رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

فه‌لسه‌فه‌ وه‌ك پرسیاری منداڵانه‌

Facebook
Twitter
LinkedIn

موحه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم

Download PDF

هه‌موان ده‌زانین منداڵ مه‌خلوقێكی كونجكاوه[1]‌ و به‌شوێن زانینه‌وه‌یه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ منداڵ هه‌میشه‌ بپرسێت له‌پێناوی ئه‌وه‌ی بزانێت. نه‌زانین واته‌ نه‌بوونی زانین و زانست. منداڵ مه‌خلوقێكه‌ خاوه‌نی نه‌زانینی ساده‌ “جهل بسیط”یه‌. نه‌زانینی ساده‌ش به‌ پێچه‌وانی نه‌زانینی لێكدراوه‌وه[2]‌، زانینێك نییه‌ دژی زانست و فێربوون بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هانده‌ره‌ بۆ فێربوون. منداڵ ده‌پرسێت ئه‌وه‌ چییه‌؟ تۆش ده‌ڵێیت ئه‌وه‌ كڵۆ شه‌كره‌. كڵۆیه‌كی تر هه‌ڵده‌گرێت ده‌ڵێت ئه‌وه‌ چییه‌؟ دووباره‌ ده‌ڵێیته‌وه‌ ئه‌وه‌ كڵۆ شه‌كره‌. ئه‌م كرداره‌ چه‌ندین جار دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و پرسیارانه‌ی منداڵ ده‌یانكات بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ شه‌كره‌كه‌ بخوات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ بزانێت ئه‌و پارچه‌ سپییه‌ بچكۆلانه‌یە چییه‌، منداڵه‌كه‌ به ‌هۆی بوونی نه‌زانینی ساده‌وه‌ (واته‌ درككردن به‌ نه‌زانینی خۆیه‌وه‌) كڵۆشه‌كره‌ كه‌ چه‌ندین جار ده‌بێته‌ جێگەی پرسیار بۆی. به‌ مانایه‌كی تر پرسیاری منداڵه‌كه‌ پرسیاری بێغه‌ره‌زانه‌یه‌. بێغه‌ره‌زانه‌یه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ منداڵ زۆر جار نایه‌وێت شتێك بزانێت له‌پێناوی ئه‌نجامدانی كردار “ئه‌كت”ێكدا. ئه‌و ته‌نها ده‌یه‌وێت بزانێت، “زانین له‌پێناوی زانیندا” نه‌ك زانین له‌پێناوی ئه‌نجامدانی كردارێكدا. منداڵ به‌و پێیه‌ی خاوه‌نی نه‌زانینی ساده‌یه‌، ده‌زانێت كه‌ نازانێت. زانین له‌پێناوی زانیندا سیفه‌تێكی منداڵانه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ ڕێ به ‌ڕووی زانینی منداڵدا واڵا ده‌كات. گه‌لی یۆنانی بۆیه‌ خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ بوون، چونكه‌ سه‌ریان به‌ پرسیاری منداڵانه‌وه‌ ئێشاندووه‌. پرسیاركردن ده‌رباره‌ی “خودا و سروشت و بیركاری… هتد”. هه‌روه‌ها خاوه‌نی پرسیاركردن بوون له‌پێناوی خودی زانیندا. به‌وپێیه‌ی یۆنانییه‌كان به‌ پێچه‌وانه‌ی میسرییه‌كانه‌وه‌ خاوه‌نی پرسیاری منداڵانه‌ بوون له‌سه‌ر ئاستی فیگه‌ره‌ گه‌وره‌كانیان. پرسیاری منداڵانه‌ به‌و مانایه‌ی زۆر جار هه‌وڵی زانینیان داوه‌ له‌پێناوی زانیندا نه‌ك ئه‌نجامدانی كارێك یان كرده‌وه‌یه‌ك. یۆنانییه‌كان ده‌یانپرسی خودا چییه‌؟ بێغه‌ره‌زانه‌ ئه‌م پرسیاره‌یان ده‌كرد، واته‌ نه‌یانده‌ویست بزانن خوا چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتێكی پێوه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، یاخود له ‌ڕێیەوه‌ فه‌رمانی چاكه‌ و خراپه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌روه‌ها كاتێك ده‌یانكۆڵییه‌وه‌ له‌ بیركاری و هه‌نده‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو وه‌ك میسرییه‌كان هه‌ڕه‌می پێ دروست بكه‌ن، یاخود به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌مكی خودا وڵاتی پێ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن. بنكۆڵیی زانینیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بیخه‌نه‌وه‌ سه‌ر زانین، به‌ پێچه‌وانه‌ی زانینی غه‌ره‌زاوییانه‌وه‌ به‌ غایه‌تی جۆراوره‌وه‌ گرێ دراوه‌. ڕاسته‌ زانین نرخێكی گه‌ورەی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له ‌ڕێیه‌وه‌ ئه‌كتێكی پێ ئه‌نجام بده‌یت، به‌ڵام زانین به‌هایەکی تری ڕاسته‌قینه‌ی هەیە، ئەویش خودی زانین خۆیەتی‌. زانین به‌هاداره‌ گه‌ر نه‌شتوانم هه‌ڕه‌مێكی پێ دروست بكه‌م. منداڵ به‌ئاگایه‌ به‌ نه‌زانینی خۆی، بۆیه‌ هه‌میشه‌ له ‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ره‌و پیری زانینی شته‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌چێت. مردنی پرسیاری منداڵانه‌ واته‌ مردنی پرسیاری یۆنانییانه‌ له‌سه‌ر ئاستی فیگه‌ره‌ گه‌وره‌كان، یاخود مردنی پرسیاری فه‌لسه‌فییانه‌.

ده‌توانین بڵێین به‌پێی ئه‌و تێڕوانینه‌ی ئه‌رستۆ ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ هه‌یبوو، فه‌لسه‌فه‌ گشت زانینێكی بێغه‌ره‌زانه‌ی ده‌گرته‌وه‌. به‌و مانایه‌ی زانینێك، كه‌ ئێمه‌ به‌ شوێنیدا ده‌چین به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ تێركردنی ئه‌ندێشه‌ و بیركردنه‌وه‌مان، نه‌ك ته‌نها چه‌شنی ئامرازێك بۆ غایه‌تی سوودخوازانه‌. ئاره‌زوویه‌ك به‌م شێوه‌یە تێر ده‌كرێت كونجكاوی یان ڕامانه‌، كه‌ ئه‌رستۆ به‌ شتێكی فیتری ده‌زانین، هه‌رچه‌ند ئه‌م ئاره‌زوانه‌ ته‌نها ئه‌و كاته‌ هه‌ڵده‌ستن به‌ جێبه‌جێكردنی ڕۆڵی ته‌واوی خۆیان، شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی به‌ ئه‌ندازەیه‌ك پێشكه‌وتبێت، پێویستییه‌ مادییه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ژیان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان زه‌مان كردبێت. كونجكاویی ئاده‌می، به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی له ‌بواره‌ سرووشتییه‌كاندا سه‌ره‌تا ڕووی له‌ “نووسراوه‌ سه‌رسوڕهێنه‌[3] به‌رجه‌سته‌كان كرد. ئه‌ستێره‌كان، نۆره‌ی جووڵه‌كانیان، ده‌ورانی وه‌رزه‌كان، باكان، هه‌وره‌تریشقه‌، نموونه‌ی تری له‌م جۆره‌، لێره‌وه‌یه‌ یه‌كه‌مین بیركردنه‌وه‌ی تیۆرییانه‌ی یۆنانییه‌كان په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ باسه‌كانی زانستی ئه‌ستێره‌كان. پاشان به‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی توانای ڕامان، مرۆڤه‌كان خه‌ریكی بیركردنه‌وه‌ بوون ده‌رباره‌ی شێوه‌ هه‌نده‌سی و ژماره‌ییه‌كان، پرسی توانای گه‌یشتن به‌ زانینی یه‌قینی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌روه‌ها ماهییه‌تی ئه‌و بنه‌ما هاوبه‌شانه‌ی كه‌ له‌ گشت لقه‌ زانستییه‌كاندا داده‌نرێت، هه‌روه‌ها ماهییه‌تی ئه‌و بنه‌ما تایبه‌تییانه‌ی كه‌ دانراوی هه‌ندێك له‌ لقه‌ زانستییه‌كانن، به‌م شێوه‌یه‌ فه‌لسه‌فه‌ بوو به‌ كۆڵینه‌وه‌یه‌كی بێغه‌ره‌زانه‌ی هه‌موو به‌شێك له‌ بوون “Being” یان “واقعییه‌ت”[4] زانین كاتێك له‌پێناوی زانیندا بێت، مێشك ده‌باته‌ دۆخی ڕه‌حه‌تبوون و ئاسووده‌ییه‌وه‌. خۆراكی مێشك له‌وێوه‌ دابین ده‌بێت گشت جۆره‌ غایه‌تێكی سوودخوازانه‌ له‌ زانین دابماڵرێت و نه‌بێته‌ ئامراز بۆ ئامانجێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی زانین خۆیه‌وه‌. “كونجكاوی و ڕامان” بۆ ئه‌رستۆ فیترین به‌و پێیه‌ی ئاره‌زوویه‌ك نین كه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ناوماندا هه‌ڵیبكۆڵیبێت. به‌ ده‌ربڕینێكی دیکە، ئه‌م دوو ئاره‌زووه‌ له ‌ڕێی ئه‌زموونه‌وه‌ به‌پێی تێپه‌ڕینی كات تیاماندا هه‌ڵنه‌كۆڵراوه‌. به‌ باوه‌ڕی ئه‌رستۆ ئه‌م ئاره‌زووه‌ فیترییه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی شارستانییه‌ت و ده‌سته‌به‌ركردنی شته‌ ئێستاییه‌كانماندا سه‌رقاڵی موماره‌سه‌كردنی فیترییه‌تی خۆی ده‌بێت. سه‌رقاڵی به‌ فیترییه‌تی خۆیه‌وه‌ واته‌ سه‌رقاڵی زانین له‌پێناوی زانیندا. مرۆڤ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات بزانێت بیركاری و هه‌نده‌سه‌ چین؟ نه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت زانین چه‌شنی ئامرازێك به‌كار بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی سوودێك و ئامانجێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی زانینه‌وه‌ پێ به‌ده‌ست بهێنین. لێره‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ بێغه‌ره‌ز چه‌شنی كێچ ده‌چێته‌ كه‌وڵی هه‌موو شتێكه‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چییه‌ و بیناسێت. فه‌لسه‌فه‌ ده‌بێته‌ “موجود بما هوه‌ موجود”، واته‌ كۆڵینه‌وه‌ی هه‌بوو له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌. فه‌لسه‌فه‌ گه‌ر “موجود بما هوه‌ موجود” بێت، واته‌ هه‌موو شته‌كان ده‌بنه‌ بابه‌تی فه‌لسه‌فی، هیچ شتێك ناتوانێت نه‌بێته‌ بابه‌تی فه‌لسه‌فی، هه‌ر له‌ مێشوله‌یه‌كه‌وه‌ تا لقە گەڵایه‌ك یان پوشێک تا ده‌گات به‌ خوا، ده‌بنه‌ جێی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ فه‌لسه‌فه‌. فه‌لسه‌فه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی هه‌ن له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ “هه‌ن‌ ـ موجودن‌” ده‌كۆڵێته‌وه‌، به‌ڵام زانسته‌كانی تر به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه‌، به‌ هۆی بوونی غه‌ره‌زێكه‌وه‌ تێیاندا غایه‌تێكی سوودخوازانه‌ له‌ خۆیاندا هه‌ڵده‌گرن، به‌و پێیه‌ی زانین ده‌كه‌ن به‌ ئامراز بۆ به‌ده‌ستهێنانی شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی خودی زانینه‌وه‌. گه‌ر ته‌ماشای زانستی پزیشكی بكه‌ین ئه‌وه‌ ڕوونه‌ زانسته‌كه‌ی ده‌ربارەی له‌شی مرۆڤه‌ “بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ته‌ندروستییه‌وه‌”، له‌شیش “هه‌یه‌ ـ موجوده‌”، زانستی بیركاری بابه‌ته‌كه‌ی ژماره‌یه‌، زانستی ئاژه‌ڵناسی بابه‌ته‌كه‌ی له‌شی ئاژه‌ڵه‌. گه‌ر زانسته‌كانی تر وه‌ربگرین ئه‌وا بێگومان ده‌رباره‌ی شتێكی تایبه‌ت ده‌دوێن. زانستی پزیشكی خاوه‌نی هه‌بوویه‌كی تایبه‌ته‌، ئه‌ویش له‌شی مرۆڤه‌، زانستی ئاژه‌ڵناسی هه‌بووه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ئاژه‌ڵه‌، زانستی بیركاری هه‌بووه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ژماره‌یه‌. كه‌چی فه‌لسه‌فه‌ باسی هه‌بوویه‌كی تایبه‌ت ناكات. فه‌لسه‌فه‌ باسكردنی “موجود بما هو موجوده‌”، به ‌واتایه‌كی تر باسكردنی هه‌بووه‌كانه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ هه‌ن. ئا لێره‌وه‌یه‌ ده‌توانین بڵێین زانسته‌كانی تر به‌م جۆره‌ن: زانستی پزیشكی ” موجود بما هو له‌شه‌”، زانستی بیركاری “موجود بما هو ژماره‌یه‌”، زانستی ئاژه‌ڵناسی “موجود بما هو له‌شی ئاژه‌ڵه‌”، كه‌چی فه‌لسه‌فه‌ “موجود بماهو موجوده‌”. فه‌لسه‌فه‌ خۆی سه‌رقاڵی تایبه‌تكردنه‌وه‌ی شته‌كان ناكات، ئه‌و هه‌موو هه‌بووه‌كان له‌و ڕووه‌وه‌ی هه‌ن ده‌خاته‌ به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆیه‌وه‌. واته‌ “له‌ش”ی مرۆڤ كه‌ بۆ زانستی پزیشكی و “ژماره‌” بۆ زانستی بیكاری هه‌بوویه‌كی تایبه‌تن ده‌بنه‌ بابه‌تی فه‌لسه‌فه‌ لەو ‌ڕووەوە‌ی كه‌ هه‌ن، به‌ڵام زانستی پزیشكی ناتوانێت “ژماره‌” بكات به‌ خه‌می خۆی، یاخود بیركاری “له‌ش و ته‌ندروستیی مرۆڤ” بخاته‌ بازنه‌ی ئیشكردنی خۆیه‌وه‌. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر شتێكیش كه‌ “موجوده‌ ـ هه‌یه‌” یان عیله‌ته‌ یان مه‌علوله‌، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت هه‌موو شتێك ده‌گرێته‌وه‌، واته‌ هه‌موو ئەو شتانه‌ی كه‌ هه‌ن ده‌بنه‌ بابه‌تی فه‌لسه‌فه‌، واته‌ فه‌لسه‌فه‌ ده‌بێته‌ “موجود بماهو موجود” كۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووی هه‌بوونه‌وه‌ نه‌ك ڕوویه‌كی تر. فه‌لسه‌فه‌ به ‌هۆی زانین له‌پێناوی زانیندا، كردنی به‌ هه‌موو شتێك به‌ بابه‌تی خۆی ته‌نها له‌و ڕووه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، خۆی دوور ده‌خاته‌وه‌ له‌ غه‌ره‌زێكی سوودخوازانه‌. فه‌لسه‌فه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی گشتی خوازیاری پاراستنی ئه‌و هه‌سته‌یه‌ کە هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ منداڵ هه‌یه‌تی، ئه‌ویش زانینی شته‌كانه‌ له‌پێناوی زانیندا، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ فه‌لسه‌فه‌ خاوه‌نی بازنه‌یه‌كی فراوانتره‌ له‌وه‌ی زانسته‌كانی دیکە هه‌یانه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌و گشت ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هه‌ن له‌و ڕووه‌وه‌ی هه‌ن ده‌یانخاته‌ به‌ر باس و خواسی خۆی، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات خۆی له‌و بیرۆكه‌یه‌ هه‌ڵبكه‌نێت کە خۆی ده‌نووسێنێت به‌ تایبه‌تكردنه‌وه‌ی شته‌كانه‌وه‌.

ئەم دیدەی لێرەدا باس کرا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. گۆڕانەکەش هەم لە ڕووی دەستنیشانکردنی بابەتی فەلسەفی و هەم وەک ئەوەی جۆرێک ڕوانینی نوێ لە فەلسەفەدا دروست دەبێت، نایەوێت فەلسەفە زانین بێت لەپێناوی زانیندا. سەرەتا دەمانەوێت نموونەی گۆڕینی بابەتی فەلسەفی و وردەکارییەکانی چۆنێتیی گۆڕینی لە لایەن سوهرەوەردییەوە بخەینە ڕوو. بابەتی فەلسە چۆن دەگۆڕێت لە لایەن فەیلەسوفانی پاشینەوە. چۆن سوهرەوەردی دیدی مەشایی و سەردراییەکان ڕەخنە دەکات؟

فەلسەفە بابەتەکەی لای فەیلەسوفە مەشاییەکان هەڵگری ئەم دیدە ئەرستۆییەیە، بەم پێیەی ئەرستۆش بۆ خۆی فەیلەسوفێکی مەشاییە، بەبابەتکردنی “هەبوون” لای فەیلەسوفە مەشاییەکان، جێگیرکردنێکی هەتاهەتایی نییە بۆ بابەتی فەلسەفە. هەڵبەت تەوەر و خاڵی دەستپێکی فەلسەفە “میتافیزیکی یان نامیتافیزیکی” بەپێی فەیلەسوفەکان دەگۆڕێت و جیاوازە. بۆ نموونە: هێراکلیتۆس “سەیرورەت” ئەفلاتوون “ئایدیاکان”، مەشاییان “هەبوون لەو ڕووەوەی هەیە”، سەدراییەکان “بوون لەو ڕووەوەی هەیە”، هەرەوەها سپینۆزا “جەوهەر”، لایبنیتیز “مۆناد”، هیگڵ “ڕۆحی موتڵەق” و هایدگەر “دازاین”. وەڵامی سوهرەوەردی دەربارەی تەوەر و بابەتی فەلسەفە “میتافیزیک” بریتییە لە “ڕووناکی و تاریکی”، ئەو زۆر ڕاشکاوانە لە کتێبی “حیکمة الاشراق”دا فەلسەفەی خۆی بە زانستی نوورەکان ناو بردووە، بە وردی ئاماژەی بەوە کردووە بابەتی فەلسەفەی ئەو ڕووناکی و تاریکییە”.  دانانی “ڕووناکی و تاریکی” لەباتی “هەبوون و بوون”، هەروا بە شێوەیەکی سادە نییە، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە دانانێکە لە ڕێی ئەرگیۆمێنت و بەڵگەی ئەقڵانییەوە. دەرهێنانی خشتی بنەوەی فەلسەفەی پێشووی خۆیەتی، داڕشتنەوەی بناغەیەکی نوێ لە لایەن خودی “سوهرەوەردی”یەوە. سوهرەوەردی لە ڕێی دانانی بنچینەیەکی نوێوە فەلسەفەیەکی نوێ هەڵدەچنێت. بەر لەوەی فەلسەفە نوێیەکەی خۆی بخاتە ڕوو، دێت فەلسەفەکەی پێشووی دەڕووخێنێت. دەست بە خستنەڕووی بەڵگە بۆ هەرەسهێنانی “هەبوون”ی مەشاییەکان و ” بوون”ی سەدراییەکان دەکات، پاش هەرەسپێهێنانی لە ڕێی بەڵگەوە “ڕووناکی و تاریکی” دەکاتە بنچیەنە بۆ فەلسەفەکەی.

هەڵبژاردنی بابەتی فەلسەفی بە فلتەری چەند پێوەردا دەڕوات. هەر فەیلەسوفێک ئەرگیۆمێنتی خۆی لە خستنەڕووی بابەتی فەلسەفیدا هەیە. گرنگترین ئەو پێوەرانەش خراونەتە ڕوو: “ئاشکرایەتی، واتە بەدیهێتی، ئۆبجەکتیڤیتی “عینیت”، شمول “کۆگر”، نێوەندگرێتی “میدیۆمێتی”، مەرجدارێتی، توانای ئاشکراکردن زۆرتر، زەروورەت و لەپێشێتی. فەیلەسوفە ماشاییەکان و سەدراییەکانیش پێوەری “ئاشکرا–بەدیهی”یەتی بابەتی فەلسەفییان بە بنەما گرتووە. سوهرەوەردی ڕووناکی بە ئاشکراترین “بەدیهیترین” و ڕووناکترین دەزانێت، پێویستی بە پێناسەکردن نییە. گەر بابەتی فەلسفە وەک “ئەلف” وەربگرین، ئەوە بێگومان دەرگیری دوو گوزارە دەبینەوە؛ وێنای [5] “ئەلف” ئاشکرایە و میسداق[6] “ئەلف” ئاشکرایە. بە دەربڕینێکی تر “تەسەور و تەسدیق”[7] ئاشکرا و بەدیهین. سوهرەوەردی بابەت و تەوەری فەلسەفەی گۆڕی؛ “ڕووناکی و تاریکی”ی کردە بابەتی فەلسەفیی فەلسەفەکەی خۆی. سوهرەوەردی پێی وایە ڕووناکی ئاشکراترین شتە و پێویستی بە پێناسەکردن نییە. ئەوەش ڕوونە. مەشایی و سەدراییەکان لەسەر بنەمای ئاشکرایی و بەدیهیەت “هەبوون و بوون”یان کردووە بە بابەتی فەلسەفیی خۆیان. مەشاییەکان و سەدراییەکانیش جەختیان لەسەر ئاشکرایەتیی “هەبوون و بوون” کردووەتەوە، هەر لە “هەبوون و بوون”ەوە دەستیان بە فەلسەفەکەیان کردووە؛ بە دەربڕینێکی سادەتر وەک چۆن سوهرەوەردی بەڵگە لەسەر ئەوە دەهێنێتەوە کە ڕووناکی ئاشکراترینە و پێویستی بە ناساندن نییە، ئاوەها مەشاییەکان و سەدراییەکانیش پێیان وا بوو “هەبوو و بوون”، ئاشکراترینن. بەڵێ سوهرەوەردییش ئاشکرایەتیی قبووڵ کردووە بۆ ئەوەی بابەتی فەلسەفەکەی لەسەر دابڕێژێت. لە میتافیزیکی کلاسیکیدا کاتێک باسی ئاشکرایەتیی “ئەلف” دەکەین، ئەوە ماناکەی بەم شێوەیەیە: “تەسەوری ئەلف” ئاشکرایە، هەروەها “واقعییەتی ئەلف” ئاشکرایە. بە دەربڕینێکی تر “تەسەور و تەسدیق” ئاشکران، بۆیە بابەتی فەلسەفی کە دەبێتە تەوەری فەلسەفەیەک، بە مانای ئەوە دێت کە لەسەر هەردوو ئاستەکە “تەسەور و تەسدیق” ئاشکرایە. هەم مەشاییەکان و هەم سەدراییەکانیش سەلماندنی بەدیهێتیی بابەتی فەلسەفیی خۆیان بە گرنگ زانیوە، بەڵام لەوەدوا سوهرەوەردی دێت فەلسەفەیەکی نوێ دادەمەزرێنێت، تێیدا ڕەخنەی فەلسەفەی پێشووی خۆی دەکات، بابەتەکانی ئەوان “هەبوون و بوون” وەک شتێکی “ئاشکرا – بەدیهی” تەماشا ناکات.

بەدیهێتی یان ئاشکرایەتی تەسەوری “ئەلف” و میسداقییەت “ئەلف”، شی دەکرێتەوە لە سێ لایەنەوە: لە فەلسەفەی کلاسیکدا کە دەڵێین: بەدیهیبوونی ئەلف واتە ئاشکرابوونی ئەلف کە “پێوەری گشتیی بەدیهێتی”ییە، خۆئاشکرایی و ئەویتر ئاشکراکردن بەگوێرەی مانای تایبەتیی ئاشکرایەتییە، بەو مانایەی نەک ئەوەی زاتەن خۆی ئاشکرایە، بەڵکو شتەکانی تریش ئاشکرا دەکات، “ئاشکراترین بوون” ئەلفە “تایبەتتر” (اخص). بەپێی بۆچوونی سوهرەوەردی ڕووناکی بە هەرسێ مانەکە ئاشکراترینە. یەکەم: بە مانای میسداقی گشتیی ئاشکرایەتی. دووەم: بە مانای زاتەن ئاشکرا و ئەوی تر ئاشکراکەر. سێیەم: نموونەی باڵا و زاتەن تاک” فرد بالذات”، ئاشکرایەتی و ئاشکراترین شتە. خستمانە ڕوو مانای ئاشکرایەتی “بەدیهییەت” لە سێ مانادا. فەیلەسوفان مەشایی و سەدراییەکان جەختیان لەسەر مانای گشتی “عام”ی ئاشکرایەتی کردووەتەوە، ڕوونتر بڵێین بە مانا گشتییەکەی بەدیهی “ئاشکرا” بێت. دوو ماناکەی تریش گرنگە دەربارەی ئاشکرایەتی، لە مانا گشتێتییەکەی ئاشکرایەتی دەرماندەکات بۆ مانایەکی “تایبەت” و “تایبەتتر”ی ئاشکرایەتی. مانای تایبەتیی بەدیهێتی واتە بابەتەکە، خۆێ ئاشکرا بێت و ئاشکراکەریش بێت. مانا “تایبەتر”ەکەی ئەوەیە ئاشکراترین تاک.

“هەبوو و بوون” هەروەک ڕووناکی لە مانا گشتییەکەیدا “ئاشکران”، کەچی لەسەر ئاستی دووەم “تایبەت” کە خۆئاشکرایی و ئەویتر ئاشکراکردنە، ئەوە ڕووناکییە ئەم تایبەتمەندییەی هەیە نەک “هەبوون و بوون”، لەسەر ئاستی سێیەمیش تەنها ڕووناکییە، خاوەنی ئەو تایبەتماندییەیە. ڕاستییەکەی “هەبوون و بوون”ی فەیلەسوفانی مەشایی و سەدرایی ڕوویەکی ئەقڵانییانەیان هەیە، دەرەنجام دەبنە دوو تێگەیشتنی معقول[8]، هەرچەند لە فەلسەفەی مەشاییدا بە شێوەی چاوگییانە “مەسدەری” لای مەلا سەدرا ناچاوگییانە “غیرە مەسدەری”یە. بە بۆچوونی ئەوان درککردنی “شتی معقول” پێویستی بە تەقەلای ئەقڵانییانەیە، لە کاتێکدا دیاردە[9] و ڕووناکی دوو شتی هەستی “دەرەکی و دەروونی”ن. پێویست ناکات بۆی دابچین و ڕۆبچین بۆی، بۆیە ئاشکرایەتیی ڕووناکی لە “بوون” زیاترە.

بەگوێرەی تێگەیشتنی باویش[10] ئەوە ڕوونە هەر کەسێک درکی ئەوەی هەیە بزانێت ڕووناکی ئاشکراترین شتە، ئەوەش دەزانێت شتەکان بە هۆی ڕووناکییەوە دەردەکەون. گەر دەربارەی زاراوەی “ڕووناکی و ون”یش پرسیار بکەین لە خەڵک، ئەوە لە ڕووی “وێنا[11] و میسداق”یشەوە ڕوونترە لایان هەتاکو بوون.

بە بۆچوونی سوهرەوەردی ئەو فەلسەفەیەی “هەبوون و بوون”ی کردووە بە بابەتی فەلسەفیی خۆی لەسەر بنەمای ئاشکرایەتی بووە، قیاسەکەش بەم شێوەیە: هەبوون و بوون ئاشکراترین و بەدیهیترین شتن/ ئەو شتەشی بەدیهیترین یان ئاشکراترین بێت دەبێتە بابەتی فەلسەفی/ کەواتە هەبوون و بوون بابەتی فەلسەفەن. سوهرەوەردی ئەم قیاسە هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەویش لە ڕێی ڕەتکردنەوەی ئاشکرایەتیی “هەبوون و بوون”ەوە وەک ئاشکراترین. سەرەتا چەندین ئەرگیۆمێنتی ئەقڵانی بۆ لە ئاشکراخستنی “هەبوون و بوون” دەهێنێتەوە، بە لەئاشکراخستنی “هەبوون و بوون” ئۆتۆماتیکییەن قیاسەکەش بە هەڵە دەخاتەوە، بەو مانایەی قیاسەکە بەم شێوەیەی لێ دێت: هەبوون و بوون ئاشکراترین نین/ بابەتی فەلسەفییش لە ئاشکراترینەوە دەست پێ دەکات/ کەواتە هەبوون و بوون بابەتی فەلسەفی نین. گۆڕینی بابەتی فەلسەفی پێش خۆی بە هۆی ڕەتدانەوەی ئاشکرایەتیی “هەبوون و بوون”ەوەیە لە لایەن سوهرەوەردییەوە. بۆیە سوهرەوەردی بونیادی فەلسەفەیەکی نوێ دادەڕێژێت، داڕشتنەکەش لە ڕێی خستنەجێی بابەتێکی نوێوە دەبێت بۆ فەلسەفە. ئیتر فەلسەفە لای سوهرەوەردی بە دەوری “ڕووناکی و تاریکی”دا خول دەخوات. فەلسەفە دەبێت لە “ئاشکرا”وە دەست پێ بکات، گەر چڵێسیی کەشفی ڕاستەقینەییەکانی جیهان بێت؛ لێرەدا دەڵێین “ئاشکرا” نەک “ئاشکرایەتی”، چونکە ئاشکرایەتی سیفەت و دەرکەوتەی ئاشکرایە و خۆی شتێکی ئیعتیبارییە نەک ئۆبجەکتیڤی، هەروەها دەبێت لە “ڕووناکی” بۆی بگەڕێین کە خۆی لە خۆیدا ڕووناکە[12]. بۆیە سوهرەوەردی “هەبوون و بوون” بە بابەتی فەلسەفی تەماشا ناکات. فەلسەفە بە شوێنی عەینیات “ئۆبجەکتیڤێتتیە”وەیە، دەیەوێت لەوێوە دەست پێ بکات نەک شتە زەینییەکان. بۆچوونی سوهرەوەردی وایە کە هەبوون و بوون ئیعتیباری و زەینین، بۆیە دەستپێکردن لێوەیان بە مانای دەستپێکردنە لە زەینیاتەوە، بە بۆچوونی ئەو چەمکی فەلسەفی دەکرێت ئۆبێکتیڤ “عەینی” بێت، هەروەک ڕووناکی و تاریکی، دەشتوانێت زەینی و ئیعتیباری بێت وەک هەبوون و بوون و جەوهەر… مەبەست لە کۆگرییەتی “شمولییەتی”، بۆ نموونە هەبوون و بوون وەک بابەتی فەلسەفە لە ڕووی کۆگرێتییەوە تەواوی هەبووەکان دەگرێتەوە، واجب و ممکن یان هەر شتێکی تر. گەر تەماشا بکەین ڕووناکی و تاریکییش تەواوی هەبووەکان دەگرێتەوە، بە هیچ کلۆجێک لەم ڕووەوە کەم ناهێنێت، بۆیە گەر پێوەری کۆگرێتی بکەینە پێوەر، ئەوە ناکرێت ڕووناکی و تاریکی دەست لێ هەڵبگرین، تەنها سەرنج بخەینە سەر “هەبوون و بوون”، گەر کۆگرێتی بۆ “هەبوون و بوون” ڕاست بێت وەک پێوەر؛ ئەوە بۆ ڕووناکی و تاریکییش ڕاستە.

پێوەرێکی دیکە بوونی میدیۆمە “نێوەندگیری” کە دەچین بەشوێن ئاشکرایەتیدا، دەکەوینە بەردەم دوو شتەوە، زاتەن ئاشکرا واتە “ڕووناکی” و ئەوەی زاتەن ئاشکرا نییە. ڕووناکیی زاتەن و هەر بۆ خۆی ئاشکرایە. ئاشکرایە بۆیە فەلسەفە دەبێت لە ڕووناکییەوە دەست پێ بکات؛ بە مانایەک ڕووناکی بە هۆی ئەوەی هەر خۆی ڕووناکە پێویستی بە نێوەندگرێک نییە ئاشکرا بێت، هەر بۆ خۆی ئاشکرایە. کاتێک دەچیتە شوێنێکی تەواو تاریک و بێتروسکاییەوە، هیچ شتێک نابینیت، شتەکانی ناو تاریکییەکە پێویستیان بە شتێکە دەریانبخات. بە دەربڕینێکی دیکە شتێک دەبێت ببێتە نێوەندگر “میدیۆم” بۆ ئەوەی دەربکەون، ئەویش ڕووناکییەکی وەک چرایەک، مۆمێک، یان هەر شتێکی دیکە، کە دەبێتە نێوەندگرێک بۆ دەرکەوتنی شتەکانی دەوروبەرمان. هەرچی ڕووناکییە زاتەن ڕووناکە و دەبێتە مایەی دەرخستنی شتەکانی دەورووبەرمان، شتەکانی دەورووبەرمان بەبێ نێوەنگرێکی وەک ڕووناکی ناتوانن دەربکەون، بۆیە گەر پێوەری نێوەندگرێتییش وەربگرین؛ بێگومان، ڕووناکی لەبارترە وەک شتێکی بنچینەیی ببێتە بابەتی فەلسەفە نەک هەبووەکان. پێوەرێکی تر پێوەری مەرجێتییە. بەبێ ڕووناکی و ئاشکرایەتی ناتوانین لە لە “بوون و نەبوون” تێبگەین، چونکە ڕووناکی مەرجە بۆ تێگەیشتن لێیان. ڕووناکی و ئاشکرایەتی مەرجی تێگەیشتن و زانستشکانە بە هەبووەکان. ئاگایی دەربارەی هەر شتێکی وەک هەبووەکان و دەستخستنی یاساکان… بەبێ بوونی ئاشکرایەتی شتێکی ڕەتکراوەیە. گەر لە دەرەوە و ناوەوەمان ڕووناکی نەبێت؛ ئەوا قسەکردن دەربارەی عەرەز و جەوهەر و بوون… دەبێتە شتێکی بێمانا. ڕووناکی مەرجی تێگەیشتنە لە باسوخواسی ئەوانەی ناومان بردن. باسوخواسەکانی وەک جەوهەر و عەرەز و بوون و هەبوون… دەکەونە دوای ڕووناکییەوە نەک ئەوەی پێشی بکەون، ببنە مەرجی تێگەیشتن لە ڕووناکی. بەگوێرەی پێوەری مەرجیش بێت، ڕووناکی کە خۆی زاتەن ڕووناکە، هیچ شتێک ناتوانێت ببێتە مەرجی دەرکەوتنی، بەڵکو ئەو لە پێشترینە بۆ ئەوانی تر، نەک بە پێچەوانەوە. پێوەرێکی تر بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی بابەتی فەلسەفە ڕووناکییە. پێوەری ڕوونکردنەوەی سەرتری. ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن لە دنیای زمان بەگوێرەی دەرکەوتن و شتی ئاشکرا ڕوون دەکرێتەوە، نەک لەسەر بنەمای جەوهەر و عەرەز و عیلەت و مەعلول. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە لەسەر بنەمای کاتیگۆرییەکانی ناومان بردن زمان درک دەکەین، یان بنەمای ئاشکرایەتی. بە هیچ جۆرێک قسە و پەیوەندییە زمانەوانییەکانی جیهان بەبێ توخمی ئاشکرایەتی و دەرکەوتن مانا دروست ناکەن. تۆکمەیی زمان پەیوەندیی بە ئاشکرایەتیی زمانەوەیە، قسەکردن شت و نووسین پێویستییان بە ئاشکرایەتییە. دەربڕینی “چییەتیی زمان”[13]یش لە ڕاستیدا لە ڕێی کاتیگۆرییەکانی وەک هەبوون و بوون و عیلەت و مەعلول… هتدەوە نابێت؛ بە دەربڕینێکی تر گەر باسی زمان وەک هەبوویەک بکەین، شتێکی ئەوتۆمان دەربارەی چییەتیی زمان پێ نادات. هەروەک ئەوەی دەڵێین کورسی یان مێز هەیە، بەشوێنیدا بڵێین زمان هەیە. لێرەدا زمان بۆ هەبوویەک دابەزێنراوە، هەبوویەکی وەک کورسی و مێز. تەنانەت بە مانا سەدراییەکەشی بێت گەر بڵێین زمان یەک مەرتەبەی بوونە دووبارە شتێکی نەگوتووە دەربارەی چییەتیی زمان. بە بۆچوونی سوهرەوەردی، گەر بشڵێین زمان هەیە یان بوونی هەیە، دەبێت لەسەر بنەمای ڕووناکی وەربگیرێت. پێوەرێکی تر کە سوهرەوەردی دەیەوێت بیسەلمێنێت ڕووناکیی بابەتی فەلسەفەیە، پێوەری “زەرورەت”بوونە. سەرەتا: ” بوون و نەبوون/ ئاشکران”، دووەم: “ڕووناکیی “شتی ئاشکرا” ئاشکرایە”، پەیوەندیی مەحمولی[14] ئاشکرایەتی بە کام یەک لەم دوو بابەتەوە “ڕووناکی” یان “هەبوون و بوون”ەوە زەروری و حەتمیترە؟ بە دڵنیاییەوە ڕووناکی. لەبەر چی ڕووناکی؟ چونکە پەیوەندیی ئاشکرایەتی بە “ڕووناکی یان شتی خۆئاشکرا”وە عەرەزی زاتییە. وەها مەحمولێک سوودمەندن لە زەروورێتی، کەچی پەیوەندیی ئاشکرایەتی بە هەبوون و بوونەوە، ئیمکانی و ئیحتیمالییە. زەرورەتی ئاشکرایەتیی پەیوەندیی ئەرێنی بە ئاشکرایەتییەوەیە، دەتوانێت سەرترێتی بۆ بابەتی خۆی بەدەست بهێنێت. پێوەرێکی دیکە “لە پێشترێتییە”، ئەرستۆ لە میتافیزیکەکەیدا ئاماژەی بە لەپێشترێتی داوە، گەر لەسەر ئەم بنەمایە بچینە پێشەوە، بێگومان ڕووناکی لە پێشترە و ئەولەویەتی هەیە، چونکە بەپێی ئاشکرا و ئاشکرابوون بەسەر شتەکاندا دەبێت شتەکان بکەینە بابەتی فەلسەفی. فەلسەفەی سوهرەوەردی تاریکییش دەگرێتەوە. تاریکییش لە ئاستی درکە هەستییەکاندا و هەم ئاگایی دەروونیدا و هەم وەک وێنا، ڕوونە لە لامان. تاریکی لە ئاستی درککردندا ئاشکرایە، بەڵام بە شێوەیەک لە خۆیدا بۆ خۆیەتی کە شاراوە و نادیارە؛ بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین تاریکی هەر بۆ خۆی نادیار و نائاشکرایە، بەڵام لە پەیوەند بە درکەکانی ئێمەوە ئاشکرایە. لەقکردنی بوون بۆ ئەوەی بکرێتە بابەتی فەلسەفی لە لایەن سوهرەوەردییەوە ورد باس دەکات.

سەرهەڵدانی بوون سێ مانا بۆ بوون: سوهرەوەردی لەسەر بنچینەی تێگەیشتنی باو سێ مانا دەربارەی بوون دەخاتە پێشچاو، سوهرەوەردی دەیەوێت ئەوە بخاتە بەرچاومان کە لە هەرسێ ماناکەدا بوون شتێکی ئۆبجەکتیڤی نییە. لە کاتێکدا پرسیار دەکرێت دەربارەی ‘لەکوێ-بوون’، وەڵامەکەمان بەم شێوە دەبێت: لە ماڵەوەم، لە بازاڕم، لە قوتابخانەم. مانای “لە” لێرەدا؛ بە مانای “لەناو” دێت، لەناو شتێک، لەناو شوێنێکدابوون، یان کاتێک دەڵێین ساڵی چەند لەدایک بوویت؟ دەڵێیت ساڵی ١٩٩٥ یان ساڵی ١٩٨٠، ئەم “لە” ڕێک بە مانای “لەناو” دێت، وەک بڵێیت “کات و شوێن” دوو قاپن، من، یان ئەوەی پرسیاری لێ کراوە لەناویدا بێت. کاتێک دەڵێن دارا لە کوێیت؟ وەڵام دارا دەڵێت: لە ماڵەوەم، ئەم ڕستەیە لە ڕووی ماناییەوە یەک “بوون”ی لە خۆیدا هەڵگرتووە، واتە لەماڵەوەبوون، یان بوونی دارا لە ماڵەوە. بوون لێرە دەدرێتە پاڵ “شوێن و کات”. پرسیارکردن دەربارەی لەکوێ-بوون، وەڵامەکەی بەم جۆرە دەکەوێتەوە. لە ماڵەوەم، لە بازاڕم، لە قوتابخانەم. مانای ئەم “لە” لێرەدا بە مانای لەناو دێت، لە ناو شتێک، لەناو شوێنێک دابوون. یان دەڵێیت ساڵی چەند لە دایک بوویت؟ دەڵێیت ساڵی ١٩٩٥، ئەم “لە” لێرەدا بە مانای “لەناو” دێت. لە ڕووی ماناییەوە “لە ماڵەوەم، لە قوتابخانەم” هەبوون بە واتای پەیوەندیی شتێک بە کات و شوێنەوە یان جێگیربوون تێیدا بە هۆی گرتنەخۆی “پەیوەندی واتە ئەو نیسبەتەی گرتوویەتە خۆی” بووە بە شتێک زیادە و ئیعتیباری؛ بۆ نموونە کاتێک دەڵێین “دارا لە ماڵەوەیە” ئەوە دەربارەی لە ماڵەوە بوونی دارا قسەمان کردووە. گەر وردبینەوە دارامان هەیە وەک مرۆڤ کە ئۆبجەکتیڤە، بەو مانایەی بوونێکی دەرەکی پەیدا کردووە، “ماڵ”یش بە هەمان شێوە. دارا و ماڵ هەردووکیان ئۆبێکتیڤ بوونەتەوە، بەڵام “بوون” شتێکی ئیعتیبارییە بەو مانایەی پەیوەندی و نیسبەتیبوون شتێک نییە ئۆبێکتیڤ “دەرەکی” بووبێتەوە.

لە لۆجیکی فۆرماڵی ئەرستۆییدا، قەزیە بریتییە لە ڕستەیەکی تەواوی خەبەری کە وەڵامەکەی بە ‘بەڵێ وایە’ یان ‘نەخێر وا نییە’ دەدرێتەوە. قەزیە لە سێ بەش پێک دێت: مەوزوع و مەحمول و پەیوەندیی نێوان مەحمول و مەوزوع. بۆ نموونە لە نموونەی “دارا زیرەکە”دا، بڵێین دارا مەوزوعە و زیرەک مەحمولە و “ە” پەیوەنیی نێوان مەوزوع و مەحمولی دروست کردووە. دارا بۆیە مەوزوعە، چونکە خراوەتە بەرباس و تۆمەتی لێ دراوە، زیرەک بۆیە مەحمولە، چونکە تۆمەتێکە دراوەتە پاڵ دارا؛ بە مانایەکی تر بارێکە خراوەتە ئەستۆی داراوە. گەر سەرنج بدەین “ە” دروستکەری پەیوەندیی نێوان مەوزوع “دارا” و مەحمول “زیرەک”ە. کاتێک دەڵێین دارا زیرەکە، پەیوەندیی نێوان مەوزوع و مەحمول مانایەک لە بوون پیشان دەدات، بوونی مەوزوع لەناو مەحمولدا دەردەخات، بە مانایەکی دیکە زیرەکبوون لەناو دارادا. پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی نێوان جەوهەر و عەرەزە. دارا “جەوهەر” و زیرەک “عەرەز”ە. مانای هەبوون لێرەدا واتا بوونی شتێک لەگەڵ شتێک یان پەیوەندیی نێوان دوو شت کە پەیوەندیی نێوان “مەوزوع و مەحمول”ە، لەناو زەیندا. ئەوەی دەبینرێت “ە” هۆکاری دروستکردنی پەیوەندیی نێوان “مەوزوع و مەحمول”ە و شتێک ئیعتیبارییە. ئەوەی لێرەدا بوونێکی دەرەکیی پەیدا کردووە لە قەزییەی دارا زیرەکەدا؛ دارا زیرەکە، کە ئۆبێکتیڤ بووەتەوە، یان لە قەزیەی “دیوار سپییە”دا، دیواری سپی دەرەکی یان ئۆبێکتیڤ بووەتەوە، کەچی خودی سپیبوونی دیوار و زیرەکبوونی دارا پەیوەندیی نێوانیان دەرەکی نەبووەتەوە.

لە نموونەیەکی تردا کە دەکاتە لایەنی سێیەم، هەر بۆ سەلماندنی ئیعتیباریبوونی “بوون” ە لە لایەن سوهرەوەردییەوە، بۆ نموونە کاتێک دەڵێین “دیوار هەیە”، وشەی هەیە لێرەدا شتێکی زیادە ناخاتە سەر “دیوار”؛ بە واتایەکی دیکە “هەیە” شتێکی زیادەی نەخستووەتە سەر بوونە دەرەکییەکە “چییەتییە ئۆبێکتیڤبووەوەکەی دیوارەکە”. گەر سەرنج بدەین خودی شتەکە “دیوار” لە دەرەوەبوونەکەی دەرەکی بووەتەوە “هەیە” لێرەدا بوونێکی دەرەکی بە “دیوار”ەکە نەبەخشیوە. هەیە سەربەخۆ و دابڕاوە لە بوونی “دیوار”. لێرەدا بەرانبەر مانای زات و حەقیقەت… چییەتییەکی تایبەتمان نییە کەوایە ئیعتیبارین. خاوەن زاتێتی یان زات و حەقیەقەت بوونی دیوار بە مانای بەدیهاتنی دوو چییەتیی جیا لە واقیعدا نایەت، ئۆبێکتێتیی چییەتی هیچ نییە جگە لە “دیوار” خۆی. بۆیە بابەتی فەلسەفی هیچ کات جێگیر نەبووە، هەر فەیلەسوفێک بە هۆی هێنانەوەی بەڵگەوە بابەتی فەلسەفیی گۆڕیوە بۆ شتێکی نوێتر. لەگەڵ ئەوەشدا کە فەلسەفە زۆر جار وا دەردەکەوت زانینە لەپێناوی زانیندا. هەروەک چۆن منداڵییش خاوەنی سیفەتی زانینە لەپێناوی زانیندا، لەسەر ئاستی فیگەری گەورەش زانین لەپێناوی زانیندا لای فیلەسوفەکان هەبووە. ڕاستە زانین لەپێناوی زانیندا لای فەیلەسوفەکان کردوونی بە خاوەنی فەیلەسوف، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت تا هەتایی ئەم مانایە نەمرە. هەروەک چۆن بابەتی فەلسەفە دەگۆڕا، ئاوها زانین لەپێناوی زانیندا، لای فەیلەسوفە پاشینەکان دەگۆڕێت بۆ زانین لەپێناوی سوودێکدا، بە مانایەکی تر لەپێناوی دەرەوەی زانین خۆیدا. فەلسەفە زانینێکە لەناو زانیندا گیر ناخوات، بەڵکو بە دەرەوەی زانینەوە گرێ دەدرێتەوە. چاوەڕوانییەکی تری لێ دەکرێت، ئەویش کەڵک و سوودێکە بە هۆی بەدەستهێنانی خاڵێک لە دەرەوەی خودی زانینەوە.

فەرهەنگۆک:

ناوی زاتی: ئەوەیە کە دەلالەت بکات لەو ناوانەی قایم بنفس بوون، بۆ هاتنەدیی بوونیان پێویستیان بە ئەوی تر نەبێت، وەک مرۆڤ، بێگیان و حەیوان.

ناوی واتایی: ئەوەی دەربکەون و دەرەکی ببنەوە پێویستیان بە ئەوی ترە، هەروەک وشەی جوانی و ناشرینی و لێدان.

چاوگ: بریتییە لەو ناوەی دەلالەت بکات لە ئیشێک یان کارێک وەک لێدان و سەرکەوتن.

بەدیهی بە مانای ئاشکرایەتی، بەوەی پێویستی بە پێناسەکردن بێت، ڕوونە. چەمکێکە خاوەنی جنس و فەسڵ نییە.

سه‌رچاوه‌كان:

كتاب ارسطو، نویسنده الفرید ادوارد تیلور، ترجمه حسن فتحی.

كتاب منطق، مولف علامه محمد ڕچا مڤفر، مترجم علی شیروانی.

مسعود امید، سهروردی فلسفیدن فارغ از وجود، نشر نگاە معاصر، تهران.  


[1] حه‌ز و ئاره‌زووى مرۆڤه‌ بۆ زانین و درككردنى هه‌موو شتێك. هۆكارێكى گرنگه‌ له‌ به‌ره‌وپێشچوونى مرۆڤ به‌ره‌و پێشكه‌وتن. بۆ نموونه‌ كونجكاوى وه‌ك توانایه‌كى زاتیی مرۆڤ لێى ڕوانراوه‌، به‌و پێیه‌ى هانده‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ى منداڵ بتوانێت قۆناغى منداڵى به‌جێ بهێڵێت و بچێته‌ قۆناغى گه‌وره‌ییه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ كونجكاوى دیوێكى نه‌رێنییشى هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانێت مرۆڤ به‌ ئاقارێكى خراپدا ببات.

[2]   نه‌زانینی لێكدراومان له‌ جێی “جهل مركب”ی عەرەبی داناوه‌، چونكه‌ دو نه‌زانین لێكدراون، نازانێت كه‌ نازانێت.

[3] Marvelous works

[4] Being

[5] لە بری مەفهوم دامناوە، مەفهوم واتە دروستبوونی وێنا لە زەینماندا، جا لە ڕێی بینینەوە بێت یان لە ڕێی دەربڕینی وشەکانیانەوە بێت، بۆ نموونە کاتێک من تەماشای مێزێک دەکەم لەناو زەینی مندا وێنای مێز دروست دەبێت.

[6]  حەقیقەتێک لە دەرەوەی زەینمان، بۆ نموونە مەفهومی مرۆڤ گەر وەربگرین، میسداقیەتەکەی سامان و سەیران و …

[7] ‘علمی حسوڵی’ “زانستی دەستخراو” دەکرێت بە دوو بەشەوە: “تەسەور و تەسدیق”. لە تەسەوردا هیچ داوەرییەک دەربارەی شت ناکەین، هەروەها بۆ دەربڕینی تەسەور لە وشەی تاک و لێکدراو، هەروەها ڕستەی ناتەواو و ناهەواڵی کەڵک وەردەگیرێت، چونکە لەمانەدا ناتوانین داوەری بکەین؛ بۆ نموونە دەڵێین: “قەڵەم” یان “خەم” یان “خوا”، ئەمانە تەسەورن، چونکە هیچ داوەرییەکمان دەربارەی هیچیان بۆ نەکردووە، کەچی تەسدیق بە پێچەوانەوە داوەریی تێدا دەکرێت؛ لە ڕستەی تەسدیقدا هەمیشە دەبێت ڕستەکە هەواڵێک بگەیەنێت: بۆ نموونە دەڵێین: نالی گەورەترین شاعیری کوردە.

[8] ‘معقول’ وێنەیەکی کولییە، لە ڕێی ئەقڵەوە درک دەکرێت، بە پێچەوانەی هەستپێکراو “محسوس”ەوە وێنەیەکی جزئییە، کە لە ڕێی هەستەکانەوە بەدەست دەهێنرێت. بۆ نموونە زەینی مرۆڤ سەرەتا لە ڕێی هەستە ڕوواڵەتییەکانەوە “صور مەحسوس- وێنەی هەستپێکراو” دەست دەخات، پاشان لەناو خەیاڵدانیدا دەیهێڵێتەوە، دەکەوێتە بەر شیکردنەوە و لێوردبوونەوەیەکی عەقڵی، پاشان تایبەتمەندییەکانیان فڕێ دەدات، ئەوەی خاڵی هاوبەشە وەردەگرێت، بە مەعقولات “وێنەی کولی” دەگات. بۆ نموونە لە وێنەی جزئیی تاکەکان چەمکی کولیی ئینسان دەربکێشیت.

[9] ظاهر.

[10]  لەبری “فهم متعارف”، تێگەیشتنی باومان داناوە، عەقڵی سەلیمیشی پێ دەگوترێت، لە زمانی ئینگلیزیدا “common sense”یان بۆ داناوە. داوەریکردنی مرۆڤە، لە ڕێی دەلیلێکەوە، کە لە ئەزموونەوە نەوەک لێکۆڵینەوەوە سەرچاوەی گرتووە. بە مانایەک دەتوانین بڵێین درکێکی سروشتیی باوە، کە خەڵکی لەسەری کۆکن. لە لایەن فەیلەسوفانەوە دەربارەی زۆر گوتراوە.

[11] لەبری وشەی مەفهوم.

[12] بالذات.

[13] ماهییەتی زمان.

[14]گەر نەچینە ناو ڕا جیاوازەکانەوە دەربارەی قەزییە؛ دیسان دەتوانین بڵێین قەزییە لە سێ بەش پێک هاتووە، مەحمول و مەوزوع، پەیوەندیی هەواڵی. مەوزوع “بابەت” ئەوەیە کە دەکەوێتە بەرباس. مەحمول، ئەوەیە کە وەک بار خراوەتە سەر بابەت؛ بە مانایەکی تر تۆمەتێکە دراوە لە بابەت. بۆ نموونە؛ لە ڕستەی ‘ئاری زیرەکە’دا. ئاری بابەتە، زیرەک مەحمولە، “ە” پەیوەندیی نێوان مەوزوع و مەحمولی دروست کردووە.

هاوشێوە