رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

وابی سابی؛ هەر ژیان، بەس کەمێک سادەتر..!

Facebook
Twitter
LinkedIn


نووسین: جەواد خەلیل


ئەم دونیا نوێیەی ئێستا بەردەستە، هەموو ئەو پێشکەوتنە مەزنانەی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە دیوە، دەرئەنجامی هەموو ئەو هەوڵ و تەقەلایانەیە کە مرۆڤ بۆ باشتربوونی گوزەرانی خۆی؛ لە پێناوی ئاسانکاریکردنی زیاتر و گەیشتن بە بەرزترین  ئاستی گەشەی ژیارییانە و بە ئامانجی پیشاندانی ئەوپەڕی کەماڵییەتی وجودیانەی خۆی؛ داویەتی. کامڵبوون و لوتکەبوون کە خواستی هەرە لە مێژینەی مرۆڤە، پاڵنەری زۆرێک لە جووڵە و کردە لەبننەهاتووەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتیە، بەڵام ئایا مرۆڤ توانیویەتی لە هیچ قۆناغێکی ژیارییانەی خۆیدا بگاتە ئەو کامڵبوونەی کە خوازیاری بووە و داواکارێتی؟ لەو سۆنگەیەوە کە مرۆڤ خاوەنی بێ ئەندازە خەون و ئیمکانیاتی جۆراوجۆرە، خاوەنی ویست و هەوڵ و ئامانجی زۆر و زەبەندە، گەیشتن بە پلەی کەماڵ زیاتر وەک خەونێکی مەحاڵ دەبینرێت و لێکدەدرێتەوە. ئەی کە وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەندە ئاسان دێتە دەست، بۆچی مرۆڤ دەست لەو خولیا لەمێژینەیەی خۆی هەڵناگرێت؟! چونکە شتانێک کە کاردەکەنە سەر بیرکردنەوە و ڕەفتار و گوفتاری مرۆڤ و پەیوەستن بە ژینگەی کولتورییەوە، ئەوەندە زاڵبوون و بە جۆرێک ڕیشەیان لە نێو کولتوری گشتیدا داکوتیوە، کە ئاسان نەبێت لە دەرەوەی ئەو کارکردە دەرەکیانە مرۆڤ بتوانێت پاکژتر و خۆییانەتر بیر بکاتەوە و هیچ هەنگاوێک بنێت. لە جیهانێکدا کە جیهانی بەراوردکارییە و ئەمڕۆی بە کێشانی دوێنێ پێ دەپێورێت و بۆ سبەیش چاتربوون لە ئەمڕۆ سەنگی مەحەکە، مرۆڤ ناچارە بەردەوام لە هەڵپەدا بێت بۆ جیاوازتر و نوێتر و هاوشانی خێراییەکەی بڕوات، تا ئێرە هیچ کێشەیەک نیە، لەوەوە ئیدی دەبێتە کێشە کە ئەم هەڵپەیە بۆ هێنانەگۆڕێی “جیاوازتر”  و “نوێتر” بکرێتە مۆدێکی گشتی و بە واتاگەلی دیکەی وەک “باشتر” ڕاڤە بکرێت و بناسێنرێت! مادامەکێ تۆ لەگەڵ ئەم جیاوازتر و نوێترەدای کەوایە تۆ باشترت هەڵبژاردووە و بوویتەتە خاوەنی باشترین، ئەمە کۆدی زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەم سەردەمەیە، کە لە ڕێیەوە پێشبڕکێی مۆد و کولتوری مۆدسازییان پەرە پێداوە.

جیاوازتر و نوێتر لەوانەیە هێندێک جار بەڕاستی باشتر بن، بەڵام ئەمە تەنها ڕێککەوتێکە نەک دەرکەوتەیەکی حەتمی، کەچی ئەم ڕێککەوتە لە لایەن زۆر بزاوت و ڕەوت و دەزگای قازانج ویستەوە دەقۆزرێتەوە و دەیکەنە ئامانج و ویستێکی گشتی لە پێناو مانەوە و بەهێزتربوونی خۆیاندا. ئەمڕۆ تۆ چەندە خاوەنی مۆبایلێکی باش، ئۆتۆمبیلێکی باش، خانوویەکی باش و جوان بیت، هێشتا له لایەن سیستەمەوە دەکرێیتە ئامانج و هان دەدرێیت بۆ گۆڕانکاری و دەستبەرداربوون لەوەی کە هەتە، ئەوان هەموو ئەو شتانەی کە هەتە لەبەرچاوت ناشرین و بێ بەها دەکەن تەنها لە پێناوی پڕفرۆشیی و قازانجی زیاتری خۆیاندا. با نموونەیەکی زۆر ساده، بەڵام گشتگیری نێو ئەم سیستەمە نوێیەی جیهان وەربگرین:

ئەپڵ ئایفۆن 14 دێنێتە بازاڕەوە، تۆ خاوەنی ئایفۆن 13یت و هیچ نوقستانیەکی وەها لە مۆبایلەکەتدا نیە کە ڕێگر بێت لەبەردەم پێداویستیەکانتدا و بەهۆیەوە سستی بکەوێتە نێو کارەکانتەوە، لە پڕدا هەموو شتێک دەگۆڕێت و هەمان ئەو کەسانەی پێشتر بە کڕینی ئەو ڤێرژنە ڕازیان کردبووی، دێنەوە لات و وات لێدەکەن هەرچی زووە دەستبەرداری ئایفۆن 13ەکەت بیت و بچیتە ڕیزی کڕیارانی ئایفۆن چواردەوە!1 ئایا ژیانی تۆ لەگەڵ ئایفۆن 13 دا چ کێشەیەکی هەبوو؟ یان تەنانەت گەر وەک من بیت و مۆبایلێکی زۆر ئاساییت پێ بێت چ کێشەیەک دەکەوێتە نێو ژیانتەوە؟ هیچ..! تۆ هەر خۆتیت و بگرە تەندروستتر و کەم کێشەتریت، بەڵام بازاڕکاریی و ئەو سیستەمەی لە پشتی  فرۆشی جیهانییەوە دەوەستێت وات لێدەکات هەست بکەیت تۆ دابڕاویت لە جیهان و پێشکەوتنە مەزنە تەکنەلۆژییەکانی و خاوەنی نوقستانییەکی گەورەی، هەر ئەوەندەی کە باشترین و نوێترینی نێو بازاڕەکەی ئەوت سەند، ئیدی تۆ سەر بە بەشە زیندووەکەی نێو ئەم جیهانەیت و دابڕاو نیت و لە کەماڵدایت، ئاەە… ئەمه چ شانازییەکە!

ئەم هەموو هێز و ڕەوتە جودایانەی کە لە پشتی جیهانی پارە پەیداکردنەوەن؛ کە خەریکی بە بازاڕکردنی خەون و خولیا لە مێژینەیەکانی ئێمەی مرۆڤن و ڕۆژ بە ڕۆژ ڤێرژنی تازەتری لێ بەرهەم دەهێنن، زۆر بە باشی ئەوە دەزانن کە هیچ کامڵبوونێکی تەواوەتی بوونی نیە و هەموو نوێترین و جیاوازترینێک کە دەیخەنە بەرچاوی ئێمە لە هەناویدا تۆوی دژ بە خۆی هەڵگرتووە، هەروەک چۆن دوا ڤێرژنەکانی مۆبایل و ئۆتۆمبیل و خانوو و ….هتد، لە خۆیاندا مۆدی دژیان هەڵگرتووە و یەکتری پێ لەبەرچاو دەخەن. لەگەڵ ئەوەشدا و سەرباری ئەو زانینەیان، ئەوەی ئەوان بە ئاشکرا و لە ڕێی ڕیکلامە یەک لە دوای یەکەکانی خۆیانەوە دەیدەن بە گوێی ئێمەدا و برەوی پێدەدەن، ناساندنی بەردەوامی ترۆپک و کامڵبوونەکانە، بەڵام “کامڵبوونێکی کاتی”، کامڵبوونێک تا ئەو ساتەی تۆوی دژەکان لە نێویدا چرۆ دەکەن و بۆ خۆیان دەبنە کامڵبوونێکی تازەتر! کاتێک جۆرێکی دیاریکراوی ئۆتۆمبیلێکی 2022 وەک نموونەیەکی بەرزی کامڵبوونی مۆدێکی دیاریکراو دەبێتە جێی پەسن و پیاهەڵدان، تەنها چەند مانگێکی کەمی دەوێ تا دژەکەی لە 2023 دا، پێ بەم کامڵبوونە کاتیەدا بنێت و بیکاتە نوقستانێکی بەجێماو!

لە نێو ئەم ژاوەژاوی ڕیکلام و فەوزا بازرگانیانەدا، مرۆڤانی بێ پارە یان خاوەن داهاتی دیاریکراو ڕوو لە کوێ بکەن و چۆن خۆیان لەو ئیغرائاتە سەرسوڕهێنەرانە ڕزگار بکەن کە ڕۆژانە  دەخرێتە بەرچاویان و بەگوێیاندا دەدرێت؟ ڕەنگە بە هەڵەدا نەچین گەر وا بیربکەینەوە یەکەمین دۆزەرەوانی وەڵامی ئەم پرسیارە بیریارە ژاپۆنیەکان بن، ژاپۆن به سروشتی خۆی کۆمەڵگەیەکی نەریتپارێز و داخراوە، ئەم داخران و نەریتپارێزییەی وەک چۆن لە هەندێک ڕووەوە زیانی پێگەیاندووە ئاوهایش لە زۆر جێدا بە هانای ژاپۆنیەکانەوە هاتووە و لە داڕمان پاراستوونی، به تایبەتتر داڕمانی کولتوریی. ژاپۆنیەکان هەرچەندە بە ڕووکەش سەر بە کولتورێکی داخراون، لێ ئەم کولتورە لە خۆیدا تۆوی نوێبوونەوە و پێشکەوتنی هەڵگرتووە و زۆر بە ئاسانی بە سەر زۆر دیدگا و لایەنی زانستیدا زاڵبووە و کردوونی به بەشێک لە خۆی. بۆیە ئەم کولتورە لەیەککاتدا هەم مۆدێرنە و هەم کۆنەپارێز؛ هەم سەر بە جیهانی نوێیە و زانستخوازە و هەمیش سەر به تقوساتە کۆنەکانی بوزا و حیکمەتی دانا مەزنەکانی خۆرهەڵات. وابی سابی لە ناو کولتورێکی واوە سەرهەڵدەدات و سەر بەو فەلسەفە ژاپۆنیە دێرینەیە، کە لە سەدەی چواردەهەم و پانزەهەمی زایینی وەک پەرچەکردارێک لە هەمبەر ڕۆچوونی گەلی ژاپۆندا بە شتی گرانبەها و جوان و تازەبابەت و پشتکردنیان لە شتە کۆنەکانیان، سەریهەڵدا. دوای ئەوەی کە خواستی نوێگەری و بووژانەوە دێتە گۆڕێ و ژاپۆن دێتە نێو جیهانی تازەوە، زەوقی باڵای ژاپۆنیی ناهێڵێت کولتوری باو بکەوێتە داوی مەسرەفگەرایی و مۆدسازیی خۆرئاواییەوە و وابی سابی لە پێشدا قووت دەکاتەوە. وابی سابی ڕێبازێکی جیاوازی ژیانکردن و فەلسەفەی جوانیناسی ژاپۆنیەکانە، کە بە تەواوی دژ بە جوانیناسی دونیای سەرمایەدارییە و تێڕوانینی بۆ جوانیی شتێک بەستراوە بە یادەوەریمان لەگەڵ ئەو شتەدا و سوودە تایبەتی و سروشتیەکانی شتەکە، وابی سابی قبوڵکردنی شتەکانە وەکو ئەوەی کە هەن و دۆزینەوەی جوانیە لە ناکامڵبووندا، ئەمەش لە تەواوی بوارەکاندا گشتێنراوە و بە تەواوی بووە بە بەشێکی مەزن لە تێڕوانینی ژاپۆنیەکان بۆ جوانیی و ناشرینیەکانی نێو ژیان. وابی سابی سێ بنەمای زۆر گرنگی هەن، ئەوانیش:

1. هیچ شتێک بەردەوام نابێت و تاهەتایە نامێنێتەوە.

2. هەموو شتێک لە دۆخی گۆڕانێکی بەردەوامدایە.

3. هیچ شتێک کامڵ و نموونەیی بوونی نیە و کەم و کورتی لە هەموو شتێکدا هەیە.

وابی سابی دژ بەو ڕەوتە بیرکردنەوەیەیە کە ژیان لە مرۆڤ ئاڵۆز دەکات و دەبێتە هۆی سترێس و پەشێۆی زۆری دەروونیی، کە لەمڕۆی جیهاندا مرۆڤایەتی بەدەستیەوە دەناڵێنێت.2 ئەم شوێنکەوتنەی کەماڵە وای لە هەندێکمان  کردووە ڕووبکەینە سەنتەرەکانی جوانکاریی و بە ڕوخساری سروشتیانەی خۆمان ڕازی نەبین و نەشتەرگەری ئەنجام بدەین، نەشتەرگەری لە پێناوی چیدا؟ بۆ ئەوەی ئەوانی دی کە وەک ئێمە قوربانی دەستی جوانینناسی سەردەمن و فریوی بانگەشە بازرگانیەکانیان خواردووە، ئێمەبە جوان و بێ کێشە ببینن! وابی سابی دژ بەم جوانیە دەستکردانە دەوەستێتەوە و دەیەوێت ڕوخسار و جەستەی خۆتت وەک ئەوەی هەیە قبوڵ بکەیت و بە دووی ئەو جوانیانەدا بگەڕێیت کە لە خۆتدا هەن نەک هاوردەکراوی سەنتەرە جوانکارییەکان. دەزانم تۆ لە دۆخێکدا دەژیت کە هەموو چرکەیەک خراویتەتە ژێر هەژموونی ڕیکلامەوە، ئەو ڕیکلامەی کە ئیشی بێ بەهاکردنی شتە بەسوود و ڕاستەقینەکان و بەهادانانە بۆ شتانێک کە سوودێکی ئەوتۆت پێناگەیەنن، ئەمەش کردووتی بە قوربانیەکی نێو ئەم سیستەمە. لە ماڵەوەی خۆتدا دانیشتوویت و قەنەفەکەی ژێرت هیچ کێشەیەکی نیە، نەرم و پتەو و جوان، ڕیکلام دێتە سەر شاشە و ئەکتەرێک بە ڕێگای بازاڕکاریی خۆی ئەو قەنەفەیەی کە کەمێک لەوەو پێش تۆ به نەرم و پتەو و جوان دەهاتە بەرچاوت، لەبەرچاوتی دەخات و قەنەفەیەکی مۆدێرنتر و جوانترت پێ پیشان دەدات. وابی سابی لەمەدا دێتە هاناتەوە و ناهێڵێت ڕیکلامەکە بەهای قەنەفەکەی خۆتت لە بیر بباتەوە و فریوت بدات، ئەو پێت دەڵێت کە قەنەفەکەی خۆت زۆر لەو قەنەفەیەی نێو ڕیکلامەکە باشتر و بەسوودترە، چونکە ئەو بە حوکمی مانەوەی زیاتری لەگەڵت، بۆتە بەشێک لە یادەوەری ڕۆژانەی تۆ و تا ئێستاش خزمەتت دەکات. ئەوەی وابی سابی دەیکات ڕۆح کردنە بە بەری شتە کۆنەکانماندا، ئەو شتانەی کە هێشتاش بە کەڵک دێن و جوانن، بەڵام مەسرەفگەرایی نوێ دەیەوێت فڕێی بدەین و نوێترێک بخەینە جێگەی!

وابی سابی چونکە دەزانێت کامڵبوون لە هیچ شتێکدا نیە، هانت دەدات تەنانەت لە کارکردنیشدا خاوی ڕەچاو بکەیت، بەڵام خاوییەکی بەسوود و چالاک و ئەنجامدانی کارەکەت بە شێوەیەکی شایستە، نەک هەڵپەی زۆر و خێرایی لە ڕادەبەدەر و ئەنجامێکی خراپ3، کە هەر خودی ئەم تێڕوانینەشە تەواوی سیستەمی بازرگانیی ژاپۆنی لە سەر بنیاتنراوە و لە دروستکردن و وەبەرهێناندا پێچەوانەی چینیەکان وەستاوەتەوە، خاوی بەڵام باشبوون! چونکە وابی سابی دەزانێت لە خێراییدا ئەوەی بزر دەبێت قووڵبوونەوە و گرنگیدانە بە هەموو بەشەکانی کار. لە بواری ژیانی تایبەتیشدا وابی سابی داوا لە مرۆڤ دەدات لەو هەڵپەکردن و ڕاکەڕاک و خێراییەی جیهانی نوێ خۆی دەرباز بکات و بڕێک ڕیتمی ژیانی خاو بکاتەوە، ڕۆژانە چەند خوولەکێک بداتە خۆی و بچێتە نێو سروشتەوە، سترێس و نیگەرانیە زۆرەکانی ژیان لە خۆی دابماڵێت4، کتێب بخاتە جێی ئینتەرنێت و چێژ لەو پرۆسێسی بیرکردنەوە خاوە وەربگرێت کە لە ڕێی خوێندنەوەوە پێی دەگات.

ئەمڕۆ لە جیهاندا ڕۆژانە گۆڕانکاری گەورە لە دیکۆراتی ناو ماڵدا ڕوودەدات و بە بەردەوامی کۆمپانیاکان هەوڵی پێشکەشکردنی نوێترین دیزاین و دیکۆراتی جیاواز دەدەن و لە پێشبڕکێیەکی گەورەدان، بۆ ئەوەی لەمەشدا سەرکەوتووبن، دەبێت بە هەموویانەوە بەربنە گیانی خەڵکی و هانیان بدەن دەستبەرداری دیکۆرە کۆنەکانیان بن. وابی سابی لەمە ئاگادارمان دەکاتەوە و بڕوای وایە هەموو ئەوەی کە هەیە بۆ ئەوەی بوەستێنرێت و مرۆڤ نەبێتە نێچیری کۆمپانیا زەبەلاحەکان، پێویستە پارێزگاری لە دیدگای تایبەتی و جوانبینی و چێژبینی سروشتیانەی خۆی بکات و ئەوەمان بەلاوە ئاسایی بێت کە بەشێکی خانووەکەمان، یان ژوورێک لە ژوورەکانمان تەبا نەبێت لەگەڵ دیکۆراتی نوێدا، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە وابی سابی دژ بە دیکۆرات و جوانکردن و ڕازاندنەوەی ماڵ بێت، نەخێر، بەڵکو وابی سابی یەکێک لە ئامانجەکانی گرنگیدانە بە دیکۆرات و جوانکاریی نێو ماڵ، بەڵام دیکۆرێک کە بنەماکەی لەسەر پێویستی دامەزرابێت نەک شوێنکەوتن و لاساییکردنەوە. بۆ ماڵێک کە منداڵی بچووک و جووڵەزۆریان هەبێت، نووسین لە سەر دیوار و خەتی لارولوێر بە دیواری ماڵدا، یەکێکە لە دیاردە هەرە باوەکان و شتێکی زۆر ئاسایی ژیانی ڕۆژانە، کەچیی بازاڕکاری نوێ بۆ برەودان بە کاڵاکانی خۆی و سەرفکردنیان لە ڕێی فیلم و  دراما و ڕیکلام و …هتدەوە هەوڵ دەدات ئەم دیاردە زۆر ئاساییه بکاتە دیاردەیەکی زۆر ناشرین و وا لەو ماڵە بکات کە بەردەوام خەریکی بۆیەکاریی و کاشی گۆڕین بن، تاکو ئەو خەتانە بشارنەوە! وابی سابی ئەم خەتانە بە شتێکی زۆر جوان و ئاسایی دەبینێت و فێرمان دەکات وەک دیکۆرێک لێی بڕوانین، کە بیرخەرەوەی ڕۆژانی مناڵی ئەندامانی خانەوادەکەمانە و واتای یەکەمین هەوڵەکانی فێربوون و چالاکیە مرۆییەکانێتی، وابی سابی ئەو خەتە لار و لوێرانە وەک تابلۆیەک دەبینێت کە خۆڕسکانە و سروشتیانە و بێ هیچ فێڵکردنێک خۆی بەرجەسته کردووە. وابی سابی لە نێو  کەم و کورتیەکاندا بە دووی جوانیدا دەگەڕێت و برەوی پێدەدات، لە ناو ژیانێکی تێکشکاوەوە هەوڵی هەستانەوە دەدات و لە ناو هەموو کۆنێکدا هەوڵی نوێبوونەوە دەدات، جل و بەرگە نەدڕاو و بەکارهێنراوەکانمان لا خۆشەویست دەکات و دژ بە گۆڕینی جل و بەرگە تەنها لە بەر مۆدبوونەکەی، وابی سابی مۆدێل ناناسێت، ئەو لەگەڵ سوودی شتەکاندا مامەڵە دەکات و تا بەکەڵک بێن بەکاریان دەهێنێت، چونکە بڕوای وایە هیچ شتێک بێ کەم و کوڕی نیە و شتەکان هەر دەبێت لەناوبچن بەڵام با لەناوچوونەکانیان پەیوەست بێت بە چێژی کەسیانەی خۆمانەوە، نەک کارکردە دەرە خۆییەکان و بەلاڕێدابردنەکانی ڕیکلام.

ئایا ئەمە زوهدێکی خۆرهەڵاتییانە نیە؟ ئەوەی کە وابی سابی لەگەڵ ڕازیبووندایە بەوەی کە هەیە و داوای قەناعەتمان لێ دەکات، لەوانەیە بڕوایەکی وا لای هەندێک دروست بکات کە بڵێن بەڵێ زوهدێکی خۆرهەڵاتیانەیە، لەمەشدا بڕێک ڕاستی هەیە و نامەوێت بەرپەرچی بدەمەوە، چونکە وابی سابی بۆ خۆی ڕیشەیەکی بوزییانەی هەیە و لە نێو دانایی بوزاوە، بە کەمێک قەناعەتی دینیەوە هاتۆتە بوون و زن مۆراتا کە بۆ خۆی پیاوێکی ئاینی بووە و لە نێوان ساڵانی (‪1423- 1502)ژیاوە، برەوپێدەری سەرەتای ئەم ڕێچکە فەلسەفیەیە. بەڵام زوهدی خۆرهەڵاتی جیاوازییەکی ڕیشەییانەی لەگەڵ وابی سابیدا هەیە و جگە لەو چەند خەسڵەتە کەمەی کە هەیە لە هیچ شتێکی تردا ناچێتەوە سەری، زوهدی خۆرهەڵاتی دوورکەوتنەوەیەکی تەواوەتیە لە دونیا و پشتکردنە لە جوانیەکانی نێوی، لە کاتێکدا وابی سابی بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەم پشتکردنەدا نیە لە دونیا و بە تەواوی لەگەڵ جوانبینی و تیاژیاندایە، لەگەڵ چێژوەرگرتنە لە شتە سادە و سەرەتاییەکانی نێو ژیانمان؛ خستنەڕووی ئەو ڕاستیەیه کە ژیان بەبێ ئەو شتانەشی کە بانگەشەی نوێتربوون دەکەن و ئامانجیان پارەکردنەوەیە لە مرۆڤ، هەر جوان و شایستە بە تیاژیانە. 

لە دونیایەکدا کە بەردەوام خێراییەکەی زیاد دەکات و چرکە بە چرکە شتی نوێتر دادەهێنرێت و مەسرەفگەرایی بۆتە نەریتێکی گشتی، گەڕانەوە بۆ ئەم فەلسەفە تایبەتیەی ژاپۆن و گەڕانەوە بۆ جۆرێک لە ڕازیبوون بەو شتانەی کە لە ژیانماندا هەن، دەتوانێت بڕێک خاویمان بۆ بگەڕێنێتەوە و وەک هێزێکی کاریگەر دژ بە خواستی زاڵی سەرمایەداری و دنەدانی بەردەوامی بازاڕکاری بوەستێتەوە. ئەو شێوە ژیانەی کە وابی سابی داوای دەکات، گرنگە گەر بە ڕێژەییش بێت لە ژیانی هەریەکێک لە ئێمەدا جێیەکی بۆ بکرێتەوە و وا بەو ئاسانیە نەهێڵین لە بۆتەی مۆدی نوێ و ڕیکلامە یەک لە دوای یەکەکانیدا بتوێینەوە. وابی سابی ملکەچ کردن نیە بۆ کولتورێکی کۆن و وابەستەبوون نیە بە نەریتی پێشینانەوە، بەڵکو ڕەخنەیەکی گەورە و جدیە لەو دونیا نوێیەی کە مۆدێل و پارە حوکمی تێدا دەکەن، ئەم ڕەخنەیە ڕەخنەیەکی گشتگیرە و پەیوەستە بە کۆی کایەکانی ژیانەوە، تا چیدی نەبینە قوربانی بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی سەرمایەداران و پارێزگاری لە ڕەسەنێتی و خۆیبوونی خۆمان بکەین، واتا دیتنی ئەو جوانیانەی کە لە دەوروبەرماندا هەن و بە هۆکاری جیا جیا و لە ژێر جەبری ڕیکلام و چاولێکەرییدا توانای دیتنیانمان لە دەستداوە. وابی سابی دەیەوێت چێژ لە شتە نوێ و جیاوازەکان وەربگرین و بژین، بەڵام ژیانێک کەمێک سادەتر لەوەی کە ئێستا هەیه و دوورخستنەوەی لەو هەراوزەنایەی بە زۆر ترنجێنراوەتە ناوی. چێژ وەرگرتن لەو جلانەی کە هەمانە و تا ئێستاش بە کەڵکی ئەوە دێن بپۆشرێن؛ چێژ وەرگرتن لەو نووسینانەی سەر دیواری ژوورەکانمان کە منداڵەکانمان نووسیویانن؛ چێژبینین لەو خواردنە سادەو ساکارانەی کە دروستکراوی ناندێنەکانی خۆمانن؛ چێژ بینین لەو مۆبایلەی کە تا ئێستاش بە دەستمانەوەیە و بێ کێشە کارەکانمان بۆ ڕایی دەکات؛ چێژ وەرگرتن لەو پەیوەندییە ئاساییانەی کە لەگەڵ هاوڕێ و دۆستە نزیکەکانماندا هەمانە و نەگەڕان بە دوای دۆست و هاوڕێیەکی بێ کەم و کوڕی و کامڵدا، …..هتد، هەموو ئەمانە وابی سابین و دەشێت بە وەرگرتنیان کەمێک لەو ڕاڕایی و نیگەرانیە دەستکردەی دونیای مۆدێرن بۆی دروستکردووین، قوتارمان بکات و لەگەڵیشیدا دەستبەرداری ئاڵۆزکاندنی زۆرەملێیانە ببین و هیچ نەبێت کەمێک سادەتر بژین.

جواد خەلیل

……….

ژێدەر و پەراوێزەکان:

1. ڕۆژی 7.9.2022 کۆمپانیای ئەپڵ ئایفۆن 14 ی نمایشکرد، ئەمە بوو بە سەردێڕی هەواڵی زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لە هەموو جیهان خەڵکی نۆرەیان دەگرت بۆ کڕینی ئەو ئامێرە نوێیە. باشوری کوردستان کە لە قەیراناویترین دۆخی دارایی خۆیدا دەژی، هەر زوو هاوڵاتیەکانی ڕیزی درێژیان بەست و هەفتەیەک پێش گەیشتنی، ناوی خۆیان تۆمارکرد، هەر لە سەرەتاوە بایی نیو ملیۆن دۆلاری ئەمریکی ئایفۆن 14 یان کڕی! ئەمە چ واتایەک دەگەیەنێت؟ ئێستا خەڵکی ئامادەن لە پێناوی ئەوەی ببنە خاوەنی نوێترین ئامێرەکان، بە بێ ئەوەی کە پێویستیەکی ئەوتۆیان پێی بێت و تەنها وەک چاولێکەرییەک، هەموو ئەو داهاتەی کۆیان کردۆتەوە، بیخەنە چنگی سەرمایەدارەکانەوە! ئەمە لەسەرجەم کایەکانی دیکەی ژیانی باشورییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، تەنها ئەوەندەت بەسە بڕۆیتە بازاڕی کۆنەفرۆشان و دەستی دوو، تا بە چاوی خۆت ببینیت چ ئامێر و کەرەستەگەلی ناوازە خراونەتە مەزادەوە و فڕێدراونەتە دەرەوەی ماڵ، نەک لەبەر ئەوەی کە چیدی بە کەڵکی بەکارهێنان نایەن و ستۆک بوون، بەڵکو لەبەرئەوەی کە ئامێر و کەرەستەگەلی نوێتر هاتوونەتە بازاڕەوە و مۆدی ئەمانیان نەهێشتووە!

2. لئونارد کورن: وابی سابی برای هنرمندان شاعران فیلسوفان  دیزاینرها، ترجمه: سعیده موسوی، نشر مشکی، چاپ۵، ۱۴۰۱.

3. كاميليا حسين: ضد الهوس بالكمال ” كيف تساعدنا الفلسفة الیابانية في تقبل النقص؟” ، المیدان،  الجزيرة، 7، 2021.

4. لئونارد کورن: وابی سابی تآمل بيشتر، ترجمه: فاطمه کاوندی، نشر نظر، چاپ ۱، ۱۳۹٨.

هاوشێوە