رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

قەرزى ئەبەدى (ئایا نیچە دژە-سامى بوو)؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوار محەمەد

كاتێك لە ساڵى 1934 كارل شلێختا چووە نێو ئەرشیفى نیچەوە تاوەكو كار لە سەر بڵاوكراوەیەكى ڕەخنەیى بكات، پێشبینیى ئەوەى نەدەكرد چى چاوەڕوانیەتى: نیچە سپێردراوە بە درۆ، درۆگەلێكى هۆشیارانە، ئەنقەست، هەندێجاریش دووبارەكراو؛ بەمەیش لەوەوە كە فیكرێكى ئازادە و بۆ ئامانجە دژە-سامییەكان بەكارهێنراوە گۆڕاوە بۆ هەڵبەستنى ئەفسانەسازیى بەربڵاو كە خولیاى زڕە-ئایینى ڕێكى خستووە.

مۆریس بلانشۆ

ئەو تێزەى كە دەڵێت گوایە نیچە دژە سامى بووە، یەك درۆى ڕووتە؛ درۆیەكى هەڵبەستراو كە لە بوغزێكى قووڵەوە لە نیچە سەرچاوەى گرتووە. هەركەس بەرهەمەكانى نیچە بێ پێشبڕیار و بوغز بخوێنێتەوە، تەنیا یەك ڕێگە دەمێنێتەوە كە بیگەیەنێتە ئەو باوەڕەى نیچە دژە-سامى بووە، ئەویش “بەد-حاڵیبوون” یان “خراپ-تێگەیشتن”ـە. ئەمەیان بەشێكى ئاساییە لە پرۆسەى مەعریفە و لێكدانەوە، كەواتە شایەنى مشتومڕ و گفتوگۆ، پێداچوونە و ڕاستكردنەوەیە، هەندێجاریش ڕۆڵى پۆزەتیڤى هەیە لەوەى ئیمكان و ڤێرتوالەكانى دەقێك كەشف بكات كە لە خۆنووساندندا بە تێگەیشتنى دروستـەوە، دەمرن و دەپوكێنەوە، لەبەرئەوەیە نیچە خۆى دەڵێت هەر بیرمەندێكى قووڵ زیاتر لەوە دەترسێت لێى تێبگەن، وەك خراپ-لێى تێبگەن. بۆ كایەى فیكر خراپ-تێگەیشتن بازێ جار خراپ نییە، بەڵام شێواندن بە بوغز (بەتایبەتى گەر لاواز، دووبارەكراو، كۆپیكراو و كۆلاژكراو بێت) خیانەتە لە خودى كایەى فیكر و لە خوێنەر. بەڵام ئەى ئاخۆ مەعریفە هێندە پاكژە كە بتوانێت بانگەشەى بێبەریبوون لە بوغز بكات؟ نەخێر، جیاكردنەوەى بەدحاڵیبوون وەك بەشێكى ناوەكیى مەعریفە و خوێندنەوەى فەلسەفى لەلایەك و، بوغز وەك شێواندنێكى مەبەستدارانەى دەرەكى لەلایەكیتر، بەو مانایە نییە كە بوغز هەرگیز نابێتە بەشێك لە مەعریفە. بوغز دەتوانێت نەك لە مەعریفەدا هەبێت، بەڵكو بەرهەمى بهێنێت و ئاراستەشى بكات؛ بەڵام تەنانەت لەم دۆخەیشدا بوغز هەر وەك بەشێكى دەرەكى، وەك شێواندن، وەك بوختان دەمێنێتەوە و هەرگیز ناتوانێت وەك خراپ-تێگەیشتن بەشێكى ناونیشن و ئاوێزانى خودى مەعریفە بێت (بەكارهێنانى مەعریفە بۆ دیسپلین لاى فۆكۆش جیاوازە لە كینەبازى). بوغز تەنیا ئەوەى لە دەست دێ دەست بەسەر مەعریفە و كەرەستەكانیدا  بگرێت و بیشێوێنێت. ئەمە ئەو شتەیە كە لە گریمانەى دژایەتیى سامییەكدا وا دراوەتە پاڵ نیچە، دەیبینینەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا دەتوانین بڵێین تێگەیشتن لە نیچە هیچ كات ناتوانێت لە مەترسى كەوتنە ناو خراپ-تێگەیشتن بەدوور بێت؛ چونكە دەقەكان و ستایلى دڕكاویى نیچە (گەر چەمكێك لە دێریدا قەرز بكەین) خۆى هاندەرێكى گەورە و سەرەكین بۆ وەها بەدحاڵیبوونێك. بەم مانایە دەكرێت تێگەیشتن و خوێندنەوەیەكى دژە-سامى، بەدەر لە بوغز، بۆ نیچە بكرێت، بەڵام ئەمە دەبێتە بەدحاڵیبوونێك كە دەشێت بسەلمێنرێت یان پووچەڵبكرێتەوە، یاخود بەدحاڵیبوونێكى دیكە دژى بوەستێتەوە. پرۆسەى خوێندنەوە و تەفسیریش هەرگیز تێگەیشتن لە مەبەستى دانەر و بەرهەمهێنانەوەى ئەسڵى دەق نییە، بەڵكو پرۆسەى شكاندنى پێكهاتەى دەق و كردنەوەى یان بەلاڕێدابردنیەتى. بەلاڕێدابردنیش دەكرێت پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ بێت.

بوغز ئەو كاتە ڕەوایەتیى زیاتر وەردەگرێت كە بە ئەرگومێنتەكانى بەدحاڵیبوون خۆى بەهێز بكات، بەڵام ئەو كاتە مەترسیدارتر و كوێرتر دەبێت كە هەم بوغز و هەم بەدحاڵیبوون بێت پێكەوە. لەپاڵ ئەم دوو مەترسییەدا، شتێكى تر بەسەر نیچەدا هات كە بوغز و بەدحاڵیبوونى قووڵتر كردەوە، ئەویش: بەد-بەكارهێنانى نیچە بوو لەلایەن نازیزمەوە. ئەمە ئەو شتەیە كە ئەدۆرنۆ بە زوویى لێى هاتە دەنگ و ڕوونى كردەوە كە تۆمەتى ڕاسیستبوونى نیچە تا بڵێى كۆمیدییە؛ ئەوان “نیچەى نازیزم”ـیان لێ بووە بە “نازیزمى نیچە”. لەدواى خوێندنەوەى ئەرگومێنتەكانى ژۆرژ باتاییش بۆ پووچەڵگردنەوەى پەیوەندیى گریمانەكراوى نێوان نیچە و نازیزم یان نیچە و فاشیزم، باوەڕكردن بە تۆمەتى ڕاسیستبوونێك كە دەدرێتە پاڵ نیچە دەبێتە شتێكى كاڵفامانە. باتاى لە نیچە و نازیزمدا، كە لە پاشكۆى یەكەمى كتێبەكەیدا دەربارەى نیچە بڵاوى كردۆتەوە، جیاوازییە بونیادییەكانى فیكرى نیچە و نازیزم یان هیتلەریزم دەخاتەڕوو[1]. لە وتارى نیچە و فاشیستەكانیشدا كە لە بەرگى 14ى كۆبەرهەمەكانیدا بڵاوبۆتەوە، ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەم فەیلەسوفە، لە ژیانى ڕۆژانەى خۆیشیدا، هەرگیز لەگەڵ مەیلە دژە-سامییەكاندا بەینى خۆش نەبووە[2]. كەواتە بوغز، بەد-حاڵیبوون، بەد-بەكارهێنان سێ بەڵاى گەورەن كە بەسەر نیچەدا هاتن؛ ئەم شێواندنە سێ ڕەهەندییە، هێزى خۆیان لە خیانەتێكى مێژووییەوە وەرگرت، ئەویش خیانەتى ئیلیزابێسى خوشكى نیچە (و بێرنارد فۆرستەرى هاوسەرى ئیلیزابێس) بوو لە نیچە. كەواتە نەك تەنیا بوغزى نەیارانى نیچە، بەڵكو كەسە خۆشەویستەكانیشى بە خیانەت شێواندیان، لەبەرئەوە ژۆرژ باتاى لە لێكچوواندنێكى سەیرى نیچە و دژەكەیدا، لایوایە ئەو خیانەتەى لە نیچە كراوە، بە درێژایى مێژوو مەگەر تەنیا لە مەسیح كرابێت[3].

ئەوەى نیچە دەربارەى گەلى یەهودى دەیڵێت دەتوانین بە ڕەخنەى قووڵ و هاوكات بێڕەحمانە، ڕەخنەى تووند، تەنانەت بە جەنگیش دژ بە یەهودییەت ناوى ببەین. بەڵام جەنگ و ڕاسیزم دوو شتى جیاوازن. لەبەرهەمەكانى نیچەدا ستایشى جەنگ دەكرێت، بەڵام نەك وەك كوشتوبڕى ڕووت، بەڵكو وەك هونەرێك، بەتایبەت هونەرێكى گریكى، كە پەیوەستە بە كۆمەڵێك ڕەگەزى دیكەوە. لێكدانەوەى ساویلكانەى جەنگ لاى نیچە وەك كوشتوبڕ و هەمەجییەت هیچ پەیوەندییەكى بە “ویست” [ئیرادە]ى نیچەوە نییە. با لەم بڕگەیەى بڕوانین:

«ئەوەى مرۆڤ دەتوانێت لەبارەى جەنگـەوە بیڵێت ئەوەیە جەنگ وا لەلایەنە سەركەوتووەكە دەكات گەمژە بێت و لایەنە تێكشكاوەكەیش شەڕەنگێز؛ […] ئەوە ماوەى نووستن و سڕبوونێكى زستانەى شارستانیەتە، كە مرۆڤ بە هێز و توانایەكى زیاترەوە بۆ چاكە و خراپە لێى دێتە دەرێ»[4].

بەم مانایە جەنگ وەك زەبروزەنگى ڕووت، بەشدارە لە بەهێزكردنى ئەخلاقدا كە بنچینەى دابەشبوونى چاكە و خراپەیە؛ شتێك كە نیچە بە درێژایى تەمەنى دژى وەستاوەتەوە. دەتوانین لاى نیچە بەكارهێنانى پۆزەتیڤى جەنگیش ببینین كە خۆى دژ بەو شێوە جەنگەى یەكەمە. لە زۆربەى ئەو جێیانەدا كە نیچە وشەى جەنگى بەكارهێناوە، پتر مەبەستى لە جەنگى فیكرى و عەقڵییە، جەنگێكى مەعنەوى؛ بۆ نموونە لەم بڕگەیەدا:

«ئێمە، خۆمان، ئێمەى بیرمەندانى ئازاد، لە خۆماندا “هەڵگەڕانەوەى هەموو بەهاكان” دەنوێنینەوە و جەنگ ڕادەگەیەنین؛ بە گۆشت و خوێنیش دژ بە هەموو چەمكە كۆنەكان alle alten Begriffe دەربارەى “حەقیقى” و “باتڵ” پێداگرى دەكەین»[5] (جەختەكان لە منەوەیە).

وشەى der Begriff لە زمانى ئەڵمانیدا بە ماناى چەمك، تێگەیشتن، بیروباوەڕ و تەنانەت ئایدیایش دێت؛ لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەكەى چاپى كامبریجدا “all old concepts”ى بۆ دانراوە[6]. لە بڕگەى 283ى زانستى شاددا نیچە باسى پاڵەوانى ناو جەنگەكانى داهاتوو دەكات؛ بەڵام چ پاڵەوانێك؟: «سەردەمێك كە پاڵەوانێتى دەگوازرێتەوە بۆ نێو كایەى مەعریفە و بەخاترى عەشقى فیكر و كاریگەرییەكانى فیكر، [پاڵەوان] دەچێتە جەنگەوە». وەك نیچە لە چەندین بڕگەى جیاوازى نێو بەرهەمەكانیدا جەختى لەسەر دەكاتەوە بەشێكى ئەم جەنگە دژ بە لاوازییەكانى خۆمانە؛ بەڵام دوژمنە گەورەكە لەم جەنگەدا نەزمێكى ئەخلاقییە كە سەرچاوەى سەرەكى و دێرینى زۆربەى لاوازییەكانى مرۆڤە: مەسیحییەت. كۆى فیكرى نیچە دژ بە كریستیانیزمە وەك ئاركى تایپ یان وەك لەخۆگرى هەموو سیستەمە ئەخلاقییەكانى تر. ڕەخنەى تووندى نیچە لە یەهودییەت بەشێكە لە ڕەخنەكردنى كۆى میراتى مەسحییەت؛ چونكە زێد و دایەنگاى دووەمیان یەكەمیانە. نیچە بۆیە میراتى یەهودی دەداتە بەر ڕەخنە، چونكە ڕەحم و زاگەى مەسیحییەتە. بەڵام ئەو تەنیا دژ بە یەهودییەت و مەسیحییەت ڕاناپەڕێت؛ ئەو ڕووبەڕووى هەموو ئەو نەزمانەى بەهاكان دەبێتەوە كە لە سەرانسەرى جیهاندا مرۆڤیان بیمار كردووە؛ بۆیە هەندێجار بە تووڕەیى و هەندێجار گاڵتەجاڕانە، دەكێشیت بەتەپڵەسەرى ڕۆژهەڵاتى، ئەوروپى، فەرەنسى، ئیتاڵى، ڕۆمانى، ئەفڵاتوونیزم، یۆنانى سوكرات و پاش-تراژیدیا، بودییزم و بێگومان ئەڵمانییشدا. (“كولتوورى ئەڵمانى” تەنیا لە دوو لایەنەوە جێگەى ستایشى نیچەیە: یەكەمیان وەختێك باسى بیرمەندانى ئازاد، بۆ نموونە خۆى و هەندێجاریش شۆپنهاوەر، بكات؛ دووەم، لە هەندێ لایەنى هونەرییەوە، بە تایبەتى مۆسیقا). بەڵام مادام نیچە دڕكى خۆى وەكو یەك دەچەقێنێت بە دڵى یەهودییەت، مەسیحییەت، ڕۆژهەڵات، ئەوروپا و هتد؛ بۆچى لەنێو هەموویاندا ڕەخنە لە یەهودییەت وەك دژایەتیى سامى و وەك ڕاسیزم لێك دراوەتەوە؟ وەڵامى ئەم پرسیارە پەیوەستە بە دوو لایەنەوە: یەكەم، یەهودییەت وەك مەسیحییەت و ئیسلام ئایینێكى فرە نەتەوەیى نییە و شوێنكەوتوویەكى زۆرى لە سەرانسەرى جیهان و نەتەوە و وڵاتە هەمەجۆرەكاندا نەبووە و نییە؛ بیروباوەڕى یەهودى بە پلەى ئیمتیاز ئایینى گەلى جوولەكەیە و هەردووكیان هاوشوناسن. گەلى یەهودى تەنیا لە تیۆلۆژیاوە بووە بە یەكەیەكى سیاسى، بە بێ ئەوەى سیاسەت تیۆلۆژیا بسڕێتەوە: یەهودییەت جڤاتێكى تیۆلۆژیى سیاسییە. بۆیە هەر ڕەخنەیەك لە یەهودییەت وەك ئایین، زۆر بە ئاسانى دەشێت وەرگەڕێنرێت بۆ دژایەتى جوولەكە وەك نەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە هەمان شتە گەر بڵیى گەلى یەهودى یان ئایینى یەهودى و نیچەیش هەردووكیان بە هەمان مانا بەكاردەهێنێت. دووەم، گەشەكردنى جووبێزى لە سەرەتاكانى بەهێزبوونى نازیزم (و بگرە پێش نازیزم)ـەوە تاوەكو دادگاییەكانى دواى كەوتنى ڕژێمەكەى هیتلەر، بە دادگاییكردنى فیكریشەوە. نازیزم كە نیچە بۆ خۆى دەقۆزێتەوە، دواى كەوتنیش تۆقین و هەستیارییەكى ئێجگار زۆر بەرامبەر دژایەتیى سامى سەرهەڵدەدات كە تاوەكو ئەمڕۆیش بەردەوامە. ئەم زێدە-هەستیارییە واقیعییە، لەدواى مێژووى چەوساندنەوەى دوورودرێژى جوولەكە و دەركەوتنى لە ئاستە هەرە ترسناكەكاندا لاى نازیزم لە سەدەى بیستدا، دەبوو وەك ئامرازێكى بەرگرى و خۆپارێزى لە قڕبوون و تیاچوونى تەواوەتى بگیرێتە بەر تاوەكو ڕێ لە دووبارەبوونەوەى بگیررێت، بەڵام هەندێك زێدەڕەویشى لە پرسى دژایەتیى “ئەنتى-سەمەتیزم”دا لێكەوتۆتەوە. هەر ڕەخنەیەك لە گەلى یەهودى، لە ئایینى جوولەكە، لە نەزمى كۆمەڵایەتیى و مێژووى یەهودییەكان (بێگومان لە سیاسەتى دەوڵەتى ئیسرائیلیش) بە ماناى دژایەتیى سامى نییە؛ گەلى جوویش وەك هەر گەلێكى تر لە سەرووى ڕەخنەوە نییە، بێ بەرى نەبووە لە هەڵەى مێژوویى ئەوتۆ كە ڕێڕەوى مرۆڤایەتییان بۆ ئەبەد گۆڕیووە، بەو پێیەى زاگەى ئایینە یەكتاپەرستیەكان و جۆرێك تووندوتیژیى تیۆلۆژییە كە لە شارستانییەتدا بۆ هەمیشە جێ دەگرێت؛ هاوكات نەزمێكى ئەخلاقى و لە ئەنجامیشدا جۆرێك ڕوانگەى ئابوورى و خووى ساماندارى پێكهێناوە كە لە چەوسانەوە خاڵى نەبووە. بەڵام لەنێو هەموو ئەو ڕەخنانەدا كە نیچە لە نەتەوە كۆن و مۆدێرنەكانى دەگرێت، ڕەخنە لە یەهودییەت بۆ نیچە وەك دژایەتیى سامى شكاوەتەوە، چونكە لە دواى دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیل، نەفرەت لە نازیزم هێندە سەراپاگیر بوویەوە كە دەبوو نیچەیش وەك ناوێك لە نێو نازیزمدا بگرێتەوە. لەم دوو هۆكارە بگوزەرێین كە هیچیان پەیوەندیى ڕاستەوخۆیان بە نیچەوە نییە، ئەوا دەتوانین پرسى سەرزەنشتى یەهودییەت لە بەرهەمەكانى نیچەدا دروستتر، وەك بەشیك لە ڕەخنە و لێدان لە سەرجەم ئەو سیستەمانەى كە بەها ئەخلاقى و ئاینییەكانیان پێكهێناوە، نەك وەك نەفرەتێكى تایبەت لە گەلى جوولەكە، بیبینین. بە پێچەوانەوە، گەلانێكى كەم هەن لە بەرهەمەكانى نیچەدا هێندەى گەلى یەهودى ستایش كرابن (ناڵێم نیچە دڵبەندى بەها جوودایستییەكان بووە، دەڵێم ستایشى گەلەكەى كردووە)؛ هەر بۆ نموونە بڕوانە لە بڕگەى 475ـى بەشى یەكەمى مرۆڤانە، زێدە-مرۆڤانە، بڕگەى 205ى بەرەبەیان، بڕگەى 24ى دژەمەسیح، كە ئەگەرچى ئەم بڕگەیەى كۆتاییان لە ڕەخنەى یەهودییەت بەدەر نییە بەڵام ستایشەكانى بۆ گەلى جوو لەوە زیاترن مرۆڤ وا هەست بكات لە بەردەم ڕاسیستێكدایە. هەروەها لە سەرەتاى بڕگەى 11ى جینالۆژیاى ئەخلاقدا، نیچە لایوایە لەمڕۆدا تۆوى كینەبازى Ressentiment لەنێو ڕیزى ئەنارشیستەكان و دژە-سامییەكاندا لە گەشەكردندایە. هەر لەهەمان بڕگەدا نیچە باس لە سەرهەڵدانى هەستە پەرچەكردارەكان (ڕق، حەسوودى، ئیرەیى، بەدگومانى، بوغز، تەڵەكەبازى، دووڕوویى و هتد) دەكات لە كینەوە. ئەمە زەنگێكى ئاگاداركردنەوەیە و هەركەسیش تەنیا یەك بەرهەمى نیچەى خوێندبێتەوە دەزانێت نیچە چەندە سەرسەرختانە دژى كینەبازی وەستاوەتەوە، چونكە كینەى بە ئەخلاقى پەرچەكردارانەى كۆیلە داناوە، (چ عەجەب ئەوانەى وا لافى خوێندنەوەى كۆبەرهەمى نیچە لێ دەدەن، لەم ئەلف و بێیە نازانن؟).

ئێمە لێرەدا لاى دژەمەسیح دەمێنینەوە و پاشان دەچین بەرەو جینالۆژیاى ئەخلاق تاوەكو بزانین كێشەى نیچە لەگەڵ یەهودییەتدا چییە. بەڵام یەكەمجار كۆتەیشنێكى درێژ لە ژیل دۆلۆزەوە وەردەگرین:

«له‌ ڕاستیدا نیچه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌قی هه‌یه‌ كه‌ زۆر بێزاركەرن، یان ڕاستییه‌كه‌ی ده‌شێت به‌ ده‌قی زۆر بێزاركەریان دابنێێن ئه‌گه‌ر به‌و شێوازه‌ بیانخوێنینه‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌باره‌ی خوێندنه‌وه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كانه‌وه‌ باسمان لێ كرد، واته‌، ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ خێراییه‌كی زۆر بیانخوێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی وه‌ك شتێكی سه‌یر سه‌رم ده‌سوڕمێنێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر ده‌قێك له‌وانه‌ی تێیدا ]نیچه‌[ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گه‌لی یه‌هودی، له‌سه‌ر چی لۆمه‌یان ده‌كات؟ چی وا له‌ مرۆڤ ده‌كات له‌و كاته‌دا بڵێت “وای، خۆ ئه‌وه‌ دژه‌ سامییه‌ته‌” و شتی له‌م بابه‌ته‌؟ نیچه‌ له‌سه‌ر شتێكی گرنگ لۆمه‌ی گه‌لی یه‌هودی ده‌كات. ئه‌و له‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رجی ته‌واو بابه‌تیدا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ لۆمه‌یان ده‌كات كە كه‌سایه‌تییه‌كیان داهێناوه‌ هه‌رگیز پێش گه‌لی یه‌هودی بوونی نه‌بووه‌، ئه‌ویش كه‌سایه‌تی “كاهین Priests ـه‌. ئه‌وه‌ندی من بزانم، هیچ ده‌قێكی نیچه‌ هێرشێكی گشتی تێدا نییە كە به‌ تایبه‌ت ئاراسته‌ی یه‌هودییه‌كان كرابێت، به‌ڵكو هه‌میشه‌ هێرشێك بۆ سه‌ر ئه‌و گه‌له‌ یه‌هودییه‌ بوونی هه‌یه‌ كه‌ داهێنه‌ری كاهین بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، به‌لای ئه‌وه‌وه‌، له‌ پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌دا، ڕه‌نگه‌ كۆمه‌ڵێك جادووگەرSorcerers و باشكاتبى دینىScribes هه‌بن، بەڵام هه‌رگیز هیچیان وه‌كو كاهین نین. ئه‌وان ئه‌م داهێنراوه‌ سه‌یره‌یان دروست كرد و نیچه‌یش، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فیی هه‌یه‌، هه‌میشه‌ سه‌یری له‌و شتانه‌ دێت كه‌ ڕقی لێیانه‌… ده‌ڵێت، به‌ كورتی ئه‌وه‌ داهێنراوێكی باوەڕپێنەكراو بوو، داهێنانی كاهین شتێكی ته‌واو سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو. له‌مه‌یشه‌وه‌ ده‌ره‌نجامگیری په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان یه‌هودییه‌كان و له‌نێوان مه‌سیحییه‌كاندا ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر وا به‌ ساده‌یی هه‌مان شێوازی كاهین نین. مه‌سیحییه‌كان وێنای جۆرێكی دیكه‌ی كاهین ده‌كه‌ن و به‌ هه‌مان ڕێگادا له‌گه‌ڵ مۆرك و شه‌قڵی كاهینییه‌تدا به‌رده‌وام ده‌بن… ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم نیچه‌ یه‌كەم فه‌یله‌سوف بوو كه‌ “چه‌مكی كاهین“ی [بۆ كەسایەتى كاهین] خولقاند و داهێنا، له‌م خاڵه‌یشه‌وه‌، كێشه‌یه‌كی جه‌وهه‌ریی پیشان ده‌دات؛ ده‌سه‌ڵاتی كاهینسالاری له‌چی پێكدێت؟ جیاوازی نێوان ده‌سه‌ڵاتی گشتگیری كاهینسالاری و ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی Royal power چییه‌؟ ئه‌م پرسیاره‌ ته‌واو بۆ ئێستا ده‌گونجێت… كه‌واته‌، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی كاهین چییه‌ و چۆن په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ غه‌مگینییه‌وه‌؟ به‌ بڕوای نیچه‌، له‌ هه‌موو دۆخێكدا كاهینبه‌م جۆره‌ پێناسه‌ ده‌كرێت:ئه‌و ئایدیایه‌ داده‌هێنێت كه‌ مرۆڤه‌كان له‌ حاڵه‌تی قه‌رزێكی ناكۆتاInfinite debtدان، ئه‌وان قه‌رزێكی ناكۆتایان له‌لایه‌. به‌ر له‌وه‌، بێگومان كۆمه‌ڵێك حیكایه‌ت له‌باره‌ی قه‌رزه‌وه‌ هه‌بوون، زۆربه‌مان ئه‌مانه‌ ده‌زانین، به‌ڵام نیچه‌ له‌م كاره‌دا پێش ئێتنۆلۆژیسته‌كان كه‌وت، ئه‌م ئێتنۆلۆژیستانه‌ كارێكی باش ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر كه‌مێك خۆیان به‌ خوێندنه‌وه‌ی نیچەوە‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن. […] ماوه‌یه‌كی زۆر دوای نیچه‌، ئێتنۆلۆژیسته‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی پێیان ده‌وترێت كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كانPrimitive societies، ئاڵوگۆڕی قه‌رزه‌كان هه‌بووه‌ و ئه‌م كاره‌یش به‌رده‌وام به‌و ئه‌ندازه‌یه‌یش ده‌ستیاو نه‌بووه‌ كه‌ بۆی ده‌چین، بۆیه‌ كاروباره‌كان له‌ ڕێگه‌ی پارچه‌یه‌ك قه‌رزه‌وه‌ [وەك گرەنتى] گوزه‌راون –خێڵێك له‌ به‌رامبه‌ر خێڵێكی تردا قه‌رزی له‌ ئه‌ستۆیه‌ و شتی له‌م بابه‌ته‌. به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ پارچه‌یه‌ك قه‌رزی كۆتاداره‌، ئه‌وان یه‌كتری ده‌بیننه‌وه‌ و قه‌رزه‌كه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌. جیاوازیی قەرزى ناكۆتا له‌گه‌ڵ قەرزى ده‌ستیاودا بوونی زه‌مه‌نه‌‌، واقعی زه‌مه‌ن […] قەرزى ناكۆتا دانه‌وه‌یه‌كی دواخراوه‌Deferred parcels، گێرانه‌وه‌ی قه‌رزێكه‌ به‌رده‌وام دواده‌خرێت. ئه‌مه‌ شتێكی گه‌وره‌یه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێت به‌ بیرماندا كه‌ له‌ په‌یوه‌ندی ئاڵوگۆڕدا ئایین بنه‌مای سه‌ره‌كییه‌. ئه‌مانه‌ به‌ مانای وردی وشه‌كه‌ كێشه‌ی فه‌لسه‌فین –ئاڵوگۆڕی دەستیاو، قه‌رز، ئایین كه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی ئاڵوگۆڕدا بنه‌مای سه‌ره‌كییه‌، ئه‌مه‌ چه‌مكێكی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فییه‌. ده‌ڵێم “فه‌لسه‌فی” له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ر له‌ ئێتنۆلۆژیسته‌كان نیچه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ دوواوه‌. هه‌تا ئایین له‌ نه‌زمێكی كۆتادارFinite regime دا بێت مرۆڤ ده‌توانێت خۆی لێی ڕزگار بكات. جا كاتێك كاهینی یه‌هودی ئایدیای هاوپه‌یمانێتیی قه‌رزێكی ناكۆتا له‌نێوان گه‌لی یه‌هودی و خواوه‌نده‌كه‌یدا ده‌هێنێته‌ پێش، كاتێكیش مه‌سحییه‌كان له‌ فۆڕمێكی دیكه‌دا و به‌شێوه‌ی ئایدیای قه‌رزی ناكۆتایی په‌یوه‌ست به‌ گوناهی یه‌كه‌مه‌وه‌ پشتیوانییان لێكردووه‌، ئه‌وا ئه‌مه‌ مۆركێكی زۆر سه‌یری كاهین ده‌رده‌خات كه‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌وه‌ی چه‌مكێكی بۆ دابهێنێت»[7].

نیچە ئەم كارەى كرد، چەمكى كاهینى داهێنا. دوو خاڵى سەرەكیى ئەم كۆتەیشنە لە خودى بەرهەمەكانى نیچەوە شرۆڤە دەكەین، تاوەكو بزانین كاهین چۆن قەرزى كۆتادارى گۆڕى بۆ قەرزێكى ناكۆتا[8].

یەكەم، سەرهەڵدانى كاهین: نیچە لە بڕگەكانى 24 و 25 و 26ى  دژەمەسیحدا جینالۆژیاى سەرهەڵدانى كاهینى یەهودیمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، بەو مەبەستەى بۆمانى دەربخات مەسیحییەت، دوژمنە سەرسەختەكەى نیچە، لە چ زەمینەیەكەوە و لە هەناوى چییەوە هاتۆتە دەرێ. لە زانستى شاد، بڕگەى 148دا نیچە یەهودییەت وەك زێدى مەسحییەت دیاریى دەكات، لە دژەمەسیحیشدا دەڵێت: «ناتوانین لە مەسیحییەت تێبگەین تەنیا بە گەڕانەوە نەبێت بۆ ئەو زەمینەى كە لێیەوە پەیدابوو؛ كە ئەمیان بزووتنەوەیەكى دژ بە غەریزەى یەهودییەت نەبوو، بەڵكو دەرەنجامەكەى بوو»[9]. بە بڕواى نیچە، گەلى یەهودى لە بلیمەتییەكى بەرز و توانایەكى بێوێنەوە بە درێژایى مێژوو خۆیان لە تیاچوون پاراستووە و سەرجەم بەها سروشتییەكانى بوون-نەبوون، ژیان-لەناوچوونیان هەڵگەڕاندۆتەوە؛ نیچە ئەمە ناو دەنێت “ساختەكردنى ڕیشەیى هەموو سروشت و هەر شتێكى سروشتى، هەر واقیعێكى ناوەكى و دەرەكى جیهان” (با ئەوەیش لەبەرچاو بگرین كە زاراوەى “ساختە” یان تواناى “ساختەكردن” لە فیكرى نیچەدا هەموو كات ماناكەى نەرێنى نییە). كەنیسەى مەسیحى ئەمە دەگەیەنێت بە دوا ڕادەى خۆى، بەڵام وەك “گەلى پیرۆز” هیچ ڕەسەنایەتییەكى نییە. مەسیحییەت پەرەپێدرەى ئەخلاقى كینەبازییە، كینە لە مرۆڤ و ژیان، كە تەنیا لەسەر بنەماى نەفیكردنەوەى ئەخلاقى ئۆرستۆكراتى دادەمەزرێت (ئەرستۆكراتییەت وەك ستایلێكى ژیان دژ بە ڕەشەخەڵك و پۆپۆلیزم، نەك وەك چینى فەرمانڕەوا بەو تێگەیشتنە كۆمیدییەى هەندێك لە سۆشیالیستەكان). پەڕاگەندەیى گەلى یەهودى و چەوساندنەوەیان لە مێژوودا واى لێكردن بۆ مانەوەى خۆیان بكەونە نێو دۆخى “خۆ-پارێزى”ـیەوە. لەم دۆخەدا ئەوان چیتر بەڵێیان بۆ ژیان و خۆیان، بۆ هێز و توانا و جوانى، واتە ئەوەى كە دەشێت جووڵەى بڵندبوونەوە بێت، نەكرد، بەڵكو غەریزەى ڕق و كینەیان پەرەى سەند كە لەمەوە جیهانێكى تریان داهێنا:

«گەلى یەهودى، لە ڕوانگەى دەروونناسییەوە، گەلێكە وزەیەكى ئێجگار پتەوى مانەوەى لە ژیاندا هەیە، بۆیە كە بینیان ناچارن لەنێو هەلومەرجى زۆر سەخت و مەحاڵدا unter unmögliche Bedingungen بژین، خۆكردانە و لە زیرەكییەكى قووڵى غەریزەى مانەوەوە، خۆیان دایە پاڵ ئەو شتانەى كە داڕمانى غەریزەكان بوو- نەك بۆ ئەوەى ئەم گەلە ملكەچى ئەو غەریزانە ببێت، بەڵكو هێزێكى لێیان بەدەستهێنا كە بتوانێت لێیانەوە بەرامبەر “جیهان” بوەستێتەوە. ئەوان دژ بە هەموو داڕوخاو و تێشكاوەكان بوون: ئەوان دەبوو تەمسلى داڕمان تا سنوورەكانى وەهم پاڵ بنێن»[10] (جەختەكان هى منن).

هەركەس شتێكى كەم لە نیچە بزانێت، گومان دەكات لەوەى كە ئەم سیفەتانەى وا لێرەدا دراونەتە پاڵ گەلى یەهودی، لاى نیچە سیفەتى نەرێنى بن؛ تەنانەت تەمسیل لێرەدا نزیكە لە واتاى “زڕەوێنە”وە كە نیچە لە ستایشكارانییەتى. لە بەرامبەردا نیچە پێیوایە مەسیحییەت، بە تایبەتى مەسیحییەتى قەشە پۆڵس، جووڵەى داڕمان و داڕزانە كە لە هەناوى ئەم تەمسیلى داڕمانەى یەهودییەتەوە هاتۆتە دەرێ تاوەكو شتێكى بەهێزتر لە هەر هەڵوێستێكى ئەرێگۆیى ژیان بێت:

«داڕمان هیچ نییە جگە لە ئامرازێك [و ڕێگاخۆشكردن] بۆ جۆرە مرۆڤێك كە لە یەهودییەت-مەسحییەتدا هێز پەیدا دەكات: جۆرى كاهینى/قەشەیى priesterliche Art: ئەم جۆرە مرۆڤە بەرژەوەندییەكى حەیاتیى Lebens-Interesse بۆ ئەوە هەیە كە مرۆڤ نەخۆش بخات و چەمكەكانى “چاكە” و “خراپە”، “ڕاستى” و “ساختە” بگۆڕێت بۆ هەستێكى مەترسیدار لەسەر ژیان و سووكایەتى بە جیهان»[11].

لە فراگمێنتى دواتردا، نیچە كرۆنۆلۆژیاى ئەو مێژووەى ئیسرائیل دەخاتەڕوو كە دەگات بە كەسایەتى كاهین. قۆناغەكانى سەرەتا گەلى ئیسرائیل بەهێز و ئەرێكار بووە بۆ خۆى و سروشت، یەهوە ئیلهامى ئەم هێزە بووە. دواى سەرهەڵدانى كێشەى ناوخۆ و هێرشى ئاشوورییەكان ئەم دۆخە دەگۆڕرێت؛ چیتر خودا ناتوانێت ئومێد و چاوەڕوانییەكان بەدیى بهێنێت؛ بەڵام خەڵكى دەستبەردارى نابن، بەڵكو گۆڕانى بەسەردا دەهێنن، بە دەربڕینى نیچە سروشتەكەى دەشێوێنن تاوەكو بتوانن دەستى پێوە بگرن. ئایدیاى خودا دەبێتە ئامرازێك بەدەستى ئەوانەوە كە خۆیان بە نوێنەرى هەڵبژاردەى ئەو دەناسێنن، واتە كاهینەكان؛ كە هەموو ڕووداوێكى شادیبەخش وەك پاداشت و هەر تەنگوچەڵەمەیەكیش وەك سزاى “گوناهـ” و سەرپێچى لە فەرمانى خودا لێك دەدەنەوە: خودایەك كە لەبرى بەخشینى هێز و یارمەتیدان، فەرمان دەردەكات: سەرهەڵدانى نەزمى ئەخلاقى. ئیدى لێرەوە “مرۆڤى گوناهبار” دێتە نێو مێژووى ئایینەوە و یاساى ئایین [شەریعەت]یش بۆ ئەم مەبەستە پەیدا دەبێت: یاسا [شەریعەت] تەنها بۆ ئەوە هەیە گوناهمان لێ بار بكات[12]. یەهودییەت دەگات بە مەسیحییەت؛ وەك نیچە دەڵێت مەسیح خۆى كاهینێكى بێزراو و یاخیى یەهودیى بوو، بەڵام ئەوەى ئەم گۆڕانەى یەكلایى كردەوە قەشە پۆڵس بوو، هەر لەبەرئەمە بە دەگمەن بەرهەمهێكى نیچە هەیە سەرزەنشتكردنى قەشە پۆڵسى لەبیركردبێت. لە زانستى شادیشدا نیچە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە “گوناهـ” داهێنراوێكى یەهودییە و كاهینى مەسیحیش بۆ ئەوە هاتووە بە پەیامبەرى لە خاچدراو گوناهـمان بۆ ناوەكى بكاتەوە و “هەستى گوناهـ” لە دەروونماندا بچێنێت: «مەسیحییەت هات و ڕێگاى ئەوەى بە مرۆڤ پیشاندا كە گوناهەكانى خۆى بەشێوەیەكى قێزەون پیشان بدات و دەریان بخات، ئیدى دۆخى گوناهباركردنێكى خەمۆكى هێنایە نێو جیهانەوە»[13]. ئێمە ئیتر هەست بە تاوان دەكەین و هەموویشمان تاوانبارین. لێرەدا دەگەین بە خاڵى دووەم.

گوناهـ وەك قەرزى ناكۆتا: جودیت باتلەر لە ڕێگەى دێریداوە دەگەڕێتەوە بۆ نیچە و “گوناهـ وەک قەرز” ڕاڤە دەکات[14]. ئەوەى قەرزى نەداوەتەوە تاوانبارە، ئەوەى ئەم تاوانەى کردووە قەرزدارە و قەرزى دیكەى دێتە سەر. قەرز پەیوەستە بە کۆنتراکتەوە كە دەشێت جوزئی و بچووک بێت، بەڵام هەموو کۆنتراکتە بچووکەکان لە نێو چوارچێوەیەکى گەورەتر و گشتیتردان کە ”پەیمانى کۆمەڵایەتى”یە. بە بۆچوونى نیچە پەیمانى کۆمەڵایەتییش لەسەر بنەماى گرێبەستى بازرگانى دامەزراوە کە قەرز (debt) ڕۆڵێکى سەنتراڵى تێدا دەگێڕێت. نیچە لە بەشى دووەمى جینالۆژیاى ئەخلاقدا باس لەوە دەکات “گوناهـ” (یان تاوان) وەک چەمکێکى گەورەى ئەخلاقی لە چەمکێکى زۆر ماتریاڵیى وەک ”قەرز”ەوە سەری هەڵداوە. نیچە لایوایە سزادان وەک فۆڕمى بەرجەستەکردنى عەدالەت لە بەرامبەر زیانێکدا کە کەسى تاوانبار پێمانى دەگەیەنێت، ڕیشەکەى وا لەو بۆچوونەدا کە دەڵێت هەموو زیانێک لە واقیعدا بەرامبەرێکى هەیە، ”ئازاردان” یان ”سزا”ى ئەو کەسەى زیانەکەى گەیاندووە شێوە بەرامبەرێکە بۆ زیانەکە کاتێک تاوانبارەکە نەتوانێت یان ڕێى نەدرێت بە جۆرێکى تر قەرەبووى زیانەکە بکاتەوە. بەڵام سزا چۆن هاتە نێو مێژووەوە؟ بە بڕواى نیچە ئەم ئایدیایە هێزى خۆى لە پەیوەندیى گرێبەستانەى نێوان ”قەرزدەر” و ”قەرزدار”ەوە وەردەگرێت، لە بەڵێنێکەوە کە بۆ دانەوەى قەرزەکە دەکەوێتە نێوان هەردوو لایەنەکەوە:

«هێنانەپێشەوەى ئەم پەیوەندییە گرێبەستییە […] دژ بە مرۆڤایەتى سەردەمى كۆن كە خوڵقاندى یان بەخەبەرى هێنا، چەندین لایەنى گومان و بەربەرەكانێى هەیە. لێرەدایە كە بەڵێن دەدرێت versprochen، ڕێك لێرەدا مەسەلەكە پەیوەستە بەوەوە كە یادەوەریى بۆ ئەو كەسە دروست بكرێت كە بەڵێنێك دەدات. مرۆڤ هەقە شكى بۆ ئەوە بچێت كە زەحمەت و زەبروزەنگ و ئازار ڕێك لێرەدایە. قەرزدار بۆ ئەوەى متمانە دەرهەق بە وەعدەکەى بۆ گەڕانەوەى قەرزەکە دروست بکات، بۆ ئەوەى زەمانەتى جیدیەت و پیرۆزیى بەڵێنەکەى بکات، بۆ ئەوەى گێڕانەوەى قەرزەكە لە ویژدانى خۆیدا بكات بە ئەركێكى ناچارى، لاى قەرزدەر گرەوى ئەوە دەکات کە ئەگەر نەیتوانى وەفاى بۆ بەڵێنەکەى هەبێت، ئەوا بە شتێکى دیکە کە هێشتا ‘هەیەتى’ و لە ژێردەستى خۆیدایە، قەرەبوو]ى قەرزەکەى[ بکاتەوە. بۆ نموونە بە جەستەى خۆى، یان ژنەکەى، یاخود ئازادییەکەى و بگرە بە ژیانیشى»[15].

    باتلەر پێی وایە وەعد بریتییە لەوەى ”من متمانەم بە خۆم هەبێت و جێگاى متمانەى ئەوانی تریش بم”، ئەم متمانە دوولایەنەیە ئیلتیزامى خۆمە بە ئەرکێکەوە کە دەیخەمە ئەستۆى خۆم، حسابى ئەوانی تریشە لەسەر من؛ بە مانایەکى تر وەعد ئەوەیە لە خۆم ڕاببینم و ئەوانی تریش لێم ڕاببینن[16]، بەڵام هەمان كات كۆتكردنى ئیرادەى ئازادانەى خۆیشمە لەنێو گرێبەستێكدا كە دواجار دەبێتە پرسێكى یاسایى. ئەمە هەمان ئەو بەڵێنەیە كە لە بازرگانەکەى ڤینیسیاى شکسپیردا ئەنتۆنیۆ بە شایلۆگى دەدات. هەر وەك ئەنتۆنیۆ، هەموو کات قەرزدار ناتوانێت قەرزەکە لە کاتى دیاریکراوى خۆى و بە شێوەى هەژمار و حیسابى خۆى بگەڕێنێتەوە، لە بەرامبەردا قەرزدەر شتێکى دیکە وەردەگرێت لەجیاتیى قەرەبووى ڕاستەوخۆ و هاوشێوەى قەرزەکەى، شتێکى وەک ئاسوودەیى دەروونى، سەرگەرمى، چێژى سێکسى، یاخود چێژى ئازاردان و ستەم، بۆ نموونە لێکردنەوەى پارچەیەک جەستەى ئەنتۆنیۆ لە لایەن شایلۆگەوە تاوەکو کینە و سادیزمێک دەرهەق بە ئەنتۆنیۆ هەیەتى، تێر بکات. بە بڕواى نیچە بۆ دیارییكردنى ئاڵوگۆڕكردن، كڕین و فرۆشتن قەرز و قەرەبوو، گوناهـ و سزا پێوانەكان و پێوەرەكان و بەدیلەكان، واتە حیسابات و بەهاكان، دیاریی كران؛ ئیدى لەوە بەدوا هەموو شتێك نرخ و بەهاى خۆى هەیە و ئەمە دەبێتە كۆنترین بنەماى عەدالەت، دەبێتە سەرەتاى “چاكەكارى”، “هەقبەشى” [ئینساف]، “ویستى چاكە”، “وەفادارى بۆ بەڵێن”، “بابەتێتى” Objektivität -دژ بە ویستى سوبێكتیڤ-[17]، بەڵام سەرەتاى نەزمى سزادان و وەرگرتنەوەى هەقیش. یەكێك لە ڕەهەندەكانى ئەم سزایە، ئەوەیە كە لەو دۆخانەدا وا قەرز وەك خۆى نادرێتەوە، قەرەبووى ماتریاڵى دەگۆڕێت بە قەرەبووى ڕەمزى یان مەعنەوى؛ بۆ نموونە ئازاردانى ئەوى تر، كەمكردنەوە لە پێگەى ئەوى تر، لە پاى قەرزەكەى یان گوناهەكەى، دەبێتە سەرچاوەى چێژ. لە ڕێگەى ئەو سزایەوە وا قەرزدەر بەسەر قەرزداریدا دەهێنێت، قەرزدەر هێزى ئەوى تر دادەماڵێت و خۆى دەبێتە بەشدار لە خاوەندارێتیى مافى سەردارەکاندا:

«جا بەوەى كە دەسەڵاتى “سزا”ى بەسەر قەرزداردا دەشكێت، قەزردەر بەشداریى لە یاساى سەروەراندا دەكات: دواجار ئەویش دەگات بە هەستێكى خۆش سەبارەت بەوەى كە دەتوانێت بوونەوەرێكى تر سەركۆنە بكات و بەوە سووكایەتى پێ بكات كە “لەو نزمترە”»[18].

    بە بڕواى نیچە لە نێو ئەم پەیوەندییە مەترسیدارەدا چەمكە ئەخلاقییەكانى وەكو “گوناهـ” و “ویژدان” و “ئەرك” و “پیرۆزیى ئەرك”، هەروەها دوانەى “گوناهـ و ئازار” سەر هەڵدەدەن. بەڵام لەمانەیش مەترسیدارتر، هەستە پەرچەكردارەكان و كینەبازى، واتە هێزە نا-چالاكەكان دژ بە هێزە چالاكەكان (جینالۆژیاى ئەخلاق، بڕگەى 13 و 14)، ویژدانە بیمارەكان schlechten Gewissens دژ بە ویستە ئازادەكان (بڕگەى 15)، ئازارى ویژدان دژ بە ئاسوودەیى ویژدان (بڕگەى 16 و 17)، خۆسەركۆنەكردن و قوربانى بەخۆدان (بڕگەى 18) و هتد،  سەرهەڵدەدەن.

    نیچە لە ڕوانگەیەكى دەروونناسیەوە، ئەم هەستى قەرزە لە نێو كۆمەڵگە سەرەتاییەكان و خێڵە بەراییەكاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ هەلومەرجى ژیان و ئەو دۆخە هەمەجۆرانەى كە ئەم كۆمەڵ و خێڵانە تێیدا ژیاون؛ وایش وێنایان كردووە كە باپیرەگەورەكانیان هێشتایش دەسەڵاتیان بەسەر دۆخى ژیانى خێڵەكاندا هەیە و بەخشندەیى خۆیانیان بۆ دەنێرن. بەم جۆرە ئەوان وێناى بابەگەورەیان پیرۆز دەكەن و بۆ ئاستى خودایەك بەرزى دەكەنەوە كە هەموویان لەژێر سایەى نیعمەت و منەتیدان (ئەمە قەرزێكى نەدراوەیە كە فرۆید لە نیچەى وەرگرتووە، بەڵام لە پەیوەندیى قەرزدەر و قەرزدارەوە گۆڕیوویەتى بۆ تەوتەم و تابۆ). یەهودییەت ئەم پەیوەندیى قەزرە بە فۆرم و ناوەڕۆكەوە دەگوازێتەوە بۆ بەڵێنى نێوان خودا و گەلى یەهودى. كاهین دەڵێت: ئێوە قەرزدارى یەهوەن و پێویستە پێزانینتان بۆ ئەو قەرزە هەبێت كە هێشتا نەتانداوەتەوە؛ قەرزەكەیش، بەو هۆیەى بەردەوام دێتەسەرى، لەوە گەورەترە بتوانن وەك خۆى بیدەنەوە. بەم جۆرە هەستى قەرزارى چەند قات دەبێتەوە، قەرز دەبێتە  ناكۆتا و قەرەبوو هەڵنەگر. خاسیەتى قەرزى نەدراوە ئەوەیە تا ناکۆتا کەڵەکە دەبێت، هەتا واى لێ دێت ژیانیش تەنها دەتوانێت بەشێکى بداتەوە. كاهین دەڵێت: ئێوە لەپاى ئەمەدا منەتبارن، گوناهبارن كە بەدنمەكى بەرامبەر خودا بنوێنن. مەسیحییەت واتا گۆڕانى گرامەریى ڕستەى “ئێوە گوناهبارن” بۆ “ئێمە گوناهبارین”. كاهینى مەسیحى دەڵێت: ئێمە هەر لە سەرەتاوە، لە یەكەمین بابەگەورەمانەوە، لە ئادەمەوە، هەر هەموو تاوانێكمان لە ئەستۆیە كە بەرلەوەى ڕووبدات پێى گوناهباربووین: لەخاچدانى مەسیح؛ هەر ئەمیش مایەى پاكبوونەوە و ڕزگاربوونى سەرتاسەریمانە لە قەرزى هەمیشەیى. ئەم ڕزگارییە دیسانیش هەستى قەرزارى قووڵتر دەكاتەوە و دەبێتەوە بە منەتباریى گەورەترى هەمیشەیى. هاتنى خوداى مەسیحى بووە مایەى ئەوەى هەستى قەرزدارى بگات بە ترۆپكى خۆى:

«لەگەڵ بونیادنانى ئەخلاقییانەى چەمكەكانى گوناهـ و واجب و، لەگەڵ ناوەكیكردنەوەیاندا بۆ نێو دەروونى ویژدانى بە ئازار، هەوڵ درا بەشێوەیەكى كردەیى و تەواو ئاراستەى ئەو پەرەسەندنەى قەرز پێچەوانە بكرێتەوە، یان هیچ نەبێ جووڵەكەى بوەستێنرێت: بەڵام ئێستا، ئومێدى ڕزگاربوونى كۆتایى لە قەرزەكان، پێویستە بەشێوەیەكى ڕەشبینانە بە یەكجار بدرێتەوە… ئێستا پێویستە چەمكەكانى “گوناهـ” و “واجب” قڵپ ببنەوە- بەڵام دژ بە كێ؟ … سەرەتا دژ بە “قەرزار” كە ئیدى ویژدانى بە ئازار لەنێو ناخیدا ڕەگ دادەكوتێت، نەخشى خۆى هەڵدەكۆڵێت و گەشە دەكات … كە دەگاتە ڕادەیەك نەتوانێت قەرزەكە بداتەوە؛ بێ توانایى ڕزگاربوون لە پێبژاردن و بیرۆكەى بێ توانایى لە پێدانى قەرەبووەكە وێنا كراوە (سزاى ئەبەدى)-؛ بەڵام دەبوو لە كۆتاییدا ئەمە بەسەر خودى “قەرزدەر” خۆیشیدا هەڵبگەڕێتەوە، بۆ ئەوەى یەكسەر مرۆڤ بیر لە ئازارى ویژدانى مرۆڤ بكاتەوە هەر لە سەرەتاكانى ڕەگەزى مرۆییەوە، لە باپیرەى یەكەمییەوە كە بەر نەفرەت كەوتووە (ئادەم، گوناهى یەكەم، بەندایەتى)، یان لە سروشتدا، كە مرۆڤ لە ڕەحمییەوە دەرچووە و لێیەوە بنەماى خراپە هاتۆتە نێوییەوە (بەشەیتانكردنى سروشت)، یان لە بووندا بە گشتی، كە لە خۆیدا بێ بەها دەمێنێتەوە (حاشاكردنى عەدەمییانە لە بوون ….)، تاوەكو جارێكى تر لەبەردەم ئامرازێكى سەیر و ترسێنەردا بوەستین كە مرۆڤایەتیى مەینەتبار بەهۆیەوە دەستى بە ئاسوودەبوونێكى دوورودرێژ ڕاگەیشت؛ ئەمە لەمسى بلیمەتیى مەسیحییەتە: ئەو خودایەى كە لەپێناو گوناهەكانى مرۆڤدا قوربانیى بە خۆى دەدات، ئەو خودایەى كە خۆى قەرزى خۆى دەداتەوە، ئەو خودایەى كە تاكە هێزێكە بتوانێت ئەوە بۆ مرۆڤ ببژێرێت كە چیتر مرۆڤ تواناى بژاردنەوەى نییە -ئەو قەرزدەرێكە كە لەپێناو قەرزارەكەیدا، لە خۆشەویستى قەرزدارەكەى، قوربانیى بەخۆى دەدات»[19].

    ئەمەى وا لە مزگێنیى كاهینەكاندا گوایە چارەسەرە، نیچە هەمیشە وەك خودى نەخۆشییەكەى مرۆڤایەتى ناوى دەبات:

 «چارەسەرى دادوەرى مەسیحى لەوەى كە جیهان نەنگ و ناشیرینە، هەر بە ڕاستى جیهانى نەنگ و ناشیرین كرد»[20].

ئەمە ئەو باكگراوندەیە كە نیچە وەك زەمینە و ڕیشەى سەرهەڵدانى ئەخلاقى مەسیحییەت، كاهینى مەسیحى، قەشە، واتە وەك ویژدانى بیمار، مرۆڤى غەمگین، بارگرانیى بانسروشتى، هەستى زەلیلى و خۆ بەكەمزانین، خۆئازاردان، لاوازى دەیكێشێت. ئەمە جەوهەرى كێشەى نیچەیە لەگەڵ یەهودییەتدا، كە بەشێكە لە كێشەى دورودرێژى نیچە لەگەڵ مەسیحییەتدا. گەر بوغز و بێئاگایى نەبن، بوێرییەكى دەوێت ئەمە بە دژایەتیى سامى ناوبنێین. بە پێچەوانەوە ئەم شرۆڤەیەى نیچە كۆمەكى ئێجگار گەورەمان پێ دەكات لە ڕیشەكانى سوبێكتى قەرزدار لە سەردەمى نیو-لیبراڵیزم تێبگەین، قەرزێك كە بەردەوام كەڵەكە دەبێت و هەرگیزیش بە تەواوەتى نادرێتەوە، قەرزێك كە وەك نیچە دیارییكردووە، ڕیشەیەكى تیۆلۆژیى هەیە. لەبەرئەمە فەیلەسوفێكى نوێى ماركسى-دۆلۆزى وەكو “مەوریزیۆ لازاراتۆ”، بە ئیلهاموەرگرتن لە نیچە و دۆلۆز، دوو لە گرنگترین كتێبەكانى خۆى بە ناوى حكومڕانى لەڕێگەى قەرزەوە و دروستكردنى مرۆڤى قەرزار دەنووسێت[21].

    هەڵبەت دۆلۆز دەروونشیكارەكان دەخاتە ڕیزى كاهینەكانەوە؛ كاهینى عەلمانیتر، مۆدێرنتر، بەڵام سەر بەهەمان ئەخلاقیات. ئاسانە ئێمەیش مەلاكان بخەینە ڕیزییانەوە بەڵام لەوەیش گرنگتر دەتوانین زۆربەى شۆڕشگێڕەكانیش بخەینە ڕیزییانەوە. شۆڕشەكانى سەدەى بیست و بە تایبەتیش شۆڕشى كوردى، قەرزى نەدراوە و نەبڕاوەیان خستە ئەستۆى كۆمەڵگاكانیان؛ “ئێمە بە شۆڕش هاتووین و ئەم ئەزموون و خێروخۆشییە بەخشندەیى ئێمەبووە بۆ ئێوە، ئێمە ئازارمان چەشت تاوەكو ئێوە بۆ هەمیشە لە دەسەڵاتى داگیركاران و چەوسێنەران ڕزگاربن“؛ هەر لەگەڵ دەستپێكردنى شۆڕشدا سەردەمى دانەوەى قەرزى شۆڕشیش دەست پێدەكات، بەڵام قەرزەكە لەوە خێراتر و زیاتر كەڵەكە دەبێت كە كۆمەڵگە بتوانێت بۆ ئەبەد بیداتەوە. لە سەردەمى هەژموونى میدیادا ژۆرنالیستەكانیش دێنە ڕیزى كاهینەكانەوە و ئەم هەستى گوناهبارییە قووڵتر دەكەنەوە، ئەم پێكەوەسازانەى ژۆرنالیست و میدیا، مەلا و ڕۆژنامەنووس لە میدیاى كوریدا بە تەواوەتى زەق و دیارە؛ بۆ نموونە كەناڵى NRT كەناڵێكى تایبەت بە كاهینەكانە. نیچە خۆى قەرزێكى لەم بابەتەى خراوەتە سەر؛ دژە نیچەییەكان، كە سۆسیالیستەكان خۆیان كردووە بە دەمڕاستیان، نموونەیەكن بۆ تەتبیقى ئەم تێزە نیچەییە:

قەرز (ئێمە شۆڕشگێڕین بۆ ڕزگاریى مرۆڤایەتى)← نیچە قەرزارێكى بێ ئەمەك (كەڵەكەبوون) ←كینە لە قەرزار (نیچە هاوكارى شۆڕش نەبووە یان دژە سۆشیالیزم بووە)← خەتاى تۆ بوو (بۆ نموونە كە نازیزم دروست بوو)← نیچە: بەڵێ خەتاى من بوو، هەڵەى من بوو كە مرۆڤایەتى دەناڵێنێت (ویژدانى بەئازار، تێشكان و لاوازبوون لە بەردەم هێزى كینەبازدا). بەڵام خۆشبەختانە ئەمەى نیچە لە بەرهەمەكانییەوە دان بە گوناهێكى وەهادا بنێت، تەنیا خەیاڵپڵاوییە؛ نیچە ناچێتە ژێر ئەم بارە قورس و گرانەى هێزە ڕیاكتیڤەكانەوە. ئەو، وێڕاى ئەوەى بەرهەمەكانى بێ كێشە و بێ هەڵە و بێ حوكمى ترسناك نین، وەك ویژدانێكى زیندوو، نەك وەك ویژدانێكى بیمار، دەمێنێتەوە.


پەراوێزەكان:

[1]George Bataille: Nietzsche and Socialist Nationalism, in ‘On Nietzsche’, Translated by: Bruce Boone, Continuum, London & New York, 2004, Pp. 160-164.

[2]Georges Bataille: Nietzsche and the Fascists in ‘Vision of Excess’ Selected Writings 1927-1939, Translated by: Allan Stoekl with Carl R. Lovitt and Donald M. Leslie, Jr., Theory and History of Literature, Vol. 14, University of Minnesota Press, Minneapolis, Tenth printing 2004, P. 182-196. 

[3]Ibid, P. 182.

[4]  فريدريش نيتشه، أنساني مفرط في إنسانيته، كتاب للمفكرين الأحرار، الكتاب الأول، ترجمة: علي مصباح، منشورات الجمل، بيروت-بغداد، 214، ص. 313-314.

[5] فريدريش نيتشه، نقيض المسيح، ترجمة: علي مصباح، منشورات الجمل، بيرت-بغداد، 2010، ل 39. هەروەها بۆ بینینى دژەمەسیح بە زمانى ئەڵمانى كلیك لەسەر ئەم لینكە بكە، كە ئێمە دەقە ئەڵمانییەكەمان لێ وەرگرتووە: http://adriaan.biz/nietzsche/Der%20Antichrist.pdf

[6] بۆ دژەمەسیح بە ئینگلیزى بڕوانە:

Friedrich Nietzsche: The Anti-Christ, Ecce Homo, Twilight of the Idols, Translated by: Judith Norman, Cambridge Texts in the History of philosophy, Cambridge University Press, 2005, P.11.

[7] ژیل دۆلۆز، كلەیر پارنێت: ئەلف بێ، (پتى G وەكو لە Goy شادىـدا، ل90 و دواتر)، وەرگێڕانى: هاوار محەمەد، دەزگاى ئایدیا بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، 2018، ل 232-236.

[8] چەند ساڵێك لەمەوپێش لە وتارێكى درێژمدا دەربارەى “ئیعدام” مشتومڕى پرسى “قەرز”م لاى نیچە كرد و وەك جۆرێك جینالۆژیا بۆ نەزمى تیۆلۆژیى حاكمییەت و هاوكات وەك باسێكى پەیوەست بە دنیاى نیولیبراڵى ئێستامانەوە لێكم دایەوە (هەڵبەت لە زمانە ئەوروپییەكاندا چەند بیرمەندێكى نیچەیى ئاوڕیان لەم پرسە داوەتەوە). دواى چەند مانگێك وتارێك بەهەمان ناوەڕۆكە نیچەییەكەوە، درابوو بە شانى فەیلەسوفێكى تردا و وەك كەشفى نووسەرى وتارەكە بڵاوكرابوویەوە. دەبوو هەڵوێستم چى بێت؟ سەرەتا ویستم بەوە بڕوا بێدەنگییم بهێنم كە ئەگەر زڕە-نووسەرێكى هەژار بە ویژدانێكى ئاسوودەوە بەرهەمى ئەوانى تر بدزێت، ئەوا دەبێت هێندە دەسئاوەڵا بین بەرامبەرى كە خۆمان پێشكەشى بكەین. بەڵام تەنیا ئەو كاتە بە تەواوى قەناعەتم بە بێدەنگبوونى خۆم هات كە توانیم ئەم دزییە بگۆڕم بۆ پرسێكى پۆزەتیڤ، ئەویش ئەوە بوو واى لێ كردم بیر لە “پلەیجێریزم” بكەمەوە.

[9] فريدريش نيتشه، نقيض المسيح، المصدر السابق، ص. 57-58.

[10] لە تێكستە ئەڵمانییەكەى دژە مەسیحەوە وەرمانگرتووە. سەرچاوەى پێشوو.

[11] فریدریش نیتشه: نقيض المسيح، المصدر السابق، ل 59 (كۆتەیشنەكە لە ئەڵمانییەكەوە وەرگیراوە. سەرچاوەى پێشوو).

[12]Friedrich Nietzsche: Daybreak, Translation by: R. J. Hollingdale, Cambridge Texts in the History of Philosophy, Cambridge University Press, U.K., 2005, P. 68.

[13] Ibid., P. 22.

[14] بۆ وتارەكەى باتلەر بڕوانە:

Judith Butler: On Cruelty, Vol. 36 No. 14 · 17 July 2014.

https://www.lrb.co.uk/the-paper/v36/n14/judith-butler/on-cruelty

[15] فريدريش نيتشه، في جينالوجيا الأخلاق، ترجمة: فتحي المسكينى، المركز الوطني للترجمة، دار سيناترا، تونس، 2010، ل 90. (كۆتەیشنەكە لەگەڵ دەقە ئەڵمانییەكەدا بەراورد كراوەتەوە).

[16]Judith Butler, Op. Cit.

[17] فريدريش نيتشه، في جينالوجيا الأخلاق، المصدر السابق، ص 98.

[18] نفس المصدر، ل 91.

[19] نفس المصدر، صص126-127.

[20] فریدریش نیتشه، العلم المرح، ترجمة و تقديم: حسان بورقييه و محمد الناجي، دار أفريقيا الشرق، الطبعة الأولى، المغرب، 1993، ص135.

[21] كۆتایى ساڵى ڕابردوو، بەرلەوەى بگەڕێمەوە كوردستان خۆم ئامادەكرد سیمینارێك لەسەر فیكرى مەوریزیۆ لازاراتۆ، بە تایبەتى دەربارەى سوبێكتى قەرزار لەسەردەمى نیولیبراڵیزمدا، پێشكەش بكەم، بەداخەوە دۆخى بڵاوبوونەوەى كۆرۆنا و بارى تەندروستى خۆیشم ڕێگەى نەدام. بەهیوام لە داهاتوودا دەرفەتێكى لەم جۆرە هەبێت.

هاوشێوە