رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

جەمیلە گیان

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسين: مەزن جەمیلە

ئێستا دایکم مردووە، ئەوە حەقە و ڕاستە، کەس ناتوانێ نە مردن ڕەت بکاتەوە و نە لە مردن ڕا بکات، هەموو ئەوانەی ئەو نوسینە دەخوێننەوە و بە منیشەوە کە دەینوسم، دەمرین، بەڵام لێرەدا وردەکاری هەیە، دەبێ باس بکرێت، پەیام هەیە دەبێ بگات، ئەم ڕۆژانەی دوایی ژیانی دایکم بۆ من بەبێ دەنگی تێنەپەڕین، بەرزی و نزمی زۆرم بینی، شتی سەیرم بەسەر هات، بە مردنی دایکیشم گەیشتە لوتکە و منیش ئەنجامم وەرگرت، هەستم کرد ڕوناک بوومەوە، کە چوومە سەر جەستەی سارد و بێ گیانی، چوومە ژوانی خۆشەویستەکەم، لە ژێرزەمینی نەخۆشخانەیەک، سوپاسم کرد، ماڵئاواییم لێ کرد، پێم وت کە بچێت لە شوێنێکی تر، بە قاچەکانی خۆی بڕوات، کە ماوەیەکی زۆر بوو لێی بێ بەش ببوو، بە دەستەکانی خۆی ئاو بۆخۆی تێ بکات، قاوە بخاتە سەر ئاگر، کە زۆری حەز لێبوو و سەربەخۆ نەیدەتوانی بیانکات، خەوی لێ نەدەکەوت، ئەوە ئیتر با تێر خەو ببێت، هەموو خەوی دنیا بوو بە هی ئەو، ئازار و ناسۆری کۆتایی هات، هەرچەندە سەرباری هەموو شەرت و مەرجەکانیش دایکم هەر ژیانی دەویست، لەبەر خاتری خۆی نا، لەبەر خاتری ئێمە، چونکە لە کۆتا ڕۆژەکانی هۆشی، هەمیشە نکۆڵی لەوە دەکرد کە بترسێت و ترسی لە مەرگ هەبێت، دەیگوت کە ماندووە! دەیپرسی کە چی بەسەر دێت؟، بەڵام کە پەنجەم لەسەر نوسینی ترس دادەنا، بە لێوەکانی ڕەتی دەکردەوە و پەیامەکەی دەگەیاندە من کە باسی شتێکی بێ مانا دەکەم کە ئەویش ترسە!

لە وشەی کۆتایی پەرەگرافی یەکەم دەستپێدەکەم، کە ترسە، دایکم هەرگیز نەدەترسا، زۆر سەیر بوو، نە لە پیاو دەترسا، نە لە ژن، نە لە خەڵکی سیاسی، نە لە عەسکەری، نە لە قسەی خەڵک، نە لە سەختی، نە لە هیلاکی، هیچ ترسێکی نەبوو، هەمیشە هەموو شتێک بە لایەوە ئاسان بوو، هەموو کارێک بەلایەوە شایەنی کردن بوو، بۆیەش دەیتوانی ئەوە بکات کە کردی، زوو زوو بە منی دەگوت (مرۆڤی ترسنۆک حەقە مافی مناڵ خستنەوەی نەبێت)، بەم دواییە هەستم کرد لە ئێمە دەترسێ، ئیتر لەگەڵ نەخۆشکەوتنی دڵی ناسک ببوویەوە و لە ئێمە دەترسا، ئێمە بۆ ئەو خۆشەویستیی بووین و خۆشەویستی چۆکی پێدادابوو، لەوە دەترسا لە دەستی بچین و خراپمان بەسەر بێ، ئەوە تەنها ترسێک بوو لە دایکمدا بینیم، هەندێک جار پێم ناخۆش بوو ناوی لێبنێم ترس، بەڵکو خۆشەویستیی بوو، خۆشەویستییێکی پڕ لە قوربانی، جا لێرە گرنگە ئەوە بزانین، دایکم نەترسیی و چاوقایمییەکەی بەکارنەدەهێنا بۆ خراپە، بەڵکو هەمووی خستبوویە خزمەت ژیانەوە، لەو ڕاپۆرتانەی دەینوسی، لە کەس نەدەترسا، لەو ڕاستییانەی بەیانی دەکرد، لە کەس نەدەترسا، نەدەترسا خوێندی، نەدەترسا کاری کرد، نەدەترسا ئێمەی پەروەردە کرد، چونکە بە ترسەوە هەرچی بکەی بە ناتەواوی دەردەچێت، کارەکانی دایکم بۆیە پڕ بوون، چونکە ترس بەری پێنەگرتبوون!

دەچمەوە بۆ شوێنێکی تر، ئەوەی کە دایکم کارمەندی یو ئێنە و وەک یەکێک لە ژنە کاریگەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریی کراوە، منیش مەزن، یارمەتی دەیان هەزار کەسم داوە، ناوێکی دیارم، دایکیشم خەڵک زۆر دەیناسێ، ناوبانگ و ڕێستورانت و پەیوەندیی، ئەوانەی باسم کرد، ئەمانە بە هیچ شێوەیەک، نەک هەر گرنگ نین، بەلای گرنگیشدا ناچن، بێ بایەخن، هەمووان دایکیان هەیە و هەر کەسە و نرخی دایکی خۆی لای خۆیەتی، ئیتر نەخوێندەوار بێ، یانیش پرۆفیسۆر بێت، لە یو ئێن بێت، یان شوانی قەلێک بێت، منیش کە دانیشتووم لەسەر دایکم دەنوسم و باسی دەکەم، شتێکی تر دەزانم، کە ئەوانە نییە کە منیش بەلامەوە گرنگ نییە! دایکم پەیام بوو، مرۆڤێک بوو لە ژیانیدا پەیامی هەبوو، ئەوەی بۆم گرنگە ئەو پەیامەیە! کە ئەوە دەکرێ لە هەموو دڵەکاندا هەبێت، بەڵام دایکم یەک پارچە ببوو بە پەیامەکەی خۆی، پەیامێک کە بۆ ژیان پێویستە، ئەویش باشیی و مرۆڤ بوونە، هیچی تر نا، نە قورسە و نە زۆرە، تەنها مرۆڤێکی باش بە، دڵت پاک بێت، بەڵێ لاریی دێتە ڕێ، بەڵام ئامانجە گەورەکەت بیر نەچێت!

خێڵ دایکمی هاڕیبوو، زەواجی بەزۆر بە تەمەنێکی بچوک، بە پیاوێک زۆر لە خۆی گەورەتر، خزم خزمێنە و زۆرکردن، دیل کردن و نەناسینی ئیرادەی دایکم، هەموو جار بە منی دەگوت (منداڵییان دزیم)، دواییش هەتا بۆیان کرا دژایەتییان کرد، ئەوە بێگانەکان نەیانکرد، خزمە زۆر نزیکەکان کردیان، خێل کردی، کەس و کار کردی، بۆیە دایکم لەوەدا زۆر کارامە بوو، کە خۆی و ئێمەشی لەژێر هەیمەنەی خێڵ دەرهێنا، ئێمەی دایەوە بە خۆمان، خۆشی بوو بە خێل و کەس و کار و هەموو شتێکمان، تا زیندووش بوو، کەس نەیدەوێرا پێی بلێ ئەوها نا ئاوا، هەموو دەستێکی تەداخول کردن و داگیرکردنی ئیرادە و دەستوەردانە بڕیارەکانی بڕیبوو، ئازاد ببوو لێیان، ئەوەش ڕێک کابوس بوو بۆیان، درەنگ لەوە تێگەیشتن کە دایکم چەوتییەکانی ئەوان و چەوتییەکانی شاریش نییە، ڕۆح و کەسایەتیێکی ترە، کە تێگەیشتن، بەخۆیاندا چوونەوە، ئەوکاتەش دایکم نەیویستن و پێی وتن کە ئەگەر باشن پیرۆزی خۆتان بن، دەمەوێ لە دوورتان بم، لەو شتەشیدا هێزم دەبینی، دایکم لە تەنیایی خۆی نەدەترسا، کتێبی دەخوێندەوە و سەیری فلیمی دەکرد، خوا خوای بوو کاتی هەبێت، چونکە پڕ بوو دەیزانی چی لێ بکات، لەوسەریشەوە شەقێکی لە خێڵ دا، ئێمەشی لەدەستیان ڕزگار کرد، جەستەیی و فکرییش، هەر یەکێک لە ئێمە، خۆمان خاوەنی کەسایەتیی و بڕیاری خۆمانین، ئەوەش هۆکارەکەی دایکمە. ئەوە بەخششی ئەو بوو بۆ ئێمە، هەموو جار دەیگوت (ئەوەی بەسەر من هات، نابێ بەسەر ئێوە بێ، کەس خاوەنداری لە من نەکرد، بەڵام من لە ئێوەی دەکەم.)

دایکم، لەژێر ڕۆشنایی پاکیی و مرۆڤ بوون، لە دیارترین شوێنەکانی هەولێر ئیشی کرد، لە هۆتێل شیراتۆن، ئەوکاتە ئێمە هەژار بووین و بە هەژاریش ماینەوە، دایکم ڕۆژێک بیری لێ نەکردەوە خۆی بفرۆشێ، بە سەرمایەدارێک، یان بە سیاسیێیک، هەرگیز، کە ئەو ڕەتی کردبوویەوە لە مالەوە کاڵا بێت، لە لادێکەی دیل و کاڵا و کۆیلە بێت، ئاواش لە دەرەوەش قبولی نەبوو کاڵا و دیل و کۆیلە بێت، هەرگیز هیچ شتێکی بەلاشی لە هیچ کەسێک قبول نەدەکرد، هەر هەژار بووین و هەر بە هەژاریش هێنامان، زۆربەی جار خزمەکان دەیانگوت وەڵا ئێوە کۆی ناکەنەوە، بەڵام قەت نەیاندەگووت ئیش کردن بە شێوەیەکی سادە و شەرەفمەندانە، زوو بەرزت ناکاتەوە، ئەوەتا ئەمڕۆ ئەو وڵاتە بۆ وێران بووە؟ لەبەر ئەوەی قیەم نەماوە، مرۆڤ نانی بێ کەرامەتیی و لەخۆڕایی پێ دەخورێ، پێی گەش دەبێ، دایکم ئەوە نەبوو، ئاوا نەبوو، ماندوو بوو، جلەکانی لە لەنگە دەکڕین و ویستی گەورەتری لە ڕووکەش لە دڵدا بوو!

ڕۆژێک هاتەوە، زۆر زۆری لە باوەش کردم، وتی چەند دڵم خۆشە لە ئارامیدای، چوومەتە سجنێک لە ناوچەی موسل، بەندکراوەکان هەموو مێردمنداڵ بوون، دەرگای سجنەکە کرایەوە، منداڵەکان لەتاو خۆرەکە چاوی خۆیان گرت، دیاربوو دەمێک بوو دەرگایان بەسەردا گیرابوو، ڕوناکی و پەنجەرەیەکیش لەو ژوورە نەبوو، پەتو و بەتانی دڕاویان لە ژێردا بوو، بەو دەردانەوە دەتلایەوە، خەمی خەڵکی بوو، هەندێک ئازاری خەڵک دەدەن و خەڵک دوعایان لێ دەکات هەر ساغن، دایکیشم لەبەر خەمی خەڵک و ئەو هەموو تاوانەی لە موسل و داعش و جەیش و حوکومەتەکان بینی، توشی نەخۆشی دەروونیی ببوو و شەوان خەوی لێ نەدەکەوت، هەموو ئەو کاتەی ئێزیدییەکان لە چیا بوون، دایکم ڕۆژ و شەوی خستبوویە سەر یەک، کاتژمێر ٥ی ئێوارە کاری تەواو دەبوو، دەهاتەوە تا کاتژمێر ٢ی شەو، زانیاری کۆ دەکردەوە، ئەوەندە بە دەم خەڵکەوە بوو، دوو ساڵ و نیوو بوو لە لوبنان بوو، بۆ کاری بانک سیمکارتەکەیم ئەکتیڤ کرد، تەلەفۆنم بۆ هات، ئاوارە و خەلکی قوربانی بوون، داوای هاوکارییان دەکرد، منیش وتم ئێستا مۆبایلەکە لای نییە، تەنانەت دوای دووساڵ داخستنی مۆبایلەکەی و نەمانی لە عێراق، هەر هیوا و ئومێد بوو بۆ خەڵکی بەش مەینەت!

لە خێمەکان لەگەڵ ئاوارەکان دادەنیشت، بەڵام لە حەفەلات و دانیشتنی پۆزاوی هۆتێلەکان زەرورەت نەبووایە میوان نەبوو، کەیفی لێ نەبوو و نەدەڕۆیشت، داوای لە منیش کردبوو کە هەموو ئەوانە ببینم، بۆ ئەوەی تێی بگەم، پێویستە پێی بگەم، تامی بکەم و بزانم کە هیچ نییە، دایکم زۆری لە فەلسەفە و چەمکە فکرییەکان نەدەزانی، بەڵام جوان دەژیا، ئەوکاتەی لە هۆتێل ئیشی دەکرد، زۆرترین ڕێزی پاککەرەوەکانی دەگرت، زۆر ڕەسمی و فۆرمال بوو لەگەڵ خاون هۆتێل، من خۆم لەوێ کارمەند بووم و شایەتی ئەوەم، ئەوکاتەشی لە یوئێنیش بوو، لە هەولێر، ئەمڕۆ ڕەفیقەکانی تێلیان بۆ کردم و گوتیان کە ئارامیمان لێ بڕاوە، دانیشتووین دەگرین، بۆ؟ چونکە دایکم تا ئەوێی بۆی کرابا لە دڵ و لە دەست و لە چاو و لە دەمی، خەڵک پارێزراو بوو، باڵا بەرزییەکەی دایکم، موهیمییەکەی دایکم، دڵە باشەکەیەتی، شتەکانی تر هەموو لاوەکیین، شتە سەرەکییەکە ئەوەیە!

مۆدێل بوو بۆ ژیان، مرۆڤ وەک نموونە بیگرێتە دەست، زەرەر ناکات، ڕاستگۆ، سەرڕاست، خۆبەخش، بەخشندە، هەموو ڕقی دنیای لە زێڕ بوو، هەموو ڕقی دنیای لە نمایش بوو، ژنانە بوو، حەزی لە مکیاج و جلی جوان و تەنورە و قژی خۆی بوو، بیرمە ڕۆژێکیان زۆر گریا، گوتم بۆ دەگری، گوتی مەمکم دەبڕن، تۆ مەمکت ببڕن ناگریت؟ ئەوکات تێگەیشتم کە مەمک بۆ ژن چەند گرنگە و ئنوسەتە، دایکیشم وەک ژنێک چەندە مەمکی خۆی خۆشدەوێ، بەڵام ئەوانە نەببوون بەوەی کە دایکم ببێتە بەشێک لە بەتاڵیی، ببێ بە ڕووکەش، ببێ بە باربی و بوکەڵە، دایکم سەر بە حزبی مەعنەویات بوو، لە هەر مرۆڤێکدا جوانیی بگرە و ئەوە بکە بە ئومێد بۆ خۆت!

دایکم ڕقی لە هەژار نەبوو، دانیشێ بڵێ ڕەش و ڕوتی خراپ وەک ئەوەی ئێستا باوە ، هەمیشە بیری دەخستمەوە کە دڵ لای هەژارانە، بەڵێ دەوڵەمەندەکان ئەکرێ ڕوویان جوان بێ، بەڵام بێ باکن و زۆربەی جوانییەکان لای هەژارەکانە، هەرگیز ڕقت لە هەژارەکان نەبێت لەبەر ئەوەی گیرفانیان بەتاڵە، یارمەتی دەوڵەمەند دەدەی چ باک؟، ئەگەر ڕاستگۆی یارمەتی هەژار بدە، ئەوان ئەوەن کە پێویستیان پێتە، بیرمە بەلای تازییەیەک داچووین زۆر قەرەبالغ بوو، دایکم وتی ئەوە دەبێ چ ملشکاوێک بێت مردبێت؟، منیش کە کوڕیژگەیەکی دە ساڵان دەبووم و نەدەبووم لێم پرسی کە بۆچی وا دەڵێ؟ ئایا پیاوەکە ملی شکابوو؟ ئەو چۆن دەزانێ ملی شکاوە؟ دایکیشم وتی کوڕم ئەگەر ئەوە فەقیر بووایە کەس نەدەبوویە ساحەبی، ئەوە مەبەستی منە!

مرۆڤ بوو، مرۆڤێکی سەنگین، ئەوە وانەیە، خۆی مرد، بەڵام وانەکە نامرێ، وانەکە شایەنی خۆ پێوە بادانە، بۆ نمایش نا، بۆ ئەنجامدان، خەڵک بە گێل نەزانیت، سوکایەتی بە خەڵک نەکەیت، ویژدانت زیندوو بێت، قوربانی بە کات و وزەی خۆت بدەیت، دڵێکت هەبێ، کە بتوانی تۆزێکیش بێ، ئەوانی ترت پێی خۆش بووێ!

هەموو جار کە دەچوومە بەیروت بۆ لای، دەستی دەگرتم و دەیگوت(ئەو شەڕەی توشی من بووە، خێری پێوە بوو، ئەوەتا یارمەتی ئەو هەموو خەڵکەت دا، خوا منی کرد بە سەبەب و تۆی کرد بە پالەوان، منیش دڵخۆشم و شوکرم بەو بەشە) دایم لەسەر ئەوە دڵنیای دەکردمەوە، نە ڕەنگ، نە دین، نە نەتەوە، نە ڕەگەز ، هیچ کام لەوانە وا نەکات جیاکاری بە مرۆڤەکان بکەم، بەڵکو هەمیشە بۆیان باشە بم، خێر بم لە ژیانیاندا، ئازاری کەس نەدەم، ئەو ئاخیرەش کە کەوتە ژووری چاودێڕی چڕ، سەرەتا ڕۆیشت و وامزانی مرد، دوایی هاتەوە، کە هاتەوە، حەفتەیەک بەیەکەوە بووین، ئەو بەیەکەوە بوونە زۆر خۆش بوو، چێژی زۆرم لێ بینی، بە ئارامی و پڕ بە دڵی خۆم لە ژوورەکەی لەسەر کورسییەکە ئەخەوتم، جارێک پۆستم لەسەر عەباس کرد، ئەوە لەژێر فەرمانی دایکم بوو، کە داوای کرد هاوکاری عەباس بکەم و کتێبیشی لەسەر بنوسم، لە کاتێک دایکم نەیدەتوانی قسە بکات و بە ئیشارەت و قەلەم ئەوەی پێ وتم، دواتر توانای قسەی بە چپە بۆ گەڕایەوە، ئەوکاتە پێی وتم، من بۆیە هاتمە ئێرە، تا تۆ یارمەتی عەباس بدەیت، هەموو شتێک خێری تێدایە کوڕم! لە هەموو ناخۆشییەکانی ژیانی ئاوا دیوێکی چاکی ئەدۆزییەوە و بۆی ئەژیا و هەنگاوی دەنا، پێدەکەنی و دڵی خۆش بوو، تا ئاخیر چرکەش هەر دڵی خۆش بوو، تەنها کە ئازاری هەبوو دەگریا، دەنا بە ڕۆشنایی کە دەڕژایە چاوەکانی، دڵخۆش بوو، دەیگوت کە هەر ڕۆژێک لەخەو هەڵدەستێت و چاوەکانی ڕۆشنایی دەبینن، سوپاسی خوا دەکات!

ئەمڕۆ لەگەڵ خوشکە گەورەکەم دانیشتبووین باسی دایکممان دەکرد، ئەو پزیشکەی لە بەشی چاودێری چڕ سەرپەرشتی دەکرد، بە خوشکەکەمی وتبوو کە دایکت نەخۆشییەکەی زۆر تەشەنەی کردووە، هەر سەیریشە کە ئەوەندە ژیاوە و ماوە، خوشکەکەشم دەچێ بە دایکم دەڵێ، ئەمەی باسی دەکەم کۆتا کەتەکانی تەمەنی بوو، ڕێک ئەوکاتە، دایکیشم بە خوشکەکەم دەڵێ بڕۆ پێی بڵێ من ماومەتەوە و تا ئێرەم هێناوە لەبەر: (خۆشەویستیی) (love).

حەزی لە نوکتە بوو، حەزی لە مۆسیقا بوو، حەزی لە گۆرانیی بوو، هەمیشە باسی ئەوەی بۆ دەکردم کە بچم سەیری پاریس بکەم و بیبینم کە بە دەست دروستکراوە و زۆر خشتە و وەکو شخاتەیە، ئەوجارە دەچوویە سەر باسی ئیستانبول و دەیگوت واز لە سیاسەت بێنم، ئیستانبول زۆر قەشەنگە، خۆشی و لەزەتی ئیستانبول جیاوازە، پێویستە بچم بیبینم، ئەمجارەیان باسی ماچەکانی سەر شەقامەکانی جنێف و مەسعەدە دوور و درێژەکانی بۆ دەکردم، دوایی دەیگوت لایاندە وەک ڕۆبۆت وان، شارەکەشیان زۆر ساردە، قەت ناچم بۆی، بەڵام نیویۆرک زۆر خۆشە، دەچمە ئەوێ، دەمزانی ئەو قسەیەی دەبێ بە شینم، کە دەیگوت من چاک دەبمەوە و نامرم، دەچمە نیویۆرک لەوێ کار دەکەم، جنێڤ ساردە، ناچم بۆ جنێڤ، ئەوەشی بۆیە دەگووت چونکە جنێڤ و نیویۆرک دوو ناوەندی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەکانن، دەرفەت دروست ببوو بچێتە ئەو شوێنانە بەڵام تەندروستییەکەی ڕێگای نەدەدا، مەبەستی ئەوە بوو کە چاک دەبێت و دەچێتە ئەوێ، بە هیواوە دەژیا، هەمیشە پڕ بوو لە هیوا، بۆیە زۆرم لێ نەکرد بێتەوە بەر لەوەی بگاتە چاودێری چڕ، چونکە هەموو جار دەیگوت کە ئەو لێرەیە تا چاک بێت، نایەتەوە بۆ مردن، مردنی قبول نییە، خۆی لە ڕاستیدا مردن پرس بە تۆ ناکات، بەڵام ڕاستەکە ئەوەیە تۆش پرس بە مردن نەکەیت، تا ئەمریت، مردن نەناسیت..

دایکم پەیکەرێک لە مەعنەویات، مرۆڤێک لە جوانی، خۆشباوەڕیی، هەمیشە منداڵ، هەزار دڵ، هەمیشە گوڵ، لەو وەرزەی کە خۆت زۆر سەرمەست بووی بۆی، پایز، بۆنی بارانت نەکرد، ئەتبەمەوە لە هاوار ئەتنێژم، لەوێ پایزەکەی تێر و پڕە، بارانیش دێت و تۆش ببە بە گوڵ و منیش هەوڵ دەدەم لایەقی بۆن و بەرامی تۆ بم، کوڕی تۆ بم، وەک تۆ دایکێکی ئەوەندە ناوازە بووی جەمیلە.

سوپاس بۆ هەموو پەیامەکانتان، بەردەوام سواڵی ئارامی دەکەم و لە ئێوە و یادگارییەکانی دایکم، هەرچەندە باشم، سەرباری ئەوەی کە لەدەستدانی مرۆڤێکی ئاوا، کەند و کۆڵ لە ژیانت دروست دەکات، بەڵام چار نییە دەبێ قبولی بکەم. لە هێنانەوەی تەرمی دایکم و دانانی پرسە ئاگادارتان دەکەمەوە، ئێستاکە تەرمی دایکم لە بەیروتە و هێنانەوەی چەند ڕۆژێکی دەوێ، دایکم هەر خەوشێکیشی هەبووبێ کە بێگومان هەیبوو، خوا لێی ببوورێ، لە مردووی ئێوەش، زۆر شوکور بوو، هەمیشە سوپاسی خوای دەکرد.

هاوشێوە