رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
Search
Close this search box.

رووبەڕووبوونەوە دژ بە -ئایدۆلۆژیای جێندەری- دەبێت بوەستێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: جودیت باتلەر

وەرگێڕان : رێباز سابیر

Download PDF

تیۆری جێندەری، نە وێرانکارە و نە ئاراستەکار، تەنها فۆرمێکە لە ئازادیی سیاسی.”

 لەم چەند ساڵەی رابردوودا نارەزایەتییەکان لە ئەوروپا، ئەمریکای لاتین، ناوچەکانی دیکە بە رووی <ئایدۆلۆژیای جێندەریدا > سەریان هەڵدا. لە هەمان کاتدا لە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا، کۆڵۆمبیا، کۆستاریکا، بەرازیل لە بانگەشەکانیاندا جەختیان لەسەر هاوسەرگیریی  جێندەری دەکردەوە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانیشدا کاتۆلیک و بانگخوازەکان لە زۆربەی پێگە سیاسییەکان و پێگەکانی دیکەشەوە، کۆک بوون لەسەر دژایەتیکردنی <تیۆری جێندەری> و <ئایدۆلۆژیای جێندەری> بە رێگریکردن لە: ( پێنەدانی ماف بە ترانسەکان لە سوپادا، مافی لە باربردن، مافی ژن و پیاوانی هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەزی و کەسانی ترانس، هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان، فێمینیزم و بزووتنەوەکانی دی کە لایەنگری یەکسانی جێندەری و ئازادیی سێکسی دەکەن).

دەبێت بگوترێت کە ئەم دژایەتیانە بە رووی <ئایدۆلۆژیای جێندەری[1]>دا، لەو کاتەوە شێوەگیر بوو کە ئەنجومەنی کڵێسا بۆ کاروباری خێزانی، نامەیەکیان ئاراستەی قەشەی رابەری کاتۆلیک کرد. لەو نامەیەدا هۆشداریان دابوو لە پۆتێنشەڵەکانی پرسی- جێندەر-ی لە لەناوبردنی بەهای –ژنێتی- لە چوارچێوەی تێڕوانینەکانی کڵێسادا. هەروەها فراوانکردنی دژایەتیی نێوان رەگەزەکان کە ناکۆکە بە تایبەتمەندییە سروشتییەکان و هیرارشیەتی نێوان ژن و پیاو کە بەرمەبنای بەها خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان داڕێژراوە.

لە -٢٠١٦- دا پاپا لە نامەیەکیدا -ئایدۆلۆژیای جێندەری- ئیدانە کرد لەو نامەیەدا دەڵێت: < ئێمە ئەزموونی چرکەساتی داڕزانی مرۆڤ لە وێنەی خوداکاندا دەبینین>. پاپا لەو نامەیەدا –ئایدۆلۆژیای جێندەری- بە سەرچاوەیەکی خەوشداری شەیتانی پەسن کرد و دەڵێت <ئەمڕۆ مناڵەکان- منداڵان! لە خوێندنگە فێر کراون کە هەر کەسێک دەتوانێت رەگەزی خۆی هەڵبژێرێت!). لە کۆتاییدا ‘فرانسیس’ ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئەم تیۆلۆژیایەدا سەرچاوەی مەترسییەکە دەخاتە ڕوو دەڵێت: (خودا پیاو ژنی ئافراندوە. خوداوەند جیهانی بە شێوەیەکی کامڵ ئافراندووە… ئێمە بە تەواوی بە پێچەوانەوە رەفتار دەکەین).

پۆینتەکەی ‘پاپ’ لێرەدایە کە ئازادیی جێندەری و ئازادبوون لەوەی خۆت بکەیتە چ رەگەزێک، یان  ئایدیای ژیانی بەجێندەربوو،کە دەتوانێت بەیانکەری ئازادیی تاکەکەسی یان کۆمەڵایەتی بێت دەبێتە هۆی شێواندنی واقیع. بۆچی لە تێڕوانینی  ئەودا ئێمە نە ئازادین ئەو رەگەزە هەڵبژێرین پێوەی لەدایک بین، نە ئازادین لەوەی ئەو ئاراستە رەگەزیانەی کە دەرهاویشتەی قەدەری خوداین و لادەرانەن روون بکەینەوە.

لە راستیدا مافی تاکەکان بۆ هەڵبژاردنی جێندەر و چالاکییە سێکسییەکان لە روانگەی خاوەن روانگە مەزهەبیەکانەوە دژ بە جێندەر، بەو بەهانەیە کە وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی هێزی ئافراندن و دژ بەو  ئەرکانەیە کە لە لایەن خوداوەندەوە لە مرۆڤ داوا کراوە. لە روانگەی پاپاوە ئەوە بەدی دەکرێت کە یەکسانی جێندەری و ئازادیی سێکسی  نەک بە تەنها لادەرانەیە، بەڵکوو وێرانکەر و تەنانەت شەیتانیشە.

یەکسانی جێندەری لە تێڕوانینی نەیارانیدا بە –ئایدۆلۆژیای شەیتانی- ناسراوە. بۆچی ئەوان فرەیی جێندەری  وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتی پەیوەست بە رووداوگەلێکی مێژوویی دەبینن، کە بەرمەبنای جیاوازیی فەرمانی خودایی نێوان ژن و پیاوەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەوە دروستە کە تیۆرمەندانی جێندەری ئەو ئایدیایە رەت دەکەنەوە کە دیاری کردنی رەگەز دەگێڕێتەوە بۆ سەروەختی لەدایکبوون. لێ نەیارانی بە هەڵە راڤەی بونیادنانی کۆمەڵایەتی لە شێوەی وێرانکردنی مەبەستدارانەی واقعیعدا دەکەن کە لە لایەن خوداوە داڕێژراوە. هەروەها بە هەڵە کایەی لێکۆڵینەوە جێندەرییەکان و بونیادنانی کۆمەڵایەتی بە شێوەی نەخۆشی و ئەنجامگەرایانە لێک دەدەنەوە.

لێ ئەگەر تیۆری جێندەری بە وردی بخوێنینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ئەم تیۆرەیە نە وێرانکارە[2] و نە ئاراستەکار[3]. لە راستیدا ئەم تیۆرەیە بە تەواوی بە شوێن جۆرێک لە ئازادیی سیاسییەوەیە بۆ ژیان، لە نێو جیهانێکی دادپەرەوەرانە کە شایەنی ژیانە.    

فەیلەسوفی بوونگەرایی ‘سیمۆند دی بۆڤوار’ لە نێو کتێبی <رەگەزی دووەمدا> ساڵی -١٩٤٩- بە باشی دەنووسێت <هیچ کەس بە ژنی لەدایک نابێت، بەڵکوو دەکرێتە ژن>، ئەم بانگەشەیە کەشێکی هێنایە بوون کە جێندەر و سێکس یەکسان نین. لە سادەترین هاوکێشەبەندی ئەم بیرسایەدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە رەگەز پێدراوێکی بایۆلۆژییە و جێندەر راڤەی کولتووریانەی سێکسە. دەشێت کەسێک لە لایەنی بایۆلۆژییەوە بە مێینەیەتی لەدایک ببێت. لێ لە پاشدا ئەم تاکە دەبێت لەنێو کۆمەڵێک نۆرمی کۆمەڵایەتیدا ئاراستە بگرێت و تێبگات کە وەک ژنێک، یان لەگەڵ رەگەزی بەرانبەردا لە پێگەی کولتووری خۆیەوە بە چ شێوازێک ژیان بکات.

بۆ –دی بۆڤوار- گرنگە <سێکس> هەر لە سەرەتاوە بەشێک لە پێگەی مێژووی ژیانی تاک بێت. بۆ ئەو <سێکس> ئینکار ناکرێت. لێ لە رووی ماناییەوە شایەنی گفتوگۆکردنە. بە هیچ شێوەیەک مێینەیبوون لە سەروەختی لەدایکبووندا ئەوە ناسەلمێنێت کە ژنێک دەبێت چۆن ژیان بکات. هەروەها ژنبوون چ مانایەک لە خۆ دەگرێت. لە راستیدا زۆربەی ترانسەکان کە لە سەروەختی لەدایکبوونەوە تایبەتمەندیی سێکسییان بۆ دیاری دەکەن. لە پاشدا بە درێژایی ژیانی خۆی ئارەزووی ئەزموونکردنی رەگەزێکی دی دەکات. ئەگەر ئێمە شیکردنەوەی -بونیادنانی کۆمەڵایەتی[4]– بەرمەبنای لۆژیکی بوونگەرایی دی بۆڤوار بینا بکەین، ئەوا دەشێت مرۆڤێک بە ژنی لەدایک ببێت و پاشان بگۆرێت بۆ پیاو.

 گۆڕانی دامەزراوەیی بەهێزتر لە بواری بونیادنانی کۆمەڵایەتییەوە لە دەیەی نەوەدەکاندا دەرکەوت. بە وردی جەختی لەسەر ئەو راستییە دەکردەوە کە –سێکس- خۆی خۆی هەڵدەبژێرێت!؟.  ئەمە بەو مانایەیە کە راوێژکاری پزیشکی و خێزانی و دەسەڵاتی یاسایی رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە هەڵبژاردنی چییەتی رەگەزی تازە لەدایکبووان. لێرەدا گەرچی <سێکس> تا رادەیەک لە چوارچێوەی بایۆلۆژیادا پێناسە کراوە. لێ ئیدی بەپێی ئەم پێدراوە بایۆلۆژییە لەبەر چاو ناگیرێت. لێ چوارچێوەی پەیوەند بەم هەڵبژاردنە چییە؟

ئەگەر تازە لەدایکبووانی –ئینتەر سێکس[5]-ەکان کە بە تایبەتمەندییەکی رەگەزی ئاوێتەوە لەدایک دەبن لە بەرچاو بگرین. هەندێک لە پزیشکەکان بەڵگەی هۆرمۆنی لە هەڵبژاردنی سێکسیدا لەبەرچاو دەگرن. لە کاتێکدا ئەوانی تر –کرۆمۆسۆمەکان- بە هۆکاری هەڵبژاردن دەبینن. بە چ شێوەیەک جێندەر و رەگەز بەدەست دێت. ئەو تاکانەی –ئینتەر سێکس-ن بە شێوەیەکی گەشەسەندوو رەخنەی ئەم فاکتانە دەکەن. پێیان وایە کە راوێژکارە پزیشکییەکان زۆربەی پۆلێنبەندییەکانیان بە هەڵە ئەنجامداوە لە دەستنیشانکردنی گرفتەکانیاندا، هەر بۆیە بێبەزەیانە دەربارەی چارەسەر بڕیاریان لەسەر داون.

بە لە بەرچاوگرتنی راڤەی دوانەیی –بوونگەرایانە- و دامەزراوەی -بونیادنانی کۆمەڵایەتی- بۆمان دەردەکەوێت کە جێندەر و سێکس کۆمەڵێک ئاڵۆزی و کاردانەوەن، کە هاوشانی پرۆسەیەکی مێژووی و کۆمەڵایەتی و بایۆلۆژی دەستنیشان دەکرێت. بە بۆچوونی  من؛ فۆرمە دامەزراوەییەکانی دەسەڵات و مەعریفە بەر لەوەی ئێمە لەدایک ببین تەواوی هەڵبژاردنەکانی -بوون-، کە ئێمە دەستیان بۆ دەبەین  شێوەگیر و هەماهەنگ کردووە. رەگەزێکی تایبەتی سەبارەت بە ئێمە دەستنیشان کردووە. بە شێوەی جیاواز لە گەڵمان رەفتار دەکات و چاوەڕوانییەکانی بۆ ژیانمان لە شێوەی رەگەزێک یان رەگەزی بەرانبەردا سنووردار کردووە. ئێمە لە نێو دامەزراوەگەلێکدا شێوەمان گرتووە کە ژیانی ئیمە لە رێگەی نۆرمە جێندەرییەکانەوە بەرهەم دەهێنێتەوە.

لە بەرانبەردا ئێمە بە ناچاری لە رێگایەکداین، کە ناتوانین  هەڵبژێرین و خۆمان بونیاد بنێین. لە هەمان کاتیشدا بە شوێن بەدەستهێنانی ژیانەوەین لەنێو جیهانی کۆمەڵایەتیدا. کە ئەرکە رۆتینییەکان جێگۆڕکێ پێ دەکات ،لە کاتێکدا کە ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین خۆمان لەم ئەرکە رۆتینیانە دەرباز بکەین. ئەمە پیشانی دەدات کە سێکس و جێندەر بە شێوەیەک پێک هاتووە نە بە تەواوی جێگیرە و نە بە تەواویش هەڵبژێردراوە. بەڵکوو لەنێو کێشمەکێشمی دووبارەبوونەوەی دیتێرمینیزمی جێگیربوون و ئازادیی هەڵبژاردندا گیری خواردوە.

ئایا بەم شێوەیە کایەی لێکۆڵینەوەی جێندەری، وێرانکار و شەیتانی یان ئاراستەکارە؟ تیۆرمەندانی جێندەری کە خوازیاری یەکسانی جێندەری و ئازادیی سێکسین پابەندی روانگەی زێدە-خۆبەخشانەی[6] بونیادی کۆمەڵایەتی نابن کە بەرمەبنای دەسەڵاتی خودایی شێوەی گرتووە.  لەگەڵ ئەوەشدا تیۆرمەندانی جێندەری بە شوێن سەپاندنی بیروڕای خۆیانەوە نین لە رێگەی فێرکاری جێندەری ئەوانی دیکەوە. بێگومان ئایدیای جێندەری فۆرمێکی ئازادیی سیاسییە  کە مۆڵەت دەدات مرۆڤ جێندەر بەدەست بهێنێت یان بەپێی هەڵبژاردنی خۆی بەبێ جیاوازی و ترس ژیان بەسەر بەرێت.

رەتکردنەوەی ئەم ئازادییە سیاسییە. هاوشێوەی  پاپ و زۆربەی بانگخوازە مەسیحییەکان کە رێگری لە ئەنجامەکانی دەکەن سەر دەکێشێت بۆ سزادان و بەندکردن؛ کەسانێک کە دەیانەوێت کۆرپەلە لەناوبەرن بەرئەنجامی ئەم کارە بە شێوەیەکی رەمزی دەستگیر دەکرێن، گەی و لێسبێنەکان کە دەیانەوێت زەواج بکەن لە بەدەستهێنانی  ئەم خواستە بێبەش دەکرێن. کەسانێک کە ئارەزووی رەگەزێکی جیاواز دەکەن جیا لە رەگەزی دیاریکراو لەسەروەختی لەدایکبووندا، لەبەر ئەنجامی ئەم کارەدا دەستگیر دەکرێن.

بەرمەبنای ئەمە ئەو قوتابخانانەی بە شوێن فێرکاری فرەیی و جۆراوجۆری جێندەریەوەن سنووردار دەکرێن. لاوان لە زانینی واقیعی فراوانی ژیانی جێندەری بێبەش دەبن. لەم پنتەوە پێداگۆگی[7] فرەیی جێندەری لە تێگەیشتنی نەیارانیدا دەبێتە شێوازێکی دۆگمایی کە جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت خوێندکاران چۆن بیر بکەنەوە و چۆن بژین. لە راستیدا ئەم نەیارانە بە شێوەیەکی ئاگایانە تێڕوانینی هەڵە دەبەخشنەوە. بەرمەبنای گوتەی نەیاران فێرکاری –دەسپەڕکردن- و  -هاوڕەگەزخوازی- لە شێوەی لایەنەکانی ژیانی سێکسیدا هەر وەک کتێبێکی فێرکاری و رێنمایی شێوازی دەستپەڕکردن و هاوڕەگەزخوازبوون وایە کە فێری خوێندکاران دەکرێت. هەر چۆن بێت پێچەوانەی ئەمە ڕاستە.

 فێرکاری یەکسانی جێندەری و فرەیی سێکسی، ئەو  بیروباوەڕە ئاینییە سەرکوتکارە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، کە هەندێک لە جێندەر و ژیانی سێکسی دەکەنە تارمایەکی بێ مەعریفە و بێبەش لە هەر داهاتوویەک. 

لە کۆتاییدا خەباتکردن لە پێناو یەکسانی جێندەری و ئازادیی سێکسی بە شوێن چارەسەری ڕەنج و مەعریفەیەکی فرەوەیە لەنێو ئەو کولتوورەدا کە تێیدا دەژین.

فێرکاری جێندەری ئاراستەکار نییە. بە تاک ناڵێت چۆن ژیان بکە؛ بەڵکوو ئەو توانایەی دەدات بە لاوان کە رێگای خۆیان بدۆزنەوە، لەنێو  جیهانێکدا کە زۆرینەی بە نۆرمە سنووردار و بێبەزەییەکان دەورەدراوە. لە بەرانبەریشدا فرەیی سێکسی وێرانکار نییە. ئەم پرسە ئاڵۆزییەکی مرۆیی دەسەلمێنێت و کەشێکی وا بۆ تاک فەراهەم دەکات کە لەنێو ئەم ئاڵۆزییەدا رێگای خۆی بدۆزێتەوە.

جیهانی فرەیی سێکسی و ئاڵۆزی سێکسی لەناو ناچێت. ئەم پرسە تەنها شایەنی ناساندنێکی فەرمییە. بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ژیانی جێندەری و سێکسواڵیتەی خۆیان  بەبێ هەر جۆرە سەرکۆنەکردن و هەڕەشە و توندوتیژییەک مومارەسەر بکەن. کەسانێک کە لە دەرەوەی نۆرمەکان راوەستاون، شایەنی ئەوەن کە بەبێ ترس لەنێو ئەو جیهانەدا ژیان بەڕێ بکەن. رەنگە عەشق بەرهەم بهێنن و بە شوێن بەدەستهێنانی  جیهانێکی دادپەروەرانەتر و  خاڵی لە هەر توندوتیژییەک بگەڕێن.


[1] .  “gender ideology”

[2] ” destructive “

[3]” indoctrinating “

[4] ” social construction”

[5] ” intersexed”

[6] ” hyper-voluntarist”

[7]”  pedagogy  “

هاوشێوە