رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کۆتایی مێژوو لەناو سیستمی هیچوپوچدا

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: ئاوات محەمەد

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی سیستمی هیچوپوچی نووسینی: ئالان دەنۆ (مامۆستای فەلسفە و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کیوبیک لە کەنەدا).

Download PDF

خوێندنەوە ئەگەر تێڕوانینت بۆ ژیان و دەوروبەر نەگۆڕێت، باشترە نەخوێنیتەوە، ھەموو کتێبێکیش ئەم خەسڵەتەی تێدا نییە، کەمن ئەو کتێبانەی لەسەر ئاستی جیھان چاپ دەکرێن، تێڕوانینی مرۆڤ دەگۆڕن، ئەم کتێبەی ئالادن دەنۆ یەکێکە لەو کتێبانەی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەت دادەنێت، ھەر لە ناونیشانەکەیەوە ڕاتدەکێشێت، سیستمی هیچوپوچ (لە کوردیدا وشەیەکم نەدۆزیەوە جێگەی وشەی ‘La mediocritie’ فەڕەنسی بگرێتەوە، کە بە ‘نظام التفاھة’ بۆ عەرەبی وەرگێڕدراوە، کە زاراوەکە خۆی لە ئەسڵدا مانای ناوەڕاست یان ناوەند دەگەێنێت، لەم نووسینەمدا دەربارەی ئەم کتێبە، دەمەوێت بە وردی لەسەر ئەو چەمکانە بوەستم کە دەنۆ بۆ پێناسەی جیھانی نوێ بەکاری ھێناوە، لە ھەندێک شوێندا لەسەر کاریگەرییەکانی ئەم ڕەوتە فکرییە نوێیە لەسەر کۆمەڵگەی خۆمان دەوەستم و ھەندێک لە سیماکانی سیستمی هیچوپوچ لەناو کایەی سیاسی و فیکریی خۆماندا دەخەمە ڕوو.

ئەم کتێبە لە پێنج بەش پێک ھاتووە، ھەر بەشێک بە وردی لەسەر بوارێکی دیاریکراو شیکردنەوە دەکات، ئەم خوێندنەوەیەی من بۆ ئەو کتێبەیە کە کراوە بە زمانی عەرەبی، واتە دیاریکردنی وتەکانی دەنۆ بۆ ئەو وەرگێڕانە دەگەڕێتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە سەرەتاوە پرسیارێکی جەوھەری دەکات، دەڵێت کرۆکی کەسی ھیچوپوچ چییە؟ ئەوەیە توانای ھەیە ھیچوپوچێکی وەک خۆی بناسێت، بەم شێوەیە یەکتر دەناسن و بەرگری لەیەکتری دەکەن و پلەی یەکتری بەرز دەکەنەوە، تاکو دەسەڵات دەکەوێتە دەست ئەو گرووپەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت، وەک کورد دەڵێت مەنجەڵ بەدوای سەرقاپی خۆیدا دەگەڕێت. ئەم وتەیەی دەنۆ بە ئێستای خۆمان بەراورد بکەین، سەیری کایەی سیاسی بکە چۆن هیچوپوچەکان یەک دەدۆزنەوە و گەمەی خۆیان دەکەن، سەیری پارتە سیاسییەکان بکە، ئەوەی گاڵتەیان پێ دێت بنەمای ستراتیژی و مەعریفەی سیاسییە، ئەوەی پشتی پێ دەبەستن گەمژەکردن و کۆکردنەوەی گەمژە و هیچوپوچەکانە، تەنھا بەمەندەوە ناوەستێت، ڕۆژانە گرووپی هیچوپوچی نوێ دروست دەبێت و دەبنە بەشێک لەو گەمە سیاسییەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی گرووپە کۆنەکان کار لەسەر ئەوە دەکەن چۆن ھەموو ئەوانەی دروست دەبن، بھێننە ژێر ڕکێفی خۆیان و بیکەنە بەشێک لەو بزوێنەرە گەورەیەی گەمژەیی و هیچوپوچیی پێوە بەڕێوە دەبەن، ھەر بۆ ئەوەی لەم دۆخە سیاسییەی ئێستامان بگەین، دەنۆ جوان ئەمەشی پێکاوە، سیستمی هیچوپوچ پشت بەو ناوەندکارییە دەبەستێت کە کادری ناوەندی بەڕێوەی دەبات، ئەم کادرە ئەکتێکی بۆ دەدۆزنەوە تا ببێتە چەقی مەسەلەکان کە لە بنەمادا ھیچی بەدەست نییە و لە ڕووکاردا ھەموو شتێکیشە، لەم پرۆسەیەدا وا دەکرێت پلە ناوەڕاستەکان بۆ ئاستی دەسەڵات بەرز بکرێنەوە، وا وێنای دەکەن ببێتە پێوەرێک ناچار بین ملکەچی بین، وا وێنا دەکرێن ئەمانە بەرگری لە بەھا گرنگ و ژیارییەکان دەکەن و دەبنە چەقی ململانێ و یەکلاییکردنەوەی کێشمەکێشی کۆن و نوێ، کە لە بنەمادا ئەمانە جگە لە لێبوکێک زیاتر ھیچی تر نین، ئەو ھەستەش بۆ مرۆڤ دروست دەکرێت کە لەم سیستمە هیچوپوچەدا خاوەنی ئازادیی خۆیەتی و ئەمان ئەو ئازادییەی بۆ دەپارێزن، ئەم لێکدانەوەیەی دەنۆ بەسەر دەسەڵاتە گشتییەکاندا بھێنە و پراکتیزەی بکە، بزانە چ ڕاستییەکت بۆ دەردەکەوێت، تەماشای دامەزراوەی پەرلەمانی بکە بەدەست کێوەیە، کەسانێک کە ناتوانن بەرگری لە خۆیشیان بکەن، کە لە چوارچێوەی ئەم سیستمەدا ئەمان لە ناوەڕاستەوە چوون بۆ پلەی باڵا، نەک ئەوەی خۆیان باڵا بن، ھەموو دەسەڵاتەکانی تریش بە ھەمان شێوە، واتە ئەمانە کادرە گوێڕایەڵەکانن، کە بەرنامەی پارتەکەی بە دەستەجمەعی دەباتە ناو ھۆڵی پەرلەمان، لە ھەرا و زەنای ناو ھۆڵەکان خۆی وەک داکۆکیکارێک دێتە پێشچاو، بەڵام لە بنەمادا ھەموو جووڵە و وتە و تەنانەت دەنگبەرزکردنەوەکانیشی بۆ داڕێژراوە و ئەم وەک ئەکتەرێکی باش تەنھا ئەوەی لەسەرە نواندنێکی باش بکات.

کاتێک ناوەند یان کادری ناوەند دەبێت بە بابەتی ھەڵبژاردن و نوێنەرایەتیی پارتێکی بنکەفراوان دەکات، لەناو گرنگترین دامەزراوەکانی دەسەڵاتدا (پەرلەمان، دادگا، دامەزراوە داراییەکان، حوکوومەت و ژووری ڕۆژنامەوانی و لابۆرەکان) کۆمەڵێک واژە و گوزارشت دەبن بە وێردی سەر زمان، بەبێ ئەوەی مانایەکی تەواویان ھەبێت و بتوانن لێکدانەوە بۆ ھیچ دۆخێک بکەن وەک ‘ڕێوشوێنی گونجاو؟! نێوەندی خۆشنوودیی کۆمەڵایەتی؟! پاکتاوکردن؟!’ ئەمانە ئەو زاراوانەن کە وەک خۆیان دەڵێن دەبنە بنەمایەکی مۆدێرن بۆ گۆڤەرنانس، واتە حوکمە، بەبێ ئەوەی ھیچ یەکێک لەم زاراوانە پێناسەیەکی ھەبێت و تێڕوانینێکی ڕۆشنی بۆ کرابێت، لەم بارەیەوە دەنۆ دەڵێت ئێمە لەژێر سایەی سیستمێکی ئۆلیگارشی (دەسەڵاتی دەستەبژێری کەمینە) یان بلۆتۆکراتی (دەسەڵاتی دەوڵەمەندەکان)دا دەژین، نەک لە سایەی سیستمێکی دیموکراسی کە ھەموو ئاراستەکان لەخۆ بگرێت، نووسەر ئاماژە بە ڕۆڵی کۆمپانیا جیھانییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەدات، کە ھەرچی سەرچاوەی دەوڵەتانی باشوور ھەیە ھەڵیدەلوشێت (مەبەست لە زاراوەی دەوڵەتانی باشوور کیشوەری ئەفریکا و بەشێک لە کیشوەری ئاسیایە)، ئەویش لە ڕێگەی چەندین زاراوەی بریقەدار و کردنەوەی خولی بەھێزکردنی ئیدارەدان و خۆبەڕێوەبردن و بەدامەزراوەکردن، هەموو ئەمانە بەپێی پێوەری بریقاداری گۆڤەرنانس واتە حوکمی ڕەشید یان حەوکەمە بەڕێوە دەچێت، بەم شێوەیە دەسەڵاتەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت لە ھەموو بەھایەک بەتاڵ دەکاتەوە، دەیکاتە دامەزراوەیەکی مردوو، کە ئەم حاڵە ئێستا زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکحومییەکان وەک ڤایرۆسێک پێوەی دەناڵێنن و وا ھەست دەکەن ئەمە بریتییە لە پرۆفیشناڵیەتی، چونکە لەم بارەدا ڕێکخراوەکان ئەوەندەی گرنگی بە ئیدارەدان و پلان و دۆکیۆمێنتەیشن و داڕشتنی سیاسەت و لەقاڵبدانی ئازادییەکان دەدەن، ئەوەندە گرنگی بەو تێڕوانین و ئامانجە نادەن کە لەپێناویدا دامەزراون، لەبیریان دەچێتەوە ئیشیان خزمەتکردنی کایەی گشتییە، نەک خزمەتکردنی خۆیان، ئەمەش بەو بەھانەیە دەکرێت گوایە ئیدارەیەکی بیرۆکراتیی باش دەبێتە ھۆی ئەنجامدانی کاری باش، لە کاتێکدا ھەموو ئەم ئاڵۆزکارییانە دەبنە ھۆی ئەوەی گرووپی مەبەست نەتوانن لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند بن کە پێویستە پێشکەشی بکرێت، بەڵام ڕستەیەک ھەیە زۆرێک لەوانەی پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە بێبەش دەکرێن، ڕستەکەش ئەوەیە ”پێوەری کاری ڕێکخراو یان پرۆژە یان تارگێت ئەمان ناگرێتەوە”، لە کاتێکدا ھەموو ئەمانە بۆ ئەوەی تێڕوانین لاواز بێت و فەلسەفەیکی ڕۆشن نەبێت بۆ کارکردن و دەبنە سەرقاپێکی ئەو مەنھۆڵەی پێیان دەگوترێت خاوەن سەرمایە هیچوپوچەکان و ئێستا ھەموو جیھان بەڕێوە دەبەن و بە ناوی بەخشەر (ممول) ( Donor) ڕوو دەکەنە ھەموو کونجێکی ئەم جیھانە، کە تەکنیکێکی ھەڵخەڵەتێنەریان بۆ لەخشتەبردنی ئەوانە پێیە کە دەتوانن وەک ئەمان بن، واتە ئەوانەی زۆر بە ئاسانی دەچنە ناو سیستمی هیچوپوچەکانەوە، ئەم بەخشەرانە زۆر جار بۆ ئەوەی پرۆژەیەک بە ڕێکخراوێک بدەن، کۆمەڵێک مەرجی پێشوەختە ئامادە دەکەن و بەپێی ئەو دیزاینەی ئەوان دەیانەوێت پرۆژەکە دادەڕێژن کە ڕێکخراوە ناحکومییە لۆکاڵەکان ناچار دەکەن بەپێی ئەو پێوەرانەی ئەوان کار بکەن، ئەگەر نا ئەمانیش بە ھەمان شێوەی پێشوو ناچنە ناو چوارچێوەی بەرنامەکانی ئەوانەوە، ھەر ئەمەیە وا دەکات بەرنامەی زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان سیفەتی جێبەجێکار وەربگرێت، نەک دەستپێشخەر و ئامادەکار، بەمەش جەوھەری کارکردن لەنێو گێژاوی داواکارییەکانی بەخشەر و ئاڵۆزکردنی بەڕێوەبردن ون دەبێت، واتە مرۆڤەکان و ڕێکخراوەکەش دەبنە سەرچاوەی مرۆیی، نەک مرۆڤێک بن و بتوانن بەپێی پێودانگەکانی خۆیان بیر بکەنەوە، واتە ئەوەندەی سیفەتێکی میکانیکییان ھەیە، ئەوەندە سیفەتی داینامیکییان نییە، ھەر لەبەر ئەوەیە دەبینین کاریگەرییەکانیان تا ئاستێکی زۆر لاوازە، سەرمایەیەکی زۆر بۆ دەستکەوتێکی کەم خەرج دەکرێت، کە ئەمە مەبەستی بەخشەرە جیھانییەکانە، لۆکاڵەکانیش بەپێی ئەو گرێبەستەی واژۆی دەکەن ناتوانن لەم مەبەستە لا بدەن، کە ئەم دۆخە پەیوەست نییە بەم ناوچەیەی خۆمانەوە، بەڵکو دیاردەیەکی جیھانییە و زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی وڵاتانی باشوور بەدەستیەوە دەناڵێنن، کە ئەم ڕێکخراوانە ئەو ھەستەیان لایە ئەمانە ھاتوون بە پارەی خۆیان دیموکراسی و کۆمەڵگەی خاوەن ماف و نوێگەری دروست بکەن، بەڵام نازانن کەمترین بەش لەو تاڵانییەی لە وڵاتەکەیان ڕوو دەدات، بەر ئەمان دەکەوێت.

      ئەو کەسایەتییانەی سیستمی هیچوپوچ حەزی پێ دەکات

دەنۆ پێنج نموونەی کەسایەتی دیاری دەکات کە سیستمی هیچوپوچ حەزیان پێ دەکات و کاریان لەسەر دەکات و بەوپەڕی ئاگاییەوە بەرھەمی دەهێنێت و دووبارە بەرھەمی دەھێنێتەوە، کە بریتین لەم جۆرە کەسانە:

١-     کەسایەتیی ڕووخاو (Broken): ئەو تایپەیە لە کەسایەتی کە بە پاشەکشە و پاسیڤبوون ئەم سیستمە ڕەت دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی بەشدارییان لە ناساندنی خەسڵەتەکانی ھەبێت، یان بەرەنگاربوونەوەی ئەم سیستمە، ھەمیشە ھەڵوێستی نێگەتیڤە و نایەوێت بەشداریی ھەبێت، کە ئەم تایپە ئێستا پانتاییەکی باشی داگیر کردووە.

٢-     ئەو کەسانەی بە سروشتی خۆیان هیچوپوچن: ئەمانە خوازیارن ئەم سیستمە ببێت بە ئەمری واقع، چونکە دەزانن ئەمان سوودمەندی یەکەم دەبن و ناکەونە دەرەوەی تابلۆ گەورەکە، ئەمانە دەبنە بەشێک لە پرۆسەی برەودان بە سیستمی هیچوپوچی، دەتوانین پۆلێنێک بۆ ئەمانە بکەین کە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا بوونەتە کەسانی دیار، بەبێ ئەوەی ھیچ تایلەنتێک یان بەھرە و داھێنانێک یان کردارێکی بەرچاویان ھەبێت، بەڵام ھەمیشە لەو دۆخە سوودمەند بوون، لە ئێستای کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەم جۆرانە بەرچاون و پانتاییەکی باشیان داگیر کردووە، کە دەتوانین بە ئاسانی بیانناسینەوە و دەتوانین چەندین نموونەی بەرچاویان ببینین، کە ھەموویان لە هیچوپوچیی ئاستنزمیی ئەوەی پێشکەشی دەکەن لەیەکەوە نزیکن، وەک ھونەرمەندەکان کە کاری ئاستنزم پێشکەش دەکەن، پاڵەوانە کارتۆنی و باڵۆنییەکانی ناو سۆشیالمیدیا، بەتایبەتی دەمپیس و جوێنفرۆشەکان، مۆدێلەکان و ڕاگەیاندنکارە بێئەرزش و بێبەھاکان، کە تەنانەت نازانن پرسیارێکیش دابڕێژن و چەندین تایپی تر کە ھەر کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی بیانناسێتەوە.

٣-     هیچوپوچی پەڕگیر: ئەم تایپە دوای ھەموو ھەنگاوەکانی ئەم سیستمە دەکەون و سەرسەخاتانە بەرگری لێ دەکەن، چونکە بە بەشێک لە خۆیانی دەزانن، ھەر ھەڕەشەیەک بۆ سەر ئەم سیستمە بە ھەڕەشە بۆسەر خۆیان دەزانن، ئەمیان مەترسیدارترین کەسەکانن، ھەمیشە لە دەسەڵاتەوە نزیکن و زۆر جار پێگە و جومگە گرنگەکانی دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەمانە کەسایەتییەکی سایکۆپاتیان ھەیە، ھەمیشە ھەست دەکەن ھەڕەشەیەک لە دەرەوە دەیەوێت پێگەی ئەمان بلەرزێنێت، لەبەر ئەوە سڵ لە بەکارھێنانی ھیچ ئامرازێک ناکەنەوە ببێتە ھۆی مانەوەی دەسەڵات و پێگەیان.

٤- ئەوانەی هیچوپوچی بە ناچاری قبووڵ دەکەن: ئەم تایپە لە هیچوپوچ، ئەو کەسانەن ھەموو تواناکانیان بۆ خزمەتی سیستمی هیچوپوچ تەرخان دەکەن، ھەموو خەونیان بریتییە لە بەخێوکردنی منداڵ و گەیشتن بە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و بەدەستھێنانی ئەو شتانەی لایەنە غەریزییەکەیان تێر دەکات، کە ئەم تایپە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە پێک دەھێنن، چونکە ئەو توێژە بەوە ڕازین کە ھەیانە و ئەوەی تێیدا دەژین بە قەدەری خۆیانی دەزانن و نایانەوێت ئەو شێوازەی ژیانیان تێک بدەن.

٥- هیچوپوچی بێسەروبەر: کاری ئەمانە زیاتر لە بۆڵەبۆڵ و ناڕەزایەتیی بێسەروبەردا بەدیار دەکەوێت، زۆر ڕەخنە لەم سیستمە دەگرێت، بەڵام بەتەواوەتی خۆی بۆ ئەم سیستمە تەرخان کردووە، دەنۆ ئەم تایپە بە مەرجی سەرەکیی سیستمی هیچوپوچ دەزانێت، چونکە ئەمانە دەبنە ھۆی ئەوەی پێگەی دەسەڵاتی هیچوپوچەکان بەھێز بکەن، ئەگەر لە کۆمەڵگەی خۆمان ورد بیتەوە، بە ئاسانی ئەو تایپە بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینیت، کە ھەمیشە بۆڵەبۆڵیانە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەبێ ئەوەی یەک ھەنگاو بەرەو چاککردنی دۆخەکە بنێنن، یان بەشداری لە پرۆسەی گۆڕانکاریدا بکەن، کە دەتوانین لەناو ئەمانەدا نووسەری ئاسایی و میدیاکار و خوێنەوار و تەنانەت مامۆستای زانکۆ و پسپۆرەکانیش ببینین، ھەست دەکەیت بەشێکن لە سیستمی هیچوپوچ، بەڵام بۆڵەشیان ھەیە، ھەر کات ئیمتیازێکی کەمیان دەست کەوت بۆ ماوەیەک لە بۆڵە دەکەون، بەڵام بە سروشت بێسەروبەرە، نایەوێت خۆی بە لایەکدا بخات، ھەڵگری سیفەتی کەسێکی سەرلێشێواوە، لە ھەمان کاتدا نایەوێت ڕیسک بە دەستکەوت و ئەوەی ھەیەتی بکات.

کاتێک ئەم پۆلێناکارییە دەخوێنیتەوە، ھەڵوێستەیەک دەکەیت و لە خۆت دەپرسیت من لە کام تایپم و لە چ بەشێکی ئەم سیستمەدا بوونم ھەیە، دەکەومە کوێی هیچوپوچەکانەوە؟ ناچارین ئەو پرسیارە بکەین، چونکە سیستمێکی ئەوەندە تۆکمە و تێکچڕژاوە، ئاسان نییە خۆتی لێ دەربکەیت، بەڵام بۆ ئەوەی نەبین بە بەشێک لەو سیستمە، دەبێت ھەڵوێستمان ھەبێت، نووسەر ئەو ڕستە باوە زۆر گوتراوە دەخاتە بەردەممان ”من کەسێکی نەرێنیی پاسیڤی بێدەسەڵاتم، دەتوانم چی بکەم؟” دەنۆ وەک ھاوارێکی ئاسمانی پێمان دەڵێت: واز لەم بۆڵەبۆڵە بھێنە، ھەستە بە دروستکردنی کۆمەڵێک پرسگری گرنگ، ڕادیکاڵانە بیر بکەرەوە (وشەی ڕادیکاڵ جاران لەناو ئەدەبیاتی چەپدا کاریگەرییەکی گەورەی ھەبوو، کە ھەموو کات چەپەکان ئاماژەیان بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکرد، بەڵام لەو کاتەوەی زۆرێک لە چەپەکان بۆ ناو بیرکردنەوەی نیولیبرالیزم داخزاون، ئەم زاراوەیە بووەتە خەوشێک، تەنانەت لیبڕاڵەکان ئێستا ڕادیکاڵ بۆ گرووپە ئایدۆلیژیستە پەڕگیرەکان بەکاری دەهێنن، پێ دەچێت ئەم ڕۆڵەی نووسەران دایدەھێنن، بۆ کەمکردنەوەیە لە مێژووی ئەم زاراوەیە، وا بکەن مرۆڤ لەبری ئەوەی بیر لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکاتەوە، بیر لە چاکسازیی میانڕەوانە دەکاتەوە، کە دەبێتە ھۆکاری درێژەدان بە سیستمی هیچوپوچی)، ئەمەش بەشێکە لە پێشنیاری ئەم سیستمە، کە مرۆڤی ھاوچەرخ لە بەردەم گرەوێکدایە بۆ بردنەوە دەبێت ھەموو ژیانی بۆ تەرخان بکات، ئەگەر نا ئەوە مرۆڤایەتی لە بەردەم جیھانێکی بەرتەسک و بێئاسۆدایە، لە داکوتانی دوا بزماری تابووتی خۆی نزیک دەبێتەوە.

ئەم سیستمە ھەموو پێدراوەکانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی ھەموو جومگە گرنگەکانی ژیان بەکار دەھێنێت. دەسەڵاتەکان، زانکۆ، ھونەر و ڕۆشنبیری، بەرھەمھێنانی شتی بێمانا، گەورەکردنی کەسە هیچوپوچەکان، ئەویش لە ڕێگەی میدیای ئاراستەکراو و سۆشیاڵ میدیا و ھۆکارەکانی تری ڕیکلام، مرۆڤ لەوە نزیک دەکاتەوە کە تەنھا دەبێتە کاڵایەک لەناو بازاڕێکی گەورەدا، کەواتە دیاریکردنی ڕۆڵ و کارکتەری کەسەکان لەناو ئەم سیستمەدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مرۆڤایەتی لە بەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، پێویستی بەوەیە جارێکی تر پرسگرییە گرنگەکان بهێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، تاکو بتوانین بە دوای چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکان بگەڕێین و جیھان لەدەست ئەم چاوچنۆکییەی ئێستا ڕزگار بکەین، لەم کتێبەوە لەوە دەگەین ئەم سیستمە مانای وایە دەسەڵات بۆ هیچوپوچەکان، کە ھەر خۆیان دروستیان کردووە، بەڵام لە بەردەم ئامرازەکانی ئەم کۆنترۆڵکردنە تەواو نەزانن، چونکە ئەم جۆرە لە سیستم زۆر حەزی بە شتی ڕووکەشییە و خۆی لە ئاڵۆزبوون دەپارێزێت تاکو کاری ڕووکەشیتر بھێنێتە ئاراوە، کە ئەم ڕووکەشییە زۆر بە ئاسانی، بەزۆر بواری داھێنانەوە دەبینین، لە زۆر بواری ژیاندا ئەوەندەی ڕووکەش ڕۆڵ دەبینێت کاری جدی و بیرکردنەوەی قووڵ و ھونەری باڵا ڕۆڵ نابینن، چونکە مرۆڤی هیچوپوچ حەزی لە بەرھەمی هیچوپوچە.

ئەم کتێبە دەکرێت بە پێنج دەروازەوە، ھەر دەروازەیەک بۆ شیکردنەوەی چەمکێکی گرنگ تەرخان کراوە، بەتایبەتی ئەو جومگانەی کاریگەرییان لەسەر کۆی پرسە گرنگەکان ھەیە، لەسەر ھەر دەروازیەک دەوەستین و شیکردنەوەیەکی کورتی بۆ دەکەین، تا بزانین سیستمی هیچوپوچ چۆن کاریگەری لەسەر ئەو لایەنە داناوە.

بەشی یەکەمی بۆ مەعریفە و شارەزایی تەرخان کردووە، شیکردنەوەیەکی ورد بۆ ئەو دوو چەمکە دەکات، کە چۆن شارەزایی جێگەی مەعریفە دەگرێتەوە، چۆن ئەم پرۆسەیە بەڕێوە براوە تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، کە قسە لەسەر خوێندن دەکات، بەتایبەتی خوێندنی ئیلزامی، کە پێی وایە ئەم جۆرە لە خوێندن سەپێنراوە بەبێ ئەوەی جیاوازییە فیکری و مەعریفییەکانی فێرخواز بەھەند وەربگیرێت، واتە یەک میتۆد بۆ ھەمووان، کە دەبێتە ھۆکاری کوشتنی ڕۆحیەتی جیاوازی و بیرکردنەوەی جیاواز، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک کە کێشەی گەورە لە سیستمی خوێندن دروست ببێت، کە ئەم سیستمە ئەوەندەی پشت بە نمرە و بڕوانامە دەبەستێت، پشت بە ئاستی زانین و مەعریفە نابەستێت، لەبەر ئەوەی خودی سیستەمەکە پشتی بە مەعریفە نەبەستووە، بەڵکو ئەوەی شتێک بزانیت و وەک ئیشکەرێکی میکانیکی کارێک ئەنجام بدەیت ئەوان بۆیان دەستنیشان کردوویت، ھەر ئەم حاڵەتەیە وا دەکات ساڵانە بە ھەزارەھا توێژینەوە بنووسرێت، بەڵام بچووکترین کاریگەری لەسەر بەرھەمھێنانی مەعریفە دانەنێت، لەم کتێبەدا باس لەوە کراوە کۆمپانیا گەورەکان زانکۆکان بۆ مەبەستی قازانج بەکار دەھێنن، کە ئەم کۆمپانیایانە بە کۆمپانیای فشاری سیاسی (Lobbing Firmes) ناودێر دەکرێن، کە زانست و مەعریفە دەبێتە بەشێک لە پلان و نەخشەی هیچوپوچەکانیان، بۆ نموونە پزیشکێک لەبەر ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی دەرمان ھەیە، دێت ڕیکلام بۆ دەرمانەکەی دەکات، ئەگەرچی دەرمانی کۆمپانیایەکی تر لەو زۆر باشتریشە، ھەروەھا ئەو گەمەی ئەکادیمییەکان لەگەڵ یەکتری دەکەن، ھەر کەس لە بیرکردنەوەی ئەمان دەربچێت دەکەوێتە بەر نەشتەری ڕەخنەکانیان، نووسەر ڕەخنە لەو پسپۆرانە دەگرێت کە لە ڕێگەی کار و بەخشین و ڕووکەشی لێکۆڵینەوەکانیان دەکەن، ھەندێکیش دەبن بە تەیمان بۆیان و بەرگرییان لێ دەکەن، کاتێک پسپۆرێکی گەورەی ڕاستەقینە دەردەکەوێت، چارەنووسی کوشتنە یان لێدانە لە پلە و پایەی زانستی، چونکە ئەمانە دێن ڕووی ڕاستەقینەی هیچوپوچەکان ئاشکرا دەکەن، لەبەر ئەوە زانکۆ دەبێتە کرۆکی سیستمی هیچوپوچی، کە ھەنووکە ئێمە لەژێر سایەی ئەواندا دەژین، ئەگەر کەمێک لە واقعی خۆمان ورد ببینەوە، دەبینین چۆن ئەو ھەموو زانکۆیە نەبووەتە ھۆکارێک بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە یان بەشداری لە کەمترین پرۆسەی بەرەوپێشبردن یان دروستکردنی فشاردا نەکردووە، ھەروەھا ساڵانە بە ھەزارەھا خاوەن بڕوانامە بەرھەم دەھێنێت، کە بچووکترین شارەزاییان لە پسپۆڕییەکەی خۆیاندا نییە، ئەمە جگە لەوەی بەرھەمی مرۆڤێکی تەمەڵ دەھێنێت، تاکە ئیشی ئەوەیە چۆن فەرمانەکان جێبەجێ بکات، زۆر جار فەرمانی کەسانێک جێبەجێ دەکەن کە کەمترین ئاستی مەعریفە و زانینیان نییە، ئەگەر زانکۆکان کاریگەرییان ھەبووایە، دەبوو کۆمەڵگەی ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی تردا بووایە، بەڵام زانکۆ لە ئێستادا لە دامەزراوەیەکی قازانجویستی مادیی زیاتر ھیچی تر نییە، بە پارەیەکی زۆر، زانستێکی کەم دەبەخشن.

لەبری ئەوەی زانکۆکان بە ڕۆڵی ڕۆشنگەری و مەعریفیی خۆیان ھەستن و ڕۆشنبیر و بیرمەندی ڕەخنەگر بەرھەم بھێنن، لەگەڵ پرسیارە ھەنووکەییەکانی کۆمەڵگەدا پێکدا بچن، ئێستا زانکۆ بووەتە کارگەی بەرھەمھێنانی ئەوانەی پێیان دەگوترێت پسپۆڕ یان نیمچەپسپۆر، ئەمەش بە خاتری ئەوەی شەرعیەت بەو دەسەڵاتە ئۆلیگاریشییە ئابوورییەی ئەمڕۆ بدەن کە کۆنترۆڵی ھەموو جیھانی کردووە، لەبەر ئەمەیە ئەوانەی زانکۆ تەواو دەکەن دەتوانین بە ‘نەخوێنەواری ناوەند’ ناودێریان بکەین، چونکە ئەمانە کەسانێکن زانست و تەکنەلۆجیا باش دەزانن، بەڵام لە ڕووی فیکری و مەعریفی و ئایدیاییەوە بەتاڵن، لە بەردەم پێدراوە فەلسەفییەکان بێدەسەڵاتن، بەتایبەتی ئەو تیۆرانەی بە شێوەکی قووڵ بیر لە مانا و بەرھەمھێنانی مانا دەکەنەوە، ئەم سیستمە تێڕامانی قووڵ و بیرکردنەوە پاشەکشە پێ دەکات، بوار بۆ ھاتنەناوەوەی پرسگرییە تەکنیکییەکان خۆش دەکات کە خاوەنی مۆرکێکی سادەن و پەیڕەوی لە عورف و بنەما ئەکادیمییەکان دەکەن، بەم شێوەیە دەبێتە بەرھەمھێنەری ڕۆشنبیرییەکی سەرووژوور، دواجار دەبێتە پیشەسازییەک بۆ خۆشی و شۆخیکردن، کە لە ڕێگەی ڕیکلامی بازرگانییەوە مۆنۆپۆڵی دەکات.

بازرگانی و پاڵپشتیی دارایی:

لە دەروازەی دووەمدا قسە لەسەر بازرگانی دەکات، چۆن بە ھۆی تەکنەلۆژیای نوێوە قازانجێکی زۆر دەکەن و ھەموو خەمیان بووە بە ڕاکردن بەدوای پارەدا، ئاماژە بەو زیرەکییە دەستکردە دەکات کە گەورەترین بۆشایی کارکردنی بۆ مرۆڤ دروست کردووە، بەتایبەتی لە بواری ئەرشیف و ژمێریاری، وای لێ ھاتووە ھەمووان بەدوایدا ڕادەکەن، پسپۆرە ڕۆشنبیرەکان و پارەدارەکان و خاوەن کارەکان، ھەر لەبەر ئەوەی دەستیان بەسەر جیھانی دراودا گرتووە، بووەتە ھۆی سنووربەندکردنی حکومەتەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا کیشوەربڕە زەبەلاحەکان، کە دەستێکی باڵایان لە بەڕێوەبردنی ھەموو جیھاندا ھەیە، ھەروەھا لە ڕێگەی ئەو کارەکتەرانەی دەنۆ بە پسپۆر ناویان دەبات ئەم پلانە جێبەجێ دەکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی نەبوونی سەقامگیری، لەم پرۆسەیەشدا ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵە و سەندیکا جیھانییەکان بەشدارن، لە ڕێگەی ئەمانەوە دەوڵەتە ناپێشکەوتووەکان وا لێ بکات نوقمی پاشکۆیەتی ببن، لێرەشەوە جۆرێک لە ئەنارشیستی و هیچوپوچی دروست دەبێت و دەبێتە خاڵی بەھێزی ئەو سیستەمە، ئەمە جگە لەوەی ئێستا حکومەتەکان دەسەڵاتیان بەسەر زۆر بواردا نەماوە، ئەویش لە بواری ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەی دنیای داگیر کردووە، جیھانی کردووە بە شوێنێکی گریمانەکراو، ھەموو ئەمانە لەپێناو برەودان بە بازرگانیی خۆیان، ھەموو بوارەکانی ژیان بووە بە ئەلەکترۆنی، تەنانەت دراوی ئەلەکترۆنی و گەشتی گریمانەیی و کاڵایی گریمانەیی و هتد… واتە مرۆڤ ھەموو شتەکان وەک وێنا و وەھم دەبینێت، دەتوانیت بەشداری لە ئابووریی جیھان بکەیت بێ ئەوەی خۆت خاوەنی ھیچ سەرمایەیەک بیت، بێ ئەوەی ھیچیشت دەست بکەوێت، لەو جیھانەدا تۆ مرۆڤێکی گریمانەکراویت و ھیچی تر کە دنیای پەیوەندیگرتن (Communication) بووەتە جێگرەوەی ھەموو بوارەکانی تری پەیوەندی، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی کارە بازرگانی و مامەڵە جیھانییەکان لەو ڕێگەیەوە دەکرێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ کراوەتە ئامێرێکی بەکاربەر، ھەموو ژیانی پەیوەستە بە چەند دوگمەیەکی بچووکی گریمانەییەوە.

ھەروەھا ئەم کۆمپانیا زەبەلاحانە لە ڕێگەی بەخشینەوە، واتە فەندکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دێن بەرنامەی خۆیان جێبەجێ دەکەن، ئەویش لە ڕێگەی بەکارھێنانی ستراتیژیەتی بەڕێوەبردنی باش، یان ئیدارەدانی ستراتیژییەوە، جۆرێک لە دابڕان لە نێوان ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگە دروست دەکەن، کە ڕێکخراوەکان ناچار دەکەن بەپێی مەرجەکانی ئەوان کار بکەن و ستراتیژیەتی ئەوان بۆ کارەکانیان بەکار بھێنن، ئەمەش وا دەکات ھاووڵاتیی ئاسایی نەتوانێت لە جۆری کارەکانی ئەمان بگات، ئەمە جگە لەوەی ھەندێک جار ناچار دەکرێن زمانێک بەکار بھێنن دوور بێت لە زمانی ئەو ناوچەیەی کاری تێدا دەکەن، ئەمەش بۆ دروستکردنی بۆشاییەکە لە نێوان ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگە، واتە مەسەلەی تەمویل ھەر ھاندان نییە بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەی لۆکاڵ، بەڵکو کارکردنە بە ستراتیژیەتی هیچوپوچی و گەوجاندن، ئەم واقعە تاڵە ڕۆژانە ھەستی پێ دەکەین و لەناویدا دەژین، کە چۆن ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئەوەندەی خەریکی ڕێکخستنی ناوخۆیانن، ئەوەندە ئاگایان لەوە نییە لە دەرەوە چی دەگوزەرێت، ئەوەندەی پێوەر بەکار دەھێنن، ئەوەندە واقعییانە مامەڵە لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا ناکەن، ئەوەندەی ھەڵسەنگاندنی ناوخۆیی بۆیان گرنگە، ئەوەندە لە دەرەوە گرنگی بە ڕای گشتی نادەن، بەم شێوەیە دابڕانێکی گەورە لە نێوان ئەمان و کۆمەڵگەدا دروست دەبێت، کە لەم دۆخەدا ڕێکخراوە ناحکومییەکان وەک تەنێکی نامۆ لەناو کۆمەڵگەدا دەردەکەون، بۆ ھەموو شتێک سنوورێکیان بۆ خۆیان دروست کردووە پێی دەگوترێت پێوەر، ھەر ئەوەندە پێوەرەکەت پێکا، واتا تۆ کارێکی باش و مەزنت کردووە، ئەگەر کڵاینتەکە یان گرووپی مەبەست ھیچ سوودمەندیش نەبێت لەو پێدراوەی ڕێکخراوەکە بۆ گرووپی مەبەست بە پێویستی زانیوە.

ڕۆشنبیری و شارستانی

ئەم بەشە یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی کتێبەکە، لێکدانەوە بۆ کۆمەڵێک دیاردە دەکات کە لای ھەموومان بووەتە پرسیار، چۆن کەسێکی بێتوانا و بێمەعریفە دەبێتە فەیمەس (کەسێکی بەناوبانگ)؟ چۆن کەسێک کە ھیچ بەھرەیەک یان زانیارییەک یان زانینێکی نییە، زوو بەناوبانگ دەبێت؟ سەرکەوتنی ھیچوپووچەکان بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ھەروەھا چۆن وا کرا ھونەر و داھێنان بۆ ئاستێکی تەواو نزم دابەزێت و زەوقی گشتی بەسەر ھەموو بوارەکاندا زاڵ بێت؟ دەنۆ لێکدانەوەیەکی ئابوورییانە بۆ ئەم مەسەلەیە دەکات، بۆ شیکردنەوەی دیاردەکە سەرەتا دەڵێت دوو جۆر ئابووریمان ھەیە، ئابووریی ڕۆحی (Psychic economy) وەک فرۆید ناوی دەنێت دراوی مانا یان وەبەرھەمھێنەری غەریزەیی یان پاشەکەوتی وزە، ئابوورییەکی ماتریاڵیمان ھەیە، ئەم پۆلێنەی دووەم دەبێتە ھۆکاری داخورانی جووڵەی سۆزداریی پۆلێنی یەکەم، کەواتە دەکرێت بەم شێوەیە لە سەرمایەداریی نوێ بگەین:

١- لەوێدا سیستمێکی ڕاستەقینەی بۆ دەسەڵات تێدایە، بەڵام ناچێتە ناو چوارچێوەیەکی دەستووری یان دامەزراوەیی ھەستپێکراو لەناو بواری گشتی: نە ھەڵبژاردن، نە دادگا، نە پەیکەرەی ئیداری، نە ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت بە فەرمی ئەم دەسەڵاتە چوارچێوەدار بکات، یان دایبڕێژێت.

٢- ئەم ڕژێمە دەستەبژێرە ئۆلیگارشییە، بە شێوازی دەستوورییانەی دەسەڵات نامۆیە، واتە ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئەوەیە لە سنووری دەسەڵاتێکی نەتەوەیی یان نیشتمانی یان کیشوەری دەربچێت، ھەر لەبەر ئەوەیە بیر لە بەگڵۆباڵکردنی خۆی دەکاتەوە و خۆی لە ھەموو بەرپرسیارییەتییەکان دەدزێتەوە، باشترین نموونەش کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانە یان کۆمپانیا گڵۆباڵەکانە.

٣- ئەم دەسەڵاتە بێدەنگە، کۆدکراوە، گریمانەییە، گۆڕاوە، لەگەڵ تیۆرەی ڕەخنەیی تایبەت یەکانگیر نابێتەوە، وابەستەی جۆرێک لە سیاسەتە کە بنەماکەی بریتییە لە دیموکراسی، وەک دیالێکت تەماشای دەکات.

کاتێک دەنۆ دێتە سەر باسی ھونەر لەناو ئەم سیستمەدا، ڕایەکی ڕاشکاوی ھەیە و دەڵێت ھونەرمەندان لەناو ئەم سیستمە هیچوپوچەدا ھیچ ئەرزشێکیان نییە، چونکە ئەوانیش ناچارن بەپێی خواستی بازاڕ بجووڵێنەوە و کار بکەن، نەک بەپێی پەیوەستبوون بە ئەفراندنی تایبەت بە خۆیان، چونکە ئەو ھونەرمەندانە لە لایەن وەبەرھێنەرەکانەوە ڕێزیان لێ دەگیرێت، تا ئەو کاتەی دەتوانن پارە بۆ وەبەرھێنەکان پەیدا بکەن و سەرکەوتنی بەرچاوی نێودەوڵەتی بەدەست بھێنن، ھەموو ئەمانە بەپێی ئەو پێوەرە ئیستاتیکییەی وەبەرھەمھێن دیاری دەکات.

لەم دەسەڵاتەدا کاری ھونەری دەبێتە کاڵایەکی بەرھەمھاتوو، ھونەرمەندانیش دەبنە سەرچاوەی مرۆیی (HR) بۆ کەرتی ڕۆشنبیری، کە جەماوەر و وەرگر تەنھا دەبنە بەکاربەر و ھیچی تر، کە ھەموویان پێکەوە دەبن بە بەشێک لە ئامێری زەبەلاحی پیشەسازی.

دۆخێکی تری ئەم ڕژێمە نوێیە دەرکەوتنی کارەکتەرێکە، زانایە و ھیچی نەخوێندووە، حەکیم و واعیزە و ھیچ کارێکی قورسی نەکردووە و ھەرگیز تۆزی سەر کتێبەکانی نەسڕیوەتەوە، بیرمەندە بێ ئەوەی بیر بکاتەوە خاوەنی شکۆیەکە، بەبێ ئەوەی نە بە شەو نە بە ڕۆژ ھیچ کارێکی کردبێت، کارێکتەرێکە زۆرینە کۆکە لەسەر ئەوەی ناسراوە و زانیاریی زۆر لە بارەیەوە لە بەردەستە، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ دەربارەی ئەم کارەکتەرە نازانن، ئەم جۆرە لە کارکتەری فەیمەس و ناسراو لای ئێمە زۆرە، یەک جار چاو بە سۆشیال میدیادا بگێڕە، دەبینیت تەنانەت گێلێتی دەبێتە ھۆکاری بەناوبانگبوون و سەرچاوەی پەیداکردنی پارە، زۆرن ئەو ھونەرمەندانەی کەمترین زانیاریی ھونەرییان ھەیە و تەباھیی ئەوە دەکەن زۆر زانان، ئەمانە کراونەتە پاڵەوان، ھاوشێوەی ھەموو ئەو فەیمەسانەی کە لە ھیچەوە بوون بە شت، بوون بە کاڵا، لەناو کایەی ڕۆشنبیریی ئێمەدا زۆر شت دەتکات بە ناسراو، گۆڕینی شێوەی جەستە، قسەکردنی بێ ئاست و هیچوپوچانە، بەتایبەتی سایکۆپاتەکان زۆر بە ئاسانی بەناوبانگ دەبن، ئەمانە کەسانێکن بە ھیچەوە ماندوو نەبوون، شەونخونییان نەکردووە، بیرکردنەوە بڕستی لێ نەبڕیون، یان ماوەیەکی درێژ ھەوڵیان دابێت، بەڵکو پێویستیی بازاڕ ئەم کاڵایانەی دەرخستووە، زۆر جار لەگەڵ براندەکانی جلوبەرگ و جانتا و پێڵاو لێت تێکەڵ دەبێت، چونکە لە ڕووی بەھای بازاڕ و کاڵاوە زۆر لەیەک دەچن، وەک مۆدێلی براندەکان ئەوانیش شێوەی خۆیان دەگۆڕن، بۆ تێگەیشتن لەم مەسەلەیە وتەیەکی ژنە نووسەری فێمێنستی ئاندریا دورکن وەردەگرین، دەڵێت: چەلەحانێی ژنان لە سەرتاسەری جیھان جێگەی گاڵتەجاڕییە و کارێکی پڕوپوچە، بەڵام چەلەحانێی پیاوان بە تیۆر و فیکر ناوزەند دەکرێت.

ئەوەی تێبینی دەکرێت دراو و پارە خۆیان بەسەر ڕۆشنبیریی نوێدا سەپاندووە، چونکە بووەتە پێوەری ناوەندگیریی کاڵاکان و پێوەری ناوەندییانەی بەھاکان، کە لەناو ئەم مێژووەدا وەک گوێزەرەوەی هیچوپوچی سەپێنرا، ئەویش بە ھۆی ئەوەی پارە بووەتە مەبەستی زۆرینە و بووەتە ئامانجێکی باڵای ھەموو چالاکییەکان، لەناو بیرکردنەوەی مرۆڤی نوێدا، ئاتاج مانای ئەوە نییە پێویستت بە کاڵای ماتریاڵییە، بەڵکو مانای ئەوەی چەندت پارە پێویستە بۆ کڕینی ئەو کاڵایە.

لەم کایە ڕۆشنبیرییە نوێیەدا کۆمەڵێک چەمک گوڕانکاریی بەسەردا دێت، بەتایبەتی زمان وەک ھۆکارێکی لێکتێکەیشتن، زمان بە ھۆی ئەوەی خەریکە شێوەیەکی گڵۆباڵ وەردەگرێت، زاراوەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بەڵام ئەوەی ترسناکە گۆڕینی وتاری مانایە لە بیرکردنەوەیەکی فەلسەفییانەوە بۆ بیرکردنەوەیەکی تەواو ئاستنزمی پۆپۆلیستییانە، ئەم زمانی گوتاردانە لە ئێستادا ھەموو جیھانی تەنیوە، تەنانەت بووەتە زمانی میدیا و کتێب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ھونەرییش، ئەوەی لەم دۆخەدا گرنگە، وتارە بێئاستەکان یان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە ئاستنزمەکان و کتێبە بێناوەڕۆکەکان دەبنە ڕووکاری کتێبخانەکان، ئەوەی گرنگە تەنھا فرۆشە، بۆ نموونە پڕفرۆشترین کتێب و فیلم و گۆرانی، ئیتر ناوەڕۆکی بەرھەمەکە چییە، گرنگ نییە، کتێبی چێشتلێنان و بورجەکان زۆر بەھادارترە لە توێژینەوەیەکی ئەکادیمیی ئاستبەرز، چونکە یەکەم پڕفرۆشترینە و زۆرترین پارە بۆ وەبەرھەمھێن دابین دەکات، نەک ئەوەی بیرکردنەوەی ئەکادیمی و ستراتیژیەتی بیرکردنەوە دەگۆڕێت، ئەوەتا ھەمان دۆخ لای خۆمان بەرجەستە بوو، ھەموو هیچوپوچەکان لە بیرمەند و کەسانی ئەکادیمیی جدی و نووسەرەکان گرنگترن، بەتایبەتی لای ئێمە سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی باش بۆ ناسینی هیچوپوچەکان دەڕەخسێنێت، چونکە ئامانجی سیاسەتی ئەم ئاراستەیە بریتییە لە سواغدانی ھەموو شتێک بە ڕەنگی هیچوپوچی.

ئەم زەمەنە بەوە ناسراوە دەبێت ھەموو میانڕەو بین، واتە لە ناوەڕاستی ھەموو بیرکردنەوەکان شتێک ھەڵبژێرین کە ناوەندگیری و نێوەندی و میانڕەوی بوونەتە سیمایەک کەسێک لێی لا بدات، دەبێتە کەسێکی ئایدۆلۆژی و نەخوازراو، سەرەتا بۆ ئەوەی لەم زاراوەیە بگەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ فەرھەنگە (Dictionary) کۆنەکان، کە لای ھەندێک نوێیە، بەو پێیەی ئەم فەرھەنگانە لێکدانەوەیان بۆ وشەکە کردووە، زاراوەی ناوەندگیری (Mediocrity) بۆ وەسفکردنی کەسانێک یان حاڵەتێک بەکار ھاتووە کە زۆر هیچوپوچ و ئاستنزم بووە، ئەم وشەیە لەناو فەرھەنگی زماندا نوێیە و ساڵی ١٨٢٥ سەری ھەڵداوە، واتای تەواوی ئەو چینە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەیە کە کەسانی هیچوپوچ تێیدا ڕابەرایەتی دەکەن، یان ئەوەی پاداشتی کەسە هیچوپوچەکان دەکرێت لەبری کەسانی بەتوانا و جدی (ئەم پێناسەیە ڕێک لەگەڵ ڕۆژگاری ئەمڕۆی خۆماندا ھاوتایە، کەسە هیچوپوچە دەسەڵاتدارەکان پاداشتی کەسانی وەک خۆیان هیچوپوچ دەکەن و کەسە بەتوانا و جدییەکان پشتگوێ دەخەن).

باشترین نموونە بۆ پێوانەکردنی ئەم سیستمە بوونی زانکۆیە، تا چەند ژمارەی زانکۆکان زۆر بن ئەوەندە هیچوپوچی برەوی دەبێت، چونکە لەم جۆرە سیستمەدا زانکۆکان دەبنە دامەزراوەیەک کار لە بواری فرۆشتنی شارەزایی و پسپۆریدا دەکەن، زانست لە سەرچاوەی بیرکردنەوە و داھێنانەوە دەبێتە بڕوانامەیەکی سەر کاغەز، زۆرینەی ئەوانەی زانکۆکان تەواو دەکەن ھیچ فێر نەبوون و وەک گەمژەیەک دڵیان بەو بڕوانامەیە خۆشە کە بەدەستیان ھێناوە، چونکە لەناو ئەو سیستمە هیچوپوچەدا دەتوانن بوونێکی بچووک بۆ خۆیان بدۆزنەوە و دەبنە پرۆلیتاریایەکی خاوەن کەمێک پارە، ئەم جۆرە لە زانست و خوێندن دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ئابوورییەکی گەندەڵ و ئۆلیگارشیەتی دراو، ئەم ئۆلیگارشیەتەش پشت بە کۆمەڵێک یاسا دەبەستێت کە لەناو دامەزراوەیەکی دادوەریی گەندەڵدا مومارەسە دەکرێت، لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشمەکێشانەی دروست دەبن، ئەویش لەناو سیستمێکی نوێدا بە حەوکمە (Governance) ناوزەند دەکرێت، ئەم جۆرە لە حوکمڕانی بە وشەی میانڕەوی یان نێوەندگیری یان ناوەڕاست دەڕازێنرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەو شێوەیەی سیستماتیک جومگە گرنگەکانی ژیان کۆنتڕۆڵ بکەن.

دەنۆ یەک بەشی تەواوی بۆ شیکردنەوەی ئەم چەمکە تەرخان کردووە، کە سەرەتا جەغت لە مەسەلەی چەپ و چەپگەرایی و چەپبوون دەکاتەوە، دەنۆ پێی وایە بە ھۆی ئەوەی زۆرێک لە گرووپ و ڕەوتە چەپەکان لە بەرنامەی چەپ لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لایان داوە، چەپیان لە ھەموو بەھا گرنگەکانی بەتاڵ کردووەتەوە، ئەویش لە میانی بەکارھێنانی ڕستەیەکی بەھانەیی کە دەڵێت ”ئێمە چەپین، بەڵام…”، ئەم چەمکە لەو بوارەدا کار دەکات کە لە ڕووکاردا بەرنامە و ستراتیژیەتی چەپە، بەڵام کرۆک و فەلسەفەی نیولیبراڵی جێبەجێ دەکات، بەم شێوەیە ھەر بەھایەکی مرۆیی چەپ ھەیە لەم ئاراستەیەوە بێئەرزش کراوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی زۆرێک لە پارتە سۆسیالیست و سۆسیال دیموکرات و پارتە چەپەکانەوە، بۆ نموونە حکومەتەکەی تۆنی بلێر کە بە ڕابەرایەتیی پارتی کرێکارانی بەریتانی بوو، بچووکترین خاڵی بەرنامەی حکومەتەکەی پەیوەندیی بە چەپەوە نەبوو، بەڵکو بەرنامەیەکی تەواو نیولیبرالیی ھەبوو، ھەروەھا جیرھارد شرۆیدەر بە ڕابەرایەتیی حیزبی سۆشیالیستی دیموکراتی ئەڵەمانی، کارنامەی خۆی لەسەر سکھەڵگوشین بونیاد نا بۆ بەرزکردنەوەی ئابووریی ئەڵەمانیا و دژی چینی ھەژاریی وڵاتەکەی، ھەروەھا لۆران فابیۆ بە ڕابەرایەتیی حیزبی سۆسیالیستی فەڕەنسی ھەمان بەرنامەی لیبرالیی ھەبوو، بەتایبەتی لە بواری بەرزکردنەوەی ھەندێک باج، کە تەنھا خاوەن داھاتە دیاریکراوەکان لێی زیانمەند دەبوون و چەندین نموونەی تر کە پارتەکان خۆیان بە چەپ دەزانی، بەڵام بەرنامەکانیان لە بچووکترین بەھای چەپ بەتاڵ بوو، کەواتە لێرەوە تێدەگەین بۆ لە ماوەی ئەم چەند دەیەی ڕابردوودا لیبراڵیەت و ئاراستە نوێیەکانی سەرمایەداری توانیی کۆنتڕۆڵی ژیانمان بکات و بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕی بەرەو ڕووی سەختییەکانی ژیانمان بکات، ئەویش لە ڕێگەی ئەو سیناریۆ گاڵتەجاڕییانەی ناو دەنرا قەیرانی ئابووریی جیھانی و گێلە ئابووریناسە جیھانییەکان، کە خاوەنی بڕوانامەی بەرزن و پێگەی زانستیی بەرزیان ھەیە، پشتڕاستی ئەم قەیرانانە و ھۆکارەکانی قەیرانەکەیان دەکردەوە، یەکێک لەو بانگەشانەی لیبرالیەت فراوانکردنی چینی ناوەندە، بە ئەندازەیەک ئەوەی خۆی بە یەکێک لەو چینە نەزانێت ھەست دەکات لە ژیان دوا کەوتووە، بەڵام وەک دەنۆ دەڵێت تاکەکانی چینی ناوەند ئەوەیان لەبیر دەچێت، ئەوان جگە لە پرۆلیتاریایەکی خاوەن پارە ھیچی تر نین، بەڵام لیبرالەکان ئەوەی سەر بە چینی ناوەند بێت وەک شانازی تۆماری دەکەن، نەک ھەر ھێندە، بەڵکو پۆلێنکاری بۆ ئەم چینە دەکەن و لە زۆرێک لە ڕاپرسی و توێژینەوەکانیان ھەمیشە ئەو پرسیارە دووبارە دەکەنەوە: تۆ سەر بە کام چینی ناوەندیت (Middle class)، بەڵام ھەرگیز ئەو پرسیارەیان ئاراستەی ئەوانە نەکردووە کە لە چینی خوار ناوەندەوەن، ئەوانەی لە ھێڵی ھەژاری و ژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین، ئەمانە لای لیبرالەکان جێگەی پرسیار نین، بەڵکو زۆر جار بە کەسانی ئیشنەکەر و تەوەزەل ناویان دەبەن، زۆر جار ئەم بیرکردنەوە بۆ ناوەندە بچووکەکانیش شۆڕ دەبێتەوە و دەڵێن دەرفەتی کارکردن ھەیە، بەڵام ئەمانە خۆیان حەزیان بە ھەژاری ھەیە و نایانەوێت ژیانی خۆیان باش بکەن، وەک ھەموو هیچوپوچەکانی ناو دەسەڵات، ئەوانەی دڵیان بەو دەسەڵاتە خۆشە، پشتگیری لەم بۆچوونە دەکەن، ئەم ئاراستەیە ڕاستە دەتوانێت بۆ ماوەیەک ھەڵخەڵەتێنەر بێت، بەڵام بۆ ھەمیشە ناتوانێت، چونکە ئەستەمە بۆ ھەمیشە کۆنتڕۆڵی خەڵک بکات، لەبەر ئەوەی خەڵک ئەو توانایەی ھەیە کە ھۆشیارییەکی خودگەرییانە بەدەست بھێنێت، کە ئەم کارە لە ڕێگەی ئیستاتیکا یان ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتییەوە بەدەست دێت، ئەم دوو ھۆکارە پێویستە گفتوگۆی بەردەوامی لەبارەوە بکرێت، واتە مرۆڤ بوونەوەرێکی وەستاو نییە، چەندێک ڕووکەشە ھەڵخەڵەتێنەرەکان زۆر بن، دەرفەتێک دەدۆزێتەوە بۆ خۆدەربازکردن و گوزارشتکردن لە خودی خۆی هەیە، مێژوویش ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە ھیچ بیرکردنەوە و سیستمێک ھەمیشەیی نییە، بەڵکو ھەندێک جار گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت.

ھاووڵاتی (Citizen) کە دۆخەکە لەناو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەدا بۆ تاکگەرایی (individual) دەگۆڕێت، ھەندێک لە بەھا ھەبوونییەکانی خۆی لێ کەم دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکە دەردەھێنرێت و دەکەوێتە کەڵکەڵەی پرسیار لە پێگە و بوونی خۆی، ئەمە جگە لەوەی پرسیار لە سەرچاوەی دەسەڵات دەکات و دەپرسێت: ”دەسەڵات لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ کێ بڕیار لەمە دەدات؟” لەم جۆرە وێناکردنەدا ئەوە ون دەبێت کە پێی دەگوترێت سیادە و دەسەڵاتی سیادی، چونکە ئەم جۆرە لە دەسەڵات لە کۆتا لێکدانەوەدا بە ”ھێزی شەڕانگێزی یان دوژمنکارانە” ناودێر دەکرێت، دەسەڵات مانا کلاسیکییەکانی خۆی لەدەست دەدات، چونکە ناتوانین وەک ڕکابەرێکی ڕۆشن وێنای بکەین و بیبینین، لەم دۆخەدا ئێمە لەگەڵ ئامێر و ئامرازەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و کەسانی یاسایی (Legal Person’s) بۆ دراو وەک یەکەیەکی ئابووری بەرەو ڕووین.

دەنۆ بەم شێوەیە دۆخی ئەمێستایی شی دەکاتەوە:

ئەم لێکدانەوەیە کورتکراوەی کۆی پێکھاتەکانە، کە ھەر چەمکێک لێرەدا باس کراوە ھەڵگری دنیایەک دەلالەتە و پێویستی بە شیکردنەوەی ورد ھەیە، بەڵام بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕۆشنمان ھەبێت، ئەم داڕشتنە کورتەی دەنۆ وێنایەکی ڕوونمان پێ دەدات لەوەی ئێستا چی دەگوزەرێت و دۆخەکە چۆنە:

کۆمپانیاکان ملکەچی یاساکانن، یاساکانیش بە فشاری چالاکوانە سیاسییەکان دەردەچێت، چالاکوانە سیاسییەکان بەپێی ئاراستەکردنی ڕاگەیاندنەکان دەجووڵێنەوە، ڕاگەیاندنیش گوێ بۆ ئاڵوگۆڕەکانی بازاڕ دەگرێت و تەماشای ئەو پەرەسەندنانە دەکات کە لەناو بازاڕدا ڕوو دەدات، بازاڕیش پەیوەستە بە دۆخی ھەنووکەییەوە، ھەنوکەش بە کرداری لەژێر ھەژموون و کاریگەریی بانکە ناوەندییەکاندایە، ئەم جۆرە لە بانکەکان لە دامەزراوە حکومییەکان جیا و سەربەخۆن، حکومەتیش لە لایەن پارتە سیاسییەکانی نزیک تاوانە ڕێکخراوەکان بەڕێوە دەچێت، تاوانە ڕێکخراوەکانیش پارەکانی لەناو قەوارەی ئۆفشووردا (Offshore) (مەبەست لەم زاراوەیە ئەو شوێنانەیە دوور لە کەنار، واتە ئەو شوێنانەی یاسا نایانگرێتەوە) سپی دەکاتەوە، ئۆفشووریش بووە بە بەشێک لە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، کۆمپانیا فرەڕەگەزەکانیش لە لایەن ئاژانسەکانی ڕەیتین (پلەبەندی) (Rating Agencies) پاڵپشتی دەکرێن، ئاژانسەکانی پلەبەندییش تێڕوانین و ڕای خۆی لەسەر بوجەی حکومەت دەردەبڕێت، بودجەی حکومەتیش لەسەر واقعیەتبوون و پراگماتیزمی داڕێژراوە، نەک قەبارەی ڕاستەقینەی ھەبوو.

ئەم جۆرە لە داوی جاڵجاڵۆکە بۆ بەڕێوەبردنی دنیا، وا دەکات جۆرێک لە گێژاو دروست بکات، کە نەتوانیت سەری لێ دەربکەیت، واتە بە شێوەیەک ئەم سیستمە ئاڵۆز کراوە، مەگەر هیچوپوچەکان خۆیان سەری لێ دەربکەن، ھەموو ئەم تێکچڕژان و ئاڵۆزییەش لەپێناو ئەوەی چۆن بتوانن سەرمایە کەڵەکە بکەن و سیفەتێکی شەرعیی پێ بدەن، لەبەر ئەوە چەند پێگەیەکیان لە دووریی کەنارەکان دروست کردووە بۆ ئەوەی سەرمایەکەیانی تێدا ھەڵبگرن و دوور بێت لە ھەموو چاو و لە ھەموو یاساکان، ئەمە جگە لەوەی شێوازێکی سەیری بۆ بەڕێوەبردن و بوارکردنەوە ھەیە بۆ کەسەکان تاکو بوونی خۆیان بەپێی پێوەرەکانی ئەمان بسەلمێنن، لەم ڕژێمەدا بوار بۆ پیشەگەر (Craftwork) دەکرێتەوە، لە ڕێگەی ئەوانەی پێیان دەگوترێت فەرمانبەر (Function)، ئەویش بە مەبەستی پراکتیزەکردن (Practices)، کە ئەمیش خۆبەخۆ بۆ تەکنیک دەگۆڕێت و تەکنیکیش دەبێتە ھۆی پەیداکردنی کارامەیی (Skill)، ئەمیش دەچێت بۆ بواری جێبەجێکردن (Implementation)، ئا ئەمەیە پێی دەگوترێت گۆفەرنانس یان حەوکەمە.

ئەگەر بمانەوێت مێژووی ئەم ڕژێمە بنووسینەوە، پێویستە لە دیدی کۆمەڵێک فەیلەسووف و بیرمەندەوە تەماشای بکەین، سەرەتا میشێل فۆکۆ بەم شێوەیە لێکدانەوەی بۆ ئەم سیستمە کردووە ”شێوەی سوپای ھەیە، مانای ئەوەیە مرۆڤ دەبێت سەرباز بێت”، لای کارڵ مارکس و فریدریک تایلۆر ”سەخترین شێوازی دابەشکردنی پیشەسازییانەی کارە” لای ھانا ئارنێت ”جێبەجێکردنی کۆێرانەی ڕێنماییە ئیدارییەکانە”، لای جۆرج سیمیل و سی. ڕایت میلز ”بریتییە لە ئەنجامدانی بیرکردنەوە،ی بەتاڵ لە مانا کە کۆمەڵێک زانا پێی ھەڵدەستن لە ڕێگەی ئەو فەندانەی (بەخشین) وەریدەگرن”. هەموو ئەمانە دەبنە هۆکاری سەرەکی کە بڵێین کاتێک کارکردن دەبێتە ھۆکاری پەیداکردنی بژێوی بۆ ھەژارەکان و بەرھەمھێنانی بازاڕ بۆ دەوڵەمەندەکان، ڕوون و ئاشکریە ئەم ڕژێمە جیھانییە پێویستی بە داڕشتەیەکی هیچوپوچانە ھەیە، چونکە لەسەر بنەمای نادادپەروەری و چاوچنۆکی دامەزراوە.

هاوشێوە