رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

کانت: سەبارەت بە هاوڵاتیبوون و سەربەخۆیی گەردوونی

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: یاکۆب ڤاینڕیب

وەرگێڕان: ڕاڤین کامەران

Download PDF

سیاسییەکی مۆڕاڵی کاتێک ناتوانێت لەناو دامودەزگای دەوڵەت یاخود پەیوەندیدار بە دەوڵەتەوە ڕێگری لە کەموکوڕییەکان بکات، پرەنسیپ و ئەرکی فەرمانڕەواکانی دەوڵەت بەتایبەت ئەوەیە کە چۆن بە زووترین کات گەشە بکەن و ئەم گەشەکردنەش لەگەڵ مافی سروشتیدا بگونجێنن…»

ئێمانوێل کانت

کانت لە فەلسەفەی سیاسیی خۆیدا جیاکاریی کردووە لەنێوان هاووڵاتیی «پاسیڤ و ناچالاک»، کە لەلایەن یاسای پەتییەوە پارێزراوە، هەروەها هاووڵاتیی «ئەکتیڤ و چالاک» کە بەشداری لە یاسادا دەکەن. سەرەڕای ئەوەی زۆر جار ئەم جیاکارییە لەلایەن نووسەر و لێکۆڵەرەکان وەک «نا لیبراڵی و نا دیموکراتی»یەکی سەدەی هەژدەیەم وەلا دەنرێت، بەڵام خۆ ئەم جیاکارییە لەناو هەموو ئەو سیستەمە دیموکراسییانەدا کە جیاکاری دەکەن لەنێوان نیشتەجێبووەکان (وەک گەشتیار و کرێکاری بیانی) و هاووڵاتییانی ئازاد، دەبینرێت.

ڕوانگەی کانت دەربارەی هاووڵاتی بوون

باسەکانی کانت سەبارەت بە هاووڵاتی بوون لە دوو وتاریدا باسکراوە «تیۆری و پراکتیک» (١٧٩٣) و «دۆکترینی ماف» (١٧٩٧). هەوڵ دەدەم ئەم تێکستانە لە گەشەی ئەندێشەی کانتدا دیاری بکەم. لەگەڵ ئەوەی ڕوانگەی کانت سەبارەت بە هاووڵاتی بوون لە وتاری «تیۆری و پراکتیک»دا بە ناکامڵ و ناڕاستەوخۆ لە ئەندێشەی دادی کانتدا گوزارشتی لێکراوە، لە کاتێکدا لە وتاری «دۆکترینی ماف»دا بە شێوەیەکی سیستەماتیکی و کامڵانە و ڕاستەوخۆیانە دەردەکەوێت.

هاووڵاتی بوون لە ‘تیۆری و پراکتیک’دا

لە وتاری «تیۆری و پراکتیک»دا، کانت سێ پرەنسیپی لە پێشتر شی دەکاتەوە کە ئەو پرەنسیپانە دەتوانن هەلومەرجی بەدەستهێنانی ماف دەستەبەر بکەن، هەلومەرجێک کە دەسەڵاتی گشتی مافی هەر تاکێک دەپارێزێت. [1] یەکەم پرەنسیپ بریتییە لە «ئازادیی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە وەک بوونێکی مرۆڤ.» بەپێی ئەم پرەنسیپە، کەسە ئازادەکان مافی ئەوەیان هەیە شوێن دڵخۆشییەکانیان بکەون لە چوارچێوەی ئەوەی کەسانی دیکەش هەمان مافیان هەبێت. پرەنسیپی دووەم سەبارەت بە یەکسانییە: «یەکسانی [ی هەموو ئەندامانی دەوڵەت] وەک سوبێکتێک.» لە کاتێکدا پرەنسیپی یەکەم ئازادیی بوونی مرۆڤ دادەمەزرێنێت، پرەنسیپی دووەم ئەم ئازادییە دەخاتە ژێر یاساکانی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە. وەک سوبێکتەکانی دەوڵەتێک، هەموو کەسێک مافی پەیڕەوی کردنی ئازادییەکانی خۆی هەیە [بە مەرجێک] کە ئەوانی دیکەش مافی هەمان شتیان هەبێت. پرەنسیپی سێیەمیی هەلومەرجی دەستەبەرکردنی ماف لە خۆیدا زۆر زیاتر عەقڵانییە وەک لە پێشبینییەکەی کانت: «سەربەخۆیی sibissufficienta هەموو ئەندامانی وڵات وەک هاووڵاتییەک.» جێگیرکردنی ئەم پرەنسیپە لە دەستەبەرکردنی مافدا، کانت دەڵێت: «بابەتەکە ئەوە نییە کە هەموو ئەوانەی ئازاد و یەکسانن لەبەردەم یاسا گشتییەکاندا بە یەکسانی بهێڵرێنەوە و ئەم یاسایانەی بەسەردا بسەپێنیت.» مادەم هەموو بوونی مرۆڤێک مافی شوێنکەوتنی خۆشبەختی و دڵخۆشییەکانیان هەیە ئەگەر سنوورەکان نەبەزێنن، هەروەها تەنیا هاووڵاتییان مافی دەنگدانیان هەیە. کەواتە کانت جیاکاری دەکات لەنێوان «هاووڵاتییان» و “ئەندامانی دەوڵەت”، ئەوانەی کە شایستەی ئەوەن دەنگ بدەن و ئەوانەی لەبەردەم یاساکان یەکسانن وەک هەڵگری مافەکانی دەسەڵات کە دەوڵەت دەیسەپێنێت. کانت ناوی گرووپی دووەمینیان دەنێت “سوودی گشتیی ئەم پاراستنە”.

هاووڵاتی کەسێکە کە خاوەنی هەندێک تایبەتمەندییە. یەکەم تایبەتمەندی بریتییە لە تایبەتمەندیی “سروشتی (مناڵ و ژن ناگرێتەوە)”، کانت زۆر لەسەر ئەوە ناڕوات کە بۆ چی جێندەری کەسێک [ژن] بۆ دەنگدان گونجاو نییە یاخود ڕۆڵی جێندەر لە پرەنسیپی لەپێش ترێتی چییە. دووەم تایبەتمەندیی دەنگدەر بریتییە لە سەربەخۆیی هاوڵاتی کە کانت پێی دەڵێت “بوون بە سەروەر و ئاغای خود” یاخود خزمەتکردنی “هیچ کەسێکی تر جگە لە وڵات”. ئەمەش “هەبوونی هەندێک خاوەندارێتی” دەگرێتەوە، کە کانت بەگشتی هەڵهێنجانی بۆ کردووە وەک: هەر هونەرێک، پیشەیەک، زانستێک” کە پشتگیریی هاووڵاتی بکات و دەبێتە تایبەتمەندێتیی ئەو وەک هاووڵاتی. وا دیارە کانت سەبارەت بەوانەی سەربەخۆییان کەمە، جا بە سروشتی بێت یاخود ڕێککەوتن[ی کۆمەڵایەتی]، یاخود ڕەنگە لە یاسادانانی گشتیدا بەپێی ئارەزوو و حەزە تایبەتەکانیان دەنگ بدەن وەک لەوەی لەپێناو چاکەی گشتی و ئارەزووی کۆدا دەنگ بدەن [بەشێکن لە هاووڵاتییانی ناچالاک].

لێکۆڵەران تێبینیی کێشەی سروشتی و ڕێککەوتنیان کردووە لەو تایبەتمەندییانەی کانت باسی لێوەدەکات. دژایەتیی تایبەتمەندیی سروشتی، کە کانت ژنان ڕەت دەکاتەوە، هەروەها دژایەتیی تایبەتمەندیی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی، ئەوانەی پێگەکەیان لەلایەن ئەوانی ترەوە دیاریکراوە و هەژارکراون. مێندوس و پیتمان ڕوانگەی کانت سەبارەت بە تایبەتمەندیی سروشتیانە شی دەکەنەوە. بۆ مێندوس، نکۆڵی کردن لە مافی دەنگدانی ژنان بریتییە لە نکۆڵی لە هیوای سەربەخۆیی ژنان و هەر بۆیە بۆ کانت ژنان خراپترن لە خراپترین هاووڵاتیی نێری سەربەخۆ، کە ئەو سەربەخۆیەی [ئەو هاووڵاتییە پیاوە] بەهۆی کردارێکییەوە لێ سەن درابێتەوە (جا بەهۆی تاوانکارییەوە بێت یاخود سەربەخۆیییەکەی بە کەسانی ترەوە بەند بێت). بە هەمان شێوە لە کتێبی “پەیمانی سێکسواڵ[2]”دا کارۆڵ پەیتمان باس لەوە دەکات کە ئامانجی کانت لە تێڕوانینی سەبارەت بە هاووڵاتی بوون بریتییە لەوەی ژن لە مرۆڤبوونەوە بۆ موڵک و خاوەندارێتی نزم بکاتەوە[3]. فێمینیستەکان فۆکسیان لەسەر ئەم نادادپەروەرییە پەیوەست بە ژنەوە هەبوو، [هاوکات] کانتییەکان خۆیان بەو دادپەروەرییەوە خەریک دەکەن کە کانت سەبارەت بە کارمەندان و هەژارەکان گوتوویەتی. بۆ نموونە ڤۆڵڤانگ کرستینگ کانت بەوە تۆمەتبار دەکات کە “تاوانبارە بە کۆمەڵێک هەڵەی تیۆری”. لە دەربڕینە بنچینەیییەکەی کانت سەبارەت بە ژنان و هەژاران، مێندوس و کریستینگ دەگەن بەوە ئەنجامەی کە کانت پێشداوەرییە هەڵەکانی بۆ سیستەمە میتافیزیکییەکەی گواستووەتەوە.

با ڕەخنەکانی مێندوس، پەیتمان و کریستینگ بەسەر دوو پێوانە فۆرمولە بکەین، کە دەتوانین بۆ ڕوانگەی کانت سەبارەت بە هاووڵاتی بوون بەکاری بهێنین هەر بەو جۆرەی لە وتاری «دۆکترینی ماف»دا هاتووە. یەکەم: ڕەتکردنەوەی تایبەتمەندیی سروشتیی بۆ هاووڵاتی بوون. دووەم: ڕەتکردنەوەی تایبەتمەندیی ڕێککەوتن بۆ هاووڵاتی بوون.

پێوانەی سروشتیی: [مافی] هاووڵاتی بوونی تەواوەتی دەبێت هەموو کەسەکان بگرێتەوە و هەر بۆیە نابێت لەسەر بنەمای جێندەر نکۆڵی لە مافی هاووڵاتی بوون بکرێت.

پێوانەی ڕێککەوتن: [مافی] هاووڵاتی بوونی تەواوەتی نابێت لەسەر بنەمای پێگەی ئابووری ببەخشرێت یاخود زەوت بکرێت.

من پێم وایە ئەم ڕەتکردنەوانە لەسەر بنەمای گریمانەیەکی ناڕاستە کە باسەکەی کانت سەبارەت بە یەکسانی و هاووڵاتی لە وتاری “تیۆری و پراکتیک (١٧٩٣)”دا و “دۆکترینی ماف (١٧٩٧)” وەک یەک نین. ئەم گریمانەیەش، واتا ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کانت دەکرێن، لەو شوێنەی کانت بە کامڵی ڕوانگەی خۆی دەردەبڕێت شکست دەهێنێت، چونکە ئەوان جیاوازیی نێوان ئەو دوو وتارە لەبەرچاو ناگرن. کەواتە لێکۆڵەرەکان وتاری یەکەم وەک سێکسیزم وەردەگرن بۆ ئەوەی وتاری دواتری کانتیش ڕەت بکەنەوە[4].

تیۆریی یەکسانیی کانت

کانت یاسای وەک کۆمەڵێک نۆرم دەبینی کە ئەوە شی دەکاتەوە چۆن کەسەکان هەڵسوکەوت لەگەڵ یەک بکەن سەبارەت بە چەمکەکانی ئازادیی یەکسان. ڕوانگەی یاسایی کانت دەگەڕێتەوە بۆ پرەنسیپی ماف[1]، “کۆکردنەوەی هەلومەرجەکان بەوەی کە دەشێت هەڵبژاردنەکانی کەسێک لەگەڵ کەسێکی دیکە یەکبگرێتەوە بە یاسایەکی ئازادیی گەردوونی.”، چەمکی ماف لە سێ لایەنی پێکەوە پەیوەندیدار پێکهاتووە: دەرەکی، هەڵبژاردن و ئازادی. یەکەم: چەمکی ماف واتا “تەنیا پەیوەستە بە دەرەوە و لە ڕاستیدا پەیوەندیی پراکتیکیی کەسێکە بە کەسێکی دیکەوە، چونکە کردارەکانیان، هەروەک چۆن بیروبۆچوونیش دەشێت بە هەمان شێوە (ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ) کاریگەری لەسەر ئەوانی تر و یەکتر دابنێت”.

وەک چۆن ماف پەیوەستە بە پەیوەندییەوە لەڕێگەی کرداری دەرەکییەوە، دەشێت ماف لە ڕوانگەی ئەخلاقی کانتیانەی [لەڕووی] ناوەکی جیا بکەینەوە. دووەم: ماف “دەلالەت ناکات لە پەیوەندیی هەڵبژاردنەکانی کەسێک بۆ ئارەزووی پەتی (یاخود پێویستیی پەتی)ی ئەویتر، بەڵکوو تەنیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەویترەوە. ڕوانگەی دووەم شوێن یەکەم ڕوانگە دەکەوێت چونکە ئارەزوو و پێویستی لەناوەوە ڕوو دەدەن و لە پەیوەندییەکی دەرەکیی پێکنەهاتوون. پرەنسیپی ماف هەرسێ ڕوانگەکەی (دەرەکی، هەڵبژاردن و ئازادی)ی لە گشتێکدا کۆکردۆتەوە: ” بەپێی یاسایەکی گەردوونی هەموو کردارێک بریتییە لە ماف ئەگەر لەگەڵ ئازادیی هەموواندا بوونی هەبێت و بگونجێت.”

تیۆریی کانت دەربارەی چەمکی ماف لە سێ قۆناغدا گەشە دەکات: مافی زگماکی، مافی تایبەتی و مافی گشتی. مافی زگماکی دەلالەت لەوە دەکات کە بوونی خاوەن ئامانج مافی ئەوەی هەیە شوێن ئامانجەکانی بکەوێت بەبێ دەستتێوەردانی ئەوانی تر. تیۆریی کانت سەبارەت بە یاسای تایبەت ئەوە شی دەکاتەوە کە چۆن کەسێک مافی ئەوەی هەیە شت (موڵک و خاوەندارێتی)ی هەبێت، مافی ئەوەی هەبێت لەگەڵ یەکێکی تر ڕێککەوتن و پەیماننامە ببەستێت و مافی هەبوونی پێگەیەکی هەبێت. دەبێت خاوەندارێتی پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەویترەوە نەبێت، چونکە ئەگەر ڕەزامەندیی ئەوی دی پێویست بکات ئەوا مرۆڤ ملکەچی ویستی تایبەتی ئەویتر دەبێت کە ئەمەش تایبەتمەندیی زگماکی نییە.

تیۆریی کامڵی کانت سەبارەت بە هاوڵاتیبوون

لێرەدا دەمەوێت ڕوانگە کامڵەکەی کانت سەبارەت بە هاووڵاتی بوون کە لە وتاری “دۆکترینی ماف”دا هاتووە باس بکەم. دواتر باس لەو ڕەخنانە دەکەم کە لەسەر وتاری “تیۆری و پراکتیک” هەیە و هەوڵ دەدەم ئەوە پیشان بدەم کە ناکرێت ئەو وتارە بەسەر وتاری “دۆکترینی ماف”دا بسەپێنرێت.

“تاکە مەرجی هاووڵاتی بوون ئەوەیە بۆ شمولی دەنگدان بکات[کە لێرەدا کانت مەبەستی لە تەمەن نییە]”، پێویستە لێرەوە گەشە بە ڕوانگەی دەسەڵاتی یاسادانان بدەین. ویستی گشتی سەرچاوەی یاسایە و “نابێت کەسیش ئەو یاسایانە بەهەڵە بەکار بهێنێت”. ویستی گشتی سەرچاوەی یاساکانە چونکە هەموو مافەکان لەو یاسادانانەوە بەدەستهاتوون و سەرچاوەیان گرتووە. یاسا گشتییەکان جیاوازی دەکات لەنێوان هەلومەرجی شەرعیەتی ماف و دەوڵەتی سروشتی. سەرچاوەکانی یاسا، وەک کانت باسی لێوە دەکات، نابێت بەهەڵە بەکار بهێنرێت. هەڵە بەکارهێنان لێرەدا واتا ڕێگری و بەربەست دروستکردن لەبەردەم ئازادیی کەسێکی تر کە شوێن خواست و ئامانجەکانی دەکەوێت. کەواتە هەمیشە “هەڵە [و سەرپێچی]” پەیوەستە بە پەیوەندیی نێوان قوربانی و کەسی سەرپێچیکەر. هاووڵاتییان کە ئەندامی دەوڵەتن “ئەو کەسانەن لەڕێگەی یاساوە یەکخراون”. هاووڵاتییان سێ تایبەتمەندییان هەیە، یەکەم تایبەتمەندی “ئازادیی یاسایی، تایبەتمەندیی ئەوەی جگە لە یاسا ملکەچی هیچ کەسێکی دیکە نەبێت”. تایبەتمەندیی دووەم: “یەکسانیی مەدەنی”یە. تایبەتمەندیی سێیەمیش بریتییە لە سەربەخۆیی مەدەنی، کە هاووڵاتی نابێت لەلایەن هاووڵاتییەکی دیکەوە سنووردار بکرێتەوە و [هەموو هاووڵاتییەک] وەک ئەندامێکی دەوڵەت خاوەن ماف و دەسەڵاتە.

تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی هاووڵاتی بوون لە وتاری “دۆکترینی ماف” جیاوازە وەک لە وتاری “تیۆری و پراکتیک”. بەپێچەوانەی “تیۆری و پراکتیک”ەوە، “دۆکترینی ماف” هیچ خەسڵەت و کوالێتییەکی سروشتی [و جێندەری] بۆ مافی دەنگدان دەستنیشان ناکات، وەک کانت خۆی دەڵێت: “تاکە تایبەتمەندییەک بۆ بوون بە هاووڵاتی بریتییە لە شمولکردنی دەنگدان.”

کانت جیاوازی لەنێوان هاووڵاتیی چالاک و ناچالاک دەکات لەسەر بنەمای کەسایەتیی مەدەنییان، واتا ئایا “پارێزگاریکردن لە بوون(بوونی پارێزراو بێت)”ی کەسێک لەسەر کاری خۆی بەندە [یاخود] لەلایەن کەسێکی دیکەوە ڕێکخراوە.” بۆ نموونە خزمەتکاری مەدەنی هاووڵاتیی چالاکن چونکە بوونیان بەند نییە بە هەڵبژاردنی خەڵکییەوە، بەڵکوو دەوڵەت [پێگەکەیانی] دیاری کردووە و پارێزگاری لە بوونیان دەکەن. بە هەمان شێوە “مامۆستا” لەلایەن خێزان و قوتابییەکانەوە مووچە وەردەگرێت، هەر بۆیە خاوەنی بوونی خۆی و ویستی تایبەتی خۆی نییە[1]. هاووڵاتیی ناچالاک وەک منداڵ (ئەوان گەشەیان نەکردووە و پاراستنی بوونیان لە ئەستۆی کەسانێکی دیکەدایە)، خزمەتکاری ماڵان، باخەوانێک کە لە باخچەی کەسێکدا کار دەکات، شاگردێک کە کار بۆ بازرگانێک دەکات و..هتد. ئەوەی کە ژن لەنێوان هاووڵاتیی ناچالاکدا دانراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە لە سەدەی هەژدەیەمی ڕووسیادا ژنان بۆ بوون و پاراستنی خۆیان پشتیان بەوانی تر دەبەست، نەک ئەوەی پەیوەندیی بە لاوازیی سرووشتییەوە هەبێت.

لێرەوە کێشەیەکی کۆنسێپچواڵی سەر هەڵدەدات. ئەگەر تایبەتمەندی و خەسڵەتێک بۆ دەنگدان بریتی بێت لە گونجاندن لەگەڵ ویستی گشتی، کەوایە چی شتێک پشتگیریی ڕوانگەی کانت دەکات سەبارەت بە سەربەخۆیی و پشتبەستن بە ویستی گشتی؟ دوو سەرچاوە لە ئارادایە کە لەوانەیە تێڕوانینی تایبەتی کەسێک کاریگەریی هەبێت لە بەشداریکردن لە ویستی گشتیدا. یەکەم: ڕەنگە کەسانێک هەبن بەپێی خواست و ویستە تایبەتەکانی خۆیان دەنگ بدەن. دووەم: ڕەنگە کەسانێک هەبن بەپێی خواست و ویستەکانی ئەوانی تر دەنگ بدەن. لە پەیوەندیی نێوان سەروەر و خزمەتکاردا، خزمەتکار پێویستە بەپێی حەز و ئارەزووەکانی سەروەرەکەی مامەڵە بکات و بجووڵێتەوە، لە ڕاستیدا ژیانی خزمەتکار لەسەر ئەوە بەندە، بەڵام ئاغا یاخود سەروەر پێویست ناکات بەپێی ویست و حەزی خزمەتکار مامەڵە بکات. خزمەتکار، مادەم لەپێناو ئارەزووەکانی ئەوانی تر دەجووڵێتەوە و دەبێت هێزی خۆی بۆ ئەوانی تر بخاتە خزمەت، ئەوا هەرگیز خزمەتکار ناتوانێت ببێت بە بەشێک لە بەشداریکردن لە ویستی گشتیدا. تەنانەت ئەگەر خزمەتکار ڕێگەی پێ بدڕێت دەنگیش بدات، ئەوا کێشەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئەمە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆ چی خزمەتکاری ماڵ، فێرکەری تایبەت و ئەو شاگردانەی خزمەتی بازرگانان دەکەن هاووڵاتیی ناچالاکن، بەڵام ئەی چی دەربارەی ئەو ئاسنگەرە هیندییەی ئامێرەکانی لەناو ماڵی کەسێکی دیکە بەکار دەهێنێت یاخود باخەوانێک کە خزمەتی حەوشەی کەسێکی دیکە دەکات؟ هەرچۆنێک بێت لە هەندێک ئاستدا، ئاسنگەر و باخەوان لە خزمەتکار جیاوازن نەک بە شێواز و جۆر[ی کەسایەتی]. هەر کامێک لەمانە لەلایەن دەسەڵاتێکەوە هێزەکانیان ئاراستە دەکرێت. خزمەتکار بۆ دەنگدان نەگونجاوە چونکە ئەو ناچارە دەسەڵاتی لە خزمەت سەروەرەکەیدا بەکار بهێنێت و بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەو بجووڵێتەوە. ئاسنگەر و باخەوانیش بۆ دەنگدان نەگونجاون چونکە پشت بە زنجیرەیەک سەروەر دەبەستن و سەرەنجام ناتوانن خودی خۆیان ئامانج و خواستەکانیان بخەمڵێنن و بیانپارێزن.

ئێستا با بێینە سەر ئەو ڕەخنانەی لەسەر جیاوازیی نێوان هاووڵاتیی چالاک و ناچالاک گیراون. بینەر ئەم جیاوازییەی نێوان هاووڵاتیی چالاک و ناچالاکی کانت ڕەت دەکاتەوە چونکە تەنیا لەسەر بنەمایەکی تیۆرییە. لەبەر ئەوەی، بە بڕوای بینەر، مامۆستا و فێرکەر بەهرەیەکی وەک یەکیان هەیە و هیچ هۆکارێک نابینێت کە یەکەمیان بە چالاک و دووەمینیان بە ناچالاک دابنرێت. بینەر پێی وایە کە کانت دەیەوێت ئیمتیازات ببەخشێتە کارەکەی خۆی تا لە کەسایەتیی مەدەنیی تیۆرییەکەی خۆیدا بمێنێتەوە. هەرچۆنێک بێت، کەسایەتیی مەدەنی بەپێی جۆر و بەهرە لێک جیا ناکرێتەوە بەڵکوو بەندە لەسەر سەربەخۆیی و پشتبەستن لە هەڵبژاردنی ئەوانی تر لە بابەتێکی وەک پاراستن و بوونی خودی کەسێک [واتا ئەوەی تاکێک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەکات بە کەسێکی سیڤیل و هاووڵاتییەکی چالاک بریتییە لەوەی توانای ئەوەی هەبێت پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات یاخود ڕاستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگیریی بکرێت و بیپارێزێت]. لە ڕاستیدا جیاوازیی نێوان هاووڵاتیی چالاک و ناچالاک پەیوەندیی بەوەوە نییە ئایا ئەو کەسە کارمەندە یاخود خاوەن کارە بەڵکوو لەسەر ئەوەیە ئایا کەسێک بوون و پاراستنی خۆی لەسەر ئەوانی تر و ویستی تایبەتی ئەوی تر بەندە یاخود نا. خزمەتکاری مەدەنی کارمەندە و هاووڵاتییەکی چالاکە چونکە بوونی خۆی و پاراستنی بوونی خۆی لەسەر حکومەت و دەوڵەت بەندە نەوەک ویستی کەسێکی تایبەت.

لەدوای ڕوونکردنەوەی جیاوازیی نێوان هاووڵاتییانی چالاک و ناچالاکی کانت، ئێستا دەتوانین بگەڕێینەوە سەرەوە و وەڵامی ڕەخنەکانی کرستینگ و مێندوس بدەینەوە.

جیاوازیی نێوان پشتبەستن بە دەوڵەت و پشتبەستن بە هەڵبژاردنی کەسێکی تایبەت خۆی لە خۆیدا وەڵامێکە بۆ ڕەخنەکەی کرستینگ. کرستینگ بڕوای وایە تایبەتمەندیی هاووڵاتیی چالاک لە خاوەندارێتیی تاک پێکهاتووە [واتا بۆ ئەوەی ببیت بە هاووڵاتییەکی چالاک پێویستە وەک تاک خاوەنی شتێک بیت]. لە ڕاستیدا ڕەخنەکەی کرستینگ لە وتاری “تیۆری و پراکتیک”ەوە سەرچاوەی گرتووە و هیچ تەماشای “دۆکترینی ماف”ی نەکردووە کە کانت بە شێوەیەکی کامڵانە ڕوانگەی خۆی تێدا خستووەتە ڕوو. مادەم ئەرکی دەوڵەت ئەوەیە یارمەتیی هەژاران بدات، ئەوا هەژارەکان لە هەلومەرجێکی دروستدان بۆ بوون و پاراستنیان وەک لەوەی لەسەر هەڵبژاردنی کەسێکی تری ناو خەڵک بەند بێت. بەوپێیە، هەژارەکان لە پێگەی هاووڵاتیی چالاکدان، هەر لەبەر هەمان هۆکاری خزمەتکاری مەدەنی: هەموو کەسە سەربەخۆکان پشتیان بە ویستی گشتیی دەوڵەت بەستووە. پشتبەستن بە ویست و ئیرادەی گشتی و بەشداریکردن لە ویستی گشتیدا بە واتای پشتبەستن نایەت بە هەڵبژاردنەکانی ویستێکی تایبەت. جیاکارییەکەی کانت لەسەر هاووڵاتیی چالاک و ناچالاک لەسەر سامان دانەمەزراوە، بەڵکوو لەسەر جیاوازیی ئەوەی کە ئایا ئەو هاووڵاتییە پشت بە هەڵبژاردنی کەسێکی تر دەبەستێت یاخود پشت بە دەوڵەت دەبەستێت. کانت لە “دۆکترینی ماف”دا زۆر بەڕوونی ئەمە دەردەبڕێت کاتێک باسی کەسایەتیی مەدەنی دەکات.

ئەو دوو ڕەخنەیەشی کە لە سەرەوە وەک نموونە هێنرانەوە، واتا:

پێوانەی سروشتیی: [مافی] هاووڵاتی بوونی تەواوەتی دەبێت هەموو کەسەکان بگرێتەوە و هەر بۆیە نابێت لەسەر بنەمای جێندەر نکۆڵی لە مافی هاووڵاتی بوون بکرێت.

پێوانەی ڕێککەوتن: [مافی] هاووڵاتی بوونی تەواوەتی نابێت لەسەر بنەمای پێگەی ئابووری ببەخشرێت یاخود زەوت بکرێت.

دەکرێت بەم جۆرە تەماشای بکەین، لە ڕاستیدا هاووڵاتیی چالاک لەسەر پێگەی ئابووری دانەمەزراوە، چونکە دەشێت کەسێکی کەمدەرامەت کە پشت بە دەوڵەت دەبەستێت دەنگ بدات، بەڵام کەسە دەوڵەمەندەکان کە پشت بە کەسێکی تر دەبەستێت لەوانەیە دەنگ نەدەن. هەروەها مافی دەنگدان و بێبەری کردن لەو مافە لەسەر بنەمای جێندەر بەشێک نییە لە مافی زگماکی، کە کانت باسی کردووە، بەڵکوو لادان و سەرپێچی کردنە لە مافی زگماکی.

[1]لەو سەردەمەدا زۆرێک لە مامۆستاکان مووچەی زانکۆیان وەرنەدەگرت و بەڵکوو داهاتەکەیان بریتی بوو کەو ئابۆنەیەی قوتابییان دەیانبەخشییە فاکوڵتییەکان بۆ خوێندنی کۆرسات لە زانکۆ.

سەرچاوە: https://search.informit.org/doi/10.3316/IELAPA.200809144

هاوشێوە