رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

لە بارەی مرۆڤی تاکڕەهەندەوە

Facebook
Twitter
LinkedIn

ئازاد شکۆر

Download PDF
ئەگەر بمانەوێت، شیکردنەوەیەک بۆ چەمکی مرۆڤی تاک ڕەهەند بکەین، ئەوا دەبێت بێ شک ئاوڕێک لە ” قوتابخانەی فرانکفۆرت” بدەینەوە، چونکی هیچ کەس هێندەی بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە بەو شێوە قووڵییە نە خزاونەتە نێو مرۆڤی تاک ڕەهەندەوە، هیچ کەس بەم شێوەیەیی ئەم قوتابخانەیە قسەی لە سەر چەمکی مرۆڤی تاک ڕەهەند نەکردووە. بۆیە وا باشترە پێش ئەوەی قسە لەسەر مرۆڤی تاک ڕەهەند بکەین، سەرنج بخەینە سەر قوتابخانەی فرانکفۆرت و لەوێوە بخزێینە نێو مەسەلەی مرۆڤی تاک ڕەهەندەوە.

قوتابخانەی فرانکفۆرت” چییە؟”

مێژووی بیرۆکەی ڕەخنەیی، مێژوویەکی کۆنی هەیە، دەتوانین بیگەڕێنینەوە بۆ بیرۆکەکانی ڕەخنەیی لە هزری سوقراتدا. هەرچەندە بەم شێوازەی ئێستا نەبووە، بەڵام دەکڕێت یەکەمین سەرچاوەی هزری “قوتابخانەی فرانکفۆرت” بگێڕینەوە بۆ ئەو سەر دەمە.دەستەیەک لە بیرمەندانی ئەڵمانی لە ساڵی ١٩٢٣ زایینیی، لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، قوتابخانەیی بیرۆکەیی ڕەخنەییان بە فەرمی دامەزراند، بۆیە ئەو ناوەشی لێ نراوە، چونکە پەیمانگای لێکۆڵینەوە و کۆمەڵایەتیەکانی لە فرانکفۆرت کردبووە ناوەندی خۆی، ساڵی ١٩٣٢ زایینیی، “گۆڤاری لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتیەکان ” کە کاری لەسەر پرسە کۆمەڵایەتیەکان دەکرد بووە زمانحاڵی ناوەندەکە.بیرۆکەیی ڕەخنەییەکانیان زیاتر لەو ڕەخنانە پێکهاتووە، کە ڕەخنە لە پێکهاتە جیاوازەکانی ژیان دەگرێت. زۆربەی چالاکیەکانیان بە چەشنی ڕەخنەیە، بەڵام ئامانجە بنەڕەتەکەی ئەم قوتابخانەیە ڕەخنە گرتنە، لە کۆمەڵناسی، چونکی پێیان وایە بارودۆخی هەنوکەیی کۆمەڵگای قبووڵ کردووە، هەوڵ لە پێناو گۆڕینی کۆمەڵگا نادات.[1]
شایەنی باسە مارکسیزم سەرچاوەی سەرەکی قوتابخانەی فرانکفۆرتە. بەڵام بەو شێوازە خوێندنەوە لە تێزەکانی “مارکس” دەکەن کە خۆیان پێداگری لەسەر دەکەن، کە ئەویش ڕێبازی ڕەخنەگری کردبووە بەرنامە و کارو چالاکی و بیرکردنەوەکانی خۆی، بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە، پێیان وایە: (ئەگەر جیهانی سەرمایەداری تۆوی لە نێو چونی لە نێو خۆیدا هەڵگرتبێت، ئیتر چ پێویست بە شۆڕش و بزاڤ دەکات!) ڕێبەرانی ئەم قوتابخانەیە تەنیا فاکتەری ئابووری بە دیاریکەری چەمکەکانی ژیان نابینن، بەڵکوو چەمکەکانی تری ژیانیش وەک چەمکگەلێکی(ئایین، کەلتوور، سیاسەت، جڤاک) بەهەند وەردەگرن، ئەمە یەکێک لەو دەلاقانەیە کە دەیانویست گۆڕانکاری لە بۆچوونی مارکسدا بکەن، ئەم قوتابخانەیە زیاتر قورسایی خۆیان خستووەتە سەر لایەنە کۆمەڵایەتیەکە، ئامانجیشیان دەستنیشانکردنی ئەو ڕەهەندانەیە کە دەبێتە هۆی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە تاک ڕەهەندیەوە بۆ فرە ڕەهەند).[2]

شایەنی باسە پێداویستی و تەواوی خەرجییەکان و موچەی فەرمانبەرانی قوتابخانەکە لە سەر ئەستۆی”فلێکس جەی ڤایل” بوو.[3]

_بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت

لە مێژووی بەڕێوەبردنی ئەم قوتابخانەیەدا چەندین گۆڕانکاری گرنگ هەم لە بواری ڕێڤەبەرایەتی و هەمیش لە بواری تێگەیشتن و فیکرەوە بە خۆیەوە بینیوە، پێتڤیە تیشک بخەینە سەر ڕێبەرانی قوتابخانەکە. :دابەشی دوو قۆناغیان دەکەین ئەوانیش

:قۆناغی یەکەم

(کاڕل گڕۆتنبێرگ) یەکەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بوو، مامۆستای یاسا بوو لە “زانکۆی ڤییەنا” وەک یەکەمین سەرۆک وتاری کردنەوەی پەیمانگاکەی لە مانگی حوزەیرانی ١٩٢٤ز خوێندەوە، جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە کێشە واقیعیەکان و چارەسەرکردنیان و قووڵبوونەوە لێیان لە ڕووی زانستی لە لایەن پەیمانگا کردەوە، گوتی نابێت پەیمانگا تەنیا دامەزراوەیەکی فیکری بیرمەند و تیۆریسانەکان بێت، بەڵکو پێیویستە پێچەوانەی پەیمانگاکانی دیکەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر بێت، ساڵی ١٩٢٩ زایینیی کۆتایی بە خولی سەرۆکایەتییەکەی هات.

:قۆناغی دووەم

بە سەرۆکایەتی هۆرکهایمەر، لە تەممووزی ساڵی ١٩٣٠زایینیی، وەک سەرۆکی پەیمانگای توێژێنەوە کۆمەڵایەتیەکان ناوی هێنرا، ساڵی ١٩٣١ بەفەرمی وەک سەرۆکی پەیمانگا دەست بەکار بوو، لە کاتی وەرگرتنی پۆستەکەی وتارێکی لە ژێر ناویشانی “بارودۆخی ئێستای فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و ئەرکەکانی پەیمانگای توێژینەوە کۆمەڵایەتیەکان” پێشکەش کرد. تێڕوانینەکانی تا ڕادەیەک جیاواز تر بوو لە پێش خۆی، سەردەمی “هۆرکهایمەر” بە سەردەمی کامڵ بوون دادەنرێت بۆ قوتابخانەی فرانکفۆرت. ئەو پێچەوانەی کاڕل گرۆتنبێرگی هاوڕێ و هاوپیشەی پێی وانەبوو کە تەنیا ئابووری ڕووگەی ژیان و حەقیقەت بێت. ئەو تەنیا بایەخی بە فەلسەفە نەدەدا، بەڵکوو گرنگیشی بە دەروونشیکاریش دەدا، بەتایبەت لێکدانەوە دەروونییەکانی فرۆید. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە دەروونییەکانی فرۆیدەوە شیکردنەوەی بۆ دۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی دەکرد، جەختی لەسەر پێویستی هەنگاونان بەرەو لێکۆڵینەوە لە بابەتە کۆمەڵایەتیەکانی ئێستا دەکرد، بە سوود وەرگرتن لە بواری فەلسەفە. واتا دەیویست فەلسەفە لە بورجە عاجیەکە بهێنێتە خوارەوە و تێکەڵ بە ژیانی ناو کۆمەڵگای بکات، داوای دەکرد فەلسەفە گرنگی بداتە هەموو لایەنەکانی تری ژیان چ سیاسەت یان ئابووری یان دروونی وە یان کۆمەڵایەتی.[4]


ئێمە لێرەدا دەتوانین ئەوەی لێ هەڵبهێنجێت نین، کە فیکر و هزرو میتۆدو زانست و تەواوی تیۆرییەکان، بۆ ئەوە هاتووون، کە بێنە نێو ژیانی تاکەکانەوە، تێکەڵ بەو بارودۆخ و ژیانەی تاکەکان بێت کە تاکەکان تێیدا نغرۆ بوون. فیکر نابێت چەق بەستوو و گۆشەگیر دابڕاو لەکۆمەڵ بێت، بەڵکوو دەبێت چارەی واقیعی تاکەکان بکات و هەوڵی هۆشیارکردنەوە و چارەسەرکردنی ئەو گیرگرفتانە بدات کە تاکەکان پێوە گیرۆدە بوون، دەبێت ڕەخنە لەو عەقڵی چەق بەستوو و کەلتورو سیستەمە سیاسی و ئایینیانە بگرن کە کۆمەڵگا بە مێگەل دەکەن. دەبێت فیکر بە شێوەیەک خۆی بخزێنێتە نێو ژیانی تاکەکانەوە هەموو ئەو دەرگا داخراوانە بکاتەوە، کە سیستەمە سیاسی و کەلتوری و ئایینییەکە کە بۆ پاراستنی خۆیان قوفڵی ئاسنینیان لە مێشکی تاکەکان داوە، هەموو دەرگایەکی ئازادی و سەربەستی و مافی کەسیان بەڕووی تاکەکان داخستووە، ئیتر چ لە ڕێگەی فشارەوە بێت یان لە ڕێگەی ڤێرژنە تەکنۆلۆژییەکانەوە بێت، بۆیە یەکەم ئەرک و دوا ئەرکی فیکر فەراهەمکردنی ئازادی و سەربەستییە، ئەویش لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوە و بڵاوکراوە و سیمینار و کۆڕو نوسراو و هەموو ڕێگاکانی تری گەیاندن. بۆ ئەوەی وا لەتاکەکان بکەن پەتی بەندایەتی بپچڕێنن و باوەش بە ئازادیدا بکەن، لەو ڕێگەیەشەوە ئاشنایی مافەکانی خۆیان بن.


_ئەو فاکتەرانەی ڕۆڵیان لەدرووست بوونی قوتابخانەی فرانکفۆرت هەبوو

گومانی تێدا نییە، دروست بوونی هەر قوتابخانەیەک یان ڕێبازێکی فکری و کۆمەڵایەتی دەر ئەنجامی کۆمەڵێک ڕووداون. ئاشکراشە دروستبوونی “قوتابخانەی فرانکفۆرت” دەرەنجامی کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکی و نێو خۆی بوو. هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی یەکەم ١٩١٤-١٩١٨ زایینیی کە بووە هۆی ماڵوێرانی کاولکاری و بەتاڵییەکی زۆر قەیرانێکی گەورەی مرۆیی وە هاوکات ساڵی ١٩١٧ زایینیی دروستبوونی حکومەتی بەلشەفی”یەکێتی سۆڤیەت” بە سەرۆکایەتی “فلادمێر لینین” لە ڕوسیا، وە شکستهێنانی شۆڕش لە ئەڵمانیا و نە گەشتنە ئاکامی شۆڕشی سۆسیالیستە ڕادیکاڵەکان لە ئەورووپای ڕۆژئاواوە.
دەرکەوتنی نازیەکان لە ئەڵمانیا و فاشیستییەکان لە ئیتاڵیا، وە زاڵبوونی هەیمەنی سەرمایەداری ئەو هەموو قەیرانە ئابووری و مرۆییەی کە جیهان تێی کەوتبوو، ئەو دابەش بوونەی لە نێو ڕیزەکانی چەپدا دروست بوو، کوژاندنەوەی هەموو ڕوناکیەک و لەمپەر دروستکردن لە هەمبەر ئازادییەکان، ئەو کۆت بەند و نادادیەی کە کە جیهانی گرتەوە بووە هۆی دروست بوونی قوتابخانەی فرانکفۆرت. ئەو قوتابخانەیە لە گەڵ هاتنی نازیەکان بۆ سەر حوکم کارو چالاکیەکانیان ڕاگیرا لە ساڵی ١٩٣٣زایینیی بە بیانووی ئەوەی کە قوتابخانەکە تێڕوانینێکی مارکسیانەیان هەبوو، زۆربەی ڕێبەرانیان جوولەکە بوون، لە پاش ئەم ڕووداوە ئەم قوتابخانەیە و ڕێبەرانیان ئاوارەی وڵاتان بوون لە ئەورووپا و بە تایبەت لە وڵاتی سویسرا. بەڵام بەهۆی فشاری نازیەکانەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاواش دەرپەڕێنران، دوو وڵات لە بەردەمیاندا ئاوەڵابوو، یەکێتی سوفیەت و ئەمریکا. هەرچەندە قوتابخانەکە تێڕوانینێکی مارکسانەی هە بوو، هاوشێوەی یەکێتی سۆفییەت کە سەر بە میتۆدی مارکسیانە بوو، بەڵام ڕێبەرانی قوتابخانەکە وڵاتی ئەمریکایان هەڵبژارد بۆ بڵاوکردنەوەی کارو چالاکیە فیکرەکانیان، چونکی ئەمریکا ئازادی زیاتری تێدا بوو.
وەک ڕوونیشە بۆ ئەوەی فیکرێک گەشەو نەش و نما بکات دەبێت فەزایەکی ئازاد و سەربەستانەی بۆ فەراهەم بکرێت.

چۆن لە مرۆڤی تاک ڕەهەند تێ بگەین؟

پرسی مرۆڤی تاک ڕهەندی یەکێک لەو پرسانەیە، کە جیهانی سەرمایەداری بە ڕێگەیەکی نەرمترو ئاسانتر هەوڵ دەدەن تاکەکان ڕوو لە یەک ئاراستە بکەن و یەک بەرنامە و یەک ڕوانینیان هەبێت، بۆ ئەم مەبەستە بەهێزترین چەکیش تەکنۆلۆژیا و ئەپ ڤێرژنی نوێیە کە لە ڕێگەیەوە دەتوانن دەست بەسەر عەقڵی تاکدا بگرن. بۆیە یەکێک لەو پرسانەی کە ڕێبەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت هەڵوێستەی لەسەر دەکەن پرسی تەکنۆلۆژیا و ڕواڵەتە، دیارترین ئەو ڕێبەرانەش کە بە شێوەیەکی قووڵ دژی تەکنۆلۆژیا و سیستەمی سەرمایەداری وەک ڕەخنەگرێکی ڕادیکاڵی تەکنۆلۆژی دەناسرێت “هێربەرت مارکۆزە” یە. ئەگەر لەقۆناغە کۆنەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە میکانیزم ئامرازی ناعەقڵانی وەک خورافات و ئەفسانە و میتافیزیک، مرۆڤەکان چەوسێنرابێتەوە ئەوا لەسەردەمی تەکنۆلۆژیا و سەرمایەداریدا، چەوساندنەوەکان و گەوجاندنی تاکەکان و کۆمەڵگا زۆر زیاتر بووە، بەڵام بە فۆرم و شێوازێکی تر، تاکەکان بەرەو یەک ئاراستە براون.

“هێربرت مارکۆزە” یەکێکە لە ڕێبەرو فەیلەسووفی “قوتابخانەی فرانکفۆرت”ە. لە باسی ڕۆڵی دەوڵەتی مۆدێرن و جیهانی سەرمایەداریدا لەهەمبەردروستکردنی مرۆڤی تاک ڕەهەند دا، دەڵێت: ( مرۆڤی تاک ڕەهەند کەسێکی ملکەچکراوە بە تۆتالیتاریزمی کۆمەڵگای تەکنیکی و پیشەسازی، ئەو مرۆڤانە لەژێر بێ ڕەحمی هەیمەنەی ئامێردان، کە لە سایەیی سیستەمی سەرمایەداریدا، چیتر خواستی ئامرازگەرایی و بە کاڵایی بوون و بە شت بوون، دەبێتە مۆرکی پەیوەندیە مرۆییەکان.)[5] لەم دەقەی مارکۆزەوە دەگەین بەو بڕوایەیی چەمکی مرۆڤ بوون وەردەگرێتەوەو لە بری ئەوە چەمکی نامرۆڤی جێگیر دەکات، چونکی ئامێرەکان بە شێوەیەک سەربەستی ئازادی لێ سەندوونەتەوە، بووەتە کۆیلەی تەکنۆلۆژیا. ئەم کۆمەڵگاو مێژووە نوێیە لە ڕێگەی چەپاندنی تاکەکانییەوە، ئیمکانی گۆڕان لەناودەبات، چونکە عەقڵانیەتی تەکنۆلۆژیا باڵ بەسەر هەموو جۆرەکانی دیکەی عەقڵانییەتدا دەگرێت، چونکی لەسایەی ئەم جۆرە سیستەمەدا عەقڵ کورت دەبێتەوە بۆ سازشکردن و چەپاندنی تاکەکان بۆ عەقڵانیەتی سەرمایەداری و تەکنۆلۆژی و بەکاربەری، کە پێش هەموو شتێک ئەم عەقڵە نوێیە نکوڵی لە ئازادی بە هەموو جۆرەکانییەوە دەکات. ئەم کۆمەڵگاو سیستەمە وادەکات کە تاکەکان لە فرە ڕەهەندی بکەون کەهیواو ئومێدی ڕیفۆرم و گۆڕانکاریەکانە. لەسایەی ئەم مۆدێلە نوێیەوە کۆمەڵگا مەیلێکی تۆتالیتاری وەردەگرێت، چونکە کۆمەڵگا لەڕێگەی توند و تیژی و سەرکوتکردنەوە تێک ناشکێنرێت، بەڵکوو لەڕێگەی بە کۆیلەکردن و زەلیلکردنی نەرمەوە، کۆمەڵگا دەچەپێنێت و سەرکوتی دەکات.

کۆمەڵگا بەدەست تەکنیک و عەقڵانییەتە ناعەقڵانیەتەکەی ئەم سیستەمەوە گیری خواردووە، هەرچەندە سیستەمی سەرمایەداری لەهەناوی خۆیدا کۆمەڵێک پرنسیپی وەک دیموکراسی و لیبراڵ و پرۆلاریستی هەڵگرتووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە مرۆڤێکی ئازاد بن، بەم دەرەنجامەش کۆمەڵگای تاک ڕەهەند، کۆمەڵگایەکی نائازادە، بۆیە دەبێت ئامانجی تاکەکان و کۆمەڵگاش خەبات بێت لە پێناو ئازادیدا.
(کۆمەڵگای پیشەسازی لەسایەو سێبەری سیستەمی سەرمایەداری پێشکەوتوودا، کۆمەڵێک پێویستی و ئاتاجی درۆزنانە و خەون و خەیاڵی ساختەی بەرهەم هێناون، کەوا ڕێگرن لەبەردەم پرسیارە ڕاستەقینەو ڕادیکاڵەکان و ڕێگا نادەن ئەو سەرکوتکارییەی کە هەیە ئەو بنەمایانەشی وەک حەقیقەتێکی بەردەوام و قبووڵکراو بەرجەستە دەکەن بخرێنە ڕوو.)[6]
تاکەکان و کۆمەڵگاکان لەقۆناغی سەرمایەداریدا، کە مرۆڤ بەرەو تاک ڕەهەندی ئاراستە دەکەن، بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی پێداویستی ناپێویست بۆ پێداویستی زەرووری.
“هێربێرت مارکۆزە” دەڵێت: (خەڵک لەڕێگەی کاڵاکانیانەوە پێناسەی خۆیان دەکەن، جەوهەری ڕووحی خۆیان لە ئۆتۆمبێل و ئایپاد و موبایل و ماڵی ڕازاوەو تیڤی و کەلوپەلی مۆدێرن دەبیننەوە، تەکنۆلۆژیای هاوچەرخ سیفەتێکی عەقڵانی بەسەر نەقسی ئازادی مرۆڤدا دەبەخشێت.)[7]
دەتوانین لەم تێڕوانینەی “مارکۆزەوە” ئەوە هەڵهێنجێنین، کە ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی بێ پارەیی و هەژاری بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لەزیادبوونە، ئابووری داهاتی تاکەکان ڕووبەڕووی جۆرێک لە نابووتی بووەتەوە، بەڵام هێشتا زۆرینەی خەڵکی لە هەوڵی دابینکردنی هەندێک کەلوپەل و کاڵا دەدەن، کە بریتین لە [پێداویستی ساختە] واتا پێداویستی ژیان نین، بەڵکوو بەهۆی بانگەواز و ڕیکلام کردنەوە بۆ ئەو پێداویستیە نا پێویستانە دەکرێن بە پێداویستی زەرووری، بەم پێیەش خەڵکی دەبنە پاشکۆ و ملکەچی ئەو پێداویستیە نا پێویستیانە، هەروەک مارکس بە “فیتیشیزمی کاڵایی” ناوی بردووە. چونکی لەکۆمەڵگای سەرمایەداریدا پەیوەندی نێوان تاکەکان دەگۆڕێت، واتا پیوەندی نێوان تاکەکان لەڕێگەی ئەو کاڵایانەوە دەبێت کە ئاڵوگۆڕی دەکەن. هێزی پارە تەواوی کایەکانی ژیانمانی داگیر کردووە، قازانج و کەڵەکە کردنی سامان خراوەتە پێش هەموو بەهایەکی مرۆییەوە، سەرجەم چەمک و بەهرە مرۆییەکان بە بڵندنشینی نەماوەتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ هەڵبەزو دابەز بەهونەر و فکرو ڕۆشنبیری و ئایین ومۆڕاڵ و جووڵەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەو پیرۆزیەکان دەکات، جووڵە و هێزی سەرمایە و ڕیکلامە جۆربەجۆرەکانە، نەک بە تەنیا میدیاو دەسەڵات و هێزی سەربازی. بۆیە کۆی ئەو شەڕانەی لە هەسارەکان بەرپا بووە، پاڵنەرێکی ئابووری و بازرگانی هەیە.
ئەگەر سنوورێک بۆ ڕیکلام و ئالوودەبوون بە میدیاوە دابنرێت، دەست بەجێ تاکەکان تووشی خورپە و ڕاچەڵەکین دەبێت، دوای ئەوەی هەلی پرسیارکردن و بیرکردنەوە لە خۆی دژەکەی و ناسینی خۆی بەباشی بۆ دەڕەخسێت.
پێشتر لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی بەهۆی دروست بوونی ئامێرەوە بەڵام کرێکاران هێشتا هەر کاریان دەست دەکەوت و لە بەرامبەر هێزی کاریان کرێیەکیان وەردەگرت گەرچی ئەگەر کەمیش بێت، بەڵام ئەمڕۆ لە ژێر سایەی تەکنۆلۆژیا و ڕۆبۆت و خاوەن تەکنۆلۆژیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، هەموو ئەو ئامێرانەی کە بوونەتە جێگرەوەی زۆرینەی ڕەهای مرۆڤایەتی، چیتر خاوەن ڕۆبۆت و خاوەن ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان، ئەو کرێ کەمەی کە پێشتر بە هێزی کاری خۆیان دەستیان دەکەوت، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، پێیان ڕەوا نابینن و بۆ خۆیان قۆرخی دەکەن،
ئەمەش هێندەی تر ژیانی خەڵکی دژوارتر ناهەموارتر دەکات.
وادەکات تاکەکان نەتوانن ببنە خەڵکانێکی فرە ڕەهەند، تەنیا لە بیری دابینکردنی قووتی ڕۆژانەی خۆیان بن، دەرفەتی ئەوەیان بۆ ناڕەخسێت تاکەکان لەبازنەی تاک ڕەهەندی بچنە دەرەوە، چونکی کاتیان لە ناو ئەم جۆرە سیستەمەدا داگیر دەکرێت. ناتوانن بخوێننەوە و تێڕامان و تێهزرین بۆ ڕووداوەکان بکەن.

سیستەمی سەرمایەداری کێڵگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی تاک ڕەهەندە، مرۆڤی کەپیتاڵیزمی ناو ئەو سیستەمەی کە دونیای قووتداوە، مرۆڤەکان لە سەر یەک هێڵ و یەک ئاراستە پەروەردە دەکات، بە جۆرێک تاکەکانی کردووەتە خودانی یەک بیر و یەک چارەنووس و یەک ئازار، کە ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە، کە مرۆڤ خاڵی دەکات لە ڕەهەندەکانی تر و ئاراستەکانی فیکر.سەرجەم ئاسۆکانی لەسەر دادەخات. سیستەمی سەرمایەداری کە سیستەمێکی تەواو ئابوورییە، هاوکات لەگەڵ خۆیدا سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی لەگەڵ خۆیدا پێکهێناوە، هەریەکەیان تەواوکاری ئەوی تریانە، هەریەکەیان بە پێی هێزی خۆی زامنی چالاکی و جووڵەکانی ئەوی تر دەکات. کەواتە “کەپیتاڵیزم” بە پلەی یەکەم سیستەمێکە پشت بە خاوەندارێتی تایبەتی دەبەستێت، پشت بە ئامرازەکانی [بەرهەمهێنان و هێزی کار] دەبەستێت.
لە ڕێگەی کارپێکردنی کرێکارانەوە سەر بەرهەمەکانی خۆی، سەرمایەی خۆی بەدەست دەخات. کارل مارکس فەیلەسووفی ئەڵمانی و خاوەنی مافێستی پارتی کرێکاران، ئەمە ناو دەنێت”زێدە بەها” واتا لە بری ئەوەی ٨سەعات کرێکار کاری بۆ بکات، ئەوا کرێکار ١٢ سەعات کاردەکات بە هەمان کرێی ٨سەعاتی، ئەو چوار سەعاتەی زیادکراو دەچێتە گیرفانی خاوەنکارەوە، لەم ڕێگەیەوە خاوەنکار دەست دەکات بە کەڵەکە کردنی سەرمایە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەمینەیەک دەبنە خاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنان زۆرینەی کۆمەڵگاش خاوەنی هیچ نین، جگە لەهێزی بازوویان، ئەم هێزەش دەفرۆشنە سەرمایەداران لەپێناو بژێوی ژیانیان و مانەوەیان لەژیان.ئەمەش وادەکات مرۆڤگەلێکی بەکاربەر و خاڵی لەڕۆحی شۆڕشگێڕی دروست دەکات لەڕێگەی ئەو مەکینە زەبەلاحەی ڕاگەیاندن و هۆکارەکانی پەیوەندی، جۆرێک لە پێداویستی درۆینە و ساختەی دروست کردووە، دەزگا سەرکوتکارەکانیش کە پارێزەری ئەم سیستەمەن کاریگەری نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵ داناوە. دونیای کردووە بە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی، هەر لەو ڕێگەیەشەوە توانیویەتی مرۆڤی یەک بیر و یەک خولیا دروست بکات، وای لێهاتووە تاکەکانی کۆمەڵگا بە دەوری یان یەک بازنەدا بخولێنەوە، بەمەش ڕۆحی بزاڤ و شۆڕشی پەک خستووە، لەبری ئەوە کۆمەڵێک پێداویستی ناپێویستی خزاندووەتە ناو جڤاکەوە زەینی کۆمەڵگای پێ داگیر کردووە، ئامانجیش نیشادان و بە گەڕ خستنی کاڵاکانیان و کۆمپانیا زەەلاحەکانیانە لە سەر حیسابی خەڵکی نەدار و بێ ساحیب.
هەرچەندە ئەم سیستەمە وا خۆی مانفێست و بەیان دەکات کەسیستەمێکی دیموکراسە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا فەرهودکار و تۆتالیتار و گیرفان بڕ و داپڵۆسێنەرە. لە ڕێگەی ڕیکلام و ڕاگەیاندنە بێشومارەکانیانەوە تاکەکان ناچار دەکات کە خۆیان لە لەکاڵاو بەرهەمی کۆن ڕزگار بکەن. بۆ نمونە موبایل و ڤێرژنە نوێیەکان، بە تەواوەتی گیرفانی بەکاربەریان تاڵان کردووە. وا لەتاکەکان دە گەیەنێت ئەگەر موبایلی زیرەک یان ئایفۆن مۆدێل بەرزت نەبێت ئەوا وەک جۆرێک لەکەم و کورتی وێنەت دەکەن، وا دەکەن تاکەکان هەرچەند خاوەنی داهاتێکی سنووردارن خۆیان دەخەنە ژێرباری قەرزێکی زۆرەوە تەنیا لەپێناو بەدەستهێنانی موبایلێک یان هەر ئامێرێکی تەکنۆلۆژی، دواجار مرۆڤێکی قەرزدار دروست دەکات، ئەمەش مرۆڤێکی کۆیلەی مونەزم بەرهەم دەهێنێت.واش دەکات تاکەکان هەست بەو کۆیلایەتیە نەکەن، واتا نا عەقڵانییەت دەکەن بە عەقڵانییەت و نا مەعقوڵیش بە مەعقوڵ، هەر لە ڕێگەی میدیاوە سەرنجت دەخاتە سەر جۆرەها خواردن و ئامێر، وا دەیچەپێنێت کە تاکو ئێستا چۆن ژیاویت، وەک ئەوەی مرۆڤەکان تەنیا لە پێناو ورگ و تەکنۆلۆژیا و ئامێرەکان دروست بووبێت.
بابەتەکەش تەنیا مەسرفگەرایی و بەبازاڕکردنی مرۆڤەکان نییە، بەڵکوو بە شێوەیەک ڕوحیەتی شۆڕشگێڕیان کوشتووە بە ئەستەم دەتوانرێت جیاوازی لە نێوان پارتێکی دەسەڵات و پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن دەکەیت، هێندە لە یەک دەچن، لەدروشم و میکانیزم و کاریاندا هێندە جیاوازییەکانیان کەمە بە زەحمەت لە یەکتر جوودا دەکرێنەوە.
بە شێوەیەکی هەر لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرنەوە، هاوکات هێزی کۆنتڕۆڵکردنی تاک و کۆمەڵگاش زیادی کردووە، کەوابوو دەوڵەتی مۆدێرن هێزێکی بەرفراوانی هەیە بۆ دیسپلینکردن و کۆنتڕۆڵکردنی تاک و کۆمەڵگا
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشکەوتن و گەشە کردنە بەرچاوەی کە دەوڵەتی مۆدێرن هەیەتی لە کۆنتڕۆڵکردنی عەقڵیەتی تاک و کۆمەڵگا، ئەمەش لە ڕێگەی ئامرازەکانی مۆدێرنەوە دروستی دەکات. ئیتر چ لە ڕێگەی میدیاو ڕاگەیاندن و یان لە ڕێگای دەزگا چەوسێنەرەکانیانەوە پیادەی دەکەن، کە ئەم ڕێگایانە فەراهەم نەبوونە لەدەوڵەتەکانی پێشوتر دەوڵەتانی هاوچەرخ زیاتر توانیویانە کۆنتڕۆڵی تاک و کۆمەڵگاکان بکەن، دەتوانن لە ڕێگەی کاڵاو بەرهەمەکانیانەوە بە ئاسانی سنووری عەقڵی تاکەکان ببڕن، لەڕێگەی تیڤی و میدیاو سایت و پەیج و ئەکاونت و میدیای سێبەرەوە توانای لەقاڵبدان و ئاراستەکردنیان هەیە.
تەنانەت لە ڕێگای دەزگا جۆراوجۆرەکانیانەوە توانای ئەوەیان هەیە کە تەواوی کۆمەڵگا لەماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتینە بکەن و بەرەو یەک ئاراستە ڕێنوێنیان بکەن، هەموو سێکتەرەکان و میدیای زەبەلاح ئامرازی مۆدێرنەن هۆکارن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاک و کۆمەڵگاکان، ئەوەی ئێستا هەیە لە دەوڵەتانی پێشوتر نەبووە کە دەقە بە دەقە بچێتە نێو زەینی تاکەکانەوە، دامەزراوەی پەروەردە وەک ئێستا نەیتوانیوە مرۆڤی تاک ڕەهەند دروست بکات، کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵاش زۆر بە مونەزم فێرخوازەکانیان ڕاهێناوە زیاتر لە کەسێکی ئەکادیمی ڕێزو شانامە چەپڵەو خۆشحاڵی بۆ بەرپرسێکی حیزبی دەرببڕن، ئەم جۆرە بیرکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردن و ئیفلیجکردنی عەقڵە بۆ قۆناغەکانی پێشوترو دەوڵەتانی تر فەراهەم و لەبار نەبووە، هەموو ئەمانەش بە پاڵپشتی ئابوورییەکی تۆکمە و زەبەلاح ئەنجام دەدرێت تاکوو بتوانێت تاکەکان و کۆمەڵگاش بە بازاڕی بکات و حەز و ویستی خۆی بسەپێنێت بەسەر تاکەکاندا و بەرەو یەک بیر و ئایدیۆلۆژیا و یەک هێڵ ئاراستەیان بکات، کاردەکەن هەموو توانا مرۆیی و زانستییەکان لە هەناوی تاک و کۆمەڵگاکان دەکوژن و یاری بە حەزەکانیان دەکەن و خواستیان لەناو دەبەن، سیستەمەکەش وەک پارێزەرێک وایە بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە مۆدێلانە و مرۆڤی تاک ڕەهەندی.

_فیتیشیزم

ئەم تایپە لە مرۆڤ لە منداڵدان و کێڵگەی دەوڵەتی مۆدێرنەو جیهانی سەرمایەدارییەوە دروست بوون، کە
تاکێک و کۆمەڵگایەکی بەکاربەر و ئالوودە بووی دروست کردووە، ئیتر چ ئالوودەی کاڵا بێت یاخود ئالوودەی ڕەگەزی بێت، کە زیاتر لەشت پەرستی و یان پیرۆزکردنی شتەکان و بە سیمبول کردنیانە. ئەم جۆرە لە مرۆڤ تووشی جۆرێک لە شڵەژانی سایکۆلۆژی دەبێتەوە، چونکە ئەمانە بە تەواوەتی زەینیان داگیرکراوە زیاتر لەدەوری حەز و ویستی سۆزدارییانەی خۆیاندا دەسوورێنەوە و گوێ بە هیچ بەها و پرنسیپێکی عەقڵانی ئەخلاقی نادەن، ئامادەی هیچ جۆرە بەرپرسیارێتییەک نین، هەموو ژیانی داگیرکراوە بەتەواوەتی ڕۆچووەتە نێو جیهانێکی خەیاڵییەوە ئامێر و کاڵاکان بە شێوەیەک دەستی بەسەر ژیان و فیکر و بیرکردنەوەی دا گرتووە، وەک بووکەڵەیەکی لێهاتووە بەدەست ئامێر و تەکنۆلۆژیا و ڕەگەزی بەرامبەرەوە، سیستەمە سیاسییەکەش بە جۆرێک ڕێگا خۆشکەرە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەدرووستکردنی ئەو جۆرە عەقڵانەدا، تێدا دەوڵەت بەسەدان ئافرەتی بە کاڵا کردوون بە مەبەستی بێهۆشکردن و داگیرکردنی هزری تاکەکان بە بەردەوامی ئامێر و ڤێرژن کاڵای وروژێنەر دەخەنە ناو کۆمەڵگاوە تاوەکوو تاکەکان توانای بیرکردنەوە و تێهرزرینیان نەمێنێت، بە شێوەیەک سەرقاڵکراو و بێهۆشکراون، تاک و گۆمەڵگا کاتەکانیان بەخۆڕایی بە فیڕۆ دراون بە بێ ئەوەی هیچ سوودێک وەربگرن لەو کاتەی کە هەیانە، تەنیا شتێک کە تاکەکان کاتیان بۆی هەبێت سەرمەست کردن گەڕان بەدوای حەز و ئارەزوو چێژە تایبەتییەکانی خۆیانە، بەردەوام حەزی گۆڕانکاری سلبی لەناخیاندا دروست دەکەن سڵ لە هیچ بەهایەک ناکەنەوە، بەمەش نەوەیەکی دەمارگیر و توند و کۆیلە بەرهەم دەهێنن.

_کات

کات گرنگترین پڕ مفاترین شتە، کات بە شێوەیەکە پەیوەستە بە ژیانەوە، ئەگەر بزانین کوشتنی کات یان بەفیڕۆدانی ئەوا کوشتن و بەفیڕۆدانی خۆمانە، ئێمە بۆ ئەوەی قەرەبووی بەفیڕۆدانی کاتەکانمان بکەینەوە پێویستمان نابێت بکەوینە ژێر هەیمەنەی سەرمایەداری و تەکنۆلۆژیاوە، چونکی ئەمانە هۆکارن بۆ کوشتن و لە نێوبردنی کاتەکانمان، نابێت دەستەوەستان بوەستین بە بیانووی ئەوەی کاتی پێویستمان نیە، یان بە بیانووی سەرقاڵیمانەوە، ئێمە بۆ ئەوەی هەندێک لەکاتەکانمان هەڵبگرین بتوانین خزمەتی خۆمان دەوروبەر و مرۆڤایەتی پێبکەین. پێویستە ڕێکخستن و پلانمان هەبێت لە چۆنێتی داڕشتنی کاتەکانمان، دەبێت بەشێک لەکاتەکانمان بۆ لایەنی مەعریفی و خوێندنەوە تەرخان بکەین، ئەمەش خۆی لەخۆیدا گوشین و هەڵگرتنی کاتە کە توانیومانە بە شێوەیەکی ئەرێنی خزمەتی پێ بکەین، دەبینین ئێستا کاتێک فکری فەیلەسووفێک یان دانایەک یان نوسەرێک دەخوێنینەوە دەبینین ئەو بیرمەندانە پێش سەدان ساڵ پێش ئێستا لە ڕووداوێک یان کۆمەڵگایەک یان جۆرە تێڕوانینێکیان خەسووەتە ڕوو، ئێمە ئێستا دەتوانین دەست بەو تێڕوانین و تێکستانەوە بگرین. وەک چەکێک بۆ خزمەتکردن و چارەسەرکردنی ئارێشەکانی خۆمان بە کاری بهێنین، بیکەنە هێزێک و پاڵپشتیەک بۆ بەرزکردنەوەی توانای مرۆیی خۆمان، ئێمەش بە هەمان شێوە ڕێگری بکەین لە هەیمەنەی دەوڵەتی مۆدێرنەو جیهانی سەرمایەداری، کە ڕێگە نەدەین عەقڵ و زەینمان داگیر بکرێت، بەناوی شارستانیەت و دیموکراسییەوە. ڕوون و ئاشکراشە کە تەنیا ئامانجی سەرمایەداری و دەوڵەتی مودێرن دروستکردنی مرۆگەلێکی دەستەمۆ و تێکشکاو داڕووخاوە، چونکی مرۆڤی هۆشیارو بارگراوند بە ڕۆشنبیری و تەیار بە فیکر، بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبینێت، چونکی دەوڵەتی مۆدێرن لە ڕێگەی کاڵا و تەکنیک و ئامێرەوە دەیەوێت دەست بەسەر زیهنی تاکەکان و کۆمەڵگادا بگرێت، دایان دەماڵێت لە فیکر و ئازادی، بۆیە هیچ دەرفەتێک نا هێڵێتەوە کە تاکەکان و کۆمەڵگا بەرەو قۆناغی ڕەسەنێتی و فرە ڕەهەندی هەنگاو بنێنێن. کەوابوو ئیتر لەم دەلاقەوە بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، مرۆڤە تاک ڕەهەندەکان هەموو ئەو جۆرە تایپە مرۆڤانەن کە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی نەرێنانەن، هەرگیز ناتوانن بە شێوەیەکی و فراوان ئەکادیمییانە، شرۆڤەی ڕووداو و دیاردەکان بکەن، کەسانێکن ئاوێتەی خەڵکانی تر بوونە و لە بری ئەوەی توانستی خۆیان بەکار بهێنن بۆ جوان بیرکردنەوە، بە پێچەوانەوە تەکنۆلۆژیا و بەرنامەکان و میدیا بە مەبەست تەنیا بۆ ئەوەی دەست بەسەر عەقڵیەتی تاکدا بگرن هەموو ئەو شتانەی کە پێویست نین دەیکەن پێداویستی پێویستی بە شێوەیەک خۆشەویست و شیرینی دەکەن لە پێش چاومان وامان لێ دەکەن ئەگەر ئامێرەکەمان بەدەست نەخستبێت یان سەردانی فیسار ڕێستۆرانتمان نە کردبێت وەکو بەشێک لە لاوازی و کەم و کورتی لە خۆمان بڕوانین، هەموو ئامانجیش لە ئەم هەڵمەتە ڕیکلامیە بۆ دوو مەبەست ئەنجام دەدرێت:

١_ ساغکردنەوەی بەرهەمەکان تاکوو لە ڕێگەیەوە لەسەر حیسابی تاکەکان خۆیان پێی زەنگین بکەن.

٢_ بۆ ئەوەی هەمیشە تاکەکان برسی و قەرزدار بن دوای ئازادی و فیکر نەکەون و باسی سیستەم و سیاسەت نەکەن و هۆشیار نەبنەوەو دوای گۆڕانکاری ڕیفۆرم نەکەون.

ئەگەر واش بوو تاکەکان فریای ئەوەش ناکەون تەنانەت بەر بە خێرای چەرخی سەردەمیش بگرن، ئەم هەیمنەتی تەکنۆلۆژیا و جیهانی مۆدێرنە وا دەکات، تاکەکان نە بخوێننەوە و بێدار و هۆشیار نەبنەوە، گەر واش بوو، ئیتر تاکەکان ناتوانن ببنە خاوەن ڕوئیاو تێڕوانینی سەربەستانەی خۆیان، بە جۆرێک دەبنە کۆیلەی دەستی سیستەم و تەکنۆلۆژیا ئیتر لەو سەر و بەندەدا، تەنیا و تەنیا بڕوایان بە یەک ڕووداو و یەک مێژوو یەک ئایدیا دەبێت، واها مێشکیان داگیر دەکرێت لە بری حەقیقەت و ڕاستیەکان، ئەوان بە پێچەوانەوە سێبەرەکەی دەبینن نەک خودی حەقیقەتەکە، بە جۆرێک ئالوودە و سەرمەست و فیکر داگیر کراون ئەگەر کەسێک هەبێت بێداریان بکاتەوە و لەو خەوە ئاگاداریان بکاتەوە ئەوا بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستن هەوڵی لەنێو بردنیان دەدەن، ئەم تایپە لە مرۆڤ بەهۆی جیهانی مۆدێرنەوە قاڵبووی کەلتورو ژینگە کۆمەلایەتی و سیاسییەکە دەبن، جگە لەوەی کە جڤاک دەیسەپێنێت و دەیڵێت هیچی دیکە وەرناگرن، هەموو ئەمانە سیفەتی مرۆڤی تاک ڕەهەندن. هەرگیز فینۆمینۆلۆژیانە بۆ ڕووداو و بەسەرهاتەکان ناڕوانن، بەڵکوو پشت بە پێشێنەو پێشبیرو وتەی خەڵکی تر دەبەستن، چونکە خۆیان نین وەک بە بەغە تەنیا و تەنیا دەیڵێنەوە.
ئارسەر شۆپنهاوەر فەیلەسووفی نهێلیستی، کە فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە دەڵێت: (خەڵکی گرنگی بەو جۆرە حیکایەت و بیر و بۆچوون و ستایشانە دەدەن، کە پێی دڵخۆش دەبن، ئەگەر چی ستایشەکە درۆیەکی ڕوون و ڕەوانیش بێت، بەڵام نیشانەی دڵخۆشی لە سیمای دەبینیت، بە تایبەت ئەگەر باسی کارێکی چاکەی بکەیت )[8]

بۆیە ئەم جۆرە مرۆڤە توانای خۆیان لەسەر گردێکی لم بینا کردووە، لە هەموو ئەگەرێکدا دەڕووخێت، ئەو عەقڵەی شەیدای ستایشە بە سووکە دیدێک پەرێشان یان دڵخۆش دەبێت چ عەقڵێکی پوچە. بەگشتی مرۆڤە تاک ڕەهەندەکان خاوەنی هیچ بانگەوازێکی ویژدانی نین، خاوەنی ڕوئیاو بیر و دونیا بینی نین. پێچەوانەی مرۆڤە تاک ڕەهەندەکان، تایپکی تری مرۆڤ هەن بە “مرۆڤە فرەڕەهەندەکان” دەناسرێن، کە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕەسەنانەن. بۆ شیکردنەوەی پرسێک خۆیان تەرکیز دەکەن پشت بە عەقڵ و ئەزموونی خۆیان دەبەستن و هەرگیز ناکەونە ژێر کاریگەری خەڵکانی ترەوە، ئەم جۆرە لە مرۆڤ تەنیا یەک فاکتەر بە هۆکار دانانێن، واتا کۆمەڵگا لە سووچی یەک فاکتەرەوە تەماشا ناکەن، هەموو کایەکان دەتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. ئەم مرۆڤانە مرۆڤێکی ئازاد و سەربەستن، لە بری ئەوەی خەڵک بیریان بۆ بکاتەوە خۆیان بیر بۆ خۆیان دەکەنەوە، ئەمان خۆیان حەقیقەت و ڕاستیەکان دەبینن نەک سێبەری ڕاستیەکان.


[1] دکتۆر میهرداد نەوابخش-ئەمین کەرەمی، مەعریفەو فرانکفۆرت، و:سۆران کەسنەزانی، چاپی یەکەم، هەڵەجە-٢٠١٣

[2] دکتۆر میهرداد نەوابخش-ئەمین کەرەمی، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە 5

[3] دکتۆر عەلا تاهیر، قوتابخانەی فرانکفۆرت لە هۆرکهایمەرەوە تا هابرماس، و: ئیسماعیل کوردە، چاپ هەولێر ٢٠١٩

“فلێکس جەی ڤایل”: یەکەم کەس بوو بیری لە پێگەیاندنی ئەکادیمی کردەوە، بۆ چاودێری کردنی بیری مارکسیزم و تیۆری ڕەخنەیی، مەبەستیش لێی نوێکردنەوەی وزەو هێزی ڕادیکاڵیانە بوو.

کوڕی بازرگانێکی زۆر دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایە بوو، شارەزای لە هەندێک کەلوپەلی خۆراکی بۆ ئەورووپا هەبوو. بە ڕەگەز ئەرجەنتینە و ساڵی ١٨٩٨زایینیی لە بۆینس ئایرس لە دایک بووە، سەردەمی منداڵی و بەشێک لەژیانی سەرەتایی لە بەڕازیل بەسەر بردووە.

لە تەمەنی ٩ساڵی خێزانەکەی ناردوویانە بۆ خوێندن لە شاری فرانکفۆرت، خوێندنی باڵاشی هەر لە زانکۆی فرانکفۆرت تەواو کرد.

پەیوەست بووە بە چەندین چالاکی سیاسی چەپڕەوانە، ئەکتیڤ بووە، لەو بوارەدا.

تاکوو بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی سیاسی بە دەست هێناوە، کۆمەڵێک توێژینەوەی لە بارەی “گیروگرفتە ئابووری پراکتیکیەکان لە پراکتزەی سۆسیالیستی ” دا نووسیوون. لە ماوەی ژیانیدا پارەیەکی زۆری خەرج کرد بەشێکی وەک هاوکاری دارایی لەو بزووتنە شۆڕشگێڕیانەی ئەڵمانیا خەرج کرد و هەندێکیشیانی لە پاڵپشتی کردنی پرۆژە ڕۆشنبیرییە ڕادیکاڵەکان خەرج کرد کە بەڕاوبۆچونەکانیان نوێنەرایەتی ڕەوتی مارکسیستی ڕاستەقینەو بێگەرد و بێخەوشیان دەکرد

[4] دکتۆر عەلا تاهیر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە(١١٩ ، ١٣٤ ، ١٣٥)

[5]  هێربرت مارکۆزە، مرۆڤی تاک ڕەهەند، و: کارزان عەزیز-ناجی ئەفراسیاو، چاپی یەکەم ٢٠٢٠

[6] دکتۆر عەلا تاهیر، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١١٩

[7] هێربەرت مارکۆزە، سەرچاوەی پێشوو لەپەڕە ٥٣

[8] شۆپنهاوەر، حیکمەتی ژیان، و: ئارام ئەمین شوانی، چاپی دووەم- هەولێر.

هاوشێوە