رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

داربڕین لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: منزر علی

دارستانەكان بەسامانێكی نەتەوەیی دادەنرێن بۆ هەر وڵات و هەرێمێك، گرنگی وبایەخیان لەڕوانگەی ئابوری، ژینگە، گەشتیاری بەدەردەكەوێت. لێرەدا بەكورتی گرنگی بوون و مانەوە و پاراستن وزیاتركردنی ڕووبەری دارستانەكان لەسەر ئەم ڕەهەندانە و مەترسیەكانی سەردارستانەكان بەتایبەت داربڕین ئەخەینە ڕوو:-

1-لەڕووی ژینگەییەوە

دارستانەكان بەكارگەی سروشتی بەرهەمهێنەری ئۆكسجین دادەنرێن كەئەمەش سەرچاوەی سەرەكی ژیانی مرۆڤ و زیندەوەران و هاوسەنگ ڕاگرتنی ڕێژەی پێكهاتەكانی بەرگەگاز و ڕێگرتن لە گۆڕانكاریەكانی كەش و هەواو هاوسەنگی پلەكانی گەرمی و كەمكردنەوەی گازی دوەم ئۆكسیدی كاربۆن. هەروەها گرتنەخۆی بەشێكی زۆری تەپ وتۆز كە ساڵانە و بەتایبەت لەوەرزی هاویندا ڕوو لە ناوچەكە دەكات.هەروەها دارستانەكان بە پارێزەری سروشتی خاك دادەنرێن بەهۆی داپۆشینی ڕوپۆشی خاك و گیربوونی ڕەگەكانیان لە خاكەكە ڕێگرن لە ڕاماڵین و كەشكاری كە تۆبۆگرافیای ناوچەكە لەبارە بۆ ڕوودانی ئەم دیاردە سروشتییە. ئەمە جگەلە گلدانەوەی بڕێكی باشی ئاوی باران بۆ ژێر زەوی و زیادبوونی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و زیادبوونی ئاوی كانی وسەرچاوەكان .

دارستانەكان دەبنە لانەولانكەی زۆرێك لە باڵندە و ئاژەڵەكێوییەكان لەنێویاندا خۆیان دەپارێزن و وەچەدەخەنەوە، لێیانەوە خۆراكی خۆیان دەستدەكەوێت، لێرەوە گرنگی و ڕۆڵی دارستانەكان وەك پایەیەكی گرنگی ژینگە و ئیكۆسیستمی ناوچەكە بەدەردەكەوێت .

2-لەڕووی ئابورییەوە

ئەگەرچی دارستانە سروشتییەكانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە نابنە كەرەستەی خاوی هیچ پرۆژەیەكی بەرهەمهێنانی دار و تەختە بەمەبەستی پیشەسازی یا بەرهەمهێنانی خەڵوز، بەومانایەی هیچ یەكێك لەو پرۆژانە لەسنورەكەدا بوونیان نییە كە پشت بە بەرهەمی دارستانە سروشتیەكان ببەستن، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت دارستانەكانی ئەم سنورە گرنگی ئابورییان نەبێت، داربەڕوو ڕێژەی زۆری دارستانەكان پێكدەهێنێت كە بەرەكەی و گەڵاكەی بایەخێكی تایبەتی هەیە بۆئاژەڵداری هەروەها ئەو ساڵانەی كە شۆكە (گەزۆ) هەیە هاوڵاتیانی ناوچەكە سودێكی زۆری لێدەبینن و بەهایەكی خۆراكی گرنگی هەیە، یەكێكیكە لەو دارانەی كە لەناوچەكەدا هەیە و بەهای ئابوری بەرزی هەیە داری قەزوانە كە ساڵانە لەوەرزی هاویندا بنێشتی لێبەرهەم دەهێنن وبەرەكەشی وەك خۆراك بەكاردێت یان بۆ دروستكردنی تەسبێح بەكاردێت. جگە لەمانە چەند دارێكی دیكەی وەك (هەرمێ، گۆیژ، چەقالە، بادام، هەنجیر) بوونیان هەیە.

3-لەڕووی گەشتیارییەوە

دارستانەكان دیمەنێكی جوانیان بە ناوچەكە بەخشیوە هەروەها كاریگەرییان هەیە لەنزمبوونەوەی پلەكانی گەرمی بەتایبەت لەوەرزی هاویندا، ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی چەندین ناوچەی گەشیاری لەناوچەكەدا هەڵكەوێت و هاوڵاتیان لەهەمووناوچەكانی كوردستان وعێراقەوە سەردانی بكەن.

بڕینەوەی دارەكان وەك یەكێك لەمەترسیەكانی سەر دارستانەكانی پارێزگای هەڵەبجە

دارستانەكانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەجۆری دارستانە چڕەكانن لەبەر ئەوەی سنوری سروشتی ئەم دارستانانە كەوتوونەتە ئەو ناوچانەی كە لە (1200)م لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن ئەمەش وایكردووە بەدوربن لەبڕینەوەیان بەمەستی چاككردنی زەویەكانیان بۆ كشتوكاڵكردن وەك لەهەندی ناوچەی كوردستان بەدی دەكرێت بەتایبەت ناوچەی دارستانە چڕی مام ناوەندەكان. بۆزانینی زانیاری لەبارەی بریِنەوەی دار لەم سنورەدا سەرنج دەدەینە ئەم خشتەی خوارەوە كەدەرخەری ئامارەكانی بڕینەوەی دارن لە بنكەكانی پۆلیسی دارستان وژینگەی ناحیەكانی (خورماڵ، بیارە، سیروان، بەمۆ) تۆمار كراون و لە دادگای هەڵەبجە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە.

                                ئاماری بڕینەوەی دار لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە لە نێوان ساڵانی(2017-2022)

ژمارەی بڕینەوەی دارناحیە
خورماڵ5
بیارە15
سیروان5
بەمۆ17

بەسەرنجدان لەم ئامارانە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە بڕنەوەی دار لەم سنورەدا تا ڕادەیەك كۆنترۆڵ كراوە ئەوەش بەهۆی بوونی بنكەی پۆلیسی دارستان و روشوێنی  یاسایی بەرامبەر ئەوانەی داردەبڕنەوە، بەڵام ئەمە تەواوی وێنەكە نییەو بڕینەوەی دارو نیەتی بڕینەوەی دار لەهەموو ناوچەكەدا وەك یەك نییەو لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە لەسنوری پارێزگاكەدا جیاوازە، زۆرجار بەهۆی فراوانی ناوچەی دارستنانەكان و سەختی ناوچەكانەوە كە ڕووبەرەكەی نزیكەی (347)كم2 دەبێت و كەمی توانای پۆلیس لەڕووی چەندایەتی و لۆجستیەوە نەتوانراوە بەتەواوی ئەم پرسە بنبڕبكرێت بەڵكو هەندێ‌ لەهاوڵاتیان سەرپێچی یاسادەكەن و بۆ دابینكردنی سوتەمەنی زستانیان پەنا بۆ بڕینەوەی دار دەبەن دور لە چاوی پۆلیس و بەشیوەی نایاسایی. بۆ ئەم مەبەستە چاوپێكەوتنمان لەگەل چەند هاڵاتیەكی ناوچەی هەورامان و بەمۆ ئەنجامداوە بۆ زیاتر خستنەڕووی ئەم پرسە كە تاڕادەیەكی زۆر ڕای هاوڵاتیانی یەك ناوچە نزیكبوون لەیەكەوە بۆنموونە هاوڵاتیانی سنوری هەورامان ئامادەنین پەنا بۆ بڕینەوەی داری تەڕببەن لە دارستانە سروشتیەكاندا بۆ مەبەستی سوتاندن و خۆگەرم كردنەوە لەوەرزی زستاندا ئەوان زیاتر پشت بە كۆكردنەوەی داری وشك دەبەستن یان بڕینەوەی ئەو دارانەی كەلەناو ڕەز و باخەكانیاندا وشكبوون .

بەدواداچوونمان لەسنوری ناحیەی بەمۆ دیوێكی دیكەی وێنەڕاستیەكەمان پیشان دەدەن و هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە دەڵێن ئەگەر حكومەت نەوتمان بۆ دابین نەكات ناچارین دارببڕینەوە بۆ گەرمكردنەوەی ماڵ و منداڵەكانمان، هاوڵاتیەكی دیكە دەڵێت ئاستی بژێویم باشنییە نرخی سووتەمەنی بەرزەو توانای كڕینی نەوتم نییە بەڕیشی كێ‌ ڕەوایە ماڵ و مناڵم لەنێو ئەم دارستانەدا لەسەرمای زستاندا هەڵلەرزن بۆیە بەڕاشكاوی دەڵێم داردەبڕینەوە، هاووڵاتیەكی دیكە دەڵێت ڕاست نیە ئەگەر بڵێم دارنابڕینەوە ئێستا خۆم زەویەكم هەیە چەند دارێكی گەورەی تێدایە لەبنا نایانبڕم بەڵكو لقەكانیان لێدەكەمەوە و بۆسوتان بەكاریان دەهێنم وە بەگشتی هاوڵاتیان خۆیان لەبرێنەوەی دارە ئەستورو بەتەمەنەكان دەپارێزن.

 لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت هۆكاری بڕینەوەی دارستانەكان گرانی نرخی نەوت و كەمی كارەبای نیشتیمانی وكەمی ئەو بڕە نەوتەیە بەهاوڵاتیان دەدرێت ئەگەرچی بۆ ئەمساڵ نرخی یەك بەرمیل نەوت كە حكومەت بەهاوڵاتیانی ناوچە شاخاویەكانی داوە (103000) سەدوسێ هەزار دینارە كە ئەمەش نرخێكی زۆرە بەڵام پێویستیان بەچەند بەرمیلێك هەیەو ئەو بڕە پێداوستیەكانیان پڕناكاتەوە هەر ئەمەشە وادەكات پەنا بۆ بڕینەوەی داری دارستانە سروشتیەكان ببەن.

چی بكرێت بۆئەوەی داربڕین نەبێتە مەترسی لەناوچوونی یەكجاری دارستانەكان ؟

هاوڵاتیانی ناوچەشاخاوی و دورە دەستەكان مافی خۆیانە سوتەمەنیان بەنرخێكی گونجاو و بڕی پێویست بۆ دابینبكرێت هەروەها گرنگی و بایەخی دارستانەكانیان بۆ ڕوونبكرێتەوە ولەڕووی فێركاریەوە ڕاهێنانیان پێبكرێت كە دارەكان هەڵپاچن كە لەیەك كاتدا سود بە دارەكان بگەیەنێت و پێداویستی خۆیشیان پڕبكاتەوە.

سزای یاسایی ئەوانە چیە كە داردەبڕنەوە

پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە(10)ی ساڵی (2012) دارستان لەهەرێمی كوردستان _عێراق دەرچوواندووە كە مەبەست و ئامانجی ئەم یاسایە پاراستنی دارستانە سروشتی و تایبەتەكان و هاوسەنگی سروشت و چاككردنی ژینگەو هەمە چەشنەیی ژینگەیی و هاندانی وەبەرهێنانی كشتوكاڵ لەبواری دارستان و دەستەبەركردنی ناوچەی گەشتووگوزاریەكان .لەمادەی بیست ودووی بەشی دووەمی ئەم یاسایە كەتایبەتە بە سزای سەرپێچی كاران هاتووە  “سزا دەدەرێت بە بەندكردن بۆماوەیەك لە شەش مانگ كەمتر نەبێت وە غەرامەیەك كەلە پێنج ملیۆن دینار كەمتر نەبێت، هەركەسێك هەڵسا بە (بڕینەوە یان سووتاندنی دارەكان یابڕنەوەی  دارە دەگمەنەكانی دارستانەكان یالێكردنەوەی توێكڵەكانیان یان شێواندنیان بەهەرجۆرێك بێت) .”

#پێکەوە_دەتوانین_ژینگە_و_ژیانمان_بپارێزین

#ژینگە_ژیانە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی(چاودێڕی و خستنەڕووی ڕەوشی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بنیادنانی تواناکان) کەمپینێکی میدیای پرۆژەکە، کۆمەڵێک کار بە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و ژینگە پارێزان و ناوەندەکانی راگەیاندن بەرهەم دەهێنیت، ژینگە پارێز (منزر علی) ئەم وتارەی بۆ کەمپینەکە ئامادەکردووە.

ئەم پرۆژەیە، لەلایەن رێکخراوی پردێک بۆ- UPP جێبەجێ دەکرێت، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئازادبوون، بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی UNDP و پرۆژەی .“HIWAR”,

هاوشێوە