رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

سۆرن کیرکەگۆ و تاکگەرایی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: دۆگڵاس ژیل

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

سۆرن کیرکەگۆ، فەیلەسووفی دانیمارکی، دژ بەو بیروبۆچوونانە بوو کە لەو سەردەمەدا باڵادەست بوو و دەیگوت خەڵک هیچ نییە جگە لە بەشێک لە پڕۆسەی مێژوو. کیرکەگۆ هەموو ئەو شتانەی ڕەت کردەوە، بەتایبەت سیستەمی فەلسەفیی هیگڵ. لە سیستەمی هیگڵیزمدا مرۆڤەکان هیچ نین جگە لە گەشە و پڕۆسەیەکی مێژوویی – ئایدیایەک کە دواتر مارکس سوودی لێ وەرگرت. پرسی ‘بوون’ جەوهەری فەلسەفەی کیرکەگۆرە. ئەو بەپیچەوانەی زۆرێک لە فەیلەسووفەکان هەوڵی دەدا بەشێوەیەکی نائەکادیمی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک ببەستێت و ڕێنوێنییان بکات بیر لە بوونی خۆیان بکەنەوە و ڕێڕەوی بوونیان بگۆڕن.

ئێمە بوونگەلێکین کە دەبێت هەڵبژێرین و کردارمان هەبێت

کلیلی سەرەکیی فەلسەفەی کیرکەگۆ بریتییە لە پێگەی تاک. کیرکەگۆ هەندێک بەها و گرنگیی لە فەلسەفەی هیگڵدا دەبینی، بەڵام ئەو فەلسەفەکەی هیگڵی لە ئاستی هۆشیاریی نەتەوەییەوە هێنایە سەر ئاستی تاک. ئێمە زۆرێک لە میراتی سیستەمی بەهای کۆمەڵایەتیمان بۆ ماوەتەوە لەناو ئەو کۆمەڵگایەی تیایدا لەدایک بووین، بەڵام بەپێچەوانەی هیگڵییەکانەوە، کیرکەگۆ دەیگوت ئێمە ئازادین لەوەی ئەم سیستەمە قبووڵ بکەین یاخود ڕەتی بکەینەوە. لەوەش زیاتر، ئێمە هەموو کاتێک ئازادین لەوەی هەڵبژاردە ئەخلاقییەکانمان هەڵبژێرین. بەواتایەکی تر پێویست ناکات تاک خۆی لەگەڵ کۆمەڵگا و ئەو شتانەی پێی گوتراوە بگونجێنێت. ئەم بابەتە بەنیسبەت کیرکەگۆوە گرنگییەکی تایبەتیی هەبوو، چونکە بەبڕوای ئەو بڕیاردان و هەڵبژاردن ئێمە دەکەن بەو کەسەی کە هەین.

کیرکەگۆ مرۆڤی وەک بوونێک دەبینی کە لە سرووشتی خۆی نامۆ بووە. ئەو لە کاتێکدا گەیشت بەم دەرئەنجامە، واتا ساڵانی ١٨٤٠، کە هاوکات کارڵ مارکسیش گەیشت بووە ئەنجامێکی هاوشێوە سەبارەت بە نامۆبوونی مرۆڤ[1]. هەروەها هاوشێوەی مارکس، کیرکەگۆ ئامانجی فەلسەفەی بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها ئامانجی ژیان بەتایبەتی، بە گۆڕین و باشترکردنی جیهانی دەزانی. لەدوای ئەمە لێکچوونی نێوان کیرکەگۆ و مارکس کۆتایی دێت. مارکس ئابووریی وەک هێز و پاڵنەری مێژوو دەبینی و بەشێوەیەکی فراوانیش نکۆڵیی لە ئیرادە و ویستی ئازادیی مرۆڤ دەکرد. بەڵام بەپێچەوانەوە کیرکەگۆ هەڵبژاردنی مرۆڤی وەک هێز و پاڵنەری مێژوو دەبینی لە سەروو هەمووشیەوە ئیرادەی ئازاد پاڵنەری هەموو شتەکانە. بە بڕوای مارکس سەرمایەداری هۆکاری نامۆیی مرۆڤە، بەڵام کیرکەگۆ دەیگوت هۆکاری ڕاستەقینەی نامۆیی خودی خۆمانین.

هەروەک کانت و هیگڵ، خەمی سەرەکیی کیرکەگۆ بریتی بوو لە چەمکی ئازادی، بەڵام ئەو دژ بەو جۆرە ئازادییە بەتاڵە بوو کە فەیلەسووفەکانی پێشوو  قسەیان لەبارەوە دەکرد. زیاتر فیختە و شیلینگ لە چەمکی ئازادی و گوزارشتی کەسی لە کیرکەگۆوە نزیک بوون. بەڵام کیرکەگۆ ئەوەی بۆ دەرکەوتبوو کە ئازادی لە گوزارشتکردن زیاترە. ئازادی بریتییە لە بوون. ڕەنگە خوێنەر بپرسێت مەبەستی کیرکەگۆ لە بوون چییە؟ بە بڕوای کیرکەگۆ بوون واتا تۆ ئازادیی هەڵبژاردنت هەیە بەوەی ببیت بە کێ. لە کتێبی “چەمکی ئایرۆنی”ـدا کیرکەگۆ باسی سۆکرات دەکات کە شێوازێکی ئایرۆنی بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی خەڵک بیر لە باوەڕەکانی خۆیان بکەنەوە، ئەویش لەڕێگەی ئەو پرسیارانەی سۆکرات ئاڕاستەی دەکردن، بەم شێوەیە ئەمە دەبووە هۆیەک کە ئەوان بۆ خۆیان بیربکەنەوە و بەرپرسیارێتیی تاکێتی خۆیان سەبارەت بە مەعریفە و بەها بگرنە ئەستۆ.

هیگڵ ئەقڵی تاکی مرۆڤی خستبووە ناو ئەقڵی ڕەهای ڕوحی ڕەها  Geist. لە سیستەمی فەلسەفیی هیگڵیدا، پێویستە ئێمە بەشێوەیەکی چالاکانە و ئەقڵیانە بیر لە پرسیارە فەلسەفییەکان بکەینەوە، بەڵام ئامانجی تێڕامانە ڕەخنەگرانەکەمان بۆ ئەوەیە کە لە ئەقڵی گایست، کە پێکهاتەیەکی لۆجیکیی گەردوونیی هەیە، تێبگەین. کیرکەگۆ دژ بەم گێڕانەوە گشتگیرییە بوو کە بتوانین لە ڕێگەی لۆجیکەوە لە ئەقڵی گەردوونی و هەمووشتێک تێبگەین. ئەو لە سنووری مەعریفەی مرۆڤ تێگەیشتبوو و هەستی بەوە کردبوو کە ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەو واقیعە قبووڵ بکەین کە زۆر شت هەیە ئێمە ناتوانین لێی تێبگەین. هەروەها کیرکەگۆ هەمیشە جەخت لەسەر تاک دەکاتەوە، شتێک کە لە فەلسەفەی هیگڵیزمدا بوونی نەبوو.

کیرکەگۆ فەلسەفەی هیگڵیزمی وەک فەلسەفەیەکی بێسوود و نەزۆک ڕەت کردەوە و ڕووی کردەوە پرسە کۆنکرێتییەکانی ژیانی ڕاستەقینە کە پێویستە هەموو تاکێک ڕووبەڕووی ببێتەوە. بۆ کیرکەگۆ فەلسەفە دەربارەی ژیانە و دەبێت چۆن تاک تێیدا بژی. یەکێک لەو بەراوردکاریانەی کە ئەو سەبارەت بە گەڕان بەدوای مانای ژیان بە ڕێنمایی فەلسەفەی هیگڵ دەیهێنێتەوە ئەوەیە، وەک ئەوەی لە دانیمارک گەشت بکەیت و نەخشەیەکی بچووکی ئەورووپات لەبەردەستدا بێت کە دانیمارک لەو نەخشەیەدا تەنیا خاڵێکی بچووک بێت. بە واتایەکی تر، تێگەیشتن لە ژیان لە ڕێگەی فەلسەفەی هیگڵەوە مەحاڵە. هیچ سیستەمێکی ئەبستراکت، گرنگ نییە چەنێک لۆجیکی بێت، ناتوانێت ژیانی کۆنکرێتیی من بگرێتە خۆی. تەنیا خۆم دەتوانم.

لەناو هەموو ئەو سیستەم و نەریتانەی لە جیهاندا بوونیان هەیە، ئەوەمان لەیاد کردووە کە ئێمەی مرۆڤ پێویستە هەڵبژێرین و ئاکت بکەین. ژیانمان، رۆژ لە دوای ڕۆژ پڕ دەبێت لە گرێکوێرە و پێویستە ئێمە بڕیار بدەین. ئێمە هەوڵ دەدەین کاتێک بڕیار دەدەین، تووشی دڵەڕاوکێ دەبین ئەگەر بڕیارێکی هەڵە بدەین، هەڵبەت چەمکی دڵەڕاوکێ یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی کیرکەگۆ و هەر بۆیە کتێبێکی تایبەتی بەم ناونیشانەوە هەیە “چەمکی دڵەڕاوکێ”. کیرکەگۆ لە کتێبی “یان ئەمە یان ئەوە Either/ Or” کە لە ساڵی (١٨٤٣) نووسیویەتی، دەڵێت ئەگەر هاوسەرگیری بکەیت، پەشیمان دەبێتەوە، ئەگەر هاوسەرگیری نەکەیت دیسان پەشیمان دەبیتەوە. ئەوەی ئەو مەبەستییەتی ئەوەیە لەناو هەموو بڕیارەکانماندا ئەگەریاتێک هەیە، ئەم ئەگەریاتە کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ هەستی پەشیمانی بوونی مرۆڤ داگیر دەکات.

زانینی ئۆبێکتیڤانە بەرامبەر زانینی سوبێکتیڤانە

بەدرێژایی مێژوو، فەیلەسووفەکان بڕوایان وا بووە کێشەی سەرەکیی ئێپیستیمۆلۆجی  بریتییە لەوەی چۆن لەسەروو تاکی سوبێکتیڤەوە حەقیقەتێکی ئۆبێکتیڤانە لە ئارادا بێت. بەڵام کیرکەگۆ هات و هەموو ئەمانەی سەراوژێر کرد، بەڵکوو پرسیارەکەی کرد بەوەی چۆن لە حەقیقەتی سوبێکتیڤەی خۆمان ئاگادار ببین. ئەو ئایدیایەکی ڕادیکاڵی خستەڕوو سەبارەت بە مەیلی سرووشتیمان کە دەمانەوێت لەناو ئۆبێکتیڤدا خۆمان بشارینەوە، ئەویش لەو پێناوەی خۆمان لە بڕیاردان بدزینەوە. بۆیە کیرکەگۆ جیاوازییەک لەنێوان کۆمەڵ و بوونێکی خود-ئاڕاستەکەر دەکات. چونکە بەلای کیرکەگۆوە تەنیا تاک دەتوانێت لەڕێگەی خۆیەوە پەی بە حەقیقەت ببات.

هەربۆیە ئەو زۆر بەڕوونی ئەوە ڕادەگەیەنێت کە حەقیقەت بریتییە لە سوبێکتیڤ، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەو ئەگەریی حەقیقەتی ئۆبێکتیڤی ڕەت دەکاتەوە، بەڵام هەر ڕاستی و فاکتێکی ئۆبێکتیڤانە ئەو کاتە ڕاستن کە لەلایەن تاکەوە خاوەندارێتیی بکرێت. وشەی “سوبێکتیڤ” واتا “شتێک کە پەیوەندیی بە سوبێکتێکەوە هەبێت” و زۆربەی کات فەیلەسووفەکان وشەی “سوبێکت” وەک ئاماژەدان بە بوونێکی مرۆیی کە خاوەنی درککردنە و دەتوانێت کارێک ئەنجام بدات، بەکاردەهێنن. کیرکەگۆ چەمکی سوبێکتیڤ بەم مانایە بەکار دەهێنێت – هەر شتێک کە پەیوەندی بە کەس یاخود سوبێکتەوە هەبێت. فاکتی ئۆبێکتیڤ ئەو کاتە دەبێتە بە حەقیقەت کاتێک پەیوەندیی بە کردار و بڕیاردانی کەسێکەوە هەبێت. بۆ نموونە “٢+٢=٤” فاکتێکی ئۆبێکتیڤانەیە، کەواتە ئەگەر هات و کەسێکت بینی و ئەم ڕاستییەی پێ بڵێیت، دەشێت بەم جۆرە وەڵامت بداتەوە: “جا چییە؟”. ڕەنگە زۆرێک لەم زانیارییە ئۆبێکتیڤانە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە تۆوە نەبێت، بۆ نموونە “چیزکا بودێژۆڤیز بەڕێوبەری هەرێمی باشووری بۆهیمیایە لە کۆماری چیک”، ڕاستییەکی ئۆبێکتیڤانەی لەم جۆرە واتا و مانایەکی تایبەتیی نییە بۆ تۆ.

کاتێک فاکت و ڕاستییەکان پەیوەندییەکان بە تۆوە دەبێت، ئەو کاتە ئەم ڕاستییانە گرنگی پەیدا دەکەن. دەبنە فاکتی سوبێکتیڤانە و بەشێک لە بوونی ئاگاییت. وەک جیاوازیی ئەوەی کەسێک بە تۆ بڵێت “خۆشم دەوێیت” و گوێت لە کەسێک بێت بە یەکێکی تر دەڵێت “خۆشم دەوێیت”. هەردووکی، سەرەڕای ئەوەی یەک دەربڕینیشن “خۆشم دەوێی”، بەڵام دوو فاکتی جیاواز و دوو ئەزموونی جیاوازن بەنیسبەت سوبێکتیڤەوە. کیرکەگۆ بڕوای وابوو ڕەنگە کەسێک سەبارەت بە ئەخلاقی ئۆبێکتیڤانە زانیاریی هەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی سوبێکتیڤانە تیایدا نەژی. بەهەمان شێوە ڕەنگە کەسێک هیچ باکگراوەندێکی ئەقڵانیی سەبارەت بە ئەخلاق و مۆڕاڵ نەبێت، بەڵام هاوکات کەسێکی دڵسۆز و خەمخۆر بێت. بەشێکی گەورەی فەلسەفەی کیرکەگۆ سەبارەت بەوەیە کە چۆن ئەو نەریتە گەورەیەی فەلسەفە کە جەختی لەسەر ئۆبێکتیڤەیە بگۆڕێت و دەستکاری بکات، لەبری ئەوە جەخت بکاتە سەر گرنگیی تاک.

سەرچاوە:

https://medium.com/inserting-philosophy/s%C3%B8ren-kierkegaard-and-the-first-explosion-of-individualism-5ef5e7bbbfb8


[1]  بۆ تێگەیشتنێکی باشتر سەبارەت بە چەمکی “نامۆیی” لە فەلسەفەی کارڵ مارکسدا، خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە یەکێک لە ڤیدیۆ وەرگێڕدراوەکانی ڕێکخراوی ئازادبوون:

هاوشێوە