رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ڕووخسارە گشتییەکانی ئەندێشەی ڕۆشنگەری لە ئەمریکا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: شەین ڕاڵستۆن

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

Download PDF

پێشەکی

سەرەڕای ئەوەی هاودەنگییەک سەبارەت بەو ماوەیەی کە ئەمریکا ڕووبەڕووی ڕۆشنگەری دەبێتەوە، لەئارادا نییە؛ هەر بۆیە وا باشترە بڵێین ڕۆشنگەریی ئەمریکا لە سەدەی هەژدەیەم لە نێوان بیرمەندە بەریتانییەکانی باکووری ئەمریکا و سەرەتای ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕووی داوە و ئیلهامیان لە ئایدیاکانی ڕۆشنگەریی بەریتانی و فەڕەنسی وەرگرتووە. ڕۆشنگەری کە میتافۆرێکە بە مانای هێنانی ڕووناکی بۆ سەردەمی تاریک و وەلاوەنانی دەسەڵاتی ڕەها، جا ئەم دەسەڵاتە چ ئایینی بێت یاخود سیاسی، هەروەها گومانی زیاتر سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ، ئایین و سیاسەت. لە چوارچێوەی ئەمریکادا، بیرمەندانێکی وەک تۆماس پەین، جەیمس مادیسۆن، تۆماس جێفرسۆن، جۆن ئادامس و بنیامین فرانکلین ئایدیای شۆڕشگێڕانەیان وەرگرت و دروستیشیان کرد، کە زۆرێک لەم ئایدیایانە ئەقڵگەرای زانستی، لێبووردەی ئایینی و ڕێکخراوی ئەزموونی سیاسی بوون، ئەم ئایدیایانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر گەشەکردن و سەربەخۆیی نەتەوەیی هەبوو. هەندێک لە بیرمەندانی ئەمریکی ئایدیای ئایینی و زانستییان تێکەڵ کرد؛ هەندێکی دیکە جەختیان لەسەر مافی سروشتیی مرۆڤ لەناو دۆکترینی لیبڕاڵیزمی دژە-دەسەڵات دەکردەوە؛ هەندێکی تریش لە بارەی چاکەی گشتییەوە دەیاننووسی، ڕابەرانی ڕۆشنگەری لە فۆڕمە سەرەتاییەکەیدا کۆماریخوازانە بیریان دەکردەوە. دەتوانین ئەو ئایدیا سەرەکییانەی لەناو ڕۆشنگەریی ئەمریکادا هەبووە، بەسەر شەش کاتیگۆریدا دابەشیان بکەین: دایزم، لیبڕاڵیزم، کۆماریخوازی، کۆنزەرڤاتیزم، لێبووردەیی و پێشکەوتنی زانستییانە. زۆرێک لەم بیرمەندانە لەگەڵ بیرمەندانی ڕۆشنگەریی ئەورووپا لەسەر ئایدیاکان هاوڕا بوون، بەڵام ئەگەر هەندێک نموونە وەربگرین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەم ئایدیایانە فۆڕمێکی تایبەتیی ئەمریکییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە.

قۆناغی بیرکردنەوەی ڕۆشنگەری

قۆناغی بەر لە شۆڕش و دوای شۆڕش لە مێژووی ئەمریکادا، هەلومەرجێکی گونجاو بوو بۆ سەرهەڵدانی ئەندێشەی ڕۆشنگەری، ئەویش لەژێر کاریگەری و بینین و بەراوردکردنی ڕۆشنگەریی ئەورووپی. لە ساڵانی بەر لە شۆڕش، هاووڵاتییانی ئەمریکا کاردانەوەیان بەرانبەر دەسەڵاتە خراپەکەی پاشا جۆرجی سێیەم و نادادپەروەریی پەرلەمان نواند، کە لەو سەردەمەدا باجێکی زۆریان لە هاووڵاتییان وەردەگرت و لە لایەن ئیمپڕاتۆریەتی ئینگلیزەوە دەچەوسێنرانەوە. هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە بیرمەندی شۆڕشگێڕ تۆماس پەین نامیلکەکەی بە ناوی “مافەکانی مرۆڤ”ـەوە نووسی و لەو نووسراوەدا ڕەخنەیەکی توند لە مامەڵەی خراپی کۆڵۆنیاڵە ئینگلیزەکان دەگرێت. لە ساڵانی دوای شۆڕش، سەرجەم نەوەی بیرمەندانی ئەمریکی سیستمێکی نوێی دەسەڵاتیان لەسەر بنەمای لیبڕاڵ و کۆماری دۆزییەوە و ئایدیاکانیان لە چەند دۆکیۆمێنتێک بە ناونیشانی پەیماننامەی سەربەخۆیی، ڕۆژنامەی فیدڕاڵیست و کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان تۆمار کرد.

لەگەڵ ئەوەی جیاوازیی نێوان ڕۆشنگەریی ئەمریکی و ئەورووپی لە سەدەی هەژدەیەم دەرکەوت، بەڵام زۆرێک لە بیرمەندەکانی ڕۆشنگەریی ئەمریکی هاوکات ئەزموونی کۆمەڵگەی بەریتانی و فەڕەنسییان بەردەوامی پێ دەدا. چوار تێما لە تێکستەکانی ڕۆشنگەریی ئەمریکی و ئەورووپی دووبارە دەبێتەوە: مۆدێرنیزاسیۆن، گومانگەرایی، عەقڵ و ئازادی. مۆدێرنیزاسیۆن واتا ئەو بیروباوەڕ و دەزگایەی لەسەر ئەخلاقی ڕەها، ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی (بۆ نموونە مافی خودایی دەسەڵاتی پاشا لە ڕژێمە کۆنەکاندا) وردەوردە نەمێنێت، ئەویش لەسەر بنەمای زانست، عەقڵانی و پلوڕاڵیزمی ئایینی. زۆرێک لە بیرمەندەکانی ڕۆشنگەری –بەتایبەتی فەیلەسووفە فەڕەنسییەکانی وەک ڤۆڵتێر، ژان-ژاک ڕوسۆ و دیدرۆ– شوێن فۆڕمێکی گومانگەرایی (skepticism) کەوتبوون و گومانیان لە پەرجوو، ئاسمان و هێزە سەرووسروشتییەکان دەکرد، ئەو هێزانەی سنووری هەڵبژاردنی تاک و عەقڵ بەرتەسک دەکەنەوە. عەقڵ کە بەخشراوێکی جیهانییە و هەموو کەسێک خاوەن عەقڵە، هەروەها سروشتی مرۆڤیش لەگەڵیدا دەبێتە تێمای سەرەکیی نووسینەکانی بیرمەندانی ڕۆشنگەری، بەتایبەتی ئێمانوێل کانت لە وتاری “ڕۆشنگەری چییە؟” و لە کتێبی “بناغەدانان بۆ میتافیزیکی مۆڕاڵ” ئەم تێمایانە بە ڕوونی دەردەکەون. تێمای چوارەمیش، ئازادی و ماف چەمکی سەنتڕاڵ و بنەڕەتیی تیۆرییە سیاسییەکانە، بەتایبەتی سەبارەت بە سنووردارکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەرکەوتنی پەیمانی کۆمەڵایەتی، ئەم تێمایەش لە نووسراوەکانی جۆن لۆک “لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە حکومەتی مەدەنی” و لە دەستنووسەکانی کتێبی “بەیاننامەی سەربەخۆیی”ـی تۆماس جێفرسۆن بە ڕوونی دەردەکەوێت.

میانڕەو و ڕادیکاڵ

جگە لەو تێما سەرەکییانەی بە درێژایی سەردەمی ڕۆشنگەری لەئارادا بوو، هەندێک مێژوونووسی وەک هێنری مەی و جۆناسان ئیسرائیل ئەندێشەی ڕۆشنگەری بەسەر دوو کاتیگۆریی ئاشکرادا دابەش دەکەن، کە هەر کامێکیان ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆک و ئایدیا زاڵەکانی سەردەمەکەیەتی. ڕۆشنگەریی میانڕەو ئاماژەیە بۆ لیبڕاڵیزمی ئابووری، لێبووردەیی ئایینی و دامودەزگا سیاسییەکان. بە پێچەوانەی میانڕەوەوە، ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ فیکرەکەیان تێکەڵەیەک بوو لە ڕیتۆریکی شۆڕشگێڕانە و کۆماریخوازیی کلاسیکییانە. هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن ڕۆشنگەریی بەریتانیا (بەتایبەتی چەند فیگەرێکی وەک جەمز هوتۆن، ئادام فێرگوسۆن و ئادام سمس) لە جەوهەردا میانڕەو بوون، لە کاتێکدا فەڕەنسییەکان (دێنی دیدرۆ، کلاود ئادریێن هێلڤیتوس و فرانسوا ماری ئاروت) ڕادیکاڵ بوون. ئەندێشەی ڕۆشنگەریی ئەمریکی کە لەژێر کاریگەریی بەریتانیا و فەڕەنسا بوو، هەردوو خەسڵەتەکانی ڕادیکاڵێتی و میانڕەوێتیی لە خۆیدا کۆ کردبووەوە.

کرۆنۆلۆجی

ئەندێشەی ڕۆشنگەریی ئەمریکی دەکرێت بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆجیانەش تەماشای بکەین، یاخود بەسەر سێ قۆناغی گەشەکردنی سەردەمی بیرکردنەوەی ڕۆشنگەریدا دابەشی بکەین. قۆناغی سەرەتا بۆ سەردەمی شۆڕشی شکۆداری ١٦٨٨-١٧٥٠ دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەندامەکانی چینی ناوەڕاستی ئەورووپا خۆیان لە ڕژێمە مۆنارشی و ئەریستۆکراتییەکان ڕزگار کرد، جا چ لە ڕێگەی دۆزینەوە زانستییەکانەوە بێت، یاخود گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی، یان کۆچ لە دەرەوەی ئەورووپاوە. قۆناغی ناوەڕاست لە ١٧٥١ـەوە دەست پێ دەکات تا چەند ساڵێک دوای شۆڕشی ئەمریکی لە ساڵی ١٧٧٩دا. تایبەتمەندیی ئەم قۆناغە بریتییە لە دۆزینەوە سەرسووڕهێنەرەکانی زانست، فۆڕمی ئەزموونی حکومەت، بەتایبەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. قۆناغی دوایینیش لە ساڵی ١٧٨٠ـەوە دەست پێ دەکات تا سەرهەڵدانی ناپلیۆن پۆناپارت، کاتێک شۆڕشی فەڕەنسی بەرەو نەمان دەچێت لە ساڵی ١٨١٥دا، قۆناغێک کە ڕۆشنگەریی ئەورووپی کاڵ بووبووەوە، لە کاتێکدا ڕۆشنگەریی ئەمریکی کاری خۆی دەکرد و لەناو دامودەزگاکاندا زۆرێک لە ئایدیاکانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. هەرچۆنێک بێت، بیرمەندانی ڕۆشنگەریی ئەمریکی هەموو کاتێک لەگەڵ بیرمەندە ئەورووپییەکاندا هاوڕا نەبوون. بۆ نموونە زۆرێک لە بیرمەندانی ڕۆشنگەریی ئەمریکی – بە دیاریکراوی جەیمز مادیسۆن و جۆن ئادامس- فەلسەفەی فەڕنسییان بە شێواندنی ڕۆشنبیریی سەردەم و قۆناغەکە دەبینی.

دیموکراسی و پەیمانی کۆمەڵایەتی

زۆرێک لە ڕووخسارە دیارەکانی ڕۆشنگەریی ئەمریکی و ئەورووپی بەرانبەر دیموکراسی، ڕەخنەگرانە بیریان دەکردەوە. گومانگەرایی سەبارەت بە بەهای دامودەزگا دیموکراتییەکان هاوشێوەی بڕوای ئەفلاتوون بوون کە پێی وا بوو دیموکراسی سەر بەرەو ستەمکاری دەکێشێت، ئەریستۆش بڕوای وا بوو دیموکراسی باشترینی فۆڕمە خراپترینەکانی حکومڕانییە. جۆن ئادامس و جەیمز مادیسۆن سەر بەو نوخبە دژە دیموکراسییە بوون کە ئایدیاکانیان ئەوە بوو دەسەڵاتی سیاسی دەخرێتە ژێر دەستی کەسانی نەخوێنەوار، کەمتر شایستە و کۆمەڵگە دەخاتە ڕیسکی هەڵچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە بیرمەندانی ڕۆشنگەریی ئەمریکا دژ بە دیموکراسی بوون، بەڵام ئەوانی دیکە بڕوایان بە حکومڕانیی جەماوەر هەبوو، هەر بەو شێوەیەی لە تیۆرییەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتیی ئەورووپادا گوزارشتی لێ کرابوو. تۆماس جێفیرسۆن بەتەواوەتی لەژێر کاریگەریی تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتیی جۆن لۆکدا بوو، لە کاتێکدا تۆماس پەین ئیلهامی لە تیۆرییەکانی ژان-ژاک ڕوسۆوە وەردەگرت. لۆک لە “دوو لێکۆڵینەوە دەربارەی حکومەت (١٦٨٩ و ١٦٩٠) دژ بە مافی خودایی پاشا دەوەستێتەوە و لایەنگریی ئەوەی دەکرد خەڵک دەسەڵات ببەخشنە حکومەتێک کە مافە بنەڕەتییەکان و ژیانیان، ئازادی و سەروەت و ماڵیان بپارێزێت. ئەگەر هات و حکومەت لەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە شکستی بهێنێت و نەتوانێت مافە سروشتییەکانی هاووڵاتیان بپارێزێت، ئەوا خەڵک مافی ئەوەی هەیە یاخی ببن و فۆڕمێکی نوێی حکومەت دروست بکەن. ڕەنگە ڕوسۆ لە کتێبی “پەیمانی کۆمەڵایەتی (١٧٦٢)” دیموکراتتر بێت، پێی وایە هاووڵاتیان مافی خۆبەڕێوبردنیان هەیە و ئەو یاسایانە دیاری دەکەن کە دەیانەوێت لە سایەیدا بژین و حاکمەکان پەیڕەوی بکەن. ئەگەر پەیوەندیی نێوان ویستی دەوڵەت و ویستی خەڵک (ویستی گشتی) دیموکراتییانە بێت، ئەوا پێویستە بە نێوانگریی دامودەزگاکانەوە ڕێک بخرێت و بپارێزرێت.

ئایدیا سەرەکییەکانی ڕۆشنگەریی ئەمریکی

دەتوانین ئەو ئایدیا سەرەکییانەی لەناو ڕۆشنگەریی ئەمریکادا هەبووە بەسەر چەند کاتیگۆرییەکدا دابەش بکەین: دایزم، لیبڕاڵیزم، کۆماریخوازی، کۆنزەرڤاتیزم، لێبووردەیی و پێشکەوتنی زانستییانە. زۆرێک لەم بیرمەندانە لەگەڵ بیرمەندانی ڕۆشنگەریی ئەورووپا لەسەر ئایدیاکان هاوڕا بوون، بەڵام ئەگەر هەندێک نموونە وەربگرین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەم ئایدیایانە فۆڕمێکی تایبەتیی ئەمریکییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە.

دایزم

بیرمەندانی ڕۆشنگەریی ئەورووپی بڕوایان وا بوو عادەت و تەقالید، نەریت و پێشمەرجەکان بەربەستێکن لە بەردەم گەیشتن بە مەعریفەی ڕاستەقینە و یاسا سروشتییە گەردوونییەکان. چارەسەرەکەش بریتی بوو لە دایزم یاخود تێگەیشتن لە بوونی خودا بە جیاکردنەوەی خودا لە کتێبە پیرۆزەکان، لە ئایین و پێغەمبەران و موعجیزەکان: لەبری وەرگرتنی بنەمای ئایینی بۆ عەقڵ و دۆزینەوەکانی جیهانی سروشتی. بیریارانی سەر بە دایزم خودایان بەو جۆرە دەبینی کە عەقڵی بە مرۆڤ بەخشیوە تا یاسا سروشتییەکانی گەردوون و بنەما ئەخلاقییەکان بدۆزێتەوە. زۆربەی ئەم بیریارانە (نەک هەموویان) سەر بە مەزهەبی پرۆتیستانت بوون و دژ بە بڕواکردنی کوێرانە بوون کە لە لایەن کڵێسای کاسۆلیکییەوە نوێنەرایەتیی دەکرا. بیرمەندە ڕۆشنگەرە میانڕەو و ڕادیکاڵەکانی وەک جەیمز ئادامسۆن، بنیامین فرانکلین، ئەلێکساندەر هامیڵتۆن، جۆن ئادامس و جۆرج واشینگتۆن سەر بە نەریتی دایزم بوون.

لیبڕاڵیزم

یەکێکی تر لە ئایدیا سەرەکییەکانی ڕۆشنگەریی ئەمریکی بریتی بوو لە لیبڕاڵیزم، واتا ئەوەی مرۆڤ مافی سروشتیی هەیە و دەسەڵاتی حکومڕانییش ڕەها نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای ویست و ڕێککەوتن فەرمانڕەوایی دەکرێت. بە پێچەوانەی نەریتی شۆڕشگێڕانە یاخود ڕادیکاڵ، لیبراڵیزم ڕەگی لە هارمۆنیی بازرگانی و پرۆتێستانیزمی لێبووردەیی داکوتابوو. لیبراڵیزم گرنگیی زیاتری بە چینی ناوەڕاست دەدا، وەک لەو کەسانەی لە چینی ئەریستۆکراتیی باڵاوە دێن، ئەگەر تەماشایەکی گشتیی لێبووردەیی پلوڕاڵیزم بکەین، دەبینین جیاکاریی لە نێوان هاووڵاتیان لەسەر بنەمای ڕەگەز و بنەماڵەیان نەکردووە، بەڵکو سیستمێکی یاساییە و بۆ ئەوە تەرخان کراوە پارێزگاری لە مافی خاوەندارێتیی تایبەت بکات، پشتگیریی تاکگەرایی بکات دژ بە کۆمەڵگەرای ناچالاک کە بەشێک بوو لە ڕێکخستنی فیوداڵی. بانگەشەی ئەوەی تاکەکان مافی بنەڕەتیی وەک خاوەندارێتی، ژیان، ئازادی و شوێنکەوتنی ئارەزووەکانیان هەیە لە فەیلەسووفی ئینگلیزی، جۆن لۆکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام ئەم دەربڕینانەش لە ڕەشنووسی “بەیاننامەی سەربەخۆیی”ـی تۆماس جێفیرسۆنیشدا بەدی دەکرێت.

کۆماریخوازی

کۆماریخوازیی کلاسیکی بریتی بووە لەو بیرۆکەیەی کە نەتەوەیەک دەبێت وەک کۆمارێک حکومڕانی بکرێت، واتا بەرزترین پلەکان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی گشتییەوە دیاری بکرێت، نەوەک لە ڕێگەی مافی میراتییەوە پلەکان بەدەست بهێنرێن. بەها کۆمارییەکان بریتین لە نیشتیمانپەروەری و هاووڵاتییەکی باش. کۆماریخوازی لە ڕێنسانەوە گەشەی کرد، کۆماریخوازیی کلاسیکی لە سەرەتاکانی لیبڕاڵیزم جیاوازە بەوەی کە مافەکان لە لایەن خوداوە نەبەخشراوە، بەڵکو ماف بەرهەمی ژیانی کۆمەڵگەی سیاسییە. ڕوانگەی کۆماریخوازیی کلاسیک سەبارەت بە ئازادی بریتییە لەوەی تاکەکان لەناو چوارچێوەی بوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی پەیڕەوی ئازادیی خۆیان دەکەن، نەک وەک تاکێکی سەربەخۆ کە کردارەکانی پەیوەندیی بە لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە نەبێت. بەم جۆرە پێناسەی ئازادی بۆ کۆماریخوازیی کلاسیک ئەوەیە کە ئازادی لە لایەن کۆمەڵگەی سیاسییەوە پێناسە دەکرێت نەوەک مافی سروشتیی تاک.

کۆنزەرڤاتیزم

هەرچەندە ڕۆشنگەری زیاتر لەگەڵ لیبڕاڵیزم و کۆماریخوازی هەماهەنگ بوو، بەڵام لە قۆناغی دوایی ڕۆشنگەریدا کۆنزەرڤاتیزم وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر شۆڕشی فەڕەنسی هاتە ئاراوە. ساڵی ١٧٩٠ ئێدموند بورک بڕوای وا بوو لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە (کە زۆر جار لە کتێبی چەند تێڕامانێک سەبارەت بە شۆڕشی فەڕەنسی بە “تیرۆر” ناوی دەهێنێت) کۆمەڵگەی فەڕەنسی تووشی سەرلێشێوان هات. زۆرێک پێیان وایە کۆنزەرڤاتیزمی بورکی بریتییە لە کاردانەوەیەک بەرانبەر ڕۆشنگەری یاخود دژە ڕۆشنگەرییە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆنزەرڤاتیڤەکان مامەڵەیان لەگەڵ چەمک و ئایدیاکانی ڕۆشنگەری دەکرد. زۆرێک لە ڕۆشنگەرەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سروشتی مرۆڤ گەڕاوەتەوە سەر بنچینە ڕاستەقینەکەی نەوەک کولتووری مرۆڤ. بۆ نموونە ڕۆشنگەرەکان بڕوایان بە بەیاننامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ هەبوو، کە زۆر زەرەرمەندە وەک لەوە سوودی هەبێت، ئەویش کاتێک بەسەر ناوچە، نەتەوە و کولتوورێکی تایبەتدا دەیسەپێنێت. بە هەمان شێوەی کۆماریخوازیی کلاسیکی، بورک بڕوای وا بوو کەسایەتیی مرۆڤ بەرهەمی ئەو کۆمەڵگە سیاسییەیە کە تێیدا دەژی، نەوەک پێشووتر خەسڵەتی مافی سرووشتیی لە پەیوەندیی کۆمەڵگە و سیاسیدا پێ بەخشرابێت. کۆنزەرڤاتیفەکان هێرشیان کردە سەر بیرۆکەی پەیمانی کۆمەڵایەتی (بەتایبەتی لە کارەکانی هۆبز، لۆک و ڕوسۆ) و وەک ئەفسانەیەک دەیانبینی کە لە دوورەوە تەماشای زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگە دەکەن. بورک تەنها جەختی لەسەر هەندێک ڕوانگە دەکردەوە و نەک ئەوەی بە گشتی سەرجەم بەهاکانی ڕۆشنگەری ڕەت بکاتەوە.

بە شێوەیەکی سەرەکی و بەهێز کۆنزەرڤاتیزم لە بیرکردنەوەی ڕۆشنگەریی ئەمریکیدا خۆی بەرجەستە دەکرد. لە کاتێکدا بورک ڕەخنەی لە شۆڕشی فەڕەنسی دەگرت، بەڵام پشتگیریی لە شۆڕشی ئەمریکی دەکرد کە دژ بە داگیرکاریی بەریتانیا شۆڕشیان دەکرد.  بیرمەندانی ڕۆشنگەریی ئەمریکی وەک جەمیز مادیسۆن و جۆن ئادامس ئایدیا کۆنزێرڤاتیزمەکانی بورکیان وەرگرت و ڕەخنەیان لە شێوازی شۆڕشی فەڕەنسی دەگرت.

لێبووردەیی

لێبووردەیی یاخود لێبوردەیی پلوراڵیزمیش یەکێک بوو لە تێما سەرەکییەکانی ئەندێشەی ڕۆشنگەریی ئەمریکی. لێبووردەیی جیاوازی، هاوکات لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی لیبڕاڵیزم لە چینی ناوەڕاستی بازرگانانی ئەورووپادا سەری هەڵدا. ئایدیاکە ئەوە بوو ترس و ڕق لە نەتەوە و ڕەگەزەکانی دیکە، نەمانی هاوڕێیەتی و پەیوەندی لە نێوان نەتەوەکاندا سەر بەرەو جەنگ و کوشتار دەکێشێت. بە هۆی ماندووبوونیش لە جەنگە ئایینییەکان (بەتایبەتی جەنگی ئایینیی سەدەی شازدەیەمی فەڕەنسا و جەنگی سی-ساڵەی سەدەی حەڤدەیەم) وای لە بیرمەندە ڕۆشنگەرەکانی ئەورووپا کردبوو وا بیر لە سەردەمی ڕۆشنگەری بکەنەوە کە عەقڵ حکومڕانیی پەیوەندیی نێوان خەڵک بێت، نەوەک دۆگماتیزمی ئایینی.

بیرمەندە ئەمریکییەکان ئەم پرەنسیپ و بنەمایانەی لێبووردەیی و پلوراڵیزمیان لە ڕۆشنگەرە ئەورووپییەکان وەرگرت. لەژێر کاریگەریی بیرمەندە ڕۆشنگەرەکانی سکۆتلەندا، وەک جۆن نۆکس و جۆرج بوچانان، ئەمریکییە کاڵڤینیستییەکان دامودەزگای تۆلێرانت و کراوە و دۆستانەیان دروست کرد وەک قوتابخانەی گشتیی نائایینی و ڕێکخراوی ئایینیی دیموکراتییانە.

سەرچاوە: https://iep.utm.edu/amer-enl/ 

هاوشێوە