رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پوختە و خوێندنەوەیەک بۆ کتێبەکەی گاری تۆماس*

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: جیهاد محەمەد حەمەکەریم

پرسیارە گرینگ و گەورەکەی “ئەرستۆ”:

پەروەردە بۆ فەزیلەتە؟ یان بۆ گەشەکردنی مێشکە؟ یان پەروەردە ڕووەو کاری بەسوودە؟

ئەم پرسیارە تائێستاش بەردەوامە و چاوەڕێی وەڵامە.

پێناسەی وشەی پەروەردە:

Education پەروەردە، لە وشەیەکی لاتینیەوەeducere وە هاتووە، کە بە مانای “دەرهێنان” دێت. واتا گەشەپێدان و گەورەکردنی شارەزایی و بەهرە ناوکییەکانی منداڵ/فێرخواز؛ دەرهێنانی توانا شاراوەکان و گەشەپیدانیان و گەورەکردنی شارەزایی و بەهرەکان.

زۆرێک لە وتە بەناوبانگەکان، ئەوەیە، کە فێرگە لاوازە بۆ پەروەردە، بۆ نموونە: مارک تۆین، چەڕچڵ، ئەنشتاین، ڕای ئەمانە وابووە، کە فێرگە لاوازە بۆ پەروەردە، پەروەردە و فێرگە دوو دەرکەوتەی جیاوازن.

فێرگە  schoollلە وشەیەکی گریکیەوە هاتووە کە بەمانای دەستبەتاڵی دێت schole، مەبەست لە دەستبەتاڵیش تێڕامان و بیرکردنەوەیە، لە فێرگەکانی گریکدا فێربوونی نووسین و خوێندنەوە و ژمارە و ئەندازیار و مۆسیقا و ڕەوانبێژیی هەبووە، هەروەها جیمنازیۆمیان هەبووە، وەکو ئەکادیمیاییەکەی ئافڵاتون و لیسیۆمەکەی ئەڕستۆ.

لە فێرگە کۆنەکانی هێلینیەکان و ڕۆمانەکاندا و تەنانەت لە فێرگەکانی گریکیشدا، لێدان و سزادانی منداڵ بۆ فێربوون زۆر دڕندانە بووە، تا ئەو ئاستەی منداڵیان بە لێدان نیوەگیان کردووە. بۆیە پەرەووردە و فێرگە دوو دەرکەوتەی جیاواز بوون.

ئەنجامی پرسیارە گرینگەکەی ئەرستۆ:

ئەنجامی پرسیارە گرینگەکەی ئەڕستۆ، دوو ڕێڕەوی لێ کەوتەوە: پێشکەوتنخوازی و فەرمیی، یان فەرمیی و نافەرمیی، یان عەقڵ و نەقڵ.

بۆچوونەکانی جان جاک ڕۆسۆ، بوون بە بناغە بۆ ڕێڕەوی فکریی و پەروەردەی پێشکەوتنخوازی. ڕۆسۆ منداڵ بە “زانای بچوک” دادەنا. دواتریش ڕەسڵ هەمان ڕای ڕۆسۆی هەبوو.

ڕۆسۆ سەرنجی دابوو، کە منداڵ بە تاقیکردنەوە و ئەزموون فێر ئەبن، نەک بە پێوتن و ئامۆژگاری. منداڵ لە هەڵەکردنەوە فێر ئەبێت، منداڵ زیاتر لە گەورە مێشک کراوەیە بۆ فێربوون. پێش بۆچوونەکانی ڕۆسۆ، بۆ هەر پرسیارێک وەڵامێکی حازربەدەست ئامادە بوو بۆ منداڵان، زۆربەی وەڵامەکان ئەمەبوون، کە دەوترا:”ئەمە ویستی خودایە”. ڕۆسۆ دژی ئەمە وەستایەوە و دەیوت، دەبێت وەڵامەکان بدۆزرێنەوە. ئیتر چەمکی “دۆزینەوە” بوو بە بناغەی گەشەکردن و کرانەوەی عەقڵ و بەکارهێنانی عەقڵ و بیرکردنەوە.

فەیلەسوفە ئەزموونگەریەکان لەسەردەمی جۆن لۆک و جان جاک رۆسۆوە، وێرایان بڵێن: پەروەردە و زانین لە تاقیکردنەوە و ئەزموونەوە، لە هەوڵدان و خەریکبوونەوە، وەڵامەکان دەدۆزرێنەوە.

جۆن لۆک، پێش رۆسۆ، کتێبێکی هەبوو بە ناوی(چەند بیرێک لەبارەی پەروەردەوە) ساڵی ١٦٩٣

دواتر ڕۆسۆ کتێبێکی هەبوو بە ناوی (ئێمێلی).

جۆن لۆک، وتوویەتی:”من مێشکی منداڵ وەک ئاو دەبینم، دەڕوات و پێچیش دەکاتەوە”. ئەم گوتەیەی لۆک بۆ ڕۆسۆ بوو بە بنەما بۆ تێگەیشتن و لێ وردبوونەوە دەربارەی منداڵ.

ئەمە پەروەردەیە، کە لۆک ئاگادارمان دەکاتەوە لە خواردەنە فریودەرەکان بۆ منداڵ، وەک کاڵەک و قۆخ، لە هەمانکاتدا خواردنی شلیک بە ئاسان دەزانێت بۆ منداڵ. لە شوێنێکی تردا لۆک دەڵێت، قەبزی بۆ منداڵ خراپ نییە، سفتی و چڕی پیسایی بۆ منداڵ خراپ نییە، چونکە شلی و فشۆڵی جەستەی بەهێز و بیری بەهێز دروست ناکات.

لۆک و رۆسۆ، کە وتوویانە میشکی منداڵ “سپیە” مەبەستیان ئەوە بووە کە مێشکی منداڵ نەرمە و هەموو شت وەردەگرێت، وەک مێشکی گەورەکان ڕەق نەبووە، کە هەموو شت وەرناگرێت. بەڵام ڕەسل بەرپەرچی داونەتەوە و دەڵێت:” ئەوە هەڵەیە بووترێت مێشکی منداڵ چییت بوێت دەتوانیت تیایدا تۆمار بکەیت”.

      سەلیقەی گشتی کێشەیە: سەلیقەی گشتی مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، سەلیقەی گشتی بووە بە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم بیرکردنەوەی پێشکەوتنخوازییدا، بووە بە کێشەیەکی گەورە لەبەردەم پەروەردەی نوێدا. سەلیقە گشتیەکان بایەخیان بە پەروەردەی فەرمی داوە، تا ئێستاش سەلیقەی گشتی لە کۆمەڵ و گەلانی دواکەوتوودا کاریگەری زۆری لەسەر داگیرکردنی مێیشکی مرۆڤەکان هەیە. سەلیقەی گشتی، ئەو بیرکردنەوانەیە، کە بایەخیان بە پەروەردەیەک داوە کە کولتوور وەک خۆی بمێنێتەوە، جێگەی بایەخی کۆنەپارێزان بووە. بەرانبەر بە کۆنەپارێزان، پەروەردەی نوێ و پیشکەوتنخواز، جێگەی بایەخدانی ئەو بیرکردنەوەیە بووە، کە ویستوویانە تاک و کۆمەڵ هەمیشە ڕانەوەستێت و بەردەوام لە پیشکەوتندا بێت.  

لۆک، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە “فێربوون” نابێت بە فەرمانپێکردن بێت، داوا دەکات با فێربوون لە هەناوی “یارکردن” و خۆشیەکانی منداڵەوە بێت. قسەکانی لۆک بە تەواویی دژی سامۆیل باتلەر بوو، کە دیوت:”ئەگەر دار بەکارنەهێنین منداڵ فێر نابێت”.

“درەنگتر چوونە فێرگە و باشتر خوێندنەوە و فێربوون” خەسڵەتی سیستمی پەروەردە و فێربوونی فینلەندایە.

ئەم تێزە پەروەردەیەی فینلندا لە (جۆن لۆک)وە وەرگیراوە، کە وتوویەتی:”ساڵێک دواتر باشتر فێربوون دێنێت”.

جۆن لۆک و جان جاک رۆسۆ، بیریان لە پەروەردەیەک دەکردەوە کە ببێت بە بنچینە بۆ مۆدێرنە.

یۆهان پێستالۆتزی، ئەوەندە بە دڵگەرمیەوە بایەخی دا بە بیرکردنەوە پیشکەوتووخوازییەکانی لۆک و ڕۆسۆ، تەنانەت کوڕەکەی خۆی ناونا”جان جاک”.

یۆهان پیستالۆزی، ئایدیاکانی ئەڕستۆ و باکۆن و کۆمینۆس، لەگەڵ ئایدیاکانی لۆک و رۆسۆی تێکەڵ کرد و دەرنجامی پراکتیکیی لیوە هەڵێنجا.

فریدریک فرۆبێڵ: فێرخوازی یۆهان پێستالۆتزی بوو، کە گەشەی بە میتۆدە پەروەردەییەکەی یۆهان دا، کە باخچەی منداڵانی داهێنا.

ماریا مۆنتیسۆر: ئایدیاکانی خۆی لە (یۆهان پێستالۆتز) و (فرۆبێل)وە میتۆدەکەی خۆی گەشە پێدا.

میتۆدە پەروەردەییەکەی ماریا مۆنتیسۆری ئەمە بوو:”چاودێری کەسیی و پاراستنی ژینگە و سەربەخۆیی کرد بە ناوەند(سەنتەر)ی مەنهەج.

جۆن دێوی: فێرگەکەی دێوی، یان میتۆدەکەی دێوی، ئەوە بوو کە فێرگە گرێبدات بە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵکەوە.

فەرمیەکان-فۆرمالیستەکان-

“فێرکردن”: چەقی گواستنەوەیە، نەقڵ و دۆگماییە. “فێرکردن” میتۆدی فەرمیەکان بوو.

“فێربوون”: چەقی بەردەوامی گەشەسەندنە، عەقڵ و عەقڵانیەتە، ئەزموونگەراییە و، لە ئەزموونەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمەشیان میتۆدی پێشکەوتنخوازکانە.

فۆرمالیستەکان: فۆرمالیستەکان و فەرمیەکان دوو ناون یەک واتایان هەیە. فۆرمالیستەکان جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە کولتوور و دابونەریتەکان و بەهاکان بەردەوامیان هەیە. ئەمەش جۆرێکە لە پەروەردە، کە منداڵ یان فێرخواز وا ڕادەهێنن، کە پرسەکان پرسیی خودایین و نابێت دەستکاری بکرێن. هەر لەم بیرکردنەوەیەشەوەیە کە “لەبەرکردن” لە پەروەردە و فێربووندا جێگەی تێگەیشتن دەگرێتەوە.

نەقڵیەکان: نەقڵی ئایدیا و حیکمەتی پەروەردە و زانیاریە کۆنەکان دەکەن. نەقڵیەکان هەرچی هەیە و نییە، ئەوەی لەبەردەستدایە، لە کولتوور و بەها کۆمەڵایەتیەکان، بێ ئەوەی لێی وردبنەوە، بە لەبەرکردن و بە زۆر دەیخەنە مێشکی منداڵەوە.

عەقڵانیەکان: عەقڵانیەکان هەموو شتێک دەخەنە بەردەم لێکدانەوەی عەقڵ و بیرکردنەوەوە، گەشەکردنی ژیان و کرانەوەی مێشک. عەقڵانیەکان پێیان وایە، مێشک بە ژیانی نوێ و داهێنانە نوێکان گەشە دەکات. ئینتراکسوێنە کۆمەڵایەتیەکان بنەما و بنچینەی گەشەسەندن و نوێکاریی و داهێنانە، لە ئینتراکسوێنە کۆمەڵایەتیەکانەوە کولتوور دروست دەبێت. نابێت بەها و کولتوورەکان هەتا هەتایی بن، بەڵکو بە پێی پێویستیەکانی ژیان دەبێت گۆرانکاریان بەسەردا بێت. ئەم بیرکردنەوەیە بنەما و بنچینەی پەروەردەی نوێیە.

عەقڵانیەکان، لە ناوەڕا منداڵ، یان فێرخواز پەروەردە دەکەن، بەڵام فۆڕمالیستەکان لە دەرەوەڕا پەروەردە و فێرکردن دەخننە ناو مێشکی منداڵەوە.

نافەرمییەکان: پشتدەبەستن بە ڕەخنە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.

فەرمییەکان: فەرمییەکان پشتدەبەستن بە زانیاریە کۆنەکان و زانیاری حیکمەتە کۆنەکان، ئەم زانیاریانە وەک خۆی دەگەوێزنەوە بۆ ناو مێشکی منداڵ.

پێشکەوتنخوازەکان: لە ناوەڕا پەروەردەی منداڵ دەکەن. منداڵ دەخنە سەر ئەو ڕێچکەیەیی کە دەرگیرن لەگەڵ کولتوور و زانیاری و بەها باوەکاندا، بەڵام منداڵ لەم حاڵەتەدا گوێدەگرن و بێدەنگ نابن، لە ناخی خۆیاندا دیالۆگ دەکەن و بیردەکەنەوە لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا، بۆیە بە بیرکردنەوەکانیان بوێردەبن و گومان دەکەن، لە ئەنجامدا پرسیار لە خۆیان و مامۆستاکان و دەوروبەریان دەکەن. کاتێک وەڵامی حازر بەدەستیان دەستدەکەوێت، ڕازی نابن پێی و خۆیان بەدواداگەران دەکەن و وەڵامەکان دەدۆزنەوە. ئەمەیە پەروەردەی مۆدێرن و داهێنەرانە.

پێشکەوتنخوازەکان: بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیان هەیە، منداڵ وا ڕادەهێنن کە واز لە بیرکردنەوە هەڕەمەکیەکان بهێنن و خۆیان وەڵامە ڕاستەقینەکان و زانستیەکان بدۆزنەوە.

پەروەردەی نوێ:منداڵ دەخاتە بەردەم دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، هەڵبەت ئەمەش قورسە بۆ منداڵ، ئیشی مامۆستا ئەوەیە کە منداڵ ڕابهێنێت لەسەر بیرکردنەوە و پشت بەستن بە دۆزینەوکانی خۆی. ئەمەی مامۆستای زانا و مۆدێرن دەیکات فێربوونە، بەڵام ئەوەی مامۆستای کلاسیکیی دەیکات، کە فێرکردنە، زۆر قورس و نالەبار و وەرسکەرە بۆ منداڵ.

 هەموو فەیلەسوف و زنا پەروەردەییەکان، جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە منداڵ دەبێت خۆشی ببینێت و لە فێرگەدا ئارام بێت، تا بتوانێت بە ئاسانی بیربکاتەوە و فێربێت. لەڕاستیدا منداڵ بە سروشتی خۆی ئامادەکراو و بەرنامەبۆداڕێژراوە بۆ فێربوون و بیرکردنەوە، بۆیە دەبێت دایباب لە خێزاندا، هەروەها ڕاهێنەرانی باخچەی منداڵان و مامۆستایانی فێرگەکان، دەستوپەنجە نەرم بکەن لەگەڵ ئەو بەرنامەداڕیژراوە سروشتییەی منداڵدا. بە هیچ جۆرێک نابێت منداڵ بە فەرمان و سزادان فێربکرێت.

پێشکەوتنخوازەکان، پەروەردە وەک دۆزینەوە و یاریکردن دەبینن لەلای منداڵ.

فۆڕمالیستەکان، دژایەتی چەمکی “دۆزینەوە” دەکەن، دەڵێن: جەختکردنەوە لە دۆزینەوە، پشتگوێخستنی ئەو ئایدیایەیە، کە نیگار و نەخشە و یاسا و ڕێسای لە پێشینەوە گەیشتووە بە دەستمان.

فۆڕمالیستەکان، فێربوونی هەروەزیی و کاری گروپ بۆ دۆزینەوە بە ڕووکەش دەبینن. دەڵێن کاری وا هێندە سەختە مامۆستا ناچار دەکات بگەڕێتەوە سەر قسەکردن و تەباشیر.

فێرگەی نافەرمی: گرینگیی دەدات بە تێگەیشتن، خەیاڵکردنەوە و داهێنان.

جۆن دێوی: هەر پڕۆفیسۆر و فەیلەسوف نەبوو، لەگەڵ ئەمەشدا پێشکەوتنخوازێکی تووندبوو، کە بە تووندی بە گژ ئایدیا کۆنەکانی پەروەردەدا دەچووەوە. لە ساڵی ١٩٢٨ کە چوو بۆ یەکێک لە زانکۆکانی پەکین، سەرۆکی زانکۆکە لە کاتی ڕێزلێنان و خەڵاتپێدانیدا، بە کۆنفۆشیۆسی دووەم ناوی برد.

دێوی وەک ئەوەی دەنگی جۆن لۆک بێتو سەرلەنوێ بزرنگێتەوە وتوویەتی، منداڵ بە زکماکی زانایە.

دێوی وتوویەتی: بۆ ئەوەی منداڵ فێری چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیان بێت، پێویستە منداڵ بخرێتە سەر ڕێچکەی هەوڵدان و هەڵەکردن، پێویست ناکات هەندێک زانیار و میتۆدی بدەینێ. کاتێکیش پێویستی کرد زانیاری بدەینێ، نابێت وا زانیاریەکانی بدرێتێ، کە زانیاریەکان بێخەوش و کەموکوڕین، دەبێت وا زانیاریەکانی بدەینێ کە گومانیان لێ بکات و هەڵیانبسەنگێنێت.

ئەبێت منداڵ بخەینە سەر ئەو ڕێچکەیەی، کە هەر ئایدیایەک دەخرێتە بەردەستی، یەکسەر قبوڵی نەکات. ئایدیاکان کاتێک قبوڵ ئەکرێت، کە لە ژێر فشار و ڕەخنە و هێرش و لێکۆڵینەوەکان دەربچێت.

“ئایدیایەک بە بێ گومانکردن و پرسیارکردن لەسەری، ئاسانە، لە هەمان کاتدا سەپاندنی بەسەر فێرخوازدا بێزارکەرە و قورسە بۆ منداڵ”: ئەم دوو قسەیە لە ڕووکەشدا ناکۆکن، لەلایەک ئاسانە و لەیەکی تر قورسە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا، یەک مەبەست دەپێکێت، ئەویش ئەوەیە، کە هەموو فەرمانێک خۆی لە خۆیدا بێزارکەرە، بەڵام هێشتا ئاسانترە لەوەی منداڵ بخرێتە ژیر گومانکردن و پرسیارکردن و ڕەخنەگرتن، چونکە مێشک، خۆی لە خۆیدا ناکەوێتە چالاکی و چالاک نابێت، تا نەیجوڵێنیت و نەیورووژێنیت. بە واتایەکی تر، “پێدانی زانین و زانیاری و کولتوور و بەهاکان، ڕاستین، بۆیە واز لە دۆزینەوەی ڕاستی بهێنە، چەند ئاسانە هێندەش ماڵوێرانکەرە، پەروەردە بەمشێوەیە داهێنانکوژە، حەزوئارەزووکوژ و، بەدواداچوون و گەڕانکوژە”.

ئەفلاتوون وتوویەتی:”بیرکردنەوە، قسەکردنی مرۆڤە لەگەڵ خۆیدا”

من بەمشێوەیە ڕاڤەی ئەم گوتەیەی ئەفڵاتوون دەکەم: مرۆڤ دەکەوێتە دیالۆگکردن لەگەڵ خۆیدا، ئیتر لێروە مرۆڤ ئایدیاکانی خۆی دەکات بە “بیر” دواتریش بیری لێ دەکاتەوە و بڕیاری لەسەر دەدات. ئایدیا بە داتای هزر دێت، هزر لە پڕۆسەیەکدا دەبێت بە “بیر”. هزر پڕۆسەی داتاکانە تا دەبێت بە بیر، بە واتایەکی تر هزر “قسەکردن یان دیالۆگکردنی” مرۆڤە لەگەڵ خۆیدا. بۆیە واباشە مرۆڤ لە ڕۆحی خۆی دوورنەکەوێتەوە، تا بەردەوام لە چەندوچوونی هزردابێت، یان لە خەیاڵکردنەوەدا بێت، تا دەبێت بە “بیر”. هزر چواچێوەیەکە، کە مرۆڤ لەو چوارچێوەیەوە دنیا ئەبینێت، هێشتا نەبووە بە “بیر” بەڵکو ئایدۆلۆژیایە. ئەگەر مرۆڤ تەنها پشت ببەستێت بە هزر کەواتە پشتی بەستووە بەو زانین و زانیاریانەی دراوە پێی و ناتوانێت هیچ گۆڕانکاریەکی تیادا بکات.

ئێڕنست هەمەنگوای: ئەمە بیرۆکەی ئێرنست هەمینگوەی بوو”دۆزینەوەی قسەی پووچ”

پەروەردەی نوێ، مرۆڤێک بونیاد دەنێت، کە توانای دۆزینەوەی قسەی پووچی هەیە.

بابزانین پەروەردەی نوێ، لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ پەروەردەی نوێ لەو ملامانێیانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە نێوانی دۆزەرەوەکانی “قسەی پووچ و فریودەرە” لەلایەک و لەلایەکی تر نەقڵخوازەکانی “قسەی پوچ و فریودار“دا هەیە.

جۆن هۆڵت: نەپەروەردەکارێکی ئەکادیمیی بوو، نە زانایەکی پەروەردەناسیی بوو. لە ساڵی ١٩٦٤دا کتێبێکی نووسی. دەستپێکی کتێبەکە قسەی دەروونناسێک بوو: ئەم زانا دەروونناسە وتوویەتی:”ئەگەر ئێمە وانەی قسەکردنمان بە منداڵ بوتایەتەوە، هەرگیز منداڵ فێری قسەکردن  نەدبوو”

مەبەستی ئەم زانا دەروونناسە ئەوەیە، کە “فێرکردن” منداڵ نیگەران و بێزار دەکات.

 “فێرکردن” فێربوونکوژە، داهێنانکوژ و بیرکردنەوەکوژە.

 “فێربوون” بە بەدیهێنانی حەز و ئارەزووەکان دکەرێت، “فێربوون” داهێنان و بیرکردنەوە و بیری ڕەخنەگرانە بەدوایدا دێت.

“دۆزینەوە” باشترە بۆ “فیربوون”، بە بەراورد بە “پێگوتنەوە”.

“بوونیادگەرایی” باشترە بۆ “فێربوون” بە بەراورد بە “ڕەفتارگەرایی”

“یاریکردن” هاوکار و یارمەتیدەرێکی سەرەکیە بۆ “فێربوون”

چۆمسکی: وەک پسپۆڕی زمان و زمانزانیی، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی، کە “زمان و قسەکردن” یارمەتیدەرێکی زۆر بەهێزە لە پەروەردەکارییدا، وتووشیەتی: زمان و قسەکردنی منداڵ(ئینتراکسیۆنی منداڵان لە ناو خۆیاندا) زیاتر لە یاریکردنەوە گەشە دەکات.

هەموو ئەم مەسەلانە، دەروونناسەکان و کۆمەڵناسەکان جەختیان لەسەری کردووەتەوە.

جۆن هۆڵت: لە مامۆستاییەکەیدا، تێبینی ئەوەی کردووە، کە فێرخوازەکان تەنها ئەوەیان لا مەبەستە دڵی مامۆستاکەیان خۆش بکەن و، مامۆستا ڕازی بکەن بەوەی تەمەڵ نین. فێرگەی وا کە میتۆدی فێرخوازی زیرەک و تەمەڵ جیابکاتەوە و، جیاکاری بکات لە نێوان زیرەک و تەمەڵدا، ئەم میتۆدی فێرکردنە توانا و هێزی فێربوون لە فێرخوازدا دەکوژێت، ئەم میتۆدە، منداڵ/ فێرخواز دەترسێنێت، چونکە منداڵ دەکەن بە رۆبۆتێک بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی مامۆستا و هیچی تر. ئەم میتۆدە ئازایەتی و بوێری منداڵ/فێرخواز دەکوژێت و، منداڵ/فێرخواز فێری هیچی تر نابێت، جگە لەو زانین و زانیاریانەی مامۆستا پێی دەدات. بۆیە کتێب و بابەتە پێدراوەکان ئەبێت بە میتۆدێک بێت هێز و توانا و زانین و زانیاریە ڕەسەنەکان لە منداڵدا نەسڕێتەوە.

ڤیگۆتسکی و برۆنەر: بۆچوونەکانی پیاژێ ڕەتدەکەنەوە، بەڵام جەختیان لەوە کردەوە، کە زمان زۆر گرینگە ئامرازێکی سەرەکیە بۆ فێربوون. برۆنەر وتوویەتی: دایباب و مامۆستا وەک ‘ئەسکەلە”وان بۆ دەستگەیشتن بە فێربوون. چۆن “ئەسکەلە” هاوکارە بۆ وەستا و کرێکارەکان، بۆ دەستگەیشتن بە شوێنە بەرزەکان، دایباب و مامۆستاش “ئەسکەلەن” بۆ دەستگەیشتنی منداڵ/فێرخواز بە زانین و فێربوون.

پیاژێ وتوویەتی: منداڵ تا تەمەنی دوو ساڵان بریتیە لە جوڵە و هەست، لە دووساڵیەوە تا حەوت ساڵی بریتیەلە ئۆپەراسیۆن، لە حەوتساڵیەوە بۆ یانزە ساڵی بریتیە لە کۆنترۆڵکردنی ئۆپەراسوێنەکەی خۆی.

بوونیادگەرایی: ڤیگۆتسکی کە یەکێک بووە لە بوونیادگەرەکان وتوویەتی: زۆنێک لە مێشکی منداڵدایە بۆ فێربوونی زیاتر لە فێربوونە سروشتییە بایۆلۆژییەکەی خۆی. ئەم زۆنە بە هاوکاری دایباب و مامۆستا چالاک دەبێت.

بوونیادگەراکان: بوونیادگەرایی و دیدگا و بۆچوونەکانی ڤیگۆتسکی و بڕۆنەر لە ئەفڵاتوون و جۆن لۆک و جان جاک ڕۆسۆوە وەرگیراون و گەشەیان کردووە.

ڕەفتارگەراکان: ڕەفتارگەراکان جەختیان لە بچووککردنەوە و بەشبەش کردنی بابەتەکان دەکردەوە، بۆ کارئاسانی فێرکردن. ئەم بیرکردنەوەیە سەریکێشا بۆ وردکردنەوەی مەنهەج، هەروەها سەریکێشا بۆ پڕۆگرامکردنی فێرکردن. ئەم بیرکردنەوە و میتۆدە وێرانکار بوو، چونکە پشتی دەبەست بە بەش بەشکردنی مەنهەج بۆ بەشی بچوک و بچوکتر و لەبەرکردن.

جیاوازی زمان و کولتوور لە خێزان و فێرگەدا:وەک ڤیگۆتسکی و بڕۆنە ئاماژەیان پێداوە و جەختیان لەسەری کردووەتەوە، هەتا زمان و کولتووری خێزانەکان زیاتر نزیک بێت لە زمان و کولتووری فێرگەکان، ئاسانتر منداڵ و فێرخوازانی زانکۆکانیش فێر دەبن، هەتا زمان و کولتووری خێزان دووربێت و جیاواز بێت لە زمان و کولتووری فێرگە و زانکۆکان کێشەی فێربوونی منداڵ و فێرخواز زیاتر دەبێت بۆ فێربوون.

بۆ نموونە با سەیرێکی ئەم ئامارە بکەین: زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریدج، لە ماوەی سێ ساڵدا، لە  پێنج فێرگەی بەریتانیدا ٩٦٤ فێرخوازی وەرگرتووە، کەچی لەو سێ ساڵەدا لە ٢٠٠٠دووهەزار فێرگەدا ٩٢٧ فێرخوازی وەرگرتووە. هۆکارەکە ئەوەیە، کە فێرخوازانی ئەو پێنج فێرگەیە، زمان و کولتووری خێزانەکانیان وەک زمان و کولتووری زانکۆکان وابووە، بەڵام زمان و کولتووری ئەو دووهەزار فێرگەیە جیاوز بووە لە زمان و کولتووری زانکۆکان، بۆیە کەمترین فێرخوازانیان وەرگرتووە.

زمانی هەژاران و کرێکاران، زمانێکی سادە و ساکار و سانا و ڕستەی کورت و شیرین، وەلێ زمانی شارنشینەکان و دەوڵەمەندەکان زمانێکی ئالۆز و ڕستەی درێژ، بۆیە فێرخوازانی هەژاران و کرێکاران کەمتر وەردەگیرێن لە زانکۆکان بە بەراورد بە فێرخوازە دەوڵەمەندەکان.

مەنهەج: مەنهەج پێش ئەوەی کتێب بێت ژیانە. مادام ژیان بەردەوامە و لە گۆڕاندایە، کەواتە دەبێت مەنهەجیش لە گۆڕاندا بێت.

نموونەی شەترنج و دامە و ڕاوەماسی: “شارەزایی و زیرەکی لە دامەدا ناگوێزرێتەوە بۆ زیرەکی و شارەزایی لە شەترنجدا.

“شارەزایی و زیرەکیی لە ڕاوەماسیدا، ناگوێزرێتەوە بۆشارەزایی و زیرەکی لە جۆرێکی تری پێویستی بۆ ژیان”

(نموونەی میرەولێکان: ئەم نموونەیە زۆر زیندووە لای من، زۆریش لە ڕووی دەروونیی و بەزەییەوە کاریگەریی هەبوو لەسەرم. میرەولیەکان، کۆمەڵێک ڕەشماڵ بوون لە ناوچەی قەرەداخ، لە دۆڵێکدا پێی دەوترا”شیوی کوڵەکە”. دانیشتوانی ئەم ڕەشماڵانە، بە بەخێۆکردنی مەروماڵاتەوە سەرقاڵ بوون، لە خەڵکی ناوچکە دەوڵەمەندتر بوون. بەرووبوومێکی زۆری ئاژەڵیان هەبوو، گەرمیان و کوێستانیان دەکرد و لە بەهاراندا کۆچیان دەکرد بۆ کەنار و قەراخی شاری سلیمانی تا بتوانن بە ئاسانی بەرووبوومی ئاژەڵەکانیان بفرۆشن. لە زستنادا دەگەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان. لە کاتی ئەنفالی بەدناودا، ناچار کۆچیان کرد بۆ شار و هەرچی مەڕ و ماڵاتیان هەبوو فرۆشتیان. ئەوەی بەدەستیانەوە مابوو، پارەیەکی کەم بوو. لە چەند ساڵێکدا پارەیان خەرج کرد و هیچیان بە دەستەوە نەمایەوە. ئەم خەڵکە هەژارە چونکە شارەزاییەکەیان بۆ نەگویزرایەوە بۆ شارەزاییەکی تری پێویست بۆ ژیان، کەوتنە هەژاریەکی زۆرەوە، وایان لی هات بوون بە جێگەی بەزەیی هەموو خەڵکی ناسیاویان).

لۆرێنس ستینهاوس: ئەم پەروەدەکارە مەزنە وتوویەتی:”گواستنەوەی زانیاری و شارەزایی نییە، بەڵکوتێگەیشتن لە ژیان و چۆنیەتی ژیانکردنە هەیە”

تاقیکردنەوەکان زۆرجار ئەوە دەگەیەنن کە مەنهەج بۆ گواستنەوەی زانیاریەکان و شارەزایەکانە، بۆیە مامۆستا دەخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی یەکەم، کە فێرخواز بخاتە بەردەم ئەرکی “لەبەررکردن” و “فێرکردن” و، هەروەها گەڕانەوەی زانیاریەکان وەک خۆیان بۆ مامۆستا.

ئەم تێگەیشتنە لە مەنهەج وێرانکاریە، پەروەردە و فێربوون وێران دەکات، ئەم میتۆدە تێگەیشتن دەکات بە قوربانی، تەنها تووتی ئاسا، وتنەوەی یان نووسینەوەی زانیاریەکان بۆ مامۆستا هەموو شتێکە. ئەم هەڵسەنگاندنە وەک ئەوە وایە، ڕۆبۆتەکە بخەیتە ئیش، کە چۆن پڕۆگرامکراوە بەو شێوەیە دەکەوێتە ئیشکردن. ئاخر بۆیە ئەنشتاین و مارک تۆین و چەرچڵ قوتابخانەیان بە بێمانا و زیانبەخش داناوە.

ئیڤان ئیلیچ: فێرکردن و فێربوون، بەرزکردنەوەی نمرە لەگەڵ پەروەردە و بڕوانامەو لێهاتوویی  هەموو ئەمانەمان تێکەڵ کردووە، ئەمەیە هەڵەی گەورەی پەروەدەی کۆنەباو.

بەئاگاهێنانەوە:

بەئاگاهێنانەوە، پڕۆسەیەک بوو، لە پڕۆسە پەروەردەییەکانی پاوڵۆ فرێری، لەم پڕۆسەیەدا فرێری هەوڵی ئەدا جوتیاران فێری خوێندەواری بکات و کاریش بکەن، لەگەڵ خوێندەواری و کارکردنیشدا تیبکۆشن بۆ ئازادبوون و ڕزگاربوونی خۆیان و ئازادی و ڕزگاری بۆ گەل و نەتەوەکەیان فەراهەم بکەن.

پەروەردەی نوێ، ئەو پەروەردەیەیە، کە بە جۆرێک خەڵک بەئاگا دەهێنێتەوە، کە تێبگەن لە هەلومەرجی سیاسیی خۆیان. لای پاوڵۆ فرێری، پەروەردە ڕەگەزێکی گرینگ و پێویستە بۆ دیموکراسی دروست و ڕاستەقینە.

فرێری وتویەتی: پەروەردە بۆ باشکردنی ژیانی چەوساوەکان نییە، کە چەوسێنەران زیاتر سوودی لێ وەربگرن، بەڵکو بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکە وەک یەک، واتا باشکردنی ژیانی خەڵک کە سوودەکەی بگەڕێتەوە بۆ خۆیان، یان بۆ هەموو هاوڵاتیان.

جارێکی تر فرێری وتوویەتی: پەروەردە تەنها بۆ باشکردنی ژیانی کرێکاران نییە، بەڵکو بۆ بەئاگاهێنانەوەیانە، کە دەبێت خۆیان ئازاد و ڕزگار بکەن لە هەر جۆرە چەوساندنەوەیەکی چینایەتی و نەتەوەیی و ڕەگەزیی، بۆیە پەروەردەی نوێ لە چەقی دیموکراسیدایە، لە چەقی ئازادی و دیموکراسیدایە. جۆن گارنەر وەزیری تەندروستی لە ساڵی ١٩٦٥دا و ئیڤان ئیلیچ و فرێری ڕایان بووە، کە پەروەردەی نوێ چەند مانگێک تەنانەت چەند هەفتەیەکی بەسە، کە ببێت بە پەروەردەیەکی ماندادار کە ئازادی و ڕزگاری لێ بکەوێتەوە.

پەراوێز:

*پەروەردە ناونیشانی کتێبەکەی گاری تۆماسە کە پەرۆش محەمەد ساڵح کردوویە بە کوردی

هاوشێوە