رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

جیانالۆجیای تاکی مۆدێرن وەک ئۆبێکت (بەشی دووەم)

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هیوبێرت درەیفەس

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

بەئاساییکردنی گلدانەوە

دەرکەوتەی کتوپڕی بەندینخانە وەک پارادایمێکی فۆڕمی سزادان، بەتەواوی لە چاخی کلاسیکدا بێ باکگراوەند و لەخۆوە نەبوو. لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەمدا، هەندێک لە کار-ناوەندە چاکسازییەکانی هۆڵەندا سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و تاکێتیی دووبارە بنیاتنانەوەی مرۆڤیان دروست کرد، کە لەسەر بنەمای کاری ئابووری دروست بووبوو. بەناوبانگترین دامودەزگاکانی چاکسازیی لەم شێوازە بریتی بوو لە کۆشکی دی فۆرس لە گهێنت[1]. لەم بەندینخانەیەدا تاوانباران و دەربەدەرەکان کۆدەکرانەوە و کاریان پێدەکرا. ئەم سیستەمە بووە هۆی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە تاوانکاری لەناو خەڵکی هۆڵەندا، بەڵام فەرمانی سیاسی-کۆمەڵایەتی لەگەڵ فەرمان و ناچاریی ئابووری تێکەڵ کرابوو. زیندانەکان گران بوون و پارەیەکی زۆری تێدەچوو؛ بۆیە دەبوو کار بە زیندانییەکان بکەن بۆ ئەوەی پارەی ئەو چاکسازییەی تێیاندا سەرف دەکرا، خۆیان پارەکەی بدەن. ئەم پڕۆسەیەش نەک بەتەنیا لە ماوەیەکی کورتدا لە ڕووی ئابوورییەوە بووە هۆی ئامادەیی بەرهەمهێنان و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگا، بەڵکوو ئەم زیندانانە بوونە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێک لە کرێکاری نوێش. گەنجە لە یاسالادەرەکان فێری خۆشیی کار کارکردن کران. هەروەها ئەوان لەبەرامبەر ئەو کارەی لە زیندان ئەنجامیان دەدا پارەیان وەردەگرت، چونکە لە کۆمەڵگەی پڕۆتیستانیدا دەبێت لەبەرامبەر هەموو کارێکدا کرێکار پاداشت بدرێتەوە. لەم سیستەمە نموونەییەی ڕیفۆرمیی، ئابوریی، ئەخلاقیی، تاکێتیی و کۆمەڵایەتییەدا دەکرا هەموو ئەوانە پێکەوە و لەناو یەک [سیستەمدا] بەخۆشی و بەختەوەرییەوە تێکەڵ ببن. بەڵام لەو کاتەدا ئەم مۆدێلە لە هەلومەرجێکی سنوورداردا جێبەجێدەکرا، لەبەرئەوەی گومانی ڕیفۆرمیستە هیومانیستە فەڕەنسییەکان لەبارەی گلدانەوە و دەستبەسەرکردن هێشتا هەر لە سوودی ئەم مۆدیلە باکوورییە، واتا مۆدێلە هۆڵەندییە بوو.

ڕیفۆرمیستە ئینگلیزەکان دەستکارییان لە مۆدێلی کارکردنی هۆڵەندییەکەیان کرد؛ کە ماندووبوون و هەوڵدانەکانیان گەیشتە دروستکردنی پرەنسیپەکانی زیندان و هەموو ئەمانەش لە بەندینخانەی بلاک-ستۆن و هاوارد گەیشتە لووتکە لە ساڵی ١٧٧٩. ئینگلیزەکان زیندانی تاکەکەسیشیان بۆ مۆدێلە هۆڵەندییەکە زیادکرد. تاک ‘لە قووڵایی ویژدانیدا، دەنگی چاکە’ دەدۆزێتەوە؛ کارکردن نەک بەتەنیا دەبێتە هۆی کارامەیی لە کارێکدا، بەڵکوو دەبێتە ڕاهێنان لە گۆڕانی ڕوحیدا؛ شێوازی ئەم کارکردنە نەوەک هەر کۆمەڵیک ئارەزووی خاوەندارێتیی تاکی مرۆڤ وەک هۆمۆ ئۆیکۆنۆمیکۆس (مرۆڤی ئابووری) ڕێکدەخاتەوە، بەڵکوو پێویستیی بابەتە ئەخلاقی و مۆڕاڵییەکانیش ڕێکدەخات. ئامانجی سەرەکیی پیادەکردنی ئەم تەکنیکانە لەم جۆرە چاکسازییانەدا بە پلەی یەکەم “سوبێکتیڤانە” نەبوو، بەڵکوو ئامانج لەم جۆرە چاکسازییانە ئەوەبوو کە بەندکراو بچێتە دۆخێکەوە کە بۆخۆی بتوانێت ڕیفۆرمی هەڵسوکەوتی خۆی بکات.

لە مۆدێلی زیندانی واڵنەت ستریت لە فلادیلفیا لە ساڵی ١٧٩٠، کواکێرەکان[2] وانە گرنگەکانی سیستەمی بەڕیتانی و هۆڵەندیانی تێکەڵکرد و لەناو یەک دەزگادا جێبەجێیان کرد. ناچاریی ئابوور لەم سیستەمەدا ئامادەگیی هەبوو؛ زیندانەکە لە ڕێگەی ئەو کارانەی کە زیندانییەکان ئەنجامیان دەدا بەڕێوە دەچوو و پێداویستییەکانی دابین دەکرا. هەموو تاکێکی زیندانی زۆر بەوردی دەکەوێتە ژێر سەرپەرشتی و چاودێرییەوە، خشتەی کات و ڕۆژی زیندانی بە گونجاوترین و ڕێکخراوترین شێوە ڕێکدەخرا و دابەش دەکرا و ئەم دابەشکارییەش لەپێناو سوودی خودی زیندانەکەدا بوو. جگە لەوەش ناچاریی ئەخلاقیش لەئارادا بوو؛ هەموو زیندانییەک لە ڕووی ڕوحییەوە ڕێنمایی دەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا کواکێرەکان هەندێک ڕەهەندی نوێی و ئایدیا خۆیانیان خستە سەر سیستەمەکە. ئیتر سزادانی تاوانبار بەشێوەیەکی نهێنی، لەپشت دیوارەکانەوە جێبەجێ دەکرا. خەڵک مافی سزادانی تاوانەکانیان دەسپاردە دەست کاربەدەستەکان. ئەم کاربەدەستانە جگە لەوەی بۆیان هەبوو لە کاتی تەمبێکردن و چاککردن و گۆڕینی تاکی لە یاسالادەر، بوونەوەرێکی گوێقوڵاغ دروست بکەن، هەروەها مافی ئەوەشیان هەبوو لە کاتی پەروەردەکردن و چاکسازیدا دەست وەربدەنە ژیانی تایبەتی زیندانییەکانیش. مەعریفە، زانیاری وردی کەشفکردن، بەڵگە و پۆلێنکردن کلیلی ئەم گۆڕانکارییانە بوون. زانیاری ورد وەک هەلومەرجی تاوان، هەڵکسوکەوتی تاونبار، پڕۆسەی چاکبوونەوەی لە کاتی گلدانەوەدا و زیادبوونی مەعریفەی تاوانکاریی و و تاوان بەشێویەکی گشتی، هەموو ئەمانە پێکەوە لەناو ڕیفۆرمێکی ئەخلاقیی ئابووری کۆدەکرێنەوە، کە خەسڵەتەکەی بریتییە لە شێوە و فیگەرێکی نوێی سزادان.

 سەرهەڵدان و بەپەلە قبووڵکردنی گلدانەوەی زیندانییەکان لەپێناو ڕێگەگرتن لە تاوان وەک فۆڕمێکی سەرەکیی سزادانی تاوانبار شتێکی ئاشکرایە، نەک لەبەرئەوەی کارکردنی ئەم جۆرە بەندینخانانە هەندێک لە بنەماکانی لەلایەن ڕیفۆریستەکانی ڕۆشنگەری داڕێژرابوو، بەڵکوو لەبەرئەوەی زۆرێک لە سیستەمەکانی دیکەی پێچەوانە کردبووەوە و تێیپەڕاندبوو. دەتوانین جیاوازییەکان بەم جۆرە کورت و پوخت بکەینەوە: چیتر ئامانجی سزادان بریتی نەبوو لە نمایشکردن لە شوێنە گشتییە دیارەکان و وانەیەکی ئەخلاقی، بەڵکوو مەبەست ئەوە بوو کە لە ڕێگەی پراکتیزەکردنی تەکنیکەکە ئیدارییەکانی مەعریفە و دەسەڵات، لە جەستە و ڕوحی تاوانباردا گۆڕانکاری هەڵسوکەوتی دروست بکرێت. سزادانیش ئەو کاتە سەرکەوتوو بوو کە (جەستە ملکچەکان docile bodies)ـی بەرهەم هێنابێت. لێرەشدا سزادان بەسەر جەستەی مرۆڤەوە جێبەجێ دەکرا، بەڵام چیتر وەک لە قۆناغەکانی پێشوودا دەبیندرا ئامانجەکەی بریتی نەبوو لە وێرانکردن، پارچەپارچەکردنی جەستە، بەڵکوو پێویست بوو جەستەی مرۆڤ فێربکرێت و پڕۆڤەی پێبکرێت و بەڕێوە ببردرێت. بەرهەمهێنانی دەزگایەکی نوێی جڵەوکردن پێویستی بوو بۆ ئەوەی ئەم پڕۆگرامی دیسپلینە جێبەجێبکرێت. ئەم جۆرە دەزگایە دەبوایە دەزگایەکی چاودێریی چالاک و هەمەکی بێت. لە کاتێکدا سرووتی ئەشکەنجە و ددانپێدانان و تەمبێکردنی ریفۆرمیستەکان لە دەرەوە و لە شوێنە گشتییەکاندا ئەنجام دەدران، ئەم جۆرە تازەیەی تەکنیکی سزادان پێویستیی بە نهێنی بوو. هەروەها ئەم پێویستی بەزیادکردنی سەربەخۆیی کارکردن و وازهێنان لە کاریگەرییەکانی دەستخستنە ناو کاروباری خەڵکەوە هەبوو. “گریمانەی وردی بەرپرسیارێتی بۆ جەستە و بۆ کاتی دەستبەسەری؛ ڕێکخستنێک بۆ هەڵسوکەوت و جموجۆڵی زیندانیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئۆتۆریتە و مەعریفەوە.”

تەکنۆلۆژیی دیسپلینیی

پێویستە پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە بەندییەکان تەنیا یەک نموونەن لەنێوان دەیان نموونەی دیکەی ئەم شێوە تەکنۆلۆژیی دیسپلینیی، چاودێری و سزادانە. یەکێک لە ئامانجە ناوەندی و سەنتڕاڵەکانی فوکۆ ئەوەیە کە خودی بەندییەکان، هەروەها ئەو دەزگایانەی باسی فۆڕمی نموونەیی سزادان دەکەن، تەنیا خوازرشتێکی ڕوونی پراکتیزەی گشتگیرن بەسەر تاک و جەماوەردا. بە درێژایی سەدەی هەژدەهەم و بە تۆڵەسەندنەوەیەکیش لە سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەم تاکتیکانە فراوان بوون بەسەر سێکتەرەکانی تری جەماوەر، شوێنەکانی دیکەی ڕیفۆرم، بەڕێوبەرایەتییەکانی کۆنتڕۆڵ. دەزگای نەخۆشخانە یاخود قوتابخانە ئامانجی ڕاستەقینەی فوکۆ نین، هەروەک چۆن زیندانیش بەهەمان شێوەیە. بەڵکوو فوکۆ گرنگیی بە خودی ڕێکارە دیسپلینییەکان دەدا. ئێستا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ تایبەتمەندی و خەسڵەتی گشتیی پراکتیزەکان و پەراوێزخستن.

دیسپلین تەکنیکە، نەک دەزگا. کارکردنەکەی بەشێوەیەکە کە دەشێت بە فراوانی و گشتی لە زۆرێک لە دەزگاکانی تری وەک (خانەکانی گلدانەوە، سووپاکان) ببینرێت یاخود لە هەندێک دەزگای دیاریکراوی وەک (قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان) بەکاربهێندرێت؛ دەشێت ئەم دیسپلینانە پێشووتر لەلایەن دەسەڵاتەکانی دیکەوە بوونی هەبووبێت (وەک کۆنتڕۆڵی نەخۆشی) یاخود لای هەندێک ئاپاراتوسی دادوەریی دەوڵەت (پۆلیس) جێبەجێ بکرێت. بەڵام ناکرێت هەر یەکێک لەو نموونە تایبەتیانە کورت بکەینەوە یاخود هاوشوناسی بکەین لەگەڵ دیسپلیندا. دیسپلین بەسادەیی نابێتە شوێنگرەوەی فۆڕمەکانی تری دەسەڵات کە لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە. بەڵکوو “نیشتەجێدەبێت” یاخود داگیریان دەکات، پێکەوەیان دەبەستێتەوە، فراوانیان دەکات و “لەسەروو هەمووشییەوە وا دەکات کاریگەریی دەسەڵات لە هەر خوولەک و مەودایەکدا کارتێکەر بێت.”

ئەمەش چۆن کار دەکات؟ بەبڕوای فوکۆ دیسپلین لە سەرەتادا و یەکەم شت لەسەر جەستە کار دەکات، لانیکەم لە قۆناغەکانی سەرەتای گەشەکردنیدا. بێگومان سەپاندنی فۆڕمی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر جەستە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا دەدۆزرێتەوە. ئەوەی لە کۆمەڵگا دیسپلینییەکان جیادەکاتەوە بریتییە لەو فۆڕمەی کە کۆنتڕۆڵ دەگرێتە دەست. وەک ئۆبێکتێکی شیکاری و جیاواز لە بەشەکانی دیکەی لە جەستە نزیک دەبنەوە. ئامانجی تەکنەلۆژیی دیسپلینی دروستکردنی “[جەستەیەکی] ملکەچە کە بەکۆیلە بکرێت، بەکاربهێندرێت، بگۆڕدرێت و گەشەی پێبدرێت.”

 ئەمەش چۆن کار دەکات؟ یەکەمجار جەستە بەسەر یەکەکاندا دابەش دەکرێت، بۆ نموونە: قاچ و قۆڵ. ئەمانە بەجیاواز وەردەگیرێن و دەخرێنە ژێر پڕۆڤەی وردەوە. ئامانجەکە بریتییە لەوەی هەم بەشەکان جەستە و هەم تەواوی جەستە کۆنتڕۆڵ و پەروەردە بکرێت. دەکرێت بیر لە مەشقە سەربازییەکانی سوپای پاشایەتی بکەینەوە کە هەموو هەوڵەکانی بۆ نمایشە. پێوەر خاڵێکی خەوهەرییە؛ گەورەترین، وردترین، بەرهەمدار و سیستەمی کۆنتڕۆڵکردنی بوونی مرۆڤ دروست دەکرێت لەسەر بنەمای بچووکترین و وردترین بنچینە. دروستکردنی (دەسەڵاتێکی بچووک micropower) بەوە دەست پێدەکات کە جەستە وەک ئۆبێکتێک مۆنۆپۆل بکات، ئەمەش کلیلی دەسەڵاتی دیسپلینییە.

دووەم، ڕەهەندی دیار بریتییە لە فەرامۆشی، بچووککردنەوە و بێدەنگکردن. لە ماوەی چاخی کلاسیکدا، لە کاتێکدا زۆرێک لە خانەکانی گلدانەوە بۆ ئەوە تەرخانکران کە نمایشی مۆنۆپۆلکردن ڕاستبکەنەوە، لە کاتێکدا ددانپێدانان لە شوێنی گشتی  هێشتا وەک سرووتی دەسەڵاتی پاشایەتی بوو، بەڵام دەزگا دیسپلینییەکان – بەدیاریکراوی سووپا و قوتابخانەکان – وردە وردە بەرەو هەندێک تەکنیک و تاکتیک گەشەی دەکرد بۆ ئەوەی وەک ئۆبێکت مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بکات، نەک وەک سوبێکتێک کە پێویستە گوێی لێ بگیرێت و بخوێندرێتەوە. چیتر جەستە وا دیار نەبوو کە وەک هەڵگری مانا دەربکەوێت و گرنگ بێت. بۆ نموونە، بوێریی سەرباز کە فوکۆ پێی دەگوت “ڕیتۆریکێکی شەرەفی جەستەییانە”، ڕەتکرایەوە؛  و لەبری ئەوە فۆکس خرایە سەر ڕێکخراوی ڕەسمی و ڕەتکردنەوەی بەشە پێکهێنەرەکانی جەستە، ئۆتۆنۆمیی دەست، قاچ یاخود چاو بوون بە بنەما. هەروەها فوکۆ نموونەیەک لەسەر مەشقە سەربازییەکان دەهێنێتەوە. هەرچەندە فوکۆ شوێن پێی یەکەمین شێوازی ئەم جۆرە ڕاهێنانە لە لەشکری ڕۆمانیدا دەدۆزێتەوە، بەڵام ئەم چەشنە ڕاهێنانە لە سەدەی هەژدەهەمدا گشتیەتێکی زۆریان بەخۆوە بینی. نەشقی جەستەیی بەرەو یەکێک لە بەشە جیانەبووەکانی کاروکردەوەی دەسەڵات گۆڕانی بەسەرداهات، چونکە بەزۆری جەختی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی دەروونی جوڵەی جەستەی سەربازەکان دەکرد. ئەو ڕێسایەی کە جێبەجێ دەکرا دەتوانین بەم شێوەیە بیخوێنینەوە: یەکەی بچووک وەرگرن، هەموو ڕەهەندێکی مەدلولیی لێبکەنەوە، هەموو پەیوەندییەکانی نێوان یەکەکان فۆڕماڵ بکەنەوە و بەسەر پێوەرێکی گەورەدا جێبەجێی بکەن.

سێیەم، (دەسەڵاتی بچووک) بەرەو بەکارهێنانی جۆراوجۆری کات ئیش دەکات. ئەگەر دەسەڵاتی دیسپلینی، یاخود “پەروەردە”، بریتیبێت لە کارکردن بەشێوەیەکی کارا و کاریگەر ئەوا پێویستە کار لەسەر جەستە بکات و تا ئەو جێیەی دەشێت بە بەردەوامی بۆ جەستەیەکی ملکەچ کورتی بکاتەوە. نابێت کۆنتڕۆڵ و چاودێری بەجۆرێکی پچڕپچڕ یان تەنانەت بەنۆبە پیادە بکرێن. یەکدەستسازی کردەوە و کارایی و دیاریکردنی واتاکانی چالاکی، پێویستی بە پیادەکردنی کۆنتڕۆڵیکی ڕیکوپێک و بەردەوام هەیە. سەرەڕای ئەمە ئامانجە وەبەرچاوگیراوەکە و تەکنیکە پێویستەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە لەگەڵ یەکتر ئاوێتە بوون. بۆ گەیشتن بە خەونی ملکەچی و گوێڕایەڵیی تەواو و سەرانسەری و (و کاردانەوەی فراوانبوونی دەسەڵات) دەبوایە هەموو ڕەهەندێکی فەزا، زەمەن و جووڵە ڕێسایی بکرێن و بێ ڕاوەستان سوودیان لێوەربگیرێت. کەواتە لە سەرانسەر چەرخی کلاسیکدا تەکنیکە دیسپلینییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر، دەستپێوەگرانەتر، بەش بەشکەرتر، هونەریتر، دیارتر و قازانجخوازانەتر دەبوون. “ساتی مێژوویی دیسپلینەکان کاتێک دەستیپێکرد کە هونەر جەستەی مرۆڤ سەریهەڵدا، ئەو هونەرەی کە تەنیا مەیلی بەرەو گەشەی شارەزاییەکانی یان تۆکمەکردنی کۆت و ملکەچییەکەی نەبوو، بەڵکوو چاودێریی دروستبوونی پەیوەندییەک بوو کە جەستەی مرۆڤ، چەندە پڕ سوودتر دەبێت، ملکەچتری دەکات بەپێچەوانەوە… جەستەی مرۆڤ دەچێتە ناو مەکینەیەکی دەسەڵاتەوە کە جەستە دەپشکنێت، دەیشکێنێت و دووبارە ڕێکی دەخاتەوە… دیسپلین… جەستەی ملکەچ بەرهەمدەهێنێت… هەروەها قەڵەمڕەوی زیاتری دیسپلین بەرهەمدەهێنێت.”

کۆنتڕۆڵکردنی بۆشایی یەکێکە لە خاڵە جەوهەری و گرنگەکانی پێکهێنانی ئەم تەکنۆلۆژییە. دیسپلین بەهۆی ڕێکخستنی تاکەکانەوە لەنێو بۆشاییدا، بۆیە بەشێوەیەکی ورد و تایبەت پێویستی بە کورتکردنەوەی بۆشایی هەیە. لە نەخۆشخانە، لە قوتابخانە و لە بواری سەربازیدا، ئێمە پشتگیریکردنی ڕێکخستنێکی تۆڕ بەدی دەکەین. کاتێک کە ئەم تۆڕە دامەزرا، دابەشکردنی دڵنیایی ئەو تاکانەی کە دەبێت بکەونە ژێر دیسپلین و سەرپەرەشتییەوە؛ بەڕەڵا و بێ ماڵوجێیەکان جێگیر دەکرێن و تاکی ملکەچ دێتەئاراوە.

 لە تەکنەلۆژیی دیسپلینی، ڕێکخستنێکی ناوەکیی بۆشایی پشت بە پرەنسیپی خەسڵەتی دابەشکردن دەبەستێت بەسەر یەکەی ڕێکخراودا. ئەم بۆشاییە space لەسەر بنەمای ئامادەگی و نائامادەگی دروست بووە. لەم جۆرە سیستەمەدا، هەر دەرەچەیەک لە تۆڕی جێگای مەبەستدا بەهای خۆی هەیە. ئەم دەرەچانە slot پیادەکردنی تەکنیکە دیسپلینییەکان بەسەر جەستە جێبەجێ دەکەن. کاتێک کە تۆڕی کۆنتڕۆڵ دادەمەزرێت، ئەو پرەنسیپەی باسمانکرد بەم جۆرە حکوم دەکات: “هەر تاکێک شوێنێکی هەیە و هەر شوێنێکیش تاکێکی خۆی هەیە.” لە ڕێگەی پیادەکردنی بەڕێوبەرایەتیی پڕ لە وردەکارییەوە، تاکەکان، هەندێک شوێن دەدۆزنەوە، گۆڕانیان بەسەردا دەهێندرێت و دەکەونە ژێر چاودێرییەوە. بەمەبەستی دابینکردنی لێهاتووترین و بەهرەترین جۆری ڕەفتار، پێویستە لەپێشدا ماهیەتی ئەو ڕەگەزانە پێناسە دەکەن و لە فەزادا ڕێکخراوەکەدا دابنرێن و ڕۆڵەکان لە بونیادی ئەو فەزایەی کە تاکەکان تێیدا کار دەکەن، لەنێوان تاکەکاندا دابەشبکرێن. لەبەرئەنجامدا، دەبێت هەموو بۆشایی ناو پانتایی ڕێکبخرێت؛ نابێت هیچ بەفیڕۆدان، چاڵ، پەراوێز بوونی هەبێت؛ نابێت هیچ شتێک سەربەست بێت. “لە دیسپلیندا، توخمەکان بریتین لەو شتانەی دەشێت ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت، چونکە هەر ڕەگەزێک بەپێی ئەو بۆشاییەی کە لەنێو زنجیرەیەکدا داگیری دەکات و بەپێی ئەو چاڵەی لە هەموو ڕەگەزەکانی تری جیادەکاتەوە، پێناسە دەکرێت.” کەواتە سەرکەوتنی بۆشایی دیسپلینیانە دەگەڕێتەوە بۆ سەر “پێکهاتەی” ڕێکخراو.

 پێویستە ئەوە بڵێین کە ئەم وەسفەی ڕێکخستنی بۆشایی تا ڕادەیەکی زۆر بە پێناسەی ڕەگەز، گۆڕینی شێواز و کۆمەڵەکان دەچێت کە بیرمەندە بونیادگەرییە فەڕەنسییەکان وەک پڕەنسیپی گشتیی تیۆری خۆیان بەکاریان دەهێنا. فوکۆ کتێبی “سیستەمی شتەکان The order of things”ـی وەکو ئارکیۆلۆژیای بونیادگەری نووسی. لەبەرامبەر ئەمەدا کتێبی “دیسپلین و سزا” بەشێوەیەکی گشتی جینالۆجیای گوتاری بونیادگەری و ئەو کردارانەیە کە پەیوەندییان بەوەوە هەیە.

 فوکۆ دوو نموونە بۆ ئەم ڕێکخستنی فەزای (بونیادگەرییە) دەهێنێتەوە: نەخۆشخانەی سەربازی و کارگە. نەخۆشخانەی سەربازیی ڕۆشفۆرت وەک یەکێک لە سەرەتاییترین ئەزموونەکانی بۆشایی دیسپلینی خزمەتی دەکرد. بەندەرە سەربازییەکان شوێنێکی زۆر گونجاو بوون بۆ ئەزموونە دیسپلینییەکان، لەبەرئەوەی ئەوان خزمەتی مەترسیدارترین تایپەکانی تێکەڵکردنی جەستەکانیان دەکرد. لێرە، دەریاوانەکان، بیاباننشینەکان و بەڕەڵاکانی سەرتاسەری جیهان لەگەڵ نەخۆشی و درمەکان کۆدەبوونەوە. ئەرکی نەخۆشخانە چاودێریکردنی ئەم جۆرە تێکەڵاوبوون و ئاوێتەبوونە مەترسیدارانە بوو. لەم شوێنانەدا، جیاسازی وردی فەزا لە یەک کاتدا چەندین ئامانج و مەبەستی بەدی دەهێنا. نەخۆشخانە ئێپیدیمییەکان دەخرا کەرەنتینەوە؛ سەربازە ڕاکردووەکان دەگیرانەوە؛ شمەکەکان دەخرانە ژێر چاودێرییەوە. نەخۆشخانە لە سەرەتادا کەسەر بنەمای کۆنتڕۆڵ لە ڕێگەی دەرمانەوە کاری دەکرد. دواتر لەگەڵ فراوانبوونی تۆڕی کۆنتڕۆڵ نەخۆشخانەکان دەناسران و دەکەوتنە ژێر چاودێرییەوە. پۆڵێنکردنەکەیان لەسەر بنەمای تەمەن، نەخۆشی ئەنجام دەدرا “هێدی هێدی فەزای دەرمانی لێکبەستراو ئەفزەڵیەتی بەسەردا وەرگرت و جەستەکان، نەخۆشییەکان، نیشانەی نەخۆشی، فەردیەتی بە ژیان و مەرگ بەخشی… لە هەناوی دیسپلیندا، فەزایەک لەدایکبوو کە لە ڕووی پزیشکییەوە بەسوود بوو.”

لە کۆتایی سەردەمی کلاسیکدا ڕێکخستنی بۆشایی و کارکردن لەناو کارگەکاندا ئاڵۆزتر بوون. پرسیارەکە تەنیا کۆنتڕۆڵکردنی و دانیشتوان بەڵکوو پێکەوەبەستنی ئەم کۆنتڕۆڵکردنە بە بەرهەمهێنانەوە. فوکۆ نموونەی کارگەی ئۆبێرکامپف دەهێنێتەوە لە شاری ژۆی. کارگەکە بەسەر زنجیرەیەک کارگەی پسپۆڕ دابەشکرابوو کە بەهۆی شێوازی کارکردنیانەوە لەیەکتر جیادەکرانەوە (بۆ نموونە نیگارکێشەکان، دروومانەکان، ئەوانەی کاری ڕەنگیان دەکرد، ئەوانەی کاری هەڵکۆڵینیان دەکرد، بۆیەچییەکان.) گەورەترین بینا لە ساڵی ١٧٩١ دروستکرا، بینایەکە ١١٠ مەتر درێژ بوو و سێ نهۆمیش بەرز بوو. لە نهۆمی خوارەوەدا ١٣٢ مێز لە دەوەری یەک ئامادەکرابوو. هەر نیگارکێشێک لەگەڵ هاوکارەکەی لەسەر مێزێک کاریان دەکرد، کەواتە بەکۆی گشتی ٢٦٤ کرێکار لەم بینایەدا کاریان دەکرد. بەرهەمی تەواوبووی کارەکە بە وریاییەوە لە کۆتایی هەر مێزێکدا دادەنرا. سەرپەرشتەیارەکە دەیتوانی بەئاسانی لە نێوان دوو ڕیزی مێزەکان هاتوچۆ بکات و چاودێریی کاروبارەکان بکات. کارەکە بەشێوەیەکی گشتی زۆر بەوریایی و بەوردی چاودێری دەکرا و دەتوانرا بەئاسانی بەرهەمی کاری هەر مێزێک بەراورد بە مێزەکانی دیکە بکرێت. زیاتر لە سەد ساڵ پێش تایلۆریزم[3]، خەسڵەتە سەرەکییەکان پێناسە دەکران، هەر کام لە هێزە جۆراوجۆرەکانی کار – هێز، خێرایی، کارامەیی – دۆزرانەوە و بەراورد کران و بەهایەکی تایبەتییان وەرگرت. “ئیدی بەمجۆرە هێزی ئەنجامدانی کار بەگشتی بە زنجیرەیەکی تاکی جەستەکاندا بڵاوکرایەوە، لەوانەیە هێزی کار لە یەکەی تاکایەتیدا شیکار بکرێت. لە کاتی سەرهەڵدانی پیشەسازیی گەورە، دەشێت لەژێر پڕۆسەی دابەشکردنی بەرهەمهێناندا، بەش بەشکردنی بەتاکگەراییکردن لە هێزی کار بدۆزینەوە؛ دابەشکردنی بۆشایی دیسپلینی زۆربەی کات دڵنیایی بە هەردووکیان دەبەخشی.” لە سیستەمێکی وادا، تاکی کرێکار، نەخۆش یاخود قوتابی بەوردی چاودێری دەکرا و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بەراورد دەکرا. لە هەمان کات و لە ڕێگەی هەمان ئامرازی کارەوە، ڕێکخستنەوە و سیستەم بەسەر گشت خەڵکدا سەرکەوتوانە جێبەجێ دەکرا. ئەم کۆنتڕۆڵکردنەی خانەی پێکەوەبوونە لەگەڵ سیستەمی گشتی کارکردندا دەگونجا.

 کەواتە دیسپلین بەشێوەیەکی جۆراوجۆر و ورد کار لەسەر جەستەکان دەکات. “دیسپلین تاکەکان دروست دەکات؛  تەکنیکی تایبەتی دەسەڵاتێکە کە تاکەکان هەم وەک ئۆبێکت و هەم وەکو ئامرازی جێبەجێکردنی خۆی سەیر دەکات.” دیسپلین ئەم کارە لە ڕێگای تێکشکاندنی تاکەکان یان فێرکردنی وانەی ئەخلاقییەوە ئەنجام نادات، بەڵکوو بەهۆی شێوازی خاکەڕێیانەی پەروەردە و دابەشکردن بەئەنجامی دەگەیەنێت. دیسپلین لە ڕێگەی کۆکردنەوەی کەشفکردنی هێرارشیانە و بەنۆرماڵکردنی حوکمدانەوە کاردەکات، ئەم تێکەڵکردنە دەبنە سەنتەری تەکنیکی دەسەڵاتی دیسپلینی: ئەویش ئەزموونە.

 کەشفکردنی هێرارشیانە خەسڵەتی سەرەکیی ئەزموونە examination. ئامانجەکە بریتییە لەوەی کە چاودێری ببێت بە بەشێکی دانەبڕاوی بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵکردن. لە بۆشایی دیسپلینیدا ئاکتی چاودێریکردن و چاودێریکراو یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی پەیوەندیی تاکەکانە لەگەڵ یەکتری. کۆنتڕۆڵکردنی جەستەکان پشت بە بینایی دەسەڵات دەبەستێت. یەکەم مۆدێلی ئەم کۆنتڕۆڵکردنە لە ڕێگای چاودێریکردنەوە، کارایی لە ڕێگای نیگا، دروستکردنی نەزم و ڕێکوپێکی لە ڕێگەی بەروردکردنی ستراکتووری بۆشایی، دەتوانین لە کەمپی سەربازییدا بیدۆزینەوە. لەناو کەمپی سەربازیدا ڕێکخستن و چاودێریی بە هەموو شێوەیەک لەئارادا بوو. ئەو کارانەی لێرەدا جێبەجێ دەکران سنووردار بوون، بەڵام مۆدێلەکە ئیشی خۆی دەکرد؛ و دواتر لە ڕووی ئەم نموونەیەوە بۆ دروستکردنی نەخشەی مەزنی شار، شوێنی نیشتەجێبوونی چینی کرێکار، دروستکردنی بەندینخانە و قوتابخانەکان و …هتد سوودی لێوەرگیرا. لە ئاستێکی فراواندا، مۆدێلی کەمپی سەربازی بریتی بوو لە جێبەجێکردنی کۆنتڕۆڵکردن لە ڕێگای هێرارشیەت و چاودێری. بەڵام یەکەم جار دەبوایە ئەم مۆدێلە لە شوێنەکانی دیکە دووبارە پێناسە بکرابایەتەوە و دەستکاری بکرایە.

زیادبوونی بینینی ناوەوەی بینایەکان، بەمەبەستی دابینبوونی دەرفەتی چاودێری و تێڕوانین، بوو بە یەکێک لەو بابەتە گشتیانەی کە بیناسازیی سەردەمی کلاسیک گرنگییان پێ دەدا. زۆر نەخشە بۆ دروستکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە و یۆتۆپیاکان خرانەڕوو کە تیایاندا بۆ بینینیان لە ترۆپکدا بوو. بۆ نموونە دەتوانین بە بینای قوتابخانەی سەربازیی پاریس Parisian Ecole Militaire بە نموونە وەربگرین. ئامانجی ئەم قوتابخانەیە هێشتا پێی لەسەر بەهێزیی جەستە دادەگرت: “مەشق بە جەستە بەهێزەکان بکەن، گرنگیدان بە تەندروستی؛ ئەفسەری شایستە دابمەزرێنن، کوالێتی بەرزبکەنەوە؛ سەربازی گوێڕایەڵ دروست بکەن، سیاسەت بەم جۆرە بوو؛ ڕێگری لە کاتبەسەربردن و هاوڕەگەزخوازی بگرن، ئەمەش ئەرکی مۆڕاڵی بوو.” ئەم ئەرکانە بەشێوەیەکی بەشەکی لە بیناسازیدا تەواو دەکران. بینای قوتابخانەکان خاوەنی ڕێڕەوی دوورودرێژ بوو کە لە هۆبە و ژووری بچووک پێکدەهات. هەر دە ژوور بەرپرسێکی هەبوو هەموو تاکێک ژوورێکی بچووکی تەواو داخراوی پێدەدرا کە لە دراوسێکانی جیای دەکردەوە، بەڵام لە دیواری ئەم ژوورەدا کونێک بۆ چاودێری و تێڕوانین ئامادەکرابوو. لە ژووری نانی نیوەڕۆ مێزەکان بەجۆرێک هەڵچنرابوون کە مێزی پاسەوانەکان دەکەوتە سەرووی مێزی سەربازەکان. ئاودەستەکان نیوە دەرگایان بۆ دروستکراببوو، بەڵام دیواری قەراغەکانی تەواو بوو. ئەم جۆرە وردەکاری و شتە لاوەکیانە وەکو بابەتی کەمبایەخ خۆ دەنوێنن، بەڵام هەر ئەمانە بەشی سەرەکیی تەکنۆلۆژیی دیسپلینی بوون. لەنێو ئەم فەزا بونیادییەدا، تاکسازی و چاودێری لە یەکتری دەبەستران.

پاش ئەوەی ئەم شتە لاوەکیانە لە پانتایی چاودێری و تێڕوانین لەنێو بەرهەمهێناندا، یەکێتی و یەکپارچەیی  بخۆوە بینی، مەسەلەکە دیسان ئاڵۆزتر بوو. بە وەبەرچاوگرتنت ڕادەی ڕوولەزیادی کارگە پیشەسازییەکان، هەندێک حاڵەتی وەکو تەزویر، تەمەڵی، خرابکاری، ناکارایی، نەخۆشی و ناشایستەیی، گەلێک زیانی لێ دەکەوتەوە. لە وتاری ئینسایکلۆپیدیا فەڕەنسی سەبارەت بە پیشەسازی، پسپۆڕی لە چاودێری و تێڕوانین، وەکو بەشێکی حەتمی ئامرازی بەرهەمهێنان وەسفکرابوو. چاودێرەکان لە ڕووی زنجیرەی پلەوپایەکانەوە لە کرێکارەکان جیابوون، بەڵام بەشێک بوون لە سیستەمی نویی بەرهەمهێنان. چاودێری و تێڕوانین ڕۆڵێکی ئابووریی گرنگی هەبوو لە هەمان کاتیشدا ئەرکی دیسپلینیی خۆیشی بەئەنجام دەگەیاند. دەسەڵات بە تێپەڕبوون لە پاڵ وێنەی چاودێری و تێڕوانین لە کارخانەکاندا، بەرەو دیادەیەکی چەند کایەن، ئۆتۆماتیک و خودموختار گۆڕانی بەسەردا هات یان تاڕادەیەک ئەم جۆرە تایبەتمەندیانەی بەدەستهێنا. هەڵبەتە تاکەکان دەسەڵاتیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام ڕێکخستنی دەسەڵات بوو کە دەبووە هۆی جێبەجێکردنی. مەبەستی ئەم وتەیە “چاودێرەکان بێ ڕاوەستان چاودێرییان دەکرد” ئەوە بوو کە لە سەرەتای قۆناغی بەپیشەسازی بوونەوە دەسەڵات و کارایی لەناو یەک سیستەمدا لێکگرێدران و فەزا و بەرهەمهێنان بەهۆی زانستی چاودێری و تێڕوانین لێکبەستران.  ئەم سیستەمە دیسپلینییە پێویستی بە پێوەرێک هەبوو کە یەکێتیی بە کاروکردەوەکانی دەبەخشی و سزا وەبەرچاوگیراوەکان بەشێوەیەکی یەکجا زۆر ورد و دیار دەستنیشان بکات. ئەم پێوەرە بریتی بوو لە سزای نۆرماڵسازی فوکۆ ئەم جۆرە سزادانە وەکو جۆرێک سزای بچووک وەسف دەکات کە بەهۆی ئەوەوە بەشێکی زۆری ژیان کە هێندەش گرنگ نەبوون تاوەکو لە ڕێوشوێنە یاسایەکاندا ئاماژەیان پێ بکرێت، ئێستا بەهۆی دەسەڵاتەوە داگیردەکرێن. دەتوانین باسی وردە سزای تایبەت بکات (دواکەوتن، ئامادەنەبوون، لە کاتی ئەرکدا پشوودان)ـی چالاکیی (سەرنجنەدان، کەمتەرخەمی، بێتاقەتی)ـی هەڵسوکەوت (بێڕێزی، گوێڕایەڵنەبوون)، لە ئاخاوتندا (زۆر گوتن، بێدەنگ نەبوون)، لە جەستەدا (جووڵەی ناڕاست، ژێستی هەڵە، پیسوپۆخڵی) و لە سێکسواڵیتەشدا (پیسێتی، بەڕەڵایی) بکەین.” لە ڕێگەی دیاریکردنی وردترین لایەنی هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانەوە، دەکرا هەموو شتێک بەشێوەیەکی ماتەوزەییانە دەبوون بە سزادان. ئەو کەسەی خۆی نەدەگونجاند و خودموختار تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی کاتەکیش گوێی بە پێوەرە باوەکان نەدابوایە، دەکرایە بابەتی جێگەی سەرنجی دیسپلینی.

ئیدی هەڵسوکەوتی تاکەکان بەسەر باش و خراپ دابەشدەکرا، لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا [باشە و خراپە] کۆمەڵێک قۆناغی هێرارشی بوونی هەبوو کە دەکرا بناسرێت و زانیاری لەسەر وەربگیرێت. بەمجۆرە هەموو سەرپێچی و هەڵەیەکی بچووک لە ڕووی چەندییەوە هەڵدەسەنگێنرا و پلەبەندی دەکرا. لە ئاکامدا وێنای شتێکی وەکو ژمێریای سزایی مومکین بوو. بەسوود وەرگرتن لەم جۆرە شێوازانەی بەش بەشکردنی چەندی، دەرفەتی دروستکردنی دۆسیەی بابەتی سەبارەت بە هەموو تاکێک قابیلی وێناکردن بوو. لەم ڕووەوە (دیسپلین لەگەڵ هەڵسەنگاندنی وردی کردەوەکان، لەڕاستیدا لەهەمبەر تاەکانەوە حکوم دەدات؛ ئەو سزایەی پیادەدەکرێت لەنێو بازنەی مەعریفە لەبارەی تاکەکانەوە تێکەڵ دەکرێت.” بەم چەشنە زنجیرەی پلەوپایەیەکی بابەتی بۆ وێناشیان بوو کە بەهۆی ئەوەوە دابەشکردنی تاکەکان پاساوی بۆ دەهێندرایەوە و لێهاتووتر دەکرا. کاریگەریی سزای بەنۆرماڵکردنی تاکەکان ئاڵۆزە. ئەم سزایە لە پرەنسیپی بەرایی لە پانتایی یەکسانی ڕواڵەتی نێوان تاکەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. هەر ئەمە بۆ خۆی وەکیەکی و هاوتای لێ دەکەوێتەوە کە پرەنسیپی یەکڕەگی لەگەڵ جەماعەت (لەوەوە وەرگیراوە، بەڵام پاش ئەوەی دەزگای دیسپلین بە جووڵە بکەوێت، جیاکردنەوە و گۆشەگیرکردن زۆر بە وردی ئەنجامدەدرێت کە بەشێوەیەکی بابەتی تاکەکان لەیەکتر جیادەکاتەوە و لەنێو زنجیرەی پلەوپایەکان شوێنیان دەکاتەوە.

ئەو شێوازەی کە چاودێری و تێڕوانین لەگەڵ سزای بەنۆرماڵکردن لێکگرێدەدات، شێوازی ناسراوی ئەزموونە. لە ڕێوڕەسمی ئەزمووندا فۆڕمی نوێی دەسەڵات و فۆڕمی نوێی مەعریفە کە (هەردووکیان مەیلیان بەرەو ڕووی تاکەکان هەیە) لە یەک تەکنیکدا لەگەڵ یەکتری کۆدەکرێنەوە. ئەزموون لە ماهیەتی خۆیدا، کۆتکردنی ئەو کەسانەی کە وەکو ئۆبێکت سەیرکراون و بابەتسازی ئەو کەسانەی کە کۆتکراون، ئاشکرا دەکات.” ئەمە دەتوانێت لانیکەم لە ڕووی بۆچوونەوە گۆڕانکاریی یارمەتیدەر بێت. بۆ نموونە دەتوانین حاڵەتی نەخۆشخانە بێنینەوە بەرچاوی خۆمان. لە سەدەی حەڤدەهەم، پزیشک سەردانی نەخۆشخانەی دەکرد، بەڵام هێندە خۆی لە بەڕێوبردندا هەڵنەدەقورتاند، بەڵام ئەو بەهۆی ماهیەتی ئەو جۆرە مەعریفەیەی کە بەدوایدا دەگەڕا و هەروەها بەهۆی ئەو شێوازانەی کەی لەپێناو بەدەستهێنانی ئەم مەعریفەیە بەکاری دەهێنا، وردە وردە کەوتە مەوقیفی گیرۆدەبوون و خۆتێهەڵقورتاندنێکی ڕوو لە زیاد. هێدی هێدی کە نەخۆشخانە وەکو ناوەندێکی پەروەردە و مەعریفەی تاقیکاری و ئەزموونی لێهات، پزیشک ڕۆڵێکی زیاتری لە کاروبارەکانیدا پەیدا کرد؛ ژمارەی یارمەتیدەرەکانی زیاتربوون؛ تەنانەت شکڵی نەخۆشخانەش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتم بۆ ئەوەی ڤیزیت و موعایەنەکانی پزیشک کە بووبوو بە تەوەری سەرەکیی ئیدارەی کاروباری نەخۆشخانە، بەئاسانی ئەنجام بدرێت. هەروەکو فوکۆ خۆی لە کتێبی “لەدایکبوونی نۆرینگە” بەچەشنێکی ڕازیکەر پیشانی داوە کە نەخۆشخانەی تەواو بەدیسپلینکراو بەشێوەیەکی هاوتای ماددی مەعریفەی پزیشکی سەریهەڵدا. ئەم جۆرە گۆڕانکارییە نەبێت مەترسیبوون و نەکەمبایەخ. گرنگی موعایەنە لە نەخۆشخانەکان و لە سەرجەم دەزگاکانی تردا بە پلەی یەکەم لە پڕۆسەی پێچەوانەسازیەکی جوان و ناسکم بەڵام گرینگەوە سەرچاوەی دەگرت. دەسەڵات لە شکڵە تەقلیدییەکەی خۆیدا، وەکو دەسەڵاتی پاشا، دەتوانینین بیبینین، لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەوێت و بەردەوام نمایش دەکرێت. لێرەدا جەماوەر دوور لە دیدە قەراردەگرن و تەنیا لە پەراوێزی تیشکی درەخشانی دەسەڵاتی میردا دەردەکەون. دەسەڵاتی دیسپلینی  ئەم پەیوەندییە پێچەوانە دەکاتەوە. لێرەدا دەسەڵات بۆ خۆی بەدوای نادیاریدا دەکەوێت و بەپیچەوانەوە، بابەتەکانی دەسەڵات کە دەسەڵات لەسەریان کار دەکات، زۆر بە باشی دەبینرێن. هەر ئەم واقیعەتەی چاودێری و بینراویە بەردەوام و هەمیشەییە کە ڕازی تەکنەلۆژی دیسپلینی پێکدەهێنێت. “لەم بۆشایی دەسەڵات و زاڵبووندا، دەسەڵاتی دیسپلینی، توانای خۆی هەر لە بنەڕەتدا لە ڕێگەی نەزم و ڕێکوپێکخستنی شتەکان ئاشکرا دەکات. ئەزموون هەروەک دەڵێن ڕێوڕەسم و پەیڕەوی ئەم چەشنە بە بابەت بوونەیە.” لە ڕێگەی ئەمجۆرە پێچەوانەسازییەی لە بۆ بینینیشیاندایە کە ئێستا دەسەڵات کار دەکات.

دووەم، ئەزموون لەڕێگەی کۆکردنەوەی دۆسییەکان، هەموو تاکێک بۆ حاڵەتێک بۆ خوێندنەوە دەگۆڕێت. لە ڕوانگەی فوکۆوە ئەمە بەگۆڕانکارییەکی مەزن دەژمێردرێت. پێشووتر شتە لاوەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە و بەسەرهاتەکانی تاک، نەدەچووە ناو تۆڕی سیستەمی حقوقی و هیچ جۆرە دۆسییەیەکی دیکەوە، بەڵام ئێستا ئەم شتە لاوەکیانە یەکجار زۆر گرنگیان پێدەدرێت. ئەوەی سەردەمێک هۆیەک بوو بۆ ڕێزلێنان لە قارەمانەکان، واتا ستایشکردن و بەرزنرخاندنی ژیانیان لە قاڵبی بابەتی نووسراو ئێستا پێچەوانە دەکرێتەوە، ئێستا کەم بایەخترەین چالاکی و بیروبۆچوونەکانی زۆر بە وردی تۆمار دەکرێن. بەم چەشنە ڕۆڵ و ئەرکی فەردیەتبەخشین گۆڕانی بەسەردا دێت. لە هەندێک ڕژێمی وەکو ڕژێمی دەرەبەگایەتیدا، فەردیەت بەشێوەیەکی زۆر لە لوتکەی سیستەمەکەدا دیاریکرابوو، هەرچەندە تاکەکە دەسەڵاتی زیاتری بەکارهێنابا زیاتر وەکو تاکێکی دیار و بەرچاو دەناسرا، ئەم فەردیەتە لە شانازییەکان، لە ئابڕوو و پلەوپایە و تەنانەت لە جۆری بەخاکسپاردنی تاکەکاندا خۆی دەردەخست. لەبەرامبەر ئەمەدا لە ڕژێمی دیسپلینی، فەردیەت، لە خوارەوە خۆدەنوێنی، لە ڕێگەی چاودێری و تێڕوانینێکی بەردەوامەوە، فەردیەت دەدرێ بە هەموو ئەو کەسانەی کە بوونەتە بابەت و کەوتوونەتە بەر کۆنتڕۆڵەوە. منداڵ نەخۆش و تاوانبار بەشێوەیەکی یەکجار زۆر زیاتر لە مرۆڤە بەتەمەنەکان، سەخڵەم و یاسا پارێزەکان، هەوڵی ناسینیان دەدرێت. بەم چەشنە دۆسییە شوێنی حەماسە دەگرێتەوە. ئێستا نە تەنیا دەسەڵات تاکێتی دێنێتە ناو بواری چاودێرییەوە، بەڵکوو ئەم تاکێتییە بابەتییە، لە نووسین و بەڵگەنامەکاندا تۆمار دەکات، ڕێکخراوی پانوبەرین و پڕ لە وردەکاری بەڵگەنامە و بڕوانامەکان دەبێتە یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی گەشە و بەرفراوانبوونی دەسەڵات. دۆسییەکان ئەم تاکە بۆ کاربەدەستە حکومییەکان دەڕەخسێنن کە سیستەمێکی نیشانەگوزاریی ئۆبێکتی دابمەزرێنن.

هەر ئەم کەڵەکەبوونەی بەڵگەنامە و بڕوانامە تاکەکەسیان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک “پێوانی دیاردە گشتییەکان، وەسفکردنی گرووپ و واقیعەتە بە کۆمەڵەکان، موحاسەبەی دووریی نێوان تاکەکان و شێوازی دابەشبوونیان لەنێوان دانیشتوان دەلوێنێ.” تاکی مۆدێرن، بەشێوەی بابەتێکی بەش بەشکراو و تۆمارکراوم دەسکەوتێکی مێژووییە. هیچ تاکێکی گشتی و عام و نامێژویی بوونی نییە کە دەسەڵات لەسەری چالاکی و توێژینەوەکانی خۆی جێبەجێ کردبێت، بڵکوو ئەم تاکە بەرهەم و بابەتی ئاوێتەبوون و تێکەڵبوونێکی تایبەتی دەسەڵات و مەعریفەیە تاک بەروبوومی گۆڕانکاریی ستراتیژییەکی ئاڵۆزە لە پانتایی دەسەڵات و ئاڵوگۆڕێکی زۆر و زەوەندە لە زانستە مرۆڤایەتییەکاندا. لەگەڵ سەرهەڵدانی زانستی دەرمانی هەنگاوێکی سەرەکی بەرەو دروستبوونی زانستی مرۆڤ بەمانا سەردەمییەکەی هاوێشترا. کۆکردنەوەی زانیاری و کۆپیکردنی دۆسیەکان و بەرفراوانبوونی بەردەوامی پانتاییە نوێیەکانی توێژینەوە بەم چەشنە پانوبەرینە، هاوکات و هاوڕێ لەگەڵ پاکژکردن و برەوپێدانی دیسپلینییە پێویستەکان لە پێناوی چاودێری و پارچەکردنی جەستەی مرۆڤ، ئەنجامدەدرا بۆ ئەوەی جەستەی ئادەمیزاد بکەوێتە ژێر دەستکاری و کۆنتڕۆڵکردنی زۆرترەوە. لە ڕوانگەی فوکۆوە سەرهەڵدانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانکارییەکی پڕ شانازی نییە “زانستی مرۆڤ… لەوانەیە لە هەناوی… ئەرشیفە شەرمهێنەرەکاندا لەدایکبووبێت، واتا ڕێک لەو شوێنەی کە پیادەکردنی زۆرەملێ و ناچار بەشێوە مۆدێرنەکەی بەسەر پەیکەر و جوڵە و ڕەفتاری مرۆڤدا دەستی پێکرد.”

فوکۆ سووربوو لەسەر ئەوەی کە خود-پێناسەی زانستە مرۆییەکان وەکو لێکۆڵینەوەی “دیسپلین”ـە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ فراوانبوونی تەکنۆلۆژیای دیسپلینیدا هەیە. زانستە کۆمەڵایەتییەکان (سایکۆلۆجی، دیمۆگرافی، ئامارەکان، تاوانناسی …و هتد.) یەکەم جار لە دەزگا تایبەتییەکانی دەسەڵاتدا (نەخۆشخانەکان، زیندانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان) جێگیربوون و کە تیایدا ڕۆڵیان بوو بە پسپۆڕی. ئەم دەزگایانە پێویستیان بە پێناسەکردنەوە و گوتارەکانی کارکردنی و پراکتیکییەکان هەبوو. ئەم گوتارانە، زڕەزانست pseudo-scinece، دیسپلینە زانستە کۆمەڵایەتییەکان گەشەیان بە ڕێسای بەڵگەکانی خۆیان دا، بەڵام ئەم کارەیان لە کۆنتێکستێکی فراوانتری تەکنەلۆژیای دیسپلینیدا ئەنجام دا.

ئەمە بەو واتایە نایەت کە زانستەکانی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی زیندانە، بەڵکوو تەنیا ئەوەیە کە ئەم زانستانە لە ماترێکسێکی مێژوویی هاوبەش لەگەڵ زینداندا سەریان هەڵدا و خۆیان لە تەکنۆلۆژییەکانی دەسەڵات/ مەعریفە کە زیندانیان بەرهەمهێناوە، دانەبڕیووە. تەکنەلۆژیای دیسپلینی دەسەڵات بۆ بەرهەمهێنانی جەستەی ملکەچ و بەسوود “داوای تەکنیکێکی پێکەوەبەستنی ملکەچی و ئۆبێکتبوونی مرۆڤ دەکەن… تۆڕی زیندان یەکێک لە بزوێنەرەکانی ئەم دەسەڵات/ مەعریفەیە پێکدەهێنێت کە زانستە مرۆڤایەتییەکانی لە ڕووی مێژووییەوە بەرجەستە کردووە. مرۆڤی ئاگادار (لە هەر ڕوویەکەوە بێت: ڕوحی، تاکێتی، ویژدانی، ئاگایی).” کاریگەریی بە ئۆبێکتبوونە کە ئەم شیکردنەوانە [سەبارەت بە مرۆڤ] بەرهەم دەهێنێت.

سەرچاوە:

Hubert L. Dreyfus, Paul Rabinow, Michael Foucault – Michel Foucault_ Beyond Structuralism and Hermeneutics-University of Chicago Press (1983).pdf

http://library.lol/main/2153C8FA31DA83E930FAA6E0AA25B40C


[1] ئەم زیندانییە لە ساڵی ١٧٧٢ لە بەلجیکا بنیاتنرا کە بریتیبوو لە خانەیەکی چاکسازیی کار-بەندینخانە لە شاری گهێنتی بەلجیکا.

[2]  کواکێرەکان بزووتنەوەیەکی پڕۆتیستانتی مەسیحی بوون کە کە بڕوایان بە توانای هەموو مرۆڤێک هەبوو بتوانێت لەگەڵ خودا پەیوەندی ببەستێت و خودا لەناو هەموو تاکێکدا هەیە. بزووتنەوەکە بڕوایەکی پتەویان بە بەکارکردن هەبوو لەپێناو یەکسانی و ئاشتیدا.

[3] سیستەمێکی ڕێکخستنی ناو کارگەیە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم سەریهەڵداوە. لەم سیستەمەدا لەڕێگەی بە پسپۆڕیکردنی کارەوە کرێکارەکان دەیانتوانی خێراتر بەرهەم بهێنن و کاراتر ببن.

هاوشێوە