رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

مەرگی خودای نیچە: ڕاگەیاندنێکی سەرخۆشانە یان شیوەنێکی پرسەئامێزانە؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

محەمەد مەهدی ئەردەبیلی

 وەرگێڕان: نیما لوقمان

Download PDF

کورتە

تیۆری “مەرگی خودا” بەناوبانگترین تیۆری نیچەیە. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین کارکردەکانی ئایدیای مەرگی خودا لای نیچە لە سێ ئاستدا شرۆڤە بکەین. ئاستی یەکەم ‘ئاستی باوەڕداری’، ئاستی سەرەتایی باسەکانی ئۆنتۆلۆژی و باوەڕ دەربارەی بوون یان نەبوونی خودا؛ ئاستی دووەم (بەرکەوتنێکی هیومانیستی لەگەڵ مردنی خودادا)، شادوومانییەکی بێباوەڕی لەمڕ بزربوونی خودا؛ ئاستی سێیەم (بەرکەوتنێکی ڕەخنەییانە لەگەڵ جیهانی پاش خودادا)، میراتی بکوژەکان. لە کۆتاییدا دەپڕژێینە سەر ئەو پرسیارە، ئایە نیچە بە مردنی خودا سەرخۆشە یان پرسە دەگێڕێت؟ بەو پێیەی نیچە لە بەرهەمە جیاوازەکانیدا شێوازەگەلێکی جیاوازی بۆ تێڕوانین لە پرسی “مەرگی خودا” هەبووە، هەوڵ دەدرێت بەبێ ڕەچاوکردنی سەرەتا و کۆتایی بەرهەمەکانی؛ تەفسیرێک لە ڕوانگەی نیچە لە پێگەی “گشتێک”دا بخرێتە ڕوو بەپێی بەرهەمە جیاوازەکانی، کە شایستەی باسەکەمانە، لەو بەرهەمانە لایەنە جیاوازەکانی ئەم ئایدیایەی باس کردووە. لەم ناوە سێ پارچەی زۆر گرنگ لە سێ کتێب، قەدبڕی تەفسیرەکەی ئێمەیە بریتییە لە: یەکەم مرۆڤ زێدە مرۆڤانە، دووەم وەهای گوت زەردەشت، سێیەم زانستی شاد. لە کۆتاییدا لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەییەوە نیشان دەدرێت تیۆری “مەرگی خودا”ـی نیچە ڕوانگەیەکی ئۆنتۆلۆژی یان باوەڕێکی ئیمانی نییە، بەڵکو دەرخەری دۆخێکی کولتوورییە.

١. پێشەکی

لەوانەیە بتوانین تیۆری “مەرگی خودا”ـی نیچە وەکو بەناوبانگترین تیۆری ئەو بناسێنین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە ئەم ئایدیایەی نیچە زۆرتر لە ئایدیاکانی تری ناسراوە. وێنایەک کە لە زەینی زۆرینەدا لە بارەی مردنی خوداوە بوونی هەیە، جۆرێکە لە ئیلحاد و لە ئاکامدا زۆرینەی خوداباوەڕانی نەریتی، نیچە بە هۆکاری تیۆری مەرگی خودا بە مولحید و ناخوداباوەڕی دەناسێنن. بەم واتایە بێت، مەرگی خودا هێمای نکۆڵیکردنە لە خودا. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت جگە لە هەڵوێستوەرگرتن لە بەرانبەر ناخوداباوەڕیی نیچەدا، پرسی مەرگی خودا بەتەواوی لە باسی بوون یان نەبوونی خودا جیا بێتەوە. لە لایەکی ترەوە نابێت ئەمە لەبیر بکەین نیچە خۆی سیستمێکی فیکری-چەمکی یەکگرتووی نییە. ئەو بە ڕاشکاوی دژی هەر شێوەیەک لە سیستمداری پێگە دەگرێت و دەنووسێت: “من گومانم لە تەواوی دروستکەرانی سیستم هەیە و ئەوان ڕەچاو ناکەم. ویستی دروستکردنی سیستم دژی کرداری دروستە”(نیچە ١٣٨١، ٢٨). لەگەڵ ئەوەشدا ئایە ئێمە تەنانەت دەتوانین قسە لەسەر ئایدیای “مەرگی خودا” لە ڕوانگەی نیچەوە، وەکو ئایدیایەکی دیاریکراو بکەین؟

هەرچەندە هەندێک لە فەیلەسوفەکان، وەکو نیچە، کیرکەگارد، دێریدا و… بە ڕاشکاویی دژی سیستمسازی-چەمکی پێگەیان وەرگرتووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ناتوانین سیستمێکی چەمکی بخەینە پاڵیان. ئەمە ئەرکی ڕاڤەکارە بتوانێت لە نێوان دەستنووسەکان و دەقەکانی نیچە وێنەیەکی تا ڕادەیەک یەکگرتوو لە تیۆرێکی چەمکی هەڵبهێنجێنێت و داڕشتنی بۆ بکات. هاوتەریب لەگەڵ بابەتەکە، ئەم وتارە جگە لە سوودوەرگرتن و گەڕانەوەی چەندجارە بۆ نووسینە جیاوازەکانی نیچە سەبارەت بە خودا، بەتایبەت لەسەر سێ پارچە لە سێ کتێبی جیاوازی نیچە دەوەستێت. بەو پێیەی بڕیار نییە لێرەدا چۆنێتیی دروستبوونی هزرەکانی نیچە و جیاوازیی قۆناغە جیاوازەکانی فیکری نیچە ڕەچاو بکرێت، ڕیزبەندیی گەڕانەوە بۆ پارچەکان لەسەر بنەمای ساڵی بڵاوبوونەوە نابێت، بەڵکو لەسەر بنەمای ئاستی واتایی باسەکان دەبێت. ئەم سێ پارچەیە بە ڕیز لەم سێ سەرچاوەیە بەدەست هاتووە: یەکەم مرۆڤ زێدە مرۆڤانە، دووەم وەهای گوت زەردەشت و سێیەم زانستی شاد. بۆ ڕاڤەی پرۆسەی دروستبوونی تەفسیری ئەم پارچانە، تەواوی وتارەکە لە سێ ئاست، دەپرژێتە سەر مەفهومی خودا بە شێوەیەکی گشتی و تیۆری “مەرگی خودا” بە شێوەیەکی تایبەتی. ئەم سێ ئاستە بە ڕیز بریتییە لە: (١) ئاستی باوەڕمەندی (ئاستی سەرەتایی باسەکانی ئۆنتۆلۆژی و باوەڕداری سەبارەت بە بوون یان نەبوونی خودا)؛ (٢) ئاستی سەرخۆشی لە ئاکامی مەرگی خودا (شادیی ڕزگاری لە زیندان)؛ (٣) ئاستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهانی پاش خودا (شیوەنێک بۆ خودا).

٢. ئاستی باوەڕمەندی

کەمنرخترین ئاستی باس سەبارەت بە خودا و لە هەمان کاتدا بەربڵاوترین باس، باسەکان و موناقەشەکانی سەبارەت بە بوون یان نەبوونی خودایە، کە بە درێژایی مێژووی فەلسەفە کەسانی زۆر گرنگییان پێ داوە و هێشتاش باس لەسەری کۆتایی نەهاتووە، بە ئەگەری زۆریش هیچ کات کۆتایی نایەت. بە پێچەوانەی وێنای بەربڵاو و باو، بە درێژایی مێژووی فەلسەفە، تەنانەت لە سەرەتاکانی سەدەی فەلسەفەی مۆدێرن، بڵاوکردنەوەی خوداناباوەڕی یان ڕەتکردنەوەی ڕاستەوخۆی خودا لە لایەن فەیلەسوفەکانەوە زۆر بە کەمی ڕووی داوە. دیکارت، وەکو یەکەمین فەیلەسوفی مۆدێرن، فیزیکەکەی لەسەر ئیلاهیات پتەو کردووە و بۆ سەلماندنی بوونی جیهانی دەرەوە پەنای بۆ بوونی خودایەکی کامڵ بردووە. دیکارت لە “تێڕامانی پێنجەم”دا، دوای خستنەڕووی دووەمین ئەرگیۆمێنت بۆ بوونی خودا، دەنووسێت: “بەو پێیە بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت مسۆگەری و ڕاستیی هەر مەعریفەیەک تەنها پەیوەندی بە ناسینی خودای ڕاستەقینەوە هەیە، بە شێوەیەک تا خودام نەناسیبێت، ناتوانم بەتەواوی درک بە هیچ شتێکی تر بکەم” (دیکارت١٣٩٦، ٩١). سپینۆزا تەنانەت لەوەش پێشتر چوو و بوونی لەگەڵ خودادا هاوتا گرت و نە تەنها بوونی خودای سەلماند، بەڵکو وەحدەتگەرایی ڕەهای خۆی بە شوێنێک گەیاند کە بانگەشەی کرد “ئەگەری نییە جگە لە خودا جەوهەرێک بوونی هەبێت، یان وێنا بکرێت” (سپینۆزا ١٣٧٦، ٢٨). لایبنیتس لە مۆنادۆلۆژی، خودای بە ئاڕاستەی تەواوی هەموو جیهان زانی (نک. لایبنیتس ١٣٧٢، ١٧٣)، بارکلی ئەزموونگەرا خودای وەکو زەینێکی ئامادە لە هەموو شوێنێک ناساند کە نە تەنها زامنی ناسین، بەڵکو زامنی بوونی شتەکانە: “سەبارەت بە شتەکان خودا لە ئەزەلەوە تا ئەبەد زانایە، یان بە چەشنێکی تر هەموو شتەکان لە زانستی خودا بوونی ئەزەلی و ئەبەدییان هەیە” (بارکلی ١٣٧٥، ٢٤١). هەروەها کانت، لە بەشی ئایدیاڵیی عەقڵی پەتی لە کتێبی ڕەخنە لە عەقڵی پەتیدا، ڕەخنە لە تەواوی ئەرگیۆمێنتەکانی سەلماندنی بوونی خودا دەگرێت، بەڵام تەنانەت لە هەمان کتێبیشدا بەرگری لە ئایدیای خودا وەکو پرسێکی سیستمدروستکەر کرد و خودای وەکو مەرجی “وەحەدەتی باڵا و پێویستی”ـی واقیعی ئەزموونی زانی (نک. کانت ١٣٩٤، ٦١٥). دەتوانین چەندین نموونەی تر بەم ناواخنە زیاد بکەین. لەگەڵ ڕەخنە توندەکانی هەندێک لە ڕۆشنبیرە فەڕانسەییەکان (فیلۆزوفەکان) لە چەمکی خودا، کەشی زاڵ بەسەر فەلسەفەدا تاکو نیوەی سەرەتایی سەدەی نۆزدەیەم (لانی کەم بە ڕووکەش) خوداباوەڕانە بوو، تا ئەو شوێنەی تەنانەت لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا تۆمەتی خوداناباوەڕی بیانوویەکی باش و کاریگەر بۆ لەناوبردنی دژبەران و نەیاران بوو. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، بەتایبەت لەگەڵ سەرهەڵدان و چالاکیی هیگڵە گەنجەکان، ڕەخنە توندەکان دژی چەمکی خودا و دین بە شێوەیەکی گشتی بەربڵاو بوو. نموونەی بەرچاوی ئەویش یەکێک لە شاگردەکانی هیگڵ بەناوی لودویک فیورباخ، ماتریالیستی گەورە و کاریگەری ئەڵمانی بوو، کە دواتر بووە یەکێک لە ڕەخنەگرانی هیگڵ. ئەو لە زاتی مەسیحییەت بانگەشەی ئەوەی کرد ” کەسێتیی خودا شتێک نییە جگە لە هەمان کەسێتیی مرۆڤ کە [بەرەو ئاسمان] باڵی گرتووە”.(Feuerbach, 183, 2008)

بەم پێشەکییە کورتە، ئێستا لە بەردەم ڕووبەڕووبوونەوەی نیچە لەگەڵ چەمکی خودادا وەستاوین. ڕوانگەی نیچە لە ئاستی سەرەتادا دەبێت لە درێژەی ئیلحادی فیورباخی ڕاڤە بکرێت. نیچە بە تەشەرێکی تایبەت بە خۆی دەنووسێت: “بەڵێ، گوایە مرۆڤ یەکێکە لە هەڵەکانی خودا؟ یان گوایە خودا یەکێکە لە هەڵەکانی مرۆڤ” (نیچە ١٣٨١، ٢٢). ئەم دەربڕینە لە ڕستەی فیورباخ دەچێت “مرۆڤ بەبێ خودا هیچە، بەڵام خوداش بەبێ مرۆڤ هیچە”(Feuerbach 2008, 184).  کەواتە با هەر لە سەرەتاوە نیچە وەکو مولحید و خوداناباوەڕێکی عەیار بیستوچوار دابنێین. “منم زەردەشت، پیاوی بێخودا، کە دەڵێت: “کێیە بێخوداتر لە من تا من لە فێرکارییەکانی چێژ وەربگرم؟” منم زەردەشت، پیاوی بێخودا” (نیچە ١٣٩٧، ١٨٦). بەو هۆکارەیە کونگ لە بەرگی دووەمی کۆبەرهەمە دوورودرێژەکەی لەژێر ناونیشانی خودا کە فیکری فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا، لە کاتی ئاماژەدان بە بۆچوونی نیچە لەسەر بنەمای خوڵقاندنی خودا لە لایەن مرۆڤەکانەوە دەنووسێت: “لێرە شاگردێکی ئەڵقه‌‏بەگوێی فیورباخ قسە دەکات‎” (کۆنگ ١٣٩٦، ١٦٣).

بەڵام نیچە هەر لەو ئاستەدا نامێنێتەوە، ئەو نە تەنها خوداناباوەڕە، بەڵکو دژەخوداشە. لە ڕوانگەی نیچە ئایدیای خودا یەکێکە لە وێرانکەرترین ئایدیاکان و چەمکەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، کەواتە دەبێت بە جددی لە بەرانبەر ئەو ئایدیایەدا بوەستین. “چەمکی خودا تاکو ئێستا گەورەترین دژاییەتیی لەگەڵ “هەبوون” هەبووە… بە نکۆڵیکردنی خودا و بەرپرسارێتی لە بەرانبەری ئێمە جیهان ڕزگار دەکەین” (نیچە ١٣٨١، ٧٧). بە هۆی باسەگەلێکی زۆر بەربڵاو سەبارەت بەم بۆچوونە لە ئیلحادیی نیچە، پێویست بە دووبارەکردنەوەی ئەم کڵێشانە ناکات. نیچە بەم مانایە خوداناباوەڕە و لە هەمان کاتدا دژەدینێکی بەتەواوی مانایە، بەڵام تا ئەو شوێنەی پەیوەستە بە ئەرکی ئەم دەقە، “چەمکی خودا” پەیوەندییەکی ئەوتۆی بەو ئاستە تێگەیشتنە لە خوداوە نییە. نیچە لە ئایدیای “مەرگی خودا”دا ڕوانینێکی سەرووتر لە پرسی بوون یان نەبوونی خودا لە ڕوانینی ئیلاهیاتیدا هەیە. ڕوونە کەسێک کە بڕوای بە بوونی خودا نییە، تەنها دەتوانێت لە “نەبوونی” خودا بدوێت نە لە “مەرگی”. خودی ئایدیای مەرگی خودا ناڕاشکاوانە بوونی خودا وەکو گریمانە وەردەگرێت. کەواتە مانای مەرگی خودا پەیوەندی بە ئیلحاد یان خوداباوەڕییەوە نییە. بەپێی دەربڕینی ویلامز “مەرگی خودا تەنها پرسێکی ئیلاهیات نییە، بەڵکو پرسێکە کاریگەریی لەسەر تەواوی بەها بونیادییەکان دەبێت، تەواوی دەستەواژە خودائاساکانی کولتوور، وەکو حەقیقەت، عەقڵ، زانست، ڕاست و هەڵە، چاک و خەراپ” (263 , 2012 Williams).  تەواوترین نموونەی ئەم بۆچوونە، نیچە لە شوپهاندنی زیندانییەکان لە کتێبی مرۆڤ زێدە مرۆڤدا پیشان دەدات:

زیندانییەکان: بەیانییەک زیندانییەکان هاتنە ناو شوێنی کارکردن؛ زیندانەوان دیار نەبوو. هەندێک بەپێی خوو دەستبەجێ دەستیان بە کارکردن کرد، ئەوانەی تر بێکار وەستان و وەکو سەرپێچیکردن سەیری چواردەوریان دەکرد. هاوکات یەکێک لەوان هاتە پێشەوە و بە دەنگی بەرز گوتی: “چەندتان ویست کار بکەن یان [ئەگەر دەتانەوێت] هیچ مەکەن؛ جیاوازییەکی نییە. ئامانج [و مه‌بەست]ە نهێنییەکانتان ئاشکرا بووە، زیندانەوان لەم دواییە بە نهێنی ئێوەی چاودێری کردووە و دەیەوێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دادگاییەکی ترسناک بۆ ئێوە دابمەزرێنێت. ئەو دەناسن، کەسێکی لاسار و بوغزاوییە، بەڵام ئێستا سەرنج بدەن: ئێوە تاکو ئێستا منتان نەناسیوە؛ من ئەوە نیم کە دەیبینن، بەڵکو لەو زۆرترم: من کوڕی زیندانەوانم و هەموو شتێکی ئەوم. دەتوانم ڕزگارتان بکەم و [لەڕاستیدا] دەمەوێت ڕزگارتان بکەم؛ بەڵام باش سەرنج بدەن، تەنها کەسانێک لە ئێوە [ڕزگار دەکەم] کە ئیماندار بێت، من کوڕی زیندانەوانم؛ ئەوانەی تر ئەگەر دەیانەوێت دەتوانن تێشووی بێئیمانیی خۆیان ببڕنەوە”. لەو ساتەدا، پاش ماوەیەک بێدەنگی، زیندانییەکی بەتەمەن گوتی: “بۆ تۆ چ جیاوزییەکی هەیە من ئیماندار بم یان نا؟ ئەگەر بەڕاستی کوڕی [ئەوی] و توانای ئەنجامدانی ئەو کارەی بانگەشەی بۆ دەکەیت هەیە، لە بەردەم ئەو بە چاکە باسی ئێمە بکە: ئەمە بەڕاستی دڵپاکیی تۆ دەگەیەنێت، بەڵام ئەم قسە بێهودانە سەبارەت بە ئیمان وەلا بنێ”. هاوکات پیاوێکی گەنجتر هاتە دەنگ و گوتی: “منیش بڕوام بە قسەکانی ئەو نییە: ئەوانە هەمووی خەیاڵپڵاویی ئەوە. گرەو دەکەم لە ماوەی هەشت ڕۆژی [داهاتوو] خۆمان هاوشێوەی ئەمڕۆ لە هەمان دۆخدا دەبینین، زیندانەوانیش نائاگا دەبێت لەمڕۆ”. کۆتا زیندانی کە بە تازەیی هاتە حەوشەکە، گوتی: “ئەگەر زیندانەوان گومانیشی بردبێت ئیتر هیچ نازانێت، ئەو ئەمێستا لەناکاو مرد”. چەند کەسێک بەیەکەوە هاواریان کرد:” ئۆهۆی، ئۆهۆی، کاکی کوڕ، کاکی کوڕ، چارەنووسی میراتی [ئەو] چییە؟ ناکا ئێستا ئێمە زیندانی تۆ بین؟” – ئاماژەپێکراو بە ئاسپایی وەڵامی داوە: “من پێم گوتن، هەر کەس ئیماندار بێت ڕزگاری دەکەم، بە هەمان بێگومانی کە [دڵنیام] باوکم هێشتا زیندووە”. -زیندانییەکان پێنەکەنین، بەڵام شانیان بەرز کردەوە و ئەویان بە وەستاوی جێ هێشت. ( Nietzsche 1996, 331; Nietzsche 1988, 590-591)).

شوبهاندنی سەرەوە دەتوانێت دەروازەی ئێمە بۆ هەڵوێستی خودی نیچە بێت. ڕوونە مەبەست لە زیندانەوان خودایە، مەبەست لە داخوازیی کوڕ بوونی زیندانەوان عیسا مەسیحە، کە تەنها بە باوەڕدارانی بەڵێنی ڕزگاری دەدات. لەو نێوە، یەک لە زیندانییەکان کە لەوانەی تر گەنجترە ڕۆڵی مولحیدێک دەبینێت و نکۆڵی لە بوونی خودا دەکات، خودی نیچە کۆتا زیندانییە کە “مەرگی خودا” ڕادەگەینێت، بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە تەواوی ئەم ڕوداوانە لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە چیتر پاسەوانێک لەئارادا نییە. تا کاتێک پاسەوانێک هەبوو نە کەسێک بوێریی نکۆڵیی زیندانەوانی هەبوو، نە کەسیش نوێنەرایەتیی زیندانەوانی ڕاگەیاندبوو. لێرە پەیوەندییەکی پاڕاڵێڵ لە نێوان ڕاگەیاندنی مەرگی خودا و سەرهەڵدانی مەسیحییەت ڕەچاو دەکرێت. بە واتایەکی تر لەگەڵ ڕاگەیاندنی مەرگی خودادا، نیچە تۆمەتباری سەرەکیی مردنی خوداش دەدۆزێتەوە و ئاشکرای دەکات. وەکو لێکۆڵەرەکانی ناو چیرۆکە پۆلیسی-تاوانکارانە، بۆ وەڵامی پرسیار لە بکوژی خودا، سەرەتا دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە چ کەسێک لە مەرگی ئەو قازانج دەکات؟ لێرەدایە چاوکراوەیی نیچە دەتوانێت هەموان تووشی سەرسوڕمان بکات. لە کوێوە دیارە هەمان خوازیاری نوێنەرایەتیی ئەو بکوژەکە نەبێت؟ بەپێی دەربڕینی یاسپێرس، “نیچە قەناعەتی بە ڕاستیی بنچینەیی مەرگی خودا نەکرد. پرسی: بۆچی خودا مردووە؟ لە نێوان وەڵامەکاندا تەنها دانەیەک بە شێوەیەکی گشتی هەڵسەنگێنراو و پڕاوپڕ لە ئەندێشە و پەرەی پێ درابوو، دەرخەری ئەوە بوو هۆكاری مەرگی خودا مەسیحییەتە” (یاسپێرس ١٣٩٣، ٧٠) بەم مانایە ئایە نیچە ڕەخنەگری تەواوی خوداکانە؟ ئایە زەردەشتی نیچە بڕیار نییە لە بەرانبەر خودای مەسیحی خۆی ئاشکرا بکات؟ ئایە نیچە لە خودادا بەرانبەر مەسیحییەت بەرگری دەکات؟ پێویست دەکات پرسەکە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە ڕەچاو بکەین.

خاڵی گرنگ ئەوەیە باوەڕداری یان بێباوەڕیی نیچە، بە بوونی خودا پرسێکی تەواو لاوەکییە. لە ڕوانگەی خودی نیچەوە، ئەوەی گرنگە، سەلماندن یان ڕەتی بوونی خودا نییە، بەڵکو چۆنێتیی باوەڕ پەیداکردن بە بوونی خودایە. بە واتایەکی تر، ئەمە پرسێکی هزری یان ئۆنتۆلۆجییانە نییە، بەڵکو کولتووری-ڕەچەڵەکناسانەیە. بۆ نیچە گرنگە چەمکی خودا (خوداکان) چۆن و بۆ وەڵامدانەوەی چ جۆرە پێویستییەک لە هزری مرۆڤدا دروست بووە و تا ئەمڕۆ شێوەی گۆڕیوە. کەواتە نیچە بە دوای ڕەچەڵەکناسیی ئەو هێزانەیە کە چەمکی خودای دروست کردووە و پەرەی پێ داوە. نیچە هۆیەک نابینێت بۆ ئەوەی لە بەرانبەر باوەڕداراندا وەکو مولحیدێکی مێژوو، بەڵگەیەک بۆ نەبوونی خودا پێشکەش بکات، بەڵکو هۆکارەکان و پاڵنەرە مێژوویی و کولتوورییەکانی باوەڕداریی ئەوان ڕاڤە و ئاشکرا دەکات. هەر بەم هۆیەوە نیچە لە “مەرگ” و جاروبار “لەدایکبوونی” خودادا قسە دەکات. هەر لەبەر ئەوەشە نیچە ڕۆڵی زیندانییەک دەگێڕێت کە مەرگی خودای ڕاگەیاندووە. بەگشتی نیچە بە زیندانییەکان ناڵێت هیچ خودایەک بوونی نەبووە و هەر شتێک سەبارەت بە خودا وێناتان دەکرد لە وەهمێک زیاتر هیچی تر نییە، بەڵکو دەڵێت: “ئەگەر زیندانەوان شتێکیشی دەزانی چیتر نازانێت”. لێرەدا ئەو نە باوەڕدارە و نە مولحید؛ نە خوداباوەڕە نە خوداناباوەڕ. ئەم “ئەگەر”ـە تەواوی پرسەکان سەبارەت بە بوون یان نەبوونی خودا “ئاپوخێ[1]” دەکات و ڕادەگرێت. گرنگ نییە خودا بووە یان نەبووە، گرنگ نییە من بڕوام پێیەتی یان نا، گرنگ ئەوەیە ئەو مردووە. ئەو نە تەنها بوونی خودا، بەڵکو توانای هێزی زیندانەوانەکە دەباتە ژێر گومان، هەڵبەت ڕوونە زیندانی لە مەرگی زیندانەوان دڵخۆش دەبێت.

٣. سەرخۆشی لە ئاکامی مەرگی خودا

یەکێک لە جێباسترین ئاماژەکان سەبارەت بە تیۆری “مەرگی خودا” لە سەرەتای وەهای گوت زەردەشتدا دەبینرێت. نیچە ڕووبەڕووبوونەوەی زەردەشت کە تازە لە چیا دابەزیوە بەرەو دارستان، لەگەڵ قەشەیەک دەگێڕێتەوە:

زەردەشت پرسیاری کرد: “قەدیس لە دارستان چی دەکات؟”

قەدیس وەڵامی داوە: “سروت” دەهۆنمەوە و دەیخوێنمەوە و لەگەڵ خوێندنەوەم پێدەکەنم و دەگریم و لەبەر خۆمەوە دەیڵێمەوە: بەو جۆرە خودا عیبادەت دەکەم”.

“بە سروت و گریان و پێکەنین و پاڕانەوە خودایەک عیبادەت دەکەم کە خودای منە، بەڵام تۆ چ دیارییەکت بۆ هێناوین؟”

زەردەشت بە بیستنی ئەو قسانە لە بەرانبەر قەدیسەکە چەمایەوە و گوتی: “من چ شتێکم هەیە بیدەم بە ئێوە! بەڵی دەرفەت بدە زووتر بڕۆم تا شتێکم لە ئێوە نەستاندووە!” بەو جۆرە پیرەمێرد و زەردەشت وەکو دوو کوڕی گەنجی بچووکی دەمبەپێکەنین، لەیەکتر جیا بوونەوە.

بەڵام ساتێک زەردەشت بە تەنها مایەوە و لە دڵی خۆیدا گوتی: “پێ دەچێت ئەم قەدیسە پیرە لە دارستانەکەی هیچی نەبیستبێت لە بارەی ئەوەی خودا مردووە” (نیچە ١٣٩٧، ٢١).

دەکرێت نیچە-زەردەشت وەکو جاڕچیی ڕاگەیاندنی مەرگی خودا و هاتنی سەردەمێکی تازە یان سەردەمێکی ئازاد بزانین کە خودای پێشوویان مردووە، ئێستا مرۆڤ خۆی داواکاریی خودایی ئەوە. “ڕۆژگارێک کە سەیری دەریا دوورەکانیان دەکرد، دەیانگوت: خودا؛ بەڵام ئێستا ئێوەم فێر کردووە بڵێن: سوپەرمان” (نیچە ١٣٩٧، ٩٨).

ئایە بەم مانایە نیچە هیومانیستە؟ ڕێگە بدەن وەڵامی نەرێنیی خۆم بەم پرسیارە لە بەشی دواتردا کۆ بکەمەوە و بیخەمە ڕوو.

هەرچەندە پیشانمان دا زۆرینەی فەیلەسوفە مۆدێرنەکان خۆیان بە ڕاشکاوی وەکو خوداباوەڕ دەناسێنن، بەڵام لە ڕاستیدا هەر لە سەرەتای سەردەمی مۆدێرن جۆرێک لە خوداناباوەڕیی ناڕاشکاوانە لە زیهنەکان بوونی هەبوو. هەر لە کاتی بەرەوپێشچوونی پرسی مۆدێرن، پرسەکانی خودایی (لە زانستەوە تا مافی دەسەڵات) کە هەنگاوبەهەنگاو لەسەر مرۆڤ فەرز دەکرا، مرۆڤ بە مەرگی خودای زانیبوو و تاجی خودایی لەسەر خۆی دانابوو. بە دەربڕینی سوفێرن:

”مەرگی خودا، لە سەرەتادا ئەو شتەیە کە نیچە بیبینێت: لە شارستانیەتی سەدەی نۆزدەیەمدا دوای سەدەی ئەو فەیلەسوفانەی دژی تاریکبیری و دەمارگرژی‏، جاڕچیی ڕۆشنبیری و بەتەحەمولی بوون، هەروەها دوای شۆڕشی فەڕەنسا هێزی سیاسییان لە پادشا کە مافی خودایی هەبوو، ستاندیانەوە، لە سەدەی زانستە ئەزموونییەکان و کارایی پیشەسازی و شۆڕشە سیاسییەکان، پێگەی خودا زیاتر لە ڕابردوو بچووکتر بوو و وردەوردە لەناو چوو. بەگشتی مەرگی خودا لە پێش هەموو شتێکدا زانیارییەکە و ئەرکی فەیلەسوفەکانە ئەو زانیارییە تەفسیر کەن (سوفێرن ١٣٨٨، ٥٥).

تەنها چەند سەدەیەکی دەخایاند تاکو مرۆڤ جوامێریی ڕاگەیاندنی مەرگی خودا بداتە خۆی و بۆ خۆی داخوازیی خودایی بکات. مرۆڤ سەرەتا لە هەندێک پانتایی خودایی و باڵایی خۆی ڕایگەیاند (بۆ نموونە لە زانست و دواتر سیاسەت، لەژێر ناونیشانی سێکۆلاریزم) و وردەوردە پەرەی بەو پانتاییە دا تا لە ئاکامدا لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا مەرگی خودای ڕاگەیاند. پزیسکە سەرەتاییەکانی ئەو هەوڵە بۆ داگیرکردنی سامانی خودا لەوانەیە بتوانین بۆ نموونە لە هەمان ئەو شوێنە ببینین کە فرانسیس بیکێن لە سەرەتای سەدەی هەڤدەیەمدا ڕایدەگەیەنێت: “ڕۆژگار هێشتا گەنجە. چەند سەدەیەکی تر بدەن بە ئێمە، ئێمە بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ دەبین و هەموو شتێک سەرلەنوێ دروست دەکەینەوە” (وەرگیراو لە جەهانگیری ١٣٧٦، ١٦٧). بەم چەشنە هەروەکو زۆربەی موفەسیرەکان بانگەشەیان بۆ کردووە، مەرگی خودا لە ڕاستیدا ڕووداوێکی ڕەمزییە، بەیانکەری ئاڵوگۆڕی کایەکانی هێز لە جیهانی ئێمەدا. بۆ نموونە زوپانچیچ دەنووسێت: “حوکمی نیچە بە وردی چاودێرە بەسەر مەرگی خۆدا ڕەمزییەکەیە، واتە مەرگی خودا لە پێگەی هێزی نەزمی ڕەمزی، هەروەکو ناوی پەیوەندیی ڕەمزیی مەسیحی. گوزارە ‘خودا مردووە’ لە دەربڕینەکانی نیچەدا، بە چەشنێک لە بارەی جۆرێک پەیکەربەندیی نوێیە (زوپانچیچ ١٣٩٦، ٦٤)، بەڵام چەند سەدەی خایاند تا ڕستەی مەرگی خودا ئاوها بە ڕاشکاوی باس بکرێت و سەردەمێکی نوێ لە ژیوار مرۆڤ مزگێنی بدات: سەردەمی مەرگی خودا، سەردەمی مەرگی ئامانجە ئەخلاقییەکان، مەرگی تەواوی پێوەرە کردەیی و تیۆرییەکانی پێش مۆدێرنە، سەردەمی مەرگی دوو جیهانییەتی ئەفڵاتوونی-مەسیحییە.

بەو شێوەیەی ئاماژەی پێ کرا، “مەرگی خودا” نە تەنها شێوازێکی فەلسەفی، بەڵکو جگە لەو و پترتر لەو ڕاگەیاندنێکی کولتوورییە. بە دەربڕینی بڕەند، ئەوەی نیچە “مەرگی خودا” ناو دەنێت، هاوکات ڕووداوێکی کولتووری بوو کە شایەنی لەناوبردنی تەفسیری مەسیحی-ئەخلاقی لە ژیان بوو، هەم ڕووداوێکی فەلسەفی بوو کە باسی لە دامەزراندنی هەقیقەتی ڕەها یان بونیادە ڕەهاکانی دەکرد کە لە سەردەمی ئەفڵاتوون بە دواوە لەسەر فەلسەفەی ڕۆژئاوا زاڵ بووبوو. (Brand 2013, 75).

نیچە تەنانەت کاتێک سەبارەت بەم ئاستی فەلسەفییە قسە دەکات، زۆربەی کات ئاماژە بە دەلالەتەکان، پاڵنەرەکان و هێزە کولتوورییەکانی بونیادنەری ئەو دەکات. بەگشتی ڕاگەیاندنی مەرگی خودا ڕاگەیاندنی سەردەمێکی نوێیە لە کولتوور و ژیواری مرۆڤایەتی. هەروەکو زۆربەی ڕاڤەکاران ئاماژەیان داوە “ئەوکاتەی نیچە مەرگی خودا”ـی ڕاگەیاندووە، ڕوون بوو شتێکی گرنگ لە فۆرمی ژیانی باو لە ڕۆژئاوا گۆڕابوو” (Wrathall 2003, 1).

بەڵام ئەوەی بە سەرنجدان لە نووسینەکانی سەرەوە سەبارەت بە نیچە ڕوون دەبێتەوە، هەستی کەیفخۆشیی نیچەیە لە بارەی ڕووداوی مەرگی خودا. سەردەمی بێخودایی واتە سەردەمی ڕزگاری لە باڵادەستیی “زیندانەوان” و شادیی بێسنووری ڕزگاربوونی “زیندانی”. هەروەکو ئاندرێ ژید کە ناخوداباوەڕیی نیچە بەم ڕستەیەی دۆستۆیڤسکی دەبەستێتەوە کە دەڵێت: “خودا نییە؟ کەوایە ئەوکاتە… کەواتە هەموو کردەیەک ڕەوایە” (ژید ١٣٥٤، ٢٢٤). ئەم هەستی ئازادییە گەورەترین هەستی ئازادییە کە مرۆڤ تاکو ئێستا ئەزموونی کردووە.

٤. شیوەنێک بۆ مەرگی خودا

کاتێک باسی “ئازادیی ڕەها” دەکرێت، جگە لە تەواوی جۆش و خرۆشەکانی، ناوی فەیلەسوفێک بەرجەستە دەبێت کە ئازادیی ڕەهای بە سامناکیی ڕەهاوە گرێ داوە، واتە هیگڵ. ئەو لە بەندێک بە ناونیشانی “ئازادیی ڕەها و دەسەڵاتی ترس” لە کتێبی فینۆمینۆلۆژیای گیان بە ڕاشکاوی ئاماژە بەوە دەکات: “ئازادیی گشتی نە دەتوانێت کارێکی ئیجابی بکات و نە کردارێکی ئیجابی؛ تەنها کارێک کە بۆی ماوەتەوە کردەیەکی سیلبی (نەرێنی)ـیە و شتێک جگە لە تووڕەیی وێرانکردن نییە” (هیگڵ ١٣٩١، ٧٢). جگە لەوە، لەوانەیە هاوتاییەکی شایانی سەرنج هەبێت کە ئایدیای “مەرگی خودا”ـش، ٧٥ ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی وەهای گوت زەردەشت، لە کتێبی فینۆمینۆلۆژیای گیانی هیگڵ باس کراوە. لەو شوێنە هیگڵ فامی ئەو ڕاستییە بە “مەلولی” و ناشادوومانی ئاگایی گرێ دەدات و ئەو لە بەرانبەر ئاگایی کۆمیدی و شادوومانی دادەنێت. لەو شوێنەش ئاگایی مەلولی و ناشادوومانی ئاماژەیە بە ئاگایی مەسیحیی سەدەکانی ناوەڕاست و مەرگی خودا هێمایەکە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم پارادۆکسە دەروونییەی ئیماندارێکدا. ئیماندار بۆ گەیشتن بە لووتکەی ئیمان دەبێت نەفسانییەتەکەی، خۆی، نەفی بکاتەوە و بگات بە پاکتاوی، بەڵام لە کۆتاییدا ئەگەر خۆی، نەفسانییەتەکەی، یان سوبێکتیڤیتەکەی لەم ڕێگەیە بەخت بکات، ئیتر شتێک لەو نامێنێتەوە کە بیەوێت ئیمانداری بکات یان بەختەوەر بێت. هیگڵ دەنووسێت:

ئەو [ئاگایی مەلولی]، لە بەرانبەر گوایە چارەنووسی تراژیکی یەقین بەخۆبوونی خودە، یەقینێک کە دەبێت لە ناخی خود و بۆ خود بێت. ئەو [ئاگایی مەلولی] بریتییە لە ئاگایی بە نەبوونی هەر جۆرە زاتییەتێک لەم یەقین بەخۆبوونە و ئاگایی لەدەستچوونی هەمان هۆشیاری سەبارەت بە خود–هەم دەستچوونی جەوهەر و هەم دەستچوونی “خود”؛ ئەم [ئاگایی مەلولی] هەمان زامێکە کە خۆی لە دەستەی ئەم وشە توندوتیژانە بەیان دەکات و [دەڵێت:] خودا مردووە (Hegel 2018, 296).

کەواتە لە ڕوانگەی هیگڵەوە، ئایدیای “خودا مردووە”، ڕاگەیاندنی جۆرێک لە زیانمەندییە: هەم زیانمەندی لە ڕەهەندی ئۆبێکتیڤیتە (جەوهەر) و هەم لە ڕەهەندی سوبێکتیڤیتە (خود). لە یەکەم ڕوانیندا وا دێتە بەرچاو شیوەنی هیگڵیی مەرگی خودا (کە هەڵبەت دواتر بە پێویستی دووبارە خوڵقاندنی ڕۆحی ڕەها دەگات) ڕێک بە پێچەوانەی سەرخۆشیی نیچە لە ڕاگەیاندنی شادوومانانەی “مەرگی خودا”دایە، بەڵام ئایە نیچە لە مەرگی خودا شادوومان و سەرخۆشە؟ ئایا نیچە لە دنیای بێخودا هەست بە ئازادیی ڕەها و ڕزگاری دەکات؟ ئایا نیچە بەو مانایە هیومانیستێکی دژەخودایە؟ وەڵامی من بەم پرسیارە نەخێرە. نیچە نە هیومانیستە (بە مانا باوە مۆدێرنەکەی) و نە شادوومانە لەم جیهانە نوێیەدا. ئەگەر تۆزێک لە ڕەخنەکانی زەردەشت سەبارەت بە گوێگرانی قووڵ بینەوە، دەزانین جیهانی بێخودا جیهانێکی بۆش، بەتەواوی بێمانا و نیهیلیزمانەیە (ئەم پێشگۆییە دەتوانرێت وەکو یەکێک لە چاوکراوەییە سەرسوڕهێنەرەکانی نیچە بزانین کە زۆر لە جیهانی ناسراو بە پۆستمۆدێرن و قەیرانەکانی دەچێت و لە سەردەمی ئێمەدا زیاتر لە سەردەمی خودی نیچە بەربڵاو و بەرجەستەیە)، بەگشتی تێکەڵبوونی خۆشبەختی و بێمانایی، واتە جیهانی دواهەمین مرۆڤە. “بە داخەوە، کاتێک دەگات کە چیتر لە مرۆڤ ئەستێرەیەک لەدایک نابێت، بە داخەوە سەردەمی سوکترین مرۆڤ دەگات؛ مرۆڤێک چیتر ناتوانێت خۆی لەوە زیاتر سووک بکات. کۆتا مرۆڤەکان چاو دادەگرن و دەڵێن: ئێمە خۆشبەختیمان داهێنا” (نیچە ١٣٩٧،٢٧)، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قووڵایی چاوکراوەیی نیچەدا پێویستە سەرنجی بەرجەستەترین وێنەی جیهانی بێخودایی بەرهەمەکانی نیچە بدەین، واتە بەشی ١٢٥ لە زانستی شاددا. نیچە لەم بەشەدا نە تەنها بە شادی و کەیفخۆشی پێشوازی لە جیهانی دوای خودا ناکات، بەڵکو بە تەواو مانا شیوەنی بۆ دەگێڕێت:

مرۆڤی سەرلێشێواو، ئایە ئێوە چیرۆکی مرۆڤی سەرلێشێواوتان نەبیستووە، کە لە ڕۆژی ڕووناک چرای داگیرساند و بەرەو بازاڕ ڕای کرد و بەبێ وەستان هاواری دەکرد: “لە خودا دەگەڕێم! لە خودا دەگەڕێم؟!” بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆرینەی ئەو کەسانەی لە دەوری کۆ بووبوونەوە بڕوایان بە خودا نەبوو، قسەکانی بووە هۆکاری پێکەنینی زۆر. کەسێک پرسی کەواتە ئەو ون بووە؟ کەسێکی تر پرسی ئایە ئەو هاوشێوەی منداڵێک ڕێگەی ون کردووە؟ ئایە ئەو خۆی شاردووەتەوە؟ ئایە لە ئێمە دەترسێت؟ ئایە ڕۆیشتووەتە زەریا؟ ئایە ئاوارە بووە؟ بەم شێوەیە هاواریان دەکرد و پێدەکەنین. سەرلێشێواو خۆی هەڵدایە نێوانیان و بە چاوە [کاریگەرەکانی] ئەوانی پێکا. هاواری کرد: “خودا لە کوێیە؟ من پێتان دەڵێم! ئێمە ئەومان کوشتووە- ئێوە و من؛ ئێمە هەموومان بکوژانی ئەوین، بەڵام چۆن ئەوەمان کرد؟ چۆن ئەو تایبەتمەندییەمان پەیدا کرد کە زەریا هەڵبلوشین؟ چ کەسێک هەورێکی بە ئێمە دا تا تەواوی ئاسۆی پێی بسڕینەوە؟ ئەوکاتەی ئەم زەوییەمان لە زنجیری هەتاوەکەی هەڵوەشاندەوە، [هەر بەڕاست] چیمان کرد؟ زەوی ئێستا بە کام ئاڕاستەدا جووڵە دەکات؟ ئێمە بە کام ئاڕاستەدا لە جووڵەداین؟ ئایە لە تەواوی هەتاوەکان دوور دەبینەوە؟ ئایە هەمیشە لە دۆخی داکەوتنداین؟ بە پاش، بە ئاڕاستەکاندا، بە پێش، لە تەواوی ئاڕاستەکان؟ ئایە هێشتا سەروو و خوارەوەیەک ماوەتەوە؟ ئایە بەرەو جۆرێک لە هیچی ناکۆتایانە هەڵنەدراوین؟ ئایە ئەم فەزایە بۆش نییە کە ئێمە هەناسەی تێدا دەدەین؟ ئایە [هەوا] ساردتر نەبووە؟ ئایە ئەوەی بەردەوام دێت و دێت شەو و شەوتر نییە؟ ئایە [لەمە بەدواوە] نابێت لە کاتی کازیوە چراکان دابگیرسێنین؟ ئایە هێشتا هیچمان لە دەنگی ئەو گۆڕهەڵکەنانەی سەرقاڵی ناشتنی خودان، نەبیستووە؟ ئایە هێشتاش هەستمان بە بۆنی داڕزانی خودا نەکردووە؟ خوداکانیش دەڕزێن! خودا مردووە! خودا بە مردوویی دەمێنێتەوە! ئێمە ئەومان کوشتووە! چۆن ئێمەی بکوژی تەواوی بکوژەکان خۆمان دڵنەوایی دەدەینەوە؟ موقەدەسترین و زلهێزترین بوونەوەرێک کە جیهان بە خۆیەوە بینیوە لەژێر چەقۆکانی ئێمەدا تا ئاستی گیاندان خوێنی لێ ڕۆیشتووە: چ کەسێک ئەم خوێنە لە [دەستەکانی] ئێمە پاک دەکاتەوە؟ بە چ ئاوێک دەتوانین خۆمان پاک بکەینەوە؟ چ جۆرێک لە جێژنەکانی شوتنەوەی گوناه، چ جۆرێک یارییە موقەدەسەکان بۆ خۆمان دروست بکەین؟ لێرەدا سەرلێشێواو بێدەنگ بوو و جارێکی تر سەیری دەوروبەری کرد و ئەوانیش بێدەنگ بوون و پەژارەدار و پەرێشان سەیری ئەویان دەکرد. لە کۆتاییدا ئەو چراکەی فڕێ دایە سەر زەوی. چراکە تێک شکا و کوژایەوە. هاوکات گوتی: “من زۆر زووتر [لە کاتی خۆی] هاتووم، کات و ساتی من هێشتا نەهاتووە. ئەم ڕووداوە سامناکە هێشتا لە ڕێگەی [ڕوودانی] سەرگەردانە و [هەواڵەکەی] هێشتا بە گوێ مرۆڤەکان نەگەیشتووە. (Nietzsche 2001, 119-120).

تەفسیری تەواوەتیی ئەم بەشەی سەرەوە و کردنەوەی خەمڵێنڵاوی کۆدە میتافۆرەکانی کارێکی قورس و درێژخایەنە، بەڵام تا ئەو شوێنەی بەم بابەتەی ئێستاوە گرێ دراوە، ڕوونە کە “سەرلێشێواو” خودی نیچەیە کە بەردەوام خۆی ” بێوادە” و “زووتر لە کاتی خۆی” پێناسە دەکات. خودی ئەم بەشەش بە جیا پێگەیەکی تایبەتیی لە نووسینەکانی نیچە هەیە، بە جۆرێک پیپین ئەو هاوتا لەگەڵ شوبهاندن بەناوبانگەکانی مێژووی فەلسەفەدا دەنێت:

لە چەشنی شوبهاندنە بەناوبانگە فەلسەفییەکانی تر، وەکو ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتوون یان جندۆکە فێڵبازەکەی دیکارت یان دوورگەی ڕاستییە دەوردراوەکان لە زەریای وەهمی کانت، ئەم بەشەش بە تەواوی جیا لە پێگە و کارکردی لە بەرهەمێک کە لەوانەیە جوانترین و بیرلێکراوترین کتێبی نیچە بێت، ژیانێکی جیاواز لەوی خۆی دۆزیوەتەوە (Pippin 2003, 7).

بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە فەزای زاڵ لەسەر ئەم شوبهاندنە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی تری مەرگی خودا جیاوازە. نیچە ئیتر شادوومان نییە. دەڵێت ئەو لەنێوان جیهانی دوای مەرگی خودا وەستاوە و هەموان ئاگادار دەکاتەوە کە جیهانی بێخودا، جیهانی ئازادیی ڕەها، سنوورەکانی جیهانی هیومانیستی، لە ڕاستییدا جگە لە تاریکی و بێمانایی و بێپێوانەیی و هیچی و بۆشایی هیچی تر نییە. ئەو شیوەنێک بۆ مەرگی خودا دەگێڕێت و جیهانێک وێنا دەکات کە هاوشێوەی ئاماژەکەی خۆی، هاوسەردەمەکانی هێشتا وێنایەکیان لەو نییە و بۆنی بە لووتیان نەگەیشتووە. ئایە نیچە بەو مانایە ڕۆمانتیکێکی کۆنه‌پەرستە؟ ئایە ئەو حەسرەتی سەردەمی خوداوەندیی خودا ناخوات؟ هەندێک لە موفەسیرەکان نیچە بەم شێوەیە تەفسیر دەکەن. بۆ نموونە، ستەنلی ڕۆزێن بۆچوونی هەیە لەسەر هایدگەر کە بۆ ڕاڤەی ئایدیای “مەرگی خودا” سوود لە هۆڵدێرلین وەردەگرێت کە دەڵێت: “خوداکان لەم سەردەمەدا خەماوی و ناخۆشە باڵیان گرتووە و ڕۆیشتوون”(ڕۆزێن ١٣٩٢، ٨٤).

ئەگەر خودا مردووە، کێ ئەوی کوشتووە؟ یان هەر وەکو ئاماژەی پێ کرا، چ هێزێک لە مەرگی خودادا قازانجی کرد و لە پێگەی ئەو پاڵی دایەوە؟ بینیمان ئەو کەسەی لە شوبهاندنی زیندانییەکان بانگەشەی کوڕی زیندانەوانی دەکرد، تۆمەتباری سەرەکی بوو. هەروەها بینیمان نیچە بە ڕاشکاوی خودی مەسیحییەت وەکو بکوژی خودای مەسیحی دەناسێنێت. ئەم کارە تەنها دەتوانین بە شێوەیەکی دیالێکتیکی شرۆڤە بکەین، بەڵام بکوژەکەی تری خودا، واتە یەکەمین هێزێک کە لەسەر تەختی [پاشایی] هێزی ئیلاهی لە جیهانی مۆدێرن پاڵی داوە، زانست بوو. مرۆڤ بۆ ناسینی جیهان چیتر پێویستی بە بینینی ئاسمان و فامی چەشنەکانی زانستی ئیلاهی نییە، بەڵکو تەنها پێویست بوو ڕاستەوخۆ سەیری شتەکان بکات و ئەوان بکاتە ئۆبێکتی تاقیکردنەوەی خۆی. ویلیامز، بە ئاماژەدان بەم پرسە ئەم لێکدانەوەیەی نیچە کە دەڵێت: “زەویمان لە زنجیری هەتاوەکەی ڕزگار کرد” بەم شێوەیە تەفسیر دەکات: “خودا تەنها نەمردووە، بەڵکو بەدەستی زانستی مۆدێرن کوژراوە” نیچە بە ناڕاشکاویی ئاماژە بە شۆڕشی کوپەرنیکۆس دەکات کە ئاڵقەی زەوی لە زنجیری خۆرەکەی جیا کردەووە و ئاڕاستەی جوگرافیای سەمبولیک و ئاڕاستەکەرەکانی کات-شوێنی کولتووری باڵاتری گۆڕی“(Williams 2013, 263). هەڵبەت ڕەخنەی نیچە سەبارەت زانستی مۆدێرن نابێت هیچ کات لە پێگەی پۆستمۆدێرنەوە شرۆڤە بکرێت. بە دڵنیاییەوە نیچە ڕەخنەگری توندی جیهانی مەسیحی سەدەکانی ناوەڕاستە و هەروەکو ئاماژەمان پێ کرد [نیچە] خودی مەسیحییەت بە تاوانباری سەرەکیی کوشتنی خودا دەزانێت.

ئەوەی گرنگە ئەمەیە هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گۆشە ڕۆمانتیکییەکانی بیرکردنەوەی نیچە، دەبێت لە هەر جۆرە تێگەیشتنی کۆنه‌پارێز و دواکەوتوانە لە بیرکردنەوەی ئەو دووری بکرێت. تێگەیشتن لە لایەنی ڕادیکاڵی بیرکردنەوەی نیچە (کە بە بڕوای من بایەخدارترین لایەنی بیرکردنەوەیەتی و هەر لەبەر ئەوە دۆزینەوە و زیندووکردنەوەی شایانی هەموو جۆرە قومار و فیداکارییەکە)، لەپێناو فامی ڕەخنەئامێزانەی تەواوی تەفسیرە فرەچەشنەکانی سەرەوە و چارەی ئەوان لە چوارچێوەی تەفسیرێکی ئاوێتە، هەرچەندە پارادۆکسیکاڵدایە. ئەم تەفسیرانە هەرچەندە دژی یەکترن، بەڵام کۆکردنەوەی دژەکان هونەری نیچەیە، لە ئاکامدا هونەری ڕاڤەکاران پێچەوانەی هونەرەکەی نیچەیە. ئێمە نەتەنها ڕووبەڕووی نیچەیەکی شێواو و بێڕەبت نین، بەڵکو ڕووبەڕووی نیچەیەکی چڕوپڕ لە گرژین؛ هەروەها نە تەنها دەبێت لە پەلپەلکردنی نیچە واتە کەمکردنەوەی هێزەکەی و چارەی پارادۆکسەکانی لە ڕێگەی شێوەی کانتی “تێکەڵاو نەبوون” دوور بکەوین، بەڵکو هەروەها نابێت لەبەر هۆکاری ئایدۆلۆژی یان تەنانەت ستراتیژی لە پەرش و بڵاوکردنەوەی خودای نیچە لە تەفسیرکردن سوود وەربگرین. ئەم کارە بە مانای نەبینینی سروشتی مێژوویی-کولتووریی خودا کە پێگەیەکی زاتیی بیسەر و کاریگەری-کارلێکراو نییە، بەڵکو تەنانەت ئەگەر بڕیار وایە قسەیەک لە خودا[کانی] نیچەیش بێتە ئاراوە، ئەم خودا[یان]ـەیە دەبێت لە کۆنتێکستی مێژوویی و لە پەیوەندییەکی ناوەکی ڕەچاو بکرێت[ن].

بگەڕێنەوە سەر باسەکەمان سەبارەت بە ڕۆڵی مەسیحییەت لە کوشتنی خودادا. ڕاستە نیچە بە ڕاشکاوی خودای مەسیحی دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی. بە ڕوونی ئەو لە کتێبی دژەمەسیحدا توندترین هێرشەکانی لە دژی وێنەی خودا لە مەسیحییەت ئامادە دەکات. “ئایدیای خودای مەسیحی-واتە خودا لە پێگەی خودای نەخۆشەکان، خودا لە پێگەی جاڵجاڵۆکە، خودا لە پێگەی ڕۆح، یەکێک لە بێنرخترین وێناکان لە خودا کە جیهان تاکو ئێستا بەخۆیەوە بینیویە” (Nietzsche 15, 2005). لەم ڕووەوە، هەندێک لە موفەسیرەکان بۆ ڕاڤەی پارادۆکسی نێوان ئەم سەرخۆشییە و ئەو شیوەنە بانگەشە دەکەن ئەو خوداییەی کە نیچە لە مەرگی شادوومانە لەگەڵ ئەو خودایەی کە نیچە لە مەرگی خەمبارە جیاوازن. بۆ باسکردنی نموونەیەک لەم شێوەیە سەیری تەفسیرەکانی زمانی فارسی بکەن، سەیری وتاری جددی و شیاوی‌ خوێندنەوەی “مەرگی خودا و ئاکامەکانی ئەو لە فەلسەفەی نیچە”دا بکەن. نووسەرەکان لە نێوانی وتارەکە نیچە لە ڕوانگەی هەندێک لە موفەسیرەکان (بە ئاماژەدان بە فرۆید!) “خوداباوەڕتر لە زۆرینەی خوداناباوەڕە بەناوبانگەکان” دەناسێنن. ئەوان ئەم تەفسیرەیان تا شوێنێک پەرە پێ داوە کە لە کۆتایی وتارەکە بۆ چارەی ئیشکالی باسکراو ڕاشکاوانە گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە “نیچە بۆ مەرگی ‘خودایەک’ شیوەن دەکات و بۆ مەرگی ‘خودایەکی تر’ شایی و خۆشحاڵی دەکات” (عەلەوی تەبار و ئیمامی ١٣٩٣، ٢١).

کێشەی سەرەکیی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە ئەوەیە کە پەیوەندیی ناوەکیی ئەم خودا [یانە] ڕەچاو ناکەن. لە ئاکامدا لەسەر بنەمای تەفسیری ئێستا، دەبێت نیچە وەکو فەیلەسوفێک درک بکەین کە لەسەر مەرگی خودایەکی تاقانەی خاوەن مێژوو و بەدی، بە شێوەیەکی پارادۆکسئاسا وەکو جمکێک هەم شادوومانە و هەم خەمگین. ئەم پارادۆکسە نە گۆشەنیگای مەنتقی دووحەدی، بەڵکو لە گۆشەنیگای دیالێکتیکی دەتوانرێت چارە و ڕاڤە بکرێت. هەڵبەت نیچە شیوەنگێڕە: بەڵام شیوەنێکی شادوومانئاسا، وەکو جمکێک، هەم لەسەر جیهانی ژێر فەرمانی هێزی ئیلاهی (کە بە ڕەخنەکانی لەسەر کولتووری ٢٣٠٠ ساڵەی ئەفلاتوون-مەسیحی ڕووخانی ئەو کولتوورەی جێژن گرت) و هەم لەسەر جەستەی بێگیانی خودا و جیهانی پاش ئەو (کە ئەو پێشوەختە بە بەرچاوڕوونی هەستی بە بۆنی پووچی و بێمانایی ئەو کردبوو). هاوشێوەی بەشەکانی ڕابردوو کە بینیمان ئەو شادوومانە کە مەرگی خودا، بەڵام کاتێک لەگەڵ نیهیلیزمی پەیدا بوو لەو ڕووداوە، کاتێک کە لەگەڵ بێنرخی و هیچوپووچی خەڵکانی ئەم جیهانە ([جیهانی] دواهەمین مرۆڤ) ڕووبەڕوو دەبێتەوە، کە نە تەنها لە بەرانبەر خودا، بەڵکو لە بەرانبەر هیچ شتێک بەرپرسیارێتی هەڵناگرن، شیوەنێکی بەم چەشنە دەگێڕێت.

بە بڕاوی سوفرن خوڵقێنەرەکان بە ئیلهاموەرگرتن لە ویستی داهێنەری بەیانکەری بوونی خود، خودا و ئەو دنیایە ڕەت دەکەنەوە، چونکە بڕوا بەخودابوون و ئەو دنیا جگە لە بێنرخی و ڕێگری لە گەشەی تەواوەتیی ئەوان دەرئەنجامێکی تری نەبووە، بەڵام دواهەمین مرۆڤەکان، بە پێچەوانەوە خودا لەسەر بنەمای نەرێنیخوازی و نیهیلیزم ڕەت دەکەنەوە. واتە نە لەو دیوەی کە خودا ئەوان بچووک دەکات، بەڵکو لەو دیوەی کە گەورەیان دەکات، لەو دیوەی بە چاوەڕوانیی زیادە، زۆرتر لە پێویست گرنگییان پێ دەدات و ڕێگری لە ژیان -و خەوی- ئاسوودەیان دەکات. بەم شێوەیە دواهەمین مرۆڤ هەموو شتێکی وێران کردووە و هیچی نەخوڵقاندووە، هیچ (Nihil)، ئێستا خود لە بەرانبەر هیچی یان وێرانی تەواوی بەهاکانی ئەم دونیا یان هەر دونیایەکی تر وەستاوە (سوفرن ١٣٨٨، ٩٨).

لە ڕاستیدا هەرچەندە نیچە لە بواری دابەشکارییە باوەڕییەکان خوداناباوەڕە، بەڵام لەبەر قازانجی بێخودایی بوار بە هەموو شتێک نادات و بە چاوی داخراویش پێشوازی لە ئاکامەکانی بێخوداییش ناکات. ئاکامی خوداناباوەڕیی نیهیلیزمە، هەم لە بواری مەعریفەیی و هەم لە بواری کولتووری. یەکەم لە بواری مەعریفەیی لەبەر ئەم هۆکارەی کە بە دەربڕینی خودی نیچە،

ئەگەر ئێمە واز لە مەسیحییەت بهێنین و “مانا”کەی وەکو شتێکی ساختە و دروستکراو ئیدانە بکەین، ئەوکاتە بە خێرایی ئەم پرسیارەی شۆپێنهاوەر بە شێوەیەکی سامناک دێتە ئاراوە کە دەڵێت ئایا بوون هیچ مانایەکی هەیە؟ چەند سەدەیەک پێویستە تاوەکو ئەم پرسیارە بتوانرێت بە شێوەیەکی تەواو و بە قووڵایی ڕاستەقینەی خۆی ببیسترێت (Nietzsche 2001, 219).

دووەم لە بواری کولتوور، نیچە کولتووری خوداناباوەڕیی دواهەمین مرۆڤ (هیومانیزمی ڕادیکاڵ)ـیش توندتر لە خودی کولتووری خوداباوەڕی ڕەخنە دەکات. هەرچەندە نیچە کولتووری خوداباوەڕی ڕەخنە دەکات، بەڵام بەدیلی کولتووری پڕوپوچی حازر لەو لە سەردەمی ئێستاش بە شتێکی شەیتانی دەزانێت. “من لە بەرانبەر شەیتان لایەنگریی خودام، چونکە شەیتان ‘گیانێکی سەنگینی “هەیە” (نیچە ١٣٩٧، ١٢١). ئەمە شەیتانی نیهیلیزمە وەکو تەنها میراتگری جیهانی دوای خودا خۆی لەسەر تانجوتەخت داناوە. بە دەربڕینی بڕەند، “نیچە لە ‘گەڕانەوەیەکی نیهیلیزمی’ دەترسێت کە لە حاڵەتێکدا سەر هەڵدەدات کە ڕێدۆزی ‘بڵێ، بەڵێ بۆ ژیان’ نەتوانێت شوێنی بۆشی ئەو [خودا] پڕ بکاتەوە” (Brand 2013, 75). لە ڕاستیدا ئامانجی نیچە نە سێکولاریستە و نە ماتریالیزمی خوداناباوەڕانە؛ هەروەها سێکۆلارەکان و ماتریالیستە خوداناباوەڕەکان، ڕێژەگەرا و دژە مێتافیزیک ئەو کەسانەن کە دەکەونە بەر ڕەخنە و هاواری نیچەی “سەرلێشێواو” و بە وردی هەمان گرووپێکن کە نیچە ئەوان زۆرتر لە هەموان ڕەخنە دەکات و ئەوان “دواهەمین مرۆڤ” ناو دەنێت. ئەو سەبارەت بە دینداران و باوەڕداران قسە ناکات، بەڵکو ڕووی قسەی لە کەسانێکە کە گاڵتە بە خوداباوەڕی دەکات. هیچ یەک لە دواندراوەکانی لەم قسەیەی نیچە تووڕە نابن و لە پێگەیەکی باوەڕدارانە بەرگری لە ژینی خودا ناکات. بەم هۆکارەیە پیپین دواندراوەکانی نیچە بە “خوداناباوەڕانی باو” دەزانێت کە “بە ئاسانی بە جۆرێک لە ماتریالیزمی سێکولار هەست بە ئاسوودەیی دەکەن” (Pippin 2003, 10)، بەڵام گرنگتر لە هەموو شتێک، نیچە ئەم قسانە لە کەنیسە سەبارەت بە قەشەکان و باوەڕداران بە هەڵە نازانێت، بەڵکو شوێنێک کە “سەرلێشێواو” بۆ وتارە ترسناکەکەی هەڵیبژاردووە زۆر ژیرانە هەڵبژێردراوە: بازاڕ (Market) – هاوکات دژ بە وەرگێڕانی وەرگێڕە ئینگلیزییەکان (هەم لە وەرگێڕانی کۆنی کاوفمان (Nietzsche 1974, 181) و هەم لە وەرگێڕانە سەردەمییانەترەکەی ناوکهۆف (Nietzsche 2001, 119) لەخۆگری زیاتر لە market placeـە کە بە ڕوونی هاومانای Marketplazـە. نیچە خۆی بە پێغەمبەر دەزانێت کە لە “جیهانی بازاڕ” قسە دەکات و قسەکانی ئاڕاستەی تەواوی ئەو کەسانە دەکات کە لەناو بازاڕن، واتە هەموو ئێمەی بوونەوەر لە جیهانی سەرمایەداریدا، نیچە لەم پارچەیەدا نە تەنها مەرگی خودا ڕادەگەیەنێت، بەڵکو ئاماژە بە زاڵبوونی بازاڕ بەسەر جیهانی نوێ دەکات. ئەم ئەرکە دەتوانێت دەروازەیەک بۆ ئێمە بکاتەوە، تاکو بە سەرنجدان بەتەواوی باسەکانی سەرەوە، لە فامی چەمکی نیچەیی “مەرگی خودا” هەنگاوێکی قووڵتر هەڵبێنینەوە.

٥. ئێمە و مەرگی خودا

هەروەکو بینیمان، گوتەزای “خودا مردووە” گوتەزایەکی ئۆنتۆلۆجی نییە، بەڵکو کولتوورییە. بە واتایەکی تر “خودا مردووە” هیچ پەیوەندییەکی بە بوون یان نەبوونی، بوونی ئۆبێکتیڤی، گەورە یان باڵانشێنی[2] خودا نییە. “خودا مردووە” بەو مانایەیە گەر خودایەک هەبێت یان نەبێت، باوەڕ بەو خودایە خەڵکی (بە باوەڕدار و بێباوەڕ) بوونی نییە. خاڵەکە لێرە دایە پانتایی باسەکە تەنانەت سوبێکتیڤیش نییە. وەک دیارە لێرەدا لەگەڵ جۆرێک لە پارادۆکس ڕووبەڕووین کە ڕاڤەی مانای “باوەڕ” و کاریگەرییە دوالیزمەکانی ئەو، دەتوانێت ئەوە چارە بکات. لەوانەیە تاک خۆی سەبارەت بە خودا بە باوەڕدار بزانێت، عیبادەتەکانی جێبەجێ بکات و لە تەواوی تەمەنی خودای لەبیر بێت، بەڵام پرسی نیچە لە ئاستی سوبێکتیڤی ئیماندا ( کە بۆ نموونە لە هەمان کات و هەمان جیهاندا کیرکگارد پەنای بۆ دەبرد) نییە، بەڵکو لە ئاستێکی کولتووریدایە. جیهانی بێخودا، جیهانی بازاڕی ئازاد، جیهانی زاڵێتیی سەرمایە، لەسەر هەموو هزر و بیرەکان، بە خوداباوەڕ و خوداناباوەڕیشەوە زاڵە. کولتوور بە وێنەی هەمان هەوایە کە تێیدا هەناسە دەدەین. لە جیهانی بێخودا تاکێک بە تەنها ناتوانێت خۆی بە باوەڕدار بزانێت، هەروەکو چۆن لە شارێک بە کەشوهەوای پیس و ئالوودە، تاکێک ناتوانێت بە تەنهایی بانگەشەی ئەوە بکات سییەکانی پاک و تەندروست ڕاگرتووە، لەبەر ئەوەی تەنها بڕوای بە هەوای پاک هەیە. بە بڕوای نیچە، ئێمە هەموو لە جیهانی بێخودادا، جیهانی نیهیلیزم، دەژین و هەناسە دەدەین و هەموومان بەدوور لە دژایەتییەکان یان باوەڕەکانمان، تووشی نەخۆشیی بێخودایی و نیهیلیزم بووین. لەوانەیە ئەم نەخۆشییە، ئەم نیهیلیزمە، ئەم زاڵێتییەی بازاڕ و سەرمایە، ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، تەنانەت زیاتر لە سەردەمی خودی نیچە، دەستی بەسەر جیهانی ئێمەدا گرتبێت. پیپین لە وتارێکی سەرنجڕاکێش و درەوشاوەدا بە ناوی “عەشق و مەرگ لە لای نیچە” بە ئاماژەدان بەم حەقیقەتە دەنووسێت: یەکێک لە هۆکارەکانی بیرکردنەوەی نیچە زیاتر لە هەر کاتێکی تر پەیوەندیدارە بە دۆخی ئێستاوە، ئەم حەقیقەتەیە “ڕۆژئاوا” ئێستا بۆ یەکەمین جار لە کاتی سەرهەڵدانی مۆدێرنەی سیاسی، بەبێ هیچ هەڕەشەیەک یان کوێرڕوانینی هیوایەک (پەیوەست بە ڕوانگەی تاک) لە هەر جۆرە ئامانج و تامەزرۆیی شۆڕشگێڕانە دەژی (Pippin 2003, 26).

                  لە ئاکامدا جیهانی ئێمە، جیهانی پاش شەڕی سارد، جیهانی پاش ڕووخانی کۆمۆنیزمی ئەزموونکراوی بلۆکی ڕۆژهەڵات، جیهانی پاش سیاسەت، نە تەنها جیهانی بێخودایی، بەڵکو جیهانی بێئامانج و مەبەستە (تەواوی چالاکییە ڕەخنەییەکان و ناڕەزایەتیی بچووکراوەکانی چالاکوانی جیهانی ئەمڕۆ دەتوانرێت لەژێر هەمان بێمانایی و بێئامانجی جێگیریان بکەین: لە چالاکی بۆ پاراستنی ژینگە یان مافی ئاژەڵان تاکو کارناواڵەکانی دژی شەڕ، بە کردەوە سوودێکی نییە جگە لە تێرکردنی ئازاری ویژدانیی بەشداربوانی). خەڵکانی ئێستا زۆرتر لە خەڵکانی سەردەمی نیچە هاوشێوە گاڵتەپێکەرانی پیاوە شێتەکەی بازاڕن (شایانی باسە گەر ئاماژە بکەین بە کردار یەکسانیی وەرگێڕە ئینگلیزییەکان لە وەڕگێڕانی ناونیشانی ئەم پارچەیە، واتە madman [بە مانای گێژ، شێت، گەمژە و…] کە شایانی بیرکردنەوەیە. نیچە دەستەواژەی    Der tolle Mensch بەکار دەهێنێت [Nietzche 1999, 480]. ئاوەڵناوی toll جگە لە شەیدایی و شێتی، لەسەر جۆرێک لە بێباکی، نەترسی، جوامێری و تەنانەت جۆرێک لە ئاگایی یاخیگەرانەش جەخت دەکاتەوە. هەر ئەوەی وەرگێڕە ئینگلیزییەکان بەبێ جیاوازیی ناونیشانی ئەم پارچەیەیان -واتە لەڕاستیدا خودی نیچەشیان- بە “شێت” زانیوە، دەرخەری ئەوەیە هەموو ئەوان [هەروەها ئێمە] هەر وەکو هەمان خەڵکی سێکولاری بێخودای بازاڕی ئەومان وەکو شێتێک سەیر کردووە کە سەرقاڵی قسەی بێواتاکردنە، نەک وەکو سەرلێشێواوێکی شۆڕشگێڕی هیوابەخشی سەروومرۆڤ). بەگشتی، ئێمە زیاتر لە هەر کاتێک ڕوخساری دواهەمین مرۆڤمان بە خۆمانەوە گرتووە.

                  ئێستا دەتوانین بزانین بۆچی نیچە لە گۆشەنیگای ئێمەدا بەم ڕادەیە سامناک و شەڕانی دێتە بەرچاو. پاشاکان هەروەکو چۆن پەیکی هەواڵە خۆشەکانیان خەڵات دەکرد، پەیکی خاوەن هەواڵی ناخۆشیان سزا دەدا. هەبوون کۆمەڵێک پەیک لە ترسی سزا هەواڵی ناخۆشیان ڕانەگەیاندووە، یان تەنانەت هەواڵەکانیان پێچەوانە کردووەتەوە، بەڵام نیچە پەیکی هەواڵی ناخۆش و زاڵبوونی خراپەیە. ئەو خۆی دەزانێت دەبێت باجی ئەم پێشبینییە بدات. تەنانەت نیچە ئەم باجەی پێشبینی کردبوو. “چارەنووسی خۆم دەناسم. ڕۆژێک بیرەوەری شتێکی تۆقێنەر لەگەڵ ناوی من دێتە ئاراوە، بیرەوەریی قەیرانێک کە زەوی تاکو پێش ئەو بە خۆیەوە نەبینیوە” (نیچە ١٣٨٤، ١٦٥).

٦. دەرئەنجام

                  ئەم وتارە، لە درێژەی وێناکردنی تەفسیرێکی بەپێی توانست یەکگرتوو لە تیۆری مەرگی خودای نیچە، ئەم ئایدیا بەناوبانگەی لە ڕێڕەوی چەمکیدا پێشکەش کرد. وتارەکە لە بەشی سەرەتایی باسی لە فامە ساکارەکان لە ئایدیای مەرگی خودا بەرەو فامە هیومانیستی، لیبراڵ و خوداناباوەڕانە کرد، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ بەرهەمەکانی نیچە، ئەم وتارە لەم ئاستەدا نەماوە و لە کۆتا هەنگاو ئەم فامەشی بە قازانجی قووڵترین ئاستی مەفهومی ڕەخنە کرد، تاکو بەرچاوڕوونیی ڕادیکاڵیی نیچەیی شاراوە لە پشت ئەم ئادیایە دەربکەوێت. ئەم ئاستەی کۆتایی هەرچەندە لە بواری مێتافیزیک درێژەی پێ درا، بەڵام ئاماژە بە جیهانی کولتووری-شارستانی دەکات. ناوی ئەم جیهانە هەرچەندە لە سەردەمی نیچە بەگوێی ئەوان نامۆ بوو، بەڵام ئێستا بۆ ئێمە ئاشنایە: واتە جیهانی نیهیلیزم. لە ئاکامدا، ئایدیای “مەرگی خودا” دەرخەری شکستی پڕۆژەی مانادارکردنی ژیان لە شارستانییەتی ڕۆژئاوا و تەواو پەیوەستەکانیەتی. کەواتە هەر بەرکەوتنێک (چ ڕەخنەگرانە و چ هاودڵانە) لەگەڵ ئەندێشە و شارستانییەتی ڕۆژئاوا دەبێت ئەم ئایدیایە ڕەچاو بکات و پێگەی یەکلاکەرەوەی ئەو لە ڕاڤە و تەفسیری خۆی بە فەرمی بناسێنێت، تەنانەت لە پێگەی ئۆبێکتی ڕەخنەدا.

سەرچاوەکان:

اسپینوزا، بندیکت. ١٣٧٦.اخالق. ترجمە محسن جهانگیری. تهران: مرکز نشر دانشگاهی.

بارکلی، جرج. ١٣٧٥.وشنود ڕساله در اصول علم انسانی و سه گفت. ترجمە منوچهر بزرگمهر.تهران: مرکز نشر دانشگاهی.

جهانگیری، محسن. ١٣٧٦.احوال و آثار و آرای فرانسیس بیکن. تهران: علمی و فرهنگی.

دکارت، ڕنه. ١٣٩٦.أت مالت در فلسفە اولی. ترجمە احمد احمدی تهران: سمت.

روزن، استنلی. ١٣٩٢.نقاب ڕوشنگری: زرتشت نیچه. ترجمە مرتضی نوری تهران: مرکز..

زوپانچیچ، النکا. ١٣٩٢.کوتاهترین سایه: مفهوم حقیقت در فلسفە نیچه. ترجمە صالح نجفی و علی عباسبیگی تهران: هر. مس.

ژید، آندره. ١٣٥٤. داستایوفسکی. ترجمە حسن هنرمندی تهران: زوار..

سوفرن، پیر ابر. ١٣٨٨.نیچه زرتشت. ترجمە بهروز صفدری نگار. تهران: بازتاب.

امامی آزاده و،تبار، هدایت علوی. ١٣٩٣”مرگ خدا و پیامدهای آن در فلسفە نیچه”، جستارهای فلسفە دین.٣(٢).

کانت، ایمانوئل. ١٣٩٤.نقد عقل محض. بهروز نظری مترجم. تهران: ققنوس.

کونگ، هانس. ١٣٩٦.خدا در اندیشە فیلسوفان غرب.8، ج. ترجمە حسن قنبری قم: دانشگاه.ادیان و مذاهب.

الیبنیتس، گوتفرید ویلهلم فون. ١٣٧٢.مونادولوژی و چند مقالە دیگر. ترجمە عبدالکریم رشیدیان. تهران: علمی و فرهنگی.

نیچه، فردریش. ١٣٨١.غروب بتها (فلسفیدن با پتک) مترجم. داریوش آشوری آگه: تهران.

نیچه، فردریش. ١٣٨٤.آنک انسان. یا منجمؤترجمە ڕ. تهران: کتاب مس.

نیچه، فردریش. ١٣٩٧.چنین گفت زرتشت مترجم. داریوش آشوری آگه.:تهران.

هگل، گئورگ ویلهم فریدریش. ١٣٩١ “آزادی مطلق و حکومت وحشت” در: منتخبی از

 نوشته های سیاسی هگل: دفترهای سیاست مدرن 1،ترجمۀ محمدمهدی اردبیلی تهران:.

روزبهان.

یاسپرس، کارل. ١٣٩٣.نیچه و مسیحیت تهران: ماهی.. ترجمە عزت الله فوالدوند.

Brand, Roy. 2013. Love-Knowledge. New York: Columbia University Press.

Feuerbach, Ludwig. 2008. The Essence of Christianity. Translated by George Eliot. Published by the MSAC Philosophy Group.

Hegel, G. F. W. 2018. Phenomenology of Spirit. Translated by Michael Inwood. Oxford: Oxford University Press.

Nietzsche, Friedrich. 1974. The Gay Science. Translated by Walter Arnold Kaufmann. New York: Vintage Books.

Nietzsche, Friedrich. 1988. Menschliches, Allzumenschliches I und II. Herausgegeben vor Giorgio Colli & Mazzino Montinari. Berlin: de Gruyter.

Nietzsche, Friedrich. 1996. Human All Too Human: A Book for Free Spirits. Translated by R. J. Hollingdale. Cambridge & New York: Cambridge University Press.

Nietzsche, Friedrich. 1999. Die Fröhliche Wissenschaft. Herausgegeben vor Giorgio Colli & Mazzino Montinari. Berlin: de Gruyter.

Nietzsche, Friedrich. 2001. The Gay Science. Translated by Josephine Nauckhoff. Cambridge & New York: Cambridge University Press

Nietzsche, Friedrich. 2005. Anti-Christ. Translated by Judith Norman. Cambridge & New York: Cambridge University Press.

Pippin, Robert. 2003. ‘Love and Death in Nietzsche,’ in: Religion after Metaphysics, edited by Mark A. Wrathall. Cambridge & New York: Cambridge University Press.

Williams, Robert. 2012. Tragedy, Recognition and the Death of God. Oxford: Oxford University Press.

Wrathall, Mark A. 2003. ‘Introduction: Metaphysics and Onto-theology’, in: Religion after Metaphysics, edited by Mark A. Wrathall. Cambridge & New York: Cambridge University Press


[1]  بە یۆنانی: ἐποχή و بە ئینگلیزی: Epoché؛ وشەیەکی کۆنی زمانی یۆنانییە، لە واتا فەلسەفییەکەی، شرۆڤەی دۆخێک دەکات کە تەواوی هەڵسەنگاندن و حوکمەکان سەبارەت بە بوون یان نەبوونی جیهانی دەرەوە، لە ئاکامدا تەواوی کارلێکەکان لە جیهان دەخاتە دۆخێکی وەستاو و ڕاگیراو.

[2] tranxendental

هاوشێوە