رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕەخنە لە ڕێژەگەرایی ئەخلاقی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: لویس پۆیمان
وەرگیڕان: ئیکرام حەمە

     «کێ دەبێت چاکە و خراپە دیاری بکات؟» [پرسیارێکى باو لەنێو فێرخوازانى زانکۆدا.]

     لە سەدەى نۆزدەدا، مژدەدەرە مەسیحییەکان زەبروزەنگیان بۆ گۆڕینى نەریتى خەڵکانى نامەسیحیی هۆزەکانى بەشگەلێکى ئەفریقا و دوورگەکانى زەریاى ئارام بەکاردەهێنا. ئەوان لە نەریتى ڕووتیی بەکۆمەڵ یاخود گشتى، فرەژنى، کارکردن لە ڕۆژى شەممە و کوشتنى منداڵان تۆقیو و بێزار بوون و، بە شێوەیەکى باوکسالارانە دەستیان بە چاکسازى لەنێو ئەو «بێباوەڕە داماوانە»دا کرد؛ پۆشاکیان لەبەرکردن، بە مەبەستى هێنانەکایەى تاکژنى، ژنانیان لە هاوسەرەکانیان جیا کردەوە، شەممەیان کردە پشوو و کۆتاییان بە نەریتى منداڵکوشتن هێنا. ئەوان (خەڵکە ئاساییەکە) لەم نێوەندەدا هەندێک جار ناڕەزایەتییان دەردەبڕى و هەندێک جاریش تووشی خەمۆکیی کۆمەڵایەتى دەبوون و، ئەمەش دەبووە هۆى بێهیوابوونى ژنانى جیاکراوە و بێباوکبوونى منداڵەکانیان. زۆرینەى ئەو خەڵکە ئاساییە لە ئایینە نوێیەکە تێنەدەگەیشتن، بەڵکو بە شێوەیەکى جیاواز لەو سپیپێستە دەوڵەمەندانەیان وەردەگرت کە خاوەن چەک و دەرمان بوون.

     لە سەدەى نۆزدە بەدواوە، تێگەیشتنمان لەبارەى جیاوازیی کولتوورییەوە زیاد بووە و، تێگەیشتووین لەوەى ئەو ناسازگارییەى بەهۆى چاکسازە بێئاگاکانەوە دروست بووبوو، شتێکى خراپ بووە. بە نزیکەیی لە سەدەى ڕابردوودا، زانستى مرۆڤناسی مەیلى ئێجگار زۆری ئێمەى بۆ قەومپەرستى پیشان داوە؛ گۆشەنیگایەکى زیانهێن کە هەموو ڕاستییەکان بە چاویلکەى باوەڕ و بەها کولتوورییەکانى یەک قەوم دەبینێت و لێکدەداتەوە. ئێمە درکمان بە جیاوازیگەلێکى ئێجگار زۆر لە شێوازەکانى کردەى کۆمەڵایەتى لە هەموو دنیادا کردووە.

     ئەکسیمۆکان کەسە بەساڵاچووەکانیان بەتەنیا جێدەهێڵن تا لە برساندا بمرن؛ سپارتاییەکانى یۆنانى کۆن و ئەندامانى هۆزى دابۆ لە گینیاى نوێ، لەو باوەڕەدان دزى لە ڕووى ئەخلاقییەوە بێکێشەیە؛ زۆرێک لە کولتوورەکانى ڕابردوو و ئێستا، کۆرپەکانیان دەکوشت یان هێشتاش دەیکوژن (هۆزێک لە ئەفریقاى خۆرهەڵات، سەردەمانێک کۆرپە نوقستانەکانیان دەکردە خۆراکى ئەسپى ئاوى)، ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەى ئێمە ئیدانەى کۆى ئەم کردەوانە دەکات. هەندێک لە کولتوورەکان هاوڕەگەزبازى بە ڕێپێدراو دەزانن و هەندێکى دى بە پێچەوانەوە. هەندێک کولتوورى دى، لەوانەش کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، بوونى چەند هاوسەرێک لە یەک کاتدا بە ڕێپێدراو دەزانن، لە کاتێکدا زۆرینەى کولتوورە مەسیحییەکان ئەو کارە بە کارێکى نائەخلاقیی دەزانن. ڕوث بندیکت، باس لە یەکێک لە هۆزەکانى دوورگەکانى مالانزى دەکات کە هاوکارى و هاوڕێیەتى بە شتانێکى بێزراو و پیس دەزانن و، کالین ترنبوڵ بەڵگەگەلێک دەخاتە ڕوو کە باس لەوە دەکات تاکەکانى هۆزى ئایک لە ئۆگەنداى باکور [هیچ جۆرە] هەستێکى بەرپرسیارێتییان بەرانبەر منداڵ یاخود دایبابیان نییە. کۆمەڵگەگەلێکیش هەن منداڵەکانیان ئەرکدار دەکەن بە کوشتن (هەندێکجار خنکاندن)ى دایبابە بەساڵاچووەکانى خۆیان.

     هیرۆدۆت، مێژوونووسی یۆنانى کۆن (٤٨٥ تا ٤٣٠ پ.ز) چیرۆکێکى داریوش، پادشاى ئێران، دەگێڕێتەوە، کە چۆن جارێک هەندێک لە کەلاتییەکان (ئەندامانى هۆزە ئاسیاییەکان) و هەندێک لە یۆنانییەکانى پێکەوە کۆکردووەتەوە. ئەو لە کەلاتییەکان دەپرسێت: چى لە دایبابە کۆچکردووەکانتان دەکەن؟ وەها وەڵام دەدەنەوە کە جەستەى بێگیانى دایبابەکانیان دەخۆن. یۆنانییەکان کە جەستەى دایبابەکانى خۆیانیان دەسوتاند، بەتوندى لەم کارە بێبەزەییانە تۆقیبوون و بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبوون کارێکى وەها قێزەون بکەن. دواتر داریوش لە کەلاتییەکان دەپرسێت: لەپێناو بەدەستهێنانى چ شتێکدا ئامادەن لاشەى باوکانى خۆیان بسوتێنن؟ ئەوان، کە بەهۆى کردەیەکى وەها ستەمکارانەوە تووشی بێزارییەکى توند بووبوون، داوایان لە دایوش کرد دەست لە قسەى وەها کەللەشەقانە هەڵبگرێت. هیرۆدۆت لەم چیرۆک یاخود بەسەرهاتەوە وەها ئەنجامگیریی دەکات کە «دابونەریت بە سەر هەموواندا زاڵە.»

     ئەمڕۆکە ئێمە قەومپەرستى، واتە باوەڕبوون بە سەرتریی بنەڕەتیی کولتوورى خۆیی، دەخەینە ڕیزى نەتەوەپەرستى و ڕەگەزپەرستییەوە و ئیدانەى دەکەین. ئەوەى لەنێو کولتوورێکدا چاکەیە ڕەنگە لەنێو کولتوورێکی دیکەدا خراپە بێت. ئەوەى لە خۆرهەڵاتى ڕووبارێکدا باشە، ڕەنگە لە خۆرئاواى ڕووبارەکەدا خراپ بێت. ئەوەى لەنێو گەل و نەتەوەیەکدا باڵایی و فەزیلەتە، ڕەنگە لەنێو گەل و نەتەوەیەکى دیکەدا نزمى و ڕەزیلەت بێت. کەواتە وا باشترە ڕەخنە لە کەسانى دى نەگرین، بەڵکوو لەبارەى جیاوازییەکانەوە شلگیر بین.

     ئەم ڕەتکردنەوەیەى قەومگەرایی، یارمەتیی گۆڕانى دیدگاى ئەخلاقیی خۆرئاواى داوە. بە بۆچوونى ژمارەیەکى ڕوولەزیادى کەسانى خۆرئاوایی، زیادبوونى ئاگایی لەبارەى بایەخى شێوازەکانى دیکەى ژیانەوە، بووتە هۆى کەمبوونەوەى باوەڕبوون بە ئۆبێکتى ئەخلاقى؛ واتە ئەو دیدگایەى کە پێى وایە بنەماگەلێکى گشتى و گشتگیر هەن کە بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو کات و شوێنێکدا بایەخدارن. لەو ڕاپرسیانەدا کە لە وانەکانى فەلسەفەى ئەخلاق و سەرەتایەک بۆ فەلسەفەدا (کە بە درێژایی چەندین ساڵ و لە سێ شوێن و ناوچەى جیاوازى وڵاتدا گوتوومەتەوە) هاتوونەتە بەردەستم، ڕێژەى ئەو فێرخوازانەى ڕێژەگەراییان لە ڕەهاگەرایی پێ باشتر بووە، دوو هێندە بووە. لە کاتێکدا کە بەزەحمەت لەسەدا سێى ئەو فێرخوازانە شتێکی نێوان ئەو دوو دیدگا دژ و ناکۆکەیان هەڵبژاردووە. من ناڵێم هەموو ئەو فێرخوازانە تێگەیشتنێکى ڕوونیان لەبارەى کرۆکى ڕێژەگەراییەوە هەبووە، چوونکە زۆرینەى ئەوانەى گوتبوویان ڕێژەگەران، لە هەمان ئەو ڕاپرسییانەدا جەختیان لەوە کردبووەوە کە لەباربردنى کۆرپە لە هەموو حاڵەتێکدا هەڵەیە، مەگەر بۆ ڕزگارکردنى گیانى دایکەکە نەبێت و، سزاى لەسێدارەدانیش لە هەموو کات و حاڵەتێکدا هەڵەیە؛ یاخود ئەوەى کە خۆکوژى لە هیچ حاڵەتێکدا لە ڕووى ئەخلاقییەوە ڕێپێدراو نییە. ئەو دژیەکیبێژییە (ڕواڵەتی)یە، پیشاندەرى ئەو بیرکردنەوە شێواوە (ڕواڵەتی)یەیە کە لەم بابەتەدا هەیە.

     مەبەستى من لێرەدا ئەوەیە بەڵگە لەسەر هەڵەبوونى تیۆری ڕێژەگەرایی ئەخلاقى بهێنمەوە و، بیسەلمێنم جیاوازییە کولتوورییەکان بەڵگە نین لەسەر ئەوەى لە ڕووى ئەخلاقییەوە هەموو شێوە ژیانە جیاوازەکان بە یەک ئەندازە بایەخدارن. لە ڕاستیدا گەر ڕێژەگەرایی ئەخلاقى ڕاست بێت، پێویستە شین بۆ ئەخلاق بگێڕین. سەرباری جیاوازییە کولتوورییەکان، بنەما و جەوهەرێکى ئەخلاقى هەیە کە خاوەن بایەخێکى گشتییە. من ئەم جەوهەرە بە «ئۆبێکتگەرایی ئەخلاقى» ناو دەبەم، بۆ ئەوەى لە «ڕەهاگەرایی ئەخلاقى» و «ڕێژەگەرایی ئەخلاقى» جیاى بکەمەوە.

شیکارێک لەبارەی ڕێژەگەراییەوە

     ڕێژەگەرایی ئەخلاقی بەو واتایە کە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی نییە کە بایەخەکەی گشتی بێت؛ بایەخی گشت بنەما ئەخلاقییەکان بۆ کولتوور یاخود هەڵبژاردەی کەسی دەگەڕێتەوە. واتە دوو جۆر ڕێژەگەرایی هەن:

     گرێبەستگەرایی (conventionalism) کە لەو باوەڕەدایە بنەما ئەخلاقییەکان پەیوەستن بە کولتوور و کۆمەڵگەوە و، سەبجێکتیڤیزم (subjectivism) کە لەو باوەڕەدایە ئەوە هەڵبژاردەی تاکەکانە کە بایەخی بنەما ئەخلاقییەکان دیاریی دەکات. سەرەتا قسە لەسەر گرێبەستگەرایی دەکەین. جۆن لەد، مامۆستای زانکۆی بێرن، بەم جۆرە پێناسە یاخود باسی ڕێژەگەرایی ئەخلاقیی دامەزراو لەسەر گرێبەست دەکات:

     «ڕێژەگەرایی ئەخلاقی وانەیەکە [کە دەڵێت] چاکە و خراپەی ئەخلاقیی کرداریی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان جیاوازن و، هیچ بنەمایەکی گشتی و ڕەها بوونی نییە کە بۆ هەموو مرۆڤەکان و لە هەموو سەردەمەکاندا پێویست بێت. لەم ڕووەوە، ئەم تیۆرییە لەو باوەڕەدایە کە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا کردەیەک بە شێوەیەکی دیاریکراو بۆ کەسێک ڕاستە یان هەڵە، پەیوەستە بەو کۆمەڵگەیەوە کە ئەو تاکە ئەندامیەتی.» (جۆن لەد، ڕێژەگەرایی ئەخلاقی، ودسورث، ١٩٧٣).

     بەپێی بۆچوونی لەد، ڕێژەگەرایی ئەخلاقی خاوەن دوو بانگەشەیە: بانگەشەی جیاوازی، کە دیاریی دەکات ئەوەی لەڕووی ئەخلاقییەوە بە چاکە یان خراپە دەژمێردرێت، بە جۆرێک لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازە و دەگۆڕێت، کە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی بوونی نەبێت هەموو کۆمەڵگەکان قبوڵیان بێت؛ هەروەها بانگەشەی وابەستەیی، کە دەریدەخات هەموو بنەما ئەخلاقییەکان بایەخی خۆیان لە قبوڵکرانی کولتوورییەوە بەدەست دەهێنن. ئەو لە ڕێگەی ئەم دوو بانگەشەیەوە ئەنجامگیریی ئەوە دەکات، کە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی بوونی نییە بە شێوەیەکی گشتی بایەخدار بێت؛ واتە هیچ پێوەرێکی ئۆبێکتی بوونی نییە لەسەر هەمووان و لە هەموو کات و شوێنێکدا کارایی هەبێت.

     بانگەشەی یەکەم، واتە بانگەشەی جیاوازی، یان ئەوەی بەئاسانی دەتوانین بە ڕێژەییبوونى کولتووری ناوی ببەین، بانگەشەیەکی مرۆڤناسانەیە و ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ڕێسا ئەخلاقییەکان لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە دەگۆڕێت. هەر بەو جۆرەی لە سەرەتای ئەم وتارەدا باسم کرد، جیاوازیگەلێکی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا بە بنەمای ئەخلاقی دەزانرێت (بە بەراورد بە کۆمەڵگەیەکی دیکە). بارودۆخی مرۆیی لەڕادەبەدەر کارتێکراوە، بە جۆرێک کە هەموو جۆرە سیستمێکی ئەخلاقی یاخود شێوازی ژیان بۆ خەڵک هەموار دەکات. ڕوث بندیکت وەهای نووسیوە:

     «سەرتەرزی کولتووریی هەر شارستانیەتێک، سود لە بەشێکی تایبەت یاخود دیاریکراو لە کەوانێکی مەزنی پاڵنەر و ئامانجە بنەڕەتییە مرۆییەکان وەردەگرێت… هەموو کولتوورێک سود لە داهێنانە ماددی یاخود تایبەتمەندییە کولتوورییە هەڵبژێردراوەکان وەردەگرێت. ئەم کەوانە مەزنە، کە هەموو هەڵسوکەوتە ڕێتێچووە مرۆییەکان بەسەریدا دابەش بوون، زۆر مەزنتر و پڕناکۆکیترە لەوەی کولتوورێکى دیاریکراو بتوانێت کەڵک لە بەشێکی بەرچاوی وەربگرێت. کەواتە «هەڵبژاردن و هەڵاوێردن» مەرجی یەکەمە.» [سەرتەرزەکانی کولتوور، نیویۆرک، ١٩٤٢، لا ٢١٩]

     بانگەشەی دووەم، واتە بانگەشەی وابەستەیی، دەریدەخات چاکە و خراپەی کردەی تاکەکەسی پەیوەستە بە ماهییەتی ئەو کۆمەڵگەیەوە کە لێیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوەی لە ڕووی ئەخلاقییەوە بە چاکە یان خراپە دادەنرێت، پێویستە لەنێو زەمینەیەک لە ئامانجەکان، ویستەکان، باوەڕەکان، مێژوو و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا سەرنجی لێ بدرێت. هەر بەو جۆرەی ویلیام گراهام سامنێر باسی دەکات، ئێمە چەندە نائاگایانە فێری ڕێڕۆشتن، بیستن و هەناسەدان دەبین، بە هەمان ئەندازەش فێری (ئەخلاقیاتەکان) دەبین و، هەگیز هیچ بەڵگەیەکیشمان بۆ ئەوە نییە کە بۆچی ئەخلاقیاتەکان بەم جۆرەن. پاساوی ئەوان ئەوەیە کە کاتێک ئێمە لەبارەی ژیانەوە بەئاگا دەبین، ئەخلاقیاتەکان بە ڕاستیگەلێک دەزانین کە پێشوەختە ئێمەی بە کۆمەڵێک دابونەریتەوە پابەند کردووە. هەوڵدان بۆ تەماشاکردنی بارودۆخەکان لە ڕوانگەیەکی سەربەخۆ و دابڕاو لە کولتوور، وەک ئەوەیە چاوەکانمان دەربهێنین بۆ ئەوەی لە شێوە و چییەتییەکەی بڕوانین. ئێمە بوونەوەرگەلێکی گیرۆدەی جەبری کولتووریین.

     بە واتایەکی دی، ئێمە لەنێو جیهانگەلێکی ئێجگار جیاوازدا دەژین. هەریەک لە ئێمە خاوەن کۆمەڵەیەک لە باوەڕ و ئەزموونگەلی جیاوازە؛ گۆشەنیگایەکی تایبەت کە شێوە بە تێگەیشتنە هەستییەکانمان دەدات. ئایا گەر جوتیارێک، فرۆشیارێکی زەوی و هونەرمەندێک لە یەک کاتدا لە مەزرایەک بڕوانن، هەمان شت دەبینن؟ بە ئەگەری زۆر نەخێر، ئاڕاستە، باوەڕ و چاوەڕوانییەکانیان بە جۆرێک بەسەر تێگەیشتنە هەستییەکانیاندا زاڵە کە ڕەهەندگەڵێکی مەزراکە بەرجەستە دەکەن و ڕەهەندگەڵێکیش پشتگوێ دەخەن. هەر بەو جۆرەی بەها کەسییەکانمان لە ئەزموونەکانمانەوە سەرچاوە دەگرن، بەها کۆمەڵایەتییەکانی هەر کۆمەڵگەیەکیش لەڕێی مێژووی تایبەتی ئەو کۆمەڵگەیەوە گەشە دەکات. کەواتە، ئەخلاق تەنیا بریتییە لە کۆمەڵەیەک لە ڕێسا و دابونەریتی هاوبەش کە بە درێژایی سەردەمەکان ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتیی بەدەست هێناوە، بە جۆرێک کە هاوشێوەی ڕاستییەکان، وەک بەشێک لە سروشتی شتەکان دەبینرێت. ئەم سیستمە کرداریانە هیچ شتێکی سەیر، نهێنیئامێز و نائەزموونییان نییە، بەڵکوو بەرئەنجامی مێژووی کۆمەڵایەتیی ئێمەن.

ڕێژەگەرایی ئەخلاقیی دامەزراو لەسەر تاک (سەبجێکتیڤیزم)

     هەندێک لەو باوەڕەدان کە تەنانەت ئەم ئەنجامەش لەڕادەبەدەر بێکەڵکە و، باوەڕیان وایە ئەخلاق پەیوەستە بە تاکەوە نەوەک کۆمەڵگە؛ هەر بەو جۆرەی هەندێک کات فێرخوازان لەو باوەڕەدان «ئەخلاق ئەو شتەیە کە بە مێشکی بینەردا دێت.» «ئێرنێست هێمنگوای» دەنووسێت: «من تا ئێرە لەبارەی ئەخلاقەوە تەنیا ئەوەندە دەزانم کە کاری ئەخلاقی واتە ئەو کارەی کە دوای کردنی هەستێکی باشتان هەیە و، کاری نائەخلاقی واتە ئەو کارەی کە دوای ئەنجامدانی هەستێکی خراپتان هەیە. بەپێی ئەم بنەما یان پێوەرە ئەخلاقییانەش، کە من بەرگرییان لێ ناکەم، بە بۆچوونی من گابازی زۆر ئەخلاقییە. چوونکە کاتێک ئەم یارییە بەڕێوەدەچێت، هەستێکی زۆر باشم هەیە؛ هەستی ژیان و مردن، ئەخلاقی و نائەخلاقی؛ پاش کۆتاییهاتنیشی هەست بە خەمێکی قوڵ دەکەم بەڵام جەوێکی زۆر خۆشم هەیە.» ئەم جۆرە لە سەبجێکتیڤیزم بەرئەنجامێکی ئێجگار خەمهێنی هەیە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەخلاق ببێتە چەمک یان مەفهومێکی پووچ و بێبەرهەم. چوونکە بەپێی پێشەکییەکانی، هەموو یاخود زۆرینەی بڕیار و ڕەخنەى تاکەکان، لە ڕووی لۆژیکییەوە دەبێتە مەحاڵ. ڕەنگە ئێرنێست هێمنگوای چێژ لە کوشتنی گاکان لەکاتی گابازیدا وەربگرێت، لە کاتێکدا کە ئەلبێرت شوایتزر یاخود دایکە ترێزا ڕەنگە (بەهۆی ئەو کارەوە) هەست بە نیگەرانی بکەن. تاکە پێوەر و بنەمای بڕیاردان لەو بارەیەوە کە هێمنگوای یاخود هەر کەسێکی دیکە خەتابارە، ئەوە دەبێت کە ئەو پابەند نەبێت بە بنەما ئەخلاقییەکانییەوە. بەڵام، هەڵبەتە دەشێ یەکێک لە بنەماکانی هێمنگوای ئەوە بێت کە ڕووپامایی لەڕووی ئەخلاقییەوە ڕێپێدراوە (واتە ئەو هەستێکی باشی بەرانبەر بەو کارە هەیە)، بە جۆرێک کە ئەوە ڕێتێچوو نییە بۆ ئەو کاری هەڵە ئەنجام بدات. بۆ ئەو، دەشێ لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەم ڕووپامایی و هەم ڕووڕاستی ڕێپێدراو بن. بەپێی سەبجێکتیڤیزم، بەئاسانی دەتوانین بڵێین ئەدۆڵف هیتلەر هێندەی گاندی پەیڕەویی لە ئەخلاق کردووە، مادەم هەریەک لەوان لەو باوەڕەدایە کە لەسەر بەما هەڵبژێردراوە ئەخلاقییەکانی دەژی. کەواتە، مەفهومگەلی چاکە و خراپە و ڕاست و هەڵەی ئەخلاقی، چیدی لەنێو خەڵکدا واتایەکی خاوەن بەهایان نییە.

     سەردەمانێک سیدنی مۆرگان بیسێر، مامۆستا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، لە پۆلێکدا وانەی فەلسەفەی دەگوتەوە کە زۆرینەی فێرخوازەکان بەتوندی لایەنگری ڕێژەگەرایی بوون. کاتێک تاقیکردنەوە دەستی پێکرد، مۆرگان بیسێر نمرەیەکی زۆر کەمی بە هەموو خوێندکارەکان دا- گەرچی ڕوونکردنەوەکانی دەرخەری ئەوە بوون کە زۆرینەى فێرخوازەکان زۆر بەباشی لە تاقیکردنەوەکەدا وەڵامیان داوەتەوە. کاتێک فێرخوازەکان لەبەرانبەر ئەم ستەمەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی، مۆرگان بیسێر وەها وەڵامی دانەوە کە ئەو تیۆری سەبجێکتیڤیزمی بۆ هەڵسەنگاندنی تاقیکردنەوەکە بەکارهێناوە و، لەمبارەیەوە بنەمای دادپەروەری هیچ بایەخێکی ئۆبێکتیی نییە.

     سەبجێکتیڤیزم بەرئەنجامی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە. گەر سەبجێکتیڤیزم ڕاست بێت، ئەوا ئەخلاق بە مەیلە جوانیناسانەکانەوە پەیوەست دەبێت و لەم حاڵەتەدا ناتوانرێت نە بەڵگەی بۆ بهێنرێتەوە نە بڕیاری لەبارەوە بدرێت. گەرچی زۆرێک لە خەڵک دەڵێن باوەڕیان بەم بابەتە هەیە، بەڵام وا دەردەکەوێت لەنێوان ئەم بابەتە و دیدگا ئەخلاقییەکانی دیکەیاندا ناکۆکیی هەبێت. (بۆ نموونە، ئەو ڕوانگەیەی پێی وایە هیتلەر بەڕاستی لە ڕووی ئەخلاقییەوە خراپە، یاخود سزای لەسێدارەدان لە هەموو حاڵەتێکدا هەڵەیە). وا دەردەکەوێت لەنێوان سەبجێکتیڤیزم و خودی چەمکی ئەخلاقدا، کە بڕیارە سەبجێکتیڤیزم وەسفەکەی بێت، ناکۆکی هەیە. چوونکە ئەخلاق دەبێت ڕێچاری گونجاو بۆ ناکۆکی نێوان تاکەکان پێشکەش بکات و لە گرفتارییەکانی مرۆڤ کەم بکاتەوە. هەر بەو جۆرەی تۆماس هۆبز باسی دەکات، ئەخلاق هەر کارێکی دیکەش ئەنجام بدات ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوەیە کاتێک ژیان پەرت، بێکەڵک، بێناوەڕۆک، سەخت، نەخوازراو، دڕندانە و کورتە، ڕێ لە حاڵەتی شپرزی و شێواوی بگرێت. بەڵام لەم حاڵەتەدا سەبجێکتیڤیزم هیچ یارمەتییەکی ئەنجامدانی وەها کارێک نادات. چوونکە نە لەسەر ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەماکان دامەزراوە (بەو جۆرەی گرێبەستگەرایان باوەڕیان وایە)، نە لەسەر کۆمەڵە پێوەرێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە کە هەموو خەڵک بۆ بەرژەوەندیی گشتی لە دەوری یەکدی کۆ دەکاتەوە. سەبجێکتیڤیزم تاکەکان وەک تۆپەکانی بلیارد دەبینێت کە لەسەر مێزی بلیاردی کۆمەڵایەتیدان. لەو جێیەدا کە پەیوەندیی ئەوان تەنیا بە شێوەی بەرکەوتنی توندە، هەموو تاکێک بەدوای ئامانجی خۆیەوەیە و هەوڵ دەدات پێش ئەوەی ئەوی دیکە کاریگەریی لەسەر دابنێت ئەو کاریگەری بخاتە سەر ئەویدیکە. ئەو ڕاستییەی کە ئێمە لەنێو خێزان و کۆمەڵگەگەلێکی خاوەن وابەستەیی دوولایەنەدا گەشە دەکەین کە خاوەن زمانی هاوبەش، دامەزراوەی هاوبەش و خەسڵەتی هاوبەشین و زۆرجار لە خەم و شادیی ئەوانی دیکە تێدەگەین، ئەم دیدگا تاکگەرایانە لەبارەی کەسایەتییەوە ڕەتدەکاتەوە. هەر بەو جۆرەی جۆن دان گوتوویەتی، هیچ مرۆڤێک دوورگەیەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەشێکە لە کیشوەرێک.

     ڕێژەگەرایی تاکگەرایانەی زێدەڕۆیانە یان توندڕەوانە، ناسازگار دەردەکەوێت. گەر بەو جۆرە بێت، ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە تاکە ڕوانگەی پاساودار لە بواری ڕێژەگەرایی ئەخلاقیدا دەبێت دیدگایەک بێت کە بنەمای ئەخلاق بە گرووپ یاخود کولتوور دەزانێت. ئەم جۆرە ڕێژەگەراییە، بە گرێبەستگەرایی ناو دەبرێت کە لە سەرەتای ئەم باسەدا ئاماژەمان پێ کرد و ئێستا زیاتر دەپەرژێینە سەر باسکردنی.

     ڕێژەگەرایی ئەخلاقیی دامەزراو لەسەر گرێبەست، بریتییە لەوەی کە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقیی ئۆبێکتی بوونی نییە، بەڵکوو پاساودەر و پەسەندکەری هەموو بنەما ئەخلاقییە بایەخدارەکان، قبوڵکرانی کولتوورییە؛ ئەم دیدگایە دان بە سروشتی کۆمەڵایەتیی ئەخلاقدا دەنێت. ئەمەش هێز و بەهای بنەمای ئەخلاقییە. بە ڕواڵەت ئەم جۆرە ڕێژەگەراییە ناکەوێتە بەردەم مەترسیی بەرئەنجامە نەخوازراوەکانی سەبجێکتیڤیزم. زۆرێک لە خەڵک پاش پەیبردن بە کاریگەریی ژینگەی کۆمەڵایەتی لە هێنانەکایەی نەریت و باوەڕەکان، وا گومان دەبەن ڕێژەگەرایی ئەخلاقی تیۆرییەکی ئەخلاقیی دروستە. ئەوان زیاتر بەهۆی بۆچوونە فەلسەفییە لیبراڵەکانەوە مەیلیان بەلای ئەم تێڕوانینەدا دەڕوات. وا دەردەکەوێت ئەم تێڕوانینە کاردانەوەیەکی ڕۆشنبیرانەیە بەرانبەر بە «تاوانی نەتەوەپەرستی»؛ هەروەها وا دیارە پابەندە بە تێڕوانینێکی شلگیرانە بەرانبەر کولتوورەکانی دیکە، یاخود لایەنی کەم، بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ ئەوە. هەر بەو جۆرەی بندێکت دەڵێت، ئێمە بە داننان بە ڕێژەیی ئەخلاقیدا، دەستمان بە ئایینێکی کۆمەڵایەتیی واقیعیتر دەگات؛ واتە لە ڕێگەی قبوڵکردنی هاوکاری، هاوژیانی و ئەو سەرتەرزانەی ژیان کە بەیەک ئەندازە بایەخدارن و مرۆڤ لە ماددەی سەرەتایی ئافراندوویەتی وەک بوارێکی هیوابەخش و بنەمایەکی نوێ بۆ پێکەوەژیان. مێلڤیڵ هێرسکۆڤیتسى مرۆڤناس، لە بەنێوبانگترینی ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان بەم بابەتە هەیە. ئەو تەنانەت لە بندێکت ڕاشکاوانەتر باس لەوە دەکات کە ڕێژەگەرایی ئەخلاقی پێویستی بە سازانی نێوان کولتوورەکان هەیە.

     ئەم دیدگایە دژیەکیی تێدایە. چوونکە گەر هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی بە شێوەیەکی گشتی بایەخدار نەبێت، چۆن دەشێ سازان بە شێوەیەکی گشتی بایەخدار بێت؟ هەروەها لە کوێوە بایەخی خۆی بەدەست دەهێنێت؟ گەر ئەخلاق تەنیا پەیوەندیی بە کولتوورەوە هەیە، لە حاڵاتێکدا کە کولتوورێک خاوەن بنەمای سازان نەبێت، تاکەکانی نێو ئەو کولتوورە ناچار نین ئەهلی سازان بن. وا دیارە هێرسکۆیتس بنەمای سازان، وەک بنەمایەکی ئەخلاقیی ڕەها، وەک ئیستیسنایەک لەنێو ڕێژەگەراییەکەیدا لەبەرچاو دەگرێت. بەڵام لە ڕوانگەیەکی ڕێژەگەراکانەوە، ئەهلی سازان بوون بەڵگەی زیاتر و باشتری لە ئەهلی سازان نەبوون نییە و هیچ یەک لەم دوو بۆچوونە لەویدیکەیان باڵاتر نییە. ڕێژەگەراکان نەک تەنیا ناتوانن بنەمایەک بۆ ڕەخنەکردنی ئەو کەسانە بخەنە ڕوو کە ئەهلی سازان نین، بەڵکو ناتوانن ڕەخنە لەو کەسەش بگرن کە لایەنگری شتێکە کە ئەوان بە بنەمایەکی شەڕەنگێزانەی دەزانن. گەر پێشمەرجی ڕەخنەی بایەخدار پێوەرێکی ئۆبێکتی یان بێلایەنانەیە، کە بە ڕواڵەت هەر وایە، ڕێژەگەراکان لە ڕووی ئەخلاقییەوە ناتوانن ڕەخنە لە کەسێک بگرن کە لەدەرەوەی کولتووری ئەواندایە. مادەم لە ڕووی کولتوورییەوە کردە کۆمەڵکوژییەکانی ئەدۆلف هیتلەر قبوڵ کراون، کەواتە لە ڕووی ئەخلاقییەوە هێندەی کارە خێرخوازانەکانی دایکە ترێزا پاساودارن. گەر ڕێژەگەرایی دامەزراو لەسەر گرێبەست قبوڵ بکەین، ڕەگەزپەرستی، کۆمەڵکوژی، ستەم لە کەسانی بێدەسەڵات، کۆیلەداری و تەنانەت لایەنگریی جەنگ تەنیا لەبەر خاتری خودی جەنگ، بە هەمان ئەندازەی پێچەوانەکەیان ئەخلاقین. گەر بڕیاری وردەکولتوورێک لەنێو کولتووری ئێمەدا بۆ جەنگی ناوەکی بە جۆرێک لە جۆرەکان پاساودار بووبا، لەو حاڵەتەدا نەماندەتوانی لە ڕووی ئەخلاقییەوە ڕەخنە لە ئەندامانی ئەو وردەکولتوورە بگرین. گەر ڕێژەگەرایی کولتووری ڕاست بێت، هەر سیستمێکی ئەخلاقی بە هەر ناوەڕۆکێکەوە، هێندەی هەر جۆرە سیستمێکی ئەخلاقیی دیکە بایەخدارە، سەرەڕای ئەوەش لە سیستمی ئەخلاقیی ئایدیاڵیش بایەخدارترە؛ چونکە هیچ کولتوورێک بەرگری لە سیستمی ئەخلاقیی ئایدیاڵی ناکات.

     ڕێژەگەرایی کولتووری دەرئەنجامگەلی نیگەرانکەری دیکەشی هەیە. ئەم تیۆرییە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕیفۆرمخوازان بە شێوەیەکی بەردەوام (لە ڕووی ئەخلاقییەوە) لە هەڵەدان. چوونکە ئەوان لە دژی پێوەرە باوە کولتوورییەکان ڕادەپەڕن. ڕاپەڕین یان شۆڕشی ویلیام ویلبێر فۆرس لە سەدەی هەژدەدا لە دژی کۆیلەداری هەڵە بوو، دژایەتیی بەریتانیا بەرانبەر ساتی (سوتاندنی بێوەژنێکی هیندی لەگەڵ مێردە کۆچکردووەکەیدا) لە هیندستانیش هەڵە بوو. خۆبەدوورگرتنی مەسیحییە سەرەتاییەکان لە چوونە نێو سوپای ڕۆم و یاخود خۆچەماندنەوە لە بەردەم قەیسەردا، واتە ئەو کارانەی زۆرینەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم لەو باوەڕەدابوون کارێکی ئەخلاقییە، هەڵە بوون. هەروەها عیسا لە ڕێگەی چاکردنەوەی نەخۆش لە ڕۆژی شەممەدا و وتاردان و ئامۆژگاریکردنی خەڵک لەسەر کێوێکدا، یاسای ئەو سەردەمەی خۆی پێشێل کردووە و کارێکی نائەخلاقیی کردووە؛ چونکە (تەنیا) کەسانێکی کەم لەو سەردەمەدا (لە ئێستاشدا) ئەم بنەمایەی ئەویان قبوڵ کردووە.

     لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەمان بە شێوەیەکی سروشتی هەستێکی تەواو پێچەوانەی ئەوەمان هەیە. واتە هەست دەکەین ڕیفۆرمخوازان کەسانێکی نوێگەر و بوێرن، کە کارەکەیان کارێکی باشە و لە حەقیقەت بەهرەمەندن و ئەوە زۆرینە بێئاگا و گەمژەکەن کە هەڵەن. هەندێک کات پێویستە تاکەکان بە تەنیایی لەپێناو ڕاستیدا ڕاپەڕن و مەترسیی تۆمەتبارکران، لۆمەکران و ئازاری کۆمەڵایەتی قبوڵ بکەن. هەر بەو جۆرەی دکتۆر ئیستاکمێن [کەسێتییەک لە] شانۆنامەی ئیبسن بە ناوی «دوژمنی خەڵک» پاش شکستهێنان لە هەوڵدانی بۆ ڕاگەیاندنی ئەوەی سەرچاوەکانی ئاوی کانزایی شار پیسە، دەڵیت: «ترسناکترین دوژمنی حەقیقەت و ئازادی لەنێوماندا، زۆرینە کەڵەکەبوو و پێکەوەپەیوەستەکەیە. بەڵێ، ئەم زۆرینە پێکەوەپەیوەست و میانڕەو و نەفرەتییە. زۆرینە دەسەڵاتدارە، بەداخەوە، بەڵام لەسەر حەق نییە. من و ژمارەیەکی کەم لە کەسانی دی لەسەر حەقین.» بەڵام گەر ڕێژەگەرایی ڕاست بێت، بەناچاری پێچەوانەی گوتەکانی ئیستاکمێن ڕاست دەبن. واتە زۆرینە لەسەر حەقە و تاک هەڵەیە.

     کێشەیەکی بنەڕەتیتری ئەم دیدگایەی گرێبەستگەراکان، کە بایەخی ئەخلاق بە قبوڵکرانی کولتوورییەوە دەبەستنەوە، ئەوەیە کە پێناسەکردنی کولتوورێک یاخود کۆمەڵگەیەک زۆر دژوارە، بەتایبەت لە کۆمەڵگە فرەچەشنەکانی وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا کە چەمکی کولتوور ناڕوونە و خاوەن سنوورێکی دیاریکراو نییە. ڕەنگە یەک کەس سەر بە چەند وردەکولتوورێک بێت کە هەریەکەیان خاوەن بەهاگەلی جیاواز بن و جەخت لەسەر بنەما و ڕێککەوتنی جیاواز بکەنەوە. دەشێ کەسێک ئەندامی گەلێک بێت -وەک کۆمەڵگەیەکی سادە، بە بەهای نیشتیمانپەروەری، ئەدەب، ڕێز، ئازایەتی و یاساگەلی (پەیوەست) پێیانەوە (لەوانەش ئەو یاسایانەی مشتومڕیان لەسەرە بەڵام لە قبوڵکرانی گشتی بەهرەمەندن، وەک یاسای لەباربردنی کۆرپە). بەڵام ڕەنگە ئەو ئەندامی کەنیسەیەکیش بێت کە دژ بە هەندێک لە یاساکانی دەوڵەت بێت. ڕەنگە ئەندامی کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگە جیاوازەکانیش بێت کە بنەماگەلێکی جیاواز بەسەریدا زاڵە ؛ یان ڕەنگە سەر بە ئەنجومەن و خانەدانییەک بێت کە خاوەن ڕێسا و یاساگەلی دیکەن. ڕێژەگەرایی پێمان دەڵێت کە کاتێک تاکێک ئەندامی چەند کۆمەڵەیەکە بە ئەخلاقیاتی جیاواز و دژەوە، پێویستە لەبارەی ئەو کارانەوە کە ئەنجامی دەدات وەها بڕیاری لەبارەوە بدرێت کە هەم هەڵەیە و هەم هەڵە نییە. بۆ نموونە، گەر مێری هاوڵاتییەکی ئەمریکییە و ئەندامی کەنیسەی کاتۆلیکیی ڕۆمە، ئەو (لە ڕووی کاتۆلیکبوونییەوە) گەر لەباربردنی کۆرپە هەڵبژێرێت کارێکی هەڵەی کردووە و (لەو ڕووەوە کە هاوڵاتییەکی ئەمریکییە) گەر پێچەوانەی فێرکارییەکانی کەنیسەکەی لەبارەی لەباربردنی کۆرپەوە کار بکات، تاوانکار نییە. یاخود جۆن وەک ئەندامی دامەزراوەیەکی ڕەگەزپەرستانە (بۆ نموونە دامەزراوەی کۆکلاس کڵان) ناچار نییە خۆی و ڕەشپێستێک بە یەکسان بزانێت، بەڵام وەک ئەندامێک لە ئەنجومەنی خوێندکاری (کە یاسای مافی یەکسانی قبوڵ کردووە) ناچارە خۆی لەگەڵیدا بە یەکسان بزانێت و بەو جۆرە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات، یاخود وەک ئەندامی ئەنجومەنی هاوچەشن (کە ڕەنگە بنەمای مافی یەکسان ڕەتبکەنەوە) ناچار نییە ئەو کارە بکات، دیسانەوە وەک تاکێک لە نەتەوەیەک بە شێوەیەکی گشتی (کە بنەمای یەکسانییان قبوڵ کردووە) ناچارە لەگەڵ هاوجۆرەکەیدا بە ڕێزەوە هەڵسوکەوت بکات. لەنێو ئەم ئاڵۆزی و پەشێوییە ئەخلاقییەدا، ئەو پرسیارە کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە چ کارێک لە پەیوەندیدا بە جۆنەوە دروستە، هیچ واتایەکی نییە و وەک کارێکیش کارکردەکەی لەدەست دەدات.

     ڕەنگە ڕێژەگەراکان بڵێن کە لە وەها حاڵەتگەلێکدا پێویستە تاکەکان ئەوە هەڵبژێرن کە سەرەتا و لە بنەڕەتدا سەر بە چ گرووپێکن. گەر مێری لەباربردنی کۆرپە هەڵبژێرێت، لەم بابەتەدا پەیوەستبوون بە کۆمەڵگەیەکی گەورەتری هەڵبژاردووە. گەر جۆن ڕەگەزپەرستانە هەڵسوکەوت بکات، ئەو لەم حاڵەتەدا پەیوەستنەبوون بە ئەنجومەنی خوێندکاری و میللەتی هەڵبژاردووە. کێشەی ئەم ڕێچارە ئەوەیە کە بەرئەنجامی نامەعقولی هەیە. بۆ نموونە، گەر گینگڵێند گاسی ئەندامی سەندیکای تاوانباران، هەست بکات دەیەوێت ئورتکات، بەرێوبەری بانک، بکوژێت و دەیەوێت بەم هۆیەوە هەستێکی باشی بۆ دروست ببێت، پشتگیریی لە کۆمەڵگەی سەندیکای تاوانباران دەکات، لەبری ئەوەی پشتگیریی ئەخلاقی گشتیی خەڵک بکات. ئایا ئەم کردەیە، پاساو بۆ کردەی کوشتنەکەی ئەو دەهێنێتەوە؟ ئایا لە ڕاستیدا ئەوە کارێکی ڕێتێچوو نییە کە کەسێک بە دروستکردنی وردەکولتوورێک پاساو بۆ شتێک بهێنێتەوە؟ بۆ نموونە چاڵز مۆنسۆن دەتوانێت بە پێکهێنانی گرووپێک، پاساو بۆ کوشتنی کەسانی بێتاوان بهێنێتەوە. پرسیارێکی دیکەش ئەوەیە کە دەبێت ژمارەی تاکەکانی گروپێک چەند کەس بێت تا وردەکولتوور یاخود کۆمەڵگەیەکی یاسایی بێت؟ ئایا پێویستە دە یاخود پازدە کەس بن؟ بۆچوونتان لەبارەی سێ کەسەوە چییە؟ ئێستا بیر لەو پرسیارە بکەنەوە کە بۆچی من و هاوکارەکەم نەتوانین بە نهێنی کۆمەڵگەی خۆمان بە سیستمی ئەخلاقیی خۆمان دابمەزرێنین؟ هەڵبەتە، گەر هاوکارەکەشم بمرێت دیسان دەتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم کە من لەسەر بنەمای کۆمەڵێک لە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان هەڵسوکەوتم کردووە. لە کۆتاییشدا بۆچی نەتوانین واز لە هەموو ڕێکەوتنەکانی نێوان تاکەکان بهێنین و سیستمی ئەخلاقیی خۆمان دابهێنین؟ چوونکە بەپێی گرێبەستگەرایی، ئەخلاق داهێنانێک زیاتر نییە. وا دیارە ڕێژەگەرایی دامەزراو لەسەر گرێبەست، پەیوەست دەکرێت بە سەبجێکتیڤیزمەوە و، وەک بینیمان سەبجێکتیڤیزم بە لەنێوچوونی ئەخلاق کۆتایی دێت.

هۆکاری ئۆبێکتگەرایی ئەخلاقی

     هەڵەی ڕێژەگەراکان لەکوێدایە؟ بە بۆچوونی من ڕێژەگەراکان بە بینینی ئەوەی کە کولتوورە جۆراوجۆرەکان خاوەن ڕێساگەلی جیاوازن، ئەو ئەنجامگیرییە نامەعقولە دەکەن کە هیچ کۆمەڵە ڕێسایەکی هیچ کولتوورێک، تەنانەت کۆمەڵە ڕێساگەلێکی ئایدیاڵی، لەوی دیکە باشتر نییە، بەڵکوو باشتربوونی کۆمەڵێک ڕێسا لە کۆمەڵێکی دیکە پەیوەستە بە ئامانجی سیستمی ئەخلاقییەوە. هەروەک لە باسەکانی دیکەدا گوتوومە، ئامانجی ڕێسا ئەخلاقییەکان مانەوەی کۆمەڵگە، نەهێشتنی خەم و ئازار، پشکوتن و گەشەی مرۆیی، چارەسەری دادپەروەرانە و وردی دژیەکییەکانی نێوان بەرژەوەندییەکانە. ئەم ئامانجانە کۆمەڵەیەک لە بنەمای هاوبەش بەرهەم دەهێنن کە لە ڕاستیدا، زەمینە و بناغەی هەندێک لەو جیاوازییە کولتوورییانەیە کە مرۆڤناسان باسیان کردووە. دەیڤد هیوم لە سەدەی هەژدەدا باس لەوە دەکات کە سروشتی مرۆیی بە درێژایی سەردەم و شارستانیەتەکان لە بنەڕەتدا وەک یەک بووە. ئەم دواییانە ئەی. ئۆ. ویڵسنی زیندەناسی کۆمەڵایەتی، باس لە زیاتر لە بیست تایبەتمەندیی گشتی دەکات. کلاید کلاکهانی مرۆڤناس، دۆزینەکانی لە بواری تایبەتمەندییە کولتوورییە گشتییەکان بەم جۆرە کورت دەکاتەوە:

     «هەموو کولتوورێک خاوەن تێگەیشتنێکی تایبەتە لە کوشتن، کە لە لەسێدارەدان، کوشتن لە شەڕدا و «کوشتنە پاساودارەکانی دیکە»ى جیا دەکاتەوە. بابەتگەلی وەک سێکسکردن لەگەڵ کەسانی نزیک و ڕێسا زاڵەکان بەسەر ڕەفتارە سێکسییەکان، یاساغبوونی درۆکردن لە بارودۆخی دیاریکراودا، قەرەبووکردنەوەی زیانڵێکەوتووان و تۆڵەسەندنەوە، ئەرکە دووسەرەکانی نێوان دایک و باوک و منداڵ- ئەم مەفهومانە و مەفهومگەلی ئەخلاقیی دیکە هەموویان گشتین.» [Ethical Relativity: Sic et Non Journal of Philosophy, L II (1995)]

     کالین ترینبوڵ، کە قسەکانی لەبارەی هۆزی ئایکەوە لە ئۆگەندای باکوور، کە ئازارگەران و تا ئاستێک ڕاونراون، وەک بەڵگەیەک بۆ بوونی کەسانێک لێرەدا باس کرا کە هیچ بنەمایەکی هاوکاری و میهرەبانی لەنێوانیاندا نییە، بەڵگەگەلێکی خستووەتە ڕوو کە باس لەوە دەکات لە قوڵایی ئەم کۆمەڵگە ڕوولەمەرگەدا و لەو کاتەوەی ئەم هۆزە دەستی بە گەشەکردن و فراوانبوون کردووە، سیستمێکی ئەخلاقیی قوڵتر هەیە کە هەندێک کات ڕووە باڵاکەی دەردەخات و پیشانی دەدات.

     ئەوانەی ڕێژەگەرا نین دەتوانن جۆرێک لە ڕێژەییبوون لە شێوازی بەکارهێنانی بنەما ئەخلاقییەکان لە کولتوورە جیاوازەکاندا قبوڵ بکەن، کە پەیوەستە بە باوەڕ، مێژوو و ژینگەی کۆمەڵایەتیی هەر کولتوورێکەوە. بۆ نموونە، ژینگەی سەخت و کەمیی سەرچاوەی سروشتی، پاساو بۆ کوشتنی بەبەزەییانە لە لایەن ئەکسیمۆکانەوە بۆ ئۆبێکتگەرایەک، کە لە ژینگەیەکی دیکەدا ئەم کارە ڕەتدەکاتەوە، دەهێنێتەوە. یۆنانییەکان و کەلاتییەکان هەردووکیان بە شێوەی جیاواز مامەڵە لەگەڵ دایبابە [مردووەکان]یان دەکەن، بەڵام ئەم بابەتە سەلمێنەری ئەوە نییە کە تیۆری گرێبەستگەرایی ڕاستە. [چوونکە] وا دەردەکەوێت هەردوو دەستەکە لایەنگری بنەمای هاوبەشی ڕێزگرتنن لە بەساڵاچووان و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئەم شێوازی ڕێزگرتنە ئازادانە نەبێت.

     ئەندامانی هۆزێک لە خۆرهەڵاتی ئەفریقا، منداڵە نقوستانەکانیان دەخەنە نێو ڕووبارەوە، چوونکە باوەڕیان وایە ئەم منداڵانە موڵکی هیپوتاموسی خودای ڕووبارن. بە بۆچوونی ئێمە ئەو باوەڕەی ئەوان هەڵەیە، بەڵام بنەمایەکی یەکگرتوو لەبارەی ڕێزگرتن لە خاوەنداری و ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆیی لە هەردوو کۆمەڵگەکەدا باوە. جیاوازیی ئەوان لەگەڵ ئێمەدا تەنیا لە باوەڕدایە، نەک لە پرنسیپی بنەڕەتیی ئەخلاقی. ئەم نموونەیە دەریدەخات کە چۆن باوەڕە نائەخلاقییەکان (وەک ئەوەی کە کۆرپە نوقستانەکان موڵکی خودای ڕووبارن) کاتێک لەسەر بنەمای ئەخلاقیی هاوبەش ڕێکدەخرێن (وەک ئەوەی کە پێویستە مافی هەموو کەسێک بدرێت) بووەتە هۆی کردەگەلی جیاواز لە کولتوورە جۆراوجۆرەکاندا. لە کولتووری ئێمەدا، ڕاجیایی لەبارەی پێگەی کۆرپەوە (ئایا کۆرپە مرۆڤە، یان تەنیا لەڕووی شکڵەوە مرۆڤە؟) دەبێتە هۆی پێشنیارگەلی ئەخلاقیی ناکۆک. هەم لایەنگران و هەم دژبەرانی لەباربردنی کۆرپەلە، هاوڕان لەوەدا کە کوشتنی منداڵی بێتاوان هەڵەیە؛ ناکۆکیی ئەوان (لەم بنەمایەدا نییە، بەڵکوو) لەو ڕاستییەدایە کە ئایا کۆرپە مرۆڤە (بوونەوەرێکی خاوەن مافی ژیان) یاخود نا؟ کاتۆلیکەکانی ڕۆم لەو باوەڕەدان کۆرپە مرۆڤە. چوونکە بە گوتەی ئەوان کۆرپە خاوەن ڕۆحە؛ بەڵام زۆرینەی پرۆتستانتە لیبراڵەکان و سیکۆلاریستەکان ئەم بابەتە ڕەتدەکەنەوە. لەباربردنی کۆرپە بابەتێکی ئەخلاقیی جدییە. بەڵام ئەوەی ئێمە لە یەکدی جیا دەکاتەوە بنەمایەکى ئەخلاقیی نییە، بەڵکوو چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەم بنەمایە.

     دژبەرانی لەباربردنی کۆرپە لەو باوەڕەدان بنەماى کوشتنی بێتاوان لەبارەی کۆرپەلەوە کارایی هەیە، لە کاتێکدا هاوڕایانی لەباربردنی کۆرپە بۆچوونێکی پێچەوانەیان هەیە. بەڵام هەردوو لایەنەکە لەبارەی بنەمای بنەڕەتیی ئەخلاقیی [قەدەغەبوونی کوشتنی بێتاوان]ەوە هاوڕان.

     ڕێژەگەراکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەم بابەتە ڕەنگە بڵێن، تەنانەت گەر ئێمە لە بنەما قوڵترەکاندا هاوبەش و هاوڕا بین، بەڵام هەمیشە هاوڕا نین. زۆرێک لە خەڵک دەشێ بە هیچ شێوەیەک بەها بۆ ژیان دانەنێن؛ چۆن دەتوانین هەڵەی ئەوان بسەلمێنین؟ کێیە دەبێ بڵێت کامە کولتوور ڕاستە و کامە هەڵە؟ ئەم وەڵامەی ڕێژەگەراکان جێی گومانە. ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکی ئەزموونی بەڵگە بهێنینەوە و بیر بکەینەوە تا سەرتریی سیستمێک لە سیستمێکی دی بسەلمێنین. ڕەنگە نەتوانین دڵنیا بین لەوەی باوەڕە ئەخلاقییەکانمان لە باوەڕەکانی کولتوورێکی دیکە (یان باوەڕی کەسانێکی دیکە، کە لەنێو کولتوورەکەماندا دەژین) لە حەقیقەت نزیکترە، بەڵام بە ئەگەری زۆر باوەڕبوونمان بە نزیکتربوونی باوەڕەکانمان [لە حەقیقەت] پاساودارە. گەر ئێمە لەبارەی بابەتە واقیعی یاخود زانستییەکانەوە دەتوانین لە حەقیقەت نزیکتر بین، بۆچی لە بابەتە ئەخلاقییەکاندا نەتوانین؟ بۆچی مەحاڵە کولتوورێک لەبارەی تێگەیشتنە ئەخلاقییەکانییەوە بەئاسانی توشی هەڵە یاخود سەرلێشێواوی بێت؟ بۆچی نەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی هۆزی ئایک، کە چێژ لە تەماشاکردنی منداڵەکانیان دەبینن بۆ نێو ئاگر و بە هیچ شێوەیەک بە کارێکی هەڵەی نازانن، لەم ڕووەوە و لە ڕووی ئەخلاقییەوە خوارترن لە کۆمەڵگەیەک کە منداڵەکانی خۆشدەوێت و پارێزگارییان لێ دەکات و مافی یەکسانیان بۆ دابین دەکات؟ هەڵبژاردنی وەها بابەتێک، توشبوون بە هەڵەیەکی قەومپەرستانە نییە. چوونکە ئێمە بەدوای بەدەستهێنانی بنەماکانەوەین لە ڕێگەی ئەقڵی ڕەخنەییەوە، نەوەک بەدوای قبوڵکردنێکی ناڕەخنەگرانە، ناورد و نامەعقولی دابونەریتەکانمان.

هۆکاری ئەرێنی بۆ بناغە و جەوهەرى ئەخلاقی

     تا ئێرە باسەکەمان لە دژی ڕێژەگەرایی تەواو نەرێنی بووە. ئێستا دەمەوێت بەڵگە بۆ بوونی کۆمەڵەیەکی بنەڕەتیی لە بنەمای ئەخلاقی بهێنمەوە، کە بۆ کۆمەڵگەیەکی پاک و چاکەخواز و ژیانێکی باش پێویستن.

     سەرەتا دەبێ ئەو خاڵە ڕوون بکەمەوە کە من جیاوازیی لەنێوان ڕەهاگەرایی ئەخلاقی و ئۆبێکتگەرایی ئەخلاقیدا دادەنێم. ڕەهاگەراکان لەو باوەڕەدان بناماگەلێکی ئەخلاقی هەن کە چاوپۆشیلێنەکراون و هەرگیز نابێت لێیان کەم بکرێتەوە. سیستمی کانتی نموونەیەکی باشە بۆ ئەم حاڵەتە. «مرۆڤ هەرگیز و لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت بەڵێن بشکێنێت یاخود درۆ بکات.» بەڵام ئۆبێکتگەرایەک بە پێویستی نازانێت بنەمایەکی چاوپۆشیلێنەکراو بسەپێنێت، لایەنی کەم لە شێوە گشتی و ڕەهاکەیدا، هەروەها بە پێویستیشی نازانێت ڕەهاگەرا بێت. هەروەک ڕێنفۆرد بمێمبرۆ باسی کردووە:

     «ئەم گوتەیە کە پرسێکی ئەخلاقی خاوەن وەڵامی ڕاست و دروستە، لە هەمان کاتدا [بە واتای] تۆمەتباربوون یاخود دانەپاڵی باوەڕبوونە بە بۆچوونە ڕەها ئەخلاقییەکان. بەڵام پێویستیی باوەڕبوون بە بۆچوونە ڕەها ئەخلاقییەکان بە مەبەستی باوەڕبوون بە ئۆبێکتبوونی ئەخلاقی، لە پێویستیی باوەڕبوون بە کات و شوێنی ڕەها بۆ باوەڕبوون بە ئۆبێکتیی بابەتە ماددی و نامادییەکان و بڕیاردان لەبارەیانەوە زیاتر نییە.» (گومانی ئەخلاقی و مەعریفەی ئەخلاقی، پی. کەی. پی، لا ٣٣).

     بەپێی ڕوونکردنەوەی ئۆبێکتگەراکان، بنەمای ئەخلاقی ئەو شتەیە کە ویلیام راس، مامۆستای زانکۆی ئۆکسفۆرد (١٨٧٧-١٩٧١) دەیخاتە ڕوو؛ واتە: بنەماکان لە ڕوانینی یەکەمدا، ڕێساگەلێکی بایەخدارن بۆ کارکردن کە پێویستیان بە قبوڵکرانی گشتی هەیە، گەرچی ڕەنگە لە حاڵاتە ناکۆکە ئەخلاقییەکاندا بکەونە ژێر کاریگەریی بنەماگەلی ئەخلاقیی دیکەوە. بۆ نموونە لە کاتێکدا کە ڕەنگە بنەمای دادپەروەری بە شێوەیەکی گشتی بەسەر بنەماى چاکەخوازیدا زاڵ ببێت، بەڵام حاڵەتگەلێک هەن کە تیایاندا قوربانیکردنی بەشێکی کەم لە دادپەروەری دەبێتە هۆی بەدیهاتنی چاکەگەلێکی بێشومار، بە جۆرێک کە کەسێکی ئۆبێکتگەرا لەم حاڵەتەدا مەیلی بە کارکردنە بەپێی بنەمای چاکەخوازی. ڕەنگە بنەماگەلێکی ڕەها یاخود چاوپۆشیلێنەکراو هەبن، (لە ڕاستیدا ئەو بنەمایەی دواتر باسی دەکەم بە ئەگەری زۆر یەکێکە لەوان)، بەڵام پێویست ناکات هەموو بنەماکان یاخود زۆرێک لەو بنەمایانە ڕەها بن تاوەکوو ئۆبێکتگەرایی ڕاست و دروست بێت.

     گەر بتوانین بیسەلمێنین یاخود پیشانی بدەین باوەڕبوون بەم خاڵە شتێکى مەعقولە، کە لایەنی کەم بنەمایەکی ئەخلاقیی ئۆبێکتی هەیە کە بە شێوەیەکی ئایدیاڵی بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو جێیەکدا پێویستە، ئەوەمان دەرخستووە ڕێژەگەرایی هەڵەیە و ئۆبێکتگەرایی سنووردار ڕاستە. لەڕاستیدا، لەو باوەڕەدام بنەماگەلی ئەخلاقیی زۆر هەن کە بۆ هەموو بوونەوەرێکی خاوەن ئەقڵ پێویستن، بەڵام بۆ ڕەتکردنەوەی ڕێژەگەرایی تەنیا یەک بنەماش بەسە. من بنەما هەڵبژێردراوەکەم بە بنەمای «A» ناودەنێم:

    بنەمای A دەڵێت: «ئازار و ئەشکەنجەدانی خەڵک بە مەبەستی چێژوەرگرتن، لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڵەیە.»

    بانگەشەی من ئەوەیە ئەم بنەمایە بۆ هەموو بکەرە عاقڵەکان پێویستە؛ بە جۆرێک گەر بکەری S بنەمای A ڕەتبکاتەوە، نابێت ڕێگە بدەین ئەم کارەی کاریگەریی لەسەر ئەو باوەڕە ناوەکییەمان دابنێت کە بنەمای A دروستە، بەڵکوو پێویستە هەوڵ بدەین کارەکەی S وەک کارێکی خۆسەرانە، نەزانانە و نامەعقول لێکبدەینەوە. گریمانەی ئەوە بکەن ئەدۆلف هیتلەر بنەمای A قبوڵ ناکات، ئایە ئەمە دەبێتە هۆی بێمتمانەیی ئێمە بە ڕاستودروستیی بنەمای A؟ ئایا هەڵێنجانی ئەوەی کە هیتلەر لە ڕووی ئەخلاقییەوە کەسێکی دواکەوتوو، کوێر، نەزان یان نالۆژیکییە، پاساودارتر نییە لەوەی قبوڵی ئەوە بکەین ڕەچاونەکردنی ئەم بنەمایە لە لەلایەن ئەوەوە بەڵگەیە لەسەر ڕاستنەبوونی بەمای A؟

     سەرەڕای ئەوەش، گریمانەی ئەوە بکەن گروپێک لە لایەنگرانی هیتلەر لە شوێنێکدا هەن کە چێژ لە ئازاردانی خەڵک وەردەگرن و، کۆی کولتوورەکەیان ئازاردانی خەڵک بە مەبەستی چێژوەرگرتن قبوڵ دەکات. وای دابنێن دایکە ترێزا و گاندی هەوڵ دەدەن قەناعەت بە ئەوان بکەن بۆ ئەوەی دەست لە ئازاردانی خەڵک هەڵبگرن، ئەوانیش بە ئازاردانیان وەڵامیان دەدەنەوە. ئایا ئەم کردەیە کاریگەریی لەسەر متمانەی ئێمە بە بنەمای A دادەنێت؟ ئایا نابێت ڕێگەیەک بۆ دیاریکردنی ڕەفتاری لایەنگرەکانی هیتلەر بدۆزینەوە؟ بۆ نموونە، دەتوانین گریمانەی ئەوە دابنێین ئەم گرووپە هەست و تێگەیشتنێکی پەرەسەندووی خەیاڵی هاودڵانەیان نییە کە بۆ ژیانی ئەخلاقی پێویستە. یان گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەم کەسانە لە ئاستێکی پەرەسەندنی خوارتردان بە بەراورد بە زۆرینەی مرۆڤە خاوەن ئەقڵەکان. یاخود بەسادەیی ئەنجامگیریی ئەوە بکەین ئەم گرووپە لە زۆرینەی کۆمەڵگەکان لەو حاڵەتە سروشتییە نزیکترن کە هۆبز باسی کردووە و، بە ئەگەری زۆر بەردەوام نابن. بەڵام پێویست ناکات وەڵامی ڕاستی ئەو پرسیارە بزانین کە بۆچی ئەم گرووپە خاوەن وەها حاڵێکی خراپن بۆ ئەوەی متمانەی خۆمان بە بنەمای A وەک بنەمایەکی ئەخلاقی بپارێزین. گەر A باوەڕێکی بنەڕەتی یان جەوهەریی بێت بۆمان، بە ئەگەری زۆر گومان لە تەندروستیی عەقڵی یاخود توانای بیرکردنەوەی لایەنگرانی هیتلەر دەکەین، نەوەک گومان لە بایەخی بنەمای A بکەین.

     ڕەنگە بتوانین بەربژێرگەلێکی دیکە بۆ ئەندامبوون لە کۆمەڵەی بنەما ئەخلاقییە ئۆبێکتی و بنەڕەتییەکان بخەینە ڕوو. بۆ نموونە:

١_ مرۆڤە بێتاوانەکان مەکوژن.

٢- مەبنە هۆکاری ڕەنج و ئازاری بێهۆکار.

٣- دەستدرێژیی سێکسی مەکەن.

٤- بەڵێن مەشکێنن.

٥- ئازادیی کەسانی دی زەوت مەکەن.

٦- دادپەروەر بن، لەگەڵ یەکسانییەکاندا یەکسان و لەگەڵ نایەکسانییەکاندا نایەکسان بن.

٧- سێکس لەگەڵ ژنی مێردداردا مەکەن.

٨- ڕاستگۆ بن.

٩- یارمەتیی کەسانی دیکە بدەن.

١٠- پەیڕەویی لە یاسا دادپەروەرانەکان بکەن.

     ئەم دە بنەمایە نموونەگەلێکن لە بنەما بنەڕەتییە ئەخلاقییەکان؛ بنەماگەلێک کە بۆ ژیانێکی شایستە پێویستن. خۆشبەختانە ئەم دە بنەمایە دڵخوازانە نین، چونکە دەتوانین بەڵگەگەلێک بهێنینەوە بۆ ئەوەی کە بۆچی ئەم بنەما و ڕێسایانە بۆ هەموو سیستمێکی کۆمەڵایەتی پێویستن. بنەماگەلێکی هاوشێوەی ئەو بنەمایانەی لە دە فەرماندا هاتوون، یان ڕێسای زێڕین و بنەمای دادپەروەری _ لەگەڵ یەکسانییەکاندا بە یەکسانی مامەڵە بکەن، ڕاستگۆ بن، پەیمان مەشکێنن و بنەماگەلی هاوشێوە_ بۆ بەرەوپێشچوونی بەردەوامی مامەڵەی کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان گرنگییەکی بنەڕەتییان هەیە. ئەمانە بابەتگەلێکن ئەخلاق دەپەرژێتە سەریان (گەرچی ڕەنگە ئەخلاق بپەرژێتە سەر بابەتگەلی زیاتر، بەڵام لایەنی کەم و بە دڵنیاییەوە دەپەرژێتە سەر ئەم باباتانە). بۆ نموونە، خودی زمان پەیوەستە بە پابەندیی گشتی و گریمانەیی بنەمای ڕاستگۆیی. وردی لە دەربڕیندا شێوەیەکی سەرەتایی ڕاستگۆییە. لەم ڕووەوە هەر کاتێک وشەکان بە وردی و بەڕاستی بەکار دەهێنین، بە ناڕاستەوخۆی ڕاستیش دەڵێین. بەبێ گوفتاری ورد و دەقیق، زمان مەحاڵ دەبێت. بە هەمان شێوە، بەبێ داننان بە پابەندبوون بە بەڵێنەوە، بەڵێنەکان بێبەهان و هاوکاری نایەتە کایەوە، بەبێ داننان بە ڕێسای پاڵپشتیکەری ژیان و ئازادی، ناتوانین گرەنتیی ئامانجگەلی دیکە بکەین.

     لە کاتێکدا سیستمی ئەخلاقی بێکەموکورتییە کە لەخۆگری بنەما بنەڕەتییەکانی ئەخلاق بێت. بەڵام سیستەمە (بێکەموکورتی)یە ئەخلاقییەکان، ئەم بنەمایانە بە ڕێگەی جیاواز بەکاردەهێنن. واتە، ڕەنگە جۆرێک لە ڕێژەییبوون لەبارەی هەندێک لە بنەما پلەدووەکانەوە هەبێت (ئەوەی کە تاکژنی هەڵبژێردرێت نەوەک فرەژنی، ئەوەی کە کۆمەڵە ئەرکگەلی ئەخلاقی لەخۆگری بنەمای تەواو مرۆڤدۆستانە بێت، ئەوەی کە زۆرینەی سەرچاوەکان بخەینە خزمەت چاودێرییە تەندروستییەکان، نەوەک خواستە ژینگەییەکان، ئەوەی کە یاسایەک بۆ شۆفێریکردن لای ڕاس یاخود چەپی جادەوە دابنێین)، بەڵام لەنێو هەموو سیستمێکی ئەخلاقیدا، بنەمایەکی بنەڕەتیی پوخت دەمێنێتەوە. کارایی بنەماکان لەبەر ئەوە جیاوازن کە ژینگەکان، باوەڕەکان، نەریتەکان و… جیاوازن.

     ڕێسا و بنەما ئەخلاقییە بنەڕەتی و جەوهەرییەکان، وەک کۆمەڵە ڤیتامینێکن کە بۆ سیستمێکی خۆراکیی تەندروست پێویستن. ئێمە پێویستمان بە بڕی پێویستی هەر ڤیتامینێک هەیە، هەندێک کەس پێویستییەکی زیاتریان بە ڤیتامینێکی دیاریکراوە و هەندێک بە ڤیتامینێکی دیکە، بەڵام لە پێشنیارکردنی سیستمێکی خۆراکیی باشدا نابێت ڕەچەتە، خواردنە تایبەتەکان، سێرڤسی خۆراک یاخود شێوازی چێشتلێنان گەڵاڵە بکەین. پسپۆڕانی بواری خۆراک بە جۆرێک ڤیتامینەکان دابین دەکەن و چلەکێش و ڕووەکییەکانیش بە جۆرێکی دی، بەڵام هەمووان ماددەی خۆراکیی وەردەگرن.

     وێنای ئەوە بکەن بە شێوەیەکی پەرجووئاسا بردوونیان بۆ دۆزەخ و تەماشای سزای دۆزەخییەکانتان کردووە. سزاکەیان چییە؟ باشە، بۆ نموونە توشی خورانێک بوون لە پشتیاندا بۆ هەمیشە و ئەم خورانە هەندێک کات زیاد دەکات و هەندێک جاریش کەم؛ بەڵام بەو هۆیەوە کە دەستەکانیان لەپێشەوە پێکەوەبەستراونەتەوە، ناتوانن پشتیان بخورێنن. ئەوان بۆ هەمیشە بەهۆی خورانەوە لە خۆیان دەئاڵێن. ڕێک لەو ساتەدا کە ئێوە هەست بە خورانی پشتتان دەکەن، دەتانبەن بۆ بەهەشت. لەوێ چی دەبینن. کەسانێک دەبینن بەردەوام پشتیان دەخورێت و ناتوانن پشتی خۆیان بخورێنن، بەڵام لەبری ئەوەی لە ئازاردا لە خۆیان بئاڵێن، پێدەکەنن. بۆچی؟ چوونکە هەموو کەسێک دەتوانێت پشتی کەسێکی دی بخورێنێت. بەم شێوەیە کاتێک مرۆڤەکان لە بازنەیەکی گەورەتردا بن، دۆزەخی ڕەنج و ئازار [بۆ ئەوان] دەگۆڕێت بۆ بەهەشتی خۆشی و شادی.

     گەر بتوانین وێنای بارودۆخ یان کولتوورگەلێک بکەین کە بە جۆرێک لە بارودۆخ یان کولتوورگەلێکی دی باشترن، کە [ئەم باشتربوونە] پەیوەستە بە کردە مرۆییەکانەوە، دەتوانین بپرسین چ تایبەتمەندیگلێک بوونەتە هۆی ئەوەی ئەوان باشتر بن. لە چیرۆکەکەماندا، خەڵکی بەهەشت، نەوەک دۆزەخ، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازار و بەدەستهێنانی چێژ هاوکاریی یەکدی دەکەن، گەرچی ئەم چاکەکارییانە زۆر سەرەتایین و بۆ سیستمێکی ئەخلاقیی کامڵ بەس نین، بەڵام لەبارەی ئۆبێکتبوونی ئەخلاقەوە ئیلهامبەخشی ئێمەن. چاکەی ئەخلاقی ئەوەیە کە بۆ کەمکردنەوەی ڕەنج و ئازار، چارەسەری ناکۆکییەکان و فەراهەمکردنی گەشەی مرۆیی کارێک بکات. گەر بەهەشتی هاوشێوەی هاوکاری بەڕاستی لە دۆزەخی هاوڕێ لەگەڵ خوران باشترە، لەو حاڵەتەدا هەموو شتێک، کە دەبێتە هۆی باشتربوونی، بە شێوەیەک زەروری پەیوەندیی بە چاکەی ئەخلاقییەوە هەیە.

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی سەرنجراکێشی ڕێژەییبوونی ئەخلاق

     ئێستا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە بۆچی مەیلێکی توند بۆ ڕێژەگەرایی ئەخلاقیی هەیە؟ بە بۆچوونی من، سێ هۆکار [بۆ ئەم تێڕوانینە] هەیە، کە پێم وایە تا ئێستا وەک پێویست قسەیان لەسەر نەکراوە.

     هۆکاری یەکەم: بە شێوەیەکی گشتی ئەو ڕێچارانەی خراونەتە ڕوو بە جۆرێکن وەک بڵێی ئێمە تەنیا ڕەهاگەرایی و ڕێژەگەراییمان هەیە، بە جۆرێک کە گرێبەستگەرایی لە کۆتاییدا بەسەر ڕکابەرە بێبەڵگەکەیدا سەردەکەوێت. لە پرسیاری خوێندکارەکانمدا هاتووە: «ئایا بابەتە ڕەها ئەخلاقییەکان، واتە ئەو ئەرکە ئەخلاقیانەی بۆ هەموو خەڵک پێویستن، لە هەموو کات و شوێنەکاندا هەن، یاخود ئەرکە ئەخلاقییەکان پەیوەندییان بە کولتوورەوە هەیە؟ ئایا شتێکی دیکە بۆ جێگرتنەوەی ئەم دووانە بوونی نییە؟» کەمتر لە لەسەدا سێی خوێندکاران بابەتی سێیەم پێشنیار دەکەن و، ژمارەیەکی کەمیشیان دەست دەخەنە سەر ئۆبێکتگەرایی. قبوڵی ئەوە دەکەم جیاوازی بنبڕ و ورد پێویستی بە تێڕامانی فەلسەفی هەیە و، هەر لەبەر نەبوونی ئەم تێڕامانەوەیە کە ڕێژەگەرایی ئەو گشتگیرییە بەرچاوەی بەدەست هێناوە. بەڵام وەک گوتم، مرۆڤ دەتوانێت بەبێ ئەوەی ڕەهاگەرا بێت، خاوەن ئەخلاقی ئۆبێکتی بێت.

     هۆکاری دووەم ئەوەیە، هەستیاریی ئەم دواییەمان بەرانبەر ڕێژەگەرایی کولتووری و کێشەکانی قەومپەرستی، کە یەخەی بە پەیوەندیی ئەوروپی و ئەمریکییەکان لەگەڵ کولتوورەکانی دیکەدا گرتووە، ئێمەی لە کەموکورتیی لایەنگەلێکی زۆری کۆمەڵە ئەخلاقیاتەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، بە جۆرێک کە مەیلێکی توندی بۆ ئەو پرسیارە دروست کردووە کە «کێ دەبێت بڕیار بدات چ کارێک بەڕاستی ڕاست یان هەڵەیە؟» بەڵام ڕۆشتن لە ڕێژەگەراییەکی کولتووریی مەعقولەوە، کە ناچارمان دەکات دووبارە بیر لە سیستمە ئەخلاقییەکانمان بکەینەوە، بەرەو ڕێژەگەرایی ئەخلاقی، کە دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی دەست لە ئەخلاق هەڵبگرین، نموونەیەک لە تێکەڵکردنێکی هەڵەی کاروبارە واقیعی یاخود دەستەواژە وەسفییەکان لەگەڵ کاروبار یان دەستەواژە ڕەفتارییەکان. ڕێژەگەرایی کولتووری، پێویستی بە ڕێژەییبوونی ئەخلاق نییە. هەمان ئەو هۆکارەی کە دژبوونمان بە قەومپەرستی دەسەلمێنێت، بنەمایەکە بۆ لایەنگریمان لە سیستمی ئەخلاقیی ئۆبێکتی: واتە ئەقڵی بەویژدان و بێلایەن، ئێمە بە هەردوو ئەنجامەکە دەگەیەنێت.

     دەتوانین ئەوە قبوڵ بکەین کە کولتوورەکان جیاوازن و پێویستە لە بڕیاردان لەبارەی ئەو شتانەوە کە لێیان تێناگەین وریا بین، بەڵام ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک پەیوەست نییە بەوەوە کە شێوازگەلێکی باشتر یاخود خراپتر بۆ ژیان بوونیان نییە. ئێمە دەتوانین لایەنی کەم لەو کەسانە، کە لە باشترین هەڵێنجانە ئەخلاقییەکانمان جیاوازن، تێبگەین و چاوپۆشییان لێ بکەین؛ بەبێ پشتگوێخستنی ئەو بیرکردنەوەیە کە کولتوورەکان بەبێ بنەمای دادپەروەری، بنەمان پابەندبوون بە بەڵێن یاخود پارێزگاری لە بێتاوان، لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێجەوهەرن.

     هۆکاری سێیەم، کە بووەتە هۆی ئەوەی کەسانێک ڕوو لە پووچگەرایی بکەن و کەسانێک لە ڕێژەگەرایی، لەنێوچوونی ئایینە لە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکاندا. هەر بەو جۆرەی یەکێک لە کەسایەتییەکانی دۆستۆیڤسکی گوتوویەتی: «گەر خودا نەبێت، هەموو شتێک ڕێپێدراوە.» ئەو کەسەی باوەڕە ئایینییەکەی لەدەستداوە، هەست بە پووچی و بۆشاییەکی قوڵ دەکات و شیاوی تێگەیشتنە گەر ئەم بۆشاییەى لەگەڵ ژیان لە بۆشایی ئەخلاقیدا لێتێکبچێت، یاخود لە کۆتاییدا خۆی لە بەرانبەر جۆرە گرێبەستگەراییەکی سیکۆلاردا بەدەستەوە بدات. وەها کەسانێک بەو جۆرە بەڵگەکاری دەکەن کە ئەگەر خودایەک نەبێت گرەنتیی سیستمی ئەخلاقی بکات، نابێت سیستمێکی ئەخلاقیی گشتی بوونی هەبێت. بەڵکوو تەنیا جیاوازییە بنەڕەتییە کولتوورییەکان بوونیان دەبێت و لە کۆتاییشدا مەرگ. بەڵام تەنانەت گەر نە خودا بوونی هەبێت و نە هیچ بابەتێکی نائەخلاقی، دیسان ئێمە بە درێژایی هاشتا ساڵی تەمەنمان خوازیاری ژیانێکی هاوڕێ لەگەڵ بەختەوەری و ژیانێکی واتادارین. گەر ئەم بابەتە ڕاست بێت، لەو حاڵەتەدا گرنگ ئەوەیە کە بەپێی کام بنەمایانە دەژین و، ئەو بنەمایانەی لە تاقیکردنەوەی کات سەربەرزانە دەربچن، بە شێوەیەکی ئۆبێکتی بایەخدارن.

     بە کورتی، حەقیقەت و بنەماگەلێکی ئەخلاقی هەن کە پەیوەستن بە بنەڕەت و جەوهەری ئەخلاقەوە و، بەبێ ئەوانە کۆمەڵگە بەردەوام نابێت و تاکەکان ناگەنە کەماڵ. ئەقڵ دەتوانێت ئەم بنەمایانە بدۆزێتەوە و پشتڕاستکردنەوەیان لە قازانجی ئێمەیە.

     کەواتە، ئەو کەسەی دەبێت بڕیار بدات کام کارە ڕاسە و کامە هەڵە، ئێمەین. پێویستە ئێمە ئەم کارە لەسەر بنەمای باشترین تێڕامانی ڕێتێچوو هاوڕێ لەگەڵ هاودڵی و تێگەیشتندا ئەنجام بدەین.

سەرچاوە:

پویمن، لوئیس، (١٣٧٦)، نقدى بر نسبیت اخلاقى، ترجمە: محمود فتحعلى، نشریە نقد و نظر، شمارە ١٣-١٤، ص ٣٢٤-٣٤٤.

هاوشێوە