رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئیپستمۆلۆژیا و دابڕانی ئیپستمۆلۆژی, کۆپەرنیکۆس و کانت بە نموونە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هادی مەلایی

ئیپستمۆلۆژیا

      چەمکی ئیپستمۆلۆژی وەک زۆرینەی چەمکەکانی تر سەرچاوەی پەیدابوون و هاتنە کایەی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن، ئەم چەمکە لە دوو وشەی لێکدراو پێکهاتووە : وشەی ئیپستیم بە مانای [زانست] دێت، لۆگۆس بە مانای [توێژینەوە] دێت، بەم شێوەیە بە لێکدانی هەردووکیان دەبێت بە : زانستی توێژینەوە {زانستی لێكۆڵینەوە}. بە هەمانشێوەی چەمکەکانی تر چەمکی ئیپستم دەگوازرێتەوە بۆ ناو زمانە جیهانییەکان، دواتریش بۆ ناو زمانی کوردی، لە زمانی کوریدا بەرانبەر ئیپستمۆلۆژیا  [تیۆری زانین] دانراوە. بەهامان شێوە لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای تیۆریای زانین دێت : بەومانەیەی تیۆریایەک کە لە هەلوومەرجی بەرجەستەبوونی زانینی زانستیانە دەکۆڵێتەوە، لە بابەتێکی دیاریکراودا.

     هەوڵێکی زۆردا وەک هەموو بابەتەکانی دیکە لە لۆجیک و زانست نزیک بکرێتەوە، ئەم هەوڵانەش لە لایەن پۆزەتیڤیستەکانی سەدەی بیستەم بەڕوونی دەبینرێت، پۆزەتیڤیستەکان گەرەکیان بوو هەموو زانستە مرۆیەکانیش وەک زانستە سروشتیەکان کاربکەن، دوای ئەوەی ئۆگەست کۆنت فەلسەفەی پۆزەتیڤیزمی دامەزراند مێژووی مرۆڤایەتی دابەش کرد بۆ سێ قۆناغ {ئەفسانە،مێتافیزک، زانست}. پۆزەتیڤیزم گەرەکی بوو هەموو بوارە مرۆیەکان لە زانست نزیک بکاتەوە، بەڵام تیۆری زانین هەر بەبەهێزی مایەوە، پشتی نەکردە سایکۆلۆجی، لە نێوان سایکۆلۆجی و تیۆزی زانیندا پاوەنی هاوبەش هەیە و هەردوکیان خاوەنداری لە [ هەست، هۆش، هزروبۆچوون]  دەکەن. هەروەها جێگەی خۆیەتی باس لە جیاوازی میتۆدەکانیان بکرێت هەردوو زانستەکە خاوەن سنور و مەودای خۆیانن، لە بەکارهێنانی میتۆدا جیاوازیان هەیە. جیاوەزیەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان ئەم دوو زانستەدا ئەویش ئەوەیە کە سایکۆلۆجی لقێک بوو لە لقەکانی فەلسەفە و لە کۆتایدا جیابۆوە، وەک  زانستێکی سەربەخۆ هاتە کایەکەوە، بەڵام تیۆری زانین هەروەک و لقێک لە لقەکانی فەلسەفەیە مایەوە .

ئیپستمۆلۆژیا لە یۆنانی کۆن

       لە یۆنانی کۆندا سۆفستایەکان هەبوون کە دەربارەی [ئیپستم] زانین و بابەتەکانی دیکەش قسەیان کردوە. خاوەنی تێگەی گۆڕان و ڕێژەی بوونی هەقیقەت و زانین، پێوەرەیبوونی مرۆڤن. هەستەکانیان دەکرد بە سەرچاوەی زانین. سۆفستایەکان وەها دەیانڕوانیە زانین کە ڕێژەیە و لە ژێر کاریگەری گۆڕان و کاتدایە.

     هیراکلیتۆس {٥٤٠- ٤٧٥پ،ز} دەیگووت هەمووشتێک لە گۆڕانی بەردەوەمدایە، و هیچشتێک چەسپیوو جێگیر نیە، هەمووشتێک شیاوی گۆڕانە. زانینیش بەدەر نیە لەمە بۆیە شتێک نیە بە ناوەی زانینیو هەقیقەتی ڕەها. ئەمەی کە هەقیقەتە بۆ کەسێکی دیاریکراو هەقیقەتە، بۆ دۆخێکی دیاریکراو، کاتێکی دیاریکراو. ئەگەر مرۆڤ بۆ هەقیقەت بگەڕێت ئەوا هەقیقەتەکەی پێشتر دەڕووخێنێت.  سۆفستایەکیتر پرۆتاگۆراسە: مرۆڤ پێوەری هەمووشتێکە، ئەوەی کە بوونە پێوەری بوونیەتی، ئەوەی نەبوونە پێوەری نەبوونیەتی. بۆ سۆفستایەکان زانین و هەقیقەت جەوهەرێکی نەگۆڕی نیە، بەڵکو هەمیشە لە گۆڕاندایە چەند مرۆڤمان هەبێت ئەوندە هەقیقەتەمان هەیە، بەو پێیە سۆفستایەکان پێمان دەڵێن هەقیقەت ڕێژەیەو ڕەها نیە، زانین تەنها لای کەسێک نیە، بەڵکو لای مرۆڤەکان شێووە وەردەگرێت ئەمەی کە ڕاستە بۆ من ڕاستە دەشێت بۆ کەسێکی تر وا دەرنەکەوێت و خۆی نیشان نەدات. دەشێت سۆکرات نەخۆش بێت و شەراب لە زاریدا تاڵ بێت خۆ ئەگەر ساغبێت هەمان شەڕاب لە زاریدا شیرینە، خۆ ئەگەر کەسێکی دیکە هەمان شەڕاب بنۆشێت لە زاریدا شیرنە، کەواتە شەڕابەکە بۆ سۆکرات تاڵ بوو، بەڵام بۆ ئەو شیرن بوو، بۆ سۆکرات تاڵی هەقیقەتە و بۆ ئەو شیرنی.

     سێهەمین سۆفستای دەمەوێت باسی بکەم گۆرگیاسە : هیچ شتێک بوونی نیە، خۆ ئەگەر هەش بێت کەس ناتوانێت بیزانێت، ئەگەر بیشیزانین ناتوانین بۆ ئەوانی تری بگوازینەوە. گۆرگیاس لە سەرچاوەکانی زانین گومان دەکات دەڵێت خۆ ئەگەر شتێکیش بوونی هەبێت ئەوە ئێمە ناتوانین بیزانین، زانین بە چ مانایەک؟ بەو مانەیەی کە درکی پێ بکەین و چیەتی ئەم زانینەمان بۆ ڕوون بێتەوە، دووبارە گومان لە توانای مرۆڤ دەکات خۆ ئەگەر درک بەو زانینیەش بکەین ئێمە ناتوانین ئەم زانینە بەوانی تر بگەیەنین و بگوازینەوە، بە ڕوونی تیشکی خستۆتە سەر توانای زانینی مرۆڤ و  ئیپستمۆلۆجیش ئەم پرسیارانە دەوروژێنێت ئایە دەتوانین چی بزانین؟ توانای زانینی مرۆڤ تا چ ئاستێکە؟ گۆرگیاس لە سەرەتاوە بە ڕەهای دەڵێت هیچ  شتێک بوونی نیە، بەڵام دواتر لە ڕێگەی گوومانەوە گومان لە توانای مرۆڤ و ئاستی مرۆڤ لە گواستنەوەی ئەو زانینە دەکات، ئەم بابەتانەش بواری ئیپستمۆلۆجین. ئەوەی چاکە بۆ ئێستا چاکە، جیهان بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئەمە ڕوانگەی سۆفستایەکان بوو بۆ زانین.

     سۆکرات بە پێچەوانەی سۆفستایەکانەوە، هەوڵیدا بەرەنگاری سۆفستایەکان ببێتەوە، دژی ئەوان وەستایەوە لەوەی سەرچاوەی زانین بگێڕێتەوە بۆ هەستەکان، و زانینیش نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەری گۆڕان و بارودۆخەوە، زانینی ڕاستەقینە دەبێت وەکو خۆی بمێنێتەوە، زانینیش ڕێژەی نیە. لای سۆکرات سەرچاوەی زانین [ ژیر] ە، لە کردەی زانیندا ئەقڵی بە سەرچاوە داناوە. سۆکرات بۆ ئەوەی ڕێگە لە سۆفستایەکان بگرێت هەوڵیدا مانای جێگیر بە وشەکان بدات بۆ ئەوەی نەتوانن بە ئارەزووی خۆیان و لە بەرژەوەندی خۆیان یاری بە وشەکان بکەن. سۆکرات تێگەی [ئاکار و زانین] ی بەیەکەوە بەستەوە، بەو بە یەکەوە بەستنەی ئاکار و زانین ڕێگەی لە ڕێژەگەرای گرت و هەوڵیدەدا مانایەکی نەگۆڕ بۆ چەمکەکان دانێت، ئەم هەوڵەی سۆکرات لە ئاکاردا بە تەواوی دەردەکەوێت، هەرلەبەر ئەوەش بە یەکەم  فەیلەسوفی ئاکار دادەنرێت.

  هەروەها پلاتۆ بە هەمان شێوەی ژیری کردوە بە سەرچاوەی زانین، پلاتۆ دوو ئاراستەی بینیوە لە کردەی زانیندا:

١- زانینێکی هەستەکی کە قابیلیەتی گۆڕانە.

٢- زانینێکی گشتی و ناچاریە، وڕێژەی نیەو بە پێ تاک، باروودۆخ، کاتەکان ناگۆڕێت.

     پلاتۆ دەیگوت ئەم جیهانە [ جیهانی بینراو ] ە، جیهانی هەستەکانە، سێبەرە و جیهانی ڕاستەقینە نیە، جیهانی ڕاستەقینە جیهانی  فۆرمەکانە کە تەنها بە [ ژیر ] دەتوانین پێ بگەین و هەستەکان سوودێکمان پێناگەیەنن. بەم شێوەی پلاتۆ وەک یەکەمین فەیلەسووفی ئایدیالیزم دەرکەوت. لە ئالیگۆری ئەشکەوت فەلسەفەکەی پلاتۆ بە ڕوونی دەردەکەوێت، گەرەکیەتی لە ڕێگەی ئالیگۆری [ چیرۆکێکی نمونەی ] دوالیزمی جیهان بۆ ئێمە ڕوونبکاتەوە : ئەم ئالیگۆریە باس لە چەند زیندانیەک دەکات لە منداڵیەوە زیندانی کراون لە ئەشکەوتێکدا لە پشتیانەوە ئاگرێک هەیەو خەڵك بەبەردەم ئاگرەکەدا دێت و دەچێت سێبەرەکە لە بەردەم زیندانیەکان دەر دەکەوێت، ئەم زیندانیانە ناتوانن ئاوڕبدەنەوە بە زینجیر کۆتکراون . ئەو وێنانەی لە بەردەمیان دەردەکەون وەک هەقیقەت وەری دەگرن، پێیان وایە ئەمە تاکە ڕاستیە کە ئەوان بینیاویانە.[1] پلاتۆ پێ وایە ئێمەش بە هامان دەرد چووین، بوونی ساختەی ئەم جیهانەمان لابوە بە هەقیقەت. لە ڕاستیدا ئەمە جیهانی ڕاستەقینە و هەقیقی نیە، بەڵکو جیهانی ئیدەکان لە ئاسمانە. بە هیچ شێوەیەک ناکەونە ژێر کاریگەری گۆڕان و کاتەوە.

    یەکێک لە بیریارەکانی دیکە ئەرستۆتالیسە، تالیس بە پەرش وبڵاوی و بە تێکەڵی باسی تیۆری زانینی کردوە. لە بەرهەمەکانیدا باسی [زانین]ی کردوە، بەڵام نەکراون بە بابەتی توێژینەوە. هەروەها تووند و تۆڵ بە بابەتی لۆجیک بە تایبەتی بە دەستەواژەو پرۆپۆزەیشن و بڕیاردانەوە بەستراوەتەوە[2]‍‍‍. لە نوسینەکانی ئەرستۆدا دەردەکەوێت کە بە لای هەستەکان و ئەزمونکردن و شارەزایدا شکاندوویەتیەوە، ڕەخنەی لە دوالیزمەکەی پلاتۆ گرتووە، دوورەکەوتۆتەوە لە زانینی زگماک کە سۆکرات و پلاتۆ پێیان وابوو مرۆڤ لە جیهانەکەی دیکە زانین فێربوە لەم جیهانە تەنها زانینی ئەوێ بیردەکەوێتەوە. ئەرستۆ ئاراستەی ڕیالیستی دروستکردوە، لە پڕۆسەی زانیندا پشت بە ژیر و ئەزموون دەبەستێت.

 ڕابەر و دامەزرێنەری تیۆری زانین جۆن لۆک

     جۆن لۆک لە ساڵی [ ١٦٣٢-١٧٠٤ز ] ژیاوە لە بەریتانیا، ئەم بیرمەندە، بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی ئیپستمۆلۆژیا دادەنرێت. لۆک کردەی زانینی سەربەخۆ کردوە کردی بە لقێکی سەربەخۆ لە فەلسەفەدا، ناوی تیۆری زانینی لێنا. لە سەردەمی ئەودا دوو ڕێبازی دژیەک هەبوو دەربارەی زانین، ڕێبازی یەکەم: ژیرەکی [Rationalism] بوو : لە دێکارت و سپینۆزاو لایبنتیز ڕابەری بوون، ئەم ڕێبازەی زانین لە پلاتۆوە دەستی پێکردبوو، هەروەک چۆن سۆکرات و پلاتۆ پێیان وابوو زانین بیرهاتنەوەیە بە هەمان شێوە ئەمانیش پێیان وابوو مرۆڤ خاوەن بیرۆکەی زگماکە و هەر لەو کاتەی لە دایک دەبێت بیرۆکەی زگماکی هەیە، سەرچاوەی زانینیان دەگەڕاندەوە بۆ ئەقڵ و پێیان وابوو هەستەکان جێگەی بڕوا نین. لە بەرانبەریشدا ڕێبازی ئەزموونیەکان [[empiricism هەبوو. کە لای ئەوان هەستەکانسەرچاوەی زانین بوون، مرۆڤ کە لە دایک دەبێت وەک کاخەزێکی سپی وایە و دواتر بە هۆی ئەزموونەوە زانین بە دەست دێنێت، لۆکیش یەکیک بوو لە بیریارانی ئەم ڕێبازە هەوڵیداوە بیرۆکەی زگماک هەڵبوەشێنیتەوە، دەتوانین بڵێن لەم هەوڵەشیدا سەرکەوتووبووە، لۆک گوتویەتی ئایە ئەگەر ئێمە بەڕاستی بە زگماک خاوەن بیرۆکەین و لە هەستەکانەوە ئەم بیرۆکانەمان بۆ نەهاتوە بۆچی منداڵ و گێلە پیاو هیچ بیرۆکەیەکیان نیە دەربارەی ماتماتیک و لۆجیک، بەو پێوانەیەی ژیرەکیەکان دەبایە هەموومان خاوەن بیرۆکەی یەکسان بین، ئەزمونگەرەکان بە تەواوی لەسەر حەقن دەربارەی  بیرۆکەی زگماک، ئێستا لە زانستدا ئەمە ڕوونبۆتەوە کە منداڵ بە هیچ شێوەیەک هیچ تاقە ئایدیایەکی نیە دەربارەی زانین و خودا و شتگەلی تر، کە ژیرەکیەکان پێیان وابوو هەموو مرۆڤ بە یەکسانی دەربارەی بوونی رەب خاوەن بیرۆکەن. ئەمەی کە دەگوازرێتەوە بە هۆی کرۆمۆسۆمەکان و جینەکانەوە ئەمانەش تەنها سیفاتەکانی باوان دەگوازنەوە وەک [باڵا،ڕەنگی قژ،جۆری شەوێڵگە، درێژی لاق، دەست….هتد] مرۆڤ هیچ [ ئایدیا،زانین،بۆچوون ] ێکی لەگەڵ لە دایک نابێت، بەڵکو بە هۆی بەریەکەوتنی لەگەڵ کۆمەڵ و سروشتی چواردەوری لە ڕێگەی ئەزموون و تاقیکردنەوە دەبێتە خاوەن بۆچوون و ئایدیا و فێربوون. هیچ شتێک لە مێشکدا نیە ئەگەر پێشتر بە هەستەکاندا تێنەپەڕیبێت.

     لۆک چۆن زانینی کرد بە تیۆر و لقێکی سەربەخۆ؟  بە وروژاندنی چەند پرسیارێک لۆک بنەماکانی تیۆریزەکردنی ڕشت : مرۆڤ بە چ ڕێگەیەک زانین بە دەست دێنێت لە یەکەم هەنگاودا زانینی زگماکی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دەبێت جێگرەوەیەک هەبێت بۆسەرچاوەی زانین و بە دەستهێنانی و ئایە ئەو ئامرازانە کامانەن؟ هەروەها مرۆڤ ئەو زانینەی بە دەستی هێناوە تا ئێستا چۆن زانراوە؟  ڕادەی دڵنیای لێکردنی ئەم زانستە تا چ ئاستێکە؟ بابەتەکانی زانین و ئەو بوارانەی مرۆڤ تێدا خەریکی کۆڵینەوەیە چین؟ مەبەستیان چیە لەمە؟ و ئەو ڕێگاو ئامرازانە کامانەن کە زانین بە هۆیانەوە بە دەست دێت؟

     ئەزموونگەراکان مێتافیزیکیان دەکردە دەرەوەی فەلسەفە, دەیان گووت مێتافیزیک هیچ سود و ئەنجامێکی لێ بەدەست نایەت، بۆیە مرۆڤ ناشێت خۆی بە بوارێکی وەها خەریک بکات کە دەرئەنجامەکەی دیارنیەو هیچ دەسکەوتێکی لێ بەدی نایەت. هەروەها لاهووت و ڕەب بابەتی فەلسەفە نین و هەرکەسێک خەریکی  ئەم بابەتانە بێت پێویستە مەیدانی فەلسەفە جێ بێڵێت و بروات لە مەیدانی لاهووتەوە خۆی سەرقاڵ بکات ئەوێ مەیدانی رەبە. ئەزموونیەکان پێیان وابوو هەر ئۆبجێکتێک بە هەستەکان نەمان توانی شرۆڤەی بکەین و زانینمان لێ وەدەست نەکەوت پێیوست نیە خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین.

    دەربارەی مێتافیزک و کردنە دەرەوەی لە فەلسەفەدا چەند بەسوود بوبوێت بۆ بەرەوپێشچوونی ژیان و زانست ئەوندەش زیانی بە مرۆڤایەتی گەیاندوە. ئەم داوکاریەی ئەوان هیچ ڕەوایەتیەکی تێد نیە و ناشێ فەلسەفە بچتە ژێر بارێکی لەم شێوە. زۆر بواریی مرۆی هەیە پەیوەندیدارن بە مێتافیزکەوە، فەلسەفە ناشێت دەسبەرداری مێتافیزک بێت] ڕەوشت و ئاکار، هونەر، نۆرم، بەها، کلتور[ بواری مێتافیزیکن، مرۆڤ بوونەوەرێکی مێتافیزکیە دەست بەردان لە مێتافیزک دەسبەردانە لەم بەهایانەی کە لە چەرخی نیلۆتیکەوە[3] ئافراندوونی. ئەگەر فەلسەفە میتۆدی خۆیبگۆڕێتو ئۆبجێکتی سرووشت بکات بە بابەتی توێژینەوە ئەمە گۆڕینی فەلسەفەیە بۆ زانست و بێ پێزکردنی فەلسەفەیە. مرۆڤ چەند بوونەوەرێکی مادیە ئەوندەش بوونەوەرێکی مێتافیزکیە هەر لە دێرەوە هەوڵیداوە لە ڕوانگەی ئەفسانەوە لێکدانەوە بۆ سرووشت و کارەساتە سرووشتیەکان بکات. ئەم داواکاریە پووچکردنی هەموو ئەو دەسکەوتانەیە کە مرۆڤ بە دەستی هێناون و ئافراندوونی.

    لۆک لە دوولاوە تێکۆشاوە بنەماکانی ئیپستمۆلۆژیا دابڕێژێت، لایەنی یەکەمیان نێگەتیفە کە تێدا هەوڵدەدات بە گشت ڕێبازی ژیرەکیەکاندا بچێتەوە لەو بنەمایانە بدات کە ئەوان بۆ زانین دایان ناون، ڕوونی بکاتەوە ئەو پڕەنسیپانەی ئەوان پشتی پیدەبەستن بۆ دەسخستنی زانین دروست نین، لۆک هەوڵی داوە پوچەڵیان بکاتەوە. هەروەها لایەنی دووەمی لایەنی پۆزەتیڤیە لۆک لەم ئاراستەیەوە هەوڵدەدات بنەمای ڕێبازی ئیمپیری دابمەزرێنێت، تێکۆشاوە بیرۆکەو ئیدەکان پشت ڕاست بکاتەوە، و ئەمەش ڕوونبکاتەوە کە ڕستە و چەمک و دەستەواژە ئەبستراکتەکانیش بە واتای کات – زەمەن زگماکی نین.[4]

    لە پلەکانی زانیندا باس لە سێ جۆر زانین دەکات لە ئاستی یەکەمدا زانینی بۆهاتن:INTUITIVE کە پێویستی بە ساخکردنەوە نیە و حاشا هەڵنەگرە. مرۆڤ کاتێک ڕاستەوخۆ بەر بابەتێک دەکەوێت پێویستی بەوە نیە بەراوردکاری بۆ بکات، پێویستی بە ئایدیای سێهەم نیە. ڕەش هەر ڕەشە و شین نیە. لە ئاستێکی دیکەی زانینندا کە بە سەلمێنە: demonstration لەم ئاستەدا ژیر پێیویستی بەوەیە بەراوردکاری بکات کاتێک دەزانێت کە بەبێ بیرۆکەی سێهەم ناتوانێت بگاتە دڵنیای، بیرۆکەیەک وەک ناوبژیکار و یارمەتیدار وەردەگرێت.  سوود لە بابەتێکی تر وەردەگرێت. ئەمە لە بیرکاری و ئەندازەدا باوە. زانینی هەستەکی:sensitive ئەم شێوە زانینە لەوانی دیکە نزمترە پەیوەندی دارە بە جیهانی دەورووبەرەوە. پەیبردن بە سرووشتی دەرورووبەر، ناگاتە ئاستی دوو شێوەکەی دیکەی زانین.

   هەموو ئەو باسانەی دەربارەی ئیپستمپۆلۆژیایە لە شاکاری هەوڵێک دەربارەی تێگەشتنی مرۆڤدا باسکراوە، تیشک خستنە سەر ئامرازەکان و سەرچاوەکانی زانین، توانای ئاستی زانینی مرۆڤ و ئەو بابەتانەی مرۆڤ لێیان دەکۆڵێتەوە، جۆن لۆکی کردوە بە دامەزرێنەری ڕاستەقینە ئیپستمۆلۆژیا و دەرکەوتنی وەک لقێکی سەربەخۆی فەلسەفە، هەوڵەکانی دەربارەی گەشتن بە زانینی بە دەر لەگوومان و یەقین. بۆیە دەتوانین بڵێن وەک یەکەمین بیرمەند کە ئیپستمۆلۆژیا لە لای خەتوخاڵ دەدات و دەردەکەوێت، بە بنەمایەکیشی دادەنێت بۆ گەشتن بە زانین، یەکەمین هەڵوێستە کردن بە پێویستی زانی لەسەر خۆیان ئەوە بوو کە ئایە ئەو زانینەی مرۆڤ تا ئێستا دەستی کەوتوە بە چ ڕێگایەک دەستی کەوتوە، ئەو ئامرازانە چی بوون بە کاری هێناون.

دابڕانی ئیپسمۆلۆژی چیە؟

    دابڕانی ئیپستمۆلۆژی لە ناو فەلسەفەدا و لە تیۆری زانیندا پێگەیەکی سەنتڕاڵ و گرنگی هەیە لە خۆرئاوا [ ئەوروپا – ئەمەریکا ] ئەم باسە سەنگێکی زۆری هەیە و جێگەی هەڵوێستەکردنە لای زۆرێك لە بیریارەکان،  شرۆڤەی بۆکراوە. ئەم چەمکە بۆ یەکەمین جار لەلایەن زانای فەڕەنسی [ گاستۆن باشلار ] وە بە کار هات  لەسەر زانستە سرووشتیەکان و بە دامەزرێنەری ئەم چەمکە دادەنرێت، دواتر لە لایەن  میشێل فۆکۆ و ئاڵتوسێر …هتد،  گوازرایەوە بۆ زانستەکانی دیکە وەک فەلسەفە و زانستە مرۆڤایەتیەکان[5].

    دوو ئاراستەمان هەیە ئاراستەی یەکەم [ بیرمەندانی دابڕانن ] کە دەبن بە دوو بەشەوەو هەردووکیان بڕوایان بە دابڕان هەیە، بەڵام تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەسەر دابڕانی ئیپستمۆلۆژی، دەبن بە دووبەرەوە [ ڕەها و ڕێژەی ] یەکەمیان پێ وایە زانست یاخود مێژوو لە ڕێگەی وەچەرخانێکی کتوپڕو لە ناکاو لە پنتێکدا گۆڕانکاری بەسەردادێت و پێدەنێتە قۆناغێکی دیکەوە، باوەڕیان بە هەنگاو دوای هەنگاو لەسەرخۆ نیە، بەڵكو وەکو قەڵمبازێک ڕوودەدات، دابڕان ئەوەی لە پێشخۆیدا بوو جێ دێڵێت، یاخود دەیسڕێتەوە. لە خاڵێکی دیکەوەو لە سەرەتایەکی تەواو تازەوە دەستپێدەکاتەووە. هەرچی دووەمە کە یەکەمیان بە نائەقڵانی ناوزەند دەکەن و بە پێچەوانەی ئەوانەوە پێیان وانیە دابڕانی ڕەها جێگەی باوەڕ بێت، دان بەوە دادەنێن کە دابڕان لە ڕاستیدا هەیە، بەڵام نەک بەو شێوازەی کە نائەقڵانیەکان باسی دەکەن.

    ئاراستەی دووەم مێژوو وەک ڕاستەهێڵێک دەبینێت و پێیان وایە هیچ دابڕانێک جێگەی باس نیە، باوەڕیان بە هیچ دابڕانێک نیە، ئەم ئاڕاستەیە بە تەواوی دژی شۆڕشو پسانەوەی ئەو ڕاستەهێڵەن کە پێیان وایە لە ئەرستۆوە تا ئێستا هەر بەردەوەمی هەیە، بیریارانی ئەم ئاراستەیە لە کۆنەپارێز و تەقلیدیەکان هەژمار دەکرێن. جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەین کە دابڕان تەنها لە ئیپستمۆلۆژیادا ڕوونادات، بەڵکو ئەم چەمکە فراونترە و چەند بوارێکی دیکەش دەگرێتەوە لە ئەقڵانیەت و نائەقڵانیەت  و لێکدانەوەو گەشەسەندنی مێژوو داخۆ مێژوو  بە شێوەیەکی ئەقڵانی یاخود نا ئەقڵانی ڕێدەکات؟  و چەند پرسێکی وەک ئایە کەسێک هەی ڕەوتی مێژووی بە دەستبێت؟ یاخود ڕەوتی مێژوو بەرەو کوێ دەڕوات؟ [6]

– کانت و شۆڕس

     ئیمانوێڵ کانت ڕابەری تڕانسندێنتاڵی ئەڵمانی و فەیلەسوف لە ساڵی {١٧٢٤ – ١٨٠٤ } ژیاوە، یەکێکە لە هەرە کەسایەتیە کاریگەرەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە سەردەمی کانتدا دوو ڕێبازی سەرەکی هەبوون دەربارەی ئیپستمۆلۆجی کە لە سەرەتادا باسم کردوون. ڕێبازی ژیرەکی و ڕێبازی ئەزموونی. وەک باسمان کرد ئەم دووڕێبازە وەک دوو ڕێباوەڕی دژ بەیەک وەستابوونەوە، کانت هەوڵی دا لەو دووڕێبازە تێکەڵکێشێک دورستبکات، بە دیدی کانت ناشێ بێ ژیر دەستمان بگات بە زانین، بە هەمان شێوە بەبێ یارمەتی هەستەکان هۆش بە تەنها ئەو توانایەی نیە بگات بە زانین و لەبەر ئەوە کانت هەردوو ڕێبازەکەی بە یەکەوە گرێداوە، کۆشاوە ژیر لە هەست و سۆز دوربخاتەوە، دەستی کردوە بە ڕەخنەکردنی ژیر، بەو مانایە ژیر خۆی هەستێت بە ڕەخنەکردنی خۆی.     

   لەسەردەمی کانتدا گریمانەیەک دەرکەوت کە ئێستا بە شۆڕشی کۆپەرنیکۆسی دەناسرێت پێش دەرکەوتنی ئەم مۆدڵە پارادایمی زەوی سەنتەری هەبوو، لە زەوی سەنتەریدا هەموو هەسارەکانی دیکە بە دەوری زەویدا دەسوڕێنەوە، زەوی ناوەندی گەردوونە. یەکەمین جەنگی سەرەکیی نێوان ئاین و زانست، و پڕواتاترین جەنگ، بەرکەوتنی تیۆریەکانی پەیوەندی دار بەباسەکانی ئەستێرەناسی لەسەر ئەوەی ئایە خۆر چەقی گەردوونە یان زەوەی چەقی کۆمەڵەکەیە لەو سەردەمەدا ڕوویدا. پێش شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس مۆدڵی پەتلیمۆس، هەبوو مۆدڵەکەی بۆ چەندەها ساڵ مایەی مشتومڕبوو، بەڵام بە شێوەیەکی جدی وەرنەگیرا. تێڕوانینی چەقە زەوی دیاردەیەک بوو کە مرۆڤ وەک دەرهاویشتەیەکی غەریزەیی تەبەنیی کردبوو. پارادایمی زەوی سەنتەری چیە؟ ئەو پارادایمە بوو کە لە یۆنانی کۆنەوە لەزانستی ئەستێرە ناسی و فیزیای ئەرستۆوە سەرچاوەی گرتبوو، هەروەها یەکێک لەو زانایانەی بە پێشڕەوی زانستی ئەستێرەناسی دادەنرا ( پتۆلیمی)بوو. بە درێژای چەندین سەدە بە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرمابۆوە، گریمانەکەی پتۆلیمی لەسەر تەماشکردنی خۆر بوو، خۆر لە خۆرهەڵاتەوە هەڵدێت ورۆژانە بەسەر زەویدا تێدەپەڕێت و ڕوو لە خۆرئاوا دەکات. هەروەها کڵێساش ئەو گریمانەیەیی تەبەنی کردبوو. بوو بوو بە بتێکی شانۆ. لە زەوی سەنتەریدا هەموو هەسارەکان بە دەوری زەویدا دەخولێنەوە، بە درێژای چەندین سەدە ئەم تێڕوانینە درێژەی هەبوو، هەروەها کەسایەتی ئەرستۆش بە کەسایەتیەکی پیرۆزو موقەدەس دادەنرا لە گۆڕەپانی زانست و فکردا. هەروەها بیرکردنەوە لە دەرەوەی فەلسەفەی تالیس بە گوناع و تاوان هەژمار دەکرا، لە زانستە سروشتیەکان هەڵکردنی دوو پارادایم بە یەکەوە تا ئەندازەیەکی زۆر قورسە . ئەگەرچی ئەستەمیش نیە.

– گریمانەکەی کۆپەرنیکۆس.

    ئەو زانایە بە پارادایمی{ خۆر – سەنتەری } دژ بە پارادایمی زەوی سەنتەری وەستایەوە. کۆپەرنیکۆس پێوابوو کە هەموو هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەخولێنەوە زەویش هیچ جیاوازیەکی نیە بەهەمان شێوەی هەسارەکانی تر بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، وەک هەر هەسارەیەکی ئاسایتر. پیاوانی ئاینی ئەو سەردەمە پێیان وابوو ئەمە کەمکردنەوەیە لە بەهاو گەورەی زەوی و مرۆڤیش، کفرو تاوانێکی گەورەیە، لەکەدارکردنی ئەو هەقیقەتە ئیلاهیەیە کە کڵێسا بانگەشەی بۆ دەکرد، شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس گریمانەکەی پتۆلیمی هەڵوەشاندەوە. لە تیۆریەکەی کۆپەرنیکۆس خۆر هەڵنایەت و ئاوا نابێت واتە خۆر تەنێک نیە بەسەر زەویدا هاتووچۆ بکات و ڕووناکی بدات بە زەوی و دواتر ئاوابێت، هەروەها زەوی سەنتەری گەردوون نیە، گریمانەکەی پێشتر پێوابوو کە زەوی سەنتەری گەردوونە و هەسارەکانی تر بە دەوری زەویدا دەخولێنەوە.

     هەروەها لە ئاینە ئاسمانیەکانی دیکەش دەگووترێت هەسارەکانی تر بۆ ڕازاندنەوەی ئاسمان دروستکراون. ئەم تێڕوانینانە وایان کرد ڕاستی و دروستی بابەتەکە بە ئەستەمتر دەرکەوێت. ئەو سەردەمەش کڵێسا تەواوی کایەکانی بۆخۆی قۆرخکردبوو، شیکردنەوەی ڕووداوە گەردوونیەکان، شرۆڤەی دیاردەو نادیاردەکان بە مافی خۆی دەزانی جگە لە پیاوانی ئاینی کەس ئەو مافەی نەبوو بیربکاتەوە و توێژینەوە بکات لە گرفتەکان و دەقە مێژوویەکان بکۆڵێتەوە. هەروەک چۆن ئێستاش لە جیهانی ئیسلامیدا پیاوانی ئاینی دژی { خۆر – سەنتەری } کۆپەرنیکۆسن[7]. پێیانوایە دژی دەقە پیرۆزەکانی خودان. پیاوانی ئاینی هەمیشە پێیان وایە دەبێت زانست خۆی لەگەڵ  ئایندا بگونجێنێت، ئەو زانستەی لەگەڵ  دەقە ئاینیەکان یەک نەگرێتەوە زانست نیە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ ونکردنی هەقیقەت. لەبەر ئەوهۆکارە کۆپەر نیکۆس ڕووبەڕووی چەندین کۆسپ و تەنگەژە بۆوە، مۆدڵەکەی کۆپەرنیکۆس، کاتێک تەحەدای ئەو گەردونە زاڵەی کرد کە سەدەها ساڵە لە مێشکی مرۆڤدا وێنە کراوە، دەرەنجامەکانی شۆڕشگێڕانە بوون. کڵێسە و کۆمەڵگە خۆشییان بە سیستەمی{ زەوی  –  سەنتەری } پەتلیمۆسی هەبوو. کۆپەرنیکۆس شتەکەی زۆر بە هەستیار وەرگرت، هەتا توانی چاپکردنی کتێبەکەی دواخست، بە جۆرێک گەیشتە ئەو ڕۆژەی کە لەسەر پێخەفی مەرگ بوو. میراتییە پڕ مشتومڕەکەی سەرەتا بە جدی وەرنەگیرا و بە شێنەیی وەلاخرا.

         لە ڕاستیدا ئامانجی خوداوند لە دروستکردنی گەردوندا وەک دەردەکەوێت بەرەو خودی مرۆڤە. فەرمانەکانی تایبەت بە مرۆڤی لە خوداچوو { مەسیح } و لێبوردنی گەورە نێوانگەرایی ئەم مرۆڤە، ئەگەر مرۆڤ بە ئەشرەفی ناو بوونەوەرەکان  هەژمارنەدەکرا، ئەگەرێکی زۆر دەبوو. لە ئەستێرەناسی کۆپەرنیکۆسیدا، هیچ شتێک نابینرێت کە بیسەلمێنێت مرۆڤ کەمترە لەوەی کە بۆخۆی بیری لێدەکاتەوە، بەڵام بە لابردنی زەوی لە ناوەندی گەردوون، هێزی خەیاڵ وای لێ دەکات بیربکاتەوە، کەدانیشتوانەکەشی لە ناوەند بوون لابراون . لەمەوبەر وابیر دەکرایەوە کە هەموو ئەستێرەکان رۆژانە خەریکی تەوافی زەوین وهەرچی هەیە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستکراوە، یان بەشەر بوونەوەرێکی زۆر تایبەتە بۆ ئافرێنەر. بەدرێژای چەندین سەدە ئەمە بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی بوو، تا دەگات بەوەی کە لە خەوندا بووە ئەو هەسارەی ئەو لە چاو هەسارەکانی تری گەردوون هەسارەیەکی بچووکە و گەردوونێک خەیاڵنەکراو بوونی هەیە. تەلیسکۆبە ئاسمانیەکان توانیان گەورەی کۆمەڵەی خۆر و ڕێگەی کاکێشان و زۆریی ژمارەی گەلەئەستێرەکانی  گەردوونی دەرخست، ئەمەش زەبرێکی کوشندەبوو بەرکڵێسەی کاسۆلیکی و هەروەها پرۆتستاتەکانیش کەوت. ئەو پارادایمە ڕەواجی نەما کە چەند هەزارساڵێک بوو خەڵك بە راست وەریانگرتبو، کۆپەرنیکۆس لە ڕێگەی شۆڕشەکەیەوە زەوی لەو قودسیەتە دابڕی کە پێدرابوو، ئەو گرنگیەی نیە لە گەردووندا و بچووکی زەوی لە چاو گەردوون، ئەو بیرۆکە دەهێنێتە ئاراوە، کە لەوانەیە جۆری مرۆڤ ئامانجی گەردوون نەبێت، لووت بەرزی و خۆپەرستی لە مێژینەی مرۆڤ کە لە گوێچکەیدا دەنگی دەدایەوە گوێزرینگانەوەیەک هیچیی دیکە نەبوە. بە دروستی دەتوانین بڵێن کۆپەرنیکۆس یان شۆڕشی کۆپەرنیکۆسی شۆڕشێک بوو بەسەر بەهاو نۆرمەکانی مرۆڤایەتیدا یاخی بوونێک بوو لە لووتبەرزی بەشەر و ئەو بیرکردنەوەی کە گشت گەردوون لە خزمەتی زەوەی و سەردارەکەیدا کە مرۆیە.

         زانست و فەلسەفە پەیوەندیەکی پتەویان لەگەڵ یەکتر هەیە. هەروەها ئەو شۆڕشانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کراون و دابڕانی ئیپستمۆلۆژیان دروستکردوە ڕیشەیەکی فەلسەفیان هەیە بێگومان لە تەک بەرەوپێشچوونی زانستیشدا دووبارە ئەم بەرەوپێشچوونەی زانستە کاریگەری لەسەر خودی فەلسەفە دادەنێتەوە . ئەو بەو مانایە نا کە فەلسەفە لەسەر ویستی زانست خۆی نوێبکاتەوە. دوای شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس کانتیش بە پێویستی زانی شۆڕشێکی لەم شێوەیە بکات، تێکۆشاوە زەمینەیەکی زانستی بۆ مێتافیزک دابمەزێنێت و ئەم زەمینەسازیە بۆ مێتافیزک میتۆدێکی ڕێکو پێکی زانستی گەرەکە،  پێشنەکەوتنی مێتافیزک بۆ ئەمە دەگێڕێتەوە، تا دواجار خۆی بە داهینەری ئەو میتۆدە[8] دادەنێت.

          کانت لە هەوڵەکانیدا بۆ زەمینەسازی زانستی بۆ مێتافیزک لە هەوڵدانیدا بۆ دۆزینەوەی  زانینی لە پێشتر دەردەکەوێت. ئێمە کە سەرنج دەدەین لە بابەتێک زانینمان وەک  ئەوە نیە کە بابەتەکە هەیەتی لە ڕاستیدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە بابەتەکە دەبێت هاوشێوەی زانینەکە بێت کە خاوەنی بونیادی خۆیەتی و لە پێشترە. لێرەدا هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە و شۆڕشەکەی کانت دەبێتە شۆڕشێکی کۆپەرنیکۆسی؟ کۆپەرنیکۆس سەنتەری لە زەویەوە گۆڕی بۆ خۆر، و کانتیش بە هەمان شێوە سەنتەری گۆڕی. مێتافیزک لە جیهانی مەتڕیاڵ نیە و لە دەرەوەی سروشتە کانتیش بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی زانستی خزمەت بە مێتافیزک کات [ ژیر] ی کرد بە سەنتەر، بەو مانا کە  چۆن هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە؛ بابەتەکانیش بە دەوری مرۆڤدا دەسوڕێنەوە، و ئەقڵ خاوەن  زانینی لە پێشترە. دیاردەکان بە ڕێگەی ئەزمونکردن دەتوانین پەییان پێ بەرین بۆ نمونە؛ بە هەستەکانمان بابەتێک دەبینین ئەم هەستانە داتا دەنێرن بۆ ژیر و ژیریش بیرۆکەیان لێ دروست دەکات. ئەم پڕۆسەیە [ کردەیە ] بۆ جیهانی مەتڕیاڵ بێ گرفتە، بەڵام بۆ بابەتە مێتافیزکیەکان نالوێت، ناشێت هەستەکان سەنتەر بن و لە ڕێگەی ئەوانەوە لێیان تێبگەین، بۆیە کانت ژیری کرد بە سەنتەر بۆ بابەتە مێتافیزکیەکان، کانت ئەم شۆڕشەی خۆی وەک شۆڕشی کۆپەرنیکۆسی ناوزەند دەکرد، بەڵام ڕەخنەی ئەوەی لێگیرا کە شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس لە  [ زەوی – سەنتەری ] کراوە بە [خۆر – سەنتەری ] ئەم سەنتەر گۆڕینە مرۆڤیش دەگرێتەوە، ئەگەر زەوی لە سەنتەری لابدرێت بێگوومان بوونەوەرەکانی ناویشی لە سەنتەر بوون دەکەون، مرۆڤ لەو سەردەمە و بگرە بە ئێستاشەوە لافی ئەوە لێ ئەدەن کە ئەم زەوی و گەردوونە بۆ خزمەتی ئەوان ئافریدەکراوە، ئەو سەرداری جیهانە، بەڵام کۆپەرنیکۆس بە پێشکێشکردنی ئەم گریمانەیە[9] ئەو دڵنیایە و خودئەڤینیەی مرۆڤی کۆتای پێهانەو خستیە دوودڵیەوە.

            بێرتراند ڕەسڵ ڕەخنە لەو شۆڕشەی کانت دەگرێت، بە دیدی ڕاسڵ کانت لە بنەڕەتەوە لەسەر هێڵێکی کۆپەرنیکۆسی نەبوە، بەڵکو لەسەر هێڵی پتۆلۆمی بووە پتۆلۆمی زەوی کرد بە سەنتەر  و هەسارەکانی تری بە دەوردا دانا، کانتیش بابەتی لە دەوری ئەقڵ دانا. هەروەها گەرەکی بوو بابەتەکان لە بەر ڕۆشنای زانینی لە پێشتر بناسێنێت. کاڕڵ پۆپەر لە ڕاڤەکردنی شۆڕشە کۆپەرنیکۆسیەکەی کانتدا وای بۆ دەچێت کە مرۆڤ لە سرووشتەوە بیرۆکەکان وەرناگرێت  و یاساکان دروستناکات، ئەو بیرۆکەو یاساکان لە خۆیەوە بەسەر سروشدا دەسەپێنێت.[10]  بەو مانایەی لە شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆسدا زانینەکە لە ژیرەوە سەرچاوەی گرتوە ئەو زانینە لە پێشترە، لە هەستەکانەوە نایەت، بەڵکو لە ژیردا هەیە ئەوە ژیرە ئەم زانینە لە پێشترە دەسەپینێت بەسەر بابەتەکەدا. ئەم زانینە پێشتربە من دراون. ئەم میتۆدەی کانت وەک بینیمان ڕەخنەی لێگیراوە لە لایەن بیرمەندانی دیکەوە. پرسیارەکە ئەمەیە ئایە کانت سەرکەوتووبوو لە سازکردنی زەمینەیەکی زانستی بۆ مێتافیزک؟ توانی لەو تەنگەژەیە ڕزگاری بکات کە تێکەوتوە وەک زانستەکانی دیکە بەرەو پێشی بەرێت؟ ناتوانین بڵێن کانت لەو هەوڵەی بۆ بەزانستکردنی مێتافیزک  سەرکەوتووبوە، وەک گووتم لە چەند لاوە ڕەخنەی لێگیراو تا دواجار لە لایەن  بیریراننی [ فێرگەی ئەزموونگەریەوە ]  بە تەواوی هەڵوەشایەوە.

سەرچاوەکان

١- د.حەمید عەزیز، فەلسەفەی نوێ لە ئەوروپا.  هەولێر. ٢٠١٢. چاپخانەی ڕۆژهەڵات هەولێر.

٢- د.حەمید عەزیز، تیۆری زانینی زانستیانە. چاپخانەی دلێر.٢٠١٦. چاپی یەکەم. بڵآوکردنەوەی  دەزگای ئایدیا.

٣- د.محمد کەمال، فەلسەفەی کانت. چاپخانەی سەردەم ٢٠١٧ کوردستان –  سلێمانی

٤-هاشم ساڵح. وەرگێڕانی: شوان ئەحمد. دابڕانی ئیپستمۆلۆژی لە فکرو ژیاندا. چاپی دووەم. ٢٠١٦


د،حەمید عەزیز،تیۆری زانینی زانستیانە. چاپخانە :دێکان. .٢٠١٦نۆبەی چاپ:یەکە م لاپەڕە [ ١٥][1]

د،حەمید عەزیز،تیۆری زانینی زانستیانە. چاپخانە :دێکان. ساڵی چاپ :. .٢٠١٦نۆبەی چاپ:یەکە م لاپەڕە   [ ١٨ ][2]

– چاخی بەردینی نوێ،سەردەمی شۆڕشی کشتووکاڵ و ئاواکردنی گووندە،مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠٠٠٠ساڵ پ.ز. [3]

– د.حەمید عەزیز.فەلسەفەی نوێ لە ئەورووپا.هەولێر- کوردستان٢٠١٢ .شوێنی چاپ :چاپخانەی ڕۆژهەڵات –هەولێر. ناوەندی ئاوێر.لاپەڕە١٩٦[4]  

هاشم ساڵح،دابڕانی ئیپستمۆلۆژی لە فیکر و ژیاندا،وەرگێر:شوان ئەحمد.چاپخانە:تاران.نۆبەتی چاپ: چاپی دووهەم٢٠١٦.چاپخانەی ئەندێشە.لاپەڕە:٨ -[5]

– ه. س. پ لاپەڕە :٧[6]

[7]-فتوای فەرمی هەیە بۆ تەکفیرکدنی [خۆر-سەنتەر]احمد ابن عبدلرزاق دویش.الجنتە الدائمە البحوث العلمیە  والافتاء, فتاوي الجنة الدائمة البحوث العلمية و الافتاء,ريض, مكتاب المعارف بالرياض ,١٩٩١،٤:١٤٥:٢٦:٤١٥_١٦ .

– پەیڕەو[8]

– لەو سەردەمەدا تیۆریەکەی کۆپەرنیکۆس نەسەلمێنرابوو بۆیە بە گریمانە ناوم هێناوە، دواتر زانایانی دیکە دەیسلمێنن و  وەک گریمانە نامێنێتەوە.[9]

– د.محمد کەمال.فەلسەفەی کانت .چاپخانەی سەردەم،ساڵی٢٠١٧،کوردستان-سلێمانی.نۆبەتی چاپ:یەکەم لاپەڕە [٨٢][10]

     ه

هاوشێوە