رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕقم لە مرۆڤی بێباکە

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسیبن: ئەنتۆنیۆ گرامشی

وەرگێران: پێشڕەو محەمەد

[تێبینیی: ئەم کورتەوتارە، ئەوەندەی بیرم بێت و لێرە و لەوێ بینیبێتم، زیاد لە جارێک وەرگێڕدراوە. وەرگێڕانەوەی ئەمجارەی وتارەکە لەلایەن منەوە، هیچ پەیوەندیی بە باشیی و خراپیی وەرگێڕانەکانی پێشووەوە نییە، بەڵکو یەکەم لەبەرئەوەی هەموو ساڵێک چەند جارێک دەیخوێنمەوە و دووەم پێموایە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا زۆر گرنگە، هەروەها بێباک لێرەدا بە مانایەکی نەرێنیی بەکار هاتووە-وەرگێڕ]

ڕقم لە مرۆڤی بێباکە. پێموایە ژیان واتا لایەنداربوون. ئەوانەی بەڕاستیی دەژین، ناتوانن هاووڵاتییەک و پارتیزانێک نەبن. بێباکیی و کەمتەرخەمیی مشەخۆریی و لادانە، نەک ژیان. ئا لەبەرئەوەیە، ڕقم لە مرۆڤی بێباکە.

بێباکیی باری گرانی مێژووە. بێباکیی بەهێزێکی گەورەوە کار لەسەر مێژوو دەکات. بێباکیی پاسیڤ و ناچالاکانە دەجوڵێتەوە، بەڵام هەر دەجووڵێتەوە. بێباکیی چارەنووس و قەزاوقەدەرە، کە ناکرێت بەهیچ شێوەیەک پشتی پێببەسترێت. بێباکیی بەرنامەکان دەپێچێتەوە و باشترین پلانەکان تێکدەدات. کەرەستەیەکی خاوە دژی هەست و زیرەکیی یاخی دەبێت. بەمجۆرەیە ئەوەی ڕوودەدات؛ خراپەیەک قورسایی دەخاتە سەرهەمووان، ڕوودەدات لەبەرئەوەی جەماوەری مرۆڤ[ی بێباک] دەستبەرداری ویست و ئیرادەیان دەبن؛ ڕێگە بە کۆمەڵە یاسایەک دەدەن بسەپێنرێن، کە تەنها یاخیبوون دەتوانێت ڕەتیان بکاتەوە، و ئەو بۆچوونە لای مرۆڤ دروستدەکەن تەنها ڕاپەڕین و ڕاسانێک دەتوانێت ئەمانە هەڵوەشێنێتەوە، ڕێگە دەدەن کەسانێک بەدەسەڵات بگەن کە تەنها بە شۆڕش دەتوانن لایانبەرن.

بەهۆی بێباکییەوە خەڵک خۆیان بە فەرامۆشیی دەسپێرن و پاشان وای بۆ دەچن ئەم فەرامۆشییە بەرهەمی چارەنووس و قەزا و قەدەر بێت کە حوکمی هەموو شتێک و هەموو کەسێک دەکات: ئەوەی ڕەزامەندە و ئەوەی ناڕازیی؛ ئەوەی دەزانێت و ئەوەش کە نازانێت؛ چالاک و بێباک. هەندێک بە ترس و پارێزگارییەوە دەنووزێنن، هەندێکی دی جوێنفرۆشانە دەلوورێنن، بەڵام هیچ کەس، یاخود زۆر کەم لەخۆیان دەپرسن: ئەگەر هەوڵمدابا ویست و ئیرادەم بسەپێنم، شتەکان بەمجۆرە دەبوون؟

هەروەها لەبەرئەوەیە ڕقم لە کەسانی بێباکە: چونکە ناڵە و نووزەی ئەوان بۆ بێتاوانانی هەمیشەیی، بێزارم دەکات. من هەریەکێکیان بەرپرسیار دەکەم: چۆن دەستوپەنجەیان لەگەڵ ئەو ئەرکەدا نەرم کردووە کە ژیان پێی بەخشیون و هەموو ڕۆژێک پێیان دەدات، چیان کردووە و بەتایبەت، چیان نەکردووە. و پێموایە مافی تەواوی ئەوەم هەیە دڵڕەق و سەختگیر بم و سۆز و بەزەیی خۆم بەفیڕۆ نەدەم و هەنسک و فرمێسکەکانم لەگەڵیان هاوبەش نەکەم. من پارتیزانم، من زیندووم، هەست بە ترپەی چالاکی ئەو شارەی داهاتوو دەکەم، کە ئەوانەی لە بەرەکەی منن و بونیادی دەنێن، هێشتا لە ویژدانیاندا زیندوون. و تێیدا زنجیری کۆمەڵایەتیی لەسەر خەڵک ناسەپێنێت؛ لەو شارەدا هیچ ڕووداوێک پەیوەندیی بە شانس و بەختەوە نییە، هیچی بەرهەمی قەزا و قەدەر نییە، بەڵکو بەرهەمی هۆش و زیرەکیی هاووڵاتیانییەتی. کەس لە پەنجەرەی قوربانیی و ئاوەڕۆی کەمینەیەکەوە ناڕوانێت. من زیندووم، من پارتیزانم.

لەبەرئەوە ڕقم لەوانەیە هیچ بەرەیەک ناگرن، ڕقم لە مرۆڤی بێباکە.

لە ڕاستیدا بێباکیی پاڵنەری سەرەکیی مێژووە. بەڵام بە مانایەکی تەواو نەرێنیی. ئەوەی ڕوودەدات، چ خراپ بێت کە هەمووان گیرۆدە دەکات، چ ئەو چاکەیە بێت بەهۆی جووڵە و کردەیەکی بوێرانەی گشتییەوە بەدیدێت، کەمتر بەهۆی دەستێوەردانی کەمینەیەکی چالاکەوەیە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ بێباکیی، بۆ نائامادەیی گشتیی. ئەوەی ڕوودەدات کەمتر بەهۆی ئەوەوەیە کە خەڵکانێکی کەم دەیانەوێت ڕووبدات، بەڵکو پەیوەندیی بەوەوە هەیە جەماوەری هاووڵاتیان واز لە بەرپرسیارێتیی خۆیان دەهێنن و لێدەگەڕێن شتەکان بەمجۆرە ڕووبدەن. ڕێگە بە گرێ و گۆڵەکان دەدەن دروست ببن، کە بە تێپەڕینی کات تەنها شمشێر دەتوانێت لەناویان بەرێت. ئەو بەڵا و بەدبەختییەی پێدەچێت حوکمی مێژوو بکات، دەقاودەق دەرکەوتەی فریودەرانەی ئەم بێباکییەیە، ئەم نائامادەییەیە. ڕووداوەکان لە پشتی پەردەی شانۆکەوە، لە سێبەرەکاندا ڕوودەدەن؛ دەستە نەپشکنراوەکان قووماشی ژیانی بەکۆمەڵ دەچنن – و جەماوەریش ئاگایان لە هیچ نییە. چارەنووسەکانی سەردەمێک لە بەرژەوەندییەکانی ئاسۆ بەرتەسکەکاندا دەقۆزرێنەوە و دەستکاریی دەکرەن، لە بەرژەوەندییەکانی ئامانجە خێراکانی گروپە بچکۆلەکانی چالاکوانان – و جەماوەری هاووڵاتیانیش ئاگایان لە هیچ نییە.

بەڵام لە کۆتاییدا ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن، هەمووان دەیبینن؛ ئەو قووماشەی لە سێبەرەکاندا چنراوە، تەواو دەبێت و پاشان پێدەچێت ئەو بەڵا و کارەساتە دەربکەوێت کە سێبەر بەسەر هەموو شت و هەموو کەسێکدا دەکات. پێدەچێت مێژوو هیچ نەبێت جگە لە دیاردەیەکی سروشتیی زەبەلاح، تەقینەوەیەکی گڕکانیی، بوومەلەرزەیەک و ئێمەش هەمووان قوربانییەکانی بین، هەموو ئەوانەی دەیانویست ڕووبدات و هەموو ئەوانەش نەیاندەویست ڕووبدات، هەموو ئەوانەی دەیانزانی ڕوودەدات و هەموو ئەوانەش نەیاندەزانی ڕوودەدات، سەرجەمی ئەوانەی چالاک بوون و گشت ئەوانەش بێباک. و پاشان بێباکەکانن تووڕە دەبن، ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان لە دەرەنجامەکانی داببڕن، ئەوانەی دەیانەوێت هەمووان بزانن کە ئەوان نەیاندەویست شتەکان بەم شێوەیە ڕووبدەن، بۆیە لێرە و لەوێ هیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەو ڕووداوانە هەڵناگرن. و لە کاتێکدا بەبەزەییەوە دەناڵێنن و ئەوانیدیکە جوێنفرۆشانە دەلورێنن، خەڵکێکی کەم، ئەگەر هەبن، ئەم پرسیارە لەخۆیان دەکەن: ئەگەر وەک مرۆڤێک ئەرکی خۆمم ئەنجام دابا، ئەگەر هەوڵمدابا دەنگم ببیسترێت، ویست و ئیرادەم بسەپێنم، ئەوەی ئێستا هەیە، هەرگیز ڕوویدەدا؟ بەڵام زۆر کەم خەڵک، ئەگەر هەر هەشبن، بێباکیی خۆیان وەک هەڵە و پەڵەیەک دەبینن – گومانگەرییان، شکستیان لە بەخشینی هێز و پشتیوانیی ماتریالیی بۆ ئەو گروپە ئابووریی و سیاسییانەی خەباتیان بۆ ئەوە دەکرد یان خۆیان لە کارەساتێکی تایبەت بەدوور بگرن یاخود بانگەواز بۆ چاکەی گشتیی بکەن. لەبری ئەمە، ئەوجۆرە خەڵکانە بەباشی دەزانن باس لە شکستی ئایدیاکان، لە داوەشانی دیاریکراوی بەرنامەکان و جوانییە هاوشێوەکانی دیکە بکەن. ئەوان هەر بەردەوامن لەسەر بێباکیی و گومانگەرییەکەیان.

هاوشێوە