رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

گرێكوێرەی لەباربردن

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: هاوار محەمەد

Download PDF

هەر کەس خوێنەری فیکر و فەلسەفەی نوێ بێت، بێگومان ڕاستەوخۆ یان لابەلا بەر گەلێک گفتوگۆی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لەسەر هەندێک بابەتی نوێ دەکەوێت، کە پتر لەم سەردەمەماندا هاتوونەتە پێشەوە، بوونەتە باسوخواسی گەرم و خاڵی بەریەککەتنی کۆمەڵێک هێز و تێڕوانین، بەڵام هێشتایش لەنێو مشتومڕە فیکری و یاساییەکاندا یەکلایی نەبوونەتەوە. دوو لەو مەسەلانە کە بە لای منەوە وەختی ئەوەیە لە کۆمەڵگەی ئێمەیشدا ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، مەسەلەی مەرگی ئاسان ]ئوسەنایژیا[ و لەباربردنی کۆرپەلەیە. پێشتر بە کورتی لەسەر بابەتی یەکەمیان وەستاوم[1] و لێرەیشدا ئاوڕێكی كورت لەوەی دووەمیان دەدەینەوە. بۆ ئەوەی ئەم باسە ڕوونتر بێتەوە، بە شرۆڤەی پرسی وەچەخستنەوە دەست پێ دەكەین.

وەچەخستنەوە لە زۆربەی ئایینەکاندا سوونەت و ئەرکێکی ئینسانە و جێبەجێکردنی فەرمانێکە کە هیی خودایە، لە بەرانبەردا “لەباربردن” بە تاوان و گوناهـ حیساب دەکرێت. عەقیدەی مەسیحییەت لەم سەردەمەدا بە ئەرگیۆمێنتی میتافیزیکی و ئەخلاقی و مرۆڤدۆستی، لەباربردن ڕەت دەکاتەوە. ئەسقۆفی کاتۆلیکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وتارێکیدا کە لە کتێبێکی مشتومڕئامێزدا بڵاو کراوەتەوە، باسی مافی لەدایکنەبووان دەکات، واتە ئەو مافەی كە كۆرپەلە لەنێو ڕەحمی دایكیدا هەیەتی. بە بڕوای ئەو، ئەوانەی هێشتا لەدایک نەبوون، مافی یەزدانیی ئەوەیان هەیە لەدایک ببن، چونکە خودا کە پاشای هەموو نەتەوەکانە، باوکی هەموو منداڵانیشە، هەر لەبەر ئەمە ژیانی مرۆیی هەر لە وەختی سکپڕییەوە پیرۆزە و نابێت دەستی بۆ ببرێت، وەک ئەو دەڵێت: مرۆڤ پەرستگەی ڕۆحیی پیرۆزە، بۆیە لەباربردن مانای توندوتیژییە بەرانبەر ماڵی خودا[2]. هەر لە هەمان کتێبدا “جۆن سۆملی”، كە بەرگری لە مافی لەباربردن دەكات، لە وتارێکدا وەڵامی وتارەکەی ئەسقۆفی داوەتەوە و پێی وایە، ئەرگیۆمێنتەکانی ئەو دەربارەی مافی کۆرپەلەی هێشتا لەدایكنەبوو وەک مافی مرۆڤ، فەرامۆشکردنی ڕەوش و هەلومەرجەکانی دایکەکەیە، ئەو ئەمە ناو دەنێت کۆرپەپەرستی، کە دوو هێزی تر پشتیوانیی لێ دەکات: باوکسالاری و هیرارشیەتی ئایینی. بە بڕوای سۆملی وێڕای هەر کێشەیەکی تر لە وتارەکەی ئەسقۆفدا، لە ئینجیلیشیدا هیچ دەقێکی ڕوون و ڕاشکاومان نییە کە لەباربردن ڕەت بکاتەوە[3].

لە ئایینی ئیسلامدا خودی خێزان تەنها ئامرازێکە (و تاکە ئامرازیشە) لەپێناو وەچەخستنەوەدا بۆ ئەوەی ئوممەتی ئیسلام[4] “زۆر ببن”. زۆربوون لە ڕێگەی لەدایکبوونەوە وەها لێک دراوەتەوە کە ڕێژەی موسڵمانان بەرانبەر ناموسڵمانەکان بەرز دەکاتەوە، تا ئەو ڕادەیەی دەبێت بە یەکەمین ئایین لە ڕووی ژمارەوە. ئەمە بابەتی ڕاپۆرتێکی کەناڵی “ڕووداو”یش بوو کە پێشکەشکارەکە بە حەماسەتەوە چەندین جار دووپاتی دەکردەوە “داهاتوو هەر بۆ ئیسلامە”[5]. لەم ڕوانگەیەوە لەباربردن واتای کوشتنی کەسێکە لەم ئومەتە، بۆیە بەگوێرەی حوکمە شەرعییەکان، کە زۆربەی هەرە زۆری زانایانی ئیسلام لەسەری کۆکن، لەباربردن حەرامە، تەنها لە کاتی پێویستدا لە شەش هەفتەی یەکەمی سکپڕیدا، واتە تاوەکو چل ڕۆژ، ڕێپێدراوە. بەگوێرەی هەندێک لە فتواکان لەباربردنی منداڵی ناشەرعییش حەرامە، چونکە بە کوشتن حیسابە، ئەم فەتوایەیش بە بەڵگەی زانستی و ئەخلاقی پاساو دراوە، بەڵام هەندێک لە ئیمامەکانی ئیسلام لەبەر هۆیەکی دیکە لەباربردن حەرام دەکەن، ئەویش ئابڕووبردنی زیناکەرەکەیە[6]، چونکە سکپڕی ناشاردرێتەوە، ئەوە دەردەخات كە ژنەكە لە دەرەوەی گرێبەستی خێزان لەگەڵ پیاوێكدا جووت بووە، لە سزای ئەم ئابڕووچوونەدا دەبێت زیناکارەکە ڕسوا بکرێت و یان بکوژرێت[7]. ئەمە ئەو پارادۆکسە ئاڵۆزەی کۆمەڵگەی ئێمەیە کە ئەستەمە لەنێو گفتوگۆکانی خۆرئاوادا لەسەر ئەم بابەتە بیدۆزینەوە. پارادۆکسەکە دەبڵ و دوولایەنەیە: 1- لەباربردنی کۆرپە حەرامە، چونکە پێویستە لەپێناو زۆربوونی ئیسلامدا ژیانی بپارێزرێت؛ 2- هاوکات، پێویستە ژن لە چوارچێوەی خێزاندا ئامێری وەچەخستنەوە بێت، بەڵام گەر کۆرپەکە ناشەرعی بوو ئەوا دەبێت ژنەکە ڕسوا بکرێت یان بکوژرێت. بەم جۆرە گەر لایەنگرانی لەبارنەبردن لە جیهاندا (کە بە زۆری کۆنزەرڤاتیف و لیبراڵەکانن)، ئەرگیۆمێنتەکەیان ئەوە بێت کە لەباربردن بە کوشتنی کۆرپەلە دادەنرێت، ئەوا لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا، جێبەجێکردنی لەبارنەبردن دەبێتە مایەی کوشتنی خودی دایکەکە یان هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دایک و کۆرپەکەیش پێکەوە. ئەمەیش تەنگژەیەکی گەورەی ئەخلاقییە و لەم کاتەدا پرسیارەکە لەبری ئەوەی لەسەر ڕەوایەتی و ناڕەوایەتیی لەباربردنی کۆرپەلە بوەستێت، دابەش دەبێتە بەسەر دوو بوونەوەردا: ئاخۆ کامیان باشترە بکوژرێن، کۆرپەلە یان دایکەکە؟ مەلا و بانگخواز و پیاوانی سەلەفی، بە هەموو ڕێگەیەک هەوڵ دەدەن ڕەوایەتی بۆ ژنکوژی دابتاشن، چ بە دەقی ڕاشکاو ئەم حوکمە بدەن، یان بە لەمرۆڤخستنی ژن و کردنی بە ڕەگەزێکی مەترسیدار لەسەر ئەخلاقی کۆمەڵگە. جبە و حیجاب و ئەو دژایەتییە بیئەندازەیەی خانمانی سفوور، زەمینەی بێچەندوچوونی بڵاوکردنەوەی ژنکوژییە. لەبەر پەرەسەندنی ئەم مێنتەڵێتیی ژنکوژییەیە هیچ کات مشتومڕی ڕاستەقینە ناپەڕێتەوە بۆ  قسەکردن لەسەر ژیانی خودی کۆرپەلە.

ئەم پرسە لە فەلسەفەدا جۆرێكی ترە: لای کانت مرۆڤ بوونەوەرێکی عەقڵانی-ئەخلاقییە و کۆمەڵیک توانستی هەیە کە لە بوونەوەرانی دیکە جودای دەکەنەوە؛ لەم ڕوانگەیەوە چەمکگەلی وەکو ئازادی و کەرامەت بە مرۆڤەوە پەیوەستن. گەر کۆرپەلە بە مرۆڤێكی مافدار دانەنرێت، کەواتە هەر لە ئاستی ئاژەڵیدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بۆ ڕزگاربوون لەم تەنگژەیە، ڕوانگەی دژەلەباربردن (وێڕای ئەرگیۆمێنتەکانی دیکەی) پێی وایە گەر کۆرپەلە مرۆڤی تەواویش نەبێت، هێشتا بوونەوەرێکی مافدارە، چونکە کەرامەت تەنها تایبەت نییە بە دیوە مرۆییەکەی مرۆڤ، بەڵکو ئەو لایەنە ئاژەڵییەکەشی دەگرێتەوە، کە کردوویەتی بە بەشێک لە سروشتی ئەم جیهانە. کەرامەت شتێکە لەنێو ئەم جیهانەدا و بۆ ئەم جیهانە، نەک شتێک کە تەنها پەیوەست بێت بە بواری نۆمینەی ئازادییەوە.[8] ئەم ئەرگیۆمێنتە مافی ژیان، واتە مافی هاتنەژیان و دەستکردن بە ژیان، وەک مافێکی خام و سروشتی بە بنچینە دەگرێت؛ لە هەوڵی ئەوەدایە پارێزبەندییەک بە دەوری کۆرپەلە و منداڵی تازەلەدایکبوودا ڕایەڵ بکات، تاوەکو وەک کەسایەتییەکی مرۆیی، مافی ژیان مومارەسە بکات.

فەیلەسوفی فەڕەنسی، ژاک دێریدا جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، نەک تەنها لە پنتێکدا کە دەربارەی مافی ژیانە، بەڵکو لە پنتێکدا کە دەربارەی مافی نەمردنـە، دەکاتە بابەتی ڕەخنە و مشتومڕ. مافی نەمردن کە مافی ژیان بە بنچینە دەگرێت، ئاماژەیە بۆ کولتوورێکی دژەئیعدام. دێریدا لەسەر میراتێک کاری کردووە کە خۆی ناوی دەنێت ئیلغاگەرایی ئیعدام و لە ڕوانگەی ئەوەوە بە هەڵوەشانەوەی حوکم و یاساکانی ئیعدام “مافی نەمردن” دەستەبەر دەبێت، ئەمەیش بەنێو خەبات و ڕەخنە و ململانێیەکی زیاتر لە سێسەد ساڵدا درێژ دەبێتەوە کە دێریدا وردەکاری و هێڵەکانی بە دوورودرێژی دیاری کردووە، بەڵام ئایا “مافی نەمرن”، لەبری ئەوەی تەنها نەمردنی تاوانباران بێت (ئەوانەی کە بەگوێرەی یاسا فەرمییەکانی وڵات و کۆمەڵگە جیاوازەکان، بە تاوانبار ناسراون) مافی ژیانی کۆرپەلەیش نییە؟ گەر پرسیارەکە نەختێک ئەخلاقیتریش بکەینەوە: ئایا ئەوەی لەگەڵ ئیعدامی تاوانباران نەبێت، دەشێت لەگەڵ لەنێوبردنی کۆرپەلەی پاک و بێگوناهـ بێت؟ گرێی پرسیارەکە لەوێدایە کە لە دنیای نوێدا دوو خواستی دژبەیەک، بە تایبەت لە لایەن بزووتنەوە چەپ و فێمێنستییەکانەوە لە گەشەکردندایە، یەکەمیان داوای مافی لەباربردنە و ئەوی تریان هەوڵە بۆ هەڵوەشانەوەی حوکمی ئیعدام؛ ئەم دوو داخوازییە ژیان دەخەنە نێو بەرداشی مان و مردنەوە؛ یەکەمیان داوای مافی لەنێوبردنی کۆرپەلە دەکات و دووەمیان داوای مافی مانەوەی تاوانبار لە ژیان دەکات. ئایا دەشیت بزووتنەوەیەک هەبێت، ئەم دوو داوایە پێکەوە کۆ بکاتەوە؟ ئەمە ئەو تەنگژە فیکری و یاساییەیە کە دێریدا دەیەوێت لە ئاستی تیۆریدا بە لێکبەستنەوەی هەردوو پرسەکە لەگەڵ یەکتریدا، تاووتوێی بکات.

دێریدا لە وانەوتارەکانیدا دەربارەی کێشەی بەرپرسیارێتییەکان، چەندین وانەی ناوازە و سەرسوڕهێنەر بۆ قسەکردن لەسەر کێشەی ئیعدام تەرخان دەکات، كە دواتر ئەوانەی دەربارەی ئەم پرسەن، لە دوو بەرگدا بە ناوی سزای مەرگ كۆ دەكرێنەوە. لە وانەوتاری چواردەی بەرگی یەكەمدا بە ئاماژەیەکی خێرا و لە وانەوتاری پازدەدا بە چڕی، لەباربردن و ئیعدام وەک دوو کێشە و تەحەدا لە بەردەم جاڕنامەی گەردوونیی مافەکاندا پیشان دەدات و ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە دەیەوێت پرسی پارێزبەندیی مافی ژیان، نەک تەنها سەبارەت بە سزای ئیعدام، بەڵکو سەبارەت بە سکپڕی و لەباربردنیش بەگیروگرفت بکات[9]. دێریدا لەم پێناوەدا جارێکی دیکە بۆ ڕەخنەی تێزەکانی کانت دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی خوێندنەوەی دێریدا، لای کانت کوشتنەوەی کەسێک کە سوبێکتێکی یاسایی کوشتبێت، یاسایەکی ڕەها و گەردوونییە، بەڵام دوو ئاوارتە لەم ڕێسا گشتییە هەیە: منداڵکوژی (چ لەباربردن و چ دوای لەدایکبوون) و کوشتن لە شەڕدا. دێریدا سەرنج دەخاتە سەر كوشتنی منداڵی زۆڵ لە لایەن دایكیەوە، كە ناوی دەنێت منداڵکوژیی دایکانە و بۆ ڕەخنەكردن لە ڕوانگەی كانت دەپرسێت: بۆچی ناکرێت یان نابێت منداڵکوژیی دایکانە بە کوشتنێک دابنێین کە سزاکەی مەرگ بێت؟  لێرەدا منداڵکوژی لە لایەکی دیکەوە وەها دەرک دەکرێت کە کوشتنی کۆرپەیەک یان منداڵێکی تازەلەدایکبوو کە بەرهەمی جووتبوونێکی ناشەرعییە لە دەرەوەی هاوسەرگیری؛ ئەم کوشتنە دوو لایەنی هەیە: لە لایەک بۆ سڕینەوەی شەرمی لەدایکبوونی منداڵێکی زۆڵە بێ هاوسەرگیری؛ لای کانت تەنها ئەم کوشتنە شەرەفی ڕەگەزی مێینە دەپارێزێت[10] و لای وایە ئەمە هەمان دۆخی شەڕیشە کە کوشتن تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی شەرەف یان سەربڵندی؛ لە هەردوو حاڵەتەکەدا کوشتنێک ڕوو دەدات، بەڵام بکەرەکان بە بکوژ دانانرێن، چونکە بەم مەرگە سنوورێک بۆ هەڵەیەک، بۆ تاوانێکی قێزەون، بۆ خیانەتێک، بۆ کەتنێکی زیانمەند، واتە بە گشتی بۆ خراپەیەک، بۆ کردەیەکی خراپە، بۆ ویستی ئازاداردان دادەنێن (دەربڕینەکان هیی کانتن). لە لایەکی تر، ناشەرعیبوونی منداڵ، واتای بوونێکە لە دەرەوەی یاسا؛ بەم مانایە خاڵی سەرەکی بۆ کانت مەسەلەی “یاسا”یە، نەک نەریتی کۆمەڵایەتی یان ڕێسای ئایینیی پەتی.

دێریدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە نەسەپاندنی سزای کوشتنەوە بەسەر بکوژدا لای کانت، تەنها لەبەر ئەوە نییە بەم کوشتنە ژن شەرەفی سێکسیی خۆی دەپارێزێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەو منداڵەی لە دەرەوەی هاوسەرگیری لەدایک بووە، لە دەرەوەی یاساش لەدایک بووە، هەر کەسێکیش لە دەرەوەی یاسا لەدایک بووبێت هیچ پارێزبەندییەکی یاسایی نییە و نابێتە ئەندامێکی ددانپێدانراو لە لایەن دەوڵەتەوە، واتە نابێتە سوبێکتی ماف. بەم مانایە کوشتنی ئەم کەسەی وا لە دەرەوەی یاسایە، هیچ سزایەکی کوشتنەوەی لەسەر نییە، قوربانییەکە نە هیچ کەسە و نە هیچ شتێک[11]. ئەوەی کوژراوە بێگومان بوونێکی مرۆییە، بەڵام ئەم بوونە مرۆییە نە هاووڵاتیی دەوڵەت (و نەتەوە)یە و نە هاووڵاتیی دەوڵەتێکی دیکە؛ بگرە بێگانە، غەریبە، دوژمنێکی دەرەکی وەک سەربازی سوپایەکی بێگانەیش نییە. لای کانت ئەوەی لە دەرەوەی یاسا بێت، یان (گەر زمان زیاتر بخزێت) ئەوەی دژ بە یاسا یان پێچەوانەی یاسا جووڵابێتەوە، دەبێت بە مەرگ سزا بدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا کۆرپەلە ئەو کەسە نییە کە دژ بە یاسا جووڵاوەتەوە، ئەو تەنها کەوتووەتە جیهانێکەوە کە نایاساییە. لەم لۆژیکەدا ئەوەی بەگوێرەی شیکارییە کانتییەکە دەبێت بکوژرێت، ئەوەیە کە کردارە دەرەیاساییەکەی ئەنجام داوە، کە دایکەکەیە، بۆیە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی تاوانەکە، لەجیاتیی کوشتنی دایک لەنێوبردنی کۆرپەلە یان منداڵ قەرەبووی ئەم کوشتنە دەکاتەوە، بەڵام ڕوانگەی فەلسەفە ئەخلاقییەکەی کانت خۆی پشتیوانی لەم ڕێسایە ناکات. بەگوێرەی خوێندنەوەی کانت، ئەم پاڵنەری کوشتنە سوبێکتیڤـە و لە خواستی دایکەوەیە بۆ بەدەستهێنانەوەی شەرەفی خۆی؛ هەتا وەختێکیش ئەم “شەرەف”ـە کۆمەڵایەتی بێت و پێودەنگەکەی نەریتی خەڵک بێت، ئەوا شەرەفێکی پووچ و بێبنەمایە، بە مانایەکی تر گەر بەیاساییکردنی کردارەکە لەسەر ئەو بنەمایە بێت كە گرووپێك یان لۆكاڵێك دەیسەپێنێت، کەواتە کردارێکی بەربەرییانەیە و ئاماژەیە بۆ نەقسی شارستانی، ئاماژەیە بۆ دۆخێک کە بەگوێرەی یاسای شارستانی پێش نەکەوتووە. وەختێک یاسا ئەوەندە پێش بکەوێت کە ببێتە یاسای شارستانی و مەدەنی، یان یاسای گەردوونی، کەواتە دەبێتە ڕێسایەکی ئوبێکتیڤ، بەمەیش ئەو کردارە سوبێکتیڤە تاكەكەسی و لۆكاڵییە لەگەڵ ڕێسا ئوبێکتیڤەکەدا هاوتا نایەنەوە، بەڵام چارەسەرەکە لەنێو مێژوو خۆیدایە، چونکە لە وەها دۆخیکدا و لەم پنتەی مێژوودا کە ڕێسا ئوبێکتیڤەکە تا ئەم ڕادەیە پێشکەوتووە، چیتر پاڵنەرە سوبێکتیڤەکانیش لەگەڵیدا لێکدژ ناوەستنەوە، پتر خۆیان لەگەڵیدا تەبا دەکەنەوە. بەم مانایە چیتر ژنان ناچار نین لە دەرەوەی هاوسەرگیری منداڵ بخەنەوە، چونکە هەستی شەرەف خۆی لە لایەن ئەخلاقەوە ڕێزی لێ دەگیرێت و هیچ كەس كردارێك ناكات دژ بە یاسا گەردوونییەكە. ئەمە گواستنەوەی مانای شەرەفە لە نەریتی سەرەتاییەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر کە ئاستی ئەخلاقە. کاتێک مێژووی ئەخلاقیات و کۆمەڵگەی مەدەنی تا ئەو ڕادەیە پێش دەکەون کە ناکۆکی لە نێوان پاڵنەرە سوبێکتیڤەکان و ڕێسا ئوبێکتیڤەکاندا نەمێنێت، ئەوا ئەو کات فەرمانی کاتیگۆریی سزای ئیعدام (کوشتنی کۆرپەلەیش وەک فۆڕمێکی ئیعدام) لەم ناکۆکییە دەردەچێت، کە چیتر نە پێویست بە زەبرزەنگ هەیە و نە بە کارئاسانی بۆ دایکان تاوەکو بە کوشتنی کۆرپەلە شەرەفیان بەدەست بهێننەوە، بگرە چیتر پێویست بە سەپاندنی مەرگ نییە[12]. لەم پنتەدا هەردوو پاڵنەری سوبێکتیڤ و ئوبێکتیڤ لێک جووت دەبن.

چارەسەرەکەی کانت تا ڕادەیەک ئایدیاڵییە، بە تایبەتییش بۆ کۆمەڵگەی ئێمە دوورەدەستترە. ئەوەی لای کانت لە سەنتەردایە “یاسا”یە وەک بنچینەی ڕێکخستنی ژیانی شارستانی لە دۆخێکی مێژوودا کە چیتر نەریتەکان لەگەڵیدا ناکۆک ناوەستنەوە، بەڵکو بۆ ئاستی ڕێسا مۆڕاڵییەکان هەڵدەکشێن. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نەریت لە ڕوانگەیەکی سوبێکتیڤەوە بۆ ئاستی یاسای گەردوونی هەڵنەكشاوە، بە پێچەوانەوە خۆی کراوە بە بەهای گەردوونی و بە یاسای گشتی بۆ جیهان؛ “شەرەف” لە سنوورێکی بەرتەسکدا گیر دراوە و لە دەرەوەی جەستەی ژن هیچ شتێک وەک شەرەف نابینرێت. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەرگیۆمێنتەکەی کانت پێچەوانە دەبێتەوە؛ ئەوەی مەبەستە لە کردەی سێکسیی دەرەخێزاندا بکوژرێت، خودی ژنە بە کۆرپەلەکەیشیەوە. كۆرپە تاوانبارە و نەفرەتی بەدەمەوە، مادام زۆڵە و باوكی خۆی ناناسێت. تەنها لەم ئاوارتە نەریتییەدایە كە لەبارنەبردنی كۆرپەلە ڕەت دەكرێتەوە؛ چونكە دواجار ئەوە ژن نییە دەتوانێت شەرەفی خۆی بە کوشتنی کۆرپەکەی بکڕێتەوە، بەڵکو پیاو بە کوشتنی ژن شەرەفی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە، چونكە ژن شەرەفی پیاوە نەك خۆی. ژن خۆی مافی كەرامەتی نییە. لەبەر ئەم زەبروزەنگە، کەیسەكانی لەباربردن لە تاریکی و نهێنیدا ئەنجام دەدرێن، چونکە ژن خۆی هەرگیز ناتوانێت شەرەفی خۆی بکڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر منداڵەکەیشی بە بەرچاوی هەمووانەوە بکوژێت؛ لە بنەڕەتدا هەر دەبێت “شەرەف” لای ئەو سەلامەت بمێنێتەوە، دەنا هەر کات شوختێک بکەوێتە ئەم دۆخی پاکژییە، تەنها پیاو دەتوانێت ئەو پەڵەیە بسڕێتەوە. گەر شتێک لەمەوە هەڵبهێنجین ئەوەیە، کە خەباتی ژنان لە خۆرئاوا بۆ بەیاساییکردنی لەباربردن، لەو پێناوەدایە ژن خۆی ئازادانە بڕیار بدات کۆرپەلەکەی لەبار ببات یان لێگەڕێ بێتە دنیا و ببێت بە دایک، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەباربردن، كاتێك منداڵەكە بەرهەمی سێكسیی دەرەوەی خێزان بێت، ناچارییە و بڕیارێکی ئازادانەی ژن نییە؛ پتر ترسە لە تانەی کۆمەڵایەتی و لە تووندوتیژی و کوشتن.


[1]  ئێمە لێرەدا باس لە لەباربردن دەکەین، بەڵام لە وتارێکى درێژماندا دەربارەى “ئیعدام” کە بە نامیلکەى ئەلیکترۆنى بڵاومان کردەوە، ئاماژەیەکمان بە کێشەى ئوسەنایژیایش داوە، گەر خوێنەر مەیلى لێ بێت دەتوانێت لەم لینکەدا بۆى بگەڕێتێتەوە.

https://philosophie86.blogspot.com/2019/06/blog-post_68.html

[2] بۆ وتارەکەى ئەسقۆف، بڕوانە:

Catholic Bishops of the United States: Abortion Is Immoral, in “Abortion- Opposing, viewpoints,  Book Editor: Mary E. Williams, Greenhaven Press, Inc., San Diego, California, Pp 17-26.

[3]: بۆ وەڵامى وتارەکەى ئەسقۆف بڕوانە:

John M. Somly: Abortion os Not Immoral, in “Abortion- Opposing, viewpoints,  Book Editor: Mary E. Williams, Greenhaven Press, Inc., San Diego, California, Pp. 27-35.

[4]: بڕوانە: ابن عاشور، مقاصد الشريعة الإسلامية، ص276، 284-285. هەروەها بۆ زانینى حوکمى ئیمامەکانى ترى ئیسلام لەم بارەيەوە، بڕوانە: د. إبراهيم بن محمد قاسم بن محمد رحيم: أحكام الإجهاض في الفقهه الإسلامي، سلسلة إصدارات الحكمة، العدد 13، الطبعة الأولى، بريطانيا 2002، ل132، 134.

[5] ئەم ئەرگومێنتە، واتە ماراسۆنى بوون بە یەکەم لە ڕێگەى ژمارەوە، ئێجگار لاواز و دواکەوتووانەیە؛ پتر پەیوەستە بەشێوازى ژیانى سەرەتایى و خێڵەکییەوە و لە جیهانى ئەمڕیدا ژمارەى زۆر، چەندێتى، بە تەنیا و بە بێ چۆنیەتى، هیچ سەنگێکى نییە. ژمارەى دانیشتوانى وڵاتێکى وەک نەمسا هێندەى ژمارەى دانیشتوانى کورستانى باشوور دەبێت، بەڵام ئەوێ جەرگەى مۆسیقاى کلاسیک و پزیشکى و دیموکراسییەت و خۆشگوزەرانییە. لەلایەکیتر بوون بە یەکەم، لەبرى ئەوەى پەیوەست بکرێتەوە بە باوەڕهێنانى ئەوانى تر، لەسەر بنەماى ئیمانێک کە ئارامى و ئاساییشى دەروونى و کۆمەلایەتى و ڕێکخستنى پێشکەوتوو و دادوەرانەى ژیان دابین دەکات و هانى پەیوەندیگیرییەکى ئاسوودەبەخش و ئینسانى لەنێوان مرۆڤەکاندا دەدات و بانگەشە بۆ ئاییندارییەکى کراوەى دەرە-تەکفیر و نا-تیرۆریستى و بێ تووندوتیژى بکات، پەیوەست بکرێتەوە بە زۆربوونى ماراسۆنئاساوە، ئەمە بۆ خۆى هیستریایەکى دەروونى قووڵە و ترسە لە دواکەوتن و بەجێهێشتن، ترسە لە بەجێمان لە زەمەندا.

[6] د. إبراهيم بن محمد قاسم بن محمد رحيم ، مصدر سابق، ل132.

[7]: هەمان سەرچاوە، 130.

[8] Martha Nussbaum and Rosalinda Dixon: Abortion, Dignity and a Capabilities Approach, p. 4.

[9] Jacques Derrida: The Death Penalty, volume I,  Edited by Geoffrey Bennington, Marc Crépon, and Thomas Dutoit, Translated by Peggy Kamuf, The University of Chicago Press,  Chicago and London, 2014, p.121, 123.

[10] Ibid, 124.

[11]: Ibid, 125.

[12] Ibid, p. 127.

هاوشێوە