رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

جینالۆجیای تاکی مۆدێرن وەک ئۆبێکت

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هیوبێرت درەیفەس

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

بەشی یەکەم

لە کتێبی “دیسپلین و سزا” میشێل فوکۆ جینالۆجیی تاکی مۆدێرن لەڕێگەی پیشاندنی پێکداچوونی و پەیوەندیی نێوان تەکنۆلۆژیی دیسیپلینانە و زانستی کۆمەڵایەتی، مرۆڤی مۆدێرن وەک جەستەیەکی ملشۆڕ و بێدەنگ پیشان دەدات. وەک خۆی دەڵێت: “ئەم کتێبە مێژووی پەیوەندیی نێوان ڕوحی مۆدێرن و دەسەڵاتێکی نوێی حاکمیەتە؛ پیشاندانی جینالۆجیایەکی ئاڵۆزی زانست-یاسا کە دەسەڵات لە بنچینەوە دەیەوێت سزا بسەپێنێت، ڕێسا و یاساکانی دەسەڵات لەو جیانالۆجیی زانست-یاسایەوە ماسک دەپۆشێت.” زۆر بەڕوونی کتێبەکەی فوکۆ نزا و سروودێکی litany پێشکەوتن نییە [سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەی دەسەڵات]. بەڵکوو بیرهاتنەوەیەکی دڵتەنگانەیە سەبارەت بە گەشەی تەکنۆلۆژیی دیسیپلینی لەناو تۆڕێکی مێژووی مەزنی بایۆ-دەسەڵات bio-power. بۆ فوکۆ سەرهەڵدانی تاکی مۆدێرن و چەمکی کۆمەڵگە (بەو جۆرەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لێی تێگەیشتوون) پێکەوە بەستراونەتەوە و گەشەدەکەن. هەرچۆنێک بێت، ئەو چیرۆکەی فوکۆ دەیگێڕێتەوە وەک [چیرۆکەکەی دورکهایم سەبارەت بە کۆمەڵگە و مرۆڤی مۆدێرن] سەرکەوتنێکی زانستیی بەدەستنەهێنا لەناو کایەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی زیادبوونی سەربەخۆیی تاک و ئۆبێکتیڤیتەی کۆمەڵایەتی. بەڵکوو ڕێگەکەی فوکۆ تەواو ڕێگەیەکی جیاوازە. فوکۆ سەبارەت بە سەرهەڵدانی ئۆبێکتیڤی زانستی کۆمەڵایەتی – ئەو زانستەی کە فاکتە کۆمەڵایەتییەکان وەک شت thing وەردەگرێت – و “هاوخەباتی بێدەنگ”ـی تاکی مۆدێرن دەنووسێت و بۆئەوەی ئەوە پیشان بدات کە هەردوو گەشەکردنەکە [تاکی مۆدێرن و کۆمەڵگە] ئەو شتەیە کە ئەو ناوی ئامراز-کاریگەری فۆڕمە دیاریکراوە مێژووییەکانی دەسەڵاتن.

فوکۆ لە کتێبی “دیسپلین و سزا”  پێیوایە نابێت سزا و زیندان وەک میکانیزمێکی چەپاندنی پەتی ببینین، بەڵکوو وەک کارکردێکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی سەیری بکەین. نابێت سزادان وەک بابەتێکی داوەرانەی پەتی یاخود ڕەنگدانەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان یاخود وەک دیاریکردنی ڕوحی سەردەم ببینین. بەڵکوو، نزیبوونەوەی فوکۆ لە [ئایدیای] زیندان، ناسینی ڕێگەیەکی دروستبوونی گەشەی تەکنیکی دەسەڵاتێکی تایبەتی لەخۆ دەگرێت. سزادان وەک یاسا [بابەتێکی] سیاسییە؛ زۆر گرنگە ئەم خاڵە ڕوونبکرێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی ناونیشانی دوومی کتێبی “دیسپلین و سزا” بریتییە لە “لەدایکبوونی زیندانی مۆدێرن”، بەڵام لە ڕاستیدا بابەتی لێکۆڵینەوەکەی کتێبەکەی فوکۆ خودی زیندان نییە، بەڵکوو تەکەنەلۆژیی دیسپلییە. فوکۆ زۆر بەڕوونی لە وەڵامدانەوەی ڕەخنەگرە مێژووناسە فەڕەنسییەکانیدا دەڵێت:

“بابەتی [کتێبی] ‘لەدایکبوونی زیندان’ چییە؟ سەردەمێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەی فەڕەنسی؟ نەخێر. تاوانکاریی سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم؟ نەخیر. زیندانەکانی فەڕەنسا لەنێوان ساڵانی ١٧٦٠ و ١٨٤٠؟ دیسان نەخێر.  بەڵکوو شتێکی تەنک tenuous لەم کتێبەدا هەیە؛ تایپەکانی ئاماروەرگرتن، ئەو “مەودا”ـیەی لە زینداندا دروست دەکرا. بەکورتی من بەشێک لە مێژووی ‘تەمبێکردنی عەقڵ’ دەنووسمەوە.”

بابەتی لێکۆڵینەوەکەی فوکۆ بریتییە لە بەئۆبێکتکردنی پڕاکتیزی کولتوورەکەمان وەک تەکەنەلۆژییەکی تایبەت.

ئەو گەشە ستراتیژییە فراوانەی کە فوکۆ شیی دەکاتەوە لەمەدا کورتدەکرێتەوە: “تەکنەلۆژیای دەسەڵات وەک پرەنسیپی هەردوو بەمرۆڤکردنی سیستەمی سزایی و مەعریفەی مرۆیی ببینین.” لەم ستراتیژییەدا، جەستە ئامانجی سەرەکییە. کەواتە [وەک] فوکۆ شیی دەکاتەوە: “تەکنەلۆژیایەکی سیاسیی جەستە دەکرێت وەک مێژوویەکی هاوبەشی پەیوەندیی دەسەڵات و پەیوەندیی ئۆبێکت بخوێندرێتەوە.” بێگومان ئەم پەیوەندیانە زۆر ئاڵۆزن. بەرهەمهێنانی هەردووکیانە، بەستەری مێژووی هەردووکیانە، جینالۆجیای هەردووکیانە کە فوکۆ لە کتێبی دیسپلین و سزادا باسی دەکات.

فوکۆ بۆ بەکارهێنانی وەسفکردنی ڕوانگەی خۆرئاوا سەبارەت بە خودی دیسپلین، زیندان وەک فیگەرێکی بنەمایی بەکاردەهێنێت [واتا لەڕێگەی مێژوو و تێڕوانین لە زیندان لە کۆمەڵگەی خۆرئاواییدا، فوکۆ هەوڵدەدات دووبارە پرسی دیسپلین بخوێنێتەوە]. باشترین ڕێگە بۆ پوختەکردنەوەی ئایدیای مێژووی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی ئۆبێکت بریتییە لە سێ شێوەی سزادان کە فوکۆ [وەک نموونە] دەمانداتێت. ئەو سێ شێوازەش بریتین لە: یەکەم؛ ئەشکەنجە وەک چەکێکی فەرمانڕەوا. دووەم؛ پیشاندانێکی دروست وەک خەونێکی ڕیفۆرمیستێکی هیومانیست لە چاخی کلاسیک. سێیەم؛ زیندان و ئاساییکردنەوەی چاودێری surveillance وەک بەرجەستەکردنی تەکنەلۆجیی دیسپلینیی دەسەڵاتی مۆدێرن. لە هەر یەکێک لەو بارودۆخانەدا، تایپەکانی سزادان دەربڕی مامەڵەی کۆمەڵگەیە لەگەڵ تاوانباران وەک “ئۆبێکتێک” و دەبێت [ئەو ئۆبێکت-تاوانبارانە دووبارە] ڕێکبخرێنەوە. لە هەرسێکیاندا ئامانجی سەرەکی گۆڕینی هاوسەنگیی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە لە هەموو کۆمەڵگەدا، لەکاتێکدا ئامانجە لاوەکییەکە، بەڵام پەیوەندیدارەکە – لانیکەم لە شێوازی دووەم و سێیەمدا- گۆڕینی transformation تاوانبارە. با تاکتیک و ئامانجەکانی هەر سێ فۆڕمی سزادانەکە لێرەدا کورتبکەینەوە.

سێ شێوازەکەی سزادان

ئەشکەنجەی فەرمانڕەوا

یەکەم شێوەی سزادان لەڕێگەی دەسەڵاتەوە، ئەشکەنجەدان دەبێتە پارادایمی فۆڕمی سزادان. فوکۆ دەپرسێت بۆچی لە تاوانباریان دەدا، دەیانخنکاند و پەلوپۆیان دەبڕییەوە، لە ڕۆنی هەڵقرچاودا دەیناکوڵاندن و پارچە پارچەیان دەکردن؟ بۆچی لە ساتی پێش مەرگیان ناچار دەکران لەبەردەم “خەڵک”ـدا و لەناو شوێنە گشتییەکاندا ددان بە تاوانەکەیان بنێن؟

ئەم جۆرە لە ئەشکەنجەدانە لە شوێنە گشتییەکاندا بووبووە سرووتێکی سیاسی. وا دادەنرا کە یاسا نوێنەری ویست و ئیرادەی دەسەڵاتە؛ ئەوەی یاساشکێنیی بکردایە دەبوایە وەڵامی تووڕەیی پاشا بداتەوە. یاساشکێنی وەک ئاکتێکی جەنگ، وەک هێرشێکی توندوتیژانە بۆسەر جەستەی پاشا دەبینرا؛ هەربۆیە دەبێت دەسەڵاتیش بەو شێوازە وەڵامی بداتەوە. بەدەقیقی، دەبێت دەسەڵات و پاشا بە هێزێکی زیاترەوە وڵامدەرەوەی بن؛ دەبوایە هێز و شکۆی دەسەڵات کە پاڵپشتیی یاسا بوو، وەک شتێکی نایاب پیشانی بدەن. لەم سرووتە توندوتیژانەیەدا، تاوانبار، بۆ پیشاندانی دەسەڵاتی پاشا، هێرشی جەستەیی دەکرایە سەر، لێیدەدرا و پارچەپارچە دەکرا dismembered. بەمجۆرە دەسەڵات و لایەنگریی یاسا بەرقەرار دەبوویەوە و لادانەکان ڕاستدەکرانەوە.

ئەم دەسەڵاتە زیادەڕەوە فۆڕمەکەی خۆی لە سرووتێکی بێ بەزەییدا دۆزییەوە. بەڵام هەمان سرووت سنووری خۆی هەبوو: “ئەو جەستەیەی لەناودەبردرا و دەکرا بە تۆز و دەم با دەکرا، ئەو جەستەیەی لەلایەن دەسەڵاتی ناکۆتای پاشا لەتلەت دەکرا، بۆ [پاشا و دەسەڵات] نەک هەر بەتەنها ئایدیاڵێک، بەڵکوو سنوورێکی ڕاستەقینەی سزادانیشی دروست دەکرد.” ئەوەش بۆخۆی جەنگێک بوو، ململانێیەکی بەسرووتکراو ritualized لەنێوان هەردوو خەڵكەکەدا. بیگومان لەم جەنگەدا دەسەڵات سەردەکەوت، بەڵام هاوکات جەستەی پارچەپارچەی قوربانییەکە لەڕێگەی دەرخستنی دەسەڵاتی پاشاوە تۆڵەی خۆی دەکردەوە. سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی پاشا گشتگیر بوو، بەڵام هەموو جارێک یاسا پێشێل دەکرا، هەرجارێک دژایەتیی دەسەڵاتەکەی بکرابایە دەبوایە دیسان یاسا و پیادەکردنی یاساوڕێساکان نوێبکرێنەوە. ئەگەر ئەم نمایشەی دەسەڵاتی تووشی نشووستی و نائومێدی بووبووایە، نمایشی دەسەڵات لە ئاستێکی پڕشکۆتردا وەکو پێویستی خۆی دەنواند بۆ ئەوەی دەسەڵات و هەیبەتی پاشا سەرلەنوێ بەدەستبهێنێتەوە.

هەرچەندە کۆتا ئاکتی نمایشی سزادان بەمجۆرە بوو: “کەرنەڤاڵی دڕندەیی” بەڵام هەندێک پڕۆسێسی فۆڕماڵی یاسایی ئەم شانۆ و نمایشەیان تەواو کامڵ دەکرد. گەڵاڵەی تۆمەت و پەیڕەو و ڕێسای تاووتێکردنی تۆمەتەکان، بەشێوەیەکی ڕەها مافی کاربەدەستە پەیوەندیدارەکان بوو. ئەمانە سیستەمێکی دادوەریی یەکجار تۆکمە و پڕ لە وردەکارییان جێبەجێ دەکرد و داوای هەندێک شاهێد و بەڵگەیان دەکرد کە تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی لێرەدا بە پێویست نازانین. ئەو خاڵەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە کەسە تۆمەتبارەکە بەتەواوەتی لە ڕەوتی ئەم دانوستان و تاووتێکردنانە کە بەشێوەیەکی نهێنی و مەحرەمانە ئەنجام دەدرا، دوور بوو. “لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی سزایی ئامێرێک بوو کە ڕەنگە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی حەقیقەت لە غیابی تۆمەتبار و تاوانبارەکەدا. کە بەشێوەیەکی نووسراو، نهێنی، ملکەچکراو لەژێر ڕێسا تۆکمە و ورددا ئەنجام دەدرا بۆ ئەوەی شاهید و بەڵگەی جێگەی مەبەستی خۆی بەدەست بهێنێت.”

 کاتێک یاسا خۆی لەبەرامبەر حەقیقەتی تۆمەتەکاندا قایل دەکرد، بەشێوەیەکی لۆجیکانە دەیتوانی هەر لەم خاڵەدا پڕۆسەی بابەتەکە ڕابگرێت، هەرچۆنێک بێت، یاسا داوای وەرگرتنی ددانپێدانەکانی دەکرد. “ددادپێدانان وەکو ئاکتێکی مرۆڤی تاوانبار، سوبێکتێکی بەرپرسیار و قسەکەر، تەواوکەری لێپێچینەوەی نووسراو، نهێنیی سەرەتایی لێکۆڵینەوە بوو.” ددانپێدانان لەڕێگەی سرووتی گشتی ئەشکەنجەوە وەردەگیرا. فوکۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەشکەنجە ئاکتێکی جڵەونەکراوی ئاژەڵانە نییە، بەڵکوو تەواو بەپیچەوانەوە ئامانجەکەی دروستکردنی دەرد و ئازارە بەشێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو و ڕێکوپێک لەسەر جەستە، هەندێک شێوازی بەربڵاو بۆ پێوان و چاودێریی وردتری کردەی ئازاردان هەبوو. “ئەشکەنجە لەسەر بنەمای چەندایەتی گشتیی هونەری ئازار و ژان دامەزراوە… ئەشکەنجە-مەرگ، هونەری پاراستنی ژیانە لە هەناوی ژان و ئازاردا و ئەم کارە لەڕێگەی پارچەپارچەکردنی مەرگ بەسەر ‘هەزاران-مەرگ’ـدا و بەهۆی پێکهێنانی دڕندانەترین ئەشکەنجەی بەر لە مەردن ئەنجام دەدا.” سەرهەڵدانی ئەم هونەرە یەکجار زۆر ورد و ڕێکوپێکە، ڕاستەوخۆی پەیوەندیی بە یاساکانەوە هەبووە. جۆرە تایبەتەکانی تاوان پێویستیان بە پلەی تایبەتی ئەشکەنجە هەبووە؛ دەبوایە ژان و ئازاری جەستەیی لەگەڵ تاوانە ئەنجامدراوەکەدا بگونجابایە. سەرئەنجام دەتوانین بڵێین ئەشکەنجە سرووتێکی یاساییش بوو. دەبوایە سزای قوربانییەکە لەسەر جەستەی هەڵبکۆڵرێت.

 بەڵام ئەوە بەتەنیا دەسەڵاتی پاشا نەبوو کە لە قاڵبی سرووت و ڕێوڕەسمدا خۆی دەنواند، بە ڕواڵەت ڕاستیی تۆمەتەکە بەهۆی ئەو ئەشکەنجەیەی کە ددانپێدانانەکەی لێ دەکەوتەوە، دەسەلمێندرا. تا بەر لە سەدەی هەژدەهەم پێکهێنان و خستنەڕووی حەقیقەت بەم جۆرە، لە شێوەی سرووتێکی شکۆدار و تۆکمەوە بەرجەستە دەکرا. تاوانبار هەر لەو کاتەدا کە ئەشکەنجە دەدرا، ددانی بە هەمووشتێکدا دەنا. هەر لەو کاتەدا کە دەسەڵاتی یاسا لەسەر جەستەی وێنە دەکرا، ناچار دەکرا حەقیقەتی دادپەروەرانەبوونی ئەشکەنجە و هەروەها حەقیقەتی تۆمەتەکان پەسەند بکات. لووتکەی ئەم سرووت و ڕێوڕەسمە، واتا لەسێدارەدان، لەهەمان کاتدا لووتکەی لێپێچینەوە و دادگایی کردنیش بوو: لێرەدا حەقیقەت و دەسەڵات ئاوێتەی یەکتر بوون.

بەکورتی سزای ئەشکەنجەدان کۆمەڵەیەکی ئاڵۆزی لە دەسەڵات، حەقیقەت و پەیکەرە جەستییەکان لەدەوری یەکتر کۆدەکردەوە. دڕندەیی ئەشکەنجەدان بەواتای جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵاتە بوو کە حەقیقەتیشی ئاشکرا دەکرد. جێبەجێکردنی ئەشکەنجە لەسەر جەستەی تاوانبار هەم هونەر و هەم کردەیەکی تۆڵەسەندنەوانە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی پاشا لە هەر کەم لەم ڕووگانەدا، بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ پیادە دەکرا. شوێنی پیادەکردنی ئەشکەنجە واتە جەستە و شوێنی گشتیی جێبەجێکردنەکە دەبوایە لەگەڵ هەموو پێشێلکردنێکی دەسەڵاتێکدا سەرلەنوێ وەک تەماشاگەیەک خۆی بنوێنێت. سرووتی دداننان بە حەقیقەتدا کە هاوڕێی جێبەجێکردنی دەسەڵات و تەواوکەری بوو، زیانیشی پێدەکەوت. خەسڵەتی تایبەتی تەکنیک و شوێنی جێبەجێکردنی، بەسەرهاتی بوونی جۆرێکی تایبەت لە بەرگریکردنی دەگێڕایەوە. لەو دەسەڵاتەی کە لە قاڵبی ئەشکەنجەدا پیادە دەکرا، بەرگری و دەسەڵات هەردووکیان پشتیان بەو ئامادەبووانە دەبەست کە دیمەنی دڕندانەی ئەشکەنجەیان سەیر دەکرد، بەبێ ئامادەبوونی کۆمەڵە خەڵکێکم هەموو مانا و مەفهوومی سرووتی ئەشکەنجە هەڵدەوەشایەوە و پووچەڵ دەبوویەوە. بەمجۆرە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەربڵاو لە ڕێوڕەسمی دەسەڵاتدا خاوەنی دوو ڕەهەند بوو. پێکهێنانی ترس و تۆقاندن ئامانجی سەرەکیی ئەشکەنجەدان بوو، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردنی ئەشکەنجە لە شوێنە گشتییەکاندا هەندێک دژایەتیی و ڕاپەڕینیش سەریان هەڵدەدا. ئەگەر لەسێدارەدانی تاوانبارەکە نادادپەروەرانە لەقەڵەم بدرابوویە – جا بەهۆی بەڵگەی پەیوەندیدار بە تۆمەتەکانی تاوانبارەکە یاخود بەهۆی شێوازی لەسێدارەدانەکە) ئەگەری ئەوە هەبوو جەماوەری خەڵک تاوانبارەکە ئازاد بکەن و وایان لە کاربەدەستەکان دەکرد ڕابکەن. تاوانبار لەکاتی کردەی ددانپێداناندا بەزۆری هەلی دەقۆزتەوە و خۆی بەبێ گوناح دادەنا و کاربەدەستە دەوڵەتییەکانی تاوانبار دەکرد. بەکورتی لەمجۆرە ڕێوڕەسمەی مایشی دڕندەیی و وەحشیگەرییەدا “بەردەوام ڕەگەزێکی جەژن و شادی بوونی هەبوو کە تێیدا ڕێسا و یاساکان دەوەستان، دەسەڵاتی دەوڵەتی گاڵەتی پێدەکرا و تاوانباران دەبوون بە پاڵەوان.” شوێنی جێبەجێکردنی دەسەڵات ئەگەری هەبوو زۆر بەئاسانی بگۆڕێت بۆ شوێنی ڕوودانی پشێوی و ئاڵۆزی و تەنانەت ڕاپەڕینیش.

ئەم جۆرە بەرگرییە لە شێوەی “دوا قسەی پێش مردن death speeches” خۆی بەرجەستە دەکات. لەم جۆرە قسە کینەڤین و کونجوکۆڵانەدا، یان ئەوەتا تۆبەی تاوانبار بوو یان شکۆمەندیی تاوانەکە ڕەهەندێکی جۆشوخرۆشی وەردەگرێت. لە هەر کام لەم حاڵەتانەدا، فوکۆ لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە ستایشکردنی تاوانبارەکە نە دەربڕینێکی سادەی جەماوەری و نە ‘وانەیەکی مۆڕاڵیی بوو لەسەرەوە’، بەڵکوو دەبێت وەک “جۆرە گۆڕەپانێکی ململانێ لەسەر تاوان، سزا و یادەوەرییەکەی تێیبگەین.” ئاشکرایە کە ئەم جۆرە وتار و خوێندنەوە سەریوسەمەرانە بۆ “ستایشکردنی تاوانبارەکە” لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتییەوە تەحەموول دەکرا ئەگەر نا دەیانتوانی پێشی لێ بگرن. ئەو دروشم و وتارانەی کە لەکاتی بە خاکسپاردن و لەگۆڕناندا دەخوێنرایەوە، پانتاییەکی بۆ دەسەڵات و بەرگری دیاری دەکرد؛ هەم دادپەروەری و هەم پیشێلکردنەکەی لەم وتارانەدا ستایشی دەکرا و بە بەرز دەنرخێندرا. فوکۆ  لەسەر ئەو بڕوایەیە کە دەسەڵات وەکو یەکێک لە هەلومەرجە سەرەکییەکانی پیادە و جێبەجێکردنی خۆی پێویستی بە بەرگری هەیە. لە ڕێگەری سەرهەڵدانی خاڵەکانی بەرگرییەوەیە کە دەسەڵات بە سەرانسەری پانتایی کۆمەڵایەتیدا بڵاودەبێتەوە،  بەڵام بێگومان بەرگری، دەسەڵاتیش دەشێوێنێت. بەرگری هەم یەکێکە لە فاکتەرەکانی کاروکردەوەی دەسەڵات و هەم یەکێکە لە فاکتەرەکانی پشێویی و بێ سیستەمیی هەمیشەیی دەسەڵات. لەم ئاستەی گەشتەییتدا. فوکۆ تەنیا هەندێک بابەتی فیکروروژێن دێنێتە بەرباس. هەرچەندە بەڵگە خوازییەکانی بێگومان قایلکەرن، بەڵام ئەو نموونە و شاهێدانەی بۆ پشتیوانی لە تیۆریی گشتی لەسەر دەسڵاتەوە لە مێژوو وەریان دەگرێت بەس نییە. لەگەڵ ئەوەی فوکۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەوڵی نەداوە تیۆرییەکی لەو شێوەی دروست بکات،  بەڵام ئەوانیتر زۆرکات پێیانوایە ئەو مەبەستی بووە تیۆرییەکی لەو شێوەیە دابڕێژێت و ئەو زۆر بەئاشکرا گرنگیی بە دەسەڵات داوە وەک بابەتێکی گشتی.

ڕیفۆرمی هیومانیست

لە ماوەی سەدەی هەژدەهەمدا گرووپێکی ڕیفۆرمخوازی هیومانیست گوتارێکی نوێیان هێنایە ئاراوە، کە تێیدا هێرشیان کردە سەر توندوتیژی زیادەڕەوانە، نمایشکردنی دەسەڵاتی پاشا و شکۆدارکردنی تۆڵەی بەکۆمەڵ و ئاژەوە. کۆمەڵێک لە چاودێرەکان تێبینیی ئەوەیان کرد کە لەسێدارەدان کەمتر دەبێتە هۆی ترس و جۆشوخرۆش وەک لەوەی کە بڕیار بوو ببێتە هۆی ترساندنی خەڵک. ڕیفۆرمخوازەکان بەناوی مرۆڤایەتییەوە ئیدانەی “لێخۆشبوون لەڕێگەی ئەشکەنجەوە” کرد و وەک ئاکتێکی دڕندانە پێویستە لەناوبچێت و وەکو زیادەڕەوییەکی ئاشکرا کە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و دابەشکردنی عەقڵانیتری دەسەڵات، پێویستە ڕابگیرێت. لەو ئیدانەکردنە و داواکاریانەی کە لە سەردەمی ڕوودانی شۆڕشی فەڕەنسی پێشکەشکراون لەلایەن نووسینگەی سەرۆک وەزیران کورت کرابوونەوە و نووسراوە: “با سزاکان یاسایی و دیاریکراو بن لەگەڵ تاوانەکانی کەسی تاوانبار، با سزای لەسێدارەدان تەنیا بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێندرێت کە تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە و با ئەو ئەشکەنجانەی مرۆڤایەتی یاخی دەکەن هەڵبوەشێننەوە.” لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم گوتارە ئێمە دەرکەوتنی لێکدانەوە و شیکارێکی نوێ بۆ سزادان دەبینین.

 ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکان داوای هەڵوەشانەوەی شانۆی توندوتیژییان theater of atrocity دەکرد. لە ڕوانگەی ئەوانەوە جەوهەری ئەم جۆرە ڕێوڕەسمە توندوتیژیی بوو – توندوتیژییەکی بێسنوور-، کە هەم دەسەڵات و هەم خەڵک تێیدا بەشداربوون. بەپێی ئارگومێنتی ڕیفۆرمخوازەکان “لەم توندوتیژییەدا… ستەمکاری ڕووبەڕووی یاخیبوون دەبێتەوە؛ هەر کامێک لە [توندوتیژی و بەرگری] پێکەوە دێن و بانگی یەکتر دەکەن… لەبری ئەوەی قسە لەسەر تۆڵەسەندەوە بکرێت، پێویستە تاوانباران بەشێوەیەکی دادپەروەرانە سزا بدرێن.” لەگەڵ ئەوەی زیادەڕەویی هەردوولا دەبێتە هۆی شکستی سیستەم کە بەشێوەیەکی کاریگەر کار بکات. دەسەڵاتی بەرچاو، بەڵام دەسەڵاتێکی شەخسی و ناڕێکی پاشا کە لە ڕێوڕەسمەکانیدا ئەوەی پیشان دەدات شکستیهێناوە لە ڕێگریکردن لە زیادبوونی تاوان. هەروەها توندوتیژییەکی زیادەڕەوانە و نایاساییش هەیە لەلایەن خەڵکەوە؛ سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ئاڵۆز، خەڵک ڕێگایەکیان بۆ خۆدزینەوە لەو یاسایانە دەدۆزییەوە. ئەمەش بەتایبەت کاتێک ڕاست بوو کاتێک تاوان پەیوەندیدار بوو بە خاوەندارێتی و بەتایبەتیش خاوەندارێتیی چینە بەرزەکەی کۆمەڵگەی هێرارشی. لە چاوی ڕیفۆرمخوازەکانەوە زیادەڕەویی و ناکامی لە هەموو ئاستەکانی سیستەمی کۆن دەبیندرا. هەربۆیە ئەوان داوای شێوازێکی نوێی سزادان بوون کە ئاوێتەیەک بێت لە نەرمی و کاراییەکی زیاتر.

 ئارگومێنتی تیۆریی سەرەکیی ئەوان لەسەر بنەمای تیۆریی (پەیمانی کۆمەڵایەتی) دامەزرابوو کە بەپێی ئەم تیۆرییە کۆمەڵگا لە تاکەکان دروست بووە کە پێکەوە و لەگەڵ یەکتر کۆبوونەتەوە و لەڕێگەی ڕێکخستنێکی کۆنتڕۆڵکراوەوە فۆڕمی کۆمەڵگەیان دروستکردووە. بەپێی ئەم ئارگومێنتە، تاوان وەکو هێرشێک بۆ سەر جەستەی پاشا سەیرنەدەکرا بەڵکوو تاوان بریتی بوو لە شکاندنی پەیمانێک کە کۆمەڵگە بەگشتی تێیدا دەبوو بە قوربانی [نەوەک تەنیا جەستەی پاشا]. کەواتە کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەبوو تاوانبار سزابدات، سزادان وەکو ئەرکی کۆمەڵگا دەژمێردرا. ستانداردی جێبەجێکردنی دادپەروەری ئیتر نە دەسەڵاتی پاشا بوو نە ئەو حەقیقەتەی لە ددانپێدانانەوە بەدەست دەهات، بەڵکوو ئەو ‘مرۆڤایەتییە’ بوو کە هەموو پارتەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی تێیدا هاوبەش بوون. بەو پێیە پێویستە سزادان هەموار بکرێتەوە و کەمتر بکرێتەوە چونکە لە هەر کام لە کردەوەکانی کەسی تاوانباردا تەنیا ئەو بۆ خۆی بەشدار نییە، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگە هاوبەش و بەشدارە. لێرەوە سنووری سزادان -و مەبەست و ئامانجەکەی- بریتییە لە هیومانتی و مرۆڤایەتیی هەر سوبێکتێک.

کەواتە دەبێت فۆڕمی نوێی سزادان هەم تاوانی ئەنجامدراو لەبەرامبەر تەواوی کۆمەڵگاوە سزا بدرێت و هەم پێویستە تاوانبار بۆ شوێنێکی گونجاو و بەسوودی خودی خۆی لە کۆمەڵگا بگەڕێندرێتەوە.  ئەم وەسفە نوێیە بۆ مرۆڤ پاڵپشتەکەی “تەکەنەلۆژیایی گشتیی نمایش”ـی (ناسنامەی مرۆڤ) بوو.  وەک پێشووتر باسمان کرد، نمایش لە سەردەمی کلاسیکدا میدیۆمێک بوو کە لە ڕێگەیەوە هەموو شتێک دەناسرا. ئاکامەکەی ئەوە بوو کە هونەری دەستتێوەردان و نمایش دەیتوانی تەکنیکێک بۆ ڕاستکردنەوە و بەردەوامیی ژیانی کۆمەڵایەتی بهێنێتە ئاراوە. ڕیفۆرمخوازەکان لەسەر ئەم بنەما تیۆرییە سەبارەت بە ڕوانگەی یاسایی هەندێک مۆڵەتیان خەستەڕوو. لە سەرەتادا بۆ ئەوەی سزادان کاریگەر و چالاک بێت دەبوایە تا ئەو شوێنەی دەکرا سەرەڕۆیانە نەبێت. سزای ڕاست و ئایدیاڵ ئەو سزایەیە کە “دەربارەی ئەو تاوانەی سزای دەدات ڕوون و ئاشکرا بێت.” ئەم جۆرە سزایە یەکسەر هەم ماهیەتی خودی تاوانەکە و هەم ئەو دەرمانەی کە بۆ چاککردنەوەی پیادەدەکرا، دەخاتەوە یادی بینەران. ئەم سزایە یەکسەر بۆ تاکی تاوانبار و کۆمەڵگا وەک فاکتەرێک قەرەبوونی ئەو زیانەنەی لە کۆمەڵگادراوە، درک دەکرا. ئیدی سزادان سەرچاوەکەی ئیرادەی سەرەڕۆییانەی پاشا نییە، بەڵکوو لەگەڵ سیستەمی ڕاستەقینەی کۆمەڵگادا هەماهەنگ دەبێت. لە یاساداڕشتنی نوێی یاسای سزادانی ساڵی ١٧٩١ نووسراوە: “دەبێت لەنێوان سروشتی تاوان و سروشتی سزاداندا گونجاوییەکی ورد بوونی هەبێت؛ ئەو کەسەی توندوتیژیی لە تاوانکارییەکەیدا بەکارهێناوە دەبێت توندوتیژیی جەستەیی بەرامبەر بەکاربهێندرێت، ئەو کەسەی تەمبەڵە بووە دەبێت حوکمی کاری سەخت و زۆرەملێی بەسەر بسەپێندرێت و ئەو کەسەشی بەجۆرێک ئابڕووبەرانە کارێکی کردووە دەبێت سووکایەتیی پێبکرێت.” هەرکاتێک لەنێوان تاوانە ئەنجامدراوەکە و ئەو شێوازەی بۆ چاکسازی بەکار هاتووە، پەیوەندییەکی دیار و ئاشکرا دروست بێت، سزادا دەبێتە شتێکی کاریگەر و مرۆڤانە.

بەپێی دووەم ئارگومێنتی ڕیفۆرمخوازەکان ئەم تەکنەلۆژیا تازەیەی نمایش دەبێت بەجۆرێکی کاریگەر کار بکات و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوان و وەکو هۆیەکی ڕێگر لە کۆمەڵگادا سەرهەڵبدات. سەرەڕای ئەمە، ئەم تەکنە؛ۆژیایە دەبێت لەسەر خودی تاوانبارەکە بەجۆرێک کاربکات تا دووبارە ئیمتیازات بە تاوانبار وەکو بکەری کردەیەکی یاسایی ببەخشێتەوە و بهێندرێتەوە ناو کۆمەڵگا، لە جێبەجێکردنی سزای گونجاودا بەدوای ئامرازی بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەدا دەگەڕان بەجۆرێک کە لەگە: بنەما و پاڵنەری ڕوانگەی تاوان لە تاکی تاوانباردا ڕێک بکەوتایە. سزادان بە دوو شێوەی کاریگەر کاری دەکرد: یان هێرشی دەکردە سەر چاوگ و سەرچاوەی ناوەکیی تاوان و تاوانەکە و ئەنجامدانی تاوانەکەی لەڕووی ژماردنی چێژەوە و ئازارانەی لە تاوانەکەوە بەرهەم هاتبوون، بۆ تاوانبارەکە نەخوازراو و ناخۆش دەکرد یان بەشێوەیەکی ئامرازی هێزێکی دروست دەکرد کە ئەنجامدانی تاوانەکە دەبووە هۆی پێشێلکردنی مەبەستەکانی. بەمجۆرە کۆمەڵە نمایشێک سەرهەڵدەدا کە تێیاندا لە هەزری تاوانبار کاری چاک بەسەر کاری خراپ زاڵ دەبوو. بەکورتی: “ئەو سزایەی کە هەندێک نیشانەی نەگۆڕ و دیار دروست دەکات دەبێت سەرەڕای ئەمە، “ئابووری” سوود و زیان و زانستی هێز و جووڵەی ئارەزوو و غەریزەکان دووبارە ڕێکبخاتەوە.”

بەڵام بێگومان بۆئەوەی ئەم جۆرە سزادانە بەڕاست و دروستی پیادە بکرێت دەبوایە لەسەر بنەمای مەعریفەیەکی ورد دابمەزرابایە. ڕیفۆرمخوازەکانی سەدەی هەژدەهەم خەریکی ڕێکخستنی لیستێکی تەواو بوون بۆ زانیارییەکان کە تێیدا هەر تاوانێک لەگەڵ سزای گونجاو و خوازراوی خۆیدا جێگەی ورد و دەقیقی خۆی هەبێت. دەبوایە ڕێگاچارەکان لەنێو کۆمەڵە یاسایەکدا کۆبکرێنەوە و پێویست بوو جۆرە جیاوازەکانی تاوانکاری بەشێوەیەکی ورد و ڕێکوپێک پۆڵێن بکرێن. لەڕووی ئەم پۆڵێنکردنەوە دەرکەوت، ئەگەر یەک تاوان بەدەستی چەندین تاوانبارەوە ئەنجامدرابا کە سەر بە گرووپی کۆمەڵایەتیی جیاوازبوون و یان بوونیادی کەسایەتیی جیاوازیان هەبوو، کاریگەریی زۆر جیاوازی لەسەر خودی ئەوان دادەنا. هەر لەم ڕووەوەیە جەخت کردنێکی زۆر زیاتر لەسەر تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکان لە پۆڵێنکردنی تاوانبارەکاندا وەکو پێویستی خۆی دەنواند “بە تاککردنی ‘تایبەتمەندیی تاوان’ ئامانجی کۆتایی ئەو یاسایانە بوو کە زۆر بەوردی ڕێکخرابوون.” لەهەمان کاتدا هەر ئەم بەتاککردنە بووە هۆی ئەوەی تاوانەکان وەکو بابەتی بینینان لێ بێت. جێبەجێکردنی سزایەکی گونجاو و لەبار، پێویستیی بەبوونی بابەتێک هەبوو کۆ گۆڕانی بەسەردا نەدەهات و زۆر بەوردی ناسرابوو. لێرەدا شاهێدی یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی پیشکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو مەعریفانە دەبین کە دواتر مرۆڤیان وەکو ئۆبێکت سەیر دەکرد.

ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکانی فەڕەنسا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە مەعریفەی خۆیانیان لەبەرامبەر “ڕوح”ـی مرۆڤەکان بەکارهێناوە. ئەوان جەستەیان پشتگوێ نەدەخست، بەڵام ئامانجی سەرەکییان کارکردێکی سەرکەوانە بوو لەسەر ڕوح. سوودوەرگرتنی ڕاست و دروست لە نمایشەکان دەبوایە ببێتە هۆی جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە چاوەڕوانکراوەکان. تیۆری نمایش وێڕای تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی و بیرۆکەی کارایی و قازانج “بوو بە جۆرێک نوسخەی گشتیی پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر مرۆڤەکاندا؛ دەبێت زیهن ڕووتەختێک بێت بۆ وێنە و نەخشاندن بەهۆی دەسەڵاتەوە و نیشانەناسیی میکانیزمەکەی بێت، پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر جەستەکان لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی ئایدیاکان ئەنجام بدرێت.”

فۆڕمی ئایدیاڵی ئایدیاڵی سزادان بۆ ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکان نە ئەشکەنجەدانی تاوانبارەکان بوو لە شوێنە گشتییەکان و لەبەرچاوی خەڵک و نە زیندانی بوو، وەک لە قۆناغی دواتردا پەرەیسەند، بەڵکوو بەئەنجامگەیاندنی خزمەتگوزاری و کاری گشتی بوو. دەبوایە تاوانبار بۆ دروستکردنی ڕێگاکان، کەناڵەکان و گۆڕەپانە گشتییەکانی فەڕەنسا بەکاربهێندرێت. دەبوایە تاوانباران بەرچاوبێت و وێڕای هەڵگرتنی نیشانەی تاوان و تاوانەکەی بتوانێت هاتوچۆ بکات. دەبێت کۆمەڵگا سوود لە کارکردنی تاوانبارەکە و لەو وانە عیبرەتەی کە فێری کرا، وەربگرێت. “بەمجۆرە تاوانبار دووجار حسابی لەگەڵدا دەکرێت، جارێکیان بەهۆی ئەو کارەوەی کە ئەنجامی دەدات و جارێکی دیکەش بەهۆی ئەو نیشانانەی کە بەرهەمی دەهێنێت. تاکی مەحکومکراو مەڵبەندی سوود و مانایە.” لەڕوانگەی ڕیفۆرمخوازەکانەوە، سوودی ئەخلاقیی “ئەمجۆرە سزایە” باشترە لە سوودە ماددیەکەی. سزادان، بوو بەجۆرێک لە وانەی مۆڕاڵی گشتی. کۆمەڵگا بەهۆی نمایشکردنی مەحکومەکان لەسەرانسەری وڵات، ئەمجۆرە سیستەمەی ۆیادەکردنی سزادانی بەهێز دەکرد. هەرچەندە یاسا بەشێوەیەکی باشتر کاری بکردبا، ڕێگاچارەی گونجاوتر سەری هەڵدەدا و لەم نێوەدا هەموولایەک سوودیان پێ دەگەیشت. هەرچەندە پەندێکی عیبەرەتی باشتر پیشکەش کرابا هەم بە قازانجی گومڕاکان بوو و هەم سوودی بە حاڵی تاوانباران دەبەخشی کە ڕەنگ بێت لە ئایندەدا سەر هەڵبدەن و هەموو کۆمەڵگاش لەنێوەدا سوودی پێدەگەیشت. “نابێت گشتییەتی سزا ترس و تۆقاندن دروست بکات، بەڵکوو دەبێت کتێبێکی عیبرەت بۆ خوێندنەوە بکاتەوە.” لەم ڕەوتەدا، بەرگریی جەماوەریی خەڵکیش کە پیشتتر مەیلی بەرەو ستایشکردنی گوناهباران هەبوو، لەناو دەچوو، چونکە ئەگەر تاکی تاوانبار بۆخۆی سەرچاوەیەکی پەروەردە و ڕێنمایی و وانەی ئەخلاقی بوو بۆ هەمووان و هەموو ئەمانە لە شوێنە گشتییەکاندا نامیش دەکران، لەم هەلومەرجەدا گوتاری گشتی لەبەرامبەر کاروکردەوەکانی تاوانباردا ئەو پەند و عیبرەتانەی کە بڕیار بوو فێری خەڵک بکرێن، لەڕووی تیۆرییەوە قبوڵی دەکرد. “سەرئەنجام شاعیرە جەماوەرییەکان دەچنە پاڵ ئەو کەسانەوە کە خۆیان بە (مژدەبەخشی عەقڵی ئەزەلی) لە قەڵەم دەدەن، ئەوانیش دەبن بە ئەخلاقگەرا.” بەدەستپێوەگرتنێکی پێویستەوە، وانەی ئەخلاقی فێری هەموو لایەک دەکرا. ئامانجی سزادان لەیەککاتدا چاکسازیی روحی و بەئەخلاقیکردنی کۆمەڵگا دەبێت. ئەگەر بێت و نیشانە ڕاست و دروستەکان بۆ پێکهێنانی خوو و عاداتی ڕاست لەنێو خەڵک بە لێهاتووییەکی باشەوە کەڵکیان لێ وەربگیرێت، هەموو کۆمەڵگا دەبێتە نمایشخانەی سزا، چونکە “بونیادە قورس و قایمەکانی پایەدارترین ئیمپراتۆرەکان لەسەر تانوپۆیی نەرمیی مێشکی مرۆڤ دامەزراوە.” لە کاتێکدا سزادان لە شێوەی دووەمیدا بڵاوکردنەوەی لانی زۆر نیشانەکانە بە جۆرێک کە تا ئەو شوێنەی لە توانایدایە بەردەوام و فراوان بێت. لە شێوەی یەکەمدا دەسەڵاتی پاشا بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەسەر جەستەی تاوانبارەکە هەڵدەکۆڵدرا، بەڵام لە شێوەی دووەمدا تەکنیکێک بۆ کەڵکوەرگرتنی ڕاست و دروست لە نیشانە و نمایشەکان لەسەر زەین پیادە دەکرا.  مەعریفە و ناسین لەبەرامبەر تاوانەکە لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە، لەسەرەتادا بەشێوەیەکی تەواو نهێنی لەلایەن کاربەدەستە دەوڵەتییەکانەوە بەدەست دەهات، پاشان لەڕێگەی ددانپێدانانی تاوانبارەکەوە بۆ سەرجەم خەڵک بڵاو دەکرایەوە. ڕیفۆرمخوازە هیومانیستە فەڕەنسییەکان بەمەبستی پێکهێنانی کۆمەڵە یاسایەک کە لەژێرییەوە هەموو جۆرەکانی تاوانبار و سزا بەشێوەیەکی عەینی، کامڵ و گشتی بناسرێن و دەستنیشان بکرێن، زانیارییەکی بەردراوانیان کۆدەکردەوە. گوناهبار لە ددانپێدانانەکەی خۆی و لەکاتی ئەشکەنجەدا تاوانەکەی ڕادەگەیاند؛ ئەو وەکو سوبێکتێکی یاسایی لەڕێگەی ئەو نیشانە و ئاماژانەی کە بەر حوکمی کۆمەڵگا و بەزۆری بەسەرانسەری وڵاتدا بڵاوی دەکردنەوە، وانەی ئەخلاقیی پیشکەش دەکرد.

 لە یەکەم شێوەی بەرگریدا، بەرگری وەکو یاخیبوون و هەستانێکی کۆمەڵایەتی و ستایشکردنی دەسەڵاتی شانۆی دڕندانە دەردەکەوت، لە دووەم شێوەدا کەلـلەڕەقیی ڕەتکردنەوەی تاوان لەپێناو ئەوەی ڕۆڵێکی عاتفی و هەستوسۆزانە بۆ ئەم شانۆی ئەخلاقە دەستەبەربکات. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بەرگری بۆ ڕیفۆرمخوازە هیومانستەکان هەرگیز شانسی گەشەکردنی نەبوو، چونکە هیچ کات پلانە درێژخایەنەکەیان بەتەواوی جێبەجێنەکرا. سەرەڕای ئەوەی سەردەمی شۆڕش و کاریگەرییەکانی دواتری و هەروەها سەرهەڵدانی ناپلیۆن پۆناپارت لە ماوەیەکی کورتی مێژوویدا بوونە دروستکەری ئەوەی هەرگیز ئەو پلان و بەرنامانەی ڕیفۆرمخوازەکان، لە چەند ئاستێکی کورتدا نەبێت، جێبەجێنەکرێن. هاوکات هەندێک توخم و خەسڵەتی پێشنیار و گەڵاڵەی ڕیفۆرمخوازە هیومانیستەکان چووە ناو شکڵی سێیەمی سزادان، واتە ” تەکنەلۆژیای دیسپلینی”.

سەرچاوە:

Hubert L. Dreyfus, Paul Rabinow, Michael Foucault – Michel Foucault_ Beyond Structuralism and Hermeneutics-University of Chicago Press (1983).pdf

http://library.lol/main/2153C8FA31DA83E930FAA6E0AA25B40C

هاوشێوە