رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

یازدە ئایدیای هەڵە سەبارەت بە کەشوهەوا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: میشێل لیڤی

وەرگێڕان: نیما لوقمان

لە زۆربەی وتاردانەکان سەبارەت بە کەشوهەوا ژمارەیەکی زۆر ئایدیای دووبارە دەدۆزینەوە، ئەو ئایدیانەی کە هەزاران جار بە شێوازی جیاواز دووبارە دەبنەوە. کۆمەڵێک ئایدیای هەڵە کە دەرەنجامەکانی ئەوان، خۆیستانە یان خۆنەویستانە، چاوپۆشییە لە کێشە سەرەکییەکان یان باوەڕهێنانە بە چارەسەرە ساختەکان. ئاماژە بەو وتاردانە “نکۆڵیگەرایانە” نادەم بەڵکوو ئاماژە بەو وتاردانانە دەدەم کە بانگەشەی “سەوزایی” و “بەردەوامی” دەکەن. ئەم وتاردانانە سروشتیکی هەمەچەشنیان هەیە: هەندێکیان بە ڕاستی فریودەر، هەواڵی ساختە، درۆ یان پەردەپۆشکردنن؛ هەندێکی تریان نیوە یان یەک لەسەر چواری ڕاستی لەخۆ دەگرن. زۆربەی زۆریان پڕن لە ویست و نیەتچاکی بەڵام دەزانین کە ڕێخۆشکەری دۆزەخن.

ئەگەر بەم شێوەی ئێستا لەسەر ئەم بازرگانییە بەردەوام بین لەسەرشەقامی دۆزەخین، تەنانەت ئەگەر ئەم بازرگانییە وەکوو بازرگانییەکی سەوز هەژمار بکرێت. لە ئەگەری ئەم بەردەوامییە لە ماوەی چەند دەیەدا ئێمە خۆمان لە بارودۆخێکی زۆر خراپتر لە بازنەکانی جەهەنم کە دانتێ لە کۆمیدیا ئاماژەی پێ داوە، دەبینینەوە.

ئەم یازدە نموونەیەی خوارەوە تەنیا چەند شتێکی باون کە دەبێت لێیان دوور بکەوینەوە.

  1. دەبێت زەوی ڕزگار بکەین

ئەم دروشمە لە هەموو شوێنێک دەبینین بۆ نموونە لە بیلبۆردەکانی ڕیکلام، لە گۆڤارەکان، لە وتارەکانی ڕابەڕانی سیاسی و لە زۆر شوێنی تریش. لە ڕاستیدا ئەم دروشمە بێ مانایە: هیچ مەترسییەک هەڕەشە لە هەسارەی زەوی ناکات! تا میلیۆنان ساڵی تر، لە هەر کەشوهەوایەکدا، هەسارەی زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. ئەوەی گەرمبوونی جیهان هەڕەشەی لێ دەکات ژیانی چەشنە جیاوازەکانە لەسەر ئەم هەسارەیە، تەنانەت ژیانی خۆشمان واتە جۆری هۆمۆساپیەنس.

“ڕزگارکردنی هەسارەی زەوی” ئەم لێکدانەوە ساختەیەمان بۆ دروست دەکات کە کێشەکە لە شوێنێکە لە دەرەوەی ئێمە، لە شوێنێکی تر و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. داوا لە خەڵک ناکرێت کە نیگەرانی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان بن بەڵکوو داوایان لێ دەکەن نیگەرانی ئەبستراکتێکی تەماوی بن واتە “هەسارەی زەوی”. لە خۆوە نییە کە کاردانەوەی خەڵکی کەمتر سیاسی بەم شێوەیە: دژوارییەکانی ژیانی تایبەتیی من زۆر لەوە زیادترن کە نیگەرانی “هەسارەی زەوی” بم.

2.بۆ ڕزگارکردنی زەوی شتێک بکە

ئەم هەڵە گشتگیرە، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی بێ پایانی، دەربڕینێکی شێوەگۆڕاوی دروشمەکەی ترە. ئەم دروشمە نیوەی حەقیقەت لەخۆ دەگرێت: پێویستە هەموو کەس بەشبەحاڵی خۆی یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی پێشی کارەسات بگیرێت. بەڵام گوێزەرەوەی ئەم وەهمەشە کە بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین بارودۆخەکان، کۆکردنەوەی ئەم “کردە بچووکانە” وەکوو کوژاندنەوەی گڵۆپەکان، یان گرتنەوەی بەلوعەکان و هتد، بەسە بۆ دروکەوتنەوە لە بارودۆخە ناخۆشەکان. بەم شێوەیە ئێمە ئاگایانە یان نەستیانە، گرنگی و پێویستیی گۆڕانکارییە قووڵە بنچینەییەکان لە شێوازی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی لە ئێستادا وەلا دەنێن؛ ئەو گۆڕانکارییانەی بنچینە سەرەتاییەکانی سیستەمی سەرمایەداری دەخەنە ژێر پرسیارەوە، کە لەسەر بنەمای پێوەرێکی تاقانە واتە زۆرترکردنی قازانج دامەزراوە.

3. ورچی جەمسەری لە مەترسیدایە

ئەم وێنەیە لە هەموو شوێنێک بڵاو بووتەوە و چەندین جار دووبارە بووتەوە: ورچی جەمسەریی داماو لەسەر پارچە سەهۆڵێکی سەرئاوکەوتوو هەوڵ دەدات ژیان ڕزگار بکات. بێگومان ژیانی ورچی جەمسەری و زۆربەی بوونەوەرانی تری ناوچە جەمسەرییەکان لەژێر مەترسیدایە. ڕەنگە ئەم وێنەیە بەزەیی چەند ڕۆحێکی بەخشندەی ورووژاند بێت، بەڵام بۆ زۆربەی خەڵک ئەمە بابەتێکە کە پەیوەندیی بەوانەوە نییە.

توانەوەی سەهۆڵی جەمسەرەکان نەک تەنیا بۆ ورچە جەمسەرییەکان بەڵکوو لە درێژخایەندا بۆ نیوە، بگرە زۆرتری، دانیشتوانی جیهان کە لە شارە گەورەکانی کەنار دەریا دەژین مەترسیدارە. توانەوەی سەهۆڵبەندە زەبەلاحەکانی گرینلاند و ئەنتارکتیکا دەتوانێت ئاستی دەریا دەیان مەتر بەرز بکاتەوە. بەڵام تەنیا چەند مەترێکی بەسە بۆ ئەوەی شارەکانی وەک ڤێنیز، ئەمستردام، لەندەن، نیویۆرک، ڕیۆ دی جانیرۆ، شانگهای و هۆنگ کۆنگ ژێرئاو بکەون. بێگومان ساڵی داهاتوو ئەمە ڕوو نادات، بەڵام زانایان تێبینییان کردووە کە توانەوەی ئەم سەهۆڵبەندانە خەریکە خێراتر دەبێت. مەحاڵە پێشبینیی خێرایی ئەم ڕووداوە بکرێت؛ لێکدانەوەی زۆربەی هۆکارەکان بۆ ئەم چرکەساتە ئەستەمە.

ئێمە، بە بینینی چەند ورچێکی جەمسەری بێنەوا، ئەم ڕاستییە ترسناکە دەشارینەوە کە خۆمان نیگەرانی چەرکەساتێکی وەهاین.

4. گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زیانی گەورە لە بەنگڵادیش دەدات

نیمچە حەقیقەتێک پڕاوپڕ لە ویستی باش: گەرمبوونی جیهان بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەریی لەسەر وڵاتانی هەژاری باشوور دەبێت، کە کەمترین بەرپرسیارن لە دەردانی CO2 هەیە. ڕاستە ئەم وڵاتانە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت بە هۆی کارەساتەکانی کەشوهەوا و زریان و وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان و هتد… بەڵام ڕاست نییە کە وڵاتانی باکوور زۆر لەم مەترسیانە دوورن مەگەر ئاگرکەوتنەوە ترسناکەکانمان لە دارستانەکانی ئەمریکا، کەنەدا و ئوستوراڵیا نەبینی؟ ئایا شەپۆلی گەرما نەبووەتە هۆی قوربانی زۆر لە ئەوروپا؟ دەتوانین نموونە زۆرتر باس بکەین.

ئەگەر ئێمە پێداگری لەسەر ئەم بڕوایە بکەین کە ئەم هەڕەشانە تەنیا کاریگەرییان لەسەر گەلانی باشوور هەیە، کەوایە تەنیا دەتوانین کەمینەیەک لە ئینتەرناسیۆنالیستە قەناعەتدارەکان کۆ بکەینەوە. بەڵام درەنگ یان زوو ئەوە تەواوی مرۆڤایەتییە کە ڕووبەڕووی کارەساتی بێ وێنە دەبێتەوە. پێویستە بۆ وڵاتانی باکوور ئەمە ڕوون بکەینەوە کە ئەم هەڕەشانە، زۆر ڕاستەوخۆ، ئەوانیش دەگرێتەوە.

5. تا ساڵی ٢١٠٠، لەوانەیە پلەی گەرمی ٣.٥ پلە بەرزبێتەوە (واتە ٣.٥ پلە سەرووتر لە سەردەمی پێش پیشەسازی)

ئەمە لێدوانێکە کە بەداخەوە لە زۆر بەڵگەنامە جددییەکاندا دەبینرێت. لێداوانێک کە بە باوەڕی من هەڵەیەکی دووانەیە:

لە ڕوانگەی زانستییەوە: دەزانین گۆڕانی کەشوهەوا پرۆسەیەکی هێڵی نییە؛ دەتوانێت “بازدان” و خێرایی لەناکاوی هەبێت. زۆرێک لە ڕەهەندەکانی گەرمبوونی جیهان پەرچەکرداری هەیە، کە دەرئەنجامەکانیان پێشبینی نەکراون. بۆ نموونە: ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بڕێکی زۆر لە CO2 دروست دەکەن، کە بەشدارە لە گەرمبوون و زیادبوونی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان. بۆیە زۆر ئەستەمە پێشبینیی ئەوە بکەین کە دوای ٤ یان ٥ ساڵ چی ڕوو دەدات. کەوایە چۆن وا نیشان بدەین کە دەتوانین سەدەیەکی داهاتوو پێشبینی بکەین؟

لە ڕوانگەی سیاسییەوە: لە کۆتایی سەدەدا، هەموومان مردووین، هەروەها منداڵ و نەوەکانمان. چۆن دەتوانین سەرنج و پابەندبوونی خەڵک بۆ داهاتوویەک کۆ بکەینەوە کە پەیوەندییان پێوەی نەبێت، داهاتوویەک کە نە نزیکە و نە دوور؟ کەواتە ئایە پێویستە خەمی نەوەکانی داهاتوو بخۆین؟ ئەمە بیرکردنەوەیەکی بەرزە، کە بە درێژی لە لایەن فەیلەسوف هانس یۆناسەوە[1] قسەی لەسەر کراوە، واتە: ئەرکی ئەخلاقی ئێمە بەرامبەر بەو کەسانەی کە هێشتا لەدایک نەبوون. بەڵام ئەم بابەتانە تەنیا کەمینەیەکی کەم لە کەسانی زۆر بەڕێز پەلکێش دەکات. بۆ زۆربەی خەڵکی ئاسایی، ئەوەی لە ساڵی ٢١٠٠دا ڕوو دەدات، شتێک نییە کە زۆر جێگەی سەرنجی ئەوان بێت.

6. تا ساڵی ٢٠٥٠ کاربۆن هاوکێش دەبیت[2].

ئەم بەڵێنەی یەکێتیی ئەوروپا و حکوومەتە جیاوازەکانی ئەوروپا و شوێنەکانی دیکە، نەک تەنیا نیوە ڕاستی نییە، تەنانەت نیازپاکییەکی سادەش نییە بەڵکوو پەردەپۆشییەکی بێگەرد و سادەیە. لەبەر دوو هۆکار:

لە بریی ئەوەی ئێستا، دەستبەجێ، پابەند بین بەو گۆڕانکارییە بەپەلەیانەی کە کۆمەڵگەی زانستی ([3]IPCC) داوای دەکات بۆ ٣ بۆ ٤ ساڵی داهاتوو، حکوومەتەکانمان بەڵێنی سەرسوڕهێنەر دەدەن بۆ ساڵی ٢٠٥٠ کە وەکوو دیارە بۆ گۆڕانکاری زۆر درەنگە بووە. جگە لەوەش، لەگەڵ گۆڕانی حکوومەتەکان هەر ٤ یان ٥ ساڵ جارێک، چ گەرەنتییەک هەیە بۆ ئەم بەڵێنە خەیاڵیانە لە ٣٠ ساڵی داهاتوو؟ پاساودانی بێکردەوەیی ئەمڕۆکەمان بە بەڵێنە ناڕوونەکانمان بۆ داهاتوویەکی دوور ڕێگەیەکی باش نییە.

جگە لەوەش “هاوکێشی کاربۆن” بە مانای کەمبوونەوەی توندی دەردانی گازی ژەهراوی نییە، تا ڕادەیەکی زۆر بە پێچەوانەوەیەتی! “هاوکێشی کاربۆن” حیساباتێکی چەواشەکارانەیە کە لەسەر بنەمای پارسەنگ، “میکانیزمەکانی قەرەبووکردنەوە” دامەزراوە؛ کۆمپانیای XY بەردەوامە لە دەردانی CO2، بەڵام دارستانێک لە ئەندەنوسیا دەچێنێت، کە بڕیارە هاوتای ئەم CO2 هەڵبمژێت – هەڵبەت ئەگەر ئاگر نەگرێت. ڕێکخراوە ناحکوومییە ئیکۆلۆژییەکان پێشتر بەس مەسەلەی پارسەنگیان ئیدانە کردووە و منیش چی تر لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام نابم[4]. بەڵام ئەمە ئەو پەردەپۆشییە بە تەواوی نیشان دەدات کە لە بەڵێنی “هاوکێش بوونی کاربۆن”دا هاتووە.

7.بانکەکانمان (یان کۆمپانیای نەوت و هتد) پارەی وزەی تازەوەبوو دەدات و بەم شێوەیە بەشداری لە گواستنەوەی ئیکۆلۆژیدا دەکات.

ئەم شتە باوە واتە سەوزشۆری[5] فێڵ و ساختەکارییە. بێگومان بانکەکان و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان وەبەرهێنان لە وزەی تازەوەبووەوەشدا دەکەن، بەڵام لێکۆڵینەوە وردەکانی ATTAC [6] و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی دیکە دەریانخستووە کە ئەمە بەشێکی بچووکە–  هەندێک جار زۆر بچووک – لە کارە داراییەکانیان چونکە بەشێکی زۆری داراییەکانیان بەردەوامە لە سەرمایەدانان لە نەوت، خەڵوز، گاز. پرسەکە بە سادەیی قازانجکردن و کێبڕکێیە بۆ پشکی بازاڕ.

هەموو حکوومەتە “عەقڵانییەکان” بە پێچەوانەی ترەمپ، بۆلسۆنارۆ و هاوکارانی، سوێند دەخۆن، بە هەموو ئاوازێک، کە پابەندن بە گواستنەوەی ئیکۆلۆژی و وزە نوێبووەکان. بەڵام هەر کە کێشەیەک لە دابینکردنی وزەیەکی بەردینیدا دروست دەبێت وەکوو گاز لەم دواییانەدا، بە هۆی سیاسەتی شەڕانگێزی ڕووسیاوە یەکسەر پەنا دەبەنە بەر خەڵوز، وێستگەکانی کارەبای لیگنایت (خەڵووزی قاوەیی) چالاک دەکەنەوە، یان  لە بنەماڵەی شاهانەی (خوێناوی) سعودیە دەپاڕێنەوە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

وتارە جوانەکان سەبارەت بە “گواستنەوەی ئیکۆلۆژی” ڕاستییەکی ناخۆش دەشارنەوە: تەنیا پەرەپێدانی وزە نوێبووەکان بەس نییە. یەکەم ئەوەی کە وزە نوێبووەکان وەرزین: خۆر هەمیشە لە باکووری ئەوروپا نادرەوشێتەوە… بێگومان پێشکەوتنی تەکنیکی لەم بوارەدا هەیە، بەڵام ناتوانێت هەموو شتێک چارەسەر بکات. لە سەرووی هەمووشیانەوە، وزەی نوێبووەوە پێویستی بە سەرچاوە کانگاییەکان هەیە کە ئەگەری تەواوبوونی هەیە. ئەگەر با و خۆر بێسنوور بن، ئەم بێسنوورییە بە هیچ شێوەیەک ئەو ماددانە ناگرێتەوە کە پێویستن بۆ بەکارهێنانیان (وەکوو لیتیۆم، خاکە دەگمەنەکان و هتد). بۆیە پێویستە ڕەچاوی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی جیهانی بکرێت، و کەمبوونەوەیەک کە هەڵبەت هەڵبژێردراو: بژاردەیەک کە هەڵبژاردنی لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا خەیاڵنەکراو.

8. بە هۆی تەکنیکەکانی گرتن و جیاکردنەوەی کاربۆن، خۆمان لە کارەساتی کەشوهەوا بەدوور دەگرین.

ئەمە ئارگومێنتێکە کە زیاتر لە لایەن حکوومەتەکانەوە بەکار دەهێنرێت، تەنانەت دەتوانرێت لە هەندێک بەڵگەنامەی جددیدا بدۆزرێتەوە (بۆ نموونە IPCC). ئەم دروشمە وەهمی چارەسەرێکی موعجیزەیی تەکنەلۆژییە، کە کەشوهەوا ڕزگار دەکات، بەبێ ئەوەی پێویست بکات هیچ شتێک لە شێوازی بەرهەمهێنانی (سەرمایەداری) و شێوەژیانی ئێمە بگۆڕدرێت.

بەداخەوە، ڕاستییە دڵتەزێنەکە ئەوەیە کە ئەم تەکنیکە موعجیزەئامێزانەی گرتن و جیاکردنەوەی کاربۆنی بەرگەهەوا زۆر دوورن لە واقیع. بە دڵنیاییەوە چەند هەوڵێک دراوە، چەند پرۆژەیەک لێرە و لەوێ بەڕێوە دەچن، بەڵام بۆ ئێستا ناتوانین بڵێین ئەم تەکنەلۆژیایە کاریگەرە و کار دەکات. ئەم تەکنەلۆژیایە هێشتا کێشەکانی گرتن یان جیاکردنەوەی کاربۆنی چارەسەر نەکردووە (لە ناوچە ژێرزەمینییەکان کە دژە دزەکردنە) و هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە لە داهاتوودا بتوانێت ئەم کارە بکات.

9. بە هۆی ئۆتۆمبێلی کارەباییەوە، دەردانی گازی گەرمخانەیی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکەینەوە.

ئەمەش نموونەیەکی دیکەیە لە نیوە ڕاستی: ڕاستە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کەمتر لە ئۆتۆمبێلە گەرمییەکان (بەنزین یان گازۆیل) هەوا پیس دەکەن و لەم ڕووەوە کەمتر زیان بە تەندروستیی دانیشتوانی شارەکان دەگەیەنن. بەڵام لە تێڕوانینی گۆڕانی کەشوهەوا پێشینەکەیان زۆر ناتەبایە. کەمتر CO2دەردەکەن، بەڵام بەشدارن لە دۆخێکی کارەساتبار واتە بەکارهێنانی کارەبای زیادتر. لەگەڵ ئەوەشدا، لە زۆربەی وڵاتان، کارەبا بە سووتەمەنی بەردینی (خەڵوز یان نەوت) بەرهەم دەهێنرێت. هەر بۆیە کەمبوونەوەی دەردانی گازی ژەهراوی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بە هۆی زیادبوونی دەردانی گازی ژەهراوی کە لە ئەنجامی زیاتر بەکارهێنانی کارەباوە دروست دەبێت، “قەرەبوو دەکرێتەوە”. لە فەرەنسا کارەبا بە وزەی ئەتۆمی بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش ڕێگایەکی ترە کە کۆتاییەکەی بنبەستە. لە بەرازیل بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئەستۆی بەنداوە گەورەکانە کە بۆ دروستکردنی دارستانەکان لەناو دەبەن و بەو هۆیەوە بەرپرسن لە خراپی هاوسەنگیی کاربۆن.

ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی کەم بکەینەوە، ناتوانین خۆمان لە کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەدوور بگرین، ئەمەش بە هۆی پێشخستنی ئامرازە بەدیلەکانی گواستنەوەی وەکوو هاتوچۆی گشتیی ئازاد، ناوچەی پیاسە، ڕێڕەوی پاسکیل، دەکرێت. ئۆتۆمبێلی کارەبایی ئەو وەهمە دەپارێزێت کە دەتوانین وەک پێشوو بەردەوام بین، بە یارمەتیوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا.

 10.لە ڕێگەی میکانیزمەکانی بازاڕەوە، وەکوو باجی کاربۆن، یان بازاڕەکانی مافی دەردانی گازی ژەهراوی، یان بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی بەردینی، دەتوانین سەرکەوتوو بین لە کەمکردنەوەی دەردانی CO2.

لەنێو ژینگەپارێزە دڵسۆزەکاندا ئەمە وەهمێکە؛ لە دەمی حکوومەتەکاندا، هێشتا شتێکە بۆ پەردەپۆشکردن. میکانیزمەکانی بازاڕ ناکارایی خۆیان لە کەمکردنەوەی گازە گەرمخانەییەکان سەلماندووە. ئەم میکانیزمانە نەک تەنیا ڕێوشوێنی دژە کۆمەڵایەتین کە وا لە چینی کرێکار دەکەن باجی “گواستنەوەی ئیکۆلۆژی” بدەن، بەڵکوو لە سەرووی هەمووشیانەوە بێتوانان لە بەشدارییەکی بەرچاو بۆ سنووردارکردنی دەردانی گازی ژەهراوی. شکستی سەرنجڕاکێشی “بازاڕەکانی کاربۆن” کە لە لایەن ڕێککەوتننامەکانی کیۆتۆوە (kyoto) دامەزراون، باشترین نیشاندانی ئەمەیە.

ناتوانین لەسەر بنەمای لۆژیکی بازاڕی سەرمایەداری، بە ڕێوشوێنی “ناڕاستەوخۆ” یان “هاندەر”، هەیمەنەی زاڵی سووتەمەنییە بەردینییەکان کە دوو سەدە بەردەوامییان داوە بەم سیستەمە، بوەستێنین. بۆ دەستپێک، پێویستە قۆرخکارییەکانی خاوەندارێتیی وزەی سەرمایەداری هەڵبوەشێتەوە بۆ دروستکردنی خزمەتگوزاریی وزەی گشتی، کە ئامانجی کەمکردنەوەی بەرچاوی بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینییە.

11. گۆڕانی کەشوهەوا حەتمییە، تەنیا دەتوانین خۆمان لەگەڵیدا بگونجێنین.

ئەم جۆرە جەختکردنەوە چارەنووسخوازییە دەتوانرێت لە میدیا و لەنێو “سەرکردە” سیاسییەکاندا بدۆزرێتەوە. بۆ نموونە، بەڕێز کریستۆف بێچو، وەزیری گواستنەوەی ئیکۆلۆژی لە حکوومەتی نوێی ماکرۆن لە فەرەنسا، لەم دواییانەدا ڕایگەیاند:

“بەو پێیەی ناتوانین ڕێگری لە گەرمبوونی جیهان بکەین، هەر چەندە هەوڵیش بدەین، ئەوە پێویستە لە سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی سەرکەوتوو بین و هاوکات خۆمانی لەگەڵیدا بگونجێنین.”

ئەمە ڕێچکەیەکی نایاب و باشە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بێکردەوەیی و بێجووڵەیی و وازهێنان لە هەر “هەوڵێک” بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین بارودۆخ. بەڵام زانایانی IPCC بە جوانی ڕوونیان کردەوە کە هەر چەندە  گەرمبوونی هەوا پێشتر دەستی پێ کردووە، بەڵام هێشتا دەتوانرێت دوور بکەوینەوە لە تێپەڕاندنی هێڵی سووری 1.5 پلە – بە مەرجێک دەستبەجێ بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی CO2کەم بکەینەوە.

بێگومان دەبێت هەوڵی خۆگونجاندن بدەین. بەڵام ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا شتێک بێت کۆنترۆڵ نەکرێت و خێراتربێت، “خۆگونجاندن” تەنها فێڵێکە. چۆن دەتوانین خۆمان لەگەڵ پلەی گەرمی سەرووی 50 پلەی سەدی “بگونجێنین”؟

دەمانتوانی نموونەکان چەند هێندە بکەین. هەموو ئەمانە دەگەنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەگەر بمانەوێت خۆمان لە گۆڕانی کەشوهەوا بەدوور بگرین، دەبێت سیستەمەکە واتە سەرمایەداری بگۆڕین و فۆرمێکی تری بەرهەمهێنان و بەکاربردن لە شوێنی دابنێین. ئەمەیە کە ئێمە بەو سیستەمە تازەیە دەڵێین ئیکۆسۆسیالیزم[7]. بەڵام ئەمە بابەتی نووسینێکی ترە…


[1] Hans Jonas

[2]بە مانای هاوسەنگکردنی دەردانی کاربۆن دی ئۆکسید لەگەڵ ژینگەی چواردەور دێت Cabon Neutral

[3] The Intergovernmental Panel on Climate Change (IPCC)

[4] بۆ زانیاری زیادتر:

Green Gone Wrong, dispatches from the front line of eco-capitalism

[5] پێدانی زانیاریی ناڕاست لەسەر کاریگەرییە ژینگەییەکانی چالاکیی ئابووری و بەرهەمی کۆمپانیاکان.

[6] Association for the Taxation of Financial Transactions and Aid to Citizens

[7] Ecosocialism

هاوشێوە