نووسین: رامین جیهانبەگلو
وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران
لە قۆناغی گەشەی مرۆیی و تێپەڕین لە سەدەی نۆزدەهەمدا، زۆرێک لە بیرمەندانی ئەوروپا و ئەمریکا هەوڵیاندا ئەو گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوانەی لە: ژمارەی دانیشتوان، زانست، پەروەردە، ئابووری، بازرگانی لۆکاڵی و گڵۆباڵی، سوپا، شار، حکوومەتەکان هات بوونە ئارەوە، پێناسە بکەن. هەوڵدان بۆ شیکردنەوە و پێناسەکردنی ئەو دیاردانە بوونە هۆی سەرهەڵدانی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان، زانستی سیاسی و ئابووری. لە راستیدا هاتنە ئاراوەی ئەم زانستانە پەیوەندیی بەو گۆڕانکارییانەوە هەبوو کە لە جیهانی رۆژاوادا لەنێوان شۆڕشی فەڕەنسی و داهێنانی تەلەفوندا روویان دا، مرۆڤ دەیویست راڤەی بکات و شی بکاتەوە.
لەنێوان پێشڕەوانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان هیچ کەسێک هێندەی دو تۆکڤێل سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی سەدەی نۆزدەیەم قسەی نەکردووە. ئەوەی جێی سەرنجیشە دو تۆکڤێل زۆر بابەت و لێکۆڵینەوەشی سەبارەت بە سەدەی بیستەم ئامادە کردووە. تۆکڤێل فاڵچی نەبوو بەڵام زۆر بەباشی ئاگادار بوو. وەک خۆی دەڵێت: “ناتوانم ئازار و مەینەتییەکانی ئەوی دیکە ببینم، بەڵام دەتوانم داهاتوو ببینم.”
کاتێک تۆکڤێل لەسەر داهاتووی ئەمریکا و ئەوروپا دەنووسێت درک بەوە دەکەین کە ئەو بە جۆرێک باس لە جیهان دەکات کتومت وەک پێشبینییەکانی ئەوە. سەرەڕای ئەوەی تیۆرییەکانی زۆر لەمەوبەر نووسیوە، بەڵام سیستەمی تیۆرییەکەی رەها و کراوەیە. یەکێک لە ناسرواترین پێشبینیشی، کە زۆر جار دووبارە دەکرێتەوە ئەمەیە: “دوو نەتەوەی مەزن هەبوون لە جیهاندا کە رابردوویەکی جیاوازیان هەبووە، بەڵام لە داهاتوودا وەک یەکیان لێ دێت. ئەوانیش رووس و ئەمریکییەکانن… یەکێکیان ئازادیی هەیە و ئەوی دیکەیان لە هەلومەرجی کۆیلایەتیدایە. سەرەڕای ئەوەی دەستپێکەکەیان جیاوازە بەڵام وا دەردەکەوێت هێزێکی سیمبولی بەلای یەکدا کێشیان دەکات بۆ ئەوەی سەردەمێک نیوەی جیهان بگرنە دەست.”
لەمڕۆدا، تۆکڤێل بیرمەندێکی ناسراوە لە بیرکردنەوەی لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کۆمەڵگە دیموکراتە هەنووکەییەکان. دوای تێپەڕینی سەدوپەنجا ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی تۆکڤێل بەناونیشانی “دیموکراسی لە ئەمریکا”، هێشتا بە یەکێک لە کتێبە گرنگە کلاسیکییەکان دادەنرێت دەربارەی ئەمریکا و تەنانەت هەموو کۆمەڵگە دیموکراسییەکانیش.
لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییەوە، شۆڕشی ساڵی ١٨٣٠ وای لە تۆکڤێل کرد بە قووڵی بیر لەوە بکاتەوە کە پرۆسەی دیموکراسی لە دوو وڵاتدا بەرجەستە دەبێت: ئەمریکا و فەڕەنسا.
باکگراوەندی پێکدادان و ململانێی درێژمەودای چینی ئەریستۆکرات لە بەرانبەر چینی مامناوەند یاخود ئەو کەسانەی بەشێکن لە دەسەڵاتی سیاسی، بە مەبەستی سەرکوت و سڕینەوەی ئازادی لە ماوەی چەندین سەدەدا سیستەمی بیرکردنەوەی تۆکڤێلی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. تۆکڤێل هەوڵی دا لە رێگەی تێڕامان لە ئەمریکا وەک نموونەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دووبارە سەبارەت بەو دۆخانەی کە لە ئارادان بیر بکاتەوە و لەم نێوەندەدا سەبارەت بە چارەنووسی ئەوروپا بنووسێت. هەر بۆیە لەژێر کاریگەریی سەردانییەکەی بۆ ئەمریکا و رووداوەکانی شۆڕشی ساڵی ١٨٣٠ بوو. لە دیدگای تۆکڤێلەوە کێشەی سەرەکی لە فەڕەنسا و ئەمریکا ململانێی ئایینی نییە بەڵکوو فەڕەنسا و ئەمریکا گەیشتوون بە قۆناغێک کە کاتی ئەوە هاتووە چارەنووس و کێشەکانی کۆمەڵگە و کولتووری وڵاتەکەیان چارەسەر بکەن. بۆیە تۆکڤێل جەختی لەسەر ئەوە دەکردووە کە دەبێ ئەوروپییەکان و فەڕەنسییەکان تێبگەن کە چی تر ناکرێت نکۆڵی لە دیموکراسییەت بکرێت.
بە بڕوای تۆکڤێل یەکێک لە چەمکە خراپەکان لە چوارچێوەی ئەزموونی سیاسیی ئەوروپادا چەمکی دەوڵەتە. لە دیدگای تۆکڤێلەوە چەمک و بیرکردنەوەی دەوڵەت بە کەڵکی کۆمەڵگای دیموکراسیی مۆدێرن نایەت و ناکۆکە لەگەڵیدا. بۆیە تۆکڤێل بەرگریی لە دروشمێک دەکات: “لەپێناو جیهانێکی نوێ، پێویستیمان بە زانستی سیاسیی نوێ هەیە.” تۆکڤێل ئەم بۆچوونەی لە کۆنتێکستی دوو پرسیاردا دەهێنێتە ئاراوە:
١- لەبەرچی ئەمریکا کۆمەڵگەیەکی لیبراڵدیموکراتە؟
٢- لەبەرچی فەڕەنسا لە پێکهێنانی سیستەمێکی سیاسیی لیبراڵدا لەناو پرۆسەی گەشەی دیموکراسیدا هێندە بێتوانایە؟
کەواتە خاڵی دەستپێکی تۆکڤێل، وەک چۆن لە تەواوی کار و نووسینەکانی رەنگی داوەتەوە، بریتییە لە پرسی دیموکراسی و کۆمەڵگەی دیموکراتی. دەتوانین بڵێین تۆکڤێل ئەو ڕێبوارەیە کە بە دوای خەزێنەیەکدا دەگەڕێت و ئەو خەزێنەیەش بریتییە لە دیموکراسی، گەڕانەکانی ئەو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە چیەتیی دیموکراسی و تێگەیشتن لەوەی ئەو لە چ سیستەمێک بترسێت و هیوای بە کام سیستەم هەبێت. تۆکڤێل دیموکراسیی ئەمریکا بە کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی دەبینێت کە تەواو لە ئەوروپا جیاوازە، ئەمریکییەکان شۆڕشی دیموکراسییان تێپەڕاند و لەو چارەنووسەی فەڕەنسا کە لەژێر دەسەڵاتی زۆرداردایە دوور کەوتوونەتەوە. تۆکڤێل دەزانێت ئەمریکا هەرگیز خاوەنی سیستەمێکی کۆن نەبووە و چینی مامناوەند لە مێژووی ئەو وڵاتەدا رووی نەداوە، ئەمریکا دەوڵەتێکی بیرۆکراتیی سەنتراڵە و دوورە لە میترۆپۆل و سەنتەرە گەورەکانی پیشەسازی، بۆیە لە ئەمریکا لەبری دەوڵەتێکی سیاسی، دەوڵەتێکی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت. تۆکڤێل دەنووسێت کە خەڵکی ئەمریکا لە بنەڕەتەوە هەست بە نایەکسانی لەگەڵ یەکتر ناکەن، بەڵام لە فەڕەنسا چینە جیاوازەکان درێژە بە جیاوازیی پێگەی خۆیان دەدەن. بە واتایەکی تر تۆکڤێل کۆمەڵگەی ئەمریکی بە سەرهەڵدانی گەشەسەندنی بنەماکانی دیموکراسی دەزانێت، دیموکراسیش بۆ ئەو بریتییە لە پێکهێنانی یەکسانی لە هەموو بارودۆخەکاندا و تاکەکان لە رووی کۆمەڵایەتییەوە یەکسان بن لەگەڵ یەکتر. بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت ئەو یەکسانییەی تۆکڤێل باسی دەکات مەبەستی لە یەکسانیی بیرکردنەوە یاخود یەکسانیی ئابووری نییە.
بە بۆچوونی تۆکڤێل یەکسانیی کۆمەڵایەتی بەو جۆرەیە کە میراتی پێگە کاریگەری نەبێت و هەموو پیشەکان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەردەست بێت و هیچ جیاوازییەک لە مەرجی ئەندامبوون لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەئارادا نەبێت و دەبێت فەرمانڕەواییش لەژێر دەستی خەڵکدا بێت. بە بڕوای تۆکڤێل ئەوەی ئەمریکا لە ئەوروپا جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە بنەماکانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی خەڵک بنەمایەکی شاراوە نییە، ئەم بنەمایە هەمووان قبوڵیان کردووە و لە رێگەی یاساوە پاڵپشتی دەکرێت. بە واتایەکی تر تۆکڤێل بڕوای وایە کە بنەماکانی دەسەڵاتی خەڵک لە یاساکاندا دادەڕێژرێت و لە کاروباری ژیانی رۆژانەدا پەیڕەو دەکرێت. بۆیە تۆکڤێل لە دوای پرەنسیپی یەکسانی لە هەموو هەلومەرجێک و دەسەڵاتی خەڵک، پرەنسیپ و بنەمای سێیەم دەهێنێتە ئاراوە کە ئەویش پرەنسیپی رای گشتییە. رای گشتی لە ئەمریکادا پرەنسیپێکە بۆ جێبەجێکردنی دیموکراسی تا ئەوەی رای گشتی لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا کاریگەریی هەبێت و هەموو تاکێک وەک ئەرکێک دەبێت وەک تاکەکانی تر ئاگاداری ئەرکەکانی خۆی بێت و وەک هەموو هاوڵاتییەکانی دیکە، تاک دەبێت خاوەنی دەسەڵات بێت. بەم جۆرە تاک پەیڕەوی لە دەوڵەتی کۆمەڵایەتی دەکات چونکە ئاوێزانبوونی لەگەڵ یەکپارچەیی و هاوڵاتییەکانی دیکەدا بە سوودی ئەو کۆتایی دێت.
کەواتە دەوڵەتی دیموکراسی وەک چۆن یەکسانیی دۆخەکان دەستەبەر دەکات، رێگریشە لەوەی کۆمەڵگە بکەوێتە ژێر رکێفی تاک یان گرووپە سیاسییەکانەوە. بە بڕوای تۆکڤێل دەوڵەتی دیموکراسیی تەواو، ئەو وڵاتەیە کە هیچ کاریگەری و شوێنپێی تاکەکان بەدی ناکرێت. ئەو پێی وایە کۆمەڵگەی دیموکراسی، هاوتایە لەگەڵ یەکسانیی هەلومەرجەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی جیاوازیی ئەم کۆمەڵگا دیموکراسییە لە کۆی کۆمەڵگاکانی تری مێژووی ئەوروپا.
بۆ تۆکڤێل، مێژووی هەموو کۆمەڵگا ئەوروپییەکان پێش سەرهەڵدانی سەردەمی دیموکراسی، وەک دەوڵەت-شارەکانی یۆنان و رۆمی دێرین، هەموو تاکەکان رووبەڕووی نادادپەروەرییەک دەبوونەوە کە کەمینەیەک و هەندێک لە خێزانەکان دەسەڵات و فەرمانڕەواییان گرت بووە دەست، بۆیە تۆکڤێل بڕوای وا بوو لە دوای شۆڕشی فەڕەنسییە ئەو هەلومەرجەی پێشووتر پەیڕەوی دەکرا چی تر کار ناکات و پێویستە دەوڵەتەکان لەسەر بنەمای یەکسانی و دیموکراسی بن و باشترین نموونەش ئەمریکایە. لە راستیدا سەرەڕای ئەو ستایشە زۆرەی تۆکڤێل لەهەمبەر دیموکراسی هەیەتی، بەڵام هاوکات پێشی وایە ئەم رێگایە بەردەوام رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، هەر بۆیە ئەو دوو مەترسیی سەرەکی باس دەکات کە دێنە سەر رێگەی دیموکراسی:
١- هەموو سیستەم و دەوڵەتە دیموکراسییەکان ئەگەری بوون بە دیکتاتۆری و ستەمکارییان هەیە.
٢- دیموکراسییەکان حەزیان لە پڕوپاگەندە و فرتوفێڵە، واتا خەڵک لە خشتەبردن.
* * *
بە کورتی دەتوانین لە کتێبەکەی تۆکڤێلەوە چوار خاڵی سەرەکی هەڵهەنجێنین:
١- ئەندێشەی دیموکراسی.
٢- ئەندێشەی شۆڕش.
٣- ئەندێشەی تایبەتمەندی و خەسڵەتی کۆمەڵایەتی.
٤- ئەندێشەی ئایینی.
مەبەستی تۆکڤێل لە دیموکراسی هەبوونی حکوومەتێکی دیموکراسییە لەسەر بنەمای یاسا و داکۆکیکردن لە رۆڵی داهێنەرانەی خەڵک. ئەم ئایدیایەش دەگات بە ئەندێشەی شۆڕش. تۆکڤێل لەو باوەڕەدایە کە ئەمریکییەکان سوود لە سیستەمە سیاسییەکەیان وەردەگرن و بە هۆی شۆڕشەوە گەیشتوون بە دیموکراسی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییان بەدەست هێناوە. کەواتە لەبری ئەوەی ئەمریکییەکان لە رەوتی ژیاندا هەوڵ بدەن بە یەکسانی بگەن، هەر لە لەدایکبوونەوە یەکسانن و لە واقیعیشدا هەر بە یەکسانی لەدایک بوونە. تۆکڤێل پێی وایە کارەکتەر و خەسڵەتی ئەمریکییەکان پەیوەست بە پەیوەندیی خەڵک و حکوومەتەوە دامەزراوە.
سەرچاوە: