رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لیۆ ڤیگۆتسکی

Facebook
Twitter
LinkedIn

پوختە و خوێندنەوەیەک بۆ لێکۆڵینەوەکەی مامۆستا فایەق سەعید دەربارەی تیۆری سۆسیۆکولتووری/ڤیگۆتسکی

نووسین: جیهاد محەمەد

“هەموو کەسێک بۆ پیشەی مامۆستایی نابێت، تەنها ئەو کەسانە نەبێت کە شایستەن. بۆ مامۆستاکان تەنها ئەوە بەس نییە، ئەو شتانە بزانن کە پێیان وایە فێرخوازان بیزانن و شەوان بیر لەو پرسیارانە بکەنەوە، کە سبەینێ ئاراستەی فێرخوازەکانی بکەن. مامۆستاکان پێویستیان بە شتێکی زۆر کەم هەیە بۆ ئەوەی وانە بڵێنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی سەرپەرشتی فێرخوازان بکەن، کە ببێتە خاوەنی مەعریفەی خۆی، پێویستیان بە شتگەلێکی زۆر هەیە”. لێرەدا مەبەستی ڤیگۆتسکی، لە دیداکتیکە، دیداکتێک واتا ئەو کۆمەڵە ڕێگە زانستییەی کە پەیوەندی مامۆستاو بابەتەکان دیاریدەکات، ئەو کۆمەڵە ڕێگەیەش، ڕێگەگەلێکی زانستیی و هونەرییە، کە پیی دەوترێت زانست و هونەری دیداکتیک.

ڤیگۆتسیکی: پێیوابوو هۆشمەندی مرۆڤ و خودی مرۆڤ خۆشی، لە ڕێگەی ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتیەوە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام ئایدۆلۆژیەت پێیوایە لە ڕێگەی سەپاندنی بیروڕا دۆگماییەکانەوە لەسەروە بۆ خوارەوە گۆڕانکاری لە هۆشمەندی مرۆڤدا دروست دەبێت. کەواتە وەک بلیخانۆف دەڵێت:”هۆشیاری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دروست ناکەن، بەڵکوو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان هۆشیاری مرۆڤ دروست دەکەن”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیویستە ئەوە بزانین، کە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و هۆشیاری پێکەوە کارلێک لەسەر مرۆڤ دروست دەکەن، واتا هیچیان بە بێ ئەوی دیکە نابێت، یان کەماسییان دەبێت.   

مارکس: لە کاڵا و زێدەباییەوە دەستی پێ کرد بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرمایەداری لە نێوان کار و کاڵادا بدۆزێتەوە، هەرەوەها بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان کار و کاڵا یەکلایی بکاتەوە، تا شیکاری بۆ گەشە سەندنی مەعریفەی مرۆڤ بکات. مارکس گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە گەشەسەندنی مەعریفەی مرۆڤ، درێژەپێدراوی مێژوویکی دووروودرێژە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، کولتوورەکان کارلێکیان لەگەڵ یەکتریدا هەبووە.

ڤیگۆتسکی: لە پەیوەندی نێوان وشەکان و چەمکەکانەوە دەستی پێ کرد، گەیشت بەو ئەنجامەی کە هۆشمەندی کلیلێکە بۆ دۆزینەوەی زمانی ناوکی و بیرکردنەوە.

“کەواتە ڤیگۆتسکی و مارکس، خاوەن و دامەزرێنەری ئەو تیۆرییە واقیعیەن، کە لایانوایە، بیرکردنەوە و هۆشمەندی و کلوتوور و مەعریفەی مرۆڤ، لە ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی و مەتریالیزمی مێژووییەوە درست بووە و دەبێت. هێگڵیش، لە فەلسەفەکەیدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تەنانەت خودی مرۆڤیش لە ناو کۆمەڵەوە دروست دەبێت، واتا لە ئینتراکسیۆنە کۆمەڵایەتیەکانەوە دروست دەبێت.

وا پێدەچێت قسەکانی ڤیگۆتسکی کاریگەری لەسەر خودی مارکسیش هەبووبێت.  بۆیە جێرمۆ برۆنەر دەربارەی ڤیگۆتسکی وتوویەتی:”ئەگەر وردبینەوە لە پێگەی دەروونناسی ڤیگۆتسکی، بۆمان دەردەکەوێت، کە پێگەی ئەو لە پێگەی فێرگەی وەزیفەگەرایی جۆن دێوی و ولیم جەیمس و مەتریالیزمی مێژوویی کلاسیکی مارکسیش بەرزترە”.

ڤیگۆتسکی خاوەن و دامەزرێنەری تیۆری “سۆسیۆکولتووریە”: ئەم تیۆریە پێداگریی دەکات لەسەر ئەوەی کە گەشەسەندی بیرکردنەوە و مەعریفە لە کۆلێکتیڤیی منداڵەوە، یان لە ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتیەوە دروست دەبێت، نەک لە تاک و تاکگەراییەوە. سۆسیۆکولتووری، لە بواری دەروونناسیدا، گۆشەنیگایەکی “کۆمەڵایەتی و مێژوویی” بۆ پڕۆسەی پەروەردە و فێربوون هەیە. سۆسیۆکولتووری، بریتیە لە “سۆسیۆ مێژوویی” و کولتووری مێژوویی”. تاک بە تەنها هیچی پێ ناکرێت، بەڵکوو تاکەکان پێکەوە، ژیانی پێکەوەیی تاکەکان کارلێکێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ یەکتری دەکەن- واتا ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی-، بەمەش گەشەی بیرکردنەوە و گەشەی مەعریفە دروست دەبێت.

ڤیگۆتسکی، بۆ دامەزراندنی ئەم تیۆریە، سوودی لە هیگڵ و دۆرکهایم و مارکس بینیوە:

هێگڵ وتوویەتی: مرۆڤ، ئەو کاتە دەبێتە مرۆڤ کە لەگەڵ ئەوانی تردا لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتییدان.    

دۆرکهایم: بیرکردنەوە و جیهانبینیەکانی مرۆڤ، بنەمایەکی کۆمەڵایەتیان هەیە. ئەم قسەیە بەو واتایە دێت، کە هیچ بیرکردنەوەیەک لە خۆڕا دروست نابێت، بەڵکو سەرچاوەی بیرکردنەوەکان بنەماکۆمەڵایەتیەکانن، ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتیە.

مارکس: مەتریالیزمی دایلەکتیکی دامەزراند، کە بنەمای هەموو گەشەی بیرکردنەوە و مەعریفەی دەگەرانەوە بۆ ئینتراکسیۆنە کۆمەڵایەتییەکان.

پێناسەی مرۆڤ لای ڤیگۆتسکی: بنەما بنچینەییەکانی بیرکردنەوە و تیۆریەکانی ڤیگۆتسکی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە “مرۆڤ بوونەوەرێکی بیۆلۆژیی، کولتووریی و مێژووییە”. کێشەکە لەوێوە دەست پێ دەکات، کە کام لەم گۆشەنیگاییانە ڕۆڵی سەرەکی لە پڕۆسەی پەروەردە و فێربووندا دەبینێت؟ جیاکردنەوەی هەریەکێ لەم سێ لایەنەی مرۆڤ(بایۆلۆژیی مرۆڤ، کولتووریی مرۆڤ، مێژوویی مرۆڤ)، کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو لەبەرچاوگرتنی هەر سێ لایەنە ستراکتورەکەی مرۆڤ-بایۆلۆژیی مرۆڤ، کولتوورە کۆمەڵایەتیەکەی و مێژووییەکەی- چارەسەری کێشەکەمان بۆ دەکات. کەواتە پڕۆسەی پەروەردە بە گرینگییدان بەو سێ لایەنە دەبێت بە پڕۆسەیەکی شیکاریی بۆ گەشەسەندنی ژیانی تاک و کۆمەڵ.  

تێبینیەکی گرینگ: وادیارە لەسەر بنەمای کارلێکی ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی و سۆسیۆکولتووری، فرێری دەڵێت: پەروەردە کۆمەڵ ناگۆڕێت، بەڵکو ئەوە ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتیە پەروەردە دەگۆڕێت. بە واتایەکی تر، دەبێت ژینگەی تاک و کۆمەڵ بگۆڕرێت بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی نوێ بەرپا بکرێت. پەروەردە ژیانە، ژاینیش پەروەردەیە، بەو واتایەی، کە پەروەردە خودی کۆمەڵ و کۆمەلایەتییە. بۆ بونیادنانی کۆمەڵێکی پێشکەوتوو، ئەبێت لە پڕۆسەی پەروەردەوە دەست پێ بکرێت، گۆڕانکاری لە پڕۆسەی پەروەردەدا بۆ پڕۆسەیەکی سەردەمیانە، واتا بونیادنانی کۆمەڵێکی سەردەمیانە. پێشکەوتنی پڕۆسەی پەروەردە بەهیچ جۆرێک جیاناکرێتەوە لە پێشکەوتنی پڕۆسەی کۆمەڵ و کۆمەڵناسیی. بەداخەوە تا ئێستاش پڕۆسەی پەروەردە بە ئامۆژگاری و ڕێنمایی دەبینرێت، بە تایبەتی لە خێزانەکاندا.

ئامرازەکانی کولتوور: دەروونیی و ماددیین.

ئامرازە دەروونیەکان، وەک: زمان، نووسین، خوێندنەوە، سیستمی ئەریتایتیک(کۆکردنەوە، لێدەرکردن، لێکدان و دابەشکردن)، هەروەها میتۆدەکانی نیمۆنیک(کارکردن بۆ بیرکردنەوە و یادەوەریەکان) کۆی سیمبولەکانی ماتماتیک و سیمبولەکانی موزیک، هونەر، نەخشەکان و هێماکانی هاتوچۆ. … هەموو ئەمانە بۆ گەشەی بیرکردنەوە و فێربوون و گەشەی مەعریفە بەکاردەهێنرێن.

ئامرازە ماددیەکان، هەموو ئەو ئامرازانەی بەرجەستەنە و بەکاردەهێنرن، وەک: قەڵەم و کتێب و ڕاستە و کۆمەڵیک کەرەستەی تری بەرجەستە.

پێش ڤیگۆتسکی، دەرووناسە پەروەردەییە ڕۆژاواییەکان کاریان لەسەر سێ تەوەری بنچینەیی دەکرد، کە ڤیگۆتسکی توانی بیانگۆڕێت. ناودارترینی دەروونناسە ڕۆژاواییەکان “ژان پیاژێ” بوو.

پیاژێ: پیاژێ پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکرد، کە پێویستە واز لە منداڵەکان بهێنین، با خۆیان کار بکەن(دەروونناسی تاک)، منداڵەکان خۆیان دەتوانن گەشە بە مەعریفە و بیرکردنەوەی خۆیان بدەن. مامۆستا و دیداکتیک گەشەی بیرکردنەوە و مەعریفەی منداڵەکان خێراتر ناکات. زمانیش ناتوانێت بیرکردنەوە دروست بکات.

ڤیگۆتسکی: بە پێچەوانەی پیاژێ، جەختی لەسەر “دەروونناسی کۆمەڵ” دەکردەوە نەک تاک. جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە مامۆستا و دیداکتیک دەتوانێت لە ڕێگەی ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی نێوان فێرخوازان خۆیانەوە و هەروەها لە نێوان فێرخوازن و مامۆستاوە گەشەی مەعریفەی منداڵ خێراتر بکات. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە زمان دەتوانێت گەشە بە بیرکردنەوە بدات. 

هەندێک توێژەر پێیانوایە، کە ڤیگۆتسکی بوونیادگەرا نییە، بەڵام زۆرێکی ترد دوای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی تیۆریەکانی ڤیگۆتسکی پێیانوایە کە بوونیادگەرایە.

ڤیگۆتسکی هاوڕا بوو لەگەڵ ئیڤان بافلۆڤ و دەروونشیکاریەکان، کە مرۆڤ کۆمەڵێک پێداویستی دەروونی و پڕۆسەی گەشەکردنی لەسەرەتاوە هەیە – ئەمەش پێی دەوترێت دەروونیە سەرەتاییەکان-: پرۆسە دەروونیە سەرەتاییەکان پەیوەندیان بە هەستەکانەوە هەیە، ئەمە لە مرۆڤ و ئاژەڵیشدا هەیە، وەک خواردن و خواردنەوە، لێدانی دڵ و هەناسەدان. بەڵام لەوەدا جیاوازبوو کە مرۆڤ لە ڕێگەی کارکردن لە ناو سروشتدا، هەندێک پڕۆسەی دەروونیی و پەروەردەیی گەشە پێ دەدات، بۆیە بەم هۆیەوە زمان و کۆی پڕۆسە مەعریفیەکانەوە گەشە دەکەن.

پیاژێ و ڤیگۆتسکی لە پرسێکی تردا هاوڕا نەبوون:

پیاژێ پێیوابوو کە گەشەکردن لە پێش وانگوتنەوەوەیە، واتا تا منداڵ نەگاتە ئاستێک و تەمەنێک وانەگوتنەوە هیچی پێنابەخشێت.

ڤیگۆتسکی، بە پێچەوانەوە زۆر جەختی لەسەر وانەگوتنەوە دەکرد، کە مامۆستای باش دەتوانێت لە ڕێگەی وانەگوتنەوەوە گەشە بە زانینی مندڵ بدات.

تیۆری سۆسیۆکولتووری: پێمان دەڵێت، منداڵ بەرهەمی هێزی ئاسمانی نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتیەیە، کە تیایدا دەژی. منداڵ خودی ئەو کولتوورەیە، کە کارلێک لەگەڵ گەورەکاندا دەکات. ڤیگۆتسکی پێداگیری لەسەر دوو خاڵ دەکات:

یەکەم، پەیوەندی نێوان منداڵ/مرۆڤ و کولتوور، پەیوەندیەکی دیالەکتیکیە.

دووەم، منداڵ/مرۆڤ، کارەکتەرێکی ئەکتیڤی کۆمەڵایەتیە و بەشی خۆی لە ژینگەی دەوروبەر وەردەگرێت و مۆرکی خۆیشی لەسەر ئەو ژینگەیە دادنێت.

کولتووریش، بۆ خۆی کولتوورێکی مێژووییە، ئەم کولتوورە مێژووییە ڕۆڵێکی گەورە لە پڕۆسەی فێربوونی منداڵا دەگێڕێت. پاڵنەری سەرەکی “پەروەردە” و “فێربوون”ی منداڵ ئەو کولتوور و ئینتراکسیۆنە کۆمەڵایەتیەیە کە هەموو تەمەنی خۆی تیاییدا بەسەردەبات. کەواتە “سۆسیۆکلوتوور” ڕەهەندێکی مێژوویی و ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیی هەیە. ڕەهەندە کۆمەڵایەتیەکە چەند کاریگەری لەسەر پڕۆسەی “پەروردە و فێربوون” هەیە، ڕەهەندە مێژووەکەش بە هەمان شێوە. بۆ نموونە: منداڵێکی ڕۆژاوایی لە تەمەنی یەکساڵیەوە بەوە ڕاهاتووە، کە چیرۆکی بۆ بخوێنرێتەوە، بەڵام منداڵی وڵاتە دواکەوتووەکان، بەوە ڕاهاتووە کە چیرۆکی بۆ باس بکرێت.

ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی: بەشێکی تیۆرییەکەی ڤیگۆتسکی، ئینتراکسێۆنی کۆمەڵایەتیە، واتا ئەو پەیوەندی و کارلێکانەی منداڵ لەگەڵ گەورەکاندا دەیکات. لە فێرگەشدا مامۆستا دەبێت ئەم ئینتراکسیۆنە کۆمەڵایەتیە پشتگوێ نەخات، بۆیە پێویستە بەردەوام پەیوەندی و دیالۆگ لەگەڵ فێرخوازاندا بکات. یەکێک لەزاناکان لەسەر ئەم بابەتە نموونە دەهێنێتەوە: منداڵێکی شەش ساڵان یاریەکەی لێ ون دەبێت، پەنا دەباتە لای باوکی یان دایکی بۆ دۆزینەوەی یاریەکەی، کە دەبێت بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن: بزانە لە ژوورەکەی خۆتا نییە؟، نا، لەوێ نەبوو. ئەی چوویتە ژوورەکەی ئێمە، بازنە لەوێ نییە؟ نا، لەوێش نەبوو. چوویتە ژووری برا بچوکەکەت، بازنە لەوێ نییە؟ بەم شێوەیە بە دیالۆگ نەک بە وەڵامێکی حازر بەدەست، مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەدا دەکرێت. ئەمە ڕەچاوکردنی ئینتراکسوێنی کۆمەڵایەتیە، کە مامۆستا نابێت یەکسەر زانیاری بدات بە فێرخوازەکان، بەڵکو فێری بە دواداچوونیان بکات بۆ دەستکەوتنی زانیاری. بەم ئینتراکسیۆنە کۆمەڵایەتیە فێرخواز بیرکردنەوەی بۆ دروست دەبێت.

منداڵی ساوا: ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی کاریگەری لەسەر منداڵی ساواش هەیە، دواندنی دایباب لەگەڵ منداڵدا، ئەوە گفتوگۆ و فێربوونە، ئەم فێربوونە کاریگەری لەسەر مێشکی منداڵ دروست دەکەن.

“ئامرازە کولتووریەکان” و ئامرازە دەروونیەکان و “ئامرازە مێنتاڵەکان” یەک شتن.

مرۆڤ بە هۆی ئامرازە کولتووریەکانەوە گەشە دەکات. ئامرازە کولتووریەکان دوو بەشن: ئامرازە دەروونیەکان و ئامارازە مێنتاڵەکان.

ئامرازە دەروونیەکانیش دوو بەشن: ئامرازە دەروونییە(مێنتاڵ) سەرەتاییەکان و ئامرازە دەروونیە باڵاکان(مێنتال): ١/ ئامارزە سەرەتاییەکان وەک هەستەکان و خواردن و خواردنەوە و لێدانی دڵ و هەناسەدان، لە مرۆڤ و ئاژەڵیشدا ئەم ئامرازانە بە شێوەیەکی سروشتی هەیە.

٢/ ئامرازە دەروونیە باڵاکان، وەک: زمان و سیمبوڵ و هێماکان. ئامرازە دەروونیە باڵاکانیش دەبن بە دوو بەشەوە: ئامرازە دەروونیە نامادییەکان(زمان و سیموڵ و هێماکان) و (قەڵەم و کتێب و ڕاستە و ئەو کەرەستانەی بەکاردهێنرێن).

ئامرازە دەروونیە باڵاکان(مێنتاڵ): تایبەتن بە کاری مێشکی مرۆڤ، کە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا و لە ئاستێکی هۆشمەندیدان، وەک: پۆلێنکردن، ئۆرگانیزەکردن، گشتاندن، بەراوردکردن و بیرکردنەوەی ئەبستراکت و لۆژیکیی، هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، بیرکردنەوە لە بیرکردنەوەکان(مێتاکۆنێگشن، واتە بەرزەمەعریفە).

ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی: مرۆڤ بە درێژایی ژیانی بەهۆی ئامرازە کولتووریەکانەوە گەشە بە هۆشمەندی و زانین و بیرکردنەوەی خۆی دەدات. ئەم گەشەسەندنەش لە ڕێگەی ئینتراکسوێنە کۆمەڵایەتیەکانەوە دروست دەبێت. هەر لە ڕێگەی ئینتراکسوێنە کۆمەڵایەتیەکانیشەوە مرۆڤ و مرۆڤایەتی توانیویانە و دەتوانن ئامرازە کولتووریەکان دروست بکەن.

“کەواتە ئینتراکسیۆنە کۆمەڵایەتیەکان”، دوو ئەرک دەبینن، یەکەم/ دروستکردنی ئامرازە کولتووریەکانە. دووەم: دەبن بە پردی نیوان گەشەیی زانین و بیرکردنەوەی مرۆڤ. واتە دەبن بە ڕێگەی کاریگەری ئامرازە کولتووریەکان، بۆ گەشەی زانین و بیرکردنەوەی مرۆڤ پەرەپێدانیان.

تێبینیەکی گرینگ: زانینی مرۆڤ، خۆڕۆشبیرکردنی، هەوڵدان بۆ وەرگرتنی زانیاری زۆر، ئەمانە هەموویان کاری باشن لەسەر ئاستی تاک، بەڵام ئەگەر ئەم زانین و خۆڕۆشنبیرکردن و زانیاریانە، لە ڕێگەی ئینتراکسوێنی کۆمەڵایەتیەوە نەبێت، تەنها لە ڕێگەی خوێندنەوەی “کتێبەوە” بێت، ئەم تاکگەراییە، هیچ سوودێکی نییە و ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک دروست بکات لە کۆمەڵدا. ئەوەی کە دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات، بەکارهێننای ئامرازە کولتووریەکانە، هەروەها گۆڕینی ئامرازە کولتووریەکانە، بۆ ئامارزاگەلێکی پێشکەوتووتر و کاریگەرتر. ئەمەش بە گۆڕینی سیستمی پەروەردە کۆنەباوەکە(کلاسیک) دەکرێت بۆ سیستمێکی نوێی دیموکرات و پێشکەوتوو. هەر لێرەدایە کە فرێری دەڵێت، پەروەردە کۆمەڵ ناگۆڕێت، بەڵکو کۆمەڵ پەروەردە دەگۆرێت، هەڵبەت وەک ئامەژەشم پێدا گۆڕینی کۆمەڵ لە ڕێگەی ئامرازە کولتووریەکانەوە دەکرێت، ئەو ئامرازە کولتووریانەش بەشێکی گرینگی پەروەردەن. هەتا ئامرازە کولتووریەکان گەشەی زیاتر بکەن، مرۆڤ لە بەکارهێنانیاندا دەتوانێت زیاتر گەشەی مەعریفیی و بیرکردنەوەی بەو ئامرازانە زیاتر بکات. مرۆڤ لە ئامرازە ناسروشتییەکانەوە، کە دەستکرد نین، دەتوانێت بگوێزێتەوە بۆ ئامرازە کولتووریە دەروونیە باڵاکان، بە بەکارهێنانی ئامرازە کولتووریە باڵاکان مرۆڤ گەشەی زیاتر بە بیرکردنە و مەعریفەی خۆی دەدات، بەمەش دەڵێن “پاش مەعریفە” (مێتا کۆگنیشن).

زمانی ناوکیی:  منداڵ یەکەمجار فێری زمانی ناوکیی دەبێت(زمانی دایک)، واتا فێری زمانی ئاخاوتن و دەربڕین دەبێت.

دوو تێبینی لەسەر زمانی ناوکیی: یەکەم/ مەبەست لە زمانی دایک، زمانی دایکی منداڵ نییە، بەڵکو مەبەست لێی زمانی ناوکییە. ئەگەر دایکەکە کوردیش بێت، بەڵام لە وڵاتێکی ئەورووپادا ئەو منداڵەی بووبێت، منداڵەکە زمانی ناوکیی زمانی کوردی نییە، بەڵکو زمانی ئەو وڵاتەیە کە تیایدا لە دیاک بووە، چونکە کولتووری ئەو وڵاتە کاریگەری لەسەری هەیە. دووەم/ زمانی منداڵی شارنشینی زۆر فراوانترە لە زمانی منداڵی لادێیینشین، ئەویش بە هۆکاری بەرکەوتنە زۆرەکانی منداڵی شارنشین و کەمبەرکەوتنی منداڵی لادێیینشین.

زمان و بیرکردنەوە دوو ڕەگەی جێنەتیکی جیاوازیان هەیە، هاوتەریب ناب، هەندێک جار یەکتری دەبڕن و هەندێک جار لە یەکتری دووردەکەونەوە.

زمان لای پیاژێ بیرکردنەوە دروست ناکات، بەڵام لای ڤیگۆتسکی زمان بیرکردنەوە دروست دەکات.

زمان زەرورەتە، زەرورەتی زمانە لەم خاڵانەدا دەردەکەون:

١/ زمان ئامرازی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە.

٢. زمان ئامارزێکی گرینگە بۆ گەشەسەندنی بیرکردنەوە

٣. زمان بیرکردنەوەکان دەکات بە هۆشمەندی

٤. زمان ئامرازێکە بۆ نەخشەدانان و بیرکردنەوەی زیاتر

٥. خۆشی و ناخۆشیەکان بە هۆی زمانەوە دەردەبڕرێن

٦. زمان ئامارزێکی گرینگی گفتوگۆی  نێوان مامۆستا و فێرخوازەکانە.

٧. هەر بە هۆی زمانەوە گەشەی بەردەوام بە زانیاریەکان دەدرێت، تا دەگات بە پاش مەعریفە

منداڵ زمانی خودبینی هەیە، واتە تەنها لەگەڵ خۆیدا زیاتر دەدوێت و بیردەکاتەوە. لە دواجاردا زمان دەبێت بە زمانی کۆمەڵیەتی و لەگەڵ ئەوانی تردا گفتوگۆ دەکات. زمانی ناوکی لە نێوان زمانی خودبینیی و زمانی کۆمەڵایەتییدایە، واتە زامنی مێنتاڵە.

فیگۆتسکی سێ قۆناگی زمان لە لای منداڵ بەم شێوەیە دیاری دەکات:

١/قۆناغی سنکریتیک، واتا قۆناغی بیرکردنەوەی سینکریتیک، قۆناغی تێکەڵاو، ئەم قۆناغە بەر لە خوێندنە.

٢. قۆناغی دەست پێکردنی خوێندن،

٣. قۆناغی چەمکسازیی. لە مێردمنداڵیەوە دەست پێ دەکات.

نزیکترین زۆنی گەشەکردن: پیاژێ وتی، هەندێک منداڵ چەند لەگەڵیادا هەوڵبدەیت، فێرنابێت و فێربوونی دواکەوتووە و ناتوانێت لە تەمەنی خۆی تێپەڕێنێت بۆ فیربوون، نەیتوانی چارەسەری ئەم گرفتە بکات. بەڵام ڤیگۆتسکی چارەسەری ئەم کێشەیەیی کرد و ئەم کۆنسێپتەی داهێنا”نزیکترین زۆنی گەشەکردن”. مەبەست لە نزیکترین زۆنی گەشەکردن ئەوەیە، کە مامۆستایەک، یان کەسێکی بە توانا، کە هاوکاری منداڵێک دەکات بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە تەمەنی خۆی، واتا بە دیداکتیکی زیاتر، منداڵەکە ڕزگاری دەبێت و، دەگات بە ئاستێک لە تەمەنی خۆی زیاتر، ئەمە پێی دەوترێت نزیکترین زۆنی گەشەکردن. بە کورتی و پوختی، منداڵێکی ٨هەشت ساڵان بە هاوکاری زیاتری مامۆستاکەی دەتوانێت بگات بە ئاستی منداڵێکی ١٠ساڵان.

ڕێسا فیزیکەکان و ڕێسا مۆراڵیەکان: منداڵ ناتوانێت ئەم دوو ڕێسایە جیابکاتەوە. بۆ نموونە: ئەو ڕێسایەی کە ناتوانرێت دەنکە شقارتەیەک دووجار دابگیرسێنێت، لەگەڵ ئەو ڕێسایەی کە منداڵ قەدەغە دەکات لە داگیرسانی دەنگە شقارتەیەک، منداڵ بەم دوو ڕێسایە سەری لێ دەشێوێت.

هەردوو چەمکی زانستی و چەمکی هەڕەمەکی_ چەمکی زانستی، چەمکی ڕاستەقینە، چەمکی ئەکادیمیی، هەموویان یەک مانا دەگەیەنن_ هەرچەندە لە هەناوی ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتیەوە سەرهەڵدەدان، بەڵام جیاوازن لە یەکتری، چەمکی هەڕەمەکی، لە دەروونە سەرەتاییەکانەوە سەرهەڵدەدەن، واتا لە هەستەوە. چەمکی زانستیی لە دەروونە باڵاکانی وەک بیرکردنەوەوە سەرهەڵدەدان.

چەمکە زانستیەکان پەیوەستی پەروەردە و فێربوون و خوێندن، وەک: هەڵاوسان، گەشەکردن، پلەی گەرما، خێرایی، دووری و بارستایی و. … هتد.  

مامۆستا میقداد، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و مامۆستا لە یەکێک لە فێرگەکانی وڵاتی نەرویج، دەڵێت: ئەوەم بۆ دەرکەوتووە، کە منداڵ لە یەکەم ساڵی خوێندنیدا، هێشتا دایک و باوکی بۆ جیاناکرێتەوە لە مامۆستا، وا دەزانێت مامۆستاش هەر دایکێتی یان باوکێتی. چونکە هێشتا بیرکردنەوەکانی سەرەتایی و هەڕەمەکیین.

فیگۆتسکی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی منداڵ بە لەبەرکردن فێری چەمکە زانستیەکان نابێت.

پیاژێ: پیاژێ پێیوابوو ئەبێت منداڵ قۆناغی گەشەکردنی خۆی تێپەڕێنێت بۆ هەر جۆرە پەروەردە و فێربوونێک. بەڵام ڤیگۆتسکی ئەم تێزەی هەڵوەشاندەوە و، سەلماندی کە منداڵ بە دیداکتێک و مامۆستای لێهاتوو دەتوانێت پێش تێپەڕاندنی قۆناغی گەشەکردنی بایۆلۆژیی، منداڵ پەروەردە و فێربوون و زانین زیاتر وەردەگرێت. ئەم تێزەی ڤیگۆتسکی لە ڕۆژاوادا زۆر پڕۆسەی پەروەردە و فێربوونی پێشخست.

پیاژێ: پێیوابوو، کە گەشەسەندنی بایۆلۆژیی منداڵ پێش گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی منداڵە. بەڵام ڤیگۆتسکی بە پێچەوانەوە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی خستبووە پێش گەشەسەندنی بایۆلۆژی منداڵ. واتا منداڵ لە هەناوی ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتیەوە گەشە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی کە کاریگەری ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتی و کاریگەری گەشەی بایۆلۆژیی منداڵ لە هێڵێكدا یەک دەگرن، ئەو هێڵەشی ناونا “سۆسیۆکولتووری”.

تێبینی: بە بڕوای من، ئەم تێزەی ڤیگۆتسکی جەختکردنەوەیە لەسەرئەوەی کە پەروەردە کۆمەڵ ناگۆڕێت بەڵکو کۆمەڵ پەروەردە دەگۆڕێت. ئەرکی پرۆسەی پەروەردە، گۆڕین و گەشەسەندنی ئامرازە دەروونیە باڵاکانە، وەک زمان و بیرکردنەوە و هێما و سیمبوڵەکان-مێنتاڵ-، بەمەش هۆشمەندی لای منداڵ دروست دەبێت، لە ڕێگەی ئەم هۆشمەندیەشەوە، منداڵ/مرۆڤ دەتوانن کاریگەری زۆر گەورە لەسەر کۆمەڵ دابنێنن. پەیوەندی کۆمەڵ و تاکەکان پەیوەندیەکی دایلێکتیکیە، هەردوولایان کاریگەریان لەسەر یەکتری هەیە. ئەرکی پڕۆسەی پەروەردە، گۆڕینی هۆشیاری منداڵە لە ڕێگەی ئینتراکسیۆنی کۆمەڵایەتیەوە.  

ڤیگۆتسکی دەڵێت: زمان و بیرکردنەوە پەیوەندیەکی زۆیان پێکەوە هەیە. وێرچ وەک زانایەکی دروونناس دەڵێت، ئەگەر بمانەوێت لە گەشەکردنی مرۆڤێک تێبگەین، پێویستە لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو مرۆڤە تێبگەین، ئەوەش لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵیدا بیرکردنەوەکانیمان بۆ دەردەکەوێت. وەک دەڵێن: قسە بکە با بتناسم.

پیاژێ، کە زمانی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات، زمانی خودبین ون دەبێت. ڤێگۆ زمانی خودبین ون نابێت، بەڵکو دەچێتە خانەی بیرکردنەوەوە و ئەبستراکتەوە و لەوێ ڕۆڵی خۆی دەبینێت، بۆیە زمانی خودبین لەلای گەورەکانیش هەیە و دەبێت بە خەیاڵکردنەوە.

یاریکردن: لەلای ڤیگۆتسکی، یاریکردن چێژ و خۆشیەکی زۆر دەدات بە منداڵ. لە کاتی یاریکردندا منداڵ دەکەوێتە حاڵەتی ئەبستراکتەوە، ئۆبێکتەکان(کەرستەکان)ی یاریکردنی بیردەچێتەوە، چونکە زاڵە بەسەر ئۆبێکتەکاندا. لەم حاڵەتەدا ژینگە واقیعیەکە زاڵ نییە بەسەر منداڵدا، بە پێچەوانەوە منداڵ زاڵە بەسەر ژینگە واقیعێکەدا. بۆیە ئەگەر ئۆبێکتەکانیش نەبن منداڵ دەتوانێ بیانباتە ناو مێشکی خۆیەوە و زاڵ بێت بەسەریاندا. منداڵ دەتوانێت لە خەیاڵی خۆیدا ئۆبێکتەکان دروستبکات و زاڵ بێت بەسەریاندا و بکەوێتە حاڵەتی فەنتازیاوە. یارکردن و واقیع دوو دۆخی جیاوازیان هەیە، لە یاریکردندا واقیع نابمێنێت و فەنتازیا دروست دەبێت.

یاریکردن پەیوەندی بە پاشمەعریفەوە هەیە”مێتاکۆگنیشن”-واتا هوشیاری بەرانبەر بە بیروبۆچونەکانی خۆی-، منداڵ بە یاریکردن دەبێت بە خاوەنی کۆمەڵێک تواناکاری، کە پەیوەندیان بە پاشمەعریفەوە هەیە، چونکە منداڵ بیر بیرکردنەوەکانی خۆی دەکاتەوە.

تێبینی: بە بڕوای من گەورەکانیش لە کاتی سێکسکردندا، دەکەونە خەیاڵ و فەنتازیەوە، دەکەونە حاڵەتێکی ئەبستراکتەوە، کە هەر خۆیان دەبینن و دەتوێنەوە لەو پڕۆسەیەدا. ئەوانەی بەو زاوایانەی کە ناتوانن بۆ یەکەمجار سێکس لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا بکەن، کە پێی دەڵێن( زاوا بەستراوە)، ئەو کەسانە(زاوایانە) نەیاتوانیوە بەسەر وقیعدا زاڵبن و بکەونە حاڵەتی فەنتازیا و خەیاڵیکی قوڵ و ئەبستراکتەوە، رەنگە ئەو کەسانە بەر زەبری دەروونی کەوتبن لە منداڵیدا.

هاوشێوە