رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

پاشماوەکان و کاریگەرى لەسەر ژینگە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نوسین: ئه‌وین قادری

زبڵ یان پاشماوە بریتیە لە کۆمەڵێک کەرەستە کە له‌ دوای بەکارهێنان سوودیان نەماوە و فڕێدەدرێن. پاشماوە دەتوانێت ڕەق، شل یان غاز بێت. پاشەڕۆ یەکێکە لە گرنگترین کێشەکان و یەکێکە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و بووەتە سەرەتاییترین کێشەی ژینگەیی هەسارەکە. گەورەترین گروپی پاشماوە پەیوەندی بە پاشماوەی شارەکانەوە هەیە.

پاشماوەی شارەوانی بەسەر دوو بەشدا دابەش دەکرێت: پاشماوەی وشک و پاشماوەی تەڕ، بەشێکی زۆری پاشماوەی شارەکان پاشماوەی تەڕه‌ وه‌کوو پاشماوه‌ی خوارده‌مه‌نییەکان. پاشماوەی وشکیش ئەو ماددانەیە کەشی نابنەوە و زیاتر بەسەر سێ گروپدا دابەش دەبن:

  • پاشماوەی بیناسازی: لەوانەش پاشماوەی بیناسازی و پاشماوەی بەجێماو لە دروستکردن یان ڕووخاندنی بیناکان.
  • پاشماوەی پیشەسازی: هەموو پاشماوەی چالاکییە پیشەسازی و کارگەکان، وێستگەکانی پاککردنەوە و هتد.
  • پاشماوەی مەترسیدار: ئەو پاشماوانەن کەدەبنە هۆی مردنی زیندەوەرە زیندووەکان یان زیانگەیاندن بەتەندروستی مرۆڤ و ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هەوکردنی جۆراوجۆر. هەروەها پاشماوەی نەخۆشخانەکان، کەدەتوانرێت لە نێو پاشماوە مەترسیدارەکاندا باس بکرێت.

ئەم پاشماوانە بۆ ژینگەى کوردستان بوون بەمەترسییەکى گەورە، بەپێی ئامارى وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار، ڕۆژانە لە هەرێمى کوردستان، حەوت هەزار و 500 تۆن زبڵ و خاشاک لەڕێگەی کۆمپانیاکان و تیمەکانی شارەوانییەوە کۆدەکرێتەوە، هەر تاکێک لە باشورى کوردستان، ڕۆژانە زیاتر لە یەک کیلۆ و دووسەد گرام پاشماوەى هەیە و ئەمەش چوار هێندەی ستانداردی جیهانییە، حکومەتى هەریمى کوردستان لەڕێگەى(٣١)کۆمپانیاوە کارى پاککردنەوەى شاروشارۆچکەکان ئەنجامدەدات، بۆئەم پرۆسەیەش مانگانە بڕى(١٠)ملیۆن دۆلار خەرج دەکات.

سەرۆکایەتى شارەوانی سلێمانیش لەڕێگەی (٥)كۆمپانیا و (١٦٠٠)ژینگەپارێز و (٥٥٠)ئامێری جۆراوجۆرەوە، ڕۆژانە نزیکەى (١٢٠٠ بۆ ١٣٠٠)تەن زبڵ و خاشاک کۆدەکاته‌وه،‌ ئەو پاشماوەى کۆدەکرێتەوە بۆ ناوچەى تانجەرۆ دەگوازرێتەوە، بەشێکى لەوناوچەیە فڕێ دەدرێت و دەکرێت بەژێر خۆڵەوە، ئەمەش دەبێتە هۆى پیسبوونى ڕەگەزە ژینگەییەکانى ئاو و هەوا و خاک، لە خاکدا بۆ ماوەیەکى درێژ دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆى پیسبوونى ئاوى ژێر زەوى و سەر زەوى بەتایبەت پیسبوونى ڕووبارى تانجەرۆ و دواتر ڕژانى بۆ ناو بەنداوى دەربەندیخان.

زۆر جار و بەتایبەت لە وەرزى هاوین، پاشماوەکان ئاگر دەگرن و دەسوتێن ئەمەش ڕەگەزى هەوا پیس دەکات و دەبێتەهۆی دەردانی گازە گەرمخانەییەکانی وەک co2 و گۆگرد و نایترۆجین، هەروەرها گۆڕانی کەش و هەوا و گەرمبوون، سووتانی زبڵ و خاشاک لە ڕووی تەندروستییەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ توشبوونی دانیشتوان بەنەخۆشیە مەترسیدارەکانی وەک: کۆلێرا، پەتا، نەخۆشی سییەکان و شێرپەنجە کەلە هەموویان مەترسیدارتر و بەربڵاوترە.

بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ و زیانی پاشماوه‌کان به ‌ژینگه‌ و ژیانی تاک و کۆمه‌ڵگا، له‌ وڵاته‌ پیشکه‌وتووه‌کان سوود لە پرۆسه‌ی ڕیسایکلین(دووبارە بەکارهێنانەوە)ى پاشماوەکان وەرگیراوە، کە پرۆسەیەکە تێیدا پێکهاتەی زبڵ و خاشاکەکان لە یەک جیادەکرێنەوە و دوبارە سودیان لێ وەردەگیرێتەوە، کە تێیدا هەندێک کەرەستەی فڕێدراو و بەکارهێنراو دەگۆڕدرێن بۆ هەمان ماددە یان کەرەستەی تر، بۆ ئەوەی دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، وەک پاشماوە و کەرەستەکانى: (شووشە، پلاستیک، کاغەز، پۆڵا، پاشماوەی کارەبایی).

ئەمەش کاریگەرییە زیان بەخشەکانی لەسەر ژینگە، بۆ سفر یان کەمترین کەم دەکاتەوە، ڕیسایکلکردنی کەرەستەی کۆن و بەکارهێنراو و گۆڕینی بۆ بەرهەمی دووبارە بەکارهێنراو ئەگەری پڕکردنەوەی زبڵدانەکان زۆر کەم دەکاتەوە و بەم شێوەیە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی زەوی و ئاو و هەوا، هەروەها یارمەتی دروستکردنی هەلی کار دەدات، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەش‌ پێویستی بەهێزی کار هەیه، لە نێوان هەموو چارەسەرەکاندا، ڕیسایکلکردن بەگرنگترین و کاریگەرترین ڕێگا دادەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی پاشماوەی شارەکان، ئەم کردارە جگە لە کۆنترۆڵکردنی پاشماوە، دەیانکاتە کەرەستەی نوێ و بەکارهێنراو.

هەموو پاشماوەکان ناتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە. بۆیە لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە ئاشنا بین بە پاشماوەی وشک و تەڕ کە دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە. لە نێوان جۆرەکانی پاشماوەی وشکدا دەتوانین ئاماژە بە هەموو جۆرەکانی دەفری پلاستیکی و یەکجار بەکارهێنراو، شووشە، ئاسن و کانزا، دار، قوماش، کارتۆن و هەموو جۆرە کاغەز و شانە و مۆبیلیاتێک بکەین. پاشماوەی تەڕ هەموو ماددە خۆراکییە سروشتیەکان دەگرێتەوە، لەوانە پێست و میوەی سەوزەواتەکان، پاشماوەی خۆراکە کوڵاوەکان، زەیتی چێشتلێنان، توێکڵی هێلکە، ئێسکی مریشک یان ماسی و هتد.

دوو سەبەتەی زبڵی جیاواز ده‌بێ له‌ هه‌موو ماڵه‌کان و ئۆفیسه‌کان و شوێن و ڕێکخراوه‌کان دابندرێت، یەکێکیان بۆ زبڵی وشک و یەکێکیان بۆ زبڵی تەڕ. پاشان پاشماوە وشک و تەڕەکە جیابکرێته‌وه‌ و بخرێتە ناو سەبەتەیەکی تایبەتەوە. لە کۆتاییدا دەبێ پاشماوەکان بگاته‌ ناوەندەکانی ڕیسایکلکردن.

قۆناغەکانی جیاکردنەوەی پاشماوە بریتین لە:

1.        جیاکردنەوەی پاشماوە لە سەرچاوە.

2.        کۆکردنەوەی پاشماوە و گواستنەوەی بۆ ناوەندەکانی ڕیسایکلکردن.

3.        جیاکردنەوەی پاشماوە لە یەکتر.

4.        شۆردن و پاککردنەوەی پیسبوون و پیسی لە زبڵ و خاشاک.

5.        گۆڕینی دۆخ و شێوەی پاشماوە و پێکهاتەکانی لە کارگەی ڕیسایکلکردندا.

6.        بەکارهێنانی کەرەستەی خاو ڕیسایکل کراو لە پیشەسازییەکان.

نیویۆرک، مەکسیکۆ سیتی و تۆکیۆ لە پلەی یەکەمی ئەو شارانەدان کە زۆرترین ڕێژەی پاشماوە بەرهەمدەهێنن و ساڵانە بە ڕێککەوت ٣٣ و ١٢ و ١١ ملیۆن تۆن پاشماوە بەرهەمدەهێنن.

بەڵام شاری نیویۆرک 28%ی پاشماوەکانی ڕیسایکل دەکات. لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە 12% بۆ هەردوو شاری مەکسیکۆ سیتی و تۆکیۆیە.

لەبەرامبەردا شاری بەرلین کە شارێکی پیشەسازییە لە دڵی ئەڵمانیای پێشکەوتوودا، نەک هەر پاشماوەی کەمتر بەرهەم دەهێنێت، بەڵکو بە 45% ڕیسایکلکردن، خۆی وەک یەکێک لە شارە دۆستەکانی ژینگە لە جیهاندا جێگیر کردووە. ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، زیاتر لە 50%ی پاشماوەکانی ڕیسایکل دەکات، هەروەها یەکێکە لە شارە سەرکەوتووەکانی جیهان لەڕووی کۆنترۆڵکردنی پاشماوەکانەوە.هەروەها پایتەختەکانی دیکەی جیهان بە پەرەپێدانی ڕیسایکلینگ و بەرهەمهێنانی کارەبا لە پاشماوەکان، هەوڵدەدەن ڕێبازی ئەوانی دیکە بگرنەبەر.

لە شارى سلێمانیش چەندین کارگەى بچوکى دووبارە بەکارهێنانەوەى پاشماوە هەن، کە پاشماوەکان دەکەنەوە بەکەرەستەى خاو و دەیانێرنەوە بۆ کارگەکانى دوبارە بەکارهێنانەوە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان. هەروەها کارگەیەکى گەورەى (چارەسەرکردنى پاشەڕۆى ڕەق)هەیە لە ناوچەى تانجەرۆ، تواناى چارەسەرى هەموو پاشماوە ئاساییەکانى ماڵ و شوێنە گشتییەکانى شارى سلێمانى هەیە، جگە لە پاشماوە پزیشکییەکان و پاشماوەى بیناسازى و ئاوەڕۆکان، کە ئەم پاشماوانەش کێشەیەکى ترن بۆ پیسبونى ژینگەى شارەکە.

بەهۆى هەندێک ڕێکارى کارگێڕى و یاسایى و جێ بەجێ نەکردنى تەواوى بڕگەکانى گرێبەستەکە لە نێوان کارگە و حکومەت، تەنها بەشێکى کەم لە پاشماوەکان بۆ کارگەکە دەگوازرێتەوە، کە پێویست بوو تەواوى پاشماوەکان بۆ ئەو کارگەیە بگوازرێتەوە و چارەسەر بکرێن و نەبن بەکێشە بۆ ژینگە و ژیانى مرۆڤ و زیندەوەران.

تا ئێستا لە شارى سلێمانى، بەشێوەیەکى نا دروستانە مامەڵە لەگەڵ زبڵ و خاشاکدا دەکرێت و شوێنی فڕێدانی پاشماوەکانیش پارێزراو نییە و زیانی هەیە بۆ ژینگە و تەندروستی هاوڵاتیان، بۆیە دەکرێت لە ڕێگەى چارەسەرکردنى کێشەى نێوان حکومەت و کارگەى(چارەسەرکردنى پاشماوەى ڕەق لە شارى سلێمانى)کێشەی زبڵ و خاشاکى ئاسایى چارەسەر بکرێت. هەروەها بۆ چارەسەرکردنى پاشماوە پزیشکییەکانیش، دەکرێت سود لە ئامێرى خاوێنکردنەوەى هەڵمى وەربگیرێت، و بۆ چارەسەرکردنى پاشماوەى بیناسازى و ئاوەڕۆکانیش پێویستە حکومەت هەرێمى کوردستان، بە خێرایى بێنە سەر خەت و چارەسەرى بکە، بۆ ئەوەى ژینگە بپارێزرێت لە پیسبون.

بەیێی ئه‌وه‌ی که‌ پاشماوه‌ لە هه‌رێمى کوردستان، به‌رده‌وام به‌ره‌و زیاد بوون دەچێ، پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان،‌ پڕۆگرامێکی تایبه‌ت دابنێ بۆ به‌کلتورکردنی که‌مکردنه‌وه‌ی پاشماوه‌کانى تاک، هەروەها پێویسته‌ میدیاکانیش ڕاسته‌وخۆ کاربکەن له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی ژینگه ‌و هاندانى هاوڵاتیان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ و جیاکردنه‌وه‌ی پاشماوه‌کان.

#پێکەوە_دەتوانین_ژینگە_و_ژیانمان_بپارێزین

#ژینگە_ژیانە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی(چاودێڕی و خستنەڕووی ڕەوشی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بنیادنانی تواناکان) کەمپینێکی میدیای پرۆژەکە، کۆمەڵێک کار بە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و ژینگە پارێزان و ناوەندەکانی راگەیاندن بەرهەم دەهێنیت، پارێزەری ژینگە (ئەوین قادری) ئەم وتارەی بۆ کەمپینەکە ئامادەکردووە.

ئەم پرۆژەیە، لەلایەن رێکخراوی پردێک بۆ- UPP جێبەجێ دەکرێت، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئازادبوون، بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی UNDP و پرۆژەی .“HIWAR”,

هاوشێوە