکەی بەسەر کچەکانیدا دابەش دەکات، ئیتر هیچ شتێک بۆ خۆی نامێنێتەوە و دەردەکرێت و وەک سواڵکەرێکی لێ دێت. بەڵام ئەگەر کەمێک قووڵتر بنواڕین بۆمان دەردەکەوێت کە هەندێک پرسیار هەن هەرگیز نەبوونەتە بەشێک لە نێو بابەتی زانستە سرووشتیی و مرۆییەکاندا. بۆ نموونە، تاڵیس خۆی بۆ دۆزینەوەی بنەمای هەموو ئەو شتانەی کە هەیە، تەرخان کرد، بنەمای هەموو ئەو شتانەی کە هەن، و لە کۆتاییدا هەموویان دەبنەوە بە چی. ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە هەموو شتێک لە “ئاو”ەوە سەریهەڵداوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئاو، ئاو بنەمای[3] هەموو هەبوویەک بوو. دیمۆکرێتسیش پرسیاری ئەوەی کرد کە هەموو شتەکان، چ رۆحیی و چ ماددیی، لە چی پێکهاتوون؟ کە گەڕاندییەوە بۆ “ئەتۆمەکان”.[4] پێویستە تێبینی ئەو خاڵە بکەین کە ئەو پرسیارانەی تاڵیس و دیمۆکریت دروستیان کردووە، پرسیاری زیندوەرزانی یان دەروونناسی نەبوون. ئەم بیرمەندانە نەیانپرسیوە کە ڕووەک و گیانلەبەران لە چی دروست بوونە، جەوهەری جیهانیی چالاکی دەروونیان چۆن شێوەی گرتووە، ئەوان بە گشتی سەرنجیان لەسەر جیهان بوو، هەم ماددی و هەم رۆحیی، بۆیە ئەوە ڕوونە کە فەیلەسووفان دەبوایە بیر لە بنەمای یەکەمی بوونی گەردوون بکەنەوە، ماددەکان، زیندەوەران و پڕۆسە هزرییەکان بابەتی تێڕامانیان بووە. ئەمەش پەیوەندی بە بوارێکی جیا لە بوونەوە نییە، لەبەر ئەوەی بوون بە گشتی ناتوانێت بابەتی هیچ زانستێکی دیاریکراو بێت. ئەمە بابەتی فەلسەفە بوو، زانستی بنەما سەرەتاییەکانی بوونی جیهان، مرۆڤایەتی و بیرکرنەوە. بە دڵنیاییەوە لە سەردەمی دێریندا کە فەلسەفە هاتە کایەوە، تەنیا بوو. ئەمەش هەموو شتێک دەبەخشێت، بەو مانایەی کە فەیلەسووفەکان بایەخیان بە زۆر بواری مەعریفی دەدا، و لە ڕوانگە و دیدێکی پڕۆفیشناڵانەوە. هیچ ڕووداوێک نییە کە کار لەسەر مێژووی فەلسەفە بکات، بەتایبەتی کاتێک ئێمە دەگەڕێینەوە بە ناو سەدەکاندا، پڕن لە لە ڕاستی و ڕەنگدانەوەی نا فەلسەفی کە لە ڕاستیدا ئاماژەن بۆ بابەتی زانستی و ئەدەبی و هونەری و سیاسەتی کۆمەڵایەتی. بەڵام ئەمە پرسیارێکی دیکەیە، ڕەنگە ئەمڕۆ فەیلەسووف لە چەند بوارێکی دیاریکراوی مەعریفەدا خەریکی بە دواداچوون بێت، با بڵێین فیزیا، یان فیزیکزانێک بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە حەزی لە فەلسەفە بێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە کێشە دیاریکراوەکانی فیزیا بابەتی فەلسەفەن و بە پێچەوانەشەوە. لە سەردەمە دێرینەکاندا ڕێک بەو شێوەیە بوو، بێگومان ئەمەش مانای ئەوە نییە کە فیزیا یاخود بوارێکی دیکەی مەعریفی هیچ فەلسەفەیەکی تیدا نییە. بەڵام فەیلەسووفەکان چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستا، هەمیشە دەبێت بنەما گشتییەکانی هەموو زانستەکان بناسن. لە کۆتاییشدا هزری بابەتی فەلسەفیی تەنها گەردوون و گشتگیرترین یاساکان نییە وەک ئەوەی لای ئەوان هەیە، بەڵکو بە تایبەتیش پەیوەندی نێوان و مرۆڤ و گەردوونە. بۆیە دەکرێ بگوترێت پرسی بنەڕەتی فەلسەفە، پرسی پەیوەندی بیرکردنەوەیە لە بوون. کە بووە بە بەشێک لە “بابەت” لە قۆناغەکانی سەرەتای پێکهێنانی ئەندێشە فەلسەفییەکاندا. جیاواز لە بیرکردنەوەی سەردەمەکان، و سیاسەتی کۆمەڵایەتی و هونەریی، ئەقڵاندنی فەلسەفیی، هۆکارە فەلسەفییەکان لە ڕووی تایبەتمەندییەوە بە دوای بناغەی “سنوور” یان بنەماکانی بوون و هزردا دەگەڕێت، بۆ دۆزینەوەی لۆژیکی گشتیی جووڵەی جیهانیی، بۆ دۆزینەوەی مێژووی کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤ و بنەما ئەقڵانییەکانی نێوان تاک و جیهان، کە تەنیا لە زانینی یاساکانی ژیانی خودی گەردووندا دەدۆزرێنەوە، بۆ لۆژیکی ئەندێشەی مرۆڤ یان کردەی ئەقڵانی دەتوانرێت هەست پێ بکرێت. بە دڵنیاییەوە، بابەتی فەلسەفە هەرگیز جوڵەی نەکردووە. لە ڕووی مێژووییەوە گەشەی کردووە؛ وە لەگەڵ گەشەی کولتوری مرۆڤدا شێوەی خۆی وەرگرتووە، ئەندێشەی کولتوری خۆیشی لەخۆگرتووە، ئێستا قووڵتر و جیهانییترە لەنێو “کوون”ی بووندا. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ماوەی جۆراوجۆردا یان قوتابخانەیەکی فەلسەفیی یان بیرمەندێک مەیلی هەبووە بۆ پرسە ئۆنتۆلۆگییەکان، تیۆریییە مەعریفیەکان یان لۆجیک، یان کێشە ئاکارییەکان و ئەنترۆپۆلۆجی فەلسەفییەکان و هتد.

 ئەگەر ئێمە مێژووی فەلسەفە و ئەوەی ئەم یان ئەو بیرمەند بە بابەتی سەرەکی ڕەنگدانەوەی فەلەسەفیی دادەنێن ڕەچاومان بکردایە، ئەوا وەڵامەکان زۆر و هەمەجۆر دەبوون. بۆ نموونە سۆکرات جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە فەلسەفە واز لە بنەما یەکەمینییەکانی بوون بهێنێت و لەجیاتی ئەوە جەخت لەسەر زانین و کاروباری مرۆڤ، بەتایبەتیش جەخت لەسەر کێشەکانی ئاکار بکاتەوە. لای ئەفلاتوون مەبەست لە فەلسەفە زانینی جەوهەر و هەمیشەیی و بڕاوە بوو. وە لای ئەرستۆ’ش فەلسەفە پێویستە لە هۆکار و بنەمای شتەکان تێ بگات. فرانسیس بەیکۆن فەلسەفەی بە زانستی گەردوون وەسف کرد و، پێی وابوو هەموو زانستەکانی تر وەک لقەکانی درەختێک لەمەوە گەشەیان کردووە. وە بەپێی دیکارت، بەرزترین ئاستی دانایی بە لۆجیک دەتوانرێت بە دەست بهێنرێت، کە هۆکارە بۆ ناسینی هەقیقەتی نەزانراو. لۆک و هیوم ئەرکی فەلسەفەیان لەوەدا دەبینیەوە کە درێژە بە تیۆری مەعریفە و تیۆری ئەخلاق بدەن. وە هێلڤیتیوس پێی وابوو کە پرسیاری سەرەکی؛ بەختەوەری سروشتی مرۆڤە، و لای ڕۆسۆ نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕێگاکانی زاڵ بوون بەسەریدا بوو. هێگل’یش فەلسەفەی بە بەرزتین قۆناغی ئەندێشەی تیۆریی و خود-ناسیی و ئایدیای ڕەها پێناسە کرد، وە فەلسەفەشی بەو سەردەمانە بانگ دەکرد کە لە فیکردا بەرجەستە بووە. پیسارۆڤ باوەڕی وابوو کە ئامانجی فەلسەفە چارەسەرکردنی کێشەی ڕەش و ڕووتە یەک جار و بۆ هەمیشە. بەڵام لای کامۆ بۆ نموونە، وای دانا کە کێشەی بنچینەیی فەلسەفە ئەو پرسیارەیە کە (ئایە ژیان شایەنی ئەوەیە بۆی بژیت یاخود نا؟).

بابەتی فەلسەفە بە تەواوی و بە دەوڵەمەندترین شێوە خۆی لەنێو فەلسەفەی مارکسییدا دەرخست، لە مەتریالیزمی دیالەکتیک، کە تەنها بە کەناڵی سەرەکی گەشەکردنی ئەندێشەی فەلسەفییانەی مرۆڤەوە ناوەستێتەوە، بەڵکو سەرجەم سەنتیتێزە مەزنەکان کۆ دەکاتەوە. مەتریالیزمی دیالەکتیک گەشەی داهێنەرانەی مێژووی ئەندێشەی جیهانییە لەسەر بنەمای کردەی کۆمەڵایەتی، زانست و هونەر و کولتور بە گشتی. بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە جیهانییەکان و یاساکانی جووڵە و گەشەی سروشت و کۆمەڵ، کەتواری رۆحیی، وە شێواز و میتۆدەکانی ناسینی جیهان و مرۆڤ و بوونی لە جیهاندا. ئەم فەلسەفەیە مەبەستی لە پەرەسەندنی سیستەمێکی تەواوکارییە بۆ تێڕوانیننەکانی جیهان و شوێنی مرۆڤ تێیدا، وە پەیوەندی نێوان هۆشیاریی و ماددە، و رۆحیی و مادیی. لە پەیوەندی هزر و بەها و ئاکار و ئیستاتیکا و ئایینەکانی مرۆڤ، هەوروەها لە سیاسەتی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی ڕووداوە سروشتییەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی دەکۆڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا؛ لەسەر بەرزترین بنەماکانی هیومانیزم دامەزراوە.

مەتریالیزمی مێژوویی پێکهاتەیەکی جیانەبووەوەی فەلسەفەی مارکسییە. کە بوارێکە بۆ ناسینەوەی گەشەی ئاکار و ئیستاتیکا و فەلسەفە لە مێژووی گەشەکردنی خۆیدا.

بەم شێوەیە فەلسەفە یەکبوونی دونیابینیی و میتۆدۆلۆگییە. نە زانستێکی دیاریکراو، نە هونەر، نە سیاسەتی کۆمەڵایەتی و نە هیچ تیۆرییەکی دیکەی لەو جۆرە، ناتوانێت بەرزترین ڕۆڵی هەبێت لە دروستکردنی دونیابینیی و میتۆدۆلۆگییدا. ئەمەش ئەركێکی مێژوویی و دیاریکراوی فەلسەفەیە، کە تەواوی ئەو پێش-گریمانانە، کە نەک هەر بە شێوەیکی سادە؛ دونیابینیی و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ گەردوون، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر گشتگیر، سیستەمی تەواوکەری چەمکە جیهانییەکان، واتە بنەما و کاتیگۆرییەکان و یاساکانی دەرخستنی شوێنی مرۆڤ لە جیهاندا و پەیوەندی ئەو بە جیهانەوە خاوەندارییەتی دەکات. دونیابینیی و میتۆدۆلۆگی بەشێک نین لە ئەرکی لە فەلسەفە.


[1] – (درەختی زانین یاخود درەختی فەلسەفە) ئەم دەستەواژەیە دوای  ئەو گوتەیەی دیکارت سەرهەڵدەدات کە لە کتێبی (بنەماکانی فەلسەفە)دا دەیڵێت، کۆی ئەو گوتەیەش بەم شێوازەیە: (فەلسەفە هەمووی وەک درەختێک وایە، کە میتافیزیک ڕەگەکەیەتی، فیزیا قەدەکەیەتی، وە هەموو زانستەکانی دیکە و ئەو لقانەی کە لەم قەدەوە دەر دەکەون کەم دەکرێنەوە بۆ سێ بنەما کە پزیشکی و میکانیک و ئیتیکە، مەبەستم لە مۆراڵ ئەو مۆراڵە بەرز و باڵایەیە کە سوود بە مەعریفەی هەمەکی زانستەکانی دیکە دەگەیەنێت، ئەمەش دەبێتە دوا قۆناغ لە قۆناغەکانی دانایی). {و.ک}

[2] – فەیلەسووف و لیکۆڵەری فیزیا و سروشت، بەناوی کتێبەکەی خۆیەوە ناونراوە فەلسەفەی بۆتانیکا، جۆرێکە لە گژوگیا و ڕووەک.

[3]– دەربارەی وشەی بنەما مشتومڕێکی زۆر هەیە لە مێژوودا کە ئایە تاڵیس وشەی بنەمای بەکارهێناوە یان نا؟ تەنانەت هیگڵ لە وانەکانی مێژووی فەلسەفەدا ڕەخنەی ئەوە لە ئەرستۆ دەگرێت کە گوایە لە سەردەمی تاڵیس وشەی بنەما بەکار نەدەهێنرا؛ بۆچوونەکەی هیگڵ بەم شێوەیەیە (ئەرستۆ بۆ ئەوە چووە کە تاڵیس گوتوویەتی (ئاو ئەو بنەمایەیە کە ھەموو شتەکانی تر لێیەوە سەرچاوەیان گرتووە)
ئەمە لە کاتێکدا وەک مێژوو ئەوە یەکلایی بۆتەوە کە ئەناکسیماندەر یەکەم کەس بووە وشەی (ستۆیخایۆن)ی بە مانای (بنەما) بەکار ھێناوە لەوانەشە ئەم وشەیە لە سەردەمی تاڵیسدا زانراو بووبێت ———— بەڵام بەو شێوەیە نەبووە ، کە مانای ئەوە بگەیەنێت بنچینەی ھەمەکی ھەموو شتێک بێت، چوونکە ئەم کاتیگۆرییە سەر بە پەرەسەندنێکی ئەقڵی درەنگوەخترە.)

ἡ φύσις οὐσία, ἥ ἐστιν οὐ στοιχεῖον αλλ’ ἀϱχή

ئەرستۆ؛ میتافیزیک بەشی زێتا.

ئەرستۆ (ستۆیخایۆن)ی بۆ فراگمێنتەکەی تاڵیس داناوە  لەکاتێکدا لەو سەردەمی تالیسدا وشەی ستۆیخایۆن بەکار نەدەهات. مەبەستەکەش ئەوەیە کە ئەلێکساندەر سپێرکن هەمدیس پێی وایە کە لای تاڵیس وشەی بنەما بەکارهاتووە و تاڵیس ئاوی وەک بنەمای هەموو هەبووەکان داناوە. {و.ک}

[4] – دیمۆکرێتس ئەتۆم بۆ دوو سیفەت دابەش دەکات، ئەویش “بارستایی” و “شێوە”. ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین تیۆری ئەتۆمەکەی دیمۆکرێت دروستە، سروشت بە ڕاستی لە چەندین ئەتۆمی جیاواز پێک هاتووە کە کۆ دەبنەوە و سەر لە نوێ لەیەک جودا دەبنەوە، زانستی ئەمڕۆ سەلماندوویەتی کە ئەتۆمەکان شیاوی دابەشکردنن بۆ گەردیلە سەرەتاییەکان کە پێیان دەگوترێت: پرۆتۆن-نیوترۆن- ئەلیکترۆن. رۆح مادییە لەبەر ئەوەی ئەتۆمی خڕن، ئەتۆمی رۆح بە هەموو شوێنی جەستەدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام رۆح یەکە، مەحاڵە لێکیان جیا بکەینەوە، رۆح و هۆش یەکێکن، لەبەر ئەوەی لە خودی ئەتۆمەکان پێک دێن. دەڵێن دێمۆکرێتس لە پاش گوزەرە مەزنەکەی بە جیهاندا ئەم زانستەی لەسەر دەستی خێڵی مەجووسییەکان (مەگووسییەکان) خوێندووە، (کە نیشتەجێی چیاکانی زاگرۆس’ن و لە ئینجیل و چەندین شوێنی دیکەدا باسکراون) وا باس دەکرێت بنەمای ئەم تیۆرەی لەوانەوە وەرگرتبێت و پەرەی پێ دابێت. {و.ک}

هاوشێوە