رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کۆڕێک لە یادی سەد ساڵەی (پەیمانی سیڤەر)دا

Facebook
Twitter
LinkedIn

د. بورهان یاسین لێكۆڵەری كورد، بۆ یادی سەد ساڵەی پەیمانی سیڤەر، كۆرێكی بۆسازكرا و بەرچاو روونییەکی لەسەر كۆڕەكەی و پەیمانی سیڤەر، لە لاپەرەی تایبەتی خۆی بڵاویكردۆتەوە.

 
دەقی نوسینەكەو ڤیدیۆی كۆڕەكە: 
سڵاو بەڕێزان، ئەم کاتەتان باش
لە درێژەی کار و چاڵاکییەکان بۆ بیرهێنانەوە و بەرزڕاگرتنی سەد ساڵەی پەیمانی سیڤەر، لە رۆژی ٢٠٢٢/٤/٢٣ کۆمەڵەی ئەکادیمیانی کوردستان – یوتۆبۆری، سوید، کۆڕێکیان بۆ بەندە رێکخست کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیانی ئەو شارە و دەورەبەری ئامادە بوون.

کۆڕەکە لە ژێر ناونیشانی “پەیمانی سیڤەر: سەد ساڵ دواتر” بەڕێوەچوو، هەر ئەمەش ناونیشانی کتێبەکەم بوو کە ساڵی پار بە چاپ گەیشتبوو.

هەر وەک لە دەستپێکی کۆڕەکەدا جەختم کردەوە، ئەم گردبوونەوەیە کۆڕێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەر لە هەر شتێک ڤیستیڤاڵێکی جەماوەری کوردستانیان بوو بۆ بەرزڕاگرتن و رێزگرتن لە:
١- پەیمانی سیڤەر وەک یەکەم بەرجەستەکردنی پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان؛
٢- جەنەڕاڵ شەریف پاشا، هەڵگری پەیامی کوردان بۆ کۆنفرانسی سیڤەر؛
٣- خەون و خواستی کوردان بۆ سەربەخۆیی.

ڤیدیۆی ئەم کۆڕە لە لایەن زۆر بەڕێز کاک (نەوزاد باهر)ەوە گیراوە و دەرهێنانی بۆ کراوە. سوپاسێکی گەرم و بێپایان بۆ بەڕێزیان، ستایش بۆ ئەرک و ماندوبوونیان.

شایەنی گوتن و جەختکردنەوەیە کە بینین و گوێگرتن لەم ڤیدیۆیە، کە لینکەکەی لە خوارەوە دانراوە، دەکرێ یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دەستگەیشتن بە ناوەڕۆکی کتێبەکەم دەربارەی سیڤەر، کە پێشتر ئاماژە بە ناونیشانی کرا.

دەبێ ئەوەش بڵێین کە لە کۆتایی کۆڕەکەدا و بە هۆی کەمبوونەوەی کات، دەرەنجامەکانی باسەکە زۆر بە کورتی خرانە روو. جا لێرەدا دەرفەتە دەرەنجامەکان وەک خۆیان بخرێنە روو، بە هیوای ئەوەی ئەم دەرەنجامانە یارمەتیدەربن بۆ رێگە خۆشکردن بۆ بینین و گوێگرتن لە تەواوی ڤیدیۆی کۆڕەکە.
دەرەنجامەکان وەڵامی ئاشکراو راستەوخۆی پرسیەرەکانی باس و لێکۆڵینەوەی کۆڕەکەن، کە هەڵبەتە پرسیاری سەرەکی کتێبەکەشن. پرسیارەکانیش ئەمانەن:
 ١) چۆن دەتوانین لە ژینگە و فاکتەرەکانی سەرهەڵدان و شکستی پەیمانی سیڤەر بگەین؟
 ٢) ئایا بۆ پەیمانی سیڤەر هەر لە سەرەتاوە، بە تایبەتی لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، بۆ کورد پەیمانێکی سەرڕاست و بێ کێشە نەبوو؟

دەرەنجامەکان:
١) ماوەی ساڵانی دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی یەکێکە لە چرکەساتە هەرە دینامیکی و یەکلاکەرەوەکان لە مێژووی مۆدێرنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: ئەمە چرکەساتی لە قاڵبدانەوە و فۆڕمدان بوو بەو ناوچەیەیە. کورد لەم چرکەساتەدا “بەجێما،” و نەبوو بە سەرنشینی شەمەندەفەڕی بەدەوڵەتبوون! ئیـمڕۆش دوای سەد ساڵ کورد لە هەمان ئەو قاڵب و فۆڕمەدا لە لایەن ژمارەیەک دەوڵەتەوە وە بە گشتی سیستمی دەوڵەت لە ناوچەکەدا “دەست بەسەرە و بە بارمتەگیراوە”؛
٢) بە پێوەری ئەو کاتە، واتە ساڵانی دوای کۆتایی جەنگەکە، جێکردنەوەی کوردستان لە پەیمانی سیڤەردا مەسەلەیەکی یەکجار کرنگ بوو. . . راستییە مێژووییەکە ئەوەیە کە ئەو دیزاینەی لە ناو پەیمانی سیڤەردا بۆ کوردستان  کێشرابوو زیاتر دەربڕی ئەو یەکانگیرییە بوو کە لەو چرکەساتەدالە نێوان خەونی بەدەوڵەتبوونی کورد لە لایەک وە بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی ئەو کاتە فەراهەمبوو. . . بە هەر حاڵ ئەم یەکانگیربوونە لە نێوانە خەونی کوردان لە لایەک وە بەرژەوەندییەکانی زلهێزە براوەکانی ئەو کاتە یەکجار کورت بوو، تەنانەت بەشی ئەوەشی نەکرد هەنگاوێکیش لە ئاراستەی جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەر بهاوێژرێ.
بەم منایەش، هەر زوو بازنەی ئەو یەکانگیربوونە پچڕا، وە ئەو فاکتەرە سەرەکییەی کە ئەم بازنەیەشی پچڕاند بە شێوەی سەرەکی تەوژم و جوڵانەوەی ناسیۆنالیستە تورکەکان بوو بە سەرکردایەتی ئەتاتورک. . .
 ئێستاش وەک سەد ساڵ پێشتر تورکیا گەورەترین هەڕەشە و ئاڵنگارییە لەبەردەم دۆزی کورد؛
٣) پەیمانی سیڤەر رووداوێکی مێژووییە. . . لە رووی فیکریشەوە شیاوترین گۆشەی بینین بۆ سیڤەر ئەوەیە کە ئەو پەیمانە وەک درێژکراوەی سایکس-پیکۆ ببینین!
بەو مانایەش تەنانەت لە کاتی جێبەجێکردنیشیدا بەرهەمی بەرجەستەکراوی سیڤەر دیسان دەکەوتە ژێر سێبەری قورسی سایکس-پیکۆ؛
٤) لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستیدا ئاسان نییە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە کە بە (ئەگەر) دەستپێدەکەن. . .
لەگەڵ ئەوەشدا، لە چوارچێوەی ئەو بەڵگەنامە مێژووییەدا کە مادەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ پێکدەهێنن، دەکری بە ئاسانی بڵێین: لە حاڵەتی جێبەجێبوونی سیڤەر، کوردستان، لە بری چوار، بۆ پێنج بەش دابەش دەبوو. . . جگە لەوەش لە سیڤەردا بەشێکی گەورەی باکووری کوردستان دەبوو بە دەوڵەتی ئەرمەن!؛
٥) سەرکەوتنی ناسیۆنالیستە تورکەکان لە شەڕەکانیان بەرامبەر بە ئەرمێنیا (دواتر
ئەرمێنیای سۆڤیەتی) و یۆنانییەکان و هاوپەیمانان ئەوەندە کاریگەر بوو ئیتر هاوپەیمانان لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٢ ملیان دا بۆ مۆرکردنی ئاگربەست لەگەڵ دەسەڵاتی تورکە ناسیۆنالیستەکان لە مۆدانیا، بەمەش “تورکیا” لە دۆڕاوەوە چووە ریزی براوەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی؛
٦) بە پێچەوانەی تەسەوری “بەشێک” لە ئەو ناسیۆنالیستە کوردانەی بەردەوام
گوتویانە، کە بەلشەفییەکان و سۆڤیەت دۆستی راستەقینەی “میللەتە ستەم لێ کراوەکانن،” لە راستیدا دۆستایەتی بەلشەفییەکان بۆ کەمالیستەکان و رێککەوتن لەگەلیان، یەکێک بوو لە فاکتەرە پشتشکێنەکان بۆ کورد، بە تایبەتی بۆ شکستی پەیمانی سیڤەر؛
٧) زۆر کەم شت هەیە، ئەگەر ئەسلەن شتێک جگە لە سیڤەر هەبێ، کە بەو رادەیە حزوری هەبێ لە رۆح و حاڵەتی دەروونیی ناسیۆنالیزمی تورکیدا. ئەم حزورە بووە بە “کۆدەرد” (syndrome) لە قوڵایی دەروونی ناسیۆنالیستە تورکەکاندا:
لە لۆژیکی ئەم کۆدەردەدا لە هەر کات و جێگایەک باسی دۆزی کورد کرا یا ناوی کورد یا کوردستان هێنرا، ئەوا سیڤەر بە توندی ئامادەیە و دەبێتە هۆی شڵەژانی دەرونی ناسیۆنالیستە تورکەکان، چ لە ئاستی فەرمی یا نافەرمیدا؛
٨)  بە پێچەوانەی ناسیۆنالیزمی تورکی، سەرەڕای هەموو تێبینی و سەرنجێک لەسەر پەیمانی سیڤەر، پەیمانەکە “روو لە ناوەوە و روو لە دەرەوە” خاڵێکی گرنگی مێژوویی بۆگەڕانەوەیە (a point of reference) بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی.
                     ——-
فەرموون ئەمەش پەیوەندی (لینکی) ڤیدیۆی کۆڕەکەیە، بە هیوای بیستن و بینینێکی بە سود:

هاوشێوە