رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

بەرهەمهێنانی کاڵا و نامۆبوونی کرێکار

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هێربێرت مارکۆزە

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

لە کۆمەڵگەی کاپیتاڵیستیدا، کار بەتەنیا هەر کاڵا (ئەو کاڵایانەی لە بازاڕی ئازاددا دەفرۆشرێن)  بەرهەم ناهێنێت، بەڵکوو ‘خودی خۆی و کرێکار وەک کاڵا’ بەرهەمدەهێنێتەوە.تا [کرێکار] کاڵای زیاتر دروست بکات، لە خودی ئەو کاڵایانە[ـی بەرهەمی دەهێنێت] هەرزانتر دەبێت. کرێکار نەک بەتەنیا بەرهەمی کاری خۆی لەدەست دەدات و ئۆبێکتی نامۆ بۆ خەڵکی نامۆ دروست دەکات؛ ئەو تەنیا لەڕووی ‘ڕوحی و جەستەییەوە فشاری لەسەر نییە بە دۆخی مەکینە [و تەکنۆلۆژیا]’ بەهۆی زیادبوونی دابەشبوون و بە ئامێربوونی کار، کرێکار ‘لە مرۆڤبوونییەوە دەبێت بە چالاکییەکی ئەبستراکت و [بوونێک کە تەنیا پێویستی بەوەیە گەدەی پڕ بکرێتەوە]’، بەڵکوو تەنانەت دەبێت ئەو ‘خۆی و ناسنامەی مرۆڤبوونی خۆی بفرۆشێت’.  دەبێت خۆی ببێت بە کاڵایەک بۆئەوەی بتوانێت وەکو سوبێکتێکی فیزیکیی بوونی هەبێت. کەواتە لەبری ئەوەی کار گوزارشت لە تەواوی مرۆڤ بکات، کار دەبێتە هۆی نامۆبوونی؛ لەبری ئەوەی کار ببێت بەواقیعبوونی تەواو و ئازادیی مرۆڤ، کار دەبێت بە ‘لەدەستدانی واقیع’. ‘واقیعبوونی کار وەک لەدەستدانی واقیعبوون دەردەکەوێت کە کرێکار واقیعبوونی خۆی لەدەستدا تا دەگات بە ئاستی مردن لە برسێتیدا.

پێویستە تێبینیی ئەوە بکرێت کە تەنانەت لەم ڕوونکردنەوەیەی ‘ڕاستیی ئابووری’ـی کاری نامۆکراو alienated labour وێنا سادەکەی ئابووری بەردەوام تێکدەشکێت لەڕێگەی؛ ‘بارودۆخی’ ئابووریی کار دواخراوە بۆ سەر ‘بوون’ـی کرێکار؛ لەودیو پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە نامۆبوون و بێگانەبوونی کار پەیوەستن بە جەوهەر و واقیعی مرۆڤ وەک ‘مرۆڤ’ و تەنیا بەم هۆکارە لەدەستدانی ئۆبێکتی کار گرنگییەکی سەنتەری پەیدادەکات. مارکس ئەمە بەڕوونی باس دەکات کاتێک دەڵێت ئەو ‘فاکت’ـەی ئەو باسی کردووە بریتییە لە گوزارشتی بارودۆخی گشتیتری کاروبارەکان؛ ‘ئەم فاکتە گوزارشتە لەو ئۆبێکتە ڕووتانەی کە کار بەرهەمی دەهێنێت  – بەرهەمی کار – وەک شتێکی نامۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، وەک هێزێک کە سەربەخۆ بێت لە بەرهەمهێنەرەکەی. بەرهەمی کار کارە کە لە ئۆبێکتێکدا بەرجستەبووە و بووە بە ماتڕیاڵ: ئەمە بریتییە لە بەئۆبێکتکردنی کار. و کاتێک مارکس دەڵێت: ‘هەموو ئەم دەرئەنجامانە(ـی سیستەمی ئابووریی کاپیتاڵیزم) دەرئەنجامی ئەو فاکتەن کە کرێکار پەیوەندیی بە بەرهەمی کارەکەیەوە هەیە وەکو ئۆبێکتێکی نامۆ’. فاکتی ئابووریی بێگانەبوون و بەئۆبێکتبوون لێرەوە ڕیشەی لە هەڵوێستێکی تایبەتیی مرۆڤدا (وەکو کرێکار) داکوتاوە بە ئاڕاستەی ئۆبێکتی کارەکەی. پێویستە ئێستا ‘کاری نامۆکراو’ لەم جۆرە پەیوەندییەی مرۆڤ بە ئۆبێکتەوە  تێبگەین و ئیدی وەکو دۆخێکی ڕووتی ئابووری لێی نەڕوانین. ‘نامۆبوونی کرێکار لە بەرهەمەکەی تەنیا مانای ئەوە نییە کە کار دەبێت بە ئۆبێکت، (بوونێکی دەرەکی)، بەڵکوو بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەدەرەوەی بوونی ئەو [کرێکار] بوونی هەیە، وەکو شتێکی نامۆ بە کرێکار و دەبێت بە هێزێک کە لەسەر توانای خۆی ڕووبەڕووی ئەو دەبێتەوە. ئەمە واتای ئەوەیە ئەو ژیانەی کە کرێکارەکە بە ئۆبێکتەکەی بەخشیووە دواتر وەک شتێکی نامۆ یان دوژمنئاسا بەرەنگاری خودی کرێکارەکە دەبێتەوە [واتا ئەو کاڵایانەی کرێکار بەرهەمی هێناوە، دواتر وەک بوونەوەرەکەی فرانکشتاین پەلاماری خودی کرێکارەکە دەدات]. هەروەها دەتوانرێت ئەوە زیاتر پیشان بدرێت کە فاکتی ئابووریی “خاوەندارێتیی تایبەت”ـیش دەکەوێتە نێو پانتایی کاری نامۆکراوەوە، کە وەکو چالاکیی مرۆڤ لێی تێدەگەین: “بۆیە لێرەوە خاوەندارێتیی تایبەت بەرهەم و دەرئەنجامی کاری نامۆکراوی پەیوەندیی دەرەکی کرێکارە لەگەڵ سروشت و خۆیدا.”

وا دیارە سەرنجڕاکێشییەکی شێواندنی ئایدیالیستیانەی فاکتەکان لێرەدا شوێنی خۆی گرتووە: گریمانەی ئەوە دەکرێت کە فاکتێکی ئابوورییانە ڕیشەی لە چەمکی گشتی و پەیوەندیی مرۆڤ بە ئۆبێکتەوە هەبێت. ‘کەواتە لە ڕێگەی شیکارییەوە خاوەندارێتیی تایبەت بەرئەنجامی چەمکی کاری نامۆکراوە ” ئەمە لە نووسراوەکانی مارکسدا هەیە نەوەک هیگڵ. گوزارشتی ڕواڵەتە شێواوەکە یەکێکە لە دۆزینەوە جەوهەرییەکانی تیۆریی مارکس: گۆڕانێکە لە فاکتی ئابوورییەوەیە بۆ فاکتەری مرۆڤ، لە فاکتەوە بۆ کردار و  تێگەیشتنی ‘هەلومەرج’ـە جێگیرەکان و یاساکانیان (کە لە شێوە بەئەبستراکتبوونەکەی دەکەوێتە دەرەوەی دەستەڵاتی مرۆڤەوە) لە جووڵە، لە گەشە مێژووییەکەیان (لەدەرەوەی ئەوەی کە تێیکەوتوون و جێگیربوون). لێرەدا و لەم میتۆدەدا ناتوانین بچینە ناو گرنگییە شۆڕشگێڕییەکەوە؛ پێویستە لەسەر ئەو هێڵەی لەسەرەتاوە دەستمان پێکرد بەردەوام بین.

ئەگەر چەمکی کاری نامۆکراو پەیوەندیی نێوان مرۆڤ بە ئۆبێکتیشەوە بێت(هەروەک پێویستە بەو جۆرە بیبینین) ئەوا چەمکی کار بەم شێوەیە پێویستە چالاکییەکی مرۆڤ بگرێتەوە (نەک دۆخێکی ئابووریی). و ئەگەر نامۆبوونی کرێکار ئاماژە بێت بۆ سەرتاپا لەدەستدانی ڕیاڵیزەبوون و بێگانەبوونی جەوهەری مرۆڤ، ئەوا دەبێت کار خۆی وەک دەربڕی ڕاستەقینە و ڕیاڵیزەبوونی ڕاستەقینەی جەوهەری مرۆڤ وەرگرین. بەڵام جارێکی تر، ئەمە واتای ئەوەیە وەکو کاتیگۆرییەکی فەلسەفی بەکارهاتووە. سەرەڕای گەشەی سوبێکتەکە لە سەرەوە، لە بەکارهێنانی زاراوەی بەهەڵەبەکارهاتووی ئۆنتۆڵۆژیا لە پەیوەندی بە تیۆری مارکسەوە کەمتەرخەمی دەکەین ، ئەگەر مارکس خۆی بەڕوونی ئەم زاراوەیەی لێرەدا بەکارنەهێنایە: بۆیە دەڵێت تەنیا لەڕێگەی میدیۆمی خاوەندارێتیی تایبەتەوە جەوهەری ئۆنتۆڵۆجیایانەی جۆش و خرۆشی مرۆڤ دێتە بوون، لە شێوە ڕەهاکەیدا وەکو لەشێوە مرۆڤایەتییەکەیدا. هەروەها مارکس پیشنیاری ئەوە دەکات کە هەست و جۆشەکانی مرۆڤ تەنیا دیاردەی ئەنترۆپۆلۆژیایانە نین… بەڵکوو جەختکردنەوە ئۆنتۆڵۆژییە ڕاستەقینەکانی بوون و سروشتن.

پێناسە پۆزەتیڤەکانی کار لەلای مارکس هەموویان وەک دژە چەمکی پێناسەی کاری نامۆکراو پێناسە دەکرێن، هەروەها هێشتا سروشتی ئۆنتۆڵۆژیانەی ئەم چەمکە بەڕوونی لەو پێناسانەدا خرابوونەڕوو. پێویستە سێ لە گرنگترین فۆرمولەکان بخەینەڕوو: “کار بریتییە لە بوونبە لەپێناو خۆیدا لەناو نامۆبووندا، یان وەک مرۆڤی نامۆکراو”، ”کار بریتییە لە خود-دروستکردنی مرۆڤ یاخود خود-ئۆبێکتکردن.”.  ”چالاکی-ژیان، خودی ژیانی بەرهەمهێنانە”. تەنانەت ئەگەر ئەم سێ فۆڕمولەیە لەنێو کۆنتێکستی تاقیکردنەوە ئاشکراکەی مارکس دەربارەی هیگڵ ڕوویان نەدابایە، بەڵام خۆ هێشتا ئاماژەن بۆ چەمکە ئۆنتۆڵۆژییەکەی هیگڵ کە کار بوو. چەمکە بنەڕەتییە ڕەخنەییەکەی مارکس، کە چەمکی کاری نامۆکراو بوو لەڕاستیدا خوێندنەوە وردەکەی لە کاتیگۆریی بەئۆبێکتبوونی هیگڵەوە سەریهەڵداوە کە بۆ یەکەمجار ئەم کاتیگۆرییە لە “فینۆمینۆلۆژیی ڕوح” سەبارەت بە چەمکی کار گەشەی پێداوە. دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی مارکس بەڵگەی ڕاستەوخۆی ئەو ڕاستییەن کە ڕیشەی تیۆرییەکانی مارکس لە سەنتەری فەلسەفە کێشەئامێزەکەی هیگڵدایە.

دەتوانین لەڕێگەی پێناسەکانی کارەوە ئەنجامگیری وەربگرین: کار بریتییە لە ‘کرداری خود-دروستکردنی مرۆڤ”، [کار] ئەو چالاکییەیە کە لەڕێگەیەوە مرۆڤ بۆ یەکەمجار بەڕاستی دەبێت بەو شتەی بە سروشتی خۆی مرۆڤە.  بەجۆرێک ئەم کارە دەکات کە بوونبە(صەیروورە) و بوونە لەپێناو خودی ئەودان؛ ئەو دەتوانێت بزانێت و خۆی بەو شتە دابنێت کە هەیە واتا (‘بوونبە خودی خۆی’ـی مرۆڤ). کار چالاکییەکی زانراو و ئاگامەندانەیە: مرۆڤ لە کاردا پەیوەندیی لەگەڵ خۆی و ئۆبێکتی کارەکەیدا دروست دەکات: ئەم کەسێک نییە کە بتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ کارەکەیدا هەبێت بەڵام دەتوانێت، وەکو ئەوەی کە بوو، بەرەنگاری دەبێتەوە و دژی دەوەستێتەوە (لەڕێگەی ئەوەی کە کاری مرۆیی بەشێوەیەکی سەرەکی خۆی وەک بەرهەمی یونیڤێرساڵ و سەربەخۆ لە بەرهەمی بێمیدیۆم جیادەکاتەوە، بۆ گیانداری هێلانەدروستکەر). ئەو ڕاستییەی کە مرۆڤ لە کارەکەیدا بە فۆرمێکی ئۆبێکتیڤانەوە “لەپێناو خۆیدا” لەوێیە بە نزیکی پەیوەستە بە خاڵی دووەمەوە: مرۆڤ ئۆبێکتیڤە، یان وردتر،  بوونێکی خۆ بەئۆبێکتکردنە. مرۆڤ تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت جەوهەری خۆی ڕیاڵیزە بکات کە بتوانێت وەکو جەوهەرێکی ئۆبێکتیڤ ڕیاڵیزەی ئەم جەوهەرە بکات، لەڕێگەی “هێزە جەوهەرییەکانەوە” جیهانێکی دەرەکی و ماتڕیاڵ و ئۆبێکتیڤ بەرهەمبهێنێت. بەمانا فراوانەکەی، ئەوە تەنیا لە کارەکەیدایە لەنێو ئەم جیهانەدا کە خۆی دەکات بە بوونێکی ڕاستەقینە و کاریگەر. لەڕێگەی چالاکیی پڕاکتیکییەوە جیهانی ئۆبێکتەکان بەرهەمدەهێنێت، مرۆڤ لەڕێگەی کارەکەیەوە لەسەر سروشتی نائۆرگانی دەتوانێت ئەوە بسەلمێنێت کە بوونێکی ئاگامەندە. لەم چالاکییەوە مرۆڤ دەتوانێت ئەوە پیشان بدات کە بوونەوەرێکە جیاواز لە ئاژەڵ و ڕووەک و بوونی نائۆرگانی. بەم تێگەیشتنە کار سەلماندنە تایبەتییەکەی بوونی مرۆڤە کە تێیدا بوونی مرۆڤ ڕیاڵیزە و دڵنیا دەکاتەوە.

کەواتە تەنانەت سەرەتاییترین و گشتیترین تایبەتمەندیی چەمکی کاری مارکس سەری بەرەو ئەودیو ڕەهەندە ئابوورییەکان کێشا کە تێیدا بابەتی لێکۆڵینەوە بەریتییە لە بوونی مرۆڤ لە مانا گشتێتییەکەیدا.

سەرچاوە:

https://www.marxists.org/reference/archive/marcuse/works/historical-materialism/

هاوشێوە