رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

ئۆکرانیا و جەنگی جیهانیی سێیەم

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: سلاڤۆی ژیژەک

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

Download PDF

لە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دووبارە هەستم بە شەرمەزاری کرد کە هاووڵاتیی سلۆڤینیام. حکومەتی سلۆڤینیا ڕاستەوخۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئامادەیە هەزاران پەنابەری ئۆکرانی لەخۆ بگرێت کە لەدەست داگیرکاریی ڕووسیا، ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە… زۆر باشە، بەڵام کاتێک ئەفغانییەکان لەدەست تاڵیبان هەڵهاتن، هەمان حکومەت ئەوەی ڕاگەیاند کە ئامادە نییە هیچ پەنابەرێک لەخۆ بگرێت، بیانووەکە ئەوە بوو لەبری ئەوەی خەڵک هەڵبێن، پێویستە بمێننەوە و بە چەک ڕووبەڕووی تاڵیبان ببنەوە. هاوکات چەند مانگێک لەمەوبەر کاتێک هەزاران پەنابەر لە ئاسیاوە هەوڵیان دەدا لە بیلاڕووسیاوە بگەنە پۆڵەندا، حکومەتی سلۆڤینی کۆمەکی سەربازیی پێشکەشی سووپای پۆڵەندا کرد، بە بیانووی ئەوەی ئەورووپا لەژێر هەڕەشەدایە. کەواتە زۆر ڕوونە ئێمە دوو جۆر پەنابەرمان هەیە: “ئێمە” (ئەورووپییەکان)، کە ئەوان “پەنابەری ڕاستەقینەن”، هەروەها پەنابەرانی جیهانی سێیەم کە شایەنی میواندۆستیی ئێمە نین.

حکومەتی سلۆڤینیا لە ٢٥ـی فێبریوەریدا لە تویتەردا پۆستێکی کردووە کە ئەم جیاکارییە زۆر بە ڕوونی پیشان دەدات: “پەنابەرە ئۆکرانییەکان لە ژینگەیەکەوە هاتوون کە کولتوور، ئایین و مێژوویان زۆر جیاوازە لەو پەنابەرانەی کە وا لە ئەفغانستانەوە دێن.” پاش ئەو هەڵاوهوریای ئەم توویتە دروستی کرد، هەر خێرا نووسینەکە سڕدرایەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دێوی ناشرینی حەقیقەت لە چرا جادووییەکەی هاتە دەرەوە.

ململانێ لەپێناو کاریگەریی جیۆپۆلەتیک

وەک پرسێکی ئەخلاقی ئاماژە بۆ بابەتی پەنابەری ناکەم، چونکە پێم وایە “بەرگری لە ئەورووپا” دەبێتە مایەی کارەسات بۆ جیهانی خۆرئاوا، کە خۆرئاوا لە درێژەی ململانێی جیهانی بۆ کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی هەوڵ دەدات. میدیاکانی ئێستامان جەخت لەسەر بەربەرەکانێی نێوان فەزای “لیبراڵ”ـی خۆرئاوا و فەزای “ئۆراسیایی”ـی ڕووسیا دەکەنەوە، هەر لایەنەک لایەنەکەی دیکە بە سەپاندنی هەڕەشە تۆمەتبار دەکات: خۆرئاوا “شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکان” لە ڕۆژهەڵات دروست دەکات و ڕووسیا بە فراوانخوازیی ناتۆ گەمارۆ دەدات؛ ڕووسیا بە شێوەیەکی دڕندانە هەوڵ دەدات دووبارە دەسەڵاتی بەسەر سەرجەم ناوچەکانی سۆڤیەتی کۆندا بگرێتەوە دەست، کەسیش نازانێت ئەم ئاژاوەیە لە کوێدا کۆتایی دێت. ئێستا زۆر ڕوون بووەتەوە کە ئەگەر بڕیار بێت بۆسنا و هێرزیگۆڤینا لە ناتۆ نزیک ببنەوە پوتین هەر وا دانانیشێت و تەماشا بکات (کە لەوانەیە بەو واتایە بێت پشتگیریی ئەو سڕبیایە دەکات کە لە بۆسنە جیا بووەتەوە.) هەموو ئەمانە بەشێکن لە یارییەکی گەورەتری جیۆپۆلەتیک، تەنها ئەوە بەبیر خۆتان بهێننەوە کە سووپای ڕووسیا لە سووریا بوونی هەیە و ڕژێمی بەشار ئەسەدی لە ڕووخان پاراست.

ئەوەی خۆرئاوا لەبیری کردووە سێیەم گرووپی گەورەی وڵاتەکانە کە زیاتر وەک بینەری ململانێکان ماونەتەوە: جیهانی سێیەم، لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەفریقاوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا – تەنانەت چینیش ئامادە نییە بەتەواوەتی پشتگیریی ڕووسیا بکات، سەرەڕای ئەوەی چینیش پلانی تایبەت بە خۆی هەیە. لە ٢٥ـی فێبریوەریدا ژی جینپینگ لە پەیامێکیدا بۆ کیم جۆنگ یون گوتی کە چین ئامادەیە لەگەڵ لایەنی کۆریادا پێکەوە کار بکەن، تاوەکو گەشە بە سەقامگیریی چین، پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاری لەگەڵ کۆریای باکوور بدەن لەژێر ناوی “لەژێر هەلومەرجێکی تازەدا”، کە ئەمەش بۆ خۆی ئاماژەیەکە بە جەنگی ئۆکرانیا. ترسێک هەیە کە چین ئەم “هەلومەرجە تازەیە” بەکار بهێنێت بۆ “ئازادیی” تایوان.

هەر بۆیە نابێت ئەو شتانەی ڕوون و ئاشکرا دەردەکەون بۆمان دووبارە بکەینەوە. ئەوە ڕاستە ئەو زمانەی پوتین بەکاری دەهێنێت هەموو شتێک ڕوون دەکاتەوە. لە ٢٥ـی فێبریوەریی ٢٠٢٢ پوتین داوای لە سووپای ئۆکرانیا کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن و سەرۆکی وڵات، زیلینسکی، دوور بخەنەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد: “بەم جۆرە ئاسانترە و دەتوانین ڕێک بکەوین.” تاوەکو لەگەڵ “ئەو باندانەی ئاڵوودەی دەرمان و نیۆ-نازین” (حکومەتی ئۆکرانیا) کە “کە سەرجەم خەڵکی ئۆکرانیای بە بارمتە گرتووە.” هەروەها پێویستە سەرنج بدەین بەوەی چۆنچۆنی ڕووسیا ڕاستەوخۆ سەرجەم سنوورێکی پڕچەکدار کردووە: کاتێک دەوڵەتەکانی خۆرئاوا دەربارەی دەکردنی ڕووسیا لە سویفت SWIFT (نێوەندگیریی مامەڵەی دارایی) بڕیاریان دا، ڕووسیا وەڵامی دایەوە کە ئەمە یەکسانە بە هەڵگیرساندنی جەنگ، وەک ئەوەی ڕووسیا پێشووتر لە ئاستێکی گەورەتر دەستی پێ نەکردبێت، ئاستی جەنگێکی ڕاستەقینە؟ نموونەیەکی ترسناکی دیکە ئەو کاتە بوو کە پوتین لە ٢٤ـی فێبریوەریی ٢٠٢٢، کاتێک دەستتێوەردانی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، گوتی: “ئەگەر کەسێک بیەوێت لە دەرەوە دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەمان بدات، ڕووبەڕووی بەرئەنجامێک دەبنەوە زۆر قوورستر لە هەر ڕووداوێک لە مێژوودا ڕووبەڕووی بووبێتنەوە.” با گوتەکانی بە جدییەوە وەربگرین: دەشێت “دەستتێوەردانی دەرەکی” زۆر واتا لەخۆ بگرێت، بە دیاریکراوی ناردنی سووپا بۆ بەرگری لە ئۆکرانیا؛ “بەرئەنجامێکی زۆر قورس کە لەوەوپێش لە مێژوودا ڕووبەڕووی بووبێتنەوە”؟ وڵاتە ئەورووپییەکان ڕووبەڕووی دوو جەنگی جیهانیی بوونەتەوە کە ملیۆنان کەسی تێدا مردووە، کەواتە بەرئەنجامێکی “قوورستر” تەنها بە واتای وێرانکاریی چەکی ئەتۆمی دێت. ئەم ڕادیکاڵیزەیشنەش (کە بە تەنها دەربڕینێکی ڕەوانبێژییانە نییە) و دەبێت بەڕاستی نیگەرانمان بکات: زۆربەمان چاوەڕێی ئەوە لە ڕووسیا دەکەین کە تەنها دوو “کۆمار” داگیر بکات یاخود لە حاڵەتێکی زۆردا هەموو ناوچەی دۆنباس[1] بگرێتە دەست (کەس بەڕاستی چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد ڕووسیا بەتەواوی بیەوێت هەموو ئۆکرانیا داگیر بکات).

ڕادیکاڵیزاسیۆن

هەرچۆنێک بێت ئەوانەی پشتگیریی ڕووسیا دەکەن یاخود لانی کەم دەڵێن کەمێک لە هەڵسوکەوتی ڕووسیا “تێدەگەن”، بەڕاستی کەسانێکی سەیرن. لەوانەیە خەمناکترین بەشی چیرۆکەکە ئەوە بێت کە هەندێک لە چەپی لیبڕالی پێیان وا بوو قەیرانەکە تەنها یارییەکی نێوان هەردوو لایەنەکەیە و هەردوو لاش باش دەزانن ناتوانن جەنگ هەڵبگیرسێنن، پەیامەکەیان ئەمە بوو: “ئاسایی وەریبگرە، خۆت تێک مەدە و هیچ شتێک ڕوو نادات.” بە داخەوە کە دەبێت ددانی پێدا بنێین جۆ بایدن لەسەر حەق بوو کاتێک ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر گوتی پوتین بڕیاری خۆی داوە و هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا… لە دوای هێرشەکانی ڕووسیاوە، هەندێک لە “چەپەکان” (بەڕاستی ناتوانم ئەم وشەیە بەکار بهێنم بەبێ خستنە ناو نیشانەی quotation mark “…”) هەموو لۆمەکەیان خستە سەر خۆرئاوا، چیرۆکەکە هەموان دەیزانن: ناتۆ هێواش هێواش ڕووسیا دەخنکێنێت و ناسەقامگیری دەکات، بە سووپا گەمارۆی ڕووسیای داوە، دەستی بە شۆڕشی ڕەنگاوڕەنگ کردووە، ترسی ڕاستەقینەی ڕووسیای لەبیر بردووەتەوە. تەنها ئەوەتان لەیاد بێت کە لە سەدەی ڕابردوودا خۆرئاوا دوو جار هێرشی کردووەتە سەر ڕووسیا… بێگومان هەندێک حەقیقەت لەمەدا هەیە، بەڵام گوتنی ئەمە هەروەک بیانووهێنانەوە بۆ هیتلەر وایە کە هەموو لۆمەکان بخرێتە سەر پەیماننامەی ڤێرسای کە ئابووریی ئەڵمانیای وێران کرد، هەروەها بەو واتایەش دێت کە زلهێزەکان ئەو مافەیان هەیە کە کۆنتڕۆڵی کاریگەریی خۆیان ئۆتۆنۆمیی نەتەوە بچووکەکان بکەنە قووربانی لەپێناو جێگیرییەکی جیهانیدا. پوتین بەردەوام ئەو بانگەشەیە دووبارە دەکاتەوە کە ناچارە هێزی سەربازی بەکار بهێنێت، چونکە هیچ ڕێگەچارەیەکی لە بەردەمدا نەماوەتەوە، بۆ خودی پوتین ئەمە ڕاستە، بەڵام دەبێتە لێرەدا پرسیارە ڕاستەقینەکە بکەین: ناتوانین دەستتێوەردانی سەربازی لەژێر دروشمی “هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە بوونی نییە[2]” قبووڵ بکەین، مەگەر ئەوەی ڕوانگەی ئەو بۆ سیاسەت و ململانێی زلهێزەکان و فراوانکردنی کاریگەرییان قبووڵ بکەین.

فاشیست کێیە؟

کەواتە تۆمەتی “ئۆکرانییە فاشیستەکان” کە پوتین بەکاری دەهێنێت، بە چ واتایەک دێت؟ سەیر دەبێت ئەگەر زیلینسکی بە نیۆنازی بزانین، لە کاتێکدا خۆی جووە و زۆرێک لە باوباپیرانی لە هۆڵۆکۆست لەدەست داوە… وا دیارە دەبێت پرسیارەکە ئاڕاستەی خودی پوتین بکەین: هەموو ئەوانەی سەبارەت بە پوتین وەهمیان هەڵچنیوە، دەبێت تێبینیی ئەو ڕاستییە بکەن کە ئەو بە فەرمی ئیڤان ئیلینی[3] بە فەیلەسووفی خۆی داناوە. ئیلین فەیلەسووفێکی تیۆلۆجیی سیاسیی ڕووس بوو کە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٢٠ [وەک موفەکیرێکی دژەکۆمۆنیزم] لەسەر “کەشتیی هەڵمیی فەیلەسووفان[4]“ـی بەناوبانگ لە سۆڤیەت دوور خرایەوە. ئەو پەیڕەوی لە نووسخەی فاشیزمی ڕووسی، کە هاوکات دژ بە بۆلشەڤیزم و لیبڕاڵیزمی خۆرئاوا بوو، دەکات. تیۆرییەکەی بانگەشەی ئەوە دەکات دەوڵەت کۆمەڵەیەکی ئۆرگانییە، کە دەبێت لە لایەن یەک پادشای باوکانەوە بەڕێوە ببرێت. بۆ ئیلین، سیستمی کۆمەڵایەتی وەک جەستەیەکە کە هەر کامێکمان شوێنێکمان لەسەر ئەم جەستەیە هەیە، ئازادییش واتا پێگە و شوێنی خۆت بزانیت. بە بڕوای ئیلین دیموکراسی سرووتە: “ئێمە دەنگ دەدەین تاوەکو پشتگیریی دەستەجەمعیی سەرۆکمان بکەین. سەرۆک بە دەنگدانی ئێمە شەرعیەت پەیدا ناکات، یاخود لە ڕێگەی دەنگدانی ئێمەوە هەڵببژێردرێت.” ئایا لە دیفاکتۆی دەنگدانی ڕووسیادا، لەم چەند دەیەیەی ڕابردوودا، هەر بەم جۆرە کاری نەکردووە؟ هیچ سەیر نییە کە ئەمڕۆ لە ڕووسیا کتێبەکانی ئیلین بە شێوەیەکی بەرفراوان دووبارە لەچاپ دەدرێتەوە، کۆپیی خۆڕاییش دەدرێت بە ئەندامە باڵاکانی دەوڵەت و سووپای ڕووسیا. ئەلێکساندەر دوگین[5]، کە ئەمڕۆ فەیلەسووفی دیوانی پوتینە، کتومت شوێنپێی ئیلین دەکەوێت، بەو جیاوازییەی کە کەمێک تیۆریی پۆستمۆدێرن و ڕێژەگەرایی مێژوویی زیاد کردووە:

“پۆست-مۆدێرنیتە ئەوە پیشان دەدات کە هەر بەناو حەقیقەتێک پەیوەندیی بە بڕواهێنانەوە هەیە. کەواتە ئێمە بڕوامان بەو شتەیە کە ئەنجامی دەدەین، بڕوامان بەو شتەیە کە دەیڵێین و ئەمەش تاکە ڕێگەی پێناسەکردنی حەقیقەتە. کەواتە ئێمە حەقیقەتی ڕووسیی تایبەتمان هەیە و پێویستە ئێوە قبووڵتان بێت. گەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەخوازێت جەنگ هەڵبگیرسێنێت، دەبێت بزانن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چیتر سەروەرێکی بێهاوتا نییە، هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و ئۆکرانیا ڕووسیا دەڵێت: “نا، چیتر تۆ سەرۆک نیت.” پرسەکە ئەوەیە کێ جیهان بەڕێوە دەبات. تەنها جەنگیش دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.”[6]

پرسە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە: بەڵام ئەی چی سەبارەت بە خەڵکی سووریا و ئۆکرانیا؟ ئایا ئەوانیش دەتوانن حەقیقەت/بڕوای خۆیان هەڵبژێرن یاخود ئەوان تەنها یاریی دەستی “سەرۆکە” زلهێزەکانن؟ بیرۆکەی ئەوەی هەموو “شێوە ژیانێک” حەقیقەتی خۆی هەیە، پوتین لەنێو ڕاستڕەوە پۆپۆلیستییەکان خۆشەویست دەکات، هیچ سەیر نییە دەستتێوەردانە سەربازییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا لە لایەن ترومپ و ئەوانی دیکەوە وەک ئاکتێکی “بلیمەتانە” پێشوازیی لێ کرا… کەواتە کاتێک پوتین دەڵێت “لەنازیزمداماڵین denazification” دەبێت لەیادمان بێت ئەوە هەمان پوتین بوو کە پشتگیریی مارینی لێ پێن کرد لە فەڕەنسا، لێگا لە ئیتاڵیا و زۆرێک لە بزووتنەوە نیۆفاشیستە ڕاستەقینەکانی دیکە.

بەڵام لەنێو هەموو ئەمانەدا هیچ شتێک مایەی سەرسووڕمان نییە: واز لە “حەقیقەتی ڕووسیا”ـی پوتین بهێنن، ئەمە تەنها ئەفسانەیەکە بۆ دەسەڵاتی خۆی. ئەو کارەی پوتین ئەنجامی دەدات بریتییە لە کۆپیی پاوانخوازیی ئیمپریالیستیی خۆرئاوا. کەواتە بۆ ئەوەی بەڕاستی ڕووبەڕووی ئەو ببینەوە، دەبێت پردێک بەرەو ئاڕاستەی وڵاتانی جیهانی سێیەم دروست بکەین، کە زۆرێکیان لیستێکی دوورودرێژی ناڕەزایەتیی چەوساندنەوە داگیرکاریی خۆرئاوایان هەیە. ئەوە بەس نییە کە تەنها “بەرگری لە ئەورووپا” بکەین: ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە وڵاتانی جیهانی سێیەم قایل بکەین کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە جیهانییەکاندا، ئەوا دەتوانین ئۆفەرێکی زۆر باشتر لە چین و ڕووسیایان بخەینە بەردەم. تاکە ڕێگەی بەدەستهێنانی ئەمەش بریتییە لە گۆڕینی خۆمان لەودیو پۆست-کۆڵۆنیاڵیزمی سیاسییەوە، تاوەکو بەتەواوی لە فۆڕمەکانی نیوکۆڵۆنیاڵیزم ڕزگارمان ببێت، تەنانەت ئەو کاتانەشی دەمامکی کۆمەکی مرۆڤایەتییان پۆشیوە.

گەر وا نەکەین، ئەو کات تەنها سەرسووڕماو دەمێنینەوە، کە بۆچی وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەوە نابینن کە لە بەرگریکردن لە ئەورووپا بۆ ئازادیی ئەوانیش هەوڵ دەدەین، ئەوان ئەمە نابینن، چونکە بەڕاستی خەریکی ئەم کارە نین. ئایا ئامادەی ئەم کارەین؟ گومانم هەیە.

سەرچاوە:


[1]  هەرێمێکە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئۆکرانیاوە.

[2] TINA “there is no alternative”: یەکێک بوو لە دروشمەکانی مارگرێت تاچەر، سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا.

[3] Ivan Ilyin

[4] یاخود کەشتیی فەیلەسووفەکان. چەمکێک بوو کە بۆ ئەو ڕۆشنبیر و نووسەرانە بەکار دەهات کە ساڵی ١٩٢٢ لە یەکێتیی سۆڤیەت بە کەشتی دوور دەخرانەوە.

[5] Aleksander Dugin: یەکێکە لە تیۆری داڕێژەکانی ڕووسیای هاوچەرخ و دامەزرێنەری حیزبی ئۆراسیایە.

[6] هەروەها ئەلێکساندەر دوگین لە دۆکیۆمێنتارییەکی BBC ئەوە ڕادەگەیەنێت کە “ڕووسەکان دەترسن جەنگی ئەتۆمی بەرانبەر خۆرئاوا دەست پێ بکەن.”

هاوشێوە