نووسین: ئازاد شکور
ماوەی نێوان سەدەکانی پازدە بۆ سەدەی حەڤدە، لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپادا بە چەرخێکی خوێناوی و پڕ تراژیدیا و کارەسات دادەنرێت، کە سەردەمێکی پڕ لە کوشتارگەل و یەکترلەنێوبردن و قڕکردن و سڕینەوەی یەکتری بوو، ئەمەش لە نێوان تایەفە ئایینییەکان ڕووی دا، بە تایبەتی لە نێوان هەردوو مەزهەبی ‘کاتۆلیک و پرۆستانت’، کە بووە هۆی لەدەستدانی سەدان هەزار مرۆڤی بێتاوان، کە پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی داینەمۆ و ڕێگەخۆشکەری ئەو کێشمەکێشم و گۆمە خوێن و قەسابخانەیە بوون، چونکی بە کارێکی پیرۆزیان دەزانی، هەڵبەت مەرامی ئەمەش بۆ زیاتر مانەوەی پیاوانی ئایینی بوون بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان و زیاتر ڕەگداکوتانی دەسەڵاتە سیاسییەکەش بوو. ئەو بارودۆخە خوێناوییەی کە بەرۆکی ئەورووپای گرتبووەوە، پشکی شێر بە هەریەک لە وڵاتانی ئیتاڵیا، فەڕەنسا و ئیسپانیا بەر کەوتبوو، ئەم باردۆخە ناهەموارە پاڵی بە فەیلەسووفی فەڕەنسی “ڤۆڵتێر”ەوە نا. بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە نامەیەکی لەبارەی “لێبووردەییەوە” پێشکەش به ئەنجوومەنی دەوڵەت کرد، سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی پرسی خێزانێک کە بە ناحەق و بێ هیچ دۆکیۆمێنت و بەڵگەیەک بە بڕیاری دادوەر لەدار دران. ڤۆڵتێری فەیلەسووف لەم ڕێگەیەوە ویستی بە گوێی کۆمەڵگەی فەڕەنسی بە تایبەتی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە گشتی بچەپێنێت، بۆ ئەوەی لەبری ڕق و کینە و یەکترسڕینەوە، گیانی “لێبوردەیی” و یەکتر قبووڵکردن و ئاشتەوایی بچێنن. کرۆکی ئەم بیرۆکەیەی “ڤۆڵتێر” دەرئەنجامی ڕووداوێکی پڕ تراژیدیای خێزانێکی فەڕەنسی بوو، کە بێ هۆکارگەلێک بوونە قوربانیی ئەو ململانێ دروستکراوەی کە پیاوانی ئایینی لە نێوان تایەفەکاندا وەشەنیان کردبوو، “ڤۆڵتێر” پوختەی ڕووداوەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: ”تاوانی کوشتنی “جان گاڵاس”، بە شمشێری دادوەری تۆڵۆز، لە ٩ی نیسانی ١٧٦٢ی زایینی ئەنجام درا. “جان گاڵاس” پیاوێکی پیرەمێردی تەمەن ٦٨ساڵە بوو. بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵ لە تۆڵۆزی شاری فەڕەنسا سەرقاڵی کاری بازرگانی بوو، ئەوانەی ئاشنایەتییان لەگەڵ ئەو پیرەپیاوەدا هەبوو، وەکو باوکێکی چاک و میهرەبان و ئازادیخواز ناوزەندیان دەکرد، خۆی و هاوسەر و تەواوی خانەوادەکەی سەر بە مەزهەبی “پرۆستانتی” بوون. تەنها کوڕێکی نەبێت بە ناوی “مارک-ئەنتوان” چووبووە سەر مەزهەبی “کاتۆلیک”، “جان گاڵاس” دوور بوو لەو تەوژمە دەمارگیرییە مەزهەبییەی کە وڵاتەکەی هەنجنهەنجن کردبوو. سەرباری ئەوەش “جان گاڵاس” بە هۆی گڕینی مەزهەبەکەی لە “پرۆستانتەوە بۆ کاتۆلیک ڕێگریی لە کوڕەکەی نەکرد”. “مارک ئەنتوان کوڕی جان گاڵاس” وا ناسرابوو گرفتی سایکۆلۆجیی هەبوو، جارە جارە دەیگرت و له کاروباری ژیانی ڕۆژانەیدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەمە پاڵی بە “مارک ئەنتوان”ەوە نا چیتر ئەم ژیانە بە کەڵکی ژیانکردن نەماوە، هەستا بە خوێندنەوەی ئەو پەرتووکانەی باس لە خۆکوشتن دەکەن، بۆیه دوای خواردنی نانی شێوان، “مارک ئەنتوان” بە دەرگایەکی تەنیشت کۆگاکەی باوکی خۆی هەڵواسی. ئەم ڕووداوە خێزانەکەی تووشی شۆک کرد، بە هۆی هەڵا و هاتوهاواری خانەوادەکەیەوە خەڵکیش لە پێش دەرگای ماڵی کوژراوەکە کۆ بوونەوە، ئەوەی تێبینی کرا هیچ شوێنەوارێک بە جەستەی کوژراوەکەوە دیار نەبوو، لەپڕ دەنگێک لە دەمارگیرە ناحاڵییەکان بە دەنگی بەرز دەیگوت “جان گاڵاس” باوکی کوژراوەکە و خێزانەکەی خۆیان بە مەبەست کوڕەکەی خۆیان هەڵواسیوە، چونکە کوژراوەکە بە هۆی ئەوەی مەزهەبەکەی خۆی لە پرۆستانتەوە بۆ کاتۆلیک گۆڕیوە، ئەم گۆڕینە بووەتە هۆی ئەوەی خێزانەکەی ڕقیان لێ بێتەوە، ئیتر لەپڕ ئەم تۆمەتە بووە دەنگی زۆرینە، خەڵکەکەش هەمان شتیان دووبارە دەکردەوە، ئیتر تۆمەتەکە بووە ڕاستییەکی دامەزراو، ئیتر هەمووان گەیشتنە ئەو بڕوایەی بەپێی مەزهەبی پرۆستانت، دەبێت هەڵگەڕاو بکوژرێتەوە، ئەم دەنگۆیە گەیشتە “دیڤێد” دادوەر تۆڵۆز، سەرئەنجام بڕیار درا کوڕەکەیان هەڵبواسن کە تاوانبار کرابوون، بڕیار درا خێزانی کوژراوەکە بە هەمان شێوەی کوژراوەکە هەڵبواسرێن، ئەم فەرمانەش بە بڕیاری زۆرینەی ئەندامانی دادگای تۆڵۆز، بە سەرۆکایەتیی دادوەر جێبەجێ کرا. ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی “ڤۆڵتێر” نامەیەک ئاڕاستەی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کەیسەکەی “جان گاڵاس” و خێزانەکەی بکات، ئەوە بوو ئەنجوومەنی دەوڵەت لە ڤێرسای بە ئامادەبوونی سەرجەم وەزیرەکان و سەرۆکی دادوەرەکان، داوایان لە دادوەر کرد دۆسییەی جان گاڵاس و خێزانەکەی ڕەوانەی ئەنجوومەن بکات. بۆ ئەم مەبەستەش ڕەزامەندیی سەرۆکی دەوڵەتیش بەدەست هێنرا، سەرئەنجام بڕیاری ئەنجوومەن بە کۆی دەنگ بێتاوانیی جان گاڵاس و خێزانەکەی سەلماند، دەرکەوت بە بێتاوان جان گاڵاس و خێزانەکەی لەدار دراون.”١
ئەگەر ئێمە ڕابمێنین و خوێندنەوەیەک بۆ ئەم چیرۆکە بکەین، دەکرێت خەڵکانێک پرسیاری ئەوە بکەن ئەم ڕووداوە چ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە؟ ئەمە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، چ پێویست دەکات ئاوڕ لە بابەتێکی وەها بدرێتەوە؟ ئەوە زەمەنێک بوو تێپەڕی، قۆناغێک بوو چیتر ناگەڕێتەوە، ئەمە ڕووداوێکە هەم کولتوورەکەی، هەم زەمەنەکەی فەرسەخێک لە ئێمەوە دوورە، ئیتر چ پێویستی بە ئاوڕدانەوەیە.
بۆ وەڵامی ئەم پرسە دەتوانین بگەینە ئەو بڕوایەی بڵێین ئەو جەنگە ئایینییەی کە لە چاخە تاریکەکاندا ڕوویان داوە، پەیوەندیی بە هیچ ئایین و کولتوورێکی تایبەتییەوە نییە، بەڵکو لە هەموو سەردەم و ئایین و کولتوورێکدا ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە، ڕوودانیشی ئاگەرێکی حەتمییە، بۆیە مێژوو هەمیشە خۆی بە بەرگێکی نوێ و بە ناونیشان و فۆرمێکی نوێوە دووبارە دەکاتەوە هەمیشە ئامادەگیی هەیە و دەبێت.
دەکرێت لەناو هەر ئایین و کۆمەڵگەیەکدا کە پڕ بێت لە بوغز و کینەی ئایینی، کە لە نایەکسانی و نالێبووردەیی و یەکترلەنێوبردن سیخناخ بێت، ئەم پرسە زیندوو بێت.
هەنووکە لەنێو جیهانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، کەم نین ئەو فتوا ئایینییانەی لە لایەن پیاوانی ئایینی دەرچوێنراون و بە مەبەستی حەرامکردنی فڵان گۆڤار و فیسار ڕۆژنامە دەردەچێنرێن، کەم نین ئەو فتوایانەی خوێنی سەدان نووسەر و شاعیریان حەڵاڵ کردووە، لەنێو کۆمەڵگە و خەڵکی عەوامدا بە لادەر و کافر و گومڕا و تابووری پێنجەم ناوزەندیان کردوون، کەم نین ژمارەی ئەو گرووپ و ڕێبازە توندڕەو و ڕادیکاڵانەی لە ساڵانی پێشوودا بە چەک و قامە و چەقۆ، خوێنی ڕۆشنبیران و ئەدیبانی خۆیان حەڵاڵ کرد، ئێمە دەتوانین سەرنج بدەین لەوەی چۆن لەناو کۆمەڵگە ناحاڵییەکاندا، ئێستا گیانی بوغز و ڕق و کینە و نالێبوردەیی و سڕینەوە ڕێچکەیەکی دەستەجەمعیی وەرگرتووە، ئەگەر ساڵانێک لەوەوپێش لە ڕێگەی پارتیزانی و گرووپەوە بۆ لەنێوبردنی دەنگە ئازادەکان هەوڵ درابێت، ئەوا لە ئێستادا بە بەرنامە و چڕتر کار لەسەر سڕینەوەی ئەو دەنگە دلێر و ئازادانە دەکرێت ئێستا ئەو شەڕەی کە پێشتر گرووپە نامۆ و توندڕەوەکان خودی خۆیان چالاکییەکانیان ئەنجام دەدا، کەچی ئێستا ئەم تێڕوانینە لە ڕێگەی فتوای پیاوانی ئایینییەوە مۆرکێکی هەمەکی و تەواوکۆیی وەرگرتووە، ئەگەر نووسەرێک بیروبۆچوونێک دەردەبڕێت ئەوا هەڵمەت لە دژی دەگیرێتە بەر و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دژیان دەردەبڕن، کۆمەڵ و ڕای گشتی لە دژیان هان دەدەن. ئێستا ئەو کۆمەڵگە ناحاڵییانەی لە منداڵدانی چەرخی مۆدێرنەوە دروست بوون، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە هەمان سەردەمی چاخەکانی ناوەڕاستدا دەژین، ئێستا مەیلێکی ڕادیکاڵانەی ئایینیی توند هەیە کە ئەو مۆدێلەی لە ڕابردوودا ڕوویان داوە، هەمان ئەو مۆدێلە لەنێو کۆمەڵگەی ئێستادا پەیڕەو بکرێت و کۆپی بکرێتەوە، دەبینین هێزە ڕادیکاڵە ئایینییەکان (هەڵبەت بە پاڵپشتیی سیستمە سیاسییەکە) دەستیان خستووەتە بینەقاقای میللەت و هەر تاکە و بە ئارەزووی خۆی حوکم لەسەر کەسەکان دەدات، بە ئارەزووی خۆیان خەڵک بە کافر و گومڕا لەقەڵەم دەدەن، لە چەرخی مۆدێرنەدا لەم وڵاتە چکۆلانەی ئەم ڕۆژگارەدا، هیچ کەسێک نابینیتەوە بەقەد ئاییندارە ڕادیکاڵەکانی ئێمە ئازاد بێت و زۆریش بە سانایی فتوای کوشتنی نووسیار و هۆزانڤانەکانمان و چالاکوانە مەدەنییەکان دەدەن، بێ هیچ بیم و ترس و سانسۆرێک بە گومڕاو بێدین و لادەر دەیانشوبهێنن. گەرچی ئەگەر دەرفەتیان بۆ نەڕەخسابێت لەناویان بەرن، بەڵام خراپتر لە تیرۆری جەستەیی، ئەوا لە ڕێگەی مینبەر و میدیاوە کەسایەتییە زوڵاڵەکان تێرۆری کەسایەتی دەکەن، بە شێوەیەک لەناو کۆمەڵگەدا ناو و ناوبانگیان دەزڕێنن و لەکەداریان دەکەن، ئیتر ئەم جۆرە بیرکردنەوە ناشارستانییانە، دەبێتە دەنگی زۆرینە و جۆرێک لە ئیرهابی فکرییش. ئەمە ڕاهێنانی خەڵکە لەسەر بیری توندڕەوی و دروستکردنی فەزایەک کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی توندوتیژی و ڕق و نالێبوردەیی، ئەم جۆرە گوتارانە دەبێتە هۆی ئەوەی بە هەزاران مرۆڤگەلی لاواز دروست بن، کە ئەفسانە و چیرۆکیان بەگوێدا دەچەپێنن، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە پەروەردەیان بکەن، تاکو زیاتر ڕۆحیەتی ناکۆکی و ناتەبایی و ڕق لەنێو جڤاکدا بخوڵقێنن، بەڵام دەبێت ئەمە بوەستێنرێت، ڕێگرییەک لەپێش ئەم جۆرە هزر و بیرکردنەوانەدا دابنرێت، بۆ ئەوەی لە شوێنێکدا بوەستێنرێن، ئەگەر کەسانێک بە ناوی ئایینەوە بە کەیفی خۆیان تەراتێن بکەن، بە ئارەزووی خۆیان خەڵک بە گومڕاو و لادەر بشوبهێنن، ئیتر ئەم نیشتمانە لە دۆزەخێک زیاتر، چیتر نابێت.
دوای گوتنی هەموو ئەم ڕاستییانە، گرنگە بڵێین ئێستا لە جیهانی شارستانیەت و جیهانی کرانەوەدا، ئێمە زیاتر پێویستمان بە گیانی لێبوردەیی و ئاشتی و تەبایی و یەکتر قبووڵکردن هەیە، دەبێت نووسەرەکان و دەنگە ئازا و ئازدەکان بە هەمان شێوەی “ڤۆڵتێر و جۆن لۆک” هەستن بەوەی کە گیانی لێبوردەیی و یەکتر قبووڵکردن لە هەناوی کۆمەڵگەکەی خۆیاندا بچێنن، کاتێک “ڤۆڵتێر” هەستا بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسەکەی “جان گاڵاس” بۆ ئەوە نەبوو تاوەکو تۆڵە لە دادوەر تۆڵۆز بکاتەوە، یان ئەوانەی هاوکاریی دادوەر بن تاوەکو شەرمەزاریان بکات، بەڵکو مەرام لە نامەکەی “ڤۆڵتێر” بۆ ئەوە بوو کە داوای لێبوردن بکەن بۆ ئەو هەڵەیەی بەسەریاندا تێپەڕی، ئەم نامەیە بۆ ئەوە بوو تاکو ڕۆحیەتی برایەتی، ئاشتی، خۆشەویستی، لێبوردەیی و یەکتر قبووڵکردن بکەنە کرۆکی بیرکردنەوەکانی خۆیان، ئاساییە ئەگەر بیرکردنەوەکان جیاواز بن، بەڵام دەکرێت ڕێز لە ئازادیی بیرکردنەوەی یەکتری بگرین، وەک چۆن دەتوانین ڕق و کینە و دووبەرەکی بەرهەم بهێنین، ئەوا بە هەمان شێوەش دەتوانین خۆشەویستی، لێبووردەیی و تەبایی بەرهەم بهێنین. ئێمە ناتوانین هەموومان ببینە خودانی یەک جۆر بیرکردنەوە، کەوایە دەبێت لە پەخشکرنی ئازادییەکانی خۆمان ئازاد بین، بەبێ ئەوەی بتوانین ئازادیی یەکتریش پێشێل بکەین، دەبێت خۆمان وەها ڕابهێنین هەمووان ئازادن کە چۆن بیر دەکەنەوە، هیچ کەس ناتوانێت هەمووان ناچار بە یەک جۆر بیرکردنەوە بکات. دەکرێت هەمووان بیرکردنەوە و خوێندنەوەکانی خۆمان بە ئازادی بەیان بکەین، بەبێ ئەوەی ئازاری یەکدییش بدەین.
بۆ زیاتر تێگەیشتنمان سەبارەت بە پرسە ئازادییەکانی خۆمان دەتوانین تیشک بخەینە سەر شرۆڤەکانی “جۆن ستیوارت میڵ”، لەو بارەیەوە دەڵێت: ”ئەگەر هەموو خەڵکی یەک ڕایان هەبوو، تەنها یەک تاک لەگەڵیاندا نەبوو باوەڕی جیاواز بوو، هەوڵدانی هەمووان بۆ کپکردنی ئەو تاکە دەنگە هەرگیز ڕێگەپێدراو نییە و ناڕەوایە، وەک چۆن ئەو تاکە دەنگەش ئەگەر هێز و توانای ئەوەی هەبوایە هەمووان بێدەنگ بکات، ئەوەش بە هەمان شێوە کارێکی ناپەسەند و ناڕەوایە.”٢
لەم بۆچوونەوە لەوە تێدەگەین خامۆشکردن و سڕینەوەی دەنگە ناڕازییەکان هێندە زیانی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە هەوڵی کپکردنی دەدەن کەمتر زیانی بۆ خاوەنەکەی هەیە، چونکە خامۆشکردن تایبەت نییە بە کەسێکەوە بەڵکو پەیوەستە بە کۆمەڵەوە، چونکە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین بۆچوونەکە دروستە، ئەوا بە قەدەغەکردنی خەڵکی شتێکی گرانبەهایان لەکیس خۆیان بردووە. “جۆن ستیورات میڵ” بۆ زیاتر تێگەیشتن گریمانەی دوو بۆچوون دەکات، دەڵێت:
بۆچوونی یەکەم: هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات، دەبێت هەمووان ئامادەیی گوێگرتنی بیروباوەڕی نەیارەکانیان هەبێت، ئەگەر کەسێک ئامادە نەبێت گوێ لە بیروباوەڕێک بگرێت، لەبەر ئەوەی دڵنیایه لە پوچەڵبوونی، لە ڕاستیدا پێی وایە ئەو دڵنیاییەی کە دڵنیایی ڕەهایە، کەسانێک کە ناتوانن لە بەرانبەر باوەڕی تر لێبوردە بن، کە هەوڵی لەنێوبردنیان دەبەن ئەوە بۆ ئەوەیه تەنها خۆیان بەڕاست دەزانن.
بۆچوونی دووەم: ئەگەر پێمان وا بێت باوەڕی نەیارەکانمان باوەڕێکی هەڵەیە و باوەڕی خۆیشمان دروست بێت، ئەگەر هەر باوەڕێک نەکەوێتە بەر نەشتەری ڕەخنە، بە باوەڕێکی مردوو و چەقبەستوو دادەنرێت٣.
لەم بۆچوونانەی “مێڵ”ەوە دەتوانین ئەوە بەیان بکەین هەمووان دەبێت نەرمی بنوێنن، ئامادەیی لێبوردەیی و یەکتر قبووڵکردن بن، چونکە نەبووە و ناکرێت هەمیشه حەقیقەتەکان تەنها لە لای یەک گرووپ یان تەنها لە لای یەک ئایین و میتۆد کۆ ببێتەوە. بۆیە دەتوانین مەزەندەی ئەوە بکەین هەمیشە حەقیقەتەکان دابەش بوونە ئەگەر کەسێک پێی وا بێت بۆچوونی خەڵکی تر و کولتوور و میلەتانی تر و فکری کەسانی تر هەڵەن و پڕن لە کەموکورتی و ناتەواویی ئەوە بیرکردنەوەیەکی توندئاژۆ و نامۆیانەیە، چونکی ئەگەر ئەو کەسەی بیری نەیارەکان ڕەت دەکاتەوە، ئەگەر خۆی سەر بەوان بوایە ئایا هەمان بیرکردنەوەی دەبوو، بێگومان نەخێر، ئەم تێگەیشتنە تێگەیشتنێکی نەرێنانە و ناپەسەندە، بۆیە ئێمە هێندە پێویستمان بەیەکتر خوێندنەوە و یەکتر قبووڵکردن لێبوردەیی هەیە، ئەوا نێو هەرگیز پێویستمان بە نالێبوردەیی و کەلەڕەقی و یەکترسڕینەوە نییە، چونکە یەکترسڕینەوە جگە لە ئافات و ماڵوێرانی هیچی دیکەمان بۆ سەوز ناکات.
بە درێژایی مێژوو هەر کاتێک دەرفەتێک یان هەوڵێک ڕەخسابێت، ئەگەر گرووپە ئایینییەکان بەرانبەر یەکتری و بەرانبەر خەڵکانێکی تر لێبوردە بووبێتن، هەر گرووپێک توانیبێتی بەوپەڕی ئازادییەوە بیروباوەڕەکانی خۆی دەرخستبێت، ئەوا نەک تەنها باوەڕ و بۆچوونەکانی تووشی لەنێوچوون و لەنگی نەبووەتەوە، نەک خەڵکی لێیان نەتەکاونەتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پرنسیپەکانی خۆیان بە شێوەیەکی جوانتر چاکتر و زیندووتر درک کراون، چالاکانە تر توانیویانە باوەڕەکانی خۆیان بەیان بکەن، هەر کاتێک کەشوهەوای لێبوردەیی و لەگەڵ یەکتری هەڵکردن و یەکترخوێندنەوە لەئارادا بووبێت، هەمیشە بیروباوەڕەکان عەقڵانەتر و ئەکتیڤانەتر لەنێو جڤاک و کۆمەڵدا ئامادەگییان هەبووە، ئەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەموو فکرەکان و زانستەکان باشتر و ئازایانەتر داهێنانەکانیان بخەنە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە، بۆ ئەم مەبەستە نووسەران و شاعیران و نووسیاران و ئەدیبان و کەسانی خاوەن فەزیلە داینەمۆی ئەم ڕوحیەتە لێبوردەییەن، وەک چۆن لە تەواوی ئەورووپا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەمیشە فکرەکان لە کێبڕکێی ئەوەدان کام داهێنەر و کام نووسەر و کام بەهرمەندە دەتوانێت خزمەتی زیاتری مرۆڤایەتی بکات؛ ئەوە هەوڵی بیرمەندان و فەیلەسووفان و نووسیارانە حەکیمانەتر و لیبوردانەتر خوێندنەوە بۆ واقیعەکە بکەن و زیاتر درکی پێ بکەن.
بۆیە ئەو توندوتێژە دڕەی کە بە هۆی دەمارگیریی ئایینییەوە ئەورووپای بەرەو خوێنڕشتن برد، بەڵام بە هۆی هەست بە بەرپرسیاریکردنی نوخبەی ڕۆشنبیرانەوە، کەچی ئێستا فرەیی ئایینی لە ڕۆژئاوا نابێتە مایەی ئاژاوە و کێشەنانەوە، هەموو تەیار و گرووپە جوداخوازەکان وەکو برا پێکەوە دەژین و تەبان و پێکەوە هەڵدەکەن، ئیتر ئەوان بە ناوی جوداخوازی و بیرکردنەوەی سەربەخۆوە یەکتر لەدار نادەن و یەکتر ناسڕنەوە، کۆمەڵکوژی ئەنجام نادەن و دژی نەیار و بیرەکانی تر ناوەستنەوە، چیدی خوێنی نووسەر و بیرمەندانیان حەڵاڵ ناکەن و بە گومڕا و تێکدەر و ئاژاوەچی و سیخوڕ ناوزەندیان ناکەن، ئیتر برا هاوئایینییەکانیان بە زیادەڕۆ و بیدعەچی تۆمەتبار ناکەن و بە کافریان ناوزەند ناکەن. ئەوە نووسەران و بیرمەندان بوون توانییان ڕوحیەتی لێبوردەیی بچێنن و وەها لەو گرووپە توندئاژۆیانە بکەن چەکەکانیان بۆ قەڵەم و داهێنان و زانست و زیندووکردنەوەی چەمکی هیومانیستی و مرۆڤی هۆشیار و تەیار بە مەعریفە بگۆڕن.
لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی بڵێین چەمکی لێبوردەیی لە هەناوی ئەو توندوتیژییەوە هاتە ئاراوە کە لە نێوان تایەفە ئایینییەکان بۆ سڕینەوەی یەکتر، قەسابخانەیان بەرپا دەکرد، بۆیە دەتوانین وەها لە مانای لێبوردەیی تێبگەین، که لێبوردەیی بریتییە لە ڕازیبوون و قایلبوونمان و هەڵکردنمان لەگەڵ ئەو جۆرە بیر و هزرانەی پێیان ڕازی نابین، بەڵام ئەم هەڵکردنە زیانی بۆمان نییە، بەڵکو زیاتر لە داڕمان دوورمان دەخاتەوە، ئێمە دەبێت پراگماتییانە بۆ دۆخەکە بڕوانین و خۆمان لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنین، بەبێ ئەوەی هەریەکەمان سنووری ئەوی تر ببەزێنین و ڕێز لە شێوازی بیرکردنەوەی یەکتری بگرین، گەرچی هەریەکەمان خاوەنی تێڕوانین و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆمانین.
لەم بارەیە ڤۆڵتێر دەڵێت: ”ڕەنگە لە بیروبۆچوون جیاواز بین، بەڵام ئامادەم بمرم لەپێناوی داکۆکیکردن لە بیروبۆچوونت”٤. ئەم بۆچوونەی ڤۆڵتێر دەریدەبڕێت، هەر ئەوا خوێندنەوەیەکی سەرپێییانە و ڕووکەشانەی بۆ ناکرێت، بەڵکو دەرئەنجامی ئەو هەموو کوشتار و ماڵوێرانی و کاولکارییانە بوو کە لە ناوچەکانی ئەورووپا بە هۆی شەڕی تایەفیی مەزهەبییەوە یەکتریان هەنجنهەنجن دەکرد، ئەوکاتیش بۆ بیرمەندان هاوشێوەکانیان گرنگ بوو خوێندنەوەیەکی واقیعییانە بۆ باردۆخەکە بکەن و بارودۆخەکە هێور بکەنەوە، ئاوێک بە ئاگرەدا بکەن کە ئەورووپای بەرەو داڕمان و سوتان بردبوو. ئەو ئاوەش کە ئاگر بەرەو خامۆشبوون و کوژانەوە دەبات، گیانی لێبوردەیی و یەکتر قبووڵکردنە. گەرچی کەسی لێبوردە دژی باوەڕی خەڵکانی ترە، بەڵام حەزی لە سەرکوتکردنی بیروباوەڕی نەیارەکانی نییە، ئەم حەزە ڕێگە لە کەسی لێبوردە دەگرێت که حەزەکانی خۆی بەرەو لێواری تەقینەوە بەرێت. دەبێت بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمەش بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەردەم تەقینەوەی کۆمەڵایەتی بگیرێت، دەبێت هەمووان لە نێواندا پیاوانی ئایین واز لە سوکایەتی و جنێو و ناوزڕاندنی نەیارەکانیان بهێنن، کێشە و ململانێی و گرفتەکانیان بخەنە لاوە و لەبری کێشە و گرفتە دروستکراوەکان تۆوی لێبوردەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بچێنن، دەتوانن پەیامەکانیان بە شێوەیەکی نەرم و ئاشتییانە بەگوێی شوێنکەوتوانیاندا بدەن. ئاشکراشە لەنێو هەموو نەتەوەکاندا جیاوازی بیروبۆچوون هەیە، نابێت بە ناوی ئەو جیاوازییانەوە شەڕ و دووبەرەکی دروست بکەین، بە بیانووی ئەوەی من لەسەر حەقم و نەیارەکانم هەڵەن، بەڵکو دەبێت هەردوولا بە پشتبەستن بە یاسا و گەڕان بە دوای ڕێگەچارەدا پێکەوە هەڵبکەن و یەکتر قبووڵ بکەن و یەکتر بخوێننەوە، بۆ ئەوەی ئاشتییانە و برایانە ژیان ببەنە سەر. کەوایه دەبێت دیندار و ئاتایستەکانیش پێکەوە بە ئاسایشی بژین، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەی کومەڵایەتی و گەشەی فکری و گەشەی بازرگانی و کایەکانی تریش زیاتر بەخۆوە ببینێت، هەروەها دەبێت لەوە تێبگەین هەمیشە حەقیقەت و ڕاستییەکان دابەش بوون، هەرگیز نەبووە حەقیقەتەکان تەنها لای کەسێک بێت و ئەوانی دیکە لەسەر هەڵە بن.
یەکێک لەو کێشە و گرفتانەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرەو داڕووخان و لەبەریەکهەڵوەشانەوە دەبات خودی دەسەڵاتی سیاسییەکەیە، کە بە ئەنقەست و بە مەبەست پشتیوانیی خۆی بۆ گرووپە ڕادیکاڵە دینییەکان ڕادەگەیەنێت و ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات و لە بەیانکردن و پەخشکردنی بیروباوەڕە ڕادیکاڵەکانیان سەربەستیان دەکات، بەتایبەت ئەگەر ئەو ڕەتە ئایینییانە گەر کێشەی بۆ دەسەڵات نەبێت و بە سەرداری وڵاتیان بزانن، ئەم جۆرە مۆدێلە زۆر بە ڕوونی جیهانی سێیەم و ڕۆژهەڵاتی ناویندا پیادە دەکرێت. ئەو ڕەوتانە لە ترۆپکی ئازادی و سەربەستیدان ئەمە یەکێک لەو هەڵە کوشندانەیە کە دواجار جگە لە خوڵقاندنی دۆزەخ هیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤانەی نابێت، لەم نێوەندەدا فەرمانڕاوا دەبێت بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە هێزانەدا بکات، چیتر ڕێگە بەو جۆرە بیرکردنەوانە نەدات، هەرچەند مەرام لە ئازادکردنی ئەو گرووپە ڕادیکاڵییانە لە لایەن خودی دەوڵەتەوە بۆ ئەوەیە کە تاکەکان نزیک پرۆسەی سیاسی و دەسەڵات نەکەون و نەتوانن ڕەخنە لە پۆخڵەواتیەکانی دەسەڵات بگرن، خۆنیشاندان نەکەن و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی بە تابۆ و یاساخ بزانن، هەڵبەت ئەم جۆرە تێڕوانینە خواستی سەردارانی وڵاتە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گرووپانە بە نەرمی خواستەکانی دەسەڵات جێبەجێ بکەن، چونکە هێزانە ڕێگر و بەربەستێکی گەورەن لە بەرانبەر ئەوەی تاک و کۆمەڵ تەیار بن بە ئاستی هۆشیاری و مەعریفی، چونکە تاکی هۆشیار و زرنگ دژی جەور و ستەم و نادادییە، هەرگیز لەو دەسەڵاتە قبووڵ ناکات زیاتر ڕەعیەتەکەی بچەوسێنێتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە بەرانبەر دەنگە ناڕازییەکان پارێزراو بێت، ئەوا دێت پشتیوانیی ئەو هێزە توندانە دەکات، چونکە ئەو هێزانە ڕێگرن لەوەی خەڵکی داوای مافی خۆی بکات، ڕێگە بە هیچ ناڕازیبوون و خۆنیشاندانێک و ڕاپەڕین و جووڵانەوەیەک نادەن کە دژی دەسەڵات ئەنجام بدرێت، دەسەڵاتیش وەک باوکی گەل وێنا دەکات. کاتێک ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە پیرۆز کرا، گیانی پیرۆزی بەبەردا کرا و گشتاندنی بۆ کرا، ئیتر ئەوکات پایەکانی دەسەڵات و فەرمانڕەواکان تۆکمەتر دەبێت و مەیلی ڕیفۆرم کاڵتر دەبێتەوە، بەڵام دەسەڵات گەر بزانێت یان نەزانێت ئەمە کوپێکی ژەهرە ڕۆژێک دێت کۆتایی بە خۆی دەهێنێت و عەرشەکەشی نغرۆ دەکات، چونکە ئەو هێزانە بە ئەگەرێکی زۆر نزیکەوە مەزەندەی هێرشی پێچەوانەی لێ دەکرێت، ئیتر ئەوکات کورسی و دەسەڵات و ئەزموونەکەش نوقمی ژێر زەوی دەکرێت. ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگە ترسناکانە کە کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشانەوە و نغرۆبوون دەبات، بۆیە دەوڵەت دەبێت بە هۆش خۆی بێتەوە و سنوورێک بۆ ئەو هێزانە دابنێت.
بیرمەند و سیاسەتڤانی فەڕەنسی ژان بۆدن (١٥٣٠-١٥٩٦ز) لەم بارەیە تێڕوانینی خۆی دەخاتە ڕوو، ئەو دەڵێت: ”نابێت فەرمانڕەوا پشتگیری و چاوپۆشیی هیچ تاقمێک بکات ئەگەر چاوی لە بەرانبەریان نوقاند، ئەوە مانای وایە خۆی بەشێکە لەو گرووپانە، گەل و دەوڵەتەکەشی بەرەو شەڕ و ئاشووب پەلکێش دەکات، داوای کردووە هەتا ئەوپەڕی پێویستایەتیی دەوڵەت پاراستنی مافە شارستانیەتەکانی تاکەکانی بپارێزێت و جێگیریان بکات، نابێت بە هیچ بیانوویەک لایەنداری بکات”٥. لەو ڕێگەیەوە ئیدی کاری دەوڵەت دەبێت فۆرمێکی دیکە وەربگرێت، دەبێت هەموو لایەک و بیروباوەڕێک بەهەند وەربگیرێت ڕێز لە هەمووان وەکو یەک بگیرێت، بۆ ئەوەی ڕوحیەتی ئاشتەوایی و لێبوردەیی لە نێوان هەموو تێڕوانینەکان پەیڕەو بکرێت، گەر لێبوردەیی و ئۆقرەیی و پێکەوەیی لە نێوان بیروبۆچوونە جیاوازەکان بوونی هەبێت، ئەوا بێشک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکەش ئۆقرە و ئاسوودەیی بەخۆوە دەبینێت، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بیرە جیاوازەکان و کولتوور و تێڕوانینە جیاوازەکان لە ململانێی و بەریەکەوتن و ملشکاندن بن، ئەوا بێگومان ئاشتەوایی کۆمەڵایەتییش تێک دەچێت و ئاییندەی گەل و وڵاتیش بەرەو پەرتبوون و هەڵدێر و لەناوچوون دەچێت، بۆیە ئەمەش ئەرکی سەرەکیی دەوڵەتە بتوانێت بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات و پاسەوانی لە گەلەکەی و نیشتمانەکەی بکات، ڕوحیەتی لێبوردەیی لە دڵ و دەروونی تاکەکانیدا بچێنێت. هەڵبەت هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەوڵەت ڕۆڵی سەرەکیی هەیە، چ لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و تەبایی چ بە پێچەوانشەوە دەتوانێت گیانی بوغز و کینە و بەدحاڵیبوون لە نێوان هاووڵاتییەکانیدا دروست بکات، بۆیه کاتێک بیرمەندێک یان نووسەرێک بە ئاڵایەکی سپییەوە داوای پەیڕەوکردنی ئاشتەوایی گیانی لێبوردەیی دەکات، ئەوا بێگومان دەوڵەت و گەل تووشی قەیرانێکی گەورەیی مرۆیی دەبێتەوە و تینوی چەمکگەلێکی وەک لێبوردەیی و یەکتر قبووڵکردنن.
“جۆن لۆک”ی بیرمەندی دیاری بەریتانی، یەکێک لەو کەسە دیارانە بوو کە تینوی ڕێکخستنەوەی واتای چەمەکگەلێکی وەک لێبوردەیی بوو، بۆ ئەو مەبەستەش نامیلکەیەکی سەبارەت لێبووردەیی نووسیوە، ئەوەش دەرئەنجامی ئەوەبوو لویسی ١٤ پاشای فەڕەنسا هێندە ترسناک و چاوچنۆکانە بوو، کە سەرجەم ئەورووپای تووشی جەنگ و قەیران کردبوو، تەنها لێپێچینەوەی لە پرۆستانتەکان دەکرد، ئەمەش هەموو مرۆڤدۆستانی نیگەران کردبوو، بووە هۆی زیادبوونی هەژاری و گەندەڵی، بەمەش پرۆستانتەکان خۆیان وەکو قەتیسی ژێر دەستی کاتۆلیکەکان دەزانی، هەموو ئەم ڕووداوانە پاڵیان بە “جۆن لۆک ١٦٣٢-١٧٠٤ز”ەوە نا تاوەکو ڕوانینی خۆی لە بارەی لێبوردەییەوە بخاتە ڕوو، بە چاکترین شێواز داکۆکی لە مافی ئازادیی هەموو گرووپە ئایینییەکان کرد”.
جۆن لۆک دەڵێت: ”هەموو کەسێک دەتوانێت باوەڕی خۆی هەڵبژێرێت، مرۆڤ دەبێت خۆی بیر بکاتەوە و بڕیار بدات، کەس نابێت بانگەشەی ئەوە بکات ئەرکی باوەڕەکانی خەڵکی تری لەئەستۆدایە، بە ڕای لۆک هەر جۆرە بانگەشەکردنێک بۆ لەئەستۆگرتنی باوەڕی خەڵکی کارێکی بێسوودە و دەستدرێژیکردنە بۆسەر مافی ئەوانی دیکە و پێشێلی ئازادییە”٦ لەم تێڕوانینەی لۆکەوە ئەوە بەیان دەکەین دەسەڵاتی دنیایی و دەسەڵاتی ئایینی دەبێت لێک جوودا بکرێنەوە، نابێت دەسەڵاتی ئایینی بە هیچ شێوەیەک دەستتێوەردان لە کاروباری دونیاییدا بکات، چونکە هەریەکەیان جوودان، چونکە دەوڵەت پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵێک مرۆڤ پێک هاتووە، تەنها بە مەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندیگەلی مەدەنی پێک دەهێنرێت، بەرژەوەندیی مەدەنییش ئازادی و کایەکانی تری ژیانن، بەڵام دەسەڵاتی ئایینی کۆمەڵێکن بە هەرەوەزی عیبادات دەکەن و پەرستش ئەنجام دەدەن، ئەم جۆرە لە تایپە سەرقاڵبوونیان بە کاروباری ڕۆژانە یان سیاسی و مەدەنی لەئارادا نییە، بۆ هیچ دەسەڵاتێکی ئایینی نییە پشت بە هێز و چەک ببەستێت، چونکە وەها دەسەڵاتێک تایبەتە بە دەسەڵاتی سیاسییەوە، بەڵام ئەرکی ئایین بریتییە لە پشتبەستن بە تەقوا و پرنسیپی ئایینیی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان ڕێک دەخات. ئایینی ڕاستەقینەش دەبێت لە هەمبەر باوەڕ و بیرکردنەوەکانی تردا هەڵکەر و لێبوردە بێت، چونکە لە ڕووی جەوهەر و عەقڵەوە ئایین نابێت بە زۆر بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنرێت.
بە شێوەیەکی گشتی پرسی لێبوردەیی پرسێکی گرنگ و جێگەی هەڵوێستەکردن و قسەلەسەرکردنە، ئەگەر ئەم پرسە بۆ کۆمەڵگە و کولتوورەکانی دونیا گرنگ و پڕ ماف بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردی پێویستییەکی حەتمی و چارەنووسسازە، چونکە ئەو دۆخە شێواوە و ئەو بەریەککەوتنە ئایینی و ڕەوت و مەزهەب و شەڕی باوەڕانەی کە لە دونیای ئێمەدا ڕووی داوە و ڕوو دەدات، بێگومان هیچی کەمتر نییە لەو دۆخە تاقەتپڕوکێنەی کە لە چاخەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپادا ڕوویان دا، وەک چۆن نووسەران و بیرمەندانی جیهانی ڕۆژئاوا بیریان لە مەترسیی توندڕەویی بازرگانانی ئایینی و ڕق و کینەی جیاوازیی ئایینی کردەوە، گەرچی دەرنگیش بێت فریای کۆمەڵگەکەیان کەوتن، هەر زوو چ لە ڕێگەی نامە و نووسینەوە، چ لە هۆشیارییەکانیان، توانییان گیانی لێبووردەیی و ئاشتی و یەکتر قبووڵکردن بکەنە بەدیلی ڕق و جیاوازی و بوغز و دیکتاتۆری و یەکڕەهەندی، ئەوا هەزار جار دۆخی ئەم سەردەمەش زیاتر پێویستی بەوە هەیە نووسەر و بیریار و کەسانی ئاییندار و ئاتایستەکان بۆ ئەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی زیاتر نەکەوێتە بەر مەترسی، ئێستا ئەو فەوزا ئایینییانە و ئەو هەموو تۆمەتانەی پیاوانی ئایینی کە لە ڕێگەی مینبەرەکانیانەوە ئاڕاستەی نووسەر و شاعیر و ئەدیبەکانی دەکەن، ئەو ڕەوتە ئایینییانەی هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکە دەدەن، ئیتر کاتی ئەوەیە دۆخەکە هێور بکەینەوە و بە ئەجێندا و ڕوحیەتێکی برایانە مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا بکەین، پێوستە ئەو بەرگی کینە و ڕقە فڕێ بدەین و لەبری ئەوە بەرگی لێبوردەیی و ئاشتەوایی بپۆشین، بەرگی لێوردەیی پۆشینی ئاسانترە لە بەرگی بوغز و دووبەرەکی، ئەمەش تەنها پێویستی بە ئیرادەیەکی باش و نیەتێکی کۆنکرێتی هەیە، چونکە مادام مرۆڤ دەتوانێت ڕق و دووبەرەکی بچێنێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە زیاتر و چاکتر دەتوانێت لێبووردەیی و ئاشتییش بچێنێت، کەواتە مادام مرۆڤ دەتوانێت لە کاتێکدا هەم کاری باش و هەم کاری خراپیش بکات، ئەوا بێگومان کاری چاکە هەر چاکە، ئیتر بۆ نایکات؟ ئێمە لە جیهانێکداین فرەئایین و فرەڕەهەند و فرەتایپ و کولتوورە، ئیتر بۆ ئایینێک یان ڕەوتێک نییە بە ئارەزووی خۆی مۆنۆپۆلی بکات، وەک چۆن ئەو ڕەوتە خۆی ئازادە لە پەخشکردنی بیروباوەڕی خۆی، ئەوا دەبێت بڕوای بە ئازادیی ئەوانی دیکەش هەبێت بە ئازادانە، بێ هیچ سانسۆرێک بیرکردنەوە و خوێندنەوە و باوەڕەکانی خۆیان بەیان بکەن، ئەگەر کەسێک بەوپەڕی دڵنیایی و یەقینەوە شوێنکەوتووی ئایینێک بێت، باوەڕەکانی ئەوی پێ قبووڵە لە بەردەم فەرمانەکانیدا چۆک دادەدات، تەنانەت ئەگەر واز لە باوەڕی دایک و باوکی خۆیشی بهێنێت و خۆی لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئایینییەکان بەدوور بگرێت، لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیش بەشداری نەکات، یان واز لە هەندێک کەس و شتی دیکەش بهێنێت، نابێت وەها کەسێک بە بیدعەتکاری و بێدینی تاوانبار بکرێت. ئێمە دەتوانین بە لێبوردەیی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و هێمنی ئاسایشی بەرقەرار بکەین، بەڵام ڕک و بوغز جگە لە ماڵوێرانی و کاولکاری و یەکتر لەناوبردن هیچی دیکە مەیسەر ناکات.
بە کورتی کەس مافی ئەوەی نییە بە ناوی وەفاداری بۆ دەوڵەت و ئایین، ئایینێک کە خۆی پێی خۆشە بەسەر ئەوانی دیکەشدا بسەپێنێت، بۆیە دەبێت ئایین جودا بێت لە دەوڵەت، دەبێت کار و چالاکییەکانیان بە تەواوەتی دەستنیشان بکرێت، ئەگەر ئەم جیاکردنەوەیە ئەنجام نەدرێت ئەوا نیگەرانی و بەریەککەوتنەکان بنبڕ ناکرێت، بۆیە ئەوە ئەرکی فەرمانڕەوایی مەدەنییە کە بە کاری دادپەروەرانەی هەستێت بە جێبەجکردنی یاساگەلێک بە یەکسانی بەسەر هەموواندا، وەک یەک جێبەجێ بکرێت، دەبێت هەمووان پێوەی پابەند بن، ئەگەر هەر ڕەوت و باوەڕێک ئامادەیی جێبەجێکردنی یاسای نەبێت، ئەوا دەبێت ڕووبەڕووی یاسایی بکرێتەوە و لێپیچینەوەی لەگەڵدا بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە پەند بۆ خۆی و هاوشێوەکانی.
لیستی پەراوێزەکان:
1. ڤۆڵتێر، نامەیەک لە بارەی لێبوردەیییەوە، و: عەبدولڕەزاق عەلی، چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠١١.
2. جۆن ستیوارت میڵ، لە بارەی ئازادییەوە، و: ئاوات ئەحمد سوڵتان، چاپی یەکەم-تاران-٢٠٢١.
3. جۆن ستیوارت میڵ، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٥٨.
4. ڤۆڵتێر، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 9.
5. د. حەمید عینایەت، فەلسەفەی سیاسیی خۆرئاوا، و: سیدۆ داود عەلی، چاپی یەکەم- ٢٠١٠.
6. جۆن لۆک، نامیلکەی لێبوردەیی، و: فەرشید شەریفی، چاپی یەکەم ٢٠١٦.