رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

نووسەری باش

Facebook
Twitter
LinkedIn


نووسین: موحەمەد عەبدولکەریم

Download PDF

پیشەی نووسەربوون شتێكی هەوانتە و هەڕەمەكی نییە. مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێت بە نووسەر لانی كەم دەبێت ڕۆژانە ڕاهێنانی نووسین بكاتە پیشە، خوێندنەوە بە جدی بگرێت، بچێتە ناو دۆخی دابڕان و تەنهایی و بەسەنتەركردنی مەعریفەوە، تێبگات لەوەی پرۆسەی نووسین پرۆسەیەكە لەسەر كوشتنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و لاوەكییەكان دروست بووە. تا ئەو جێیەی دەركم كردبێت، سەرەتای پرۆسەی نووسین: نووسینەوەی زانیارییەكانی ناو مێشكتە بە شێوەیەكی كرچوكاڵ، سەرەتا ئەوەی لە مێشكتدایە بە نوقسانی و لاوازی دێنە ناو پرۆسەی نووسینەوە. ئەمەش جۆرێك نیگەرانی و دڵەڕاوكێ بۆ خوێنەری جدی دروست دەكات، تواناكانی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ڕەنگە بیرۆكەی نووسەربوون لای ببێت بە شتێكی زاتی و جەوهەری. پێی وا بێت نووسەرێتی شتێكی زاتی و جەوهەرییە، ناتوانێت ببێت بە نووسەر. ئەم ئەفسانەیە بە هۆی سەرەتاكانی نووسینەوە لامان دروست دەبێت، كاتێك دال و مەدلول موتابق نابن، بە مانایەك نووسین دالێكی تەواو نوقسان و دەستەپاچەیە لە بەردەم ئەو شتەی لەناو مێشكتدایە. ئایدیا و زانیارییەكانی مێشك وەك باڵندەیەكی سركن، دەبێت لە ڕێی بەردەوام نووسینەوە ماڵی و دەستەمۆ بكرێن. نووسەرێتی پێویستی بە ماندووێتی و تاقەتپڕوكێنییە، هەر بەو جۆرەی ولیام ڤاگنەر دەیگوت “نووسەرێتی ئارەقڕشتنی ڕۆحە”. ئەزموونی نووسینی باش و نووسەری باش تەنها بە خوێندنەوەیەكی بێشومار لە كتێبەوە دروست نابێت، هەرچەند خوێندنەوەی زۆر یەكێكە لە كۆڵەكە گرنگەكانی نووسەرە بلیمەتەكانی مێژوو، هەروەها خوێندنەوە لە سەرەتاوە دەبێت پرۆسەیەكی هێواش و لەسەرخۆ بێت، بونیادی خۆی لەسەر تێگەیشتنی قووڵ و بیركردنەوە لەسەر ئەو شتانەی دەیخوێنینەوە داكوتابێت، هەروەها خوێندنەوەی هەر كتێبێكی باش، نووسین لەسەریان، بە جۆرێك بتخاتە سەر ڕێگەی ڕاهێنانکردن لە ڕێی نووسینەوە. مرۆڤ هەتاكو نەنووسێت، پرۆسەی نووسین نەخاتە دۆخی هەناسەبڕكێوە، ئەو شتەی لەناو مێشكیدایە وەك خۆی نایەتە ناو پرۆسەی نووسینەوە. بە جۆرێك دەبێت ڕۆژانە بەردەوام بنووسین تا ئەوپەڕی شەكەتی و ماندووبوون، پێ دەچێت هەر ئەمە بێت پرۆسەی ئارەقكردنەوەی ڕۆح لای ولیام ڤاگنەر. با ئێمە وای دابنێین دەمانەوێت ڕۆمانێك بنووسین، نابێت وەهمی گەڵاڵەبوونی بابەتێكی تراژیدی و كارەساتبار پەلكێشمان بكاتە ناو دنیایەكی خەیاڵییەوە، وامان لێ بكات پێمان وا بێت توانای ڕۆماننووسین واتە بوونی بابەتی سەرنجڕاكێش لە مێشكماندا. بۆ نموونە زۆرینەی گەنجان سەرەتا كە دەست دەدەنە نووسینی هەر شتێک، بە نموونە ڕۆماننووسین، فریوی ئەم جۆرە بیركردنەوەیە دەخۆن. بێئاگا لەوەی لانی كەم دەبێت شارەزایی ڕەگەزەكانی ڕۆماننووسین بن، لەگەڵ ڕاهێنانكردن لەسەر سەدان و هەزاران لاپەڕە لە نووسین. دەیان ڕۆمان هەیە خاوەنی ڕووداو و ناوەڕۆكی باڵان، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز نەیانتوانیوە ببنە ڕۆمان یان نوێنەرایەتیی ڕۆمانە باشەكانی دنیا بكەن. ئەوەی وا دەكات مرۆڤ ببێت بە نووسەری گەورە، هەر خوێندنەوەی زۆر و كوالێتیی كتێبەكان نییە، بەڵكو تەرخانكردنی بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەیە بۆ نووسین، بە جۆرێك لانی كەم دەبێت ڕۆژانە كاتژمێر و نیوێك بۆ دوو كاتژمێر بۆ ماوەی ساڵێك یان چەندین ساڵ دابنرێت بۆ فێربوونی پرۆسەی نووسین، نووسینەكان مەرج نییە لەسەر بابەتی زۆر گرنگ بن، سەرەتا و دەستپێكی پرۆسەی نووسین نابێت فریوی بابەتی گرنگ بخۆین، بە مانایەك دەبێت تەنها خودی پرۆسەی نووسین فریومان بدات. بەردەوامنووسین وامان لێ دەكات شتانێك بێنە دەرەوە، جێی باوەڕ نەبن بێنە دەرەوە. شتانێك دەنووسین باوەڕ نەكەین نووسیومانە، بۆیە دەبێت نووسین لە ڕێی بەردەوامنووسینەوە بكەین بە “مەلەكە” لەناوماندا. گەر نووسین نەبێت بە مەلەكە، ئەوا نە نووسینی باش، نە نووسەری باش لەدایك نابن. تۆ دەتوانیت وردودرشتی دروستبوونی ڕۆمان شارەزا بیت، بەڵام پێ دەچێت نەتوانیت ڕۆمانێكی باش بنووسیت، بۆ ئەوەی ڕۆمانێكی باش بنووسیت دەبێت سەدان و بگرە هەزاران لاپەڕە ڕاهێنانت كردبێت لەسەر نووسینی چیرۆك و ڕۆمان. ماركیز ڕۆماننووسی گەورەی كۆڵۆمبی باس لە دڕاندنی شەست چیرۆكی دەكات و فڕێی داوەتە ناو تەنەكەی خۆڵەوە، ئەویش پاش ساڵێك، كە تەماشای چیرۆكەكانی دەكاتەوە، باوەڕی بە نووسینی ئەو چیرۆكانەی نامێنێت. بە جۆرێك ماركیز دەڵیت دەتوانم سوێند بخۆم ئەو چیرۆكانە هەر هیی من نین! ئەمە بۆ هەموو كایەكانی تری نووسینیش ڕاستە، کە ئێمە نووسینی ڕۆمان و چیرۆکمان وەک نموونە خستە ڕوو. گەر ڕوونكردنەوەیەك لەسەر چەمكی مەلەكە بدەین، بۆ ئەوەی لای خوێنەر ڕوون بێتەوە چەند نموونەیەك دەهێنینەوە. وای دابنێین كەسێكی دیندار، كردارێكی سێكسی لە دەرەوەی یاسا شەرعییەكانەوە ئەنجام دەدات. هەست بە ئازار و پەشیمانی دەكات، ئەمەش بەو هۆیەوەیە “نەكردنی گوناح” لەو كەسەدا بووە بە مەلەكە، دەنا هێندە ئازاری نەدەگەیشت. گەر نموونەیەكی تر بهێنینەوە بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی ئەم چەمكە، گەر من خوێندەوار بم، توانای خوێندنەوەی شتەكانی دەوروبەرم هەبێت، ئەوا تازە ناتوانم خوێندەواری لەبیر خۆم ببەمەوە، چونكە خوێندەواری بووە بە مەلەكە لەناومدا، پێ دەچێت كاتێك دەنووسین هەڵە بكەین، بەڵام لەگەڵ چاوپێداخشاندنەوەدا هەڵەكە ڕاست دەكەینەوە، هۆكاری ئەمەش هیچ نییە جگە لە بەمەلەكەبوونی خوێندەواری لەناوماندا. هەر بۆیە بە بۆچوونی من پرۆسەی نووسین پرۆسەی بەمەلەكەكردن و ماڵیكردنی شتەكانی ناو مێشكتە لە دنیای نووسیندا.
خاڵێكی تری نووسەرە باشەكان ئەوەیە هەوڵی بەسەنتەركردنی مەعریفە دەدەن. بەسەنتەركردنی مەعریفە واتا بەشدارینەكردنی شتە لاوەكییەكانی ڕۆژانە، چونكە سروشتی جیهان، سروشتی ململانێكردنە، مردن و ژیان، مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەكانی تر، ئایدیا لەگەڵ ئایدیا، شتە لاوەكییەكان لەگەڵ شتە جەوهەرییەكان. بە جۆرێك مێشكت بخەیتە ناو دۆخێكی ئارام و هێورەوە، ململانێ لاوەكییەكان نەتكەن بە قوربانیی دەستیان. گەر نموونەیەكی تر بهێنینەوە، نووسەر و خوێنەر دەبێت لە بلیمەتەكانەوە فێر بێت تەنها بەرهەمەكانیان نییە، بەڵكو زانینی چۆنێتیی خۆتەرخانكردنی ژیانیانە بۆ مەعریفە. دەبێت چاوێك بە ژیانیاندا بخشێنینەوە، دیوە شاراوەكانی پشتەوەی نووسینەكانیان هەڵبماڵین. دەبێت نووسینەكانیان بەرهەمی چ دۆخێك بن؟ گەر دیكارت وەك نموونە وەربگرین، دەبێت ئەوە بزانین دیكارت چۆن تەنیایی و گۆشەنشینیی هەڵبژاردووە و خۆی لە هەموو كەسێك و خەڵكانێك دابڕیوە، بۆ ئەوەی هەوڵی بەسەنتەركردنی مەعریفە بدات. دیكارت لە نامەیەكیدا بۆ ئیلیزابێتی پاشا نووسیوێتی: كاتێك مێشكم سەرقاڵی كێشەكانی ژیانە، هەروەها ماندوو دەبێت، ئیتر ناتوانم لە كاتەكانم بە شێوەیەكی زۆر باش كەڵك وەربگرم. بەسەنتەركردنی مەعریفەش واتا كوشتنی شتە بازاڕی و لاوەكییەكانی ڕۆژانە. هەر بۆیە بەرهەمەكانی دیكارت و فەیلەسوف و ڕۆماننووسە گەورەكان و… هتد، بەرهەمێك نین لە ململانێی نێوان شتە ڕۆژانەیی “لاوەكی”یەكان و شتە سەنتەردار “مەعریفە”ەكاندا هاتبێتنە ئاراوە، بەڵكو بەرهەمی زاڵبوونی شتێكی بەسەنتەركراوە بەسەر دۆخە لاوەكییەكەدا، بە مانایەكی تر مەعریفە بەچەق كراوە و شتەكانی تری فڕێ داوەتە دەرەوەی خۆیەوە و بە دەوریدا دەسوڕێنەوە. ئەم بەچەقكردن و بەسەنتەركردنە بۆ هەموو كەسێكی بلیمەت لە بوارەكەی خۆیدا ڕاستە. گەر من بمەوێت یاریزانێك، دكتۆر، كاربەدەستێك یان دووكاندارێكی باش بم، دەبێت لە چەمكی بەسەنتەركردن تێگەیشتبم. ڕەنگە ئەو پرسیارەش گرنگیی خۆی هەبێت چۆن دەكرێت فەیلەسەوف و بیرمەندەكان یان ڕۆماننووسە گەورەكان باس لە ململانێ ڕۆژانەییەكانی مرۆڤ بكەن؟ تیۆریزەی كێشە خێزانییەكانی مرۆڤ بكەن؟ لە كاتێكدا ئەم شتانە لە لایان لاوەکی کرابنەوە؟ دابڕانی پیاوە گەورەكان دابڕانی موتڵەق و بێئاگابوون نییە، دابڕانێكی موتڵەقی ئاگامەندانەیە. ئەوان شتە لاوەكییەكان و گوتی گوتییەكان پەلكێشی جیهانە بەسەنتەركراوەكەیان دەكەن. ئەوان بۆ ئەوەی بتوانن كێشە لاوەكییەكان بخوێننەوە، بە دنیابینی و كەرەستەی لاوەكی مامەڵە ناكەن، بەڵكو بە توانا و باگراوندێكی تۆكمەوە تیۆریزەی شتە لاوەكییەكان دەكەن. پیاوە بلیمەتەكان گەر تێكەڵیش بن، وەك تێكەڵبوونی مرۆڤە سادەكان تێكەڵ نابن. تێكەڵبوونی ئەوان بە ئامانجێكەوە گرێ دراوە، یان بە جۆرێك لە ڕێی وەرگرتنی مەودایەكەوە خۆیان لە بازاڕیبوون و سادەییەتی دەدزنەوە. پێ دەچێت دیكارت نموونەیەكی باشی پاراستنی مەعریفەی بەسەنتەركراو بێت. ئەوە دیكارتە بە شێوەیەكی خۆبەخشانە دەچێتە ناو سوپاوە بۆ ئەوەی بە جۆرێك سروشتیتر و سادەتر لە ڕەفتار و هەڵسوكەوتی جیاوازی مرۆڤەكان بكۆڵێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی هەوڵی ئەوە بدات تەواوی ڕووداوەكانی ژیان بخاتە بەر ئەزموونەوە، تەنانەت دیكارت لە پاڵ خزمەتی سەربازیدا، نیگەرانیی پاراستنی ئازادیی خۆیەتی! ئەو بۆ ئەوەی هیچ هێزێك لە سەرەوە ڕێگریی لێ نەكات، هیچ بەرپرسیاریەتییەك وەرناگرێت و قبووڵ ناكات. تەنانەت ئامادە نییە موچە وەربگرێت، هەر ئەمەش وا دەكات لەسەر حسابی گیرفانی خۆی، خۆی بژێنێت. ئەوەی لێرەدا تێبینی دەكەین خەمی لەدەستدانی ئازادییەتی، کە پەیوەندیی بە بەسەنتەرکردنی مەعریفەوەیە لە لایەن ئەوەوە. ئەو بە ئامانجەوە چووەتە ناو سوپا بۆ ئەوەی ئامانجەكەشی بەربەستی نەیەتە ڕێ، بەرپرسیاری ناگرێتە ئەستۆی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەیی وەرگرتنی هەموو موچەیەك ڕەت دەكاتەوە، نەكات ئازادییەكەی بكەوێتە مەترسییەوە و لێێ زەوت بكرێت. کانتیش نموونەیەکی ترە کە نووسەر چاوی لێ بکات. کانت لەگەڵ خەڵکیدا زۆر دادەنیشت، بە جۆرێک زانیاریی لە هەموو ئەو کەسانە وەردەگرت کە دەچوونە لای و دادەنیشتن، دواتر لە نووسینەکانیدا سوودی لێ وەردەگرتن. کانت لە ڕێی خەڵکی غەریبە و سەرمایەدارەکانەوە جیهانی بە تەواوی دەناسی، بە پێچەوانەی دیکارتەوە سەفەری نەدەکرد، هەر لە ماڵەکەی خۆی و دانیشتن لەگەڵ خەڵکیدا خۆی بە جیهانی دەرەوەی شارەکەی خۆیەوە گرێ دابووەوە. بە مانایەکی تر کانت شتە ڕۆژانەیی و دانیشتنەکانی دەخستە خزمەتی مەعریفە بەسەنتەرکراوەکەی خۆیەوە. خەمی بەسەنتەركردنی مەعریفە باجی خۆی هەیە. هەر بۆیە بوون بە نووسەرێكی باش، بەبێ هەوڵ و بێوچانی بەردەوام نووسین و خوێندنەوەی زۆر و بەسەنتەركردنی مەعرفە شتێكی مەحاڵە. دەكرێت هەزار كتێب بخوێنیتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەتای دەستكردن بە نووسینت، ناتوانێت دەرخەری ئەو باكگراوندە زۆرەت بێت لە خوێندنەوەی كتێب. دەكرێت سەدان كتێب بخوێنیتەوە، بەڵام هێندەی كەسێك كە دەیان كتێبی خوێندووەتەوە سوودی لێ نەبینیت كە خوێندنەوەی كردووە بە سەنتەر لە ژیانیدا. هەر بۆیە نووسەری باش بە شێوەیەگی گشتی ئەو نووسەرەیە كە خەریكی خوێندنەوەیەكی زۆر و نووسێنێكی بەردەوامە لە فەزایەكی بەسەنتەركراودا.

هاوشێوە