رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئایدۆلۆژیا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: دینۆ فرانکۆ فلوگا

وەرگێڕان: نیما لوقمان

Download PDF

ڕەخنەی ئایدۆلۆژی ڕوویەکی گرینگی “تیۆری ڕەخنەی”ـیە، کەواتە سەرسووڕهێنەر نییە کە ئەم چەمکە، چەمکێکی مەیلخوازە چونکە هەر ڕێبازێکی ڕەخنەیی ئایدۆلۆژی تۆزێک جیاوازتر لە ڕێبازەکەی تر تەفسیری دەکات. درکی شێوەی ئیشکردنی ئایدۆلۆژیش لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو ئاڵوگۆڕێ جۆراوجۆری بەسەردا هاتووە. ئەم چەمکە لە کاتی شۆڕشی فەرانسا هاتەئاراوە بەڵام گرینگترین تەفسیری ئەو بۆ تیۆری ڕەخنەیی لە بەرهەمەکانی “کارڵ مارکس”ـدا بەدی دەکرێت. تێگەیشتنی مارکس لەمڕ ئایدۆلۆژی ئالۆز بوو و مارکس بڕوای وابوو لەگەڵ پەرەپێدانی تیۆرەکانی هاوکات دەبێت سەبارەت بە ئایدۆلۆژی بە مێتۆدە جیاوازەکان بیربکاتەوە. ڕاشکاوانەترین شڕۆڤەی مارکس سەبارەت بە ئایدۆلۆژی لە کتێبی “ئایدۆلۆژیای ئەلمانی”، نووسینی هاوبەشی مارکس لەگەڵ فێدریک ئەنگڵس هاتووە. ئایدۆلۆژی نوێنەرایەتی “بەرهەمهێنانی ئایدیاکان، چەمکەکان، ئاگایی” و هەموو ئەوەی “مرۆڤ دەتوانێت درک و وێنای بکات” دەکات و هەروەها لەخۆگری “شتانێکە وەکوو “سیاسەت، یاساکان، ئەخلاق، دین، مێتافیزیک و هتد”.

کارکردەکانی ئایدۆلۆژی وەکوو سەرخانی شارستانییەت بریتییە کونوانسیونەکان و ئەو کولتوورەی کە پێکهێنەری ئایدیا زاڵەکانی کۆمەڵگایەکە. هەرچەندی “ئایدیا زاڵەکانی” سەردەمێک ئایدیاکانی چینی دەسەڵاتدارە: “ئایدیا زاڵەکان هیچ نییە جگەلە بەیانی ئایدیاڵی پیوەندییە مەتریاڵە زاڵەکان، ئەو پیوەندییە ماتریاڵە زاڵانەی کە وەکوو ئایدیاکان درک دەکرێن؛ کەواتە، پیوەندییەک کە چینێک دەکات بە چینی باڵادەست و لە دەرئەنجامی ئەم باڵادەستییە ئایدیاکانی زاڵ دەبێت”.

لەو شوێنەوەی کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئایدۆلۆژی بریتییە لە ڕەوایی پێدانە بەو هێزانەی کە لە پێگەیەکی هەژموونین، ئەم کردەیە دەبێتە هۆی ناڕوونی و دروستبوونی وەهم سەبارەت بەو تووندوتیژی و چەوساندنەوانەی بۆ سەرکووتکردنی گرووپێکی بێهێز دەکڕیت (هەر لە کۆیلەکان لە کۆمەڵگای خێڵەکی تاکوو شوانەکان لە کۆمەڵگای فێئۆداڵی و پرۆلیتاریا لە کۆمەڵگای سەرمایەداری). ئەم ناڕوونی و پێچدانە بەزەروورەت، دەگات بە هاودژە لۆجیکییەکان لە ئایدۆلۆژیای باڵادەست، کە مارکسیزم لە هەوڵی ئاشکراکردنی ئەو دایە لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ هەلومەرجی ماتریاڵی کۆمەڵگایەک واتە شێوازی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەک.

مارکس و ئەنگڵس لە کتێبی ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی (١٩٣٢)ـدا، ئەو ئەگەرە پێشکەش دەکەن کە مرۆڤ بتوانێت لە دەرەوەی ئیستعمارکردنی ئایدیۆلۆژیدا، مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە ڕاستەقینەکانی بوونی مرۆڤدا بکات:

ئێمە کارەکەمان بەو پێشەکییانە دەست پێدەکەین کە دڵخواز و[دەرئەنجامی] بیرکردنەوە دۆگمەکان نین، بەڵکوو بریتین لەو پێشەکییە واقعییەیانەی کە ئیمکانی ئەبستراکت بوونی پێشهاتەکان لەو واقعەدا تەنیا لە خەیاڵدا ڕوودەدات. ئەم پێشەکییانە لەخۆگری تاکە ڕاستەقینەکان، هەروەها چالاکییەکانیان، دۆخی ژیانیان، چە ئەو دۆخەی لە ئێستادا بوونی هەیە و چە ئەو دۆخەی کە لە ئاکامی چالاکییەکانیان دروست دەبێت. لەم ڕووەوە، دەتوانرێت ڕاستی و ناڕاستی پێشەکییە باسکراوەکان بەشێوەیەکی تەواو ئەزموونی دیاری بکرێت.(ئایدۆلۆژی ئەلمانی، لاپەڕە ٢٠)

مارکس ئەو دۆخە ماتریاڵەی کە لە سەردەمێکی دیاریکراو لەئارادایە پەیوەست دەکات بە کەرەستەی بەرهەمهێنان. ئایدۆلۆژی هەر قۆناغێکی کاتی دیاریکراو بە ڕوونترین شێوەی خۆی بە دۆزینەوەی دۆخی ماتریاڵی بەرهەمهێنان دەردەخرێت واتە کەرەستەی بەرهەمهێنان و هەروەها پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان(ئەو ڕێگایانەی کۆمەڵگا پەیوەندی نێوان تاکەکان دادەرێژێت، بەتایبەت لە ڕێگەی دابەشکردنی کارەوە) بەیەکەوە شێوەی بەرهەمهێنان پێکدەهێنن واتە “ژیان پێش هەموو شتێک لەخۆگری خۆراک، خواردنەوە، خانوو، جلوبەرگ و زۆر پێداویستی ترە. کەواتە یەکەمین ئەکتی مێژوویی بەرهەمهێنانی کەرەستە بریتییە لە تێرکردنی ئەم پێویستییانەیە واتە بەرهەمهێنانی خودی ژیانی ماتریاڵی”. بۆ مارکس، ئەمە ماتریاڵیتی بەرهەمهێنانی مرۆییە کە کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ژیان هەیە واتە “ژیان لەلایەن ئاگاییەوە دیاری ناکرێت، بەڵکوو ئاگایی لەلایەن ژیانەوە دیاری دەکرێت”. مارکس و ئەنگڵس لە کتێبی “ئایدۆلۆژیای ئەلمانی” زیادتر ئەم بابەتە ڕووندەکەنەوە:

دەبێت لە هەر بابەتێکی بەجیا، ڕوانینی ئەزموونی، بە شێوەیەکی ئەزموونی و بەبێ هیچ سەرلێشێواوی و لێدانەوەیەک، پەیوەندی نێوان پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە بەرهەمهێنانەوە دیاری بکات. بەڵام، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دەوڵەت بەشێوەیەکی بەردەوام لە پرۆسەی ژیانی تاکە دیاریکراوەکان پەرەسەندنن، هەڵبەت نە بەوشێوەیەی خۆیان و کەسانی تر وێنایدەکن، بەڵکوو وەک چۆن بەڕاستی هەن و کار دەکن و بەشێوەیەکی ماتریاڵی بەرهەم دێنن و لە دەئەنجامدا لەژێر سنورێکی ماتریاڵی دیاریکراو لە گریمانەکان و مەرجی سەربەخۆکان لە ویستیان کار دەکەن (ئایدۆلۆژی ئەلمانی، لاپەڕە ٢٤)

ئەم بڕوایە کە کەسێک ڕاستەوخۆ دەتوانێت دەستی بە دۆخی واقعی مێژوو بگات(کە هەندێک کات بە ناونیشانی “تیۆری تیشکدانەوە” یان “مارکسیزمی بێرەوش” یاد دەکرێتەوە)، لەلایەن نئۆمارکسیزمەکان، بەتایبەت لەئاکامی سەرلە نوێ بیرکردنەوەی لاکانی-لویی ئاڵتۆسێر سەبارەت بە ئایدۆلۆژی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە.

مەکتەبی فرانکفۆرت، بەتایبەت لەبەر حەزی پڕ گوومانانەی ئەندامەکانی لەمەڕ هەر جۆرە بانگەشەیەک سەبارەت بە حەقیقەتی ڕەها، سەر لە نوێ بیرکردنەوەیەیەکی سەرەتایی گرنگیان سەبارەت بە فامی مارکس لە ئایدۆلۆژی پێشکەش کرد. بۆ تیۆریسیەنەکانی مەکتەبی فرانکفۆرت وەکوو ماکس هۆرکهایمەر، تیئۆدۆر ئادەرنۆ و هێربێرت مارکۆزە، تیۆری ڕەخنەیی لە باشترین دۆخیدا دەیتوانی هەنگاو بنێت بۆ بۆ دەرەوەی دۆخی زاڵ و هژمونیکی فامی جیهان بۆ ئەوەی ڕەخنەی تەواوی ئایدۆلۆژییە تەمومژاوییەکان بکات کە ئامانجیان گۆڕینی کۆمەڵگایە بۆ بادۆخێکی باشتر؛ ئەوان ماتریالیزمی دیالێکتیکی مارکسیان وەکوو میتۆد قەبووڵکردووە بەڵام بەو فامەی تیۆرە ڕەخنەییەکان دەبێت هەمیشە ئامادەیی لێ پرسینەوەی میتۆدۆلۆژیی خۆیان هەبێت، بە تایبەت ئەگەر جیهانی راستەقینەی پڕاکسیس بەڵگە بۆ لێ پرسینەوەی ئەو تیۆرییە کە بەکاردەهێنرێت، هەبێت. ئەم نوسخە گوومانئامێزترەی دیالێکتیکی ماتریالیزمی لەلایەن هۆبێرت مارکۆزە و تێئۆدۆر ئادرنۆ بە شێوەی دیالێکتیکی نێگەتیڤ پەرەییپێدرا. لەڕاستییدا مارکس لە چوارچێوەی ئەم باسە فامێکی ئالۆزتری هەیە، لەبەرئەوەی مارکس لە هەندێک دۆخ، باسی هەندێک لایەنی ئایدۆلۆژی، وەکو ئەدەب، دەکات کە دەتوانێت بوونێکی نیوە سەربەخۆی هەبێت؛ واتە، ئەم بەرهەمە کلتورییانە دەتوانن کاریگەرییەکی دژ دابنێن لەسەر شێوازی زاڵی بەرهەمهێنان. وەرحال، نئۆمارکسیزم وەکوو هێمایەکی گرینگی گۆڕان لە چواردەوری ئەم چەمکە دەناسڕێن. نوسخەی مارکس لە ئایدۆلۆژی لەلایەن هەندێک کەس وەکوو “ئاگایی ساختە” ناوزەد کراوە واتە تێگەیشینێکی هەڵە لە شێوەی ڕاستەقینەی کارکردی جیهان(بۆنموونە، سەرکووتی ئەم ڕاستییە کە ئەو بەرهەمانەی ئێمە لە بازاری ئازاد دەیکڕین، لەڕاستیدا، دەرئەنجامی چەوسانەوەی کرێکارانە). ئالتۆسێر ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆ مارکس، “ئایدۆلۆژی … بە شێوەی پێکهاتەیەکی خەیاڵی فامدەکڕێت کە دۆخی ئەو ڕێک هاوشێوەی دۆخی تیۆری خەون لای نووسەرانی پێش فڕۆیدە. بۆ ئەو نووسەرانە، خەون دەرئەنجامی خەیاڵی ڕووت و پووچی پاشماوەکانی ڕۆژ بوو”[1]. بە پێچەوانەوە، ئاڵتۆسێر ئایدۆلۆژی بە درکی لاکان لە “ریاڵ”، واتە جیهانێک کە ئێمە دوای گەیشتن بە پانتایی ڕەمزی لە چواردەوی خۆمان دروستی دەکەین، نزیک دەکاتەوە.(درکی پییەر بۆردیۆ لە خووەکان و دوکسا هەوڵێکی ترە بۆ نیشاندانی ئەوەی چەندە بۆچوون و گریمانە پێشوەختەی ئایدۆلۆژیاکانی ئێمە، نائاگایانە و جێگیر کراون). لە ڕوانگەی ئاڵتۆسێر و هەروەها لاکانیش، گەیشتن بە “دۆخی واقعیی وجوود” لەبەر پشتبەستنی ئێمە بە زمان، نەکردەیە؛ بەم حاڵەشەوە، لە ڕێگەی تێڕوانینێکی جددی “زانستی” بۆ کۆمەڵگا، ئابووری و مێژوو، ئێمە دەتوانین نزیک بینەوە لە درکی، هەرچەندە “دۆخی ریاڵ” نا، بەڵام لانی کەم نزیک بینەوە لە ئەو ڕێگەیانەی کە ئێمە لە ئایدۆلۆژیا بە کارڵێکە ئالۆزەکانی ناسین و نەناسین دەوردەراوین. فامی ئاڵتۆسێر لە ئایدۆلۆژیا زۆربەی زۆری بیریارە مارکسیزمەکانی، وەکوو شانتاڵ مۆف، ئێرنێستۆ لاکلائۆ، سڵاڤۆی ژیژەک و فێدریک جیمسۆنی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.

ئاڵتۆسێر زنجیرەیەک گریمانە دەخاتەڕوو کە بۆ ڕوونکردنەوەی درکی خۆی لە ئایدۆلۆژی بە وردی تاوتۆێی دەکات:

١. “ئایدۆلۆژیی دەرخەری پیوەندی خەیاڵی تاکەکان بە دۆخی ڕاستەقینەی بوونیانە”[2]. ڕێگە نەریتییەکانی بیرکردنەوە سەبارەت بە ئایدۆلۆژی بووە هۆی ئەوەی ڕابەرانی مارکسیزم لە ڕێگەی ئاماژەدان بە دونیای واقعی شاراوە لە پشت ئایدۆلۆژی (بۆ نموونە، بناغەی “واقعی” ئابوری بۆ ئایدۆلۆژی) پیشانی بدەن لەبەرچی ئایدۆلۆژییەکان هەڵەن. لەبەرامبەردا، لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ئالتۆسێر، ئایدۆلۆژی “ڕەنگدانەوە” دونیای واقعی نییە بەڵکوو نوێنەرایەتی “پەیوەندی خەیاڵی تاکەکان” لەمڕ بە جیهانی واقعی دەکات، هەر شتێک ئایدۆلۆژیا (بە هەڵە) پیشانی دەدات، ئەوەیە کە خۆی لەڕابردووەوە هەڵگری مەودایەکە لە ریاڵ. لێرەدا، ئالتۆسێر شوێنکەتووی درکی لاکانە لە نەزمی خەیاڵی، کە خۆی بە هەنگاوێک دوورتر لە ڕیاڵی لاکانی دادەنێت. بە واتایەکی تر، ئێمە هەمیشە لە ناو ئایدۆلۆژی داین چونکە ئێمە پشت بە زمان دەبەستین بۆ جێگیرکردنی “ریاڵ”ـی خۆمان؛ ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان بریتییە لە خستنەوەڕووە جیاوازەکانی لە “ریاڵ”ـی کۆمەڵایەتی و خەیاڵکردنی ئێمەن نەوەک خستنەوەڕوویەک لە خودی “ڕیاڵ”. [لە تیۆری لاکان سێ چەمک ڕۆڵی سەڕەکییان هەیە، پانتایی خەیالی، پانتایی ڕەمزی و پانتایی ڕیال. پانتایی خەیاڵی هەمان قۆناغی پێش-ئۆدیپیی گەشەی منداڵە لە تیۆری فرۆید. پانتایی ڕەمزی پیوەندی لەگەڵ کایەی زمان و کولتوور هەیە. پانتایی ڕیاڵ لە ڕوانگەی لاکان، هەندێک چوارچێوەی ژیانە کە ئەگەری ناسینی نەکردەیە. پانتایی ڕیال، هەمان جیهانی واقعییە پێش ئەوەی زمان پەل پەلی بکات. پانتایی ڕیال شتێکە ناگوازرێتەوە ناو زمان تاکو ببیندرێتەوە. هەرچەنده پانتایی ڕیال لە دەرەوەی بەردەستبوونی پانتایی خەیاڵی و ڕەمزییە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەسەر سوبێکت و کارکردنی ئەو کاریگەری هەیە.][3]

٢. “ئایدۆلۆژی خاوەنی بوونێکی ماددییە”[4]. ئاڵتۆسێر بانگەشە دەکات ئایدۆلۆژی بوونێکی ماددییە لەبەرئەوەی “ئایدۆلۆژییەک بەردەوام لە دەزگا و ڕێوشوێن یان ڕێوشوێنەکانی بوونی هەیە”. ئایدۆلۆژی بەردەوام خۆی لە ڕێگەی کرادارەکانەوە مانفێست دەکات کە “لە ڕێوشوێنەکان دایە” وەکوو نەریتەکان، هەڵسوکەوتی ئاسایی و … . لە ڕاستیدا، ئالتۆسێر تا ئەو ئاستە دەچێتە پێشەوە کە هاوکێشەی پاسکاڵ بۆ باوەڕ وەردەگرێت: “پاسکاڵ کەم تا کورت دەڵێت: ئەژنۆ دابدەن، لێوەکانتان بۆ دوعا کردن بجوڵێنن، ئەو کاتە ئێوە بڕوا دەهێنن”. ئەم کردارە پیوەندی ئێمە لەگەڵ ئەوانی تر و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانە کە بە شێوەیەکی بەردەوام ئێمە وەکوو سوبێکت دەردەخات. دەتوانین بڵێین کە درکی جودی باتڵێر لە performativity (هێزی زمان بۆ گۆڕانکاری) زۆر لە ژێر کاریگەری ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە سەبارەت بە ئایدۆلۆژی دایە.

٣. ” ئایدۆلۆژیا تاکە کۆنکرێتەکان وەک بابەتێکی کۆنکرێتی ستایش دەکات یان لێ پرسینەوەی لەگەڵ دەکات”[5]. لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ئالتۆسێر، ئامانجی سەرەکی ئایدۆلۆژی “پێکهێهنانی تاکی کۆنکرێتییە وەکو سوبێکت”ـە. ئایدۆلۆژی ئەوەندە لە ناخی هەڵبژاردنی سوبێکتەکانی خۆی دایە کە شێوە بە ئەو خودە واقعییەی ئێمە دەبەخشێت و لەم ڕووەوە بۆ ئێمە هاوشێوەی “ریاڵ” یان ” بەڵگەنەویست” دێتە بەرچاو. ئاڵتۆسێر بۆ نموونە باسی “سڵاو کردن” لە شەقام دەکات: “نەریتی ناسینی ئایدۆلۆژی… گەرەنتی ئەوەمان بۆ دەکات کە ئێمە لە ڕاستیدا سوبێکتێکی کۆنکرێتی، تاکەکەسی، جیاکەرەوە و (بە سروشتی) ناجێگرەوەین”. تاکەکان لە ڕێگەی “لێپرسینەوە” و کەوتنە ژێر پرسیار دەگۆڕێن بۆ سوبێکت (کە ئەمە هەمیشە ئایدۆلۆژییە). نموونەی ئاڵتۆسێر سڵاوی پۆلیسێکە کە دەڵێت: “هۆی، ئەو کەسەی کە لەوێی وەستاوی”: “بە گریمانەی ئەوەی ئەم دیمەنەی کە من وێنای دەکەم لەسەر شەقام ڕوودەدات، تاکی ئاماژە پێکراو ئاوڕدەداتەوە. لە ڕێگەی ئەم ئاوڕدانەوە ١٨٠ پلەیە، ئەو دەگۆڕێت بۆ سوبێکتێک”. ئەم ڕاستییە کە ئێمە ئەم گۆڕانکارییە وەکو ئایدۆلۆژی ڕەچاو ناکەین، خۆی بە قازانجی هێزی ئایدۆلۆژی قسە دەکات:

بەم پێیە بێت ئەو  کەسەی وادەزانێت لە دەرەوەی بازنەی ئایدۆلۆژی دایە(بە دیاریکراوی، لە شەقام) لەڕاستیدا لەناو ئایدۆلۆژی دایە… هەر لەبەرئەوە، ئەوانەی لە ناو ئایدۆلۆژی دان بەگشتی خۆیان بڕوایان وایە لەدەرەوەی ئایدۆلۆژیین: یەکێک لە بەرهەمەکانی ئایدۆلۆژی نکۆڵی پڕاکتیکی سروشتی ئایدۆلۆژی ئایدۆلۆژیییە لەلایەن ئایدۆلۆژییەوە: ئایدۆلۆژی هیچکات ناڵێت،”من ئایدۆلۆژیم”.

٤. “تاکەکان هەمیشە و پێشوەختە سوبێکتن”[6]. هەرچەندە ئاڵتۆسێر نموونەی خۆی سەبارەت بە لێ پرسینەوە لە فۆرمێکی کاتیدا دەخاتەڕوو(من لێ پرسینەوەم لەگەڵ دەکرێت کەواتە من دەگۆڕم بۆ سوبێکتێک و دەچمە ناو ئایدۆلۆژییەوە)، بەڵام ئاڵتۆسێر ڕوونی دەکاتەوە “بوون بۆ سوبێکت” تەنانەت پێش لەدایکبوونی ئێمە ڕوودەدات. ئاڵتۆسێر دەڵێت: “ئەم دۆزە لەوانەیە پارادۆکس دەرکەوێت”؛ بەڵام، “ئەمەی تاک هەمیشە و پێشوەختە سوبێکتە، تەنانەت پێش لەدایکبوونی،… ڕاستییەکی ساکار و شیاوی درک پێی کردنە بۆ هەمووانە و بە هیچ شێوەیەک پارادۆکس نییە”. تەنانەت پێش لەدایکبوون، “پێشوەختە یەکلایی کراوەتەوە هەڵگری ناوی باوکییەتی، و کەواتە دەبێتە خاوەنی شوناس و جێگرەوەی نابێت. کەوایە پێش لەدایکبوونی، منداڵ هەمیشە و پێشوەختە سوبێکتە و وەکو سوبێکتێک لە پێکهاتەی تایبەتی ئایدۆلۆژی خێزان دانداراوە و هەر لە کاتی سکپڕییەوە پێکهاتەی ئاماژەپێیکراو “چاوەڕوانی” لێی هەیە”. لە دەرئەنجامدا، ئالتۆسێر جارێکی تر بەگڕانەوە بۆ ئایدیاکانی لاکان، سوود لە ئایدیای “ناوی-باوک” وەردەگرێت.

زۆربەی سوبێکتەکان خۆدەستووری ئایدیۆلۆژی خۆیان وەک “ریاڵ” یان “سروشت” قبوڵ دەکەن و بەم شێوەیە بە دەگمەن سەرپێچی لە ئامێری دەوڵەتی سەرکوتکەر دەکەن، کە بۆ سزادانی هەر کەسێک داڕێژراوە کە ئایدیۆلۆژیای باڵادەست ڕەت بکاتەوە. بەم پێیە هەژموون کەمتر پشت بە دەزگا دەوڵەتییە سەرکوتکەرەکان وەک پۆلیس دەبەستێت بە بەراورد بە دەزگا دەوڵەتییە ئایدیۆلۆژییانە(ISAs, Ideological State Apparatuses) کە تەواوی سوبێکتەکان بە ئایدۆلۆژی بارگاوی دەکەن. ئاڵتۆسەر لەمڕ ئەم بابەتە دەڵێت: “تاک وەکو سوبێکتێکی (ئازاد) لێ پرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت تاکو ئازادانە ملکەچی فەرمانەکانی سوبێکتی [گەورە] بێت، واتە سوبێکت (ئازادانە) ملکه‌چی خۆی قەبووڵ دەکات، واتە سوبێکت دەبێت جوڵەکان و هەنگاوەکانی تایبەت بە ملکەچی خۆی “بۆخۆی” بیکات[7]. پییەر بۆردیو لە تیۆری خۆی سەبارەت بە دۆکسا، مەیدان، خووئاساکان و سەرمایەی کولتوری ئەم میکانیزمەی بەکارهێناوە.

لەم ماوەیەدا، تیۆری فیدریک جیمسۆن سەبارەت بە ئایدۆلۆژی تیۆرییەکانی ئایدلۆژی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. ئەو بەتایبەت لەژێر کاریگەری لاکان و بیریارانی پۆست-مارکسیزم دایە کە لە جیاوازی  لاکان سەبارەت بە ڕیاڵ و “پانتایی ڕیاڵ” بەکار دێنن بۆ فامی ئایدۆلۆژی(وەکوو لوویی ئاڵتۆسێر، شانتاڵ مۆف، ئێرنێستۆ لاکلائۆ). لە شوێنێک، جیمسۆن پێناسەی لاکانی ئاڵتۆسێری لە ئایدۆلۆژی وەردەگرێت و واتە: ” پەیوەندی خەیاڵێ سوبێکت لەگەڵ دۆخی ڕیاڵی بوون”[8]. لەسەر بنەمای پێناسەکە، “دۆخی ڕیاڵی بوون” لە دەرەوەی زمان دەمێنێتەوە. لەم ڕووەوە بۆ جیمسۆن، مێژوو وەکو “هۆکارێکی غایب”، تا ئەو شوێنەی لە کۆی خۆیدا(کلیت) دەمێنێتەوە، دەرنابڕدرێت؛ لەگەڵ ئەمەشدا تا ئەو شوێنە بوونی هەیە کە دژایەتییە ڕاستەقینەکان لە ئێستادا دەباتە پێشەوە(بۆ نموونە نێوان چینەکانی کۆمەڵگا). ئێمە لەوانەیە نتوانین هەموومان لە هاودژییەکانی ئایدۆلۆژی دەرباز بین؛ بەڵام جەیمسۆن جەخت لەسەر گرنگی هەوڵدان دەکات، سەرەڕای ئەوەش، دەبێت دان بەو دژایەتییە ڕاستەقینەیانەدا بنرێت کە لە ڕاستیدا بنیاتنانی فانتازیامان دەباتە پێشەوە.

هەروەها جیمسۆن ڕوونی دەکاتەوە لە هەر سەردەمێک تەنیا ئایدۆلۆژییەکی زاڵ بوونی نییە. لێرەدا، جیمسۆن پەیڕەوی لە جیاوازی بەسوودی رێمۆند ویلیامز دەکات لە نێوان فۆرمەکانی ئایدۆلۆژی “پاشماوە” (ئەو ئایدۆلۆژییانەی کە بەگشتی شوێنی گیراوەتەوە بەڵام هێشتا بە شێوەگەلێکی جیاواز بەردەوامن)؛ ئایدۆلۆژی ” ساوا”(ئەو ئایدۆلۆژییە نوێیانەی لە پرۆسەی دروستکردنی کاریگەری خۆیاندان)؛ ئایدۆلۆژی “زاڵ” (ئەو ئایدۆلۆژییانەی لە دەستەواژەی قەبووڵکراوی ئاڵتۆسێر بەناوی “دەزگاکانی ئایدۆلۆژی حکومی” واتە قوتابخانەکان، حکومەت، پۆلیس و سوپا). جیمسۆن جەخت لە بەهای ئەم مۆدێلە دەکاتەوە چونکە “ئەگەر ئێمە نەگەین بە درکێکی گشتی لە کولتووری زاڵ، ئەو کات دەگەڕێنەوە سەر ئەم ڕوانینە کە دەڵێت مێژووی هاوچەرخ بریتییە لە ناچونیەکی ڕەبەق ، جیاوازی هەڕەمەکی، هاوژینی کۆمەڵێک هێزی جیاواز کە کاریگەری دیاری نەکراوە”[9]. جیمسۆن بە دیاریکردنی فۆرمی ئایدۆلۆژی زاڵی سەردەمی ئێمە لە کتێبەکەیدا بەناوی “پۆستمۆدیرنیزم”(١٩٩١) دەخاتەڕوو، کە هیوادارە “نەخشەیەکی مەعریفی” ئێستایی بۆ خوێنەرانی دابین بکات، بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی سیاسی کاریگەر و بەسوود بێنیتە ئاراوە.

تیۆرەکانی سلاڤۆی ژیژەک سەبارەت بە ئایدۆلۆژی (لە تەواوی بەرهەمەکانی بەڵام بەدیاریکراوی لە “ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژی” و “مانەوە لەگەڵ نێگەتیڤ”) کاریگەریان هەبووە، بەتایبەت شڕۆڤەی ئەو سەبارەت بە ئەوەی بۆچی دەرکردنی ئایدۆلۆژی قورسە تەنانەت کاتێک لەگەڵ تاکێک سەبارەت بە دژایەتییەکان و کێشەکانی شێوەی بیرکردنەوەی قسە دەکەیت. ژیژەک بۆچوونی فرۆید لەمڕ فیتیشیزم بەکار دێنێت (کە دووبارە لەلایەن ئەکتاڤ مانۆنی نووسراوە) بۆ ئەوەی نیشان بدات چۆن تاکێک لەگەڵ ئەوەی دەزانێت ئایدۆلۆژییەک هەڵەیە بەڵام هێشتاش پەیڕەوی لێی دەکات. سەبارەت بە فیتیشیزم، فیتیشیست بڕوای بە فانتازیای خۆی هەیە، هاوکاتی ئەوەی توانای دیاریکردنی ئەوەی هەیە ئەمە هیچ نییە جگەلە فانتازیا. بەمەشەوە، دیاری کردنی ڕاستی ناسینی فانتازیا وەک فانتازیا بە هیچ شێوەیەک لە هێزی فانتازیا کەم ناکاتەوە لەسەر تاکدا. ئۆکتاڤ مانۆنی ئەم لۆجیکی پارادۆکسە بەمشێوەیە لیکدەداتەوە: “من زۆر بە باشی دەزانم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا”. ژیژەک لە تیۆرییەکانی سەبارەت ناوەڕۆکی ئایدۆلۆژی ئەم ئایدیایەی بەکارهێناوە و وەکو لۆجیکێکی پارادۆکسی لێکچوو بەیانی دەکات: بۆ نموونە ئێمە بە باشی دەزانین کە ئەو کاغەزی پارەیە هیچ هێزێکی تایبەتی لەسەر ئێمە نییە و لە ڕاستیدا میتۆدێکە بۆ نامۆکردنی کاڵا لە هێزی کار، کە لە ڕاستیدا بەهای هەر کاڵایەک دیاری دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە بەکارهێنانی ڕۆژانەی خۆمان لە شێوەی-پارە بەچەشنێک هەڵسوکەوت دەکەین وەکو بڵێی پارە کاریگەی لەسەر ئێمە هەیە. هەر وەکو ژیژەک دەنووسێت، “مەودای ڕەشبینانە تەنیا رێگەیەک-لە رێگەگەلێکی ترە- بۆ کوێربینی ئێمە لەمڕ هێزی بونیادی فانتازیای ئایدۆلۆژی: تەنانەت ئەگەر ئێمە شتەکان بە جددی وەرنەگرین، تەنانەت ئەگەر ئێمە مەودایەکی ئایرۆنیش بهێڵینەوە، هێشتاش ئەو ئەنجام دەدەین”.[10]

سەرچاوە:

CRITICAL THEORY-The Key Concepts


[1]: لویی ئاڵتۆسێر، لێنین و فەلسەفە و وتارەکانی تر، ڵاپەڕە ١٠٨

[2] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٠٩

[3] ئەم بەشە لەلایەن وەرگێڕی فارسییەوە زیادکراوە.

[4] هەمان سەرچاوە لاپەڕي ١١٢

[5] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١١٥

[6] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١١٩

[7] هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١٢٣

[8] فدریک جیمسۆن، پۆست مودێرنیزم، لاپەڕە ٥١

[9] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٦

[10] سڵاڤۆی ژیژەک، ئۆبێکتی باڵای ئایدۆلۆژی، لاپەڕە ٣٣

هاوشێوە