رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مرۆڤ و درەخت

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەڵویست عەبدوڵڵا کەریم

Download PDF

درەخت و سەوزایی هەمیشە هێمایەکە بۆ هەستکردن بە ئارامی و ڕەنگی سەوزیش ئاماژەیە بۆ هیوا، هەر بۆیە کاتیک ئێمە پیاسەیەکی ناو باخ یان دارستانێک دەکەین، یان ئەگەر خۆشبەخت بین و خزمەتی باخەکەی خۆمان بکەین، ئەوا هەست بە پشوو و ئارامی دەکەین. درەخت و باخ یارمەتیدەرن بۆ ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێ و بوونی تەرکیزێکی باشتر. لەم دنیا جەنجاڵەی ئەمڕۆماندا ئێمە زیاتر هەست بە کاریگەرییەکانی سەوزایی و درەختەکان لەسەر دەروون و تەندروستیمان دەکەین. کاتیک لە درەختەکان دەڕوانیت درکی ئەوە دەکەیت کە هەریەکێکیان بێوێنەیە و لە درەختێکی دیکە ناچیت، تەنانەت لە هەمان خێزان و جۆری خۆیشی ناچێت. مرۆڤ لە ڕێگەی پرۆسەی هەناسەدانەوە ئۆکسجین هەڵدەمژێت و دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەداتەوە، لە بەرانبەردا درەخت لە ڕێگەی ڕۆشنەپێکهاتنەوە دوانەئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت و ئۆکسجین دەداتەوە بە سروشت. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و درەخت پەیوەندییەکی گرێ دراوە لە ئاستی مەعنەویی فیزیکیدا و لە دێرزەمانەوە ئەو پەیوەندییە هەبووە تا بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، بەردەوام دەبێت.

درەخت لە زۆربەی کولتوورەکاندا بە پیرۆزی سەیر دەکرێت. ڕواندن و ئاگاداربوون و پەرستشی دارەکان لە هەر سوچێکی ئەم دنیایە و لە کۆندا لە لایەن خەڵکەوە پەیڕەو کراوە. جێگەی سەرسوڕمان نییە کە هەمیشە درەخت ئامادەگییەکی لە خەیاڵی مرۆڤدا هەبووە، بە جۆرێک بەهێزیی درەخت، ڕۆچوونی ڕەگەکەی بە ناخی زەویدا سەرچاوەی ئیلهام بووە. قەد و لقی درەخت یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرەکانی سروشت، چونکە بە بەهێزییەوە دەوەستێت و زۆربەی کاتیش بەرەنگاریی سوتان دەکات و ناسوتێت، چرپەی نەسیم لە گەڵاکانیدا لە دۆخێکی جێگیردا دەوەستێت یان لەگەڵ ڕیتمی بادا دەکەوێتە سەما، یان دیمەنی ئەو مێروانەی بەسەر قەدی دارەکەوە ڕێچکەیان بەستووە و سەروخوار دەکەن، سحری سروشتمان وەبیر دەهێنێتەوە کە لە درەختدا بەرجەستە بووە. درەختەکان سەدەها، تەنانەت هەزارەها ساڵیش دەژین، هەر بۆیە دارەکان پیرۆز کراون بە پارێزەری نهێنییەکان و پاسەوانی داهاتوو ناو دەبرێن. سەیرکردنی بازنەی ژیان و گەشەکردنی گەڵاکان و سەرلەنوێ ژیانەوە و گوڵکردنی لە بەهاردا هۆکار بووە کە مرۆڤ وەک هێمایەکی بەهێزی ژیان، مردن و نوێبوونەوە لێی بڕوانێت. هەر لە سەرەتای ژیانەوە مرۆڤ هەستێکی وای هەبووە درەختەکان بوونەوەری هەستیار و سۆزدارین. هەروەک ئێمە هەست بە ئازار دەکەن و تووشی خوێنبەربوون دەبن کە ئازار دەدرێن. درەختەکان زۆر لە ئێمە دەچن. هەر بۆیە لە ئەزەلەوە هەستمان بە پەیوەندییەکی قووڵ، لەگەڵ درەختەکان کردووە. زۆر خەڵک دەڵێن ئەوان هەست بە زیندووێتیی درەختەکان دەکەن، بەتایبەت ئەو کاتەی دەستیان دەخەنە سەر ڕووپۆشی درەختەکە. ئێمە بە سروشتی خۆمان هەست بە ئارامی و ئاشتیی ناوەکی دەکەین، ئەو کاتەی لەژێر سێبەری درەختەکاندا یان لە دارستانێکدا پیاسە دەکەین. کاممان لە کاتی دڵتەنگی و ڕووبەرووبوونەوەی کێشەکانی ژیان پەنامان بۆ ئەو شوێنانە نەبردووە کە تەژییە لە درخت و سەوزایی؟ ئا لەو کاتەی کەسێک شک نابەیت متمانەی پێ بکەیت، دەگەڕێتەوە بۆ هاوڕێی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیت، کە درەختە.

درەختەکان، ڕۆژانە یارمەتیی ئێمە دەدەن

تویژینەوەکانی ئەم دواییە بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە درەختەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕیژەیەکی زۆری پیسی و ژەهر لە هەوادا هۆکارن، بە جۆرێک ڕێگربوون لە مردنی 850 کەس و 670،000 کەیسی تووشبوون بە نەخۆشییە قورسەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، تەنها ساڵی 2010  کاتێک مێروویەک بە ناوی ‘ئەمیرالد ئاش بورەر’، ژمارەیەکی زۆر لە درەختی لە ناوەندی ڕۆژئاوای ئەمریکای کوشت لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای دووهەزارەکان، بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕیژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ، خڕۆکەکانی خوێن و کۆئەندامی هەناسەدان. زۆر قورسە کاریگەرییە پۆزەتیڤە دەروونییەکانی درەخت لەسەر مرۆڤ دیاری بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕوونی دەتوانین تێبینیی ئەوە بکەین ئەو کەسانەی کاتەکانیان لەنێو باخچە و درەختەکاندا بەسەر دەبەن، یان تەنانەت لە پەنجەرەی ژوورەکانیانەوە سەیری درەختەکان دەکەن، تەندروستییەکی باشتریان هەیە لەو مرۆڤانەی لە باخچە و درەخت دوورن.

داری ژیان

داری ژیان هێمایەکە بۆ پەیوەندیگرتن لە نێوان هەموو فۆرمەکانی ژیان، لە زۆربەی ئایین و فەلسەفەدا ئەم تێڕوانین و هێمایە بوونی هەیە و مێژووەکەی بۆ میسری کۆن دەگەڕێتەوە. داری ژیانی میسر هێما بوو بۆ خەلق و وێنای چەند بۆنەیەکی دەکرد کە هەموو شتەکان پەیوەندیدار دەکات بە خودی بوونەوە. لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە بەردەوامانەی لە زانستی سەردەمدا بەدەست هاتوون و درەختەکان بوون بە هێمای جەوهەري بۆ گەشەسەندنی بایۆلۆجی، چونکە وێنەی لق و پۆپەکانی بە بەردەوام وێنایەکی کاریگەری لە پەیوەندیگرتنێکی دیار لە نێوان هەموو زیندەوەرەکانی دیکەدا دروست دەکات.

گەڵای درەخت و ژیانی هەمیشەیی

سەرنجتان بۆ گفتوگۆیەکی نێوان تیت نهات هانە و گەڵایەک ڕادەکێشم کە وێنای ژیانی هەمیشەیی گەڵای درەخت دەکات: لە گەڵایەکم پرسی ئایا دەترسیت لەبەر ئەوەی ئێستا پاییزە و گەڵاکانی دیکە دەوەرێن. لە وەڵامدا گەڵاکە گوتی ”بە درێژایی هەردوو وەرزی بەهار و هاوین من زیندوو بووم. زۆر کارم کرد تا لە ژیاندنەوەی درەختەکە هاوکار بم، ئێستا بەشێکی زۆر لە من لە درەختەکەدا بوونی هەیە، بەڵام بە شێوەی جیاواز. من تەنها بەم نموونەیەوە پابەند نیم، بەڵکو من هەموو درەختەکەم. کاتێکیش دەگەڕێمەوە بۆ خۆڵ، لە خۆراکپێدانی درەختەکە بەردەوام دەبم. هەر بۆیە هەرگیز دوودڵ نیم. ئەوکاتەی لقەکەم بەر دەدەم و دەکەومە سەر زەوی، بە درەختەکە دەڵێم جارێکی دیکە و بەم نزیکانە دەتبینمەوە. گەڵاکە لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو گوتی: ئەو ڕۆژە بایەکی توند هەڵیکرد و گەڵایەک لە لقەکەی بەر بووەوە و کەوتە سەر خۆڵەکە. کەچی لە کاتی کەوتنەخوارەوەیدا بە دڵخۆشییەوە سەمای دەکرد، چونکە بە دڵنیاییەوە خۆی لە درەختەکەدا دەبینییەوە و دڵخۆش بوو. هەڵوێستەیەکم کرد، تێگەیشتم زۆر شت هەیە پێویستە لەو گەڵایەوە فێری ببم، چونکە ئەو ناترسێت و درکی ئەوەی کردووە هیچ شتێک لەدایک نابێت و هیچ شتێکیش نامرێت. ئەم جۆرە لە گفتوگۆی نێوان مرۆڤ و گەڵا گفتوگۆیەکی عارفانەی جاویدانییە بۆ ژیان کە نمایشی ژیانی هەمیشەیی و نوێبوونەوە دەکات و هێزی ژیان لە بەرجەستەکراوەکانی سروشتدا دەبینرێت. نیشاندەری ئەوەیە هەر بوونەوەرێک لە وەرزێکدا لە فۆرمێکی دیاریکراودایە و لە وەرزێکی دیکەدا فۆرمەکەی دەگۆڕێت.

بیروباوەڕی کولتووری دەربارەی درەخت

بە شێوەیەکی گشتی و لەو شوێنانەی کە مرۆڤ لێی نیشتەجێبوون، درەختەکان وەک خولقاوێکی پیرۆز تەماشا کراون. بیروباوەڕی زۆر قووڵ دەربارەی درەختەکان هەیە کە مرۆڤەکان هەزارەها ساڵە پەیڕەوییان کردووە. لێرەدا کۆمەڵێک نموونەی سەرنجڕاکیش باس دەکەین:

گەلی سینگ ئۆی مالیزی، مرۆڤ و درەختەکان دەتوانن خاوەنداری لەیەک بکەن، ئەم پەیوەندییەش بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێت. کاتێک مرۆڤێک خاوەنداریی درەختێک دەکات ئەوا خاوەندارێتی لە وەچەکانی درەختەکەش دەکات. ئەم گەلە بە دوای وەچەکانی درەختە دایکەکەوەن و دەگەڕێن تا درەختە نوێیەکە بدۆزنەوە کە لە درەختە ئەسڵییەکەوە گەشەی کردووە. خیلی مایا بڕوایان وایە ڕۆحی مرۆڤ یەکەم جار لە شێوەی گوڵێکی سپیی پیرۆزدا لەسەر لقی درەختی سیبا دەرکەوتووە. ڕۆحی مردووی مایاکان لە ناوەندی ڕەگی مۆندییەوە بەرز بووەتەوە بە لقەکاندا تێپەڕدەبێت بەرەو جیهانی ئاسمان. لە هەرێمەکانی ئەڵمانیا بڕوا وایە ڕەگەزی مرۆڤ لە لقی درەختەکان دروست بوون، ئەمەش بۆ سەلماندنی ئەو بڕوایەیە کە مرۆڤ و درەختەکان پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە. لە سوید هەندێک درەخت وەک پاسەوان مامەڵەی لەگەڵ کراوە و پێیان وا بووە ماڵەکە لە چاوی پیس بەدوور دەگرێت. پاسەوانەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەو درەختانە بوون کە لە نزیکی ماڵەکانەوە دەڕوان و تەمەنیان درێژ بوو. ئەو خێزانانەی ماڵیان لە نزیکی ئەو درەختانەوە بووە ڕیزێکی زۆریان لە دارەکان گرتووە، هەمیشە چاودێرییان کردوون و زۆربەی جار ناوێکیان لە درەختەکە ناوە.

بوداییەکان ڕیزێکی قووڵ لە درەختی بودا دەگرن کە جۆرێکە لە داری هەنجیر و گەڵاکانی لە شێوەی دڵدایە و چیرۆکێکی سەرنجڕاکیشی هەیە. چیرۆکەکە دەڵێت بودا بۆ ماوەی 49 ڕۆژ لەژێر ئەو دارەدا تێڕامانی کردووە. بودا کە ویستوویەتی یەکانگیرییەک لە نێوان بیرکردنەوەی خۆی و و واقیعدا دروست بکات و بگات بەو ئەنجامەی کە ئازار و ناخۆشی لە ژیاندا هەیە. لە ڕۆژی 49دا بودا کۆتایی بە تێڕامانەکەی هێنا و سوپاسی درەختەکەی کرد کە لەو ماوەیەدا سێبەری بۆ کردووە، لەو کاتەدا بودا ڕووناک بووەتەوە. ئەمڕۆ و لەو شوێنەدا کە بودا دابنیشێت، هەمان ڕەگەزی درەختی بودا گەشەی کردووە، بە بڕوای بودییەکان ئەوە ئەو درەختەیە کە دەژی تا ئەوکاتەی جیهان لەناو دەچێت، ئەو شوێنەش کە درەختەکە گەشەی تێدا کردووە دەبێت بەکۆتا شوێن کە وێران دەبێت: پاشان کاتێک جیهان جارێکی دیکە لەدایک دەبێتەوە ئەو شوێنەی دەبێت بە یەکەم شوێن کە دەردەکەوێت.

لە گوندی پیلانتری ڕاجستانی هندستان، بە بۆنەی لەدایکبوونی کچەکانیانەوە و لەسەر شەرەفی کچەکانیان 111 درەخت دەڕوێنن. هەموو گوندەکە پێکەوە درەختەکان دەڕوێنن و ئاگاداری دەبن. ئەم نەریتە تەنها بۆ ئەوە نییە دڵنیا بن کە ژینگە یارمەتیدەرە بۆ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی گوند، بەڵکو هاڕمۆنیک دروست دەکات، تاوان کەم دەکاتەوە لە گوندەکەدا. بەپێی داتاکان لەمڕۆدا، لە هەمووکات زیاتر مەترسی لەسەر لەناوچوونی ڕێژەی سەوزایی و درەخت و دارستانەکان هەیە، کە هۆکارە سەرەکییەکەی دەستدرێژییەکانی سیستەمی سەرمایەدارییە لەسەر ئێمە و ژینگەمان. هاوکات لە بەرانبەریشدا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی جیهانی لە چوارچێوەی پارتە چەپەکان و ڕێکخراوەکانی تر لە تێکۆشاندانی بەردەوامدان دژ بەو مەترسیيانەی سیستەم لەسەر مرۆڤ و ژینگە و درخت دروستی کردووە و دروستی دەکات. لەمڕۆدا ئەڵقەی ناوەندی تێکۆشانی هەموومان پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو پەیوەندییە و پاراستنی ڕێژەی سەوزایی و درەخت بێت کە ئەوەش لە ئەرکەکانی ترمان دابڕاو نییە.

هاوشێوە