رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

تێکچوونى ژینگە و پەیوەندیمان لەگەڵ سروشت

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هەڵویست عەبدوڵڵا کەریم

Download PDF

سیستمی ئابووریی سیاسى و شێوەى گەشە و پەلهاوێشتنى و پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا، زۆربوونى ژمارەى دانیشتوان و شێوە ژیانی مرۆڤ، ئەمانە گرێدراو و هۆکارن بۆ تێکچوون و پیسبوونى ژینگە، وەک  گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک، بەبیابانبوون، ترشبوونی ئۆقیانووسەکان، لەناوچوونی هەمەچەشنەی زیندەوەر و قڕبوونی جۆرە دەگمەنەکانی گیانلەبەر، لەناوچوونی ڕووەکی دەریایی، تا دەگاتە ئەوەی جەستەی ئێمە بە جۆری جیاواز لە کانزا ژەهراوی بووە، ماددەی کیمیایی و پیشەسازیی وەک کانزای زەنبەق.

لەناوبردن و دەستدرێژییەکانی سیستم بۆ سەر ژینگە زۆر لەوە زیاترە کە ئێمە مەزەندە یان هەستى پێ دەکەین. گۆڕانی کەشوهەوا لەوانەیە لە هەرە گرنگترین ئەو قەیرانانە بێت کە ڕاستەوخۆ پێویستی بە کارکردنە، چونکە کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانە ڕۆژبەڕۆژ کارەساتی گەورەتر لەسەر ئاستی جیهان دروست دەکات، دەرئەنجام و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی زۆر خەڵک لەسەر ئەم هەسارەیە دەبینرێت.

پلەی گەرمی گۆی زەوی لە کاتی شۆڕشی پیشەسازییەوە بە ڕێژەی 1.2 بەرز بووەتەوە، تەنها لە سەدەی بیستەمدا لە 0.6 بۆ 0.7 پلە بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا نیوەی ئەو پلەیە لە 30 ساڵی ڕابردوودا بەرز بووەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلەکانی بەبیابانبوون-دراوت، لەناوچوونی جۆری گیانداران، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، لافاو، زۆربەی کارەساتە سروشتییەکانی دیکە.

یەکێک لە تویژینەوە نوێیەکانی سەردەم و  ئەم دواییەی ‘Journal Proceedings of the National Academy of Sciences ‘ باس لەوە دەکات کە زەوی بەرزترین ئاستی پلەی گەرمی بە خۆیەوە دەبینێت لە 50 ساڵی داهاتوودا  بە بەراورد بە 6000 ساڵی ڕابودوو.

توێژینەوەیەکی ‘Science Advances’ ساڵی 2017 گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە تا ساڵی 2100 پلەی گەرمیی زەوی بە شێوەیەک بەرز دەبێتەوە کە تەنها چوونەدەرەوە بۆ چەند کاتژمێرێک لە هەندێک بەشی هندستان و ڕۆژهەڵاتی چین دەبێتە هۆی مردنی ئەو کەسانەی کە تەنانەت تەندروستییەکی باشیشیان هەیە.

بەشێک لە لێکەوتەکان:

کۆچکردن بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی خەڵک. گۆڕانی کەشوهەوا، بارانی وەرزی و وشکەساڵی کە ئێستا وای لێ هاتووە پێشبینی ناکرێت و بووە بە هۆکارێکی قورس بۆ کشتوکاڵکردن، زیاتر لە هەشتملیۆن کەس ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەورووپا و باکووری ئەمریکا کردووە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی برنج لە ئاسیا و گەنمەشامی لە ئەفریقا.

سپیهەڵگەرانی دوورگە مەرجانییەکان: ژینگەی ڕێکخراوەیی کێڵگە مەرجانەییەکان بە بنەمای ژیان و سەلامەتیی ڕێکخراوەیی ژینگەی ئۆقیانووسەکان دادەنرێت. بوونیان بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی ژینگەی ئۆقیانووس و دەریاکان، زۆر گرنگە. داڤید واڵاس لە کتێبی ‘زەوییەک کە ناتوانێت تێیدا نیشتەجێ بێت’ دەڵێت: دوورگە مەرجانەییەکان بوونەتە ماڵی یەک لەسەر چواری گیاندارە دەریاییەکان، هەروەها خواردن و داهات بۆ نیو ملیۆن مرۆڤ دابین دەکەن، بەڵام لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی دەریا و ئۆقیانووسەکان دوورگە مەرجانەییەکان سپی هەڵدەگەڕێن و لەناو دەچن، ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوچوونی یەک لەسەر چواری گیاندار و ڕووەکە دەریاییەکان.

ساڵی 2006 شەپۆلەکانی پلەی گەرمیی ڕووبار کە پێی دەڵێن ‘the blob’ بەشێکی زۆری ئۆقیانووسی ئارامیی داپۆشی کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ئۆقیانووس بە ڕێژەی 5 پلە و بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو. ئەم شەپۆلە گەرمییە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی دەریایی و ڕەشبوونی دەریاکە و لەناوچوونی ماسیی سەلەمۆن. ساڵی 2014 بۆ 2015 و جارێکی دیکەش 2019 هەمان شەپۆلی گەرمی لە دەریا و ئۆقیانووسەکان دروست بوو.

دارستانەکانی ئەمازۆن: گەورەترین دارستانی باراناویی جیهانە و بە سییەکانی زەوی هەژمار دەکرێت، ڕووبەرەکەی نزیکە 6ملیۆن و 900هەزار کیلۆمەتر دووجایە، نزیکەی ‘40%’ کیشوەری ئەمریکای لاتینی دادەپۆشێت. دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەوێتە سەر نۆ وڵات ‘بەرازیل، بۆلیڤیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، کۆلۆمبیا، فینزوێلا، گیانا، سۆرینام و گینای فەرەنسی’. سیستمی ژینگەیی ئەم دارستانە هەمەچەشنەیە و لە ملیۆنەها داری گەورە و سەدان جۆر ئاژەڵ پێک هاتووە، زیندەور و باڵندە کە لە هیچ وڵاتێکی تری جیهاندا بوونیان نییە و سەدان ڕووبار و زەلکاو لەخۆ دەگرێت. ساڵی 1970 تا ئێستە پێنج یەکی زەوییەکەی بە پیلان و نەخشە سوتێنراوە، سەرۆکی بەرازیل جیار بلسنار و هاوپەیمانی ترامپ بوو هاوکات لەگەڵ دامودەزگا داراییە جیهانییەکانی وەک بلا ڕۆک بە سوتاندنی ئەمازۆن، تۆمەتبار دەکرێن.

لە 11ی 3ی 2021 لە بابەتێکدا ناشناڵ جیوگرافی ڕایگەیاند کە 30 زانای سەردەم توێژینەوەیەکیان لەسەر دارستانەکانی ئەمازۆن کردووە، باس لەوە دەکەن هەندێک بەشی دارستانەکانی ئەمازۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن، زیاتر لەوەی کە هەڵیدەمژن. هەڵبەت ئەمازۆن گازێکی زۆری دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەزەوی هەڵدەمژێت، بەڵام ئێستا بە هۆی تێکچوونی ئیکۆ سیستمەکەی دوانۆکسیدی کاربۆن دەردەدات. دەرئەنجامەکانی سوتانی دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن زۆر زۆر ترسناک و پڕ مەترسییە کە بە دەیەها هەزار جۆری ئەنزیمەی کەشوهەوا لە گەورەترین بەشی باشووری قارەی ئەمریکا قڕ کردووە. سی ملیۆن خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچکردن و جێهێشتنی نیشتمانەکەیان کران، ئەم سوتانە گەرمبوونی زەویی خێراتر کرد، لەگەڵیشیدا دەیەها ملیار تەن کاربۆن ڕژایە بەرگە هەوای زەوی. دارستانەکانی جیهان ساڵانە بەردەوامن لە لەدەستدانی 5 ملیۆن هێکتار لە زەوی واتە لە هەر 32 خولەکێکدا 15 ڕووبەری ستادیۆمی فوتبۆل لە دارستانەکان لەدەست دەدەین.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ئەنتارکتیکا: بە شێوەیەکی خێرا و دوو هێندەی ڕێژەی تێکڕایی جیهانی بەرز بووەتەوە، ساڵی 2020 سبیریا پلەی گەرمی گەیشتە 100 پلەی فەهرنهایت بەرزترین پلە کە تا ئێستە لە ئەرکتیک تۆمار کرابێت. ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە چڕبوونەوەی گازە گەرمەکان بەم شێوەیەی ئێستە بەردەوام بێت ئەوا تا سالی 2050 پلەی گەرمی بەرزترین ئاست تۆمار دەکات، بە بەراورد بە  هەزار ساڵی ڕابردوو. کاتێک ترامپ بوو بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕێککەوتنامەی پاریس هاتە دەرەوە و لە هەمان کاتدا زیاد لە 6 پرۆژەی لەسەر زەویی فیدرالیی ئەلاسکا بونیاد نا، کە بووە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگە لەوێ.

ئەوکاتەى نێوانى ژینگە و مرۆڤ تێک چوو 

پێش دووسەد ساڵ و لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی، کارڵ مارکس لە سایەی سیستمی سەرمایەداری باسی پیسبوونی ژینگە دەکات، کە ئەوکات هیچ پیسبوونێکی وەها لەگۆڕێدا نەبوو. مارکس لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی 1844دا دەڵێت: زیندوویەتیی مرۆڤ لەسەر سروشت وەستاوە، سروشت وەک جەستەیەکە بۆی، پێویستە مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا لە دۆخی ئاوێتەبووندا بێت، ژیانی مرۆڤ لە ڕووی جەستەی و ڕۆحی پەیوەستە بە سروشت، مرۆڤ لە دەرەوەی سروشت نییە، بەڵکو بەشێکە لێی.

بەم تێگەیشتنە بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی هۆکار نییە بۆ تێکچوونی زەوی، بەڵکو بنەمای بەها مرۆییەکان، شێوازی بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و کەڵەکەکردنی سامان هۆکارن، بە شێوەیەک لە نزیکەی تەمەنی دوو سەدە سەرمایەداری هەموو کێبڕکێیەک تەنها لەپێناوی قازانج و کەڵەکەبوونی سامان بووە. دەوڵەتانی سەرمایەدار ساڵانە ڕێژەی قازانج بە ناوی گەشەی ئابووری زیاد دەکەن. بۆیە کاتێک باس لە ژینگە دەکەین، تەنها باسێک نییە لە چوارچێوەی گۆڕینی مامەڵە و هۆشیاریی تاک کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گۆڕانکاریی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە.

ئەمڕۆ خۆشگوزەرانی پەیوەست کراوە بە مرۆڤێکی مەسرەفگەرای بەکاربەری ڕووت، پێویستیی ناپێویست دەبێتە پێویستى، لەم پێناوەشدا دەست بۆ زانستە دەروونییەکان براوە بۆ هێرشکردنە سەر  ئەقڵی مرۆڤ. لە وەها سیستمێکدا مرۆڤ و سروشت بەپێی پێویستیی خۆی، بۆ لەپێناو بەردەوامیی کەڵەکەکردن دەگۆڕێت. جەوهەری ناکۆکییە بنەماییەکانی نێوان ژینگە و سەرمایەداری لە زیادکردنی قازانج، کەڵەکەکردنی سەرمایە و فراوانکردنی بازاڕ خۆی دەبینێتەوە. پێویستە سەرمایە بەبێ سنوور و بە بێکۆتا گەشە بکات.

ڤاندانا شیڤا، بەڕێوبەری دامەزراوەی توێژینەوەی زانست، تەکنەلۆجیا، ئێکۆلۆجی و فیمینستی ژینگە دەڵێت: سەرمایەداری هەم لە گریمانە کولتوورییەکان و هەم لە ئامڕازە ئابوورییەکاندا ڕەگەزدار و ڕەگەزپەرست و دژەسروشتە.

نۆم چۆمسکی لە کتێبی  ‘Climate Crisis and the Global Green New Deal ‘ دەڵێت پێویستە هەمیشە ئەوەمان لەبیر بێت کە زیادبوونی چەند پلەیەکی دیکەی گەرمی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا. ئەگەر دەریاکانیش تەنها چەند پێیەک بەرز ببەنەوە، ئەوا بۆ ئێمە ڕوون نییە کە ئایا شارستانییەتی مرۆڤ بەردەوام دەبێت یان نا؟

چۆمسکی بەردەوامە و دەڵێت نهێنییەکی ئەوەندە گەورە نییە کە کێ ئەم وڵاتەی داگیر کردووە، ئەگەر تەنها ساڵانە سەیری ‘Fortune 500’  بکەیت، دەبینیت چ کۆمپانیایەک خاوەنی ئەم وڵاتەیە، کە بە شێوەیەکی سادە لە لایەن تۆڕێک لە کوتلەی جۆراوجۆر دەستیان بەسەر بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و بانکەکانیشدا گرتووە و بە شێوەیەکی زۆر پتەو پەیوەندییەکانیان گرێ داوە.

حکومەتەکان بەردەوامن لە ڕێگەدان بە کۆمپانیاکانی سووتەمەنی و پاشماوە بەبەردبووەکان ‘fossil fuel’، پاشماوە بەبەردبووەکان بریتین لە سووتەمەنیی دەرهاتووی ژێر زەوی، وەک: خەڵوزی بەردین و نەوتی خاو و گاز و بە پیشەسازیی وێرانکەری ژینگە ناویان دەرکردووە. لە دەوڵەتی سەرمایەداریی نوێ ئەوە دەرکەوت چینی سەرمایەداری وەک هێزێکی ئابووری هەڵدەکشێت کە هەیمەنەی بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە. بە واتایەکی دیکە ڕۆڵی دەوڵەتی سەرمایەداری پارێزگاریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سامانەکانیان. هەر دەوڵەتێک بەرگری لە بەرژەوەندیی چینە سەرمایەدارەکانی خۆی دەکات لە بەرانبەر ڕکابەرە بێگانەکاندا. ئەو بەرگری و پاراستنەش لە کرێی کەم، پەیوەستنەبوون بە یاسا ژینگەییەکان لە ناوخۆدا، بەهێز نیشاندان لە دەرەوە لە ڕێی هۆکارەکانی دیبلۆماسی و سەربازی بە مەبەستی گەیشتن بە هەموو سەرچاوە و بازاڕێک لە جیهاندا.

ئەم ڕۆڵەی حکومەت دەبێتە هۆی سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵە بەردەوام جدی و جیهانییانەی کە داوای کەمکردنەوەی کاربۆن و قەیرانەکانی دیکەی ژینگە دەکەن. ئەمریکا، چین و ئوستورالیا زۆرترین فوسل فۆیل لە جیهاندا، بەکار دەهێنن. حیزبە لیبڕاڵ-سەرمایەدار و لەیبەرەکان ئامادە نین لە دەیەها بلیۆن قازانجی کەڵەکەبوو لە هەناردەکردنی خەڵوز و گاز خۆش ببن.

کڕین و فرۆشتنی چەک وەک پەراوەیەکی دیکەی سەرمایەداری، بەشداربوون لە جەنگەکان ڕێگەیەکی گرنگە بۆ چالاککردنی ئابووری و کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ وڵاتانی ئیمپریالیزم، بەو هۆیەی جەنگەکان دەبنە هۆی دروستکردنی داخوازی لەسەر هەندێک کاڵا/شمەک کە بۆ بەکارهێنان پێویست نییە. هەندێک جاریش دووبارە بونیادنانەوەی ئەو شار/وڵات/گوندەی کە جەنگ لەناوی بردووە، ڕێگەیەکی دیکەی گرنگە بۆ چالاککردنی ئابووری. جەنگ و پڕچەککردن بزنسێکی زەبەلاحە، خەرجیی سەربازیی ئەمریکا لە سەدا 4 بۆ 5ی کۆی بەرهەمی نیشتمانی بوو ساڵی 2012 و بڕی 1735 بلیۆن دۆلاری ئەمریکی لەسەر ئاستی دنیا لەسەر مەسەلە سەربازییەکان خەرج کرد.

ئەنگلس لە کتێبی بنەچەی خێزان و خاوەندارێتیی تایبەت باس لەوە دەکات ژینگە تۆڵەی خۆی لە مرۆڤ دەکاتەوە کاتێک سەرکەوتنەکانی ئەو لەسەر حسابی ژینگە بەدەست هاتووە. پێویستە مرۆڤ ئەوەی لەیاد بیت کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ژینگە بکات.

پرسى چارەسەرى جێگرەوە :

یەکەم هەنگاوی چارەسەری بۆ ڕاگرتنی قەیرانەکانی ژینگە وەستاندنی چاوچنۆکی و قازانجی کۆمپانیا سەرمایەدارەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک هەنگاو بۆ چارەسەری پێویستە:

-ڕەتکردنەوەی خاوەندارێتیی تایبەتیی سەرچاوە و ڕەگەزە سروشتییەکان (زەوی، ئاو، دارستان، هەوا، وزەی خۆر/وزەی گەرمی و سەرچاوە ئاوییەکان).

-ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی چەکی کۆمەڵکوژ و ناوکی.

-بوونی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی گونجاو بۆ دووبارە هاوسەنگکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوان لە شار و لە لادێ.

-پێویستیی بەرنامەیەکی بەردەوام لە بواری خوێندن و پەروەردەکردنی تاکی ژینگەدۆست.

-بەهێزکردنی تێکۆشانی جەماوەری لە سەندیکا، ڕێکخراوە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دژ بە دەستدرێژییەکانی سیستمی سەرمایەداری لەسەر مرۆڤ و ژینگە.

ئەو قەیران و کێشانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، وەک هەژاری، برسێتی، نایەکسانی لە سامان و داهات، جەنگی ئیمپریالیستەکان، داڕمانی ئابووری، هەموویان ئەڵقەیەکی پێکەوەگرێدراون و پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. فرید مەگدۆف لە کتێبی ‘بۆچی سەرمایەداری بۆ ژینگە ژەهراوییە؟’ ئاماژە بە وتەیەکی نعومی کلاین دەکات، دەڵێت: هێشتا چەپەکان درکیان بەوە نەکردووە قەیرانی ژینگە بەرزترین گوزارشت و هەڕەشەی سەرمایەدارییە. لە کاتێکدا ژینگەدۆستان وا بیر دەکەنەوە توانای چارەسەری قەیرانەکانیان هەیە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری.

لە دیدى فێمێنیزمی ژینگەیی :

لە ناوەڕاستی دەیەی حەفتاکاندا ڕەوتێک لە فێمێنیزم بۆ مشتومڕکردن لە بارەی ژینگە، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ژینگە، بەتایبەتتر پەیوەندیی نێوان ژن و ژینگە سەری هەڵدا. ئەم ڕەوتە بە ئیکۆفێمێنیزم-فێمێنیزمی ژینگەیی ناسرا.

فێمێنیزمی ژینگەیی ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکە کە گۆڕانی کەشوهەوا، یەکسانیی جێندەری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر و وەک مەسەلەیەکی بنەڕەتیی گرێدراو بەیەکەوە دەبینێت، کە هەمووشیان بە باڵادەستیی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا گرێ دراون.

فێمێنیزمی ژینگەیی، پێی وایە بۆ زۆربەی پرسە ژینگەییەکان دەتوانرێن بگەڕێینەوە بۆ دانانی ئەولەویەتی جیهانی بۆ ئەو سیفەتانەی کە بە پیاوسالاری دادەنرێت، وەک شەڕانگێزی، زاڵبوون و ئەوانەی کە لە لووتکەی دەسەڵاتدان ئەو سیفەتانە بەرجەستە دەکەن.

لە کاتێکدا ئاریێل سالە چالاکوان و نووسەر و فێمێنیزمی ژینگەیی پێی وایە فێمێنیزمی ژینگەیی تەنها بزووتنەوەیەک نییە بۆ ڕزگارکردنی ژنان، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی هەموو مرۆڤەکانە، لە ڕاستیدا ڕزگارکردنی ژینگە و هەموو بوونەوەرەکانیشە.

ئەگەر سەرنج بدەین، لە هەموو جیهاندا ژنان زیاتر سەرکردایەتیی بزووتنەوەکانی ئیکۆلۆژی دژ بە بڕینەوەی دارستانەکان و پیسبوونی ئاو دەکەن، دژی مەترسیی ژەهراوی و جەنگی ئەتۆم. ئەمەش هۆکارەکەی پێویستییەکە ژنان لە ڕێگەی دابەشکردنی ڕەگەزییانەی کارەوە فێر دەبن. هەمیشە ئەرکی سەرەکیی ژنان چاودێریکردن و دابینکردنی خۆراک و ئاو، تەندروستی و چاودێریی خێزان بووە. بۆیە سەرکردەکانی فێمێنیزمی ژینگەیی کشتوکاڵی ئیکۆلۆژی و بەرهەمهێنانی خۆراک بە شێوەی ئیکۆلۆژی، وەک ڕێگەچارەی قەیرانەکانی ژینگە پێشنیار دەکەن، پێیان وایە چارەسەری هەژاری و قەیرانەکانی ژینگە دەکات.

کشتوکاڵیی پیشەسازی و بازرگانیی خۆراکی بەجیهانیکراو بەشدارن لە ٥٠%ی پیسبوونی بەرگەهەوا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی گازە گەرمەکان، ئەوانیش تێکچوونی کەشوهەوا زیاتر دەکەن. بە دداننان بە ڕۆڵی ژنانی ئیکۆ فێمێنیست و هەوڵ و بەشدارییان لە کشتوکاڵی ناپیشەسازی، مرۆڤایەتی دەتوانێت کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا چارەسەر بکات، لە هەمان کاتدا خۆراک بەرهەم بهێنێت، تەندروستیی مرۆڤەکان باشتر بێت و دیموکراسی بەدەست بێت.

کشتوکاڵیی پیشەسازی کە پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت، تەنها لە سەدا ٢٥ی خۆراکی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا لە سەدا ٧٥ی سەرچاوەکانی زەویی خاک، ئاو و جۆری هەمەچەشن و جیاواز بەکار دەهێنێت و لەناو دەبات. ئەو جووتیارە ژنانەی هندستان کە خاوەنی زەویی بچووکن و خۆراک بە شێوەیەکی ئیکۆلۆژی بەرهەم دەهێنن، دەتوانن خۆراک بە ڕێژەی دانیشتوانێک بدەن کە دوو هێندەی ژمارەی دانیشتوانی هیندستان بێت و داهاتەکانیان دە هێندە زیاد بکەن.

پیشەسازیی خۆراک کە سەرمایەداریی پیاوسالاری ئاڕاستەی بازاڕی دەکات، بۆ دوازدە کاڵای ژەهراوی بچووک بووەتەوە کە لە ڕووی جیهانییەوە بازرگانییان پێوە دەکرێت و لە ڕووی خۆراکییەوە بەتاڵن. دەرئەنجامی ئەم لۆژیکە ئابوورییە ناعەقڵانییە هۆکاری نەخۆشی و پەتاکانە کە مەترسی لەسەر ژیانی ئەم هەسارەیە دروست دەکەن.

ئەمڕۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دروشمەکانی سەوزکردنی ئابووری و بازرگانیی فێڵبازانە سەری هەڵداوە، گوتاری حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی بە جۆرێک لێ کردووە کە کە ڕۆڵی ئەوان لە ئەرکەکانیان بێلایەن دەکات. لە هەندێک شوێندا فێمێنیست و چالاکوانانی ئیکۆلۆژی ناچارن وەک کەسانی تەکنۆکرات بیر بکەنەوە و قسە بکەن و جلوبەرگ بپۆشن. لە کاتێکدا چەوساندنەوەی پیاو لەسەر پیاو، پیاو لەسەر ژن، و پیاو لەسەر سروشت وەک گرێیەکی تێکهەڵکێشی سێگۆشە دەبینرێت و تەنها پێکەوە هەڵدەوەشێتەوە.

سەرچاوەکان:

•       Why capitalism is toxic to the environment، Fred Magdoff.

•       https://epi.yale.edu/epi-results/2020/component/epi.

•       https://www.who.int/health-topics/drought#tab=tab_1.

•       الجزء الاول/النظام الرڕسمالی وتدمیر البیئە !-الجزء الاول توما حمید، کاتب و ناشط سیاسی، الحوار المتمدن-العدد: 3964 – 2013 / 1 / 6 – 12:19 المحور: ابحاث یساریە واشتراکیە وشیوعیە.

•       Ecofeminism as Politics: Nature، Marx and the Postmodern، Ariel Salleh..

هاوشێوە