رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گرنگی و سوده‌کانی شاخه‌وانی بۆ ژینگه‌ و ته‌ندروستی مرۆڤ

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئه‌وین قادری

ژینگه‌ و ئێکۆسیستەم ئه‌و شوێنه‌یە کە ئێمه ‌و هه‌موو بونه‌وه‌ره‌کانی سه‌ر زه‌وی تێیدا ده‌ژین، بوونێکی زیندوو و گیانله‌به‌ره، دایکی هه‌موومانه‌ و ژیانی هه‌موومان په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌و ژینگه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌، له ‌خواردن و پۆشینه‌وه‌ بگره‌ تا هه‌ناسه‌دان, ده‌توانێ بچێته‌ ژێر هه‌ژمون و کاریگه‌ری ژینگه‌وه,‌ واتا ئه‌گەر‌ ئه‌و ژینگه‌یه‌ پارێزراو بێ و بارودۆخی له‌ باشی دابێ، ژیانی ئێمه‌ش به‌ره‌و باش بوون ده‌ڕوات و بەپێچه‌وانه شەوە,، ئه‌گەر‌ ژینگه‌ بکه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه‌ ژیان و سەلامه‌تی ئێمه‌ش به‌ره‌و مه‌ترسی و ته‌نانه‌ت وێران بوون بڕوات.

خاڵێکی دیکەى گرنگ‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و ژینگه‌یەى‌ که‌ماڵی هاوبه‌شی ئێمە ‌و بونه‌وه‌ره‌کانی دیکه‌یه,، ته‌نیا له‌لایه‌ن ئێمه‌ی مرۆڤه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسی و ده‌ست تێوه‌ردانی تیا ده‌کرێت، ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌کێکه‌ له‌ گرنگترین و ڕۆژه‌ڤ ترین بابه‌ته‌کانی دونیای مۆدێرن و ژیانی مۆدێرنیته‌، چ له‌ ڕووی یاساوه‌ بێ، چ له‌ ڕووی ئێکۆنۆمییه‌وه‌.

ژینگه‌ و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ ژینگه،‌ به‌شێکە له‌ کولتور و فه‌رهه‌نگی له‌ مێژینه‌ی کوردستان‌، زۆربه‌ی جەژنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد وه‌ک نه‌ورۆز و به‌هاری کوردی و ڤیستیڤاڵه‌کانی، تێکه‌ڵاو به‌سروشته‌، گه‌شت و سه‌یرانکردن یه‌کێکه‌ له‌ ڕووداوه‌ گرنگه‌کانی ئه‌و جەژنه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌. که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ سروشت بۆ خواردن و دابینکردنی  پێداویستیه‌کانی ژیان، به‌شێکی دیکەیە‌ له‌و تێکه‌ڵاویه‌، که ‌وابوو جگه‌ له پاراستن و به‌جێهێنان و ڕاگرتنی فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریتی کوردی، پێویستە خه‌می پاراستنی ژینگه‌که‌شمان به‌کرده‌وه‌ له‌ دڵدابێ، ئه‌و تێکه‌ڵاویه‌ زۆره‌ ئه‌رکی تاک به‌تاکی کوردستان، به‌رامبه‌ر به‌ژینگه‌ زیاتر و زیاتر ده‌کات، هه‌ر وه‌ک له‌ مێژوودا هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆمان بۆ پاراستنی ئاو و خاکی نیشتمان داوه‌! ئه‌و ئه‌رکه‌ش هه‌وڵ و تێکۆشانی تاک و کۆمه‌ڵگای پێکەوە پێویسته‌، ڕێکخراوه‌کان و چالاکوان ده‌توانن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌و ئه‌رکه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆیان. شاخ و کێوه‌کان به‌شێكن له‌و ژینگه‌یە، که‌شاخه‌وانه‌کان ڕووی تێ ده‌که‌ن، شاخه‌وانی وه‌ک جۆرێك له‌ وه‌رزش، ده‌توانێت کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژینگه ‌و کۆمه‌ڵگا هه‌بێت، چونکە شاخه‌وانی وەرزشێکی بەناوبانگە و دەستڕاگەیشتنە و سوودی زۆری هەیە. لە ڕووی تەکنیکییەوە هەر کەسێک دەتوانێ بەپێ بگاتە لوتکەی شاخێک، بەڵام ئەوە نایکاتە شاخەوانێکی پیشەگەر.

شاخەوانی بەسەرکەوتن بەسەر هەر گردێک یان شاخێکدا وەسف ده‌کرێت، کە لێوار و چڕی زەوییەکە بەرزبێ و پێویستی بە بەکارهێنانی بەردەوامی کەرەستەى تەکنیکی هەبێ، لە هاویندا ئەم کەرەستانە دەتوانێ کڵاو و پەت و کەرەستەى سەرکەوتنی پارێزەر لە خۆبگرێ و لە زستانیشدا کەرەستەى دیکەی وەک: (کرامپۆن و ئامێری پارێزەری سەرکەوتن بەسەر سەهۆڵ)دا بێت.

بۆیە نابێ مرۆڤ وا بیربکاتەوە کە شاخەوانی وەرزشێکی سادەیە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە کەرەستەیەک هەبێ کە بەئاسانی ئەنجام بدرێت. شاخەوانی یان هەڵگەڕان بەشوێنە سەختەکان، ئەم جۆرە وەرزشە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵ پێش ئێستا، سەرەتای ئەم وەرزشە لە ساڵی(١٨٥٤) دەستی پێکردووه‌، سەرەتا مرۆڤ وەک سەرکەشی دەستی بەگەڕان کرد بەسەر چیاکاندا و بەدوای نهێنی سروشدا گەڕا، پاشان بیری لەوە کردەوە چۆن بگاتە لوتکەی چیاکان، بەتایبەت ئەو لوتکانەی مرۆڤ بەئاسانی ناتوانێت پێی بگات، لە بیرۆکەی تاکە کەسییەوە بۆ گەڕان بەسەر چیاکان گروپ دامەزرا، پاشان بۆ ڕێکخستنی زیاتری وەرزشی شاخەوانی یانەی بۆ دامەزرا، پاشان هەتا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئارەزوومەندانی ئەم جۆرە وەرزشە، بەهونەری نوێوە زیاتر پێشی دەخەن و گرنگی پێ دەدەن.

لە باشورى کوردستانیش لە سەرەتاکانى ساڵى (٢٠٠٦) یەکەم فیدراسیۆنى شاخەوانى دامەزرا، بەشێوەیەکى گشتى وەرزشى شاخەوانى بەگروپ و بەشێوەیه‌کى ڕێکخراو و کارا، بۆ سەرەتاکانى ساڵى(٢٠١٢) دەگەڕێتەوە، تا کۆتایى ساڵى (٢٠٢٠)یش زیاتر لە سەد کۆمەڵە و گروپ و سەنتەر و فیدراسیۆن و ڕێکخراوى شاخەوانى بونیان هەیە.

شاخه‌وانی سوودی بێشوماری هەیە، دیارترین سوودەکانی بریتین لە باشترکردنی لەشجوانی و سەلامه‌تی دڵ و خوێنبەرەکان، هەروەها کەمکردنەوەی چەوری لەش. هەندێک لە سوودەکانی دیکه‌ی کەمتر بەرجەستەن، وەک زیادبوونی گەورەی متمانەی کەسی و تواناکانی کارکردنی بەتیم، کەلە ژیانی تایبەتیدا بەکار دەهێرێت بەبێ ئەوەی تەنانەت هەستی پێبکات. هەروەها هۆکاری زۆربەی جەڵدەى مێشک، داخستنی ڕێڕەوی ناوەوەی خوێنبەرەکانە، بەهۆی کۆبوونەوەی چەوری. لە جەستەی هەموو کەسێکدا چەندین موولوولە هەن، کە دەکرێنەوە بەڕێژەی لە (%١٥)، بەڵام لەکاتی شاخه‌وانیدا ئەم ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ لە (٩٥٪), چونکە ئۆکسجین و خۆراک کەپێویستی جەستەی مرۆڤە, لە ڕێگەی ئەم موولوولەکانەوە لە هەموو بەشەکانی لەشدا دابەش دەبێت. لە ئەنجامدا بە چالاکی زیاتر و کردنەوەی موولوولەکان، ئۆکسجین و خۆراک دەتوانن بەخێرایی زیاتر و بەئاستێکی کوالیتی باشتر، بگاتە ماسولکەکان و مێشک و ئەندامەکانی ناوەوەی لەش.

ئەنجامدانی شاخەوانى بە بەردەوامی، یارمەتى مرۆڤ دەدات بۆ زیادکردنی چڕی ئێسکەکان و هەروەها بەهێزکردن و زیادکردنی بەرگەگرتنی ئێسکەکانی لەش. هەروەها شاخه‌وانی پێویستی بە ڤیتامینD دابین دەکات.

یەکێکى تر لە سوودە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی شاخەوانی ئەوەیە، کە جگە لە باشترکردنی تەندروستی جەستەیی مرۆڤ، بەشداریکردن لەم وەرزشەدا یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی باری دەروونی مرۆڤ، کاتێک سەردەکەویت، بیرکردنەوە نەرێنییەکان نامێنن و ئەم وەرزشە وات لێ دەکا هەست بەباشتربوون بکەیت. یەکێک لە سوودەکانی تری شاخەوانى بۆ ڕۆح، زیادبوونی متمانە بەخۆبوونە.

ئەو کەسانەشى کێشیان زیادە و حەزیان لە ئەنجامدانی شاخەوانیە، لەڕووی جەستەییەوە، جەستە دەخاتە دۆخێکی سەختەوە و سووتانی چەوری خێراتر دەکات، کاتێک مرۆڤ سەردەکەوێتە سەر شاخێک، لە بەرزاییە بەرزەکاندا کێش دادەبەزێ، بەبێ ئەوەی تەنانەت بەپێ بڕۆی.

کاتێک مرۆڤ سەرقاڵی وەرزشە و بەتایبەتی سەرکەوتن بەشاخ و چیادا، ئەوا بڕی کالۆری پێویستی جەستەی مرۆڤ سێ هێندە زیاد دەکات. لە ئەنجامدا جەستەی مرۆڤ دەبێ چەورییە هەڵگیراوەکان بسوتێنێ و بیخوا، بۆ ئەوەی ئەم بڕە کالۆرییە دابین بکات. بۆیە لەکاتی وەرزشکردندا مرۆڤ ئارەقەیەکی زۆر دەکا و بەشێک لە چەوری ژێر پێستی جەستەی بەهۆی ئارەقکردنەوە لادەبرێت.

زۆرێک لە توێژینەوەکانیش دەریانخستووە، کەچالاکی سەرکەوتن بەسەر شاخەکاندا، مەترسی تووشبوون بەچەند جۆرێکی شێرپەنجەش کەم دەکاتەوە. بۆ نموونە: شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی قۆڵۆن، شێرپەنجەی مەمک و ناوپۆشی منداڵدان.

هەروەک چۆن گەشتکردن و چالاکییە وەرزشییە جیاوازەکان، وا لە جەستەت دەکەن بەشێوازی جیاواز، بینین و دەنگ و تەنانەت بۆن، کەبۆنی هەر ژینگەیەک نەشتەرگەری کیمیایی هاوشێوە لە مێشکدا ئەنجام دەدەن. توێژینەوەیەک کەلە ساڵی(٢٠١٥)لە زانکۆی ستانفۆرد ئەنجامدراوە، دەریدەخان کەڕۆیشتن بەپێ لە سروشت و سەرکەوتن بە شاخدا، چالاکی بەشەکانی مێشک هێور دەکاتەوە، کەزاناکان دەستنیشانیان کردووە، پەیوەندی بەنەخۆشییە دەروونییەکانەوە هەیە.

هەروەها گەڕان بەسروشتدا مەیلی مێشک بۆ بیرکردنەوە و خەیاڵکردن کەم دەکاتەوە. زانایان بەوشەی (ڕومینات) ئاماژە بەو بیرکردنەوانە دەکەن و بەکۆمەڵێک بیرکردنەوەی نەرێنی و نەخشەی تەرکیزکراو ناوی دەبەن، کەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دڵەڕاوکێ و خەمۆکیدا هەیە. بەڵگەی بەڵگەدار هەیە کەبۆ دانیشتوانی شار و ئەوانەی لە دەوروبەری شاردا دەژین، ئەزموونکردنی سروشت و گەڕان بەدوایدا، باری دەروونی مرۆڤ باشتر دەکات و دوورت دەخاتەوە لە خەمۆکی و بیرکردنەوە نەرێنییەکان.

لە دوا حاڵەتدا یەکێک لە سوودەکانی ئەم وەرزشە کە وامان لێ دەکات، زیاتر بایەخی سەرکەوتن بزانین، بەهێزکردنی پەیوەندییە لەگەڵ هاوڕێیان. دیاریکردنی وادەی دیاریکراو بۆ شاخه‌وانی، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی هاوڕێی نوێ بناسی، ئەمەش دەبێتە هۆی باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها باشکردنى لایەنى دەروونی و دڵخۆشی.

زۆربەى کۆمەڵە و گروپە شاخەوانییەکانى کوردستان سه‌ربه‌خۆ و قازانج نه‌ویستن و كار بۆ بواری وەرزشی شاخەوانی و پاراستن و گه‌شه‌پێدانى ژینگه و سروشت دەکەن، ساڵانە لەلایەن کۆمەڵە و گروپە شاخەوانییەکانەوە چالاکى و هەڵمەتى ژینگەپارێزى جۆرا و جۆر ئەنجام دەدرێت، بەشێک لەو چالاکییانەش وەک:

  • پاککردنەوەى ناوچە شاخاوییەکان لە زبڵ و خاشاک.
  • چاندنى بەڕو و نەمامى جۆرا و جۆر.
  • دانانى ئاو بۆ باڵندە و ئاژەڵه‌ کێوییه‌کان.
  • کوژاندنەوەى ئاگرى دارستانەکان.

کەهەموو ئەمانە کارى گرنگن و پێویستە شاخەوان و گروپە شاخەوانیەکان بەگشتى، لەکاتى گەشتکردنیان بۆ ناو سروشت و هەڵگەڕان بەچیا و شاخەکاندا، ڕەچاوى پاراستنى ژینگە و سروشتى ئەو شوێنانە بکەن، ئەمەش لەڕێگەى ڕەچاوکردنى کۆمەڵێک خاڵەوە وەک ئەرکێکى سروشت پارێزى، کەپێویستە بکرێت بەیاساى گروپەکان و هەموو ئەندامانیان پێوەى پاپەندبن، ئەو ئەرکانەش وەک:

  • پاک ڕاگرتنى سەرچاوە ئاوییەکان و پاراستنى ژینگەى ناوچە شاخاوی و سروشتییەکان.
  • دورکەوتنەوە لە بەکارهێنانى کەرەستە پلاستیکییەکان.
  • پاراستنى ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان.
  • دورکەوتنەوە لە شێواندنى هێلانەى باڵندەکان.
  • کوژاندنەوەى ئاگر.
  • پاراستنی هێلانه‌ی خشۆکەکان.
  • ده‌ست تێوه‌رنه‌دان له‌ هێلکه‌ی باڵنده‌کان، به‌تایبه‌تى له‌ وه‌رزی به‌هاردا، چونکە‌ زۆربه‌ی باڵنده‌کانى وه‌کو که‌و، له‌و وەرزدا هێلانه‌ دروست ده‌که‌ن و هێلکه‌ ده‌که‌ن.
  • پێشێل نه‌کردنی ژیانى گیا و گوڵه‌ و زیندەوەرەکانى سه‌ر ڕێگا.
  • ئاودانی درەختە چاندراوەکان.
  • جیاکردنه‌وه‌ی زبڵێ ته‌ڕ له‌ وشک.
  • چاندنى نەمام و بانگهێشتکردنی خه‌ڵک بۆ نه‌مام چاندن، بەتایبەت له‌ وەرزى چاندندا.
  • چاندنی دەنکى به‌ڕوو له‌ شاخ و کێوه‌کان (به‌پێی ئه‌وه‌یکه‌ کوردستان ژینگه‌یه‌کی شاخاوی هه‌یه‌ و ده‌نکی به‌ڕوو، پێویستی زۆری به‌ئاو نیه‌ و سەوز ده‌بێ و پێ دەگات).

بەهاشتاگی

#پێکەوە_دەتوانین_ژینگە_و_ژیانمان_بپارێزین

#ژینگە_ژیانە

لە چوارچێوەی پڕۆژەی (چاودێڕی و خستنەڕووی ڕەوشی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بنیادنانی تواناکان) کەمپینێکی میدیای رێکخراوی ئازادبوون، کۆمەڵێک کار بە پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و ناوەندەکانی راگەیاندن بەرهەم دەهێنیت، ئەم وتارە لەلایەن ژینگەپارێز (ئه‌وین قادری) تایبەت بە پرۆژەکە ئامادەکراوە.

ئەم پرۆژەیە، لەلایەن رێکخراوی پردێک بۆ- UPP جێبەجێ دەکرێت، بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی ئازادبوون، بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی UNDP و پرۆژەی .“HIWAR”,

هاوشێوە