رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

توێژینەوەکانی بواری گۆڕانی کەشوهەوا چی دەڵێن؟

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: د. مەدیحە سۆفی

Download PDF

ناوەندی زانستیی ماکس-پلانک لە ئەڵمانیا، یەکێکە لە ناوەندە زانستییە سەرکەوتوو و گرنگەکانی توێژینەوە لە ئاستی جیهاندا، ئەم ناوەندە لە ساڵی ١٩٤٨وە دامەزراوە و زاناکانی نێو ئەم ناوەندە زانستییە خاوەنی چەندین خەڵاتی نۆبلن. توێژینەوەکانی ئەم دواییەی ئەم ناوەندە زانستییە لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا و بە تایبەت ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییانە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، دەرئەنجامی زۆر هەستیار دەخەنە ڕوو، لەوانە هاتنەکایەوەی قەیرانی ئاو و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەی گەرمی، بە جۆرێک بۆ ژیان و گوزەران زۆر سەخت و نەشیاو دەبێت.

ئاو، نهێنی ژیان و به‌رده‌وامی و ئاوه‌دانییه‌، سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و ده‌ستپێکی سەرهەڵدانی شارستانییەت و بناغه‌ی بوژانەوە و هاتنه‌کایه‌وه‌ی تازه‌گه‌ری و پێشکه‌وتنی پیشەسازییە‌. بۆ سه‌لماندنی نهێنی ئه‌و ده‌ستپێکه‌ میسۆپۆتامیا باشترین نموونەیە‌، که‌ به بوونی هه‌ردوو ڕوباری دیجله‌ و فورات‌ ئەو دەڤەرە بووه‌ته‌ پێشه‌نگی کۆنترین شارستانییه‌ت له‌ مێژوودا.

بەپێی خەمڵاندنی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئەو بڕی ئاوەی لە ئێستادا لە جیهاندا بۆ بەکاربردن بەردەستە، لە ساڵی 2040دا تەنها بەشی 70%ی دانیشتوانی جیهان دەکات، لە هەمان کاتدا پێشبینییەکانی یۆنسکۆ ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە ساڵی 2025دا 2/3ی دانیشتوانی جیهان کێشەی کەمئاویی دەبێت و لە ئێستادا 670 ملیۆن کەس هیچ دەروازەیەکی بۆ ئاوی پاک و تەندروست لەبەردەستدا نییە.[1]

کاتێک بۆچوون و توێژینەوە و پێشبینییه‌کان ئاشکرای ده‌که‌ن؛ که‌ تا ساڵی 2040 ڕوباری دیجله‌ و فورات له‌ وشکبوون نزیک ده‌بنه‌وه‌، ده‌بێت زۆر به‌ ڕاشکاوی و وردییەوە ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو، که‌ ئەو ڕوبارانە بۆ وشک ده‌بن و ئه‌گه‌ر ببن چی ڕوو ده‌دات، بێگومان ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ لە مێژوودا ڕووی دا، واته‌ پێچه‌وانه‌ی بووژانه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدان، پێچەوانەی پێشکه‌وتن و ئاوه‌دانی، پێچه‌وانه‌ی بونیادنانی شارستانییه‌ت و گه‌شه‌سه‌ندن. ئه‌وه‌ی ئه‌رکی داهاتوویش قورستر ده‌کات گۆڕانی که‌شوهه‌وا و ماکه‌کانییه‌تی، که‌ وشکه‌ساڵی و که‌مبارانی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە کەمئاویدا دەناڵێنێت.

له‌ دوا ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ که‌شوهه‌وا WMO جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوه‌ته‌وه،‌ که‌ گۆڕانی که‌شوهه‌وا به ‌هۆی گه‌رمبوونه‌وه‌ی ئه‌تمۆسفیری به‌رگه‌ی گۆی زه‌وی، ڕاستییه‌که‌ نکوڵی لێ ناکرێت و کاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌موو گۆشه‌یه‌کی جیهاندا هەیە و دەبێت، داڕێژانی پلان و ڕێوشوێنی زانستی بۆ خۆگونجاندن و لێکەوتنی کەمترین زیان لە کاردانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگانەی کە دەبێت لە هەموو وڵاتێکدا دیراسە بکرێت و ئەگەرەکانی بخرێنە ڕوو.

یۆز لێلیفێڵد سەرۆکی ناوەندی ماکس-پلانک بۆ توێژینەوەی زانستی لە ئەڵمانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەو دەرئەنجامانە دا، کە لە میانەی توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە داهاتوودا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەراسان دەکات، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا ٥٦ پلە و زیاتر، ژیان مەحاڵ دەکات، لە هەمان کاتدا زۆربوونی دانیشتوانیش فاکتەرێکی دیکەیە بۆ کاردانەوەی نەرێنیی گۆڕانی کەشوهەوا، جگە لەوەی تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی ئەو ناوچانە بە بەراورد لەگەڵ پێش سەردەمی پیشەسازی، لە ساڵی ١٩٨٠وە گەیشتووەتە زیاتر لە دوو پلە،[2] هەروەها لە تێکڕای توێژینەوەکانی لێلیفێڵد دەرکەوتووە؛ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕووبەڕووی کەمئاوی و خۆڵبارین دەبنەوە، بە جۆرێک لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە ڕێژەی خۆڵبارین ٧٠٪ زیادی کردووە، جگە لەوەی لە ساڵی ١٩٨٦-٢٠٠٥ تەنیا ١٦ ڕۆژی زۆر زۆر گەرم بووە، وەلێ لە ناوەڕاستی ئەم سەدەیەوە دەگاتە ٨٠ ڕۆژ و لە کۆتایی سەدەکەش دەگاتە ١١٨ ڕۆژ؛ کە گەرماکەی نائاسایی و هەڵپڕوکێنەر دەبن.[3]

جیهان لە بەرانبەر گۆڕانێکی چڕ و خێرادایە، ئەگەرچی پەتای کۆڕۆنا کاریگەریی لەسەر ڕاگرتنی کاتیی زۆربەی جومگەکانی ئابووری، پەیوەندیی کۆمەڵاتی، بڕیاری سیاسی و بەرهەمهێنان هەبوو، لێ شەڕی ئۆکرانیا تەواوی بوارەکانی دیکەی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، دۆخێکی خوڵقاند، کە هەناردەنەکردنی دانەوێڵە و پەینی کیمیایی لە ئۆکرانیا و ڕووسیاوە، ببێتە جێگەی دڵەڕاوکێ بۆ دابینکردنی دانەوێڵە لە وڵاتەکانی وەکو میسر و هەندێک وڵاتی دیکەی ئەفریقا، بەڵام لەم دوو پێشهاتە گرنگتر، کە زۆر بە ئەگەری کەمتر دادەنرێت و ڕەواجی جیددی لە پلانەکاندا بۆ ئەژمار نەکراوە، ماکەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە.

یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی، چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا هەیە، بوونی ئاوارەی ژینگەییە، ئەوانەی ئیدی هیچ دەرفەتێکیان بۆ مانەوە و بەردەوامیی ژیان، لە زێدی خۆیاندا بۆ ناڕەخسێت. لە هەندێک شوێندا وشکەساڵی و نەبوونی ئاو شیرازەی کۆمەڵگەی هەڵوەشاندووەتەوە و وازیان لە کاری کشوکاڵی هێناوە و بەرەو ناوچەکانی تر لە کۆچ و ڕەودان، لە هەندێک شوێن بە هۆی لافاو و کارەساتی سروشتییەوە، چ قوربانی و چ ئاوارەیی لێ کەوتووەتەوە، وەکو ئەوەی لە فلیپین و بەنگلادش دەبینرێت، جگە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەڕادەبەدەری ئەتمۆسفێری هەندێک شوێن وەکو هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی. بۆیە پێشبینیی ئەوە دەکرێت لە داهاتوودا ژیان لە هەندێک شوێنی ئەو ناوچانەدا تا ڕادەیەک مەحاڵ بێت و نەگوزەرێت.

لە ئەوروپادا، کێشەکە ئەوە نییە کە گۆڕانی کەشوهەوا ئاستەنگی وەکو کەمبوونەوەی ئاو و لافاو و وشکەساڵی دێنێتە کایەوە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە، نیوەی خوارەوەی گۆی زەوی کە گەرما و بێئاوی و وشکەساڵیی زۆری بۆ دێنێت، بەرەو نیوەی گۆی زەوی سەرەوە کە ئەوروپایە، دەکەونە ڕێ و وەکو ئاوارەی ژینگەیی بەرەو ئەو شوێنانە کۆچ دەکەن. لە ڕۆژئاوادا چ لەبەر ئەوەی پێشتر خۆئامادەکردن بۆ ئەو جۆرە خەمڵاندنانە هەیە، چ لەبەر ئەوەی زۆربەی وڵاتەکانی تا ڕادەیەک خاوەنی سامانێکی باشی ئاون، چ لەبەر ئەوەی زانست لەو وڵاتانەدا کار لەسەر کێشەکانی داهاتوو و چارەسەرەکان دەکات، دەتوانێت تا ڕادەیەک بەرگەی ئەو ماکانە بگرێت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەروەها دەمێکە بەرنامەی جۆگونجاندن و هەڵکردن لە پلان و نەخشەکاندا جێی خۆی کردووەتەوە.

ڕاستە خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتییە، ڕاستە گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆی کەمبارانییەوە، ڕۆڵی گرنگ لە دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە دەبینێت، بەڵام ئەو ڕەهەندانەی لە پشت بەردەوامبوونی ئەم خۆڵبارینەوەن؛ دەرئەنجامی نالەباری سیاسەتی ئاوی ئیقلیمییە لە لایەن ئێران و تورکیاوە، بە تایبەتی پڕۆژەی گاپ لە تورکیا؛ کە پێویستیی بە سیاسەتێکی بەهێزی ناوەند هەیە بۆ دژایەتیکردنی، بەڵام ماوەکەی بەسەرچووە تا بتوانێت کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و ژیانی دانیشتوانی عیراق و باشووری کوردستان کەم بکاتەوە، بۆ نموونە پڕۆژەی گاپ، یان پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەسەر ڕوباری دیجلە و فورات، کە بریتییە لە بونیادنانی 22 بەنداو و 19 ویستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بووەتە هۆکاری:

١- کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات بە ڕادەیەک تا ساڵی 2040 توێژینەوەکان ئاماژە بە وشکبوونی ئەو دوو ڕوبارە دەدەن، کە دەبێتە هۆی تێکچوون و بەبیابانبوونی ڕووبەرێکی زۆری زەویوزار، بە تایبەت لە باشوور و ناوەڕاستی عیڕاقدا.

٢- تێکچوونی ئیکۆسیستمی ناوچەکە و ڕووتانەوەی چینی سەرەوەی زەوی لەگەڵ هەڵکردنی با و خۆڵبارین لە تەواوی ناوچەکەدا.

٣- زۆربوونی ڕێژەی خوێی زەویوزار و بەکەڵکنەهاتنی بۆ کشتوکاڵ.

٤- کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی و نەمانی پتەویی خاک و ڕووتانەوەی.

٥- پڕکردنی هەر یەکێک لەو بەنداوانە دەبنە هۆی نەشیانی ڕووبەرێکی گەورەی زەویوزار بۆ چاندن، تەنها بەنداوی ئەتاتورک بووە هۆی بێبەشبوونی 696 هەزار هێکتار زەوی لە کشتوکاڵ و چاندن، بەنداوی ئیلیسوو لەسەر ڕوباری دیجلە زیاتر لە 11 ملیار مەتر سێجا ئاو لە تورکیادا گل دەداتەوە، هەزارەها هێکتار زەوی لە عیڕاق بە هۆی سوێریی خاکەکەی، بێبەرهەم دەهێڵێتەوە و دەبنە بیابان و پاشان لەگەڵ هەڵکردنی بادا، بەرەو ناوچەکانی دیکە هەڵدەکەن.

٦- تێکچوونی مۆڕفۆلۆژیی کۆمەڵایەتی، کۆچکردن، پەناهەندەی ژینگەیی، لەدەستدانی پیشەی جوتیار و زۆری تر.

٧- کەمتەرخەمیی سیاسەتی ژینگەیی عیڕاق و باشووری کوردستان چ لە هەڵمەتی چارەسەر و سەوزکردنی ڕووبەری زۆرتر، گلدانەوەی ئاو و پشتێنەی پاراستنی ژینگەیی و دروستکردنی ”مصدات الریاح”، چ لە بوێری بۆ ڕێگرتن لە پەیڕەوکردی سیاسەتی ئاویی وڵاتە ئیقلیمییەکان.

بابەتی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر ئەو ناوچانە نوێ نین، سیاسەتی عیڕاق سیاسەتێکی لاوازە و لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە بەردەوام سازشی لەسەر بەشە ئاوی خۆی کردووە. چارەسەرکردنی ئەم پێشهاتانە پێویستی بە دوو ڕوانگە هەیە، یەکەمیان سیاسەتێکی بەهێزی دەوڵەت و دووەمیان پێویستیی بە ناوەندی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە، ئەویش بە پشتبەستن بە ئەزمونی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەو بوارەدا.


[1]– https://www.focus.de/finanzen/wasserstrategie-der-bundesregierung-kampf-ums-wasser-wie-die-landwirtschaft-die-trinkwasserversorgung-bedroht_id_12510905.html

[2]– https://www.sueddeutsche.de/wissen/klima-forscher-warnt-fluchtbewegung-aus-nahost-durch-klimawandel-dpa.urn-newsml-dpa-com-20090101-211221-99-462380

[3]– https://www.mpg.de/10479763/klimafluechtlinge-naher-osten-nordafrika-klimawandel

هاوشێوە